توركیا شەش مانگی تری بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی درێژكردەوە
2023-07-03 11:20:02
(درەو):
توركیا راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تا ساڵی داهاتوو درێژكردەوە.
رۆژی 3ی نیسانی ئەمساڵ، توركیا گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی راگرت، بڕیاربوو ئەم راگرتنە تاوەكو مانگی تەموزی ئێستا بەردەوام بێت، بەڵام ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی توركیا راگرتنی گەشتەكانیان بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی تاوەكو 3ی كانونی دووەمی ساڵی داهاتوو واتا بۆ ماوەی (6) مانگی تر، درێژكردەوە.
درێژكردنەوەی ماوەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی دوای سەردانەكەی ئەمدواییەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دێت بۆ ئەنكەرە.
دەسەڵاتدارانی توركیا دەڵێن راگرتنی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی بۆ دەربڕینی نیگەرانییە دژی زیادبوونی جموجوڵی پارتی كرێكارانی كوردستان لە سنوری پارێزگای سلێمانی.
رۆژی 7ی نیسانی رابردوو، دوای سێ رۆژ لە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی سلێمانی، فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی توركیا لەكاتی گەڕانەوەی مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات، موشەكێكی ئاڕاستەی ناوچەیەكی نزیك لە كارگۆی فڕۆكەخانەی سلێمانی كرد، هێرشەكە هیچ زیانێكی بەدواوە نەبوو، تەنیا بۆ گەیاندنی پەیامێك بوو لەبارەی ئەوەی توركیا ئاگاداری سەردانەكەی مەزڵوم كۆبانێیە بۆ سلێمانی.
فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا، ناو بەناو لە سنوری پارێزگای سلێمانی هێرش ئەنجام دەدەنو بەرپرسانی پارتی كرێكاران دەكەنە ئامانج.
لەدوای راگرتنی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی توركیای كردو بەرپرسانی ئەو وڵاتەی بینی، بەڵام وردەكاری گفتوگۆكانی تائێستا بە شاراوەیی ماوەتەوە، بەڵام دەركەوت سەردانەكەی كاریگەریی لەسەر دەسەڵاتدارانی توركیا نەبووە بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی.