وەفدی وەزارەتی دارایی دەچێتە بەغداد
2023-07-03 11:36:44
درەو:
بڕیارە وەفدێكی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بچێتە بەغداد، لەبارەی چۆنیەتی ناردنی پشكی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراق و پاكتاوی شەش مانگی رابردووی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق گفتوگۆ بكەن.
• شاییستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ موچە مانگانە نزیكەی (906) ملیار دینار و ساڵانە (5 ترلیۆن و 436ملیار) دینارە، ئەمە سەرەڕای بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان و خەرجیەكانی دیكە.
• پاكتاوی دارایی سەر هەرێمی كوردستانیش بۆ شەش مانگی رابردوو تایبەتە بە ( نەوتی سێ مانگی 2023، 50%ی داهاتی خاڵە سنورییەكان، قەرزی بانكی بازرگانی ، قەرزی 400 ملیار دینارەكە) بگەڕێنێتەوە، كە بۆ ئەو شەش مانگە دەكاتە نزیكەی (5 ترلیۆن و 406 ملیار) دینار.
یاسای بودجە دوای ئەوەی لە رۆژنامەی (وەقائیع)دا بڵاوكرایەوە چووە بواری جێبەجێكردنەوە، لەبەر ئەوەی یاسای بودجە (اثر رجعی) هەیە بۆیە لە 1/1/2023ەوە ئەژمار دەكرێت، بۆ هەرێمی كوردستانیش پێویستی بە پاكتاو هەیە، وەفدەكەی وەزارەتی دارایی كە زیاتر تەكنیكی و ژمێریارییەو پێش پشووەكانی جەژنی قوربانیش سەردانی بەغدادیان كردووە، بەمەبەستی ووردەكاری جێبەجێكردنی یاسای بودجەو پشكی هەرێم و پاكتاوی شەش مانگی رابردووە.
كورد لە بودجە
دواجار، یاسای بودجەی 2023ی عێراق لە پەرلەمان پەسەند كراو لە رۆژنامەی وەقائیعدا بڵاوكراوەیەوەو، راستەوەخۆ چووە بواری جێبەجێكردنەوە.
ماددەكانی (11، 12، 13)ی بودجە تایبەتن بە هەرێمی كوردستانەوە، ئەمە سەرباری چەندین بڕگەی تر كە لەناو بودجەكەدا هەرێم دەگرێتەوە.
بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە:
• لە ئەگەری خەرجكردنی رێژەی 100%ی شایستە داراییەكانی هەرێمدا وەكو ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، بۆ ساڵی 2023 تێكڕای شایستەی هەرێمی كوردستان لەناو بودجەدا بریتی دەبێت لەبڕی (18 ترلیۆنو 310 ملیار) دینار، واتا مانگانە بڕی (ترلیۆنێكو 526 ملیار) دینار.
• لەبەرامبەر وەرگرتنی ئەم شایستە داراییەدا، هەرێمی كوردستانیش پابەندی دارایی دەكەوێتە سەر شانو دەبێت بەپێی یاسای بودجە بۆ بەغدادی بگەڕێنێتەوە، تێكڕای ئەو پابەندییە داراییەی كە بۆ ساڵێك دەكەوێتە سەر شانی حكومەتی هەرێم بڕەكەی (14 ترلیۆنو 520 ملیار) دینارە، واتا بۆ هەر مانگێك بڕی (ترلیۆنێكو 210 ملیار) دینار.
واتا بەگوێرەی ئەم هاوكێشەیە، هەرێم مانگانە بڕی (ترلیۆنێكو 526 ملیار) دینار لە بەغداد وەردەگرێتو لەبەرامبەردا بڕی (ترلیۆنێكو 210 ملیار) دینار بۆ بەغداد دەگەڕێنێتەوە، لەم جیاوازییەدا بڕی (310) ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە.
بەگوێرەی حیساباتێك كە (ئامانج رەحیم) سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كردویەتی، تێكڕای شایستە داراییەكانی هەرێم:
یەكەم: قەرەبووی فەرمانبەران
بە تێكڕا موچەی فەرمانبەران ، خانەنشینان و پێشمەرگە بۆ ساڵی 2023 بڕەكەی دەكاتە (10 ترلیۆن و 876 ملیار) دینار، واتا بۆ هەر مانگێك بڕی (906) ملیار دینار.
موچە لەناو بوجەدا
تەرخانكراوی موچە یەكێك لە پایە گرنگەكانی پشكی هەرێمی كوردستانە لەناو بودجەی فیدراڵی عێراقدا، سێ جۆر تەرخانكراوی موچە لە ناو بودجەدا بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە كە ئەمانەن:
• بڕی (9 ترلیۆنو 300 ملیار) دیناری خەرجی رەوەن (النفقات الجاریە) بۆ موچەی (681 هەزارو 979) فەرمانبەری هەرێم تەرخانكراوە، ئەم بڕە پارەیە بۆ هەر مانگێك دەكاتە (775) ملیار دینار.
• بڕی (ترلیۆنێكو 346 ملیار) دینار بۆ خەرجی موچەی خانەنشینی واتا مانگانە بڕی (112) ملیار دینار.
• بڕی (228 ملیارو 304 ملیۆن) دینار بۆ یەك ساڵی خەرجی موچەی پێشمەرگە واتا مانگانە بڕی (19 ملیار) دینار.
بەپێی ئەم هاوكێشەیە، بە تێكڕا هەرێم مانگانە تەنیا بۆ موچە بڕی (906 ملیار) دیناری لە بودجەی گشتی عێراق بەردەكەوێت، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی دواین مانگ، تێكڕای خەرجی مانگانەی موچە لە هەرێمی كوردستان بڕەكەی (912 ملیار) دینارە.
بە لێدەركردنی ئەو بڕە پارەی كە مانگانە لە بودجەی عێراق بۆ موچەی هەرێم تەرخان دەكرێت (واتا 906 ملیار دینار) لەگەڵ خەرجی راستەقینەی موچە لە هەرێم (واتا 912 ملیار)، دەردەكەوێت لەدوای جێبەجێكردنی یاسای بودجە، مانگانە حكومەتی هەرێم بڕی (6 ملیار) دینار كورتهێنانی لە دابینكردنی خەرجی موچەدا دەبێت.
كورتهێنانی خەرجی موچە چۆن پڕدەكرێتەوە ؟
بەپێی یاسای بودجەی 2023ی عێراق، هەرێمی كوردستان مانگانە دەبێت رێژەی (50%)ی داهاتی دەروازە سنورییەكان بگەڕێنێتەوە بۆ بەغداد، تێكڕای داهاتی دەروازە سنورییەكانی هەرێم لە بودجەدا بۆ ماوەی ساڵێك بەبڕی (ترلیۆنێكو 560 ملیار) دینار دیاریكراوە، واتا هەر مانگێك (130) ملیار دینار وەكو داهاتی دەروازە سنورییەكان دیاریكراوە، ئەم داهاتە بەشێوەی مەقاصە (50%) دەگەڕێتەوە بۆ عێراقو (50%)ی تری بۆ حكومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە كە مانگانە بڕەكەی (65 ملیار) دینارە.
سەرباری 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكان، لەدوای پەسەندكردنی بودجەوە حكومەتی هەرێم چەند داهاتێكی تریشی هەر لەبەردەستدا دەمێنێت، لەوانە:
• بڕی (30) ملیار دیناری مانگانەی یارمەتی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە.
• داهاتی تری ناوخۆیی لە باجو رسومات (جگە لە فەرمانگە فیدراڵییەكان) كە مانگانە بە زیاتر لە (100 ملیار) دینار دەخەمڵێندرێت، واتا ئەگەر حكومەتی هەرێم مانگانە بە تەواوەتیش پابەندییە داراییەكانی خۆی بەرامبەر بە بەغدا جێبەجێ بكات، هێشتا نزیكەی (200 ملیار) دینار داهات لە ناوخۆدا كۆدەكاتەوە، ئەم بڕە پارەیەش دەتوانێت بێ كێشە (6 ملیار) دینارەكەی كورتهێنانی خەرجی موچە پڕبكاتەوە.
پاكتاوی شەش مانگی رابردوو
بەپێی یاسای بودجە، یاساكە لە رۆژی 1/1/2023 دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە نەك لەو رۆژەی كە لە رۆژنامەی "وەقایع"ی عێراقی بڵاو دەكرێتەوە، ئەمە بەواتای ئەوە دێت یاسای بودجە (اثر رجعی) تێدایە، واتا شایستەو پایەندی شەش مانگی رابردووی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان لەخۆدەگرێت.
شایستەو پابەندی هەرێم لە یاسای بودجە بۆ (6) مانگی ئەمساڵ چۆن پاكتاو دەكرێت ؟
پاكتاوی (6) مانگی ئەمساڵ لەرێگەی هاوكێشەی (شایستەی موچەی هەرێم – پابەندییەكانی سەر شانی هەرێم) دەردەهێنرێت، با ئەم هاوكێشەیە بكەین بە ژمارە:
• تێكڕای شایستەی موچە هەرێم لە ناو بودجە مانگانە بڕەكەی (906) ملیار دینارە، بڕی ئەم پارەیە بۆ ماوەی (6) مانگ دەكاتە (5 ترلیۆنو 436 ملیار) دینار.
• تێكڕای پابەندییە داراییەكانی (6) مانگی رابردووی سەر شانی هەرێم كە دەبێت بۆ بەغدادی بگەڕێنێتەوە، بریتییە لەمانە:
- بەهۆی پەسەندنەكردنی بودجەوە، لە (6) مانگی رابردوودا هەرێم بڕی (ترلیۆنێك و 600 ملیار) دینار وەكو قەرز لە بەغدادەوە وەرگرتووەو بەڵێنیداوە دوای پەسەندكردنی بودجە بیگەڕێنێتەوە
- قەرزی بانكی بازرگانی عێراق (TBI) كە مانگانە بڕەگەی (53 ملیارو 700 ملیۆن) دینارەو بۆ شەش مانگ تێكڕای ئەم پارەیە دەكاتە (322 ملیارو 200 ملیۆن) دینار.
- داهاتی بەدەستهاتووی نەوتی هەرێم لە 1/1/2023 بۆ 25/3/2023 كە بڕەكەی مانگانە (ترلیۆنێكو 92 ملیار) دینارە بۆ ئەو سێ مانگە (جگە لە پێنج رۆژی مانگی ئازار) بە تێكڕا دەكاتە (3 ترلیۆنو 94 ملیار) دینار.
- كۆی گشتی داهاتی خاڵە سنورییەكان كە مانگانە (130) ملیار دینار دیاریكراوە، رێژەی (50%)ی ئەم داهاتە بۆ بەغداد دەگەڕێتەوە كە مانگانە بڕەكەی (65 ملیار) دینارە، كۆی شەش مانگی رێژەی 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكان دەكاتە (390 ملیار) دینار.
بە كۆكردنەوەی ئەم ژمارانەی سەرەوە، تێكڕای ئەو پابەندییە داراییانە دەردەكەوێت كە لەناوەی 6 مانگی رابردوودا دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی هەرێمو دەبێت بۆ بەغدادی بگەڕێنێتەوە، بڕەكەی (5 ترلیۆنو 406 ملیار) دینارە.
پاكتاوی 6ی مانگی رابردوو لەنێوان هەولێرو بەغداد بەپێی یاسای بودجە، لەم هاوكێشەیەدا دەردەهێنرێت:
شایستەی موچەی هەرێم - پابەندییەكانی هەرێم= پوختەی پاكتاوكراو
5 ترلیۆن و 436 ملیار- 5 ترلیۆنو 406 ملیار دینار = 30 ملیار دینار
واتا لەم پاكتاوەدا دەبێت حكومەتی فیدراڵ بڕی (30 ملیار) دینار بۆ حكومەتی هەرێم بگەڕێنێتەوە.
پارەی نەوتی هەرێم لە كوێ دادەنرێت ؟
بەرەبەیانی 25ی ئازاری رابردوو، توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان راگرت، ئەمەش وەكو وڵامدانەوەو كاردانەوەیەك بۆ بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس لەسەر سكاڵای عێراق.
لەدوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە، حكومەتی هەرێم هیچ چارەیەكی تری لەبەردەمدا نەما جگە لەوەی هەناردەی نەوت رادەستی كۆمپانیای وەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بكات، ئەمەش لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەنێوان هەولێرو بەغداد.
بڕگەی یەكەم لە ماددەی (13)ی بودجەی پەسەندكراوی عێراق دەڵێ:
• تێكڕای داهاتی نەوتی هەناردەكراو و فرۆشراو لە ناوخۆدا، لەو كێڵگانەی كە دەكەونە هەرێمی كوردستانەوە، لە حساب بانكییەكدا دادەنرێت كە وەزارەتی دارایی فیدراڵ لای بانكی ناوەندیی عێراق دەیكاتەوەو هەموو ئەو داهاتانەی تێدا دادەنێت كە لە هەناردەو فرۆشی نەوتی خاوو بەرهەمەكانییەوە بەدەستدەهێنرێن، بەبێ هیچ لێبڕینێك. هەموو حساب بانكییە هاوشێوەكان دادەخرێن.
بەگوێرەی ئەم بڕگەی بودجە، سەرلەبەری رێككەوتنی پێشووی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ هەڵوەشێندراوەتەوەو لەمەودوا تێكڕای داهاتی نەوتی هەرێم كە بە دۆلار دەگەڕێتەوە، دەچێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراقو وەزارەتی دارایی بە دیناری عێراقی شایستە داراییەكانی هەرێم دەنێرێت.
هەرچی هەژماری بانكیی دووەمە كە لە مادەی 13دا هاتووە، ئەمەیان تایبەتە بە دانانی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای بودجە كە ئەم هەژمارەیان بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بانكێكی باوەڕپێكراوی نێوخۆیی سەر بە بانكی ناوەندیی عێراق دەكرێتەوەو دەسەڵاتی خەرجكردن لەم هەژمارە بانكییە بۆ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان یان ئەوەی كە ئەو تەخویلی دەكات كە لەم حسابەوە پێویستە وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە حكومەتی هەرێمی كوردستان تەمویل بكات، بەڵام ئیداعی پارە لەم هەژمارە وابەستەیە بە حسابی یەكەم كە حسابی داهاتی 400 هەزار بەرمیل نەوتەكەیە كە ئەگەر هەژماری بانكیی یەكەم كە بەناوی وەزارەتی دارایی عێراقە، پارەی تێنەچێت و ئیلتیزامی 400 هەزار بەرمیلەكە جێبەجێ نەكرێت، ئەوا هیچ پارەیەك نایەتە هەژماری دووەم.