Draw Media

حكومەت پێشینە لە مردووانیش وەردەگرێتەوە

حكومەت پێشینە لە مردووانیش وەردەگرێتەوە

2023-07-04 08:14:23


درەو:
حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە لەماوەی دوو مانگدا پێشینەی خانوبەرە لە هاوڵاتیان وەربگرێتەوە، ئەگەر لەماوەی ئەو دوو مانگەدا نەیگەڕێننەوە ئەوا لە موچەی كەفیلەكانیان دەبڕدرێت، تا ئێستا زیاتر لە (2) ترلیۆن دیناری پێشینەكانی ( نیشتەجێبوون، خانووبەرە، هاوسەرگیری، كشتوكاڵ، پیشەسازی...) لای هاوڵاتیان ماوەو حكومەت دەیەوێت تا 19ی ئاب وەری بگرێتەوە.
هاوڵاتییەك كە دانیشتووی یەكێك لە گوندەكانی دەشتی هەولێرەو نەیویست ناوی بهێندرێت بە (درەو)ی راگەیاند: من كەفیلی هاوڵاتیەكی گوندنشینم لە ساڵی 2013 بڕی (20) ملیۆن دینار پێشینەی خانوبەرەی لە بانكی بنە سڵاوە وەرگرتووەو لە 2018 ئەو هاوڵاتیە كۆچی دوایی كردووەو خێزانەكەشی لە ژیاندا نەماوە، ئەو كات من كەفیلی ئەو هاوڵاتییە بووم، ئێستا كە سەردانی بانكم كردووە دەڵێن دەبێت ئەو پارەیە تۆ بیدەیتەوە، لێخۆش بوون نیە بۆ كەسێك مردبێت دەبێت كەفیلەكەی بیداتەوە، منیش فەرمانبەرم و ناتوانم ئەو بڕە پارەیە بگەڕێنمەوە، بڕوا بكەن ئەو خانووەی كە پێشنینەكەی بۆ وەرگیراوە، ئێستا (20 بۆ 25) وەرەقە دەكات، لەكاتێكدا دەبێت بڕی (20) ملیۆن دیناری بۆ بدرێتەوە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 19ی حوزەیران بۆ 19ی ئابی دیاریكردووە بۆ گەڕانەوەی پێشینەكان لای هاوڵاتیان، ئەگەر نەیگەڕێننەوە لە موچەی كەفیلەكانیان دەبڕێت بەڕێژەی یەك لەسەر پێنج، واتا ئەگەر موچەی كەفیلەكەی (500) هەزار دینار بێت (100) هەزار دیناری لێدەبڕدرێت.
 بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، حكومەتی هەرێم لە رێگەی بانكەكانەوە بەسەرجەم قەرزو پێشینەی (خانوبەرە، هاوسەرگیری، كشتوكاڵ، پیشەسازی، قەرزی بچوك...) زیاتر لە (4) ترلیۆن دیناری داوە بە (230) هەزار هاوڵاتی، تا ئێستا نزیكەی (2) ترلیۆن دینار گەڕاوەتەوە بە رێژەی (50%) و (2) ترلیۆن دیناری نەگەڕاوەتەوە بەڕێژەی (50%).
 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand