پشكی لایەنەكان لە كێكی حكومەتدا
2022-10-23 15:52:40
راپۆرت: درەو
شیعەكان لەسەر وەزارەتی نەوتو پۆستە ئەمنییەكان لەناو خۆیاندا ناكۆكن، سوننە لەسەر وەزارەتی پلاندانانو بەرگری لە مشتومڕدان، لەتیف رەشید بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار (خاڵ)ی بە یەكێتی نەهێشتووە لەكاتێكدا پەرلەمانتارانی یەكێتی دەنگیان بۆ نەداوە، پارتی دەیەوێت لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماردا هەموو پشكی كورد لە وەزارەتەكان بۆ خۆی ببات، دەنگوباس گەرمە لەبارەی ئەوەی نرخی هەر وەزارەتێكی سیادی بۆ (75 ملیۆن) دۆلار بەرزبوەتەوە، لەم نێوەندەدا چارەنوسی پێدانی متمانە بە كابینەی نوێی حكومەت هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە، وردەكاری چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان لەم راپۆرتەدا.
چاوپێكەوتن لەگەڵ كاندیدەكان
بڕیاربوو رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق لە پەرلەمان متمانە وەربگرێت، دواتر دانیشتنەكە بۆ سبەینێ دوو شەممە دواخرا، بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنەكانەوە پێدەچێت وادەی دانیشتنی پەرلەمان لەوە زیاتر دوابكەوێت كە چاوەڕوان دەكرێت، هەرچەند تائێستا بەفەرمی پەرلەمان پێدانی متمانەی بە حكومەت لە بەرنامەی كاری خۆیدا دانەناوە.
محەمەد شیاع سودانی كە كاندیدی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، ئەمڕۆ ئاشكرایكرد، بەردەوامە لە ئەنجامدانی چاوپێكەوتن لەگەڵ كاندیدی لایەنە سیاسییەكان بۆ پۆستە وزارییەكان.
شیاع سودانی لیژنەیەكی تایبەتمەندی بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵ كاندیدەكان دروستكردووە، لیژنەكە خۆی سەرۆكایەتی دەكاتو ژمارەیەك راوێژكار لەخۆدەگرێت.
سودانی رایگەیاند، دوای تەوابوونی چاوپێكەوتنەكان، بەشێوەیەكی فەرمی ناوی ئەو كاندیدانە رادەگەیەنرێت كە بۆ پۆستە وزارییەكان هەڵبژێردراون، ئەمەش بەوتەی ئەو بۆ ئەوەیە دڵنیابن لە سەلامەتی دۆخی كاندیدەكان لەڕووی یاساییو دیاریكردنی وادەی بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان بۆ وەرگرتنی متمانە.
بەپێی ئەو پێوەرەی دیاریكراوە، دابەشكردنی پۆستە وزارییەكان لەنێوان لایەنەكاندا، بەگوێرەی ژمارەی كورسییەكانی ئەو لایەنانەیە لەناو پەرلەمان، 2 كورسی پەرلەمان بە یەك پۆینت (خاڵ) ئەژماركراوە، پۆستە وزارییە سیادییەكان بەهای هەریەكەیان بە (5 پۆینت ئەژمار دەكرێت)، بەڵام وەزارەتەكانی تر بە (4 پۆینت) ئەژماردەكرێن، ئەمە نەریتێكە كە پێشتریش لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتدا پەیڕەو كراوە.
زانیارییەكان باسلەوە دەكەن، محەمەد شیاع سودانی بەمدواییە بێزار بووە لە بەردەوامبوونی كوتلە سیاسییەكان لە پێشكەشكردنی ناوی ئەو كەسانە بۆ پۆستە وزارییەكان كە پسپۆڕییەكانیان دورن لەكاری ئەو وەزارەتانەوە.
