مەسعود بارزانی: سامی عەبدولڕەحمانو جەوهەر نامیق تەكەتولیان كرد
2022-10-24 13:03:48
(درەو):
رۆژی 3ی مانگی داهاتوو، پارتی كۆنگرەی (14)ی خۆی لە دهۆك دەبەستێت، دیار نییە لەم كۆنگرەیەدا بارزانی لە پۆستی سەرۆكایەتی پارتی بەردەوام دەبێت یاخود دادەنیشێت، بارزانی لە ساڵی 1979وە سەرۆكایەتی پارتی دەكات، واتە ماوەی (43) ساڵە سەرۆكی حزبە.
مەسعود بارزانی لە یادەوەرییەكانی خۆیدا (بارزانیو بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد)، بەمشێوەیە باسی چۆنیەتی هەڵبژاردنی دەكات وەكو سەرۆكی پارتی لەدوای مردنی مستەفا بارزانی باوكییەوە:
هەرچەندە وەفاتی بارزانی بۆ هەموومان كۆستو كارەساتێكی گەورە بوو، بەڵام خوای گەورە یارمەتی داین، خۆمان راگرتو دوای بەخۆداچونەوەو رێكخستنەوەی كاروبارەكانمان، كەوتینە سەرپێی خۆمانو لەسەر رێبازەكەی بارزانی درێژەمان بەخەبات دا.
سەركردایەتی كاتی چەندین كۆبونەوەی گرتو لەگەڵ زۆربەی كادیرو كەسایەتییە نیشتمانپەروەرەكان راوێژو راگۆڕینەوەمان كردو، گەیشتینە ئەو ئەنجامەی كە پێویستە كۆنگرەی نۆیەم ببەسترێت. هەرچەندە سەرەتا رای جیاواز هەبوو لەسەر بەستنیو رەئێكی وا هەبوو تا بەهاری 1980 دوابخرێت. بەڵام دوای گفتوگۆیەكی چڕو ورد تاوتوێكردنی بارودۆخی ناوچەكەو كوردستانو پارتی، بڕیار درا، لە تشرینی دووەمی 1979دا كۆنگرە ببەسترێت. دوای ئەم بڕیارە، بڕیاری پێكهێنانی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرە درا كە لەم هەڤاڵانە پێك هاتبوو: عەلی عەبدوڵڵا، ئیدریس بارزانی، محەمەد مەلا قادر، رەشید سندی، عارف تەیفور، كەریم سنجاریو وریا ساعاتی.
لەسەرو بەندی كۆنگرەدا هەست بە بارودۆخێكی نائاسایی كرا. زۆر لە ئەندامانی سەركردایەتی كاتی پێیان راگەیاندم كە لە كۆنگرەدا خۆیان هەڵنابژێرنەوە بۆ سەركردایەتی. وەك بڵێی تەكەتولو باڵباڵێن دروست كرابێت، جگە لە ئیدریس بارزانیو عەلی عەبدوڵڵاو ئازاد بەرواری، هەموو ئەندامانی سەركردایەتی كاتی یەكهەڵوێست بوون، ژمارەیەكیان دوچاری رووگیری (ئیحراج)و پابەندییەكی هەڤاڵانە ببوون، بەڵام كاك سامی عەبدولڕەحمان هەستی كرد كۆنگرە بەو ئاقارەدا ناچێت كە دەیویست، ئیتر هەڤاڵانی تری هان دا بكشێنەوە. كاك جەوهەریش لەگەڵ ژمارەیەك لە هەڤاڵان تووشی دەمەقاڵەیەك ببوو و ئەوەی لە دڵدا مابوو كە بۆچی سزا نەدراون، هەرچەندە كێشەكە هێندەی نەدەهێناو زیاتر لە قەبارەی خۆی گەورە كرابووەوە.
ئەوانی تریش زیاتر لەبەر برادەرایەتی كەوتنە ژێر كاریگەریی سامی عەبدولڕەحمانو جەوهەر نامیق سالم، هەوڵێكی زۆرم دا بۆ ئەوەی لە بڕیارەكەیان پاشگەز ببنەوە، چونكە لە كاتێكی زۆر ناسكو هەستیارو چارەنووسسازو تەنانەت مەترسیداردا شانیان دابووە بەر بارودۆخەكەو ئەركی بەرپرسیارێتییان گرتبووە ئەستۆو ئازارێكی گەورەشیان بینیبوو و، ژیانو گیانیشیان خستبووە سەردەستیان. خزمەتو ماندووبوونیان جێی رێزو پێزانین بوو، بۆیە حەزم نەدەكردو پێم خۆش نەبوو واز بێنن، بەڵام دواتر زانیم هیچ رێگاچارەیەك نییە، چونكە سامی عەبدولڕەحمان مەرجی دانابوو كە پێویستە ئێمە پازدە كەس لە لیستی خۆمان هەڵبژێرینو شەش كەسی تریش بە رێككەوتنی هەردوولامان بێت. هەروەها هەندێ ئاماژەم بۆ هاتبوو كە ئامادەن بەشداری كۆنگرەكە بنو خۆیان بپاڵێون، بەمەرجێك كاك ئیدریسو چەند هەڤاڵێكی تر خۆیان كاندید نەكەن. ئەمەیان بۆ من شۆكێكی گەورە بوو. كاتی خۆی لە شۆڕشی ئەیلوولیش زۆر كەس هەوڵیان دا نێوانی منو كاك ئیدریس تێكبدەن. بەڵام كەس ئاگاداری ئەوە نەبوو كە كاك ئیدریس بۆ من لە جێگەی باوكم بوو. جگە لەوەی برا گەورەم بوو، برای بیروباوەڕیش بوو و، ئەوم لەخۆم خۆشتر دەویست. بۆیە كاتێك گوێم لەو ئاماژانە بوو، بڕیارم دا چیی تر هەوڵ لەگەڵ ئەو كەسانە نەدەم كە بەنیاز بوون خۆیان نەپاڵێون.
هەرچەندە رۆشتنی ئەو هەڤاڵانەم زۆر پێ ناخۆش بوو، چونكە وەك برا پێكەوە بووینو هەوڵێكی زۆریشم لەگەڵ دان بۆ ئەوەی بمێننەوە، بەڵام پێویستە ئەو راستییە لەبەرچاو بگیرێت كە كاروانی خەباتو تێكۆشان لەپێناو ئازادیو مافی گەلێكدا كاروانێكی دوورو درێژو پڕ هەورازو نشێوو كۆسپو تەگەرەیە. لەو كاروانە دوورودرێژەدا بەدڵنیاییەوە سەركەوتنو شكستو خۆشیو ناخۆشیو هیواو بێئومێدی دێنە بەردەم رێبوارانو درێژەپێدەرانی كاروانەكە. هەڵەو كاری راستو درووستیش دەكرێت، بەڵام ئەوەی گرنگە كاروانی تێكۆشانی حزبێك، یان گەلێك لەپێناو ئازادیدا وازنەهێنانن یان وننەكردنی رێبازو ئامانجو سازشنەكردنە لە پرەنسیپو بنەما ستراتیژییە نەتەوەییو نیشتمانییە راستەقینەكان. گرنگە مرۆڤ بزانێت چۆنو بەرەو كوێو بۆچیو لەپێناو چیدا هەنگاو دەنێت، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە دوای ماوەیەك زۆربەیان گەڕانەوەو لەناو پارتیدا درێژەیان بە خەباتەكەیان دا.
پێویستە باس لە خۆڕاگریو بەرخودانی ئەو هەڤاڵو كادیرە دڵسۆزانەش بكرێت كە هاتنە ناو سەركردایەتیو بەلێهاتووییەوە شانیان دایە بەر بەرپرسیارێتیو لەكاتە هەستیارو ئەستەمەكاندا لە راپەڕاندنی ئەركەكانیانو بەرەوپێشەوەبردنی شۆڕشو گەشەپێدانی خەباتی گەلەكەمان لەو قۆناغە هەستیارەدا درێخییان نەكرد.
