Draw Media

هەنار تەها نوری و گرنگیی «سەرەتای یەکسان»

Draw Media

2023-07-05 08:43:53



مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
 
لە دوێنێوە کە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ راگەیه‌ندراوە، دۆخی کچە خوێندکار (هەنار تەها نوری)، کە  یەکەمی بەشی وێژەیی هەموو هەرێمە، بووە بە شوێنی قسەلەسەرکردن و باسکردن. هەم لە میدیا فەرمییەکانداو هەم لەناو تۆڕەکانی سۆشیال میدیادا چەندان وێنەو چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەم خانمە گەنجەو دایکیدا ئەنجامدراون. ئەوەی تا ئەم ساتە دەبینین و باڵادەستە، گوتارێکی دیماگۆگیی و پۆپۆلیستییە کە هەم دەسەڵاتدارانی هەرێم و هەم بڕێک لە بانگخوازە ئیسلامییەکان هەڵیانگرتوە. سەرۆکی حکومەت لە وێنەی «باوکێکی دڵسۆز»دا خانویەک بەو خێزانە دەبەخشێت و بانگخوازە ئیسلامییەکانیش بەڵێنی بردنی ئەو خانمەو یەکەمەکانی تری تاقیکردنەوەکان، بۆ عەمرەو سەردان لە پێغەمبەر، دەبەخشن.   
وێنەکانی سەر لاپەڕەکانی سۆشیال میدیاو ئەو چاوپێکەوتنانەی لە چەند کەناڵێکی راگەیاندنەوە لەگەڵ خۆی و دایکیدا ئەنجامدراون، نیشانیئەدەن ئەم خانمە لە خێزانێکی تەواو هەژارەوە هاتوەو لە دۆخێکی پەراوێزیی و لە بەشی خوارەوەی کۆمەڵگادا، دەژیی. شوێنی ژیانی خۆی و دایکی ماڵێکی هێجگار سەرەتاییە، ژورەکەی کە تیایدا سەعیکردوە، وەک لە وێنەکاندا دەیبینین، نە لەبغ و نە گەچکاریی کراوە، سەربانی ژورەکەش بە جەمەلۆن گیراوە. خۆیشی خانمێکە بێ باوک.
راوەستان لەسەر دۆخی هەنار تەها نوری، لە دەرەوەی گوتارە پۆپۆلیستییە سیاسیی و دینیەکەدا، پێداویستییەکی ئەخلاقیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتی گرنگە، وەکچۆن پێدایوستییەکی فیکریی و تیوریشە. دۆخی ئەم خانمە دەتوانێت دەستمانبگرێت بۆ هێنانە پێشەوەی هەندێک مەسەله‌ کە پەیوەندیی بە ژیانی هەموو ئەوانەوە هەیە لە ئێستای کۆمەڵگای ئێمەدا دەژین. لە پێش هەمووشیانەوە مەسەلەی دابینکردنی «سەرەتای یەکسان» بۆ مرۆڤەکانی ناو ئەم کۆمەڵگایە.

بەر لە هەمووشتێک ئەوەی ئەو خانمە بەدەستی هێناوە، شتێکە پەیوەندیی بەوەوە هەیە وەک تاکەکەسێک، وەک مرۆڤێک، وەک کچێک لەدەرەوەی ناونیشانە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دینییە باڵادەستەکانی ناو دونیای ئێمەدا. بە دابراویش لە ئینتیما کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دینییە قەبەو فوتێکراوەکانی ئەو کۆمەڵگایە. هەنار تەها نوری وەک تاکەکەسێک، وەک کچێک، وەک توانایەکی تایبەت، ئەو پلەبەرزە لە تاقیکردنەوەکاندا بەدەستدەهێنێت، نەک وەک کچی ئەم یان ئەو بنەماڵەو خێزان و هێزی ناسراوی ناو کۆمەڵگای ئێمە. خودی تاقیکردنەوەکان خۆیشیان ئەو میکانیزمە بوون کە ئەو «سەرەتا یەکسان»ەی بەم خانمە بەخشیوەو نیشانیداوە کە دەتوانێت لەوانیتر باشتر یان بەتواناتر یان کارامەتر، بێت. ئەوەی دەیبینین کارکردنی توانا ناوەکییەکانی کچێکە لە دۆخێکدا کە کراوەیە لەبەردەم ململانێکردندا لەگەڵ کۆی ئەو منداڵانەدا کە سەر بە بەشە بەهێزو باڵادەستەکەی کۆمەڵگاکەن.