لەپاڵ ئەمەدا لەناو كوتلە سیاسییەكانی پێكهێنەری ئیئتیلافی (ئیدارەی دەوڵەت)دا بەتایبەتیش لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییو پێكهاتەی سوننەدا كێشەی لەسەر چەند پۆستێكی وزاری هەیە، سوننەكان (سیادەو عەزم) لەسەر پۆستی وەزارەتی بەرگریو پلاندانان لەناوخۆیاندا ناكۆكن، شیعەكانیش لەسەر پۆستی وەزارەتی نەوتو چەند پۆستێكی ئەمنیی كێشەیان هەیە، پارتیو یەكێتیش وەكو دوو لایەنی كوردی پێكهێنەری حكومەتەكە پەیوەندییەكانیان گرژی زیاتری تێكەوتووەو یەكێتی چاوی لە وەزارەتێكەو پارتی نایەوێت وەزارەتی پێبدات.
بەپێی دەستور لەدوای راسپاردنی، محەمەد شیاع سودانی ماوەی 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێشكەشكردنی كابینەكەی بە پەرلەمانو وەرگرتنی متمانە، سودانی رۆژی 13ی ئەم مانگە لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە راسپێدراوە، واتە رۆژی 13ی مانگی داهاتوو دواین مۆڵەتە لەبەردەمیدا.
ئەگەر سبەینێ بۆ جاری دووەم دانیشتنی پەرلەمان بۆ پێدانی متمانە بە حكومەت دوابكەوێت، پێشبینی دەكرێت دانیشتنەكە بكەوێتە دوای رۆژی 25ی ئەم مانگە، چونكە 25ی تشرینی یەكەم، تشرینییەكان بە ئەنجامدانی خۆپیشاندان یادی خۆپیشاندانەكەی ساڵی 2019 دەكەنەوە.
ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت كە ئەركی پێكهێنانی حكومەتی گرتوەتە ئەستۆ پێكهاتووە لە (لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی+ پارتیو یەكێتی+ سیادەو عەزم)، هەریەكێك لەم لایەنانە نوێنەرایەتی پێكهاتەیەكی سەرەكی عێراق دەكەن.
پشكی شیعە لە كێكی حكومەت
لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی هاوپەیمانێتی نێوان (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەممار حەكیم+ عەبادی)ە، ئەم لایەنانە لە ئێرانەوە نزیكنو دوای كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان ئێستا لە كۆی (329) كورسی پەرلەمان خاوەنی (138) كورسینو كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمانن. (محەمەد شیاع سودانی) كاندیدی ئەم لایەنانەیە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، ئەم لایەنانە تەنیا كورسییەكانی سەدریان لە پەرلەمان بەسەر خۆیاندا دابەش نەكردووە، بەڵكو دەیانەوێت وەزارەتەكانی سەدریش لەنێوان خۆیاندا دابەش بكەن، بەوپێیەی ئێستا ئەمانە نوێنەرایەتی پێكهاتەی شیعە دەكەن.
پشكی شیعە لە كێكی حكومەت لەكۆی (22) وەزارەت بریتییە لە (12) وەزارەت.
بەگوێرەی زانیارییەكان لەنێوان ئیئتیلافی (دەوڵەتی یاسا)ی نوری مالیكیو هاوپەیمانی (فەتح)ی هادی عامریدا ناكۆكی هەیە لەبارەی پۆستی وەزیری نەوتەوە، عەسائیبی ئەهلی حەقو كەتیبەكانی حزبوڵاش لەسەر پۆستەكانی (ئاسایشی نیشتمانی- هەواڵگری- سەرۆكایەتی حەشدی شەعبی) ركابەرێتی دەكەن.
پشكی كورد لە كێكی حكومەت
لە پێكهاتەی كورد (پارتیو یەكێتی) بەشدارن لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتدا، پارتی (31) كورسیو یەكێتی (18) كورسی پەرلەمانی هەیە، یەكێتی لەرێگەی ئەم هاوپەیمانێتییەوە پۆستی سەرۆك كۆماری بردووە، پارتی بەنیازە لەبری پۆستی سەرۆك كۆمار، هەموو پشكی كورد لە وەزارەتەكان ببات، هەرچی لایەنە سیاسییەكانی تری كوردە بەشدارن نین لە ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتو هیچ پۆستێكیان بەرناكەوێت.
كورد (3) وەزارەتی لە كابینەی حكومەتی عێراقدا بەردەكەوێت، وەزارەتەكان بریتین لە (دەرەوە+ داد+ ئاوەدانكردنەوە).
لە كابینەی ماوەتەواوبووی مستەفا كازمیو پێشتریشدا ئەم سێ پۆستە بەردەوام دوانیان (دەرەوە+ ئاوەدانكردنەوە) لای پارتی بووەو وەزارەتی (داد)یش بۆ یەكێتی بووە بەڵام پارتی دەستوەردانی لە دانانی كاندیدی وەزارەتەكەدا كردووە.
واتە تاكە وەزارەتە سیادییەكەی كورد كە وەزارەتی (دەرەوە)یە بۆ پارتی بووە، ئەمە لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماردا بۆ یەكێتی، لەپاڵ ئەمەدا پێشتر پارتی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی بردووە كە پشكی كوردەو ئێستا (شاخەوان عەبدوڵا) لە پۆستەكەدایە.
بۆچونێك هەیە ئەمجارە پشكی كورد لە (3) وەزارەتەوە بۆ (4) وەزارەت زیادبكرێت، ئەمەش لەرێگەی دروستكردنی وەزارەتێكی نوێیوە بەناوی وەزارەتی (ژینگە)و ئەم پۆستە بدرێت بە یەكێتی بەمەبەستی قایلكردنی بە حكومەتەكە، بەڵام سەرچاوەكان لەناو شیعەكانەوە دەڵێن كابینەی حكومەت لە (22) وەزارەت پێكدێتو هیچ وەزارەتێكی نوێ بۆ قایلكردنی لایەنەكان دروست ناكرێت.
هەڵبژاردنی لەتیف رەشید وەكو سەرۆك كۆمار لەسەر پۆینتو كورسییەكانی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ئەژماركراوەو ئەمە لەكاتێكدایە پەرلەمانتارانی یەكێتی دەنگیان پێنەداوەو پارتی خاوەندارێتی لێدەكرد، بەڵام دوای هەڵبژاردنی بە سەرۆك كۆمار، یەكێتی لەتیف رەشیدی وەكو كاندیدی خۆی ناساندو بەوهۆیەوە هیچ پۆینتێكی بەدەستەوە نەماوە بۆ وەرگرتنی پۆستە وزارییەكان، لەبەرامبەردا پارتی كە دەنگی بە لەتیف رەشید داوە، پارێزگاری لە پۆینتی كورسییەكانی كردووە بۆ بردنی هەرسێ وەزارەتەكەی كورد.
پارتی ئەگەر ئەمجارەش قایل ببێتەوە بەوەی پۆستی وەزارەتی (داد) بە یەكێتی بدات، ئەوا هاوشێوەی كابینەی ماوە تەواوبوو دەستوەردان لە دانانی كاندیدی ئەم وەزارەتەدا دەكات.
پشكی سوننە لە كێكی حكومەت
پێكهاتەی سوننەش هاوشێوەی كورد دابەشبوون بەسەر دوو بەرەی سەرەكیدا كە بریتین هاوپەیمانی سیادە (حەلبوسیو خەنجەر) كە نزیكەی (60) كورسییان هەیە هەروەها هاوپەیمانی عەزم (بەسەرۆكایەتی موسەننا سامەڕائی) كە خاوەنی (14) كورسی پەرلەمانە، هەردوو بەرە نەیارەكەی سوننە بەشدارن لە ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا.
حەلبوسی پشكی گەورەی سوننەی بردووە كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانە، خەمیس خەنجەری شەریكی چاوی لە وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆك كۆمارە.
ئێستا ماوەتەوە لەسەر دابەشكردنی پۆستە وزارییەكان، پشكی سوننە لە حكومەت (6) وەزارەتە كە بریتین لە وەزارەتەكانی (بازرگانی+ پیشەسازی+ پلاندانان+ بەرگری+ رۆشنبیری+ پەروەردە)، لەناو وەزارەتە باڵاكاندا (سیادییەكان) پێكهاتەی سوننە دوو وەزارەتی بەردەكەوێت كە بریتین لە وەزارەتەكانی (بەرگری+ پلاندانان).
حەلبوسی بەشی زۆری پۆینتەكانی رۆیشتووە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام هێشتا چاوی لە وەرگرتنی یەكێك لە دوو پۆستە سیادییەكەی سوننەیە، لەبەرامبەریشدا هاوپەیمانی عەزم كە هێشتا كورسییە پەرلەمانییەكانی بۆ وەرگرتنی هیچ پۆستێك بەكارنەهێناوە، دەیەوێت وەزارەتێكی سیادی سوننە وەربگرێت، حەلبوسیو عەزم لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی دوو پۆستە سیادییەكەی سوننە (وەزارەتی بەرگری+ وەزارەتی پلاندانان) ناكۆكن، بەمدواییە محەمەد شیاع سودانی چوەتە نێوانیان بۆئەوەی بگەن بە رێككەوتن، عەزم دەیەوێت پۆستی وەزارەتی بەرگری وەربگرێت، لەناو ئەم هاوپەیمانێتیەشدا ناكۆكی لەسەر كاندیدی پۆستەكە هەیەو چەند لایەنێك داوای دەكەن.
بەپێی دواین زانیارییەكان، دوای كشانەوەی ناوی (سابت عەباسی) سەرۆكی بزوتنەوەی حەسم كە بەشێكە لە هاوپەیمانی عەزم، ئێستا سێ ناوی تر بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری لەناو پێكهاتەی سوننە پێشنیازكراون كە ئەمانەن:
• خالید عوبێدی وەزیری بەرگری پێشوو كە ساڵی 2016 لە پەرلەمان متمانەی لێوەرگیرایەوە.
• حەمەد نامس فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای سەلاحەدین لەكاتی كۆنترۆڵكردنی پارێزگاكە لەلایەن داعشەوە، ئەم پیاوە نزیكە لە جومعە عنادی وەزیری بەرگری ئێستای عێراقەوە.
• ناسر غەننام كە ئەمیش كارەكتەرێكی سەربازییەو ئێستا سەرۆكی كۆلیژی سەربازییەو پێشتر فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی ئەنبار بووە.
بەپێی رێككەوتنی پێشتری نێوان لایەنەكانی سوننە، پۆستی وەزارەتی بەرگری دراوە بە هاوپەیمانی (عەزم)، لەناو عەزمیشدا بەدیاریكراوی پۆستەكە دانراوە بۆ ئەحمەد جبوری "ئەبو مازن".
پێشتر هاوپەیمانی عەزم هەڕەشەی لەكارخستنی محەمەد حەلبوسی كرد لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ئەگەر وەزارەتی بەرگری پێنەدرێت، ئەمە بە "كودەتا بەسەر رێككەوتنە سیاسییەكەی نێوان لایەنەكانی سوننەدا" ناوبرد.
نرخی وەزارەت بەرزدەبێتەوە !
هاوشێوەی هەموو پرۆسەكانی تری پێكهێنانی كابینەی حكومەت لە عێراق، ئەمجارەش دەنگوباسەكان لەبارەی مامەڵەكردن بە كورسییە وەزارییەكانەوە گەرمن.
هەندێك كەسی نزیك لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی باس لەوە دەكەن، نرخی پۆستی وەزارەتی بەرگری لەناو سوننەكاندا بۆ (75 ملیۆن) دۆلار بەرزبوەتەوەو سیاسییەكان مامەڵەی پێوە دەكەن، هەمان نرخیش لەسەر پۆستەكانی وەزیری ناوخۆو پۆستە باڵاكانی تر دانراوە.
بەم مشتومڕەوە پێدەچێت هاوشێوەی زۆرێك لە حكومەتەكانی تری دوای روخانی رژێمی سەددامەوە، محەمەد شیاع سودانی نەتوانی بە یەكجار متمانە بۆ هەموو وەزارەتەكانی كابینەكەی لە پەرلەمان وەربگرێتو هەندێك پۆستی كێشە لەسەر بە بەتاڵی بمێننەوە تا ئەو كاتەی لایەنەكان رێككەوتنی لەسەر دەكەن.
بۆ وەرگرتنی متمانە شیاع سودانی پێویستی بە تێپەڕاندنی كاندیدی 14 وەزارەت هەیە، رەنگە متمانەی (8) وەزارەتی تری حكومەتەكەی جارێ بە بەتاڵی بمێنێتەوە.