دیالۆگەكەی رەحمان غەریبو قوباد تاڵەبانی
2022-11-01 12:51:26
(درەو):
🔸 رەحمان غەریب: رۆحی كاركردنی هاوبەشت لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی نقل نەبووە بۆ ئەم كابینەیە (مەسرور بارزانی)؟
🔹 قوباد تاڵەبانی: من عادەتەن زۆر راشكاوم، زۆرجار تێئەكەوم، بۆیە نامەوێت ئەمجارە تێبكەوم، من كە بەشێكم لە نیزامێك، ناتوانم بێم قسە لەسەر ئەو نیزامە بكەم، رۆژێك ئەتوانم رەئی خۆم بڵێم لەسەر پرسیارەكەی كاك رەحمان كە بەشێك نەبم لەم حكومەتە، ئەوكاتە بە راشكاوی لە یاداشتی خۆمدا یان لە لێدوانو نوسینەكەوە رەئی خۆم ئەڵێم.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران ئێستا لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ناكۆكە، بایكۆتی كۆبونەوەكانی حكومەتی كردووە، گلەیی هەیە لەوەی حكومەتی بڕیارەكانی بەشێوەیەكی "تاكڕەوانە" دەردەكات، لەمەدا بەدیاریكراوی مەبەستی لە بڵاوكردنەوەی دانپێدانانەكانی كەیسی كوژرانی (هاوكار جاف) ئەفسەری ئەنجومەنی ئاسایشە لە تەقینەوەكەی هەولێردا.
یەكێتی ئێستا چاوەڕوانی تەوابوونی كۆنگرەی 14ی پارتییە بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی نوێ لەگەڵ پارتی، رۆژی پێنج شەممەی ئەم هەفتەیە كۆنگرەی پارتی دەستپێدەكات.
ئەمە جاری یەكەم نییە قوباد تاڵەبانی لەگەڵ مەسرور بارزانی دەكەوێتە ناكۆكییەوە، سەرەتای پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، قوباد تاڵەبانی بەنیگەرانی دەستی بە كاركردن كرد لەگەڵ مەسرور بارزانیدا، نیگەران بوو لەوەی هاوشێوەی سەردەمی نێچیرڤان بارزانی، دەسەڵاتەكانی ئەو لە كابینەی مەسرور بارزانی وەكو جێگری سەرۆك وەزیران دیاری نەكراوە.
لە كەمپەینی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقیشدا كە ئۆكتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو، مەسرور بارزانی نیگەران بوو لە قوباد تاڵەبانی بەهۆی ئەوەی لە كەمپەینەكەدا پارتی بە تاكڕەو ناوبردبوو، مەسرور بارزانی دەیویست قوباد تاڵەبانی ناچار بكات لەبەردەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا رونكردنەوە بدات لەبارەی قسەكانییەوە، بەڵام قوباد تاڵەبانی چەند كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران نەچووە ژورەوەو بەمە خۆی لادا لە هەر جۆرە قسەكردنێك لەسەر بابەتەكە لەناو حكومەتدا.
قوباد تاڵەبانی دوای گەڕانەوەی لە ئەمریكاوە بۆ كوردستان، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی حكومەت دەستی بەكاركردن كرد، ئەوكاتیش هەر جێگری سەرۆك وەزیران بوو، پەیوەندییەكانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی بەهێزبوو، چونكە دەسەڵاتی پێدابوو وەكو سەرۆك وەزیرانی ناوچەی سەوز مامەڵە بكات.
قوباد تاڵەبانیو نێچیرڤان بارزانی سەرباری ناكۆكییەكانی نێوان پارتیو یەكێتی، هێشتا پارێزگارییان كردووە لە پەیوەندییە باشەكەی نێوانیان، قوباد تاڵەبانی هەرجارێك لەگەڵ مەسرور بارزانی دەگاتە بنبەست، بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ پارتی لە دەرگای نێچیرڤان بارزانی دەدات.