هەموو کۆمەڵگایەک پێویستی بە هەندێک رووبەری سەرەکیی و بنەرەتیی هەیە بتوانێت تیایاندا کەسەکان بەیەکتری یەکسان بکات، وەک یەکیان لێبکات، کەس لەویتر نزمتر یان بەرزتر، نەبیت. فۆرمێک لە ململانێی کراوەو یەکسانی تێدابێت. رووبەری تێدابێت بتوانێت وەک «سەرەتای یەکسان» لەبەردەمی هەموواندا ئامادەبێت. قوتابخانەو سیستمی خوێندن یەکێکن لەو رووبەرە سەرەکیی و بنەرەتییانەی دەتوانن و پێویستە ئەم ئەرکی بەخشینی «سەرەتای یەکسان»ە بۆ هەمووان دەستەبەربکەن. هەنار تەها نوری، نە کچی یەکێک لە سەرمایەدارە گەورەکانی وڵاتەکەیە، نە سەر بە خێزانە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمە، نە کچی ئەو خانەوادە دینیی و کۆمەڵایەتییانەیە کە سەرمایە دینیی و کۆمەڵایەتییەکەیان پێگەیەکی تایبەتی لە کۆمەڵگادا پێبەخشیون. بەڵکو بە پێچەوانەوە کچی ئەو بەشەی کۆمەڵگای ئێمەیە کە هەژارو پەراوێزخراو و کەمدەرامەتە. ئەو بەشەی کۆمەڵگای ئێمە کە زۆربەی رووبەرە بنەڕەتییەکانی دەستەبەرکردنی «سەرەتای یەکسان»ی لێسەندراوەتەوە. کام منداڵی سەر بە خێزانە هەژارو پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگای ئێمە دەتوانێت خەونی ئەوەببینێت ببێت بە کەسایەتیەکی سیاسیی، دینیی، بیرۆکراسیی، کۆمەڵایەتیی گرنگی ئەو کۆمەڵگایەو بەسەر پەیژەی کۆمەڵایەتیدا سەربکەوێت؟

بێگومان زۆرمان دەزانین کە سیستمی خوێندن و فێربوون لە هەرێمدا سیستمێکی بەگیتۆکراوە، وەکچۆن تەلارسازیی و پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە شارەکاندا بەگیتۆکراون، دەولەمەندو دەسەڵاتدارانی وەڵاتەکە ماڵ و شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان لە بەشەکانی تری کۆمەڵگاکە جیاکردۆتەوە، بەهەمان شێوە سیستمی خوێندنیش تووشی هەمان دەردی بەگێتۆکردن کراوە. خێزانە دەسەڵاتدارو دەوڵەمەندەکان منداڵەکانی خۆیان دەنێرن قوتابخانەی تایبەت و بە زمانە بیناییەکان دەخوێنن، بەڵام قوتابخانە گشتییەکان پەراوێزخراون و گۆڕاون بۆ شوێنی خوێندنی خێزانە هەژارو کەمدەرامەتەکانی وڵاتەکە. ئەم دۆخە تا قۆناغی دوای تەواوکردنی زانکۆش بەردەوامە. یەکێک لە زیانە هەرە گەورەکانی ئەم بە گێتۆکردنەی سیستمی خوێندن، وێرانکردنی توانای دروستکردنی ئەو «سەرەتا یەکسان»ەیە، کە پێویستە لە بەردەمی هەموو منداڵێکی ئەم کۆمەڵگایەدا ئامادەبێت. ئەوەی هەنار تەها نوری نیشانیداین ئەوەیە کە سیستمی خوێندن، سەرەڕای بەگێتۆکردنی، هێشتا ئەگەری دابینکردنی ئەو «سەرەتا یەکسان»ەی تێدایەو کەسانی وەک هەنار تەها دەتوانن نیشانی هەمووانی بدەن کە خاوەن توانای گەورەن. ئەوەی ئەم خوێندکارە کچە ئەنجامیئەدات بەرجەستەکردنی ئەو توانا شاراوەو داپۆشراوانەیە، کە کردەی بەگیتۆکردنی خوێندن لە هەرێمدا. دەخوازێت بیانشارێتەوە.

ئەوەی لە چەند رۆژی رابووردودا دەبوایە ببێتە بابەتی قسەو گفتوگۆ لەسەرکردن مەسەلەی بەرگریکردنە لەم ئەگەرە ناوەکییەی ناو سیستمی خوێندن، ئەگەری بەخشینی «سەرەتای یەکسان» بە هەموو خوێندکارێک، لە هەرشوێنێکدا بخوێنێت. دەبوایە قسە لەسەر بەگشتیکردن و فروانکردنی ئەم ئەگەرە بکرایە، باسی گواستنەوەی «سەرەتا یەکسان»ەکان بکرایە بۆناو رووبەرەکانی تری کۆمەڵگا، بۆ ناو سیاسەت، دین، سیستمی بیرۆکراسیی، سوپا، بازاری کار، دامەزراندن و دۆزینەوەی کار، هتد... لەباتی ئەمە بانگخوازو هێزە ئیسلامییەکان پێیان لەسەر حیجابپۆشی هەندێک لە خانمە یەکەمەکان داگرت و لەم ڕێگایەەوە هەم هێرشی هەزاران جارەیان کردە سەر عەلمانیەت و عەلمانییەکان و هەم بەرگریان لە دیدگای ئایدیۆلۆژیی خۆیانکرد. وەکچۆن هاوکات درێژەیان بەو «بەرخۆرییە دینییە»دا کە ساڵانێکە بووە بە یەکێک لە هێما سەرەکیی و دەرکەوتە بەرچاوەکانی دینداریی لە هەرێمدا. بەرخۆریی دینیی لە فۆرمی دابینکردنی بلیتی فڕۆکە بۆ ئەو قوتابیانە بۆئەوەی وەک گەشتیارێک بڕۆن بۆ سعودیە بۆ عەمرەکردن. لەهەمانکاتدا دەسەڵاتدارانی هەرێم دۆخەکەیان قۆستەوە بۆئەوەی بیسەلمێنن لە خەمی خەڵکی هەژاردان و بەتەنگ ئاستی ژیانیانەوە دێن، لە کاتێکدا سیستمی حوکمڕانییەکە سیستمی داخران و وێرانکردنی فۆرمە جیاوازەکانی هەموو «سەرەتایەکی یەکسان»ە بکرێت کۆمەڵگاکە خۆی دروستیبکات و بەرهەمیبهێنێت.

تا ئەم ساتە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کۆمەڵگایەک نادۆزینەوە توانای ئەوەی هەبووبێت خۆی لە نایەکسانیی نێوان بەشە جیاوازەکانی ئەو کۆمەڵگایە رزگاربکات. نایەکسانیی بەشێکی دانەبراوی ناو ژیانی کۆمەڵایەتییە، چ لە رابردو و چ لە ئێستادا. بەڵام کۆمەڵگایەک بخوازێت لانی هەرەکەمی دادپەروەریی تێدابێت، نرخی مرۆڤەکانی بزانێت، لەخەمی پاراستنی کەرامەتیاندا بێت، پێویستە ڕێگای جیاواز بدۆزێتەوە بۆ کەمکردنەوەی نایەکسانیی لەکۆی ئەو بوارانەدا کە مرۆڤ لەناویاندا ئامادەیەو کاردەکات. ئەمەش بەبێ دەستەبەرکردنی «سەرەتای یەکسان» لەبەردەم کەسە جیاوازەکانی ناو ئەو کۆمەڵگایەدا مەیسەرنابێت.

ئێستا ئیتر کە سیستمی خوێندن، سەرەڕای هەموو نوقسانییەکانی، توانای ئەوەی هەیە باشترین قوتابییەکان نیشانبدات، دەبێت بیر لەوەبکەینەوە کە سیستمەکانی تری ناو کۆمەڵگاکەش باشترین کەسەکانی بدۆزێتەوەو بیانخاتە ئەو پێگانەوە کە ئەو کەسانە لەناویدا توانای کارکردنێکی داهێنەرانەیان هەیە. دەبێت کۆی ئەو پێگە سیاسیی و بیرۆکراسیی و دینیی و دەزگاییانە کراوەبن لەبەردەم ئەو کەسانەدا کە وەک هەنار تەها نوری دەیسەلمێنن باشترینی بوارەکەی خۆیانن.
دابینکردنی «سەرەتای یەکسان» مانای یەکسانیی دادپەروەرانەی دەرفەت، کۆتاییهێنان بە سیاسەتی هەلاوێردن لەسەر ئینتیما بۆ ئەم یان ئەو خێزان و بنه‌ماڵە، ئەم یان ئەو دین، ئەم یان ئەو هێزی سیاسیی و دینیی و کۆمەڵایەتیی، ئەم یان ئەو ناوچە. ڕێزی زۆرم بۆ هەنار تەها نوری، کە بەبیری هێناینەوە دابینکردنی «سەرەتای یەکسان» سەرەتای هەموو سەرەتاکانە.  

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand