Draw Media

پەرلەمانی كوردستان لە پێنج خولدا (565) بڕیار و (416) یاسای دەرچواندووە

پەرلەمانی كوردستان لە پێنج خولدا (565) بڕیار و (416) یاسای دەرچواندووە

2023-07-04 19:08:15



 
شیكاری: درەو

پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی پێنج خولی خۆیدا (565) بڕیار و (416) یاسای دەرچواندووە،  کە (304) یاسایان داڕشتن و (112) یان هەموارکردنی ئەو یاسانە بووە کەپێشتر دایڕشتوون. واتە لە (30) ساڵی ڕابردوودا بە تێکڕای ساڵانە (19) بڕیار و  (14) یاسا دەرچوێنردراوە.
# لە خولی یەکەمدا (359) بڕیار و (173) یاسا دەرچوێندراوە، کە (48) یاسایان هەمواری یاساکانی پێشوو بووە، ئەم خولە بەتێکڕای ساڵانەی تەمەنی خۆی (13) یاسای دەرچواندووە.
# لە خولی دووەمدا (50) بڕیار و (89) یاسا دەرچوێندراوە، کە (22) یاسایان هەمواری یاساکانی پێشوو بووە، بەتێکڕای ساڵانە لەم خولە (18) یاسا دەرچوێندراوە.
# لە خولی سێیەمدا (62) بڕیار و (75) یاسا دەرچوێندراوە، کە (18) یاسایان هەمواری یاساکانی پێشوو بووە، ئەم خولە بەتێکڕای ساڵانە (19) یاسای دەرچواندووە.
# لە خولی چوارەمدا (45) بڕیار و تەنها (33) یاسا دەرچوێندراوە، کە (12) یاسایان هەمواری یاساکانی پێشوو بووە، بەتێکڕای ساڵانە (6.5) یاسا دەرچوێندراوە.
# لە داواین خولی پەرلەماندا (49) بڕیار و (46) یاسا دەرچوێندراوە، کە (12) یاسایان هەمواری یاساکانی پێشوو بووە، بەتێکڕای ساڵانەی تەمەنی خولی پێنجەم (10) یاسا دەرچوێندراوە.

سەرەتا
بەشێوەیەکی گشتی ئەرکی سەرەکی دامەزراوەی پەرلەمان لە پاڵ ئەرکی چاودێری کردنی دامەزراوەکانی حکومەت، ئەرکی یاسادانانە، هەر بۆیە زۆرجار پەرلەمان بە دامەزراوەی یاسادانان ناو دەبرێت، لەم ڕاپۆتەدا پاڵپشت بە داتاکانی پەرلەمانی کوردستان ژمارە و ڕێژەی ئەو بڕیار و یاساییانە دەخەیەنەروو، کە پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی پێنج خولی خۆیدا لە ساڵی (1992 - 2023) دەریکردوون یاخود دەریچواندون. کە بە گشتی بریتین (565) بڕیار و (416) یاسای دەرچوێندراو،  کە (304) یاسایان داڕشتن و (112) یان هەموارکردنی ئەو یاسانە بووە کەپێشتر دایڕشتوون. واتە لە (30) ساڵی ڕابردوودا بە تێکڕای ساڵانە (19) بڕیار و (14) یاسا دەرچوێنردراوە.


خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان (19/5/1992 – 30/1/2005)
ئەگەرچی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان درێژترین خولی پەرلەمان بووە، بەهۆی ناسەقامگیری و  ململانێی سیاسی و شەڕی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان و ئەنجام نەدانی هەڵبژدنی گشتی، نزیکەی (13) ساڵ بەردەوام بوو، بەڵام لەڕووی دانانی یاساوە زۆرترین یاسای دەرچوواندووە، سەرەڕای شەڕی ناوخۆ هیچ ساڵێک لەم خولەدا تێنەپەڕیوە یاسای تێدا دەرنەچوێندرابێت، بۆ نمونە لە ساڵی 1992 (16) یاسا، 1993 (21) یاسا، 1994 (4) یاسا، 1995 (1) یاسا، 1996 (4) یاسا، 1997 (14) یاسا، 1998 (9) یاسا، 1999 (18) یاسا، 2000 (19) یاسا، 2001 (19) یاسا، 2002 (16) یاسا، 2003 (7) یاسا و 2004 (25) یاسای دەرچوواندووە.
واتە بە کۆی گشتی (173) یاسای دەرچواندووە کە (125)یان داڕشنی یاساو (48)یان هەمواری یاسا بووەو پێکەوە بە تێکڕا دەکاتە (13.3) یاسا بۆ هەر ساڵێک، ژمارەی ئەو بڕیارانەشی لەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دراوە بریتی بووە لە (359) بڕیار بە تێکڕای ساڵانەی (27.6) بڕیار.  (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)).

خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان (30/1/2005 25/7/2009)
ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان تەمەنی نزیکەی چوار ساڵ و نیو بووەو لە ماوەی تەمەنی خۆیدا (89) یاسای دەرچوواندووە کە (67)یان داڕشنی یاساو (22)یان هەمواری یاسا بووەو پێکەوە بە تێکڕای ساڵانە (17.8) یاسا دەرچوێندراوە، بە جۆرێک؛ ساڵی 2005 (2) یاسا، 2006 (20) یاسا، 2007 (39) یاسا، 2008 (18) یاسا و 2009 (10) یاسای دەرچواندووە. ژمارەی ئەو بڕیارانەشی لەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دەرکراوە بریتی بووە لە (50) بڕیار بە تێکڕای ساڵانەی (10) بڕیار.   (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)).
 

خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان (25/7/2009 – 21/9/2013)
خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لەماوەی چوار ساڵی تەمەنی خۆیدا بە چالاکترین خولی پەرلەمان دادەنرێت لە ڕووی ژمارەی دەرکردنی یاساوە، بە جۆرێک؛ ساڵی 2010 (17) یاسا، 2011 (22) یاسا، 2012 (17) یاسا و 2013 (19) یاسای دەرچوواندووە.
واتە بەکۆی گشتی (75) یاسای دەرچواندووە کە (57)یان داڕشنی یاساو (18)یان هەمواری یاسا بووەو پێکەوە بە تێکڕای ساڵانە (18.8) یاسا دەرچوێندراوە. ژمارەی ئەو بڕیارانەشی لەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دەرکراوە بریتی بووە لە (62) بڕیار بە تێکڕای ساڵانەی (15.5) بڕیار.  (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)).
 

خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان (21/9/2013 – 30/9/2018)
ئەگەرچی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بەهۆی کێشەی سەرۆکایەتی هەرێمەوە بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ دەرگای دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بە داخراوی مایەوە و بە شێوەیەک لە ساڵی (2016) و بۆ یەکەم جار لە مێژووی پەرلەمانی کوردستان هیچ یاسایەک دەر نەکرا، بەڵام ئەم خولەی پەرلەمان؛ ساڵی 2014 (9) یاسا، 2015 (9) یاسا، 2016 (0) یاسا، 2017 (4) یاسا و 2018 (11) یاسای دەرچوواندووە.
واتە بەکۆی گشتی (33) یاسای دەرچواندووە کە (21)یان داڕشنی یاساو (12)یان هەمواری یاسا بووەو پێکەوە بە تێکڕای ساڵانە (6.6) یاسا دەرچوێندراوە، ژمارەی ئەو بڕیارانەشی لەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دەرکراوە بریتی بووە لە (45) بڕیار بە تێکڕای ساڵانەی (9) بڕیار. (بڕوانە خشتەی ژمارە (4)).
 

خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان (30/9/2018 – 30/6/2023)
خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دوای چوار ساڵ و نیو لە تەمەنی خۆی (46) یاسای دەرچواندووە کە (34)یان داڕشنی یاساو (12)یان هەمواری یاسا بووەو پێکەوە بە تێکڕای ساڵانە (10.2) یاسا دەرچوێندراوە، بەجۆرێک؛ ساڵی 2019 (4) یاسا، 2020 (5) یاسا، 2021 (20)، 2022 (17) یاسای دەرچواندووەو شەش مانگی یەکەمی  2023 هیچ یاسایەکی دەرنەچواندووە.
ژمارەی ئەو بڕیارانەشی لەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دەرکراوە بریتی بووە لە (49) بڕیار بە تێکڕای ساڵانەی (10.9) بڕیار. (بڕوانە خشتەی ژمارە (5)).

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand