كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە سلێمانی 20 بنكەی بۆ دەنگدانی ئاوارەكان كەركوك و ناوچەكانی تری عێراق كردوەتەوە، لە هەولێریش 15 بنكە. رزگار حەمە جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و ریاز بەدران سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن لە كۆمسیۆن و موعتەمید موسەوی بڕیاردەری كۆمسیۆن، لە هەولێر كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان سازكرد. لە كۆنگرەكەدا رزگار حەمە ئاشكرایكرد، لە سلێمانی 20 بنكە و لە هەولێر 15 بنكە بۆ دەنگدانی ئاوارەكانی كەركوك و ناوچەكانی تری عێراق كراونەتەوە. جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن ئاشكرایكرد، (600 هەزار) ناوی دووبارە و مردوو لە تۆماری دەنگدەراندا لە عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە سڕاوەتەوە. بەپێی قسەی بەرپرسانی كۆمسیۆن لە كۆی (24 ملیۆن) كەس كە مافی دەنگدانیان هەیە، تائێستا (9 ملیۆن) كەس كارتی بایۆمەترییان وەگرتوەتەوە.
هێشتا 14 بەرپرسی رژێمی پێشووی عێراق لە زیندانی ناسریەن لە باشووری عێراق، یەكێك لەوانە سوڵتان هاشم وەزیری بەرگری پێشووە. سوڵتان هاشم كە ساڵی 2007 سزای لەسێدارەدانی بۆدەرچوو، جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری ئەوكاتی عێراق ئیمزای لەسەر جێبەجێكردنی سزاكە نەكرد، بەوهۆیەوە هێشتا لە زیندانە، بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، ئێستا دۆخی تەندروستی سوڵتان هاشم ناجێگیرە. هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكرد ساڵی 2003 رژێمی سەددامیان روخاند، دوای روخانی رژێم هاوپەیمانی لیستی ناوی (55) داواكراوی بەرپرسانی رژێمی بڵاوكردەوە لە پێش هەمویانەوە سەددام حسێن، لەو ژمارەیە (5) كەسیان كە دەستگیركرابوون سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ كرا، (6) كەسیان كوژران لەناویاندا عودەی و قوسەی دوو كوڕەكەی سەددام، (8) كەسی تریان لەكاتی هەڵمەتی دەستگیركردنیاندا كوژران، (16) كەسی تر لە بەرپرسانی رژێمی پێشوو دوای دەستگیركردنیان لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە ئازادكران. راپۆرتەكە باسیلەوەكردووە، جگە لە سوڵتان هاشم، ئەوانەی هێشتا لە زیندانن كادری ناوەندی حزبی بەعس و سوپا و حكومەتی پێشووی عێراقن، لەناویاندا عەبدولباقی عەبدولكەریم عەبدوڵا هەیە كە یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی حزبی بەعس و ساڵی 2015 لە كەركوك دەستگیركرا. بەدیع عارف یەكێكە لەو پارێزەرانەی كە چاودێری دۆسیەی زیندانیكراوەكان دەكات، ئەو پارێزەرە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە: هەموو زیندانییەكان لە گرتوخانەی ناسریەن، بارودۆخیان زۆر خراپە، دۆخی تەندروستی سوڵتان هاشم ناجێگیرە. بەپێی قسەی ئەو پارێزەرە، هەموو دەستگیركراوەكان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە جگە لە جەمال مستەفا عەبدوڵا سوڵتان بەرپرسی پێشووی كاروباری هۆزەكان و هاوسەری حەلا كچی سەددام حسێن كە بەوتەی ئەو لە ساڵی 2003 بەبێ دادگاییكردن لە زینداندایە. ئەو پارێزەرە باس لەوەشدەكات، 30 داواكاری ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی عێراق كراون بۆ ئازادكردنیان، بەڵام هیچ وەڵامێك نەبووە، بۆیە پێدەچێت تاوەكو مردن لە زینداندا بمێننەوە ئەگەر رێكخراوەكانی بواری مافی مرۆڤ دەستوەردان نەكەن. 15 ساڵ بەسەر روخانی رژێمی پێشووی عێراقدا تێپەڕی، هێشتا (5) كەس لە یاریدەدەرەكانی سەددام دەستگیر نەكراون، لە ناویاندا عیزەت دوری جێگری سەرۆكی "ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش".
حكومەتی عێراق پێش چوار مانگ سەركەوتنی بەسەر رێكخراوی "داعش" دا راگەیاند، ئێستا ئەڵمانیا هەوڵدەدات ئەو كۆچبەر و پەنابەرانە دیپۆرت بكاتەوە كە مافی پەنابەرێتیان وەرنەگرتووەتەوە، بەڵام ژمارەیەكی زۆر لەوانە رەتیدەكەنەوە كە بگەڕێنەوە وڵاتەكەیان، كەواتە حكومەتی ئەڵمانیا چۆن هانیان دەدات بگەڕێنەوە وڵاتەكەیان؟ حكومەتی ئەڵمانیا یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ عێراقدا ئیمزا كردووە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرانەی پێویستە بگەڕێنەوە، ئەمەش بەوتەی گێرد مۆلەر وەزیری گەشەپێدانی ئەڵمانیا كە دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكومەتی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە 22ی نیسانی 2018 رایگەیاند. ئەو وەزیرە ئەڵمانیە راشیگەیاند ئامانجی بەرلین ئەوەیە كە پشتگیری 10 هەزار پەنابەری عێراقی بكات بۆ ئەوەی هەلی ژیانیان لە وڵاتەكەیان بۆ بڕەخسێت، ئەوەش لە رێگەی رەخساندنی كار و شوێنی راهێنان و مەشق لە ناو عێراقدا. وەزیری گەشەێدانی عێراق راشیگەیاند لەگەڵ حكومەتی عێراقدا رێككەوتووە بۆئەوەی ناوەندێكی راوێژكاری بۆ ئەو پەنابەران دابمەزرێنرێت كە دەگەڕێنەوە. گێرد مۆلەر جەختیشیكردەوە كە بەرلین خوازیارە ئەو پەنابەران بە ویستی خۆیان بگەڕێنەوە نەك وەك " دۆڕاوێك" و رونیشیكردەوە لەبەر ئەم هۆكارە بە هاوكاری دەسەڵاتدارانی عێراق و ناوەندە ئابورییەكان هەلی راهێنان و دامەزراندنیان لەناوخۆی عێراق بۆ بڕەخسێنرێت. ئەمڕۆش وەزیری گەشەپێدانی ئەڵمانیا یەكەمین ناوەندی گەڕاندنەوەی پەنابەرانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان كردەوە. بە گوێرەی داتاكانی وەزارەتی گەشەپێدانی ئەڵمانیا لە كۆی 240 هەزار پەنابەری عێراق و هەرێمی كوردستان لە ئەڵمانیا نزیكەی 12 هەزاریان پێویستە دیپۆرت بكرێتەوە. بەشێكی زۆری عێراق بەهۆی شەڕی داعشەوە وێران بووە و ئەڵمانیا ئەمساڵ بەڵێنیداوە 350 ملیۆن یۆرۆ وەك هاوكاری بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی عێراق پێشكەشبكات.
راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف بە گوێرەی یەكەمین هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە 45ی ساڵی 2013 دا، كە رۆژی 22 كانونی دووەمی 2018 دەنگی لەسەردرا، تیایدا لە بڕگەی چوارەمی مادەی چوارەمی یاساكەدا هاتووە" نابێت ئەو حزبانەی كە بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەن باڵی چەكداریان هەبێت." بە گوێرەی ئەم بڕگەیە ئەو حزبانەی لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا باڵی سەربازییان هەیە فێڵی یاساییان كردووە بۆ شەرعییەتدان بە مانەوەی هێزە چەكدارەكانیان و خۆدەربازكردن لەو بڕگە یاساییە. هێزە عێراقییەكان ئەوانەی باڵی چەكداریان هەیە لە چوارچێوەی دەستەی حەشدی شەعبی رێكخراونەتەوە و هێزەكانی پارتی و یەكێتیش لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هێزەكانیان رێكخراون، هەرچەندە ئەو حێزانە هەژموونی ئەو حزبانەیان بەسەرەوەیە و بە فەرمانی ئەوان كاردەكەن. سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی عێراق بە " درەو میدیا" ی راگەیاند: هێزەكانی حەشدی شەعبی بە گوێرەی یاسا بە دامەزراوەیی كراوە و بوەتە هێزێكی سەربە حكومەتی عێراق و هێزەكانی پارتی و یەكێتیش لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە رێكخراون." ئەگەرچی بە یاسا هێزە چەكدارەكان خراونەتە سەر حكومەت، بەڵام بەردەوام ئەو حزبەكان لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا بەكاریاندەهێنن و فشاریان لێدەكەن كە دەنگ بە لیستەكانیان بدەن. شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە نوسینێكدا دەڵێت:" نابێ رێگە بە پارتی و یەكێتی بدرێ بەشداری هەڵبژاردنە گشتییەكان بكەن، بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی فیدراڵی عێراق پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆیان نیە وەك حیزبی سیاسی بەشداری هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بكەن. بەپێی مادەی پازدەیەم لە یاسای " حزبەكانی هەرێمی كوردستان" ژمارە ١٧ی ساڵی ١٩٩٣ ی پەرلەمانی كوردستان و مادەی هەشت و مادەی 32 لە یاسای "الاحزاب السیاسیە" ژمارە ٣٦ ی ساڵی ٢٠١٥ ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پارتی و یەكێتی سیفەتی حیزبی سیاسییان نیە. چونكە هەردووكیان خاوەن هێزی چەكداری تایبەت بەخۆیانن. ئاشكرایە كە یەكەكانی 80 و هێزەكانی زێرەڤانی هێزی پارتی دیموكراتی كوردستانن و یەكەكانی 70 و هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتن هێزی یەكێتی نیشتمانی كوردستانن. ئەگەر ئەو یەكە و هێزانە حەل نەكرێن و بە فیعلی ، نەك بە حیلە شەرعی، هێزەكانی پێشمەرگە نەكرێن بە هێزی نیشتمانیی بێلایەنی سەر بە حكومەتی هەرێم نابێ رێگە بە پارتی و یەكێتی بدرێ بەشداری لە هەڵبژاردنە گشتییەكانی كوردستان و عێراقدا بكەن". - پارتی دیموكراتی كوردستان چەندین هێزی تایبەت بەخۆی هەیە كە لە چوارچێوەی وەزارەتەكاندا رێكیخستوون، كە بریتین لە: • هێزەكانی 80 ی پێشمەرگەی كوردستان • هێزی پشتیوانی یەكی پارتی دیموكراتی كوردستان • هێزەكانی زێرەڤانی لە وەزارەتی ناوخۆ كە سەربە پارتی دیموكراتی دیموكراتی كوردستانن. • لە ئەنجومەنی ئاساییش هێزەكانی ئاسایشی پارتی و هێزی دژە تیرۆر • لیوای نەوت و غازی پارتی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان • هێزە تایبەتیەكانی لیوای سەرۆكایەتی هەرێمی مەسعود بارزانی - هێزەكانی سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستان: • هێزەكانی 70 ی پێشمەرگەی سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستان • هێزی پشتیوانی دووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان • هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتن لە وەزارەتی ناوخۆ • لە ئەنجومەنی ئاساییش هێزەكانی ئاسایشی یەكێتی و هێزی دژە تیرۆری یەكێتی • لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لیوای نەوت و غازی یەكێتی • لە هێزە تایبەتیەكان لیوای سكرتاریەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان. - حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان هێزی تایبەت بەخۆی هەیە كە ئەمانەن: • فەوجەكانی حزبی سۆسیالیست لە لای پارتی • فەوجەكانی حزبی سۆسیالیست لای یەكێتی لەسەر ئاستی عێراقیش ژمارەیەكی زۆر لە هێزەكان خاوەنی باڵی سەربازین و لەدوای هاتنی داعشەوە باڵە سەربازییەكانیان خزانە ناو حەشدی شەعبیەوە و حەشدی شەعبیش بە پێی یاسایەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەستەیەكی بۆ دروستكراو دواتر لە پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندكرا، هەربۆیە هێزە چەكداریە حزبیەكانیان بە دامەزراوەیی كردووە، هەرچەندە لەلایەن سەركردە سیاسیەكانیانەوە ئاراستە دەكرێن. فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و خۆی حزبی عەتای هەیە ئەبومەهدی موهەندیس جێگری دەستەی حەشدی شەعبیە، بەشێك لەو سەركردانەی حەشدی شەعبی دەستیان لەبەرپرسیارێتی حەشدی شەعبی كێشاوەتەوە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەكان، كە ئەمەش جۆرێكە لە فێڵی یاسایی و بۆ خۆدەربازكردن لەو بڕگەیەی یاسای هەڵبژاردن. دیارترین ئەو حزبە عێراقیانەی باڵی سەربازیان هەیە:- • رێكخراوی بەدر بەسەرۆكایەتی هادی عامری كە پێشتر باڵی چەكداری ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بووە و ئێستا جیابوەتەوە و رێكخراوی بەدری هەیە و باڵی سیاسی و سەربازیش، هاوكات بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایار هادی عامری سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتی ( فەتح ) دەكات كە زۆرینەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەخۆ دەگرێت. • رەوتی سەدری سەربە موقتەدا سەدر ئێستا باڵە سەربازیەكەی بەناوی سەرایە سەلامە • رەوتی حیكمە بەسەرۆكایەتی عەمار حەكیم باڵی سەربازیەكەی بەناوی سەرایەی جیهاد و بینائە • گروپی خۆراسانی بەسەرۆكایەتی عەلی یاسری حزبی تەلیعەی ئیسلامی • عەسائیبی ئەهلی حەق كە قەیس خەزعەلی سەرۆكایەتی دەكات زۆرینەی حەشد و گروپە چەكداریەكان لە هاوپەیمانێتی (فتح)دا بەسەرۆكایەتی هادی عامریدا بەشدارن لە هەڵبژاردن. ئەم هێزانە كاریگەری راستەوخۆیان هەیە لە گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا بەوەی:. - ئەم هێزانە یەكلابونەتەوە بۆ حزبەكانیان، لە كاتێكدا لەسەر بودجەی گشتی و داهاتی گشتی پارە و داهاتیان بۆ خەرج دەكرێت. - ئەم هێزانە هەموویان لەتەمەنی دەنگداندان و فاشریشیان لێدەكرێت كە دەبێت دەنگ بدەن. - حەشدی شەعبی كە لە 45 گروپ پێكدێت و ژمارەیان نزیكەی 130 هەزار چەكدار دەبێت. - لە هەرێمی كوردستان ژمارەی پێشمەرگە و ناوخۆ بەپێی راگەیەنراوی حكومەتی هەرێم ( 266 هەزار ) كەسە بەڵام 433 هەزار كەس لەسەر هێزە ئەمنییەكان موچە وەردەگرن. - لە عێراقدا 250 هەزار كەس لە وەزارەتی بەرگریدان و 450 هەزار كەس لە وەزارەتی ناوخۆدان.
حوتەكانی گەندەڵی لە عێراقدا راپۆرتی محەمەد رەئوف گەندەڵی لە عێراقدا بە رادەیەك بەربڵاوە كە یەكێك لەو بەرپرسانەی كە خۆی لە گەندەڵی تێوەگلاوە بەنەخۆشی ئیبۆلا وەسفی دەكات و دەڵێت نوخبەی سیاسی عێراق بەتەواوی تێوگلاوە و رژاوