پشکی پێکهاتەو لایەنە سیاسییەکان لە حکومەتی نوێی عێراق
2022-10-24 07:22:35
شیكاری: درەو
چۆن پۆستە وزارییەکانی حکومەتی نوێی عێراق دابەشدەکرێت؟ پشکی کورد چەندە و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم چیان بەردەکەوێت؟ بۆچی دەوترێت یەکێتی پشکی خۆی وەرگرتووە؟ پشک و بەرکەوتەی لایەنی شیعەو سوننەکان چەند وەزارەی دەبێت و بەر کام لایەنی سیاسی دەکەوێت؟ لەم ڕپۆرتەدا بە گرافیک پشک و بەشی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکان لە حکومەتی داهاتووی عێراق ڕوونکراوەتەوە.
سیستمی خاڵ و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق
بەپێی ئەم میتۆدە گریمانەییە هەر (2) کورسییەکی ئەنجومەنی نوێنەران بە (1) خاڵ هەژمار دەکرێت، هەروەها بۆ هەر پۆستێکی سەرۆکایەتییەکان و وەزارەتە سیادی و خزمەتگوزارییەکان، کە چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیان (22) وەزارەت بێت، ژمارەیەک خاڵ دیاری دەکرێت، بە جۆرێک؛
- هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی (کۆمار، ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی وەزیران)، (15) خاڵ واتە (30 کورسی) ئەنجومەنی نوێنەران هەژمار دەکرێت.
- هەریەک لە جێگری سەرۆک کۆمار و جێگرانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران (5) خاڵ واتە (10 کورسی) ئەنجومەنی نوێنەران هەژمار دەکرێت.
- هەر وەزارەتێکی سیادی (5) خاڵ واتە (10 کورسی) ئەنجومەنی نوێنەران هەژمار دەکرێت، کە بریتین لە وەزارەتەکانی؛ (نەوت، ناوخۆ، بەرگری، دارایی، دەرەوە، پلاندانان)
- هەر وەزارەتێکی خزمەتگوزاری (4) خاڵ واتە (8 کورسی) ئەنجومەنی نوێنەران هەژمار دەکرێت، کە بریتین لە وەزارەتەکانی؛ (خوێندنی باڵا، پەروەردە، بازرگانی، گوستنەوە، پیشەسازی، داد، ئاوەدانکردنەوە، کشتوکاڵ، کارەبا، تەندروستی، سەرچاوە ئاوییەکان، رۆشنبیری، کۆچ و کۆچبەران، ئیتصالات، وەرزش و لاوان و وەزارەتی کار)
چارتی ژمارە (1)
لە عێراقی نوێدا و لە دوای ساڵی (2005)ەوە ئەوە بووە بە نەریتێکی سیاسی لە عێراقدا کە وەزارەتە سیادییەکان بەسەر سێ پێكهاتە سەرەكییەكەدا بەم شێوەیە دابەش دەکرێت:
- سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پێکهاتەی شیعە و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دراوە بە پێکهاتەی سوننەو سەرۆک کۆمار دراوە بە پێکهاتەی کورد.
- سێ وهزارهتی سیادی بۆ پێكهاتهی شیعه و دوو وهزارهتی سیادی بۆ پێكهاتهی سوننه و یهك وهزارهت بۆ پێكهاتهی كورد.
بە شێوەیەکی گشتی (12) وەزارەت بۆ پێکهاتەی شیعە، (6) وەزارەت بۆ پێکهاتەی سوننە، (3-4) وەزارەت بۆ پێکهاتەی کوردی، ئەمەش لە ئەگەری ئەوەدایە کە حکومەت لە (22) وەزارەت پێک بێت. زۆرجار یەک یان دوو وەزارەت زیاد دەکرێت و دەدرێت بە پێکهاتەکان یان پشکی یەکێک لە پێکهاتەکان (1) وەزارەت وەرگیراوە.
پشکی پێکهاتەی کورد لە حکومەتی ئایندەی عێراق
پشکی حیزبە کوردستانییەکان سێ وەزارەتە کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سەرۆکایەتی کۆماری بەدەستهێناوە، بەو پێوەری سیستمی (خاڵ) بێت تەواوی خاڵەکانی بەکارهێناوە، بەڵام هێشتا پێداگری لەسەر وەرگرتنی یەک بۆ دوو وەزارەت دەکات، بۆیە یەکێک لە سیناریۆکان ئەوەیە وەزارەتێک زیاد بکرێت بۆ ڕازیکردنی یەکێتی، یان پارتی دەست لە پۆستێکی وزاری هەڵبگرێت بۆ یەکێتی.
پارتی دیموكراتی كوردستان، جێگری دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی وەرگرتووە، بەڵام هێشتا خاڵەکانی بەشی ئەوە دەکات (وەزارەتێکی سیادی) و یەک بۆ دوو (وەزارەتی خزمەتگوزاری) بە دەست بهێنێت.
هەرچی (نەوەی نوێ)یە خاوەنی (9) کورسی واتە (4.5) خاڵە، شایسستەی ئەوەیە بەلانی کەمەوە (وەزارەتێکی خزمەتگوزاری) بەدەست بهێنێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشداری حکومەت ناکات، پارتی یان بەتایبەتتر یەکێتی سود لەو دەرفەتە دەبینن.
چارتی (2)
چارتی (3)
پشکی پێکهاتەی سونە لە حکومەتی ئایندەی عێراق
پشكی ئەو لایەنانەی كە نوێنەرایەتی پێكهاتەی سوننە دەكەن (6) وەزارەتە، كە دوانیان (سیادی)ین، بە جۆرێک؛
- هاوپەیمانی سیادە (هاوپەیمانی تەقەدوم و پرۆژەی عەرەبی)، شایستەی بەدەستهێنانی پۆستی وزارین، بە جۆرێک؛ هاوپەیمانی تەقەدوم خاوەنی (22.5) خاڵەو بەهۆی دیاریکردنی (محەمەد حەلبوسی) وەک سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران (15) خاڵی بردووە، بۆیە تەنها (7.5) خاڵی ماوەتەوە کە دەتوانێت (1) وەزارەتی سیادی یان دوو وەزارەتی خزمەتگوزاری پێ بەدەست بهێنێت.
- هاوکات پرۆژەی عەرەبی لە عێراق کە خاوەنی (7) خاڵە و تا ئێستا هیچ پۆستێکی نەبردووە، دەتوانێت (1) وەزارەتی سیادی یان دوو وەزارەتی خزمەتگوزاری پێ بەدەست بهێنێت ئەگەر چاوپۆشی لە (1) لە خاڵەکانی بکرێت.
- هاوپەیمانی عەزم خاوەنی (6.5) خاڵە و تا ئێستا هیچ پۆستێکی نەبردووە، دەتوانێت (1) وەزارەتی سیادی یان دوو وەزارەتی خزمەتگوزاری پێ بەدەست بهێنێت ئەگەر چاوپۆشی کە (1.5) لە خاڵەکانی بکرێت.
چارتی (4)
چارتی (5)
چارتی (6)
پشکی پێکهاتەی شیعە لە حکومەتی ئایندەی عێراق
پشکی پێکهاتەی شیعە بەپێی (12) وەزارەت دەبێت کە زۆربەیان بەشێک دەبن لە چوارچێوەی هەماهەنگی، کە دوای کشانەوەی رەوتی سەدری و هەڵبژاردنی هەندێکیان بووە تاکە نوێنەری پێکهاتەی شیعە لە حکومەتی داهاتوودا، چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر کاندیدکردنی (محەمەد شیاع ئەلسودانی) ڕێککەوتن کە لەلایەن هەموو لایەنەکانی چوارچێوەوە کاندید بکرێت و سەر بە هیچ لایەنێک نەبێت، بۆیە لەلایەن لایەنە سەرەکییەکانی شیعەوە کاندیدکرا، بەم کارەش (5) خاڵ لە هەر یەکێکیان بەکارهێنرا، چوارچێوه بهسهر چهند لایهن و هاوپهیمانییهكدا دابهشكراوه، كه بهم شێوهیهی لای خوارهوهیه؛
1. هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە (38) كورسی کە بەرامبەرە بە (19) خاڵ، (5) خاڵیان بۆ كاندیدكردنی سەرۆك وەزیران بەكارهێنراوە، و بە (14) خاڵیان ماوەتەوە كە شایستەی بەدەستهێنانی وەزارەتێكی سیادی و (2) وەزارەتی خزمەتگوزاری، یان نزیکە لە (4) وەزارەتی خزمەتگوزارییەوە.
2. هاوپەیمانی فەتح خاوەنی (30) كورسییە كە بەرامبەرە بە (15) خاڵ و (5) خاڵیان بۆ كاندیدكردنی سەرۆك وەزیران بەكارهاتووە، هەروەها (10) خاڵی ماوەتەوە كە شایستەی بەدەستهێنانی وەزارەتێكی سیادی و نزیکە لە دوو وەزارەتی خزمەتگوزاری یان سێ وەزارەتی خزمەتگوزارییە.
3. هاوپەیمانی هێزەكانی دەوڵەت (11) کورسی هەیە کە بەرامبەرە بە (5.5) خاڵ، كە (5) خاڵیان بۆ كاندیدكردنی سەرۆك وەزیران بەكارهێنراوە، بەم هۆکارەش بەجۆرێک خاڵەکانی کەم دەبێتەوە كە بەشی بەدەستهێنانی وەزارەتێك ناكات.
4. هاوپەیمانی عەقدی نیشتمانی (8) کورسی هەیە کە بەرامبەرە بە (4 )خاڵ، لەو ژمارەیەش (5) خاڵیان بۆ كاندیدكردنی سەرۆك وەزیران بەكارهێنراوە، بۆیە خاڵەکانیان بەشی بەدەستهێنانی پۆستی وزاری ناکات.
چارتی (7)
چارتی (8)
چارتی (9)
چارتی (10)