پەیوەندییەكانمانن لەگەڵ هەڤاڵانی سەركردایەتی لە هەموو قۆناغو بارودۆخەكاندا پەیوەندییەكی برایانە بوو و لەسەر بنەمای پڕەنسیپو ئامانجە نەتەوەییو نیشتمانییەكان بنیات نرابوون، بۆیە هەمیشە پەیوەندییەكی پتەو و بەهێز لە نێوانماندا هەبوو.
دوای تەواوبوونی ئامادەكارییەكان، رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 1979 لە گوندی (دەربەند)ی ناوچەی مەرگەوەڕی رۆژهەڵاتی كوردستان، بەئامادەبوونی سێ سەدو بیستو پێنج ئەندام، كۆنگرەی نۆیەم دەستی بە كارەكانی كرد.
هەموو ئەندامانی سەركردایەتی كاتیو ژمارەیەك لە هەڤاڵانو بەرپرسانی سەربازیو سیاسی لەناو ئاوارەكانو ناوەوەو دەرەوەی وڵات بەشدارییان لە كۆنگرەكەدا كردو هەتا كاتی خۆپاڵاوتنو هەتا كۆتایی كۆنگرەش تێكڕای هەڤاڵان بەشدار بوون.
رۆژی 8ی تشرینی 1979 لەناو كۆنگرەدا بە تێكڕای دەنگی ئەندامانی كۆنگرە وەك سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردرام.
هەر بەم پێیەش سەركردایەتیی كاتی نەماو، رۆژی دواتر دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی كرایەوەو بەدەنگدانی نهێنیو لە كەشوهەوایەكی دیموكراتیدا، ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران كە بریتی بوون لە هەڤاڵان:
(ئیدریس بارزانی، عەلی عەبدوڵڵا، نووری شاوەیس، رەئیس عەبدوڵڵا سەدیق، فازڵ میرانی، هۆشیار زێباری، د. رۆژ نوری شاوەیس، فەلەكەدین كاكەیی، ئازاد بەرواری، محەمەد مەلا قادر، رەشید عارف، محەمەد سەعید دۆسكی، محەمەد ساڵح جومعە، جەرجیس حەسەن، حەمید بەرواری، مولازم یونس رۆژبەیانی، مولازم عەلی، نەجمەدین یوسفی، د. سەعید بارزانی، خورشید شێرەو هەجەر سندی).
ئەم هەڤاڵانەش بە ئەندامی یەدەكی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران: (فرەنسۆ هەریری، نادر هەورامی، دكتۆر كەمال كەركوكی، عوسمان سندی، رەمزی شەعبان، ئازاد قەرەداغی، حەمید ئەفەندی، د. عەلی بابا شاوەیس، ساڵح پێداوی).
بەم شێوەیە، كۆنگرە سەركردایەتییەكی نوێی هەڵبژاردو، چەندین بڕیارو راسپاردە لەسەر بابەتە جیا جیاكان پەسەندكران. كۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە 10ی تشرینی دووەمی 1979دا كۆتایی بەكارەكانی هێنا.
بەدڵنیاییەوە بۆ من زۆر ناخۆش بوو كە زۆربەی ئەو هەڤاڵانەی سەركردایەتیی كاتی كە رێزو تەقدیرێكی زۆریان هەبوو لەلای من، لەو بارودۆخە هەستیارو ناسكەدا وازیان هێناو زۆربەیان گەڕانەوە ئەورووپا.
لێرەدا ئەو راستییە دەركەوت كە مرۆڤەكان گرنگیو بایەخی زۆریان هەیە، بەڵام هیچ كەسێك لە سەرووی بەرژەوەندەی گەلی كوردستانو پارتییەوە نییە. بۆیە بە هەموو هێزو توانایەكمان هەوڵمان دا هیچ بۆشاییەك پەیدا نەبێتو حزب بكەوێتەوە سەرپێی خۆیو باوەڕێكی تەواو و بەهێز بە كادیرانو هەڤاڵانو رێكخستنەكانمان بدەینەوە. لەمەدا زۆر باش سەركەوتین. چونكە رژێمی شا نەمابوو و دەرفەتێكی باشترو گونجاوترمان بۆ رەخسا بوو بۆ ئەوەی رێكخستنەكانی پارتی گەشە بكەنو بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێن.