كابینەی لێكترازان..
2023-07-06 16:01:29
راپۆرت: درەو
بەشی یەكەم ناكۆكییە سیاسییەكان لە كابینەی نۆیەمدا
چوار ساڵی رابردوو ناكۆكی لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت لەناو خۆیاندا زۆر گەورەتر بوو لە ناكۆكی حكومەت لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكاندا. لەسەردەمی حوكمدارێتی مەسرور بارزانیدا، ناكۆكییەكان قوڵتربوونەوە، تا ئەو رادەی یەكێتیی هەنگاوی كرداری بۆ جیابونەوەی دارایی سلێمانی لە هەولێر لەناو بودجەی فیدراڵدا هەڵگرتووە، ئەمە لەكاتێكدایە مەسرور بارزانی ماجستێری لە بواری "ئاشتیو چارەسەری ناكۆكییەكان"دا هەیە، سەرۆك وەزیرانێك كە كابینەكەی رۆژی 10ی ئەم مانگە چوار ساڵی تەمەنی خۆی بەڕێدەكاتو لەدوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیشەوە بووە بە حكومەتی "كاربەڕێكەر". كابینەی نۆیەم بە ناكۆكی دەستیپێكردو بە ناكۆكیش دواین رۆژەكانی تەمەنی خۆی بەڕێدەكات، (درەو) لە زنجیرە راپۆرتێكدا لە چەند رەهەندێكەوە باس لە دۆخی كابینەی نۆیەم دەكات.
سەرۆك وەزیرانو بڕوانامەكەی
رۆژی 10ی تەموزی 2019 مەسرور بارزانی وەكو سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد، لەدوای كاركردن لە دەزگای پاراستنی پارتیو دواتر سەرۆكایەتیكردنی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەمە یەكەمجار بوو خۆی لە پۆستی سەرۆكایەتیی حكومەتدا تاقی بكاتەوە.
بەهۆی كاركردنی لە بواری هەواڵگریو ئەمنیدا، هەر لەسەرەتاوە پێشبینی دەكرا مەسرور بارزانی كە پارتییەكان بە "برا گەورە" ناوی دەبەن، بەشێوەیەكی پۆلیسی حكومەت بەڕێوەببات، بەڵام ئەو كاتێك سیڤی خۆی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە، نوسیبووی: بڕوانامەی ماجستێرم هەیە لە بواری "ئاشتیو چارەسەری ناكۆكییەكان" لەزانكۆی ئەمریكی لە (واشنتۆن دی سی)، شارەزایم هەیە لە "شێوەكارییو ئەسپسواریو مەلەوانی"، بەمە ویستی بەرگە ئەمنییەكە لەخۆی دابماڵێتو بەرگێكی مەدەنی بپۆشێت.
ناكۆكی سەرۆك وەزیرانو جێگرەكەی
بڕوانامەكەی لە بواری چارەسەری ناكۆكییەكان، سودێكی ئەوتۆی بە مەسرور بارزانی نەگەیاند، كابینەی نۆیەم هەر لە سەرەتاوە بە ناكۆكی دەستیپێكرد، ناكۆكی نێوان پارتیو یەكێتیی لەبارەی چۆنیەتی دروستكردنی كابینەكە، ماوەی (8) مانگ پێكهێنانی حكومەتی لەوادەی خۆی دواخست، بەتایبەتیش لەوەدا كە یەكێتیی دەیویست پڕكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك ببەستێتەوە بە پێكهێنانی حكومەتەكەوە، پارتی مەرجەكەی یەكێتیی قبوڵ كردو رێككەوتنی لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك كرد، بەڵام كە حكومەت پێكهات ئەم بەشەی رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكرا.
دوای پێكهێنانی حكومەتیش، كابینەی نۆیەم هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە، بە ناكۆكی نێوان قوباد تاڵەبانیو مەسرور بارزانی دەستیپێكرد، یەكەم ناڕەزایەتی قوباد تاڵەبانی دژی دیارینەكردنی دەسەڵاتەكان بوو وەكو جێگری سەرۆك وەزیران، پاش ماوەیەك ناڕەزایەتی هەردووكیان كۆبونەوەیەكیان كردو مەسرور بارزانی وتی"رێككەوتینو هیچ كێشەیەك لەنێوانماندا نییە".
بەڵام ئەمە كۆتایی ناكۆكییەكان نەبوو، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق (10 ئۆكتۆبەری 2021) بەبێ ناوهێنانی مەسرور بارزانی، قوباد تاڵەبانی وتی"چیتر تاكڕەوی قبوڵ ناكەین"، ئەم قسەیە مەسرور بارزانی توڕەكرد، داوای كرد قوباد تاڵەبانی لەبارەی قسەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا رونكردنەوە بدات، قوباد تاڵەبانی ئەم داواكارییەی رەتكردەوە، ئەمە وایكرد چەند كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران بایكۆت بكات.
لەم كابینەیەدا تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو یەكێتیی گەیشتە ئاستێك كە لەدوای كۆتایهاتنی شەڕی ناوخۆوە، دۆخی وەهای بەخۆوە نەبینیوە، دوای تەقینەوەكەی 7ی ئۆكتۆبەری 2022ی هەولێر كە عەقید (هاوكار جاف) تێدا كوژرا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی بایكۆت كرد، ئەو ناڕازی بوو لەوەی بەبێ دروستكردنی لیژنەی لێكۆڵینەوە، دانپێدانانی تۆمەتبارانی كەیسی تەقینەوەكە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن نیشان دران، لەپاڵ ئەمەشدا باسی لە "تاكڕەوی" سەرۆك وەزیران دەكرد لە بڕیارداندا. قوباد تاڵەبانی (6) مانگ نەگەڕایەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت، دواترو لە 11ی كانونی یەكەمی 2022ەوە تیمی یەكێتیی لە حكومەت هاوشێوەی قوباد تاڵەبانی بایكۆتی كۆبونەوەكانی حكومەتی كردو (4) مانگ نەچونە ناو كۆبونەوەكانەوە.
دۆخەكە گەیشتە ئاستی دوو ئیدارەییو پڕكردنەوەی شوێنی وەزیرەكانی یەكێتیی لە حكومەت، بەڵام سەردانی (باربارا لیف) یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان لە ئایاری رابردوودا، ئاوێكی بە ئاگرەكەدا كردو سەرۆك وەزیرانو جێگرەكەی كۆبونەوەو لە چوارچێوەی رێككەوتنێكدا قوباد تاڵەبانیو تیمی یەكێتیی گەڕانەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت.
نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی كوردستان هەموویان ئاگاداری دۆخی پەیوەندییەكانی پارتیو یەكێتیی بوون لەناو حكومەت، دەستوەردانیان كرد بۆ رێگرتن لە دابەشبوونەوەی كوردستان، ئەمەش كاریگەری خراپی لەسەر وێنای حكومەتی هەرێم لەسەر ئاستی دەرەوە دروستكرد.
هێشتا چەند رۆژێك بەسەر رێككەوتنەكەی مەسرور بارزانیو قوباد تاڵەبانی تێپەڕ نەبوو بوو، جارێكی تر پەیوەندییەكانی سەرۆك وەزیرانو جێگرەكەی لە بەغدادەوە ئاڵۆزی تێكەوت، یەكێتیی لەرێگەی هاوپەیمانە شیعەكانییەوە توانی بڕگەیەك لە بودجەی 2023ی عێراقدا جێگیربكات، بەگوێرەی ئەم بڕگەیە، ئەگەر سلێمانی وەكو پارێزگایەكی هەرێم ئەگەر ناڕازی بوو لە چۆنیەتی مامەڵەی دارایی حكومەتی هەرێم، دەتوانێت راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بەغداد بكاتو پشكی خۆی لە بەشە بودجەی هەرێم لە بەغداد وەربگرێت، مەسرور بارزانی چەسپاندنی ئەم بڕگەیە وەكو هەوڵدان یەكێتیی بۆ جیاكردنەوەی سلێمانی لە هەرێمی كوردستان تەماشا دەكات، وەكو "ناپاكی" ناوی دەبات. ئێستا پەیوەندی سەرۆك وەزیرانو جێگرەكەی لەناو لێكەوتەكانی چەسپاندنی ئەو بڕگەی بودجەی عێراقدا گوزەر دەكات.
كابینەی نۆیەم یەكەم كێڵگەی تاقیكردنەوە بوو بۆ كاركردنی هاوبەشی نێوان مەسرور بارزانیو قوباد تاڵەبانی، بەڵام ئەم ئەزمونە شكستی هێنا، نەیانتوانی پێكەوە كار بكەن، قوباد تاڵەبانی ئەزمونی كاركردنی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی هەبوو، هەر لە سەرەتاوە بە نابەدڵی بڕیاری كاركردنیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی،
مەسرور بارزانیش كە جاری یەكەم بوو پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت پێشبینی ئەو هەموو گۆڕانكارییەی نەدەكرد كە لەناوخۆی یەكێتییو دۆخی عێراقدا بەگشتی هاتنە پێشەوە، هەموو ئەمانە كاریگەرییان هەبوو لەسەر ئەوەی لە یەكەم ئەزمونی كاری هاوبەشدا، كوڕە گەورەكەی مەسعود بارزانیو كوڕە بچوكەكەی جەلال تاڵەبانی نەتوانن درێژە بە رێككەوتنە ستراتیژییەكەی باوكیان بدەن.
كابینە وزارییەكەی مەسرور بارزانی
جگە لە خراپی پەیوەندی نێوان سەرۆك وەزیرانو جێگری سەرۆك وەزیران، یەكێك لە سیما دیارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كێشەی وەزارەتەكان بەتاڵەكانو وەزارەتی بەوەكالەتە بۆ نمونە:
• پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان كە پشكی پارتی بوو لەناو كابینەكەدا، دوای ساڵو نیوێك لە پێكهێنانی حكومەت پڕكرایەوە، كەمال ئەتروشی كە ئەم پۆستەی لە 6ی كانونی دووەمی 2021دا وەرگرت، دوای ساڵو نیوێك بەشێوەیەكی ناڕوون دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوەو لەوكاتەوە ئەم وەزارەتە هەستیارە بەشێوەی "وەكالەت" لەلایەن (كەمال محەمەد) وەزیری كارەباوە بەڕێوەدەبرێت.
• لەم كابینەیەدا (ئاوات شێخ جەناب) وەزیری دارایی لەسەر پشكی (بزوتنەوەی گۆڕان) دوو جارو لە مانگەكانی تەموزی 2021و نیسانی 2022دا بەهۆی نیگەرانییەوە وەزارەتەكەی بەجێهێشتووەو چوەتە ماڵەوە، هۆكاری نیگەرانییەكانیشی بۆ دەستوەردان لە كارەكانی گەڕاندوەتەوەو بە دانوستانی نێوان تیمی گۆڕانو پارتی گەڕاوەتەوە بۆسەر كارەكەی.
• پۆستی وەزیری پێشمەرگە نزیكەی ساڵێكە بەتاڵەو پڕنەكراوەتەوە، بەهۆی ناكۆكیی ناوخۆیی یەكێتییەوە، (شۆڕش ئیسماعیل) وەزیری پێشمەرگە دەستی لەكاركێشاوەتەوەو بەهۆی ناكۆكی پارتیو یەكێتیشەوە پەرلەمان نەیتوانی گۆڕانكارییە وەزارییەكان پەسەند بكات، بەوهۆیەوە ئەم پۆستە بەبەتاڵی ماوەتەوە، یەكێتیی (رێباز بێركۆتی) بۆ شوێنی (شۆڕش ئیسماعیل) كاندید كردبوو.
• پۆستی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمو بەغداد زیاتر لە (8) مانگە بەتاڵەو پڕنەكراوەتەوە، خالید شوانی لەسەر پشكی یەكێتیی ئەم وەزارەتەی وەرگرتبوو، خالید لە كابینەی نوێی حكومەتدا لە عێراق پۆستی وەزارەتی دادی عێراقی وەرگرت، بەڵام لەوكاتەوە شوێنەكەی لەناو حكومەتی هەرێم بە بەتاڵی ماوەتەوە، ناكۆكی پارتیو یەكێتیی رێگر بوو لەوەی پەرلەمانی كوردستان ئەم گۆڕانكارییە وزارەییەش پەسەند بكات، یەكێتیی (ئەحمەد عەسكەری)ی بۆ شوێنی (خالید شوانی) كاندید كردبوو.
• پۆستی یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری چاكسازی یەكێك لەو پۆستە هەستیارانە بوو كە بزوتنەوەی گۆڕان بەگوێرەی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی دەیویست لە كابینەی نۆیەمدا وەریبگرێت، بەڵام ئەم پۆستە تائێستاش دروست نەكراوە.
هاوبەشەكانی حكومەت
كابینەی نۆیەم كابینەی سێقۆڵییە، پارتیو یەكێتییو بزوتنەوەی گۆڕان پێكەوە دروستیان كردووە، لە فەرهەنگی سیاسیدا بەم جۆرە لە حكومەت دەوترێت "ترۆیكا"، مەبەست لە "ترۆیكا" گالیسكەیەكە كە سێ ئەسپ پێكەوە رایبكێشن، سێ ئەسپەكەی كابینەی نۆیەم هەر لەسەرەتاوە ناكۆك بوون لەبارەی راكێشانی گالیسكەكەی حكومەت، یەكێتیی وەكو پێكهێنەرێكی سەرەكی حكومەت دوای پێكهێنانی حكومەت لە تەموزی 2019دا، كۆتاییەكانی 2019 یەكەم كۆنگرەی خۆی دوای مردنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری مێژوویی حزبەكە بەست، ئەم كۆنگرەیە ناوخۆی یەكێتیی توشی كێشمەكێش كرد، ئەمە كاریگەریی لەسەر دۆخی حكومەتیش هەبوو، دواترو لە 8ی تەموزی 2021دا ناكۆكییە ناوخۆییەكانی یەكێتیی تەقییەوەو ئەمەش شەپۆلێك لێكەوتی تری لەسەر كابینەی نۆیەمی حكومەت بە جێهێشت، بەتایبەتیش ئەو گۆڕانكارییانەی كە یەكێتیی بەنیاز بوو لە پۆستەكانیدا لە حكومەت بیكات، هەروەها وەستانەوە دژی ئەو سیاسەتە داراییو ئابورییەی كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت پەیڕەوی دەكرد.
یەكێتیی نەیتوانی گۆڕانكاریی لە پۆستەكانی حكومەتدا بەوشێوەیە بكات كە دەیویست، بەڵام دواجار لەوەدا سەركەوت كە مەسرور بارزانی ناچار بكات چاوخشاندنەوەیەك بە پرسی داراییدا بكات، چونكە بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی بۆ گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت كراوە، مەسرور بارزانی قایل بووە بەوەی پرسی كۆكردنەوەی داهاتو خەرجی بدرێتە دەست لیژنەی وزاریی، بەدیوەكەی تریشدا مەسرور بارزانی خۆی بە سەركەوتوو دەزانێت كە یەكێتی ناچاركرد رازی بێت بە كۆكردنەوەی سەرجەم داهاتەكان لە یەك خەزێنەدا كە ئەویش خەزێنەی حكومەتە.
بزوتنەوەی گۆڕانیش وەكو پێكهێنەری تری سەرەكی كابینەی نۆیەم، هەر لە سەرەتاوە بە دوودڵیی بەشداری حكومەتی كرد، بڕیاریدا بوو دوای شەش مانگ لەم بەشداریكردنە هەڵسەنگاندن بۆ رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی بكاتو لەسەر ئەو بنەمایە بڕیار لەسەر مانەوە یان كشانەوە لە حكومەت بدات، تیمی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت ئەم بابەتەی وەكو كارتی فشار لەسەر مەسرور بارزانی بەكارهێنا، چەندجارێك تیمی بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی لە حكومەت چونە ناو دانوستانەوە، بەهۆی ئەم دانوستانانەوە ژمارەیەك پۆستی بەڕێوەبەری گشتیو راوێژكاری لە دامەزراوەكانی هەرێم وەرگرتووە، سەرباری ناڕەزایەتییەكان، تیمی گۆڕان لە حكومەت لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا سەركەوتوو بوون لەوەی رێگری لە كشانەوەی بزوتنەوەكەیان بكەن، بەڵام بەشداری گۆڕان بەپێچەوانەی پێشبینییەكانی پارتییەوە هۆكار نەبوو بۆ ئەوەی ناڕەزایەتییەكان دژی كابینەی نۆیەم كەمتر ببنەوە.
بەگشتی كابینەی نۆیەم زیاتر لەوەی لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان لە ناكۆكیدا بێت، لەناو خۆیدا ناكۆكی زیاتر بووە، ئەمە ئەو بابەتەیە كە دەبوو مەسرور بارزانی وەكو خاوەن بڕوانامەیەكی باڵا لەبواری چارەسەری ناكۆكییەكان، چارەسەری بكردایە.