Draw Media

گۆڤارێكی ئەمریكی ناوی كاندیدەكانی پۆستی سەرۆك وەزیران ئاشكرادەكات

گۆڤارێكی ئەمریكی ناوی كاندیدەكانی پۆستی سەرۆك وەزیران ئاشكرادەكات

2018-05-20 19:15:33


(درەو میدیا):
وەرگێرانی: فازل حەمەڕەفعەت
گۆڤاری (فۆرین پۆلیسی) راپۆرتێكی لەبارەی ناوی (10) كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق بڵاوكردەوە. گۆڤارە ئەمریكییەكە بەمشێوەیە كاندیدەكانی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق پۆلێن دەكات:
یەكەم: حەیدەر عەبادی
هێشتا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران لە ریزی پێشەوەی ئەو كەسانەیە كە دەیەوێت پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێتەوە سەرباری ئەوەی ئەو هاوپەیمانێتییەی كە ئەو سەرۆكایەتی دەكات لە پلەی سێیەمدایە لە هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایاردا، ئەو لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا متمانەی ناوخۆ و دەرەوەشی بۆ خۆی كێش كرد لەوانە سعودیە و توركیا، لەمەش گرنگتر ئەوە بوو توانی ئاڵۆزییە تائیفییەكان ئارام بكاتەوە، لیستی (سائرون) كە سەربە  موقتەدا سەدرە ئاماژەی بەوەكرد كە ئامادەیە پشتیوانی عەبادی بكات بۆ خولی دووەم، بەتایبەتی ئەگەر ئەو بەو هەنگاوە بتوانێت "رێگری لە هەر كەسێك بكات لە لیستەكەی هادی عامری لە گەیشتن بە دەسەڵات". 
سەرباری ئەوەی ئەو كەسێكی گەندەڵ نییە‌و نیازەكانی باشن، بەڵام هێشتا عەبادی كەسێكی لاوازە و گەندەڵی ئەوانی تر جڵەو بكات.
كەسێكی شارەزای عێراقی لەبارەی عەبادییەوە وتی" ئەو تەنیا بەڵێن دەدات، هەروەها وەكو ئەندامێكی حزبی دەعوەش بەردەوامە لەسەر زۆرێك لە هەڵسوكەوتەكانی مالیكی، عەبادی دەرفەتی خۆی وەرگرت و شكستیهێنا لە روبەڕوبونەوەی گەندەڵی، هەروەك ئەنجامی هەڵبژاردنی لیستەكەشی یارمەتی نادات بۆ ئەوەی بۆ خولی دووەم ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران".

دووەم: عەلی دەوای لازم
تەمەنی (53) ساڵە، لە 2009 وە پارێزگاری میسانە، دەوترێت ئەم پیاوە بژاردەی لیستەكەی سەدرە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كە (54) كورسی بەدەستێهناوە و گەورەترین كوتلەی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایارە.
پسپۆڕێكی عێراقی دەڵێ" كاتێك پشتیوانی لیستی براوە و موقتەدا سەدریشی هەبێت، ئەوە تایبەتمەندییەكی ترە بۆ ئەو".
ساڵی 2014 عەلی دەوای كاندیدی رەوتی سەدر بوو بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، وەكو كەسێكی راستەخۆ لە كارەكەی تەماشا دەكرێت و كەسێكە كە خاوەنی پێگەی جەماوەرییە، ئەو بەدلەی كاركردن لەبەردەكات و دەچێتە سەر شەقامەكان و لە پارێزگای میسان یارمەتی كرێكاران دەكات لەكاتی كاركردنیاندا، دەستكەوتەكانی وەكو پارێزگاری میسان وایلێكردووە ببێت بە كەسایەتییەكی نیشتیمانی و میللی، بەڵام سەرباری ئەمە هەندێك كەس دەڵێن ئەو تایبەتمەندی پێویستی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە تێدا نییە، یەكێك لە شیكەرەوە عێراقییەكان دەپرسێت" چۆن باوەڕ بەوە بكرێت پارێزگارێك كە كاتی خۆی بە پاككردنەوەی شەقامەكانەوە بەسەر بەرێت، ئەگەر ئەو كەسێكی بەتوانا بوایە كاتی خۆی بە نەخشەكێشانی سیاسەتی گشتییەوە وەكو پارێزگار بەسەر دەبرد و كاری پاككردنەوەی شەقامەكانی بۆ كەسانی تر بەجێدەهێشت".

سێیەم: هادی عامری
تەمەنی (63) ساڵە و خەڵكی دیالەیە، كوتلەكەی پلەی دووەمی بەدەستهێنا، شارەزایان دەڵێن دەرفەتی هەیە ببێت بە سەرۆك وەزیران، بەڵام وای بەباش دەزانێت ئێستاجارێ‌ لە پشت پەردە بمێنێتەوە و دەرفەت بە یەكێك لە شوێنكەوتووەكانی بدات.
شارەزایەكی عێراقی وتی" عامری كەسێكە كە بنكەیەكی جەماوەری بەرفراوانی هەیە و چانسی گەورەی هەیە"، بەڵام سەرباری ئەمە سەدرییەكان گومانیان هەیە لە خۆی و هەر كەسێك لە شوێنكەوتووەكان كە ببن بە سەرۆك وەزیران، هەروەها سەرباری هێواشكردنەوەی هەڕەشەكانی لەبەرامبەر ئەمریكا، بەڵام دنیابینییەكانی وا لە واشنتۆن دەكات دوودڵ بێت لێی.

چوارەم: عەلی عەلاوی
تەمەنی (70) ساڵە و خەڵكی بەغدادە، ماوەی چەندین ساڵ وەكو وەزیری بەرگری و دارایی و بازرگانی خزمەتی كردووە، بەردەوام ناوی دەهێنرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، ئەو بەو بڕوانامەیەی كە لە زانكۆی هارڤارد و پەیمانگەی ماساچۆستس بۆ تەكنەلۆژیا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وەریگرتووە لە هەموو كاندیدەكانی تر بە باشتر دەزانرێت.
یەكێك لە شیكەرەوەكان دەڵێ" عەلاوی پیاوێكی زۆر باشە، ئەكرێت لەحاڵەتی پێویستبوندا بە كاندیدی تەوافوقی پەنای بۆ ببرێت" سەرباری ئەوەی ئەو تاڕادەیە دورە لە سیاسەتەوە، بەڵام بەمدواییە بینرا كە لە لایەنگرانی حزبی دەعوە نزیك دەبێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بنكەی جەماوەری و شارەزایی سیاسی نییە و ئەوەش وادەكات دەرفەتی هەڵبژاردنی لاواز بێت".

پێنجەم: نوری مالیكی
تەمەنی (67) ساڵە ، سەرەڕمی حزبی دەعوەیە و لە 2006 وە بۆ 2014 سەرۆك وەزیران بووە، لە ماوەی دەسەڵاتیدا ژێرخانی وڵات و ئاستی بژێوە جۆرێك لە باشبونی بەخۆوە بینی، بەڵام ئاڵۆزییە تائیفییەكان و توندوتیژی و گەندەڵی لەسەردەمی حوكمی ئەودا گەیشتە لوتكە. لە هەڵبژاردنی 2018دا زۆرترین رێژەی دەنگی بەدەستهێنا وەك كاندید، زۆر بەدوور نازانرێت جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بەڵام پێویستە لەسەری بەسەر ناڕەزایەتی گەورەی سوننەكان و كورد و هەروەها ئەمریكا و سعودییەكان سەركەوێت. لەگەڵ ئەمەشدا سەدرییەكان رقیان لێیەتی بەهۆی دامركاندنەوەی ئەو راپەڕینەی كە ساڵی 2008 كردیان.

شەشەم: ساڵح حەسناوی
تەمەنی (58) ساڵە و خەڵكی كەربەلایە، پێشتر وەزیری تەندروستی بووە و كاندیدی سەربەخۆ و تەكنۆكراتی سەدرییەكانە بۆ ئەوەی ببێت بە سەرۆك وەزیران.
مامۆستای پزیشكی دەرونییە و بە ئینگلیزی قسەدەكات، ئەو ساڵی رابردوو كاندیدی عێراق بوو بۆ سەرۆكایەتیكردنی رێكخراوی یونسكۆ، توانای تەكنۆكراتی ئەو وای لێدەكات ببێت بە كاندیدێكی ركابەر بۆ بردنەوەی پۆستەكە ئەگەر عەلی دوای نەیتوانی پۆستەكە بباتەوە، بەڵام یەكێك لە شیكەرەوەكان سورە لەسەر ئەوە ساڵح حەسناوی گونجاو نییە بۆ ئەو پۆستە و ئاماژە بەوەدەكات" كەرتی تەندروستی لەسەردەمی ئەودا بە دەست پشتگوێخستنەوە ناڵاندویەتی و نەخۆشخانەكان بێسەروبەرە بوون و گەندەڵی و خەڵكی بێ توانا هەبووە".


حەوتەم: عادل عەبدولمەهدی
تەمەنی (76) ساڵە، شارەزای ئابورییە و بە زمانی فەرەنسی قسەدەكات، بەپێی قسەی ژمارەیەك چاوێر،  بەردەوام ناوی دەهێنرێت وەكو كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران. وەكو وەزیری دارایی و نەوت و جێگری سەرۆك كۆماریش خزمەتی كردووە. كەسێكی خواستراویشە لەلایەن ئەمریكا و ئێرانییەكانەوە، سەرباری پەیوەندییە توندوتۆڵەكانی لەگەڵ باڵی عەممار حەكیم، دۆستایەتیشی لەگەڵ حزبی دەعوە هەیە، وەكو كاندیدێك تەماشا دەكرێت كە وەكو خوێنێكی نۆێ بۆ ئەو پۆستە جێگەی رەزامەندی هەموانە.


هەشتەم: ئەیاد عەلاوی
تەمەنی (73) ساڵە و خەڵكی بەغدادە، پزیشكی نەشتەرگەریی خانەنشینە، پێدەچێت كاندید بێت بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران سەرباری لاوازی ئەگەری كاندیدبونی، لیستتەكەی (22) كورسی بەدەستهێنا، دۆستایەتی لەگەڵ ئەمریكییەكان بوەتە هۆی ناپەسەندبوونی لەلای ئێران، بۆیە بەدور دەزانرێت بۆ ئەو پۆستە دیاری بكرێت.

نۆیەم: تارق نەجم
تەمەنی (72) ساڵە و خەڵكی پارێزگای زیقارە، لایەنگری حزبی دەعوەیە و بڕوانامەی لە زانستە ئیسلامییەكاندا هەیە، پێدەچێت ئەمیش كاندید بێت بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران. لەسەردەمی مالیكیدا لە لە پۆستی سەرۆكی ئەركاندا خزمەتی كردووە، ساڵی 2014 وەكو كاندیدێكی گریمانەكراو بۆ شوێنگرتنەوەی مالیكی دادەنرا، تەمەنی لە تاراوگە بەسەربردووە و لە نیمەدورگەی عەرەبی و میسر خوێندویەتی، پەیوەندییەكی بنیادنەرانەی لەگەڵ واشنتۆن و تاران و ئەنكەرە و هەروەها مەرجەعیەتی نەجەفیشدا هەیە. لە توانایدایە هەردوو باڵی عەبادی و مالیكی لەناو حزبی دەعوە یەكبخات.
یەكێك لە چاودێرە سیاسییەكان وتی" پێدەچێت كاندیدێكی قبوڵكراو بێت لەلای حزبی دەعوە ئەگەر بیانەوێت پارێزگاری لە یەكێتی حزبەكە بكەن".


دەیەم: زیا ئەسەدی
تەمەنی (49) ساڵە و ئەندامی پەرلەمانە لەسەر پارێزگای بەسرە و لایەنگری موقتەدا سەدرە، بە زمانێكی ئینگلیزی باش قسە دەكات، وەكو پردێك بۆ بەستنەوەی سەدرییەكان بە خەڵكانی ئاسایی و میدیا جیهانییەكان و دیپلۆماتكاران كاریكردووە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand