Draw Media

رێبەرایەتی پارتی لە كۆنگرەی 14دا 

رێبەرایەتی پارتی لە كۆنگرەی 14دا 

2022-11-01 16:32:26



راپۆرت: درەو

ئایا مەسعود بارزانی خۆی كاندید دەكاتەوە یاخود دەكێشێتەوە‌و وەكو "مەرجەعی" حزب لە بارەگای بارزانی دەمێنێتەوە ؟ ئەگەر بكێشتەوە كێ شوێنی دەگرێتەوە ؟ دەسەڵات لە باوكەوە بۆ كوڕ دەگوازرێتەوە یان لەمامەوە بۆ برازا؟ دوو جێگری پەیڕەو دەكرێت یان دەسەڵاتەكان لەنێوان ئامۆزاكاندا دابەشدەكرێت ؟ سیناریۆكانی دابەشبوونی دەسەڵات لە كۆنگرەی (14) پارتی لەم راپۆرتەدا.

سەركردایەتی لە وەزارەت گرنگترە!
پێنج شەممەی ئەم هەفتەیە كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوەدەچێت، ئەنجامی ئەم كۆنگرەیە تەنیا كاریگەری لەسەر ناوخۆی پارتی نابێت، بەڵكو كاریگەریی لەسەر دۆخی هەرێمی كوردستان بەجێدەهێڵێت، پارتی حزبی یەكەمە لەسەر ئاستی هەرێم، سەرۆكایەتی هەرێم‌و سەرۆكایەتی حكومەت‌و زۆرینەی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی دەسەڵاتی دادوەریی‌و پەیوەندییەكانی دەرەوە‌و دۆسیەی نەوت‌و شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانی بەدەستەوەیە. 
شەش وەزیری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم خۆیان بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی كاندید كردووە، ئەمە نیشاندەری ئەوەیە پێگەی سەركردایەتی پارتی لە پێگەی وەزیر لەناو حكومەتدا بەرزترو گرنگترە.

لە (مەرگەوەڕ)ەوە بۆ دهۆك
كۆنگرەی 14ی پارتی لە دهۆك بەڕێوەدەچێت، ئەمە یەكەمجارە پارتی كۆنگرەی خۆی دەباتە دهۆك، دهۆك بەهێزترین پێگەی پارتییە، بەڵام هەژارترین پارێزگایە لەسەر ئاستی عێراق. 
كۆنگرەی (14) هاوشێوەی كۆنگرەی (9) بایەخێكی گەورەی هەیە لەسەر چارەنوسی دەسەڵات لەناو پارتیدا.
لە كۆنگرەی (9)دا كە لە تشرینی دووەمی 1979 دوای كۆچی دوایی مستەفا بارزانی دامەزرێنەری پارتی لە گوندی (دەربەند)ی ناوچەی (مەرگەوەڕ)ی رۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوەچوو، بۆ یەكەمجار دەسەڵاتی لەناو ئەم حزبەدا لە باوكەوە گواستەوە بۆ كوڕو ئەمە بوو بە سەرەتای بە بنەماڵەیكردنی تەواوەتیی پارتی.
لە كۆنگرەی (9)دا دەنگی ناڕەزایەتی لەناو پارتیدا دروستبوو، (سامی عەبدولڕەحمان)‌و (جەوهەر نامیق) سەركردایەتی بەرەیەكی ناڕازییان كرد، مەرجیان دانا بوو نابێت (ئیدریس بارزانی) خۆی بۆ كۆمیتەی ناوەندی كاندید بكات، لەپاڵ ئەمەدا داوای لیستی كاندیدی هاوبەشیان دەكرد، مەسعود بارزانی هەموو داواكارییەكانی رەتكردەوە‌و بەبێ ئەوان كۆنگرەی رێكخست، رۆژی 8ی تشرینی دووەمی ساڵی 1979 بۆ یەكەمجار مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی پارتی هەڵبژێردرا‌و دواتریش (ئیدریس بارزانی) برای بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا.  
لەو كاتەوە تاوەكو ئێستا واتە ماوەی (43 ساڵ)ە مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی پارتی دەكات، ئەو ئێستا تەمەنی (76 ساڵ)ە، بەڵام هێشتا بە گوڕەو ئەگەری بەردەوامبوونی تا كۆنگرەی داهاتووش هەیە، بەڵام پێشبینی دەكرێت لە كۆنگرەی 14ەوە ئیتر نەخشەی دەسەڵات لەناو پارتیدا بۆ دوای خۆی دیاری بكات لەنێوان كوڕەكەی (مەسرور بارزانی)‌و برازاكەی (نێچیرڤان ئیدریس بارزانی).
خاڵی هاوبەشی نێوان كۆنگرەی 14‌و كۆنگرەی 9ی پارتی ئەوەیە هەردوو كۆنگرەكە لە مانگی (تشرینی دووەمدا)ن، كۆنگرەی 9 دەسەڵاتی لە مستەفا بارزانییەوە گواستەوە بۆ مەسعود بارزانی كوڕی، كۆنگرەی 14 چارەنوسی شوێنگرەوەی مەسعود بارزانی دیاری دەكات. 

سیناریۆكانی بەردەم دەسەڵات لەناو پارتیدا 
ئایا مەسعود بارزانی خۆی كاندید دەكاتەوە یاخود دەكێشێتەوە‌و وەكو "مەرجەعی" حزب لە بارەگای بارزانی دەمێنێتەوە ؟ ئەگەر بكێشتەوە كێ شوێنی دەگرێتەوە ؟ دەسەڵات لە باوكەوە بۆ كوڕ دەگوازرێتەوە یان لەمامەوە بۆ برازا؟ دوو جێگری پەیڕەو دەكرێت یان دەسەڵاتەكان لەنێوان ئامۆزاكاندا دابەشدەكرێت ؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن كە تائێستا بەرپرسان‌و میدیاكانی پارتی لەبارەی كۆنگرەی 14ەوە هیچ قسەوباسێكی ئەوتۆیان لەبارەوە نەكردووە. 
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی دەبوو كۆنگرەی 14 لە رۆژی 11ی كانونی یەكەمی 2014 بەڕێوەبچێت، واتە زیاتر لە (8 ساڵ) كۆنگرە لەوادەی خۆی دواكەوتووە، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی دواین پەیڕەوی ناوخۆی كۆنگرەی سیانزەیەمی حزبەكە، نابێت بەستنی كۆنگرە ساڵێك زیاتر لەوادەی خۆی دوابخرێت، بەگشتی ماوەی (12) ساڵە پارتی كۆنگرەی نەكردووە، سەركردەكانی پارتی پێشتر شەڕی داعش‌و قەیرانە سیاسی‌و ئابورییەكانی ساڵانی رابردوویان وەكو بەهانە بۆ دواكەوتنی كۆنگرە دەهێنایەوە، بەمدواییەش قەیرانی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا.  
پارتی (600 هەزار) ئەندامی هەیە، ئەمانە بەشداری هەڵبژاردنی ناوخۆیی حزبەكەیان كرد بۆ هەڵبژاردنی (800) ئەندامی كۆنگرە، كۆنگرە بەشێوەی راستەوخۆ سەرۆكی حزب‌و ئەندامانی سەركردایەتی هەڵدەبژێرێت.
ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە (51) كەس پێكدێت، تائێستا زیاتر لە (150) كەس خۆیان بۆ سەركردایەتی كاندید كردووە، ئەوانەی خۆیان كاندیدكردووە پێشوەختە رەزامەندی بارزانییان وەرگرتووە. 
بەهۆی ئەوەی تائێستا بەرپرسانی پارتی چارەنوسی چۆنیەتی رێبەرایەتكردنی حزبەكەیان لە كۆنگرەی 14ی ئاشكرا نەكردووە، چەند سیناریۆیەك لە ئارادایە كە دەكرێت لەمانەدا كورتبكرێنەوە:  

سیناریۆی یەكەم:
هاوشێوەی كۆنگرەی سیانزەیەم، مەسعود بارزانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی پارتی كاندید بكاتەوە‌و نێچیرڤان بارزانی ببێتەوە بە جێگری سەرۆك، لەم حاڵەتەدا لە ئەگەری دوركەوتنەوەی مەسعود بارزانی لە گۆڕەپانی سیاسی بە هەر هۆكارێك، راستەخۆ نێچیرڤان بارزانی دەبێت بە سەرۆكی حزب، بەوپێیەی جێگری سەرۆكە، ئەمە رەنگە دڵخوازی كوڕانی مەسعود بارزانی‌و بەدیاریكراویش مەسرور بارزانی نەبێت، لەلایەكی تر ئەمە شێوازی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی بارزانی بۆ داهاتوو دیاری دەكات، بەوەی ئایا دەسەڵات بەشێوەی ستونی لە باوكەوە دەگوازرێتەوە بۆ كوڕ یاخود بەشێوەی ئاسۆیی دەبێت‌و لە مامەوە دەگوازرێتەوە بۆ برازا، ئەم هاوكێشەیە چارەنوسی نێچیرڤان بارزانی لەناو پارتیدا یەكلابونەوەی دیاری دەكات.
هەندێك سەرچاوە لەناو پارتییەوە باسلەوە دەكەن، بارزانی داوای كردووە دەستبەرداری پۆستی سەرۆكایەتی پارتی ببێت، بەڵام مەسرور بارزانی كوڕی‌و نێچیرڤان بارزانی برازای ئەم داواكارییەیان رەتكردوەتەوە.

سیناریۆی دووەم:
هاوشێوەی كۆنگرەی سیانزەیەم، مەسعود بارزانی جارێكی تر خۆی بۆ سەرۆكایەتی حزب كاندید بكاتەوە، بەڵام جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی حزب زیاد بكرێت، واتە بكرێت بە دوو جێگر، یەكێكیان نێچیرڤان بارزانی‌و ئەوی تر مەسرور بارزانی بێت، ئەگەر ئەم سیناریۆیە جێگیربكرێت، دوای دوركەوتنەوەی مەسعود بارزانی لە گۆڕەپانی سیاسی، پارتی بەرەو شێوازەكەی یەكێتی دەڕوات كە بەڕێوەبردنی حزبە لەلایەن دوو ئامۆزاوە، بەوپێیەی سەرۆك دوو جێگری هەیە‌و راستەوخۆ جێگرەكان دەسەڵاتەكان وەردەگرن.

سیناریۆی سێیەم: 
وەكو هەندێك لە پارتییەكان باسی دەكەن، مەسعود بارزانی دەست لە پۆستی سەرۆكایەتی پارتی هەڵگرێت‌و وەكو "مەرجەع" بمێنێتەوە لە بارەگای بارزانی، بەمدواییە بارزانی بەچەند بەرگێك دەستی بە بڵاوكردنەوەی یادەوەرییەكانی خۆی كرد، هەندێك ئەم هەنگاوانەی بارزانی بە خۆدورخستنەوەی لەناو كایەی حزبی دەبینن، لەم حاڵەتەدا بارزانی دەبێت سەرۆكایەتی حزب لەنێوان كوڕو برازاكانیدا یەكلابكاتەوە، ئەمە پەیوەندییەكان لەناو بنەماڵەكەیدا توشی شڵەژان دەكات، لەم حاڵەتەدا رەنگە پێویست بكات، بارزانی بەجۆرێك كۆپی شێوازەكەی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بكاتەوە‌و دەسەڵاتی لەنێوان كوڕو برازاكانیدا دابەش بكات‌و حزب رادەستی ئامۆزاكان بكات‌و خۆی چاودێرییان بكات‌و رێگری لەدروستبوونی گرژی بكات، بەڵام بە نەرمی لە كۆتایدا دەسەڵات لە بەرژەوەندی كوڕەكانی یەكلابكاتەوە.

سیناریۆی چوارەم:
پارتی دیموكراتی كوردستان پێكهاتەكەی دەگۆڕێت، سەرۆكی پارتی‌و سكرتێری مەكتەبی سیاسی نامێنێت، بارەگای بارزانی شوێنی سەرۆك‌و هەیكەلی پارتی دەگرێتەوە، مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی بارەگای بارزانی دەكات‌و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی هەریەكەیان یاریدەدەری مەسعود بارزانی دەبن بۆ چەند فایلێكی دیاریكراو، لەم حاڵەتەدا فایلی دەرەوەو پەیوەندییەكان لای نێچیرڤان بارزانی، حكومەت و ناوخۆ لای مەسرور بارزانی دەبێت.

سیناریۆی پێنجەم:
راستەوخۆو بێ هیچ پێچ‌و پەنایەك، پارتی سیناریۆی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی دووبارە بكاتەوەو مەسعود بارزانی دەست لە پۆستی سەرۆكی حزب هەڵگرێت‌و لەبارەگای بارزانی وەك مەرجەعی پارتی دەمێنێتەوە، پارتی بەشێوەی هاوسەرۆكایەتی لەنێوان نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانییەوە بەڕێوەببرێت، ئەمە بۆچونێك بوو كە پار ساڵ بەرلە بڕیاری دواخستنی كۆنگرەی 14، قسەو باسی لەسەر دەكرا بەڵام رەنگە بۆ ئەمڕۆ چیدیكە سیناریۆیەكی بەهێز نەبێت بەتایبەتی كە سیستەمی هاوسەرۆكایەتی یەكێتی شكستی هێناو هاوكات پارتی نایەوێت سیستەمێكی سیاسی تاقیبكاتەوە كە (پەكەكە) لەناو لایەنە كوردستانییەكاندا داهێناوە، هەرچەندە هەندێك لەو پارتییانەی كە لەناو كاری رێكخراویدا قاڵبونەتەوە پێشبینی ئەوەیان دەكرد ئەو شێوازی هاوسەرۆكایەتیەی یەكێتی بۆ ناو پارتیش گونجاو بێت لەدوای مەسعود بارزانی، فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی، لەدوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتییەوە، لە كۆبونەوەیەكدا بە بەرپرسێكی یەكێتی وتبوو" یەكێتی دەیەوێت خوی پارتیش خراپ بكات، چونكە هەر كارێك كە یەكێتی دەیكات، دواتر پارتیش كۆپی دەكاتەوە، یەكێتی چەندین میدیای جیاوازی دروستكرد، ئێستا پارتیش هەمان كاردەكات، یەكێتی كردی بە هاوسەرۆكایەتی، دەتانەوێت ئێمەش وای لێ بكەین؟!!".

چارەنوسی نێچیرڤان بارزانی
نێچیرڤان بارزانی كوڕی ئیدریس بارزانی براگەورەی مەسعود بارزانییە، مەسعود بارزانی كە لە كۆنگرەی نۆیەمدا دوای كۆچی دوایی مستەفا بارزانی باوكی بە سەرۆكی پارتی هەڵبژێردرا، وەكو پێویست دەسەڵاتی خۆی وەكو سەرۆكی حزب بەكار نەدەهێنا، ئەمە وەكو رێزگرتنێك لە ئیدریس بارزانی براگەورەی، ئیدریس بارزانی ساڵی 1987 بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد، ئەمە وایكرد دەسەڵاتی مەسعود بارزانی بەسەر پارتیدا زیاتر فراوان ببێت.
كانونی یەكەمی ساڵی 1989 پارتی كۆنگرەی دەیەمی خۆی لە گوندی (هاشماوا) بەست. لەم كۆنگرەیەدا بۆ یەكەمجار نێچیرڤان بارزانی هێنرایە پێشەوە‌و رۆڵی پێدرا. 
نێچیرڤان بارزانی لە كۆنگرەی دەیەمی پارتیدا زیاتر رۆڵی دەركەوت، ئەو كرا بە سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرە‌و دواتر لەناو كۆنگرەدا بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا‌و لەوێشەوە بوو بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی. 
لەبارەی هێنانە پێشەوەی نێچیرڤان بارزانی، مەسعود بارزانی لە یادەوەرییەكانی خۆیدا دەڵێ" چونكە كۆچی دوایی كاك ئیدریس بۆشاییەكی گەورەی دروستكردبوو، هەوڵماندا وەك وەفایەك بۆ كاك ئیدریس بارزانی‌و پڕكردنەوەی بۆشاییەكەی، بایەخ‌و گرینگیی زیاتر بە نێچیرڤان بدەین‌و زوو بخرێتە بەر ئەرك‌و بەرپرسیارێتییەوە، بۆیە لە كۆنگرەی دەیەمدا دەرفەتی بۆ رەخسێندرا".
ساڵی 1999 بۆ نێچیرڤان بارزانی ساڵێكی گرنگ بوو، لەو ساڵەدا مەسعود بارزانی رۆڵێكی گەورەتری پێبەخشی‌و كردی بە سەرۆكی حكومەت، ئیتر تاوەكو ناوەڕاستی ساڵی 2019 واتە ماوەی (17 ساڵ) لە سەرۆكایەتی حكومەتدا مایەوە، لەم ماوەیەدا نێچیرڤان بارزانی ئابورییەكی گەورەی بۆ خۆی بنیادنا‌و پەیوەندییە دەرەكییەكانی بەهێزكرد، بەڵام لەناوخۆی پارتیدا پێگەی وەكو خۆی مایەوە. 
ساڵی 2005 كاتێك پارتی‌و یەكێتی رێككەوتنی ستراتیژییان ئیمزاكرد، لەو رێككەوتنەشدا جارێكی ترو هاوشێوەی كۆنگرەی دەیەم، مەسعود بارزانی پێگەی نێچیرڤان بارزانی برازای زامن كرد‌و بەمەرجی ئەوە قایل بوو بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێم، پۆستی سەرۆكی حكومەت بدرێت بە نێچیرڤان بارزانی، سەرەتا دوو ساڵ بە دوو ساڵ پارتی‌و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆكی حكومەت رێككەوتنیان كرد، بەڵام دواجار لەپێناو مانەوەی لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقدا، كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتی دوو ساڵ بە دوو ساڵەكەی هەڵوەشاندەوە‌و پۆستی سەرۆك وەزیرانی بۆ نێچیرڤان بارزانی یەكلاكردەوە (جگە لە دوو ساڵ سەرۆكایەتی حكومەت لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە).
نەوشیروان مستەفا لە گێڕانەوەكانیدا باسلەوە دەكات، مەسعود بارزانی لە رێككەوتنی ستراتیژیدا لەگەڵ یەكێتی قایل نەبووە بەوەی لە بەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ مام جەلال پۆستی سەرۆكی هەرێم وەربگرێت‌و وتویەتی ئەمە كێشە بۆ بنەماڵەكەمان دروست دەكات‌و دەبێت پۆستی سەرۆكی حكومەت بدرێت بە نێچیرڤان بارزانی. 
ساڵی 2013 جارێكی تر نێچیرڤان بارزانی بەهێزێكی زیاترەوە گەڕایەوە سەر شانۆی سیاسەت لەناوخۆی پارتیدا، لەو ساڵەدا‌و لە كۆنگرەی 13ی پارتیدا، نێچیرڤان بارزانی كرا بە جێگری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەمە دەستی مەسعود بارزانی لەبەردەم ئەندامانی كۆنگرەدا ماچ كرد، لە كۆنگرەی دەیەمی پارتیدا پۆستی سكرتێر هەڵوەشێندرایەوە‌و لەبری ئەوەی یەك جێگر بۆ مەسعود بارزانی دانرا، لەوكاتەوە تاوەكو كۆچی دوایی (عەلی عەبدوڵا) جێگری سەرۆكی پارتی  بوو، بەڵام لە كۆنگرەی 13وە تاوەكو ئێستا نێچیرڤان جێگری سەرۆكە. 
ساڵی 2017 مەسعود بارزانی دوای 12 ساڵ مانەوە لە پۆستی سەرۆكی هەرێم، دەستبەرداری پۆستەكە بوو، ئەمە گۆڕانكاری لە نەخشەی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی بارزانیدا دروستكرد، نێچیرڤان بارزانی كاندیدكرا بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و مەسرور بارزانیش بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت، ئیتر لێرەوە كۆتایی هێنرا بە 17 ساڵ دەسەڵاتی نێچیرڤان بارزانی لەناو حكومەتدا، مەسرور بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی وەرگرت‌و لەیەكەم هەنگاودا هاوڕێ‌و دۆستەكانی نێچیرڤان بارزانی لە حكومەت دورخستنەوە، دورخراوەكان لە بارەگای سەرۆكی هەرێم لای نێچیرڤان بارزانی كۆبونەوە. 
كۆنگرەی 13 نێچیرڤان بارزانی كرد بە جێگری سەرۆكی پارتی، بەڵام هاوڕێكانی لە سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی پاكتاو كرد، رادەستكردنی حكومەتیش بە مەسرور بارزانی گورزێكی تر بوو بەر لایەنگرانی نێچیرڤان بارزانی كەوت لەناو پارتیدا. 
لەدوای شەڕی ناوخۆیی پارتی‌و یەكێتییەوە، جەلال تاڵەبانی یەكێك لەو كەسانە بوو بە گرنگییەوە تەماشای رۆڵی نێچیرڤان بارزانی دەكرد، بەو ئومێدەی لەو رێگەیەوە دەست لە كاروباری بنەماڵەی بارزانی وەربدات، هەموو گرەوەكان لەسەر ناكۆكی نێوان نێچیرڤان بارزانی‌و مەسعود بارزانی شكستیان هێنا‌و نێچیرڤان بارزانی بەبێ هیچ روبەڕووبونەوەیەك لەگەڵ مەسعود بارزانی سودی لە پاڵپشتییەكانی تاڵەبانی بینی بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆی، ئێستا ئیتر نەیارەكانی پارتی گرەوێكی نوێیان لەسەر تێكچوونی پەیوەندی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ مەسرور بارزانی ئامۆزای بەستووە. 
ئەوانەی نێچیرڤان بارزانی لە نزیكەوە دەناسن، پێشبینی ئەوە ناكەن هیچ جۆرە سەرچڵییەكی سیاسی لەناوخۆی پارتیدا بكات، ئەو دەیەوێت بەشێوەیەكی دیپلۆماسی پارێزگاری لە پێگەی خۆی‌و داهاتووی كوڕەكانی بكات لەناو خێزانی بارزانیدا، نەك لەپێناو نەیارە سیاسییەكانی پارتیدا، تەنانەت لەپێناو دۆستەكانیشیدا لەناو پارتی توانای هیچ جۆرە سەرچڵییەكی سیاسی نییە‌و لە پێگەو ئەو دەستكەوتانەی لەماوەی رابردوو لەناو پارتی بەدەستیهێناوە قایل‌و رازییە. 
  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand