Draw Media

لە كۆبوونەوەكەی یەكێتی و پارتی چی روویدا؟

لە كۆبوونەوەكەی یەكێتی و پارتی چی روویدا؟

2023-07-09 14:31:37



درەو:
كۆبوونەوەكە بەبێ ئەنجام كۆتایی هات، پیشاندانی لیدوانێك كێرڤی توڕەیی بافڵ تاڵەبانی بەرز دەكاتەوە" یەكێتی ئێستا یەكێتیەكەی جاران نیە، هاوسەرۆكێكی لێجیابووەتەوە" بەبێ خواحافیزی بافڵ تاڵەبانی كۆبوونەوەكەی بەجێهێشت و وتی "یەكێتی هێزە".
بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كاتی نمایشی هێزەكانی دژە تیرۆر كە دوێنێ 8ی تەمووز لە فڕۆكەخانەی عەربەت بەرێوەچوو رایگەیاندبوو" سبەینێ لەگەڵ پارتی رێكدەكەوین".
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) یەكێتی دەیویست لەگەڵ پارتی لەسەر دوو فایل رێكبكەوێت ئەوانیش:
•    فایلی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان (بەیەك لیست لەگەڵ پارتی بەشداری بكەن)
•    پرسی بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
(درەو) زانیویەتی لە كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی لەسەر ئەو دوو پرسە نەگەیشتوونەتە هیچ رێكەوتنێك، یەكێتی گلەیی كردووە لە قسەی چەند رۆژی رابردووی مەسرور بارزانی و كەمال كەركوكی كە یەكێتیان بە خیانەتی (16) ئۆكتۆبەر تۆمەتبار كردبوو، كەمال كەركوكیش بەروونی  رایاگەیاند" لەگەڵ خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ناكەن" ئەم قسانە یەكێتیان توڕە كردبوو.
یەكێتی لە ئێستادا دەیەوێت بەیەك لیست لەگەڵ پارتی بەشدار بێت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، چونكە نایەوێت لاهور شێخ جەنگی لیستی بۆ هەڵبژاردن لە كەركوك هەبێت و كاریگەری لەسەر كورسیەكانی یەكێتی بكات.
لاهور شێخ جەنگی لە چەند رۆژی رابردوودا پرۆژەیەكی ئاراستەی حزبە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان كردووە بەمەبەستی پێكەوە بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەحاڵەتی بەدەمە نەهاتنیشدا لاهور شێخ جەنگی بەناوی "لیستی گەل"ەوە بەشدار دەبێت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك.
سەرەڕای ئەوەی كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی هیچ ئەنجامێكی نەبوو، بەڵام لەكاتی خواردنی نانی نیوەڕۆی هەردوو وەفدی پارتی و یەكێتی لە پیرمام، یەكێك لە سكرتێرەكانی بافڵ تاڵەبانی بە ئایپادێك قسەی سالار عوسمان ئەندامی سەركردایەتی پارتی دەخاتە بەردەم بافڵ تاڵەبانی، بافڵ تاڵەبانی هێندەی تر توڕە دەبێت.
 سالار عوسمان ئەندامی سەركردایەتی پارتی لە كاتی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی لە چاوپێكەوتنێكی روداودا رایگەیاند: یەكێتی ئەمڕۆ یەكێتی دوێنێ نیە، بەشێكی زۆری یەكێتی جیابووەتەوە، دوای كۆنگرە دوچاری گرفت بوون و یەكێك لە هاوسەرۆكەكانی یەكێتی جیابووەتەوە.
بافڵ تاڵەبانی بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام جێدەهێڵێت و لەبەردەم مایكی رۆژنامەنووساندا بەتوڕەییەوە رایگەیاند: یەكێتی وا بەبێ دەنگی نامێنێتەوەو هەر شتێك رووبدات لەمڕۆوە وەكو خۆی وەڵام دەدرێتەوە، یەكێتی مێژووە یەكێتی هێزە، دواتریش لە فڕۆكەخانەی هەولێر رایگەیاند: لەسەر هیچ شتێك رێكنەكەوتین، تەنیا لەسەر ئەوە رێككەوتین كە بەلاغمان نەبێت.
دواتر فازڵ میرانی بەپرسی دەستەی كارگێری پارتی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: برادەرێكی ئێمە قسەیەكی كردووە و یەكێتیش پێی خۆش نەبووە، نەمانگوتووە یەكێتی هێز نییە، ئەو قسەیە قسەی فەرمیی پارتی نییە، هیچكات مامەڵەمان بە هێز نەكردووە، سیاسەت دەرگای داخراو نییە.
كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردسان و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ تەواوكردنی كۆبوونەوەكەی پێش جەژنی نێوان هەردوولا بوو كە لەو كۆبوونەوەیەشدا نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێك.
لە ئێستادا پارتی و یەكێتی لەسەر چەندین دۆسیەی جیاواز ناكۆكن، سەرباری گەڕانەوەی تیمی یەكێتی بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام گفتوگۆكانی یاسای بودجەی عێراق و چەسپاندنی بڕگەی "پارێزگای ناڕازی" لە یاسای بودجەدا لەلایەن یەكێتیەوە، پارتی دیموكراتی كوردستانی توڕەكردوو یەكێتی بە جیاكردنەوەی پارێزگای سلێمانی تۆمەتباركرد.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand