ژن و مێردێك لەناو پەرلەمانی نوێی عێراقدا
2018-05-22 19:31:41
(درەو میدیا):
لە خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا ژن و مێردێك لە تەنیشت یەكترییەوە دادەنیشن.
یەكێك لە دیاردە ناباوەكانی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار، دەرچونی ژن و مێردێكە كە هەردووكیان لەسەر یەك لیست و لە دوو پارێزگای جیاواز خۆیان كاندیدكردبوو.
پیاوەكە ناوی (حسێن زوهیری)یە كاندیدی ژمارە یەكە لەسەر لیستی فەتحی هادی عامری كە لە پارێزگای دیالە خۆی كاندیدكرد و سەركەوت بۆ پەرلەمان، هاوسەرەكەشی ناوی (ئیمان رەشید عوبێدی)یە كاندیدی ژمارە 20 لەسەر هەمان لیست لە پارێزگای بەغداد سەركەوت بۆ پەرلەمان.
هەواڵی سەركەوتنی ئەو دوو هاوسەرە بۆ پەرلەمان، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی عێراق چەندین كۆمێنتی گاڵتەئامێزی لەسەر نوسراوە، بەتایبەتی لەبارەی پەیوەندی خێزانی ئەو ژن و پیاوە و كاریگەریی لەسەر كارەكانیان لە پەرلەمان.
كەسێك لەسەر وێنەی ئەو ژن و پیاوە نوسیویەتی" ئەگەر پیاوەكە لە ماڵەوە هاوسەرەكەی بێزار بكات، هاوسەرەكەی لە پەرلەمان لێپرسینەوەی لێدەكات".
ساڵی 2011 حاڵەتێكی لەمشێوەیە لە میسر تۆماركراو بۆیەكەمجار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا ژن و پیاوێك پێكەوە گەیشتنە پەرلەمان.