Draw Media

لاهور شێخ جەنگی بەرەیەكی سیاسی درووست دەكات

لاهور شێخ جەنگی بەرەیەكی سیاسی درووست دەكات

2022-10-28 17:05:10


 درەو:
بڕیارە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی پێشوی یەكێتی بەرەیەكی سیاسی نوێ درووست بكات و بە لیستی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان بكات. 
بەرەیەكی سیاسی درووست دەكات.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لاهور شێخ جەنگی كە لە ئێستادا لە وڵاتی بەریتانیایە، دوای گەڕانەوەی دەستبە كۆمەڵێك دیدارو سەردانی لایەنە سیاسیەكان و كەسایەتی و هاوڵاتیان بكات، بەمەبەستی وەرگرتنی بۆچون و خستنە رووی دیدی خۆی بۆ درووست كردنی بەرەیەكی سیاسی نوێ.
بە پێی زانیارییەكانی (درەو) لاهور شێخ جەنگی گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ناتوانێت مامەڵە بكات لەگەڵ (بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی)، بۆیە ئەو دەرگایە دادەخات و ئەگەر هەلیشی بۆ بڕەخسێت ناچێتەوە ناو یەكێتی و چیتر ناتوانێت لەگەڵیان كاری سیاسی بكات. 
زانیارییەكانی (درەو) ئاماژە بەوە دەكات درووستكردنی بەرە سیاسیەكەی لاهور شێخ جەنگی نە بارەگای دەبێت و نە رێكخستنێكی دیاریكراو، نە مەكتەبی سیاسی و نە سەركردایەتی، دوای وەرگرتنی بۆچونی لایەنەكان لە هەرێم و لە عێراق، بەشێوەیەكی یاسایی دەستدەكات بە درووستكردنی بەرە سیاسیەكەی، مۆڵەتی ئەو بەرە سیاسیە لە بەغداد دەردەكات، خۆی ئامادە دەكات بۆ هەڵبژاردنی عێراق و پەرلەمانی كوردستان، بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردن دەكات.
لە رۆژی 8ی تەمووزی 2021 بافڵ تاڵەبانی دەستیگرت بەسەر دەزگای زانیاری و دژە تیرۆری یەكێتی، كۆنترۆڵی هێزە چەكدارەكانی ناو یەكێتی كرد، لە رۆژی 25/10/2021 بە بڕیارێك بە (لاهور شێخ جەنگی) و سێ ئەندامی سەركردایەتی لە ریزەكانی یەكێتی دەركرد.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand