یاسای (نەوت) بۆ كوردو (لێبوردن) بۆ سوننە
2023-07-09 11:29:26
راپۆرت: درەو
ئەم مانگە بۆ پرۆسەی نەوتی هەرێمی كوردستان یەكلاكەرەوە دەبێت، یاسای بودجە تێپەڕی، ئیتر پەرلەمانی عێراق دەستی بەتاڵەو دەیەوێت ئەو یاسایانە تێپەڕێنێت كە شیعەكان لە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتدا بەڵێنیان بە كوردو سوننە داوە، ئەمڕۆ وەرزێكی یاسادانانی نوێ لە عێراق دەستیپێكرد، پێشبینی دەكرێت ئەم وەرزە یاساییە تینو تاوەكەی لە وەرزی هاوین گەرمتر بێت، بۆ كورد دەرچوونی (یاسای نەوتو غاز) گرەوە گەورەكەیە، بۆ سوننەكانیش دەرچوونی یاسای (لێبوردنی گشتی)، شیعەكانیش لەناو خۆیاندا لەبەردەم ئاڵنگاری یاسای دەزگا ئەمنیو هەواڵگرییەكاندا، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
وەرزێكی نوێ دەستیپێكرد
سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دەستپێكردنی وەرزێكی یاسادانانی نوێی راگەیاند، پێشبینی دەكرێت لەگەڵ گەرمای هاویندا، لەم وەرزەی یاساداناندا ناكۆكی لایەنەكانیش سەبارەت بە یاساكان گەرم ببێت، بەدیاریكراویش ناكۆكی لەبارەی یاسای نەوتو غازو یاسای دەزگا ئەمنییەكانو لێبوردنی گشتی.
فەرمانگەی میدیایی پەرلەمانی عێراق لە بەننامەیەكدا رایگەیاند" سەرۆكایەتی پەرلەمان دەستپێكردنی وەرزی دووەمی یاسادانان لە ساڵی دووەمی یاسادانان لە ئەمڕۆ 9/7/2023 رادەگەیەنێتو لیژنەكانی پەرلەمان كاری یاسادانانو چاودێری خۆیان لەمڕۆوە دەستپێدەكەنو یەكەم دانیشتنی پەرلەمانیش لە رۆژی 15/7/2023 بەڕێوەدەچێت".
بەگوێرەی دەستور، وەرزی نوێی یاسادانان لە پەرلەمانی عێراق ماوەی (4) مانگ دەخایەنێت، دیارترین ئەو یاسایانەی بڕیارە لەم وەرزەدا گفتوگۆیان لەسەر بكرێت بریتین لە:
• ئەو یاسایانەی كە پێشتر خوێندنەوەیان بۆ كراوە.
• ئەو یاسایانەی كە لەلایەن حكومەتەوە بۆ پەرلەمان دەنێردرێن.
• دیارترین ئەو یاسایانەی بڕیارە لەم وەرزەدا خوێندنەوەیان بۆ بكرێت بریتین لە یاساكانی (نەوتو غاز)و (دەزگا ئەمنییەكان)و (لێبوردنی گشتی).
كوردو یاسای نەوتو غاز
یاسای نەوتو غاز یەكێك لەو یاسایانەیە كە لەبەرنامەی كاری كابینەی محەمەد شیاع سودانیدا بەڵێن درابوو دوای (6) مانگ لە دەستبەكاربوونی حكومەت رەوانەی پەرلەمان بكرێت، بەڵام وادەكە تەواو بوو هێشتا یاسانە نەنێردراوە.
لە سەرەتای شوباتی ئەمساڵەوە، وەفدی حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵ لەبارەی ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای نەوتو غاز چونە ناو دانوستانەوە، بەڵام دانوستانەكان راوەستان.
لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لە ناوەڕاستی شوباتی 2022دا دژی هەرێمی كوردستانو هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوتو غازی هەرێم، حكومەتی هەرێم ئومێدی لەسەر دەرچوونی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ هەڵچنیوە، دەیەوێت لەم یاسایەدا چارەسەر بۆ بڕیاری دادگای فیدراڵی بدۆزێتەوە، بڕیارێك كە هەرێمی كوردستانی پابەند كردووە بەوەی نەوتو غازەكەی رادەستی حكومەتی فیدراڵ بكات.
محەمەد شیاع سودانی كاتێك لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستبەكاربوو، بڕیارەكەی دادگا دژی هەرێم دەرچوو بوو، بۆیە هەر لەسەرەتاوە ئەو وتی: من ناتوانم بڕیاری دادگای فیدراڵی رابگرم، باشترین چارەسەر بۆ ئەم بابەتە ئەوەیە یاسای نەوتو غازی فیدراڵ دەربچێت.
دەركردنی ئەم یاسایە یەكێك لە خاڵەكانی رێككەوتنی نێوان پارتیو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق.
یاسای نەوتو غازی فیدراڵ یەكێك لەو یاسا گرنگانەیە كە دەبوو دوای پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق لە ساڵی 2005دا، دەرچوێندرایە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی نێوان هەرێمو بەغداد لەبارەی چۆنیەتی دابەشبوونی دەسەڵات بەسەر كەرتی نەوتو غازدا، یاساكە پەسەند نەكرا.
لەدوای پەسەندكردنی دەستورەوە تائێستا دوو رەشنوسی یاسای نەوتو غاز ئامادە كراوە، یەكەمیان رەشنوسەكەی ساڵی 2007و دووەمیشیان رەشنوسی ساڵی 2011، هەردوو رەشنوسەكە پەكیان كەوتو لە پەرلەمان پەسەند نەكران.
دەرچوونی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ زیاتر لە عێراق بایەخی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، چونكە نەوتی هەرێمی كوردستان لەنێوان دوو شوباتدا، كەڤەری یاسایی خۆی لەدەستداوەو پێویستی بە كەڤەركردنێكی نوێ هەیە:
• 15ی شوباتی 2022 دادگای فیدراڵی عێراق یاسای نەوتو غازی هەرێمی كوردستان هەڵوەشاندەوەو هەرێمی پابەند كردووە بە رادەستكردنی نەوتو غاز بە حكومەتی فیدراڵ.
• 13ی شوباتی ئەمساڵ دادگای ناوبژیوانی پاریس بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكی عێراق دژی توركیا یەكلاكردەوە، بەپێی ئەو بڕیارە توركیا پابەندكراوە بەوەی بەبێ رەزامەندی حكومەتی فیدراڵی عێراق مافی ئەوەی نییە بۆری عێراق بۆ هەناردەی نەوتی كوردستان بەكاربهێنێت، سەرباری ئەمە بڕی (ملیارێكو 500 ملیۆن) دۆلار قەرەبووی بەسەر توركیادا سەپاندووە، بەهۆی ئەم بڕیارەوە لە بەرەبەیانی 25ی ئازاری ئەمساڵەوە توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی راگرتووە.
واتا لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوەش نەوتی هەرێمی كوردستان لەژێر فشارو بڕیاری دادگادایە، دەرچوونی یاسای نەوتو غاز رەنگە هەندێك لەم فشارانە كەمبكاتەوە.
بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لە دانوستانەكانی شوباتی ئەمساڵدا وەفدی وەزارەتی نەوتی عێراق زۆرینەی داواكارییەكانی وەفدی حكومەتی هەرێمی لەبارەی چۆنیەتی ئامادەكردنو رێككەوتنی لەسەر یاسای نەوتو غاز رەتكردوەتەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق دژی ئەوەیە حكومەتی هەرێم (نەوت بفرۆشێت، هێڵی بۆری نەوتو غازی تایبەت بەخۆی هەبێت، ئەنجومەنی نەوتو غازی هەبێت، یاسای نەوتو غازی هەرێم دوای هەڵوەشاندنەوەی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە جارێكی تر زیندوو بكرێتەوە)، ئەمانە وردەكاری گفتوگۆی نێوان وەفدی حكومەتی هەرێمو حكومەتی ناوەندن لەبارەی چۆنیەتی نوسینەوەی رەشنوسی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ، حكومەتی هەرێم لە (15) خاڵدا پێشنیازی خۆی لەبارەی یاساكە خستوەتەڕوو، حكومەتی ناوەند (10) خاڵی پێشنیازەكانی هەرێمی رەتكردوەتەوە كە دەكاتە (67%)ی پێشنیازەكان.
هەموو ئەمانە وادەكات پێشبین بكرێت لەم وەرزەدا پەرلەمانی عێراق نەتوانێت یاسای نەوتو غاز تێپەڕێنێتو جارێكی تر دوابكەوێت.
دەرچوونی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ ماوەی 18 ساڵ لە وادەی خۆی دواكەوتووە، ئەمە یەكێك لە بەهانەكانی هەرێمی كوردستان بوو بۆ دەركردنی یاسای نەوتو غاز لە ساڵی 2007دا، یاسایەك كە ئێستا بە بڕیاری دادگای فیدراڵی هەڵوەشاوەتەوە.
هەندێك لەوانەی لە نزیكەوە ئاگاداری دۆسیەی نەوتن دەڵێن، حكومەتی فیدراڵی عێراقو بەدیاریكراویش لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی وەكو لایەنی سەرەكی پێكهێنەری حكومەتو كوتلەی گەورەی پەرلەمان دەیانەوێت نەوتی هەرێمی كوردستان لەم دۆخەدا بهێڵنەوە، بۆیە بۆیان گرنگ نییە هەناردەی نەوت دەستپێ نەكاتەوەو یاسای نەوتو غازیش تێ نەپەڕێت.
بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو هێزی گەورەی كورد لە عێراق (لەڕووی ژمارەی پەرلەمانتارەوە)، لەحاڵی پەكخستنی یاسای نەوتو غازدا هیچ دەرفەتێكی لەبەردەمدا نامێنێت جگە لە كشانەوەی لە حكومەتی عێراق، بەتایبەتیش كە لە یاسای بودجەی فیدراڵدا، دەسەڵاتی فرۆشتنی نەوتو وەرگرتنەوەی داهاتەكەی لە حكومەتی هەرێم سەندراوەتەوەو خەرجی پێویستیش بۆ كۆمپانیا وەبەرهێنەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان تەرخان نەكراوە.
یاسای لێبوردنی گشتی
ئەگەر بۆ كورد دەركردنی (یاسای نەوتو غاز) مەرجی سەرەكی بەشداریكردن بێت لە حكومەتەكەی چوارچێوەی هەماهەنگیی، ئەوا بۆ سوننەكانیش دەركردنی یاسای (لێبوردنی گشتی) مەرجەو رێككەوتنی لەسەر كراوەو لەسەر ئەم بنەمایە محەمەد شیاع سودانی لە پۆستی سەرۆك وەزیران دەستبەكاربووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەناوەندی سیاسی عێراقەوە دزەیان كردوەتە دەرەوە، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییو گروپە چەكدارە هاوپەیمانەكانیان فشار لە سودانی دەكەن بۆ ئەوەی رێگری لە تێپەڕینی ئەم یاسایە بكات لە پەرلەمان.
لە ساڵانی رابردوودا هەزاران كەس لە عێراق دەستگیركراون، زۆرینەیان لەژێر ئەشكەنجەدا دانپێدانیان لێوەرگیراوە، ئەمانە لەلایەن كەسانێكەوە راپۆرتیان لێدراوە كە بە "هەواڵدەری نهێنی" ناودەبرێن، بەشی زۆری ئەم گیراوانە لە پێكهاتەی سوننەی عێراقن، لایەنە سونییەكان دەڵێن ئەمانە لەچوارچێوەی رقی شەخسیو پاكتاوی سیاسیدا لە دادگاكانەوە حوكمیان بۆ دەركراوە، بۆیە دەیانەوێت لەرێگەی یاسای لێبوردنی گشتییەوە ئەم گیراوانە ئازاد بكرێن.
خالید شوانی وەزیری دادی عێراق مانگی نیسانی رابردوو رایگەیاند، لیژنەیەك بۆ ئامادەكردنی یاسای لێبوردنی گشتی دروستكراوە، ئەمە لەسەر بنەمای رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی سودانی، كە یەكێك لە یەكێك لە بڕگەكانی دەركردنی یاسای لێبوردنە، بەڵام چەند رۆژێكە هێزە سیاسییەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی دەستیان بە قسەكردن كردووە دژی یاساكەو وەكو "خزمەتێك بە تیرۆرستان" ناوی یاساكە دەبەن، دژی ئەوەن لە پەرلەمان پەسەند بكرێت.
دوای ناكۆكییەكی سیاسی دورو درێژ، پەرلەمانی عێراق لە كۆتایی ئابی 2016دا یاسای لێبوردنی گشتی دەركرد، بەڵام ژمارەیەك لە كوتلەكانی پەرلەمان دەڵێن ئەو یاسایە لە ناوەڕۆكی خۆی بەتاڵكراوەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ژمارەیەك لە بەندەكانی ئەم یاسایە سڕدراونەتەوە بەتایبەتی بڕگەكانی تایبەت بە پێداچوونەوە بە دۆسیەی حوكمدراوانو دۆخی دادگایكردنیان.
هەمواری یەكەمی یاسای لێبوردنی گشتی لە سەرەتای تشرینی دووەمی 2017دا كرا، ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەیەك هێزی سیاسی (ئێستا ئەم هێزانە لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەدان) داوایەكیان پێشكەش كرد بۆ هەمواركردن، دیارترین هەموارەكانی یاساكەش بریتی بوون لە:
• ئەوانەی سوڵحیان لەگەڵ خاوەن مافە كەسییەكاندا كردووە، لێبوردن بیانگرێتەوە.
• ئەوانەی گەندەڵییان كردووە، ئەگەر ئەو پارانەی بردویانە بیگەڕێننەوە، لێبوردن بیانگرێتەوە.
• هەموو ئەوانەی لەدوای رۆژی 10ی حوزەیرانی 2014وە بەگوێرەی یاسای روبەڕووبونەوەی تیرۆر حوكمدراون، لێبوردن نەیانگرێتەوە (10 حوزەیرانی 2014 رێكەوتی ئەو رۆژەیە كە رێكخراوی داعش شاری موسڵی گرت).
• ئەوانەی تاوانی رفاندنو دەستدرێژییان كردووە، لێبوردنی گشتی نەیانگرێتەوە.
• ئەوانەی یەك لەسەر سێی حوكمەكەیان لە زیندان بەسەر بردووە، لێبوردن بیانگرێتەوە، بەڵام ئەو ماوەی حوكمەكەیان كە ماوە، بۆ هەر رۆژێك بڕی (50 هەزار) دیناریان لێ وەربگیرێت.
سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكان دەڵێن، رۆژی سێ شەممەی رابردوو هەمواركردنی یاسای لێبوردنی گشتی لە بەرنامەی كاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بووە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێتو رەوانەی پەرلەمان بكرێت بەمەبەستی پەسەندكردن، بەڵام بەهۆی فشاری لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران یاساكەی لە دانیشتنی حكومەت كێشاوەتەوە، بەتایبەتیش لە كۆبونەوەكەدا وەزیرەكانی سەربە چوارچێوەی هەماهەنگیی ناڕازیی بوون، بۆیە بڕیاری لەسەر نەدراوەو بۆ كاتێكی تر دواخراوە.
هەریەكە لە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانو خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانی سیادە وەكو دوان لە كارەكتەرە سیاسییەكانی پێكهاتەی سوننە، لە پشتەوە لە گفتوگۆدان لەگەڵ سودانیو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بەمەبەستی تێپەڕاندنی یاسای لێبوردنی گشتی، ئەمڕۆ حەلبوسی لەگەڵ سودانی كۆبووەوەو بەپێی زانیارییەكان سوننەكان خوازیارن لە كۆتایی ئەم مانگەدا یاساكە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت.
هاوشێوەی یاسای نەوتو غازی بۆ كورد، یاسای لێبوردنی گشتی بۆ سوننە مەرجی مانەوە یان كشانەوەیە لە حكومەتی چوارچێوەی هەماهەنگیی، لایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێران لە وەرزی یاسادانانی ئەمجارەدا ئیتر هیچ بەهانەیەكیان بەدەستەوە نەماوەو دەبێت وەڵامی ئەو بەڵێنانە بدەنەوە كە بۆ دروستكردنی حكومەتەكەیانو لەپێناو دورخستنەوەی سەدردا بە كوردو سوننەیان داوە، بەتایبەتیش كە یاسای بودجە تێپەڕیوە ئێستا ئیتر ئەولەویەتی پەرلەمان دەبێت ئەو یاسایانە بێت كە لە بەرنامەی حكومەتدا بەڵێنی دەركردنیان دراوە.
یاساكانی ئاسایشو هەواڵگری
شیعەكان لەناو خۆشیاندا ناكۆكییان هەیە، بەتایبەتی سەبارەت بە یاساكانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیو هەواڵگریی، پێشبینی دەكرێت لە وەرزی یاسادانانی نوێی پەرلەماندا ئەم یاسایانەش بخرێنەڕوو.
حكومەتی محەمەد شیاع سودانی لەژێر فشاردایە بۆ ئەوەی پۆستە ئەمنییە هەستیارەكانی دەوڵەت بدات بە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، بۆیە هەندێك لە چاودێران وا لێكدانەوەی بۆ دەكەن لە بنەڕەتەوە كێشە لەسەر ئەسڵی یاساكان نەبێت، بەڵكو بۆ دەستگرتن بێت بەسەر پۆستە ئەمنییەكاندا.
ئەمەش بابەتێكە كە وەكو بۆمبێكی تەوقیتكراوە لەنێوان لایەنە شیعەكان خۆیانداو لە هەر ساتێكدا ئەگەری تەقینەوەی هەیە.
چارەنوسی ئیدارەی دەوڵەت
ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت كە بە بەشداری لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەو كورد (پارتیو یەكێتیی)و لایەنەكانی سوننە (سیادەو عەزم)و چەند لایەنێكی تر پێكهێنراوە، لە یاسای بودجەدا درزێكی گەورەی تێكەوت، بەتایبەتیش لەلایەن پارتییەوە كە ناڕازییە لە دەستكاریكردنی رێككەوتنی هەرێمو بەغداد لەناو یاسای بودجەدا.
خولی یاسادانانی نوێی پەرلەمانی عێراق رەنگە درزی ناكۆكی نێوان لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت زیاتریش بكات، بەتایبەتی لەنێوان لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەلایەكو كوردو سوننە لە لایەكی تر، ئەمە سەرباری ئەگەری دروستبوونی ناكۆكی لەناو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی خۆشیاندا.
دوای ساڵێك پەككەوتنی پێكهێنانی حكومەت بەهۆی ململانێی ناوخۆیی شیعەكان (چوارچێوەی هەماهەنگیو موقتەدا سەدر)، ئەیلولی 2022 ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت بەبێ (سەدر) كابینەی نوێی حكومەتی لە عێراق دروستكرد، ئەمەش لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نوسراودا، بەڵام لەدوای یاسای بودجەوە ئیتر سەردەمی دەرچوون لە رێككەوتنەكان دەستی پێكردو ئێستا پرسیارو گومان لەبارەی ئایندەی ئەم ئیئتیلافە هەیە، ئایا وەرزی یاسادانانی نوێی عێراق كە لە ئەمڕۆوە دەستیپێكرد، سەردەكێشێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەی دەوڵەتو كشانەوەی كوردو سوننە لە حكومەت ؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردنی لایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێران لەگەڵ خواستنەكانی ئەمە دوو پێكهاتەیەدا راوەستاوە.