شۆڕش: مۆدێلی بەھاری عەرەبیی

Draw Media

2022-10-30 09:05:53



 

مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

لە ئەدەبیاتی کۆمەڵناسیدا باس لە بوونی پێنج نەوە لە شیکردنەوەی ئەکادیمییانە بۆ دیاردەی شۆڕش دەکرێت کە ھەر یەکێکیان دیدێکی تایبەتی بۆ چییەتی و مانا و شێوازەکانی شۆڕش، ھەیە. لە وتارێکی تەواو ناسراو لەم بوارەدا، کۆمەڵناسی بە ڕەگەز ئێرانی، ئاسف بەیات، بە وردیی دیدی ھەر یەکێک لەم  پێنج نەوەیە شیدەکاتەوە و دیدى خۆیشی وەک بەشێک لە دیدی نەوەی پێنجەم، دەخاتە ڕوو.
نووسەرانی نەوەی یەکەم، کەسانی وەک پیتیریم سۆرۆکین و کرین برینتۆن،  Pitirim Sorokin and Crane Brinton، نوێنەرایەتی دەکەن. ئەم نەوەیە بەر لە جەنگی جیھانی دووھەم تیوریزەی دیاردەی شۆڕشیان کردەوە و دیدێکی تەواو نێگەتیڤیان دەربارەی شۆڕش ھەبووە. ئەم نووسەرانە شۆڕش وەک دیاردەیەکی خراپ و زیانبەخش. دەنرخێنن. برینتۆن، بۆ نموونە، شۆڕش بە نەخۆشیی یان بەدۆخی تالێھاتنێکی گەورە دەچوێنێت، کە تووشی لەشی کۆمەڵگا دەبێت و ئەو لەشە پەکدەخات، وایلێدەکات نەتوانێت بەشێوە ئاساییەکەی خۆی کاربکات و بەردەوامبێت. بەڵام  ئەم لەشە کۆمەڵایەتییە، دوای ماوەیەک لە نەخۆشکەوتن و هێڵنجدان و ڕشانەوە و تا و سەریەشە، چاکدەبێتەوە و دەگەڕێتەوە سەر سەمتی ئاسایی جارانی. ئەو کۆمەڵناسانەی ئەم ڕوانینەیان بۆ شۆڕش ھەیە، سەر بە قوتابخانە ”وەزیفەگەرایین“, functionalism, کە پێ لەسەر ھارمۆنیەتی کۆمەڵایەتیی دادەگرێت و کۆمەڵگا وەک لەشێکی گەورە دەبینێت کە ھەر بەش و پارچەیەکی ئەو لەشە ئەرک و وەزیفەی تایبەت بەخۆی ھەیە و. نەخۆشکەوتنی ھەربەشێکی کاریگەری لەسەر کۆی کۆمەڵگاکە بەجێدەھێڵێت. 


ھەرچی نەوەی دووھەمە لە قۆناغی دوای جەنگی جیهانیی دووھەمدا دروستدەبن. ئەم نەوەیە ”تیورەی مۆدێرنیزەکردن“، modernization theory، دەکەنە بنەمای لێکدانەوە و ڕاڤەکردنیان بۆ دیاردەی شۆڕش، بەتایبەتی لە وڵاتانی جیھانی سێھەمدا. کەسانی وەک  جەیمس دەیڤز و تێد گور نوێنەرایەتی ئەم قوتابخانەیە دەکەن. ئەم تیوریستانە پێیانوایە پرۆسەکانی تازەبوونەوەی کۆمەڵگا و تازەبوونەوەی ئابوریی و کولتور و دەزگاکان، وادەکەن ھەموو ئەوانەی سودمەندنابن لەو پرۆسانە، یاخود ھەستدەکەن ئەو دەسکەوتانەیان دەستنەکەوتەوە کە تازەبوونەوەی کۆمەڵگا بە بەشەکانی تری کۆمەڵگای بەخشیوە، یان دەسکەوتەکانیان لەگەڵ چاوەڕوانییەکانیاندا ناگونجێت، ناڕازیدەبن و بەڕووی ئەو دۆخەدا ڕادەپەڕن. ئەمانە ھێزێکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراو نین، بەڵکو ژمارەیەکی گەورە لە تاکەکەسی جیاوازن کە ھەست بە غەدر و بێبەشکردن دەکەن. شۆڕش ئەو کردە سیاسییەیە کە ئەم کەسانە پێیھەڵدەستن بە مەبەستی باشتکردن و بەرەوپێشبردنی دۆخ و پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆیان. لەم ڕوانگەیەدا شۆڕش دەرئەنجامی کۆی ڕەفتارە تاکەکەسییەکانە، نەک دەرئەنجامی پێکهاتەی چینایەتیی و کۆمەڵایەتیی. 
نەوەی سێھەمی تیوریستانی بواری شۆڕش - لەناویاندا بەتایبەتی بارینگتۆن مۆر، تێدا سکۆکپۆل و ئێریک ۆڵف - بە پێچەوانەی نەوەی دووھەمەوە و لە ڕاستیدا وەک کاردانەوە بەرامبەر بە نەوەی دووھەم، پێ لەسەر ھۆکارە گشتیی و بونیادییەکانی دروستبوونی شۆڕش دادەگرن. لەوانەش نەخۆشییەکانی  سەرمایەداریی و  پەیوەندییە چینایەتییەکان و پشێویی ناوەکیی و جەنگە نێودەوڵەتییەکان، کە بەسەریەکەوە ھەلومەرجی سەرھەڵدانی ناڕازیبوونی گشتگیر دروستدەکەن و هەستی شۆڕشگێڕانە لای چەندان چین و توێژی ناو کۆمەڵگا دروستدەکەن. 
تیۆریستەکانی نەوەی چوارھەم، لەوانەش بۆ نموونە جۆن فۆران و میساغ پارسا، لە ساڵانی نەوەد و ساڵانی دوو ھەزاردا، لەسەر دیاردەی شۆڕش دەوەستن و خەریکی ڕاڤەکردنی دەبن. ئەمانە بەو دەرەنجامە دەگەن کە بۆ تێگەیشتن لە شۆڕش پێویستمان بە تیورەیەکی ئاڵۆز ھەیە، چونکە شۆڕشەکان ھەمیشە فرەھۆکار و ئاڵۆزن.  ئەم نەوەیە پێ لەسەر کاریگەریی ڕەگەزەکانی  وەک شوناس، ئایدۆلۆژیا، ڕەگەز، تۆڕەکانی پەیوەندییکردن، مەسەلەی سەرکردایەتیی، دادەگرن. ئەمانەش وەک ئەو ھۆکار و ئامرازانە دەبینن کە توانا و ئەگەری شۆڕش دروستدەکەن. ئەمانە لە دروستبوونی شۆڕشدا ھۆکارە بونیادیی و پێکهاتەیی ناوەکییەکان، لەوانەش دۆخی سیاسیی و ئابوریی ناوەکیی، بە ھۆکارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانەوە گرێئەدەن. لای ئەم نەوەیە شۆڕش ئەم گشتە ئاڵۆزە دروستیدەکات و ئەم گشتە ئاڵۆزەش، ئاراستەی دەکات. 


لەگەل ڕووداوەکانی ”بەھاری عەرەبیی“دا نەوەی پێنجەمی تیوریستانی بواری شۆڕش لەدایکدەبن. یەکێک لەو شتانەی بەھاری عەرەبیی نیشانیدا کۆتاییھاتنی تیورەی ”پێشڕەوایەتیی“ە لە شۆڕشدا. سەرجەمی ڕاپەڕینەکانی بەھاری عەرەبیی بەبێ سەرکردیەکی کاریزمی، بەبێ ئایدیۆلۆژیا، بەبێ ھیرارکیەت، بەبێ ئەو پەیوەندییە ئامرازییەی لەنێوان حیزب و تاکەکەسەکاندا ھەیە، دروستبوو. ئەوەی بینرا لەدایکبوونی بزوتنەوەیەکی گەورەبوو بەبێ پارتی سیاسیی و سەرکردە، جۆشوخرۆشێکی جەماوەریی زۆر گەورەبوو، بەبێ ئایدیۆلۆژیا. وەک ئاسف بەیات ئەڵێت ئەوەی ڕوویدا”شۆڕش“ نەبوو، بەڵکو  شتێکبوو ناسکتر لە شۆڕش کە تیایدا ستراتیژیەتی سەرەکیی بکەرەکان بریتیبوو لە ریفۆرمکردنی ئەوەی ھەیە و دروستکراوە، بەبێ ئەوەی خۆیان ئەو کەسانەبن کە ڕیفۆرمەکە ئەنجامبدەن. یاخیبوەکان ئەو کارەیان بۆ ئەو ڕیفۆرمیستانە بەجێھێشت کە ھەبوون و زۆرجار بەشێکبوون لەو نوخبەیەی کە حوکمڕان بوون، یان بەشێکبوون لەو کایە سیاسییەی کە ئامادەبوو. واتە داواکردنی ڕیفۆرم لەڕێگای ئەو دەزگایانەوە کە دەوڵەت لەو ساتەدا ھەیبوو. بەم مانایە بەھاری عەرەبیی لەڕووی ڕێکخستن و خرۆشانی جەماوەرییە دیاردەیەکی دەوڵەمەندە، بەڵام لە ڕووی پیادەکردنی گۆڕانکارییەوە لاواز و ھەژارە. ئەمە وادەکات یاخیبونەکانی بەھاری عەرەبیی، لە شۆڕشە ھاوشێوەکانی لە سەدەی بیستەمدا دووربکەوێتەوە، وەک ئەو شۆڕشانەی لە کوبا، نیکاراگوا، ئێراندا ڕوویاندا، یان تەنانەت شۆڕشەکانی دژ بە کۆمۆنیزم لە ساڵی ١٩٨٩ دا. ئەوەی لە تونس، میسر، یەمەن ڕوویدا، شۆڕش نەبوو، بەڵکو بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەبوون بۆ ناچارکردنی ڕژێمەکان بەئنجامدانی چاکسازیی، بۆ نموونە  ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێی بێ تەزویر، نووسینی دەستوورێکی تازە و ھێنانەکایەی شێوازێکی نوێی حوکمڕانیی، چاکسازیی لە دەزگاکانی پۆلیس و دادگاکاندا، ھتد... بەشداربووانی بەھاری عەرەبیی نە ئامانجیان بوو دەسەڵات بگرنە دەست، نە ئەم شتەیان دەویست، نە ئامرازی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتیشیان هەبوو. ئەوان تەنھا ئارەزووی ئەوەیان ھەبوو ئەو دەسەڵاتەی ھەیە بگۆڕێت و یەکێکی باشتر بچێتە شوێنی. بە کورتییەکەی بکەرەکانی بەھاری عەرەبیی دەیانویست لەڕێگای ڕاپەڕین و یاخیبوونەوە حکومەت و ڕژێمەکان ناچاربکەن خۆیان چاکسازیی لە خۆیاندا بکەن. ئەوەی لە مۆدێلی یاخیبوونەکانی بەھاری عەرەبییدا بەھێز و خاوەن قورساییە، توانای ڕێکخستن و کۆکردنەوە و داگیرکردنی گۆڕەپان و شەقام و شوێنە گشتییەکانە، بەڵام ئەوەی لاوازە توانای بەرپاکردنی گۆڕانکاریی گەورە و ڕاستەقینەیە. 
مۆدێلی بەھاری عەرەبیی دەشێت ئەو مۆدێلە تازەیەبێت کە ماوەیەکی درێژ لەگەڵماندا بمێنێتەوە. ئەو توێژ و چینە کۆمەڵایەتییانە، گەنجان و ژنان، کە دۆخی باڵادەستی دەوڵەتسازیی و حوکمڕانیی، کە چۆنیەتی بەڕێوەبردن و دابەشکردنی داھاتی نیشتیمانیی، کە خراپی دۆخی خزمەتگوزاریی و دروستبوونی جیاوازیی کۆمەڵایەتیی گەورە، کە دۆخی خراپی ئازادییە تاکەکەسییەکان، ژیانی تاڵکردون و زیانی گەورەی پێگەیاندون، دەڵێم ئەم توێژە گەورانەی کۆمەڵگا دەشێت بچنە سەر شەقام و ناڕەزایی دەرببڕن، گۆڕەپان و شوێنە گشتییەکان کۆنترۆڵبکەن، تەنانەت بتوانن کۆتایی بە حکومەتەکانیش بھێنن، بەڵام ھاوکات لەوەدا سەرنەکەون گۆڕانکاریی گەورە پیادەبکەن. مۆدێلی بەھاری عەرەبیی دەشێت ھەندێک گۆڕانکاریی بسەپێنێت، دۆخێکی کراوەتر و ئینسانیتر دروستبکات، نەوەیەک لە دەسەڵاتداران بە نەوەیەکی تر بگۆڕێتەوە، بەڵام مەرج نییە بتوانێت ئەو گۆڕانکارییانە بسەپێنێت کە ناڕەزاییی و نیگەرانییەکانی دروستکردوە.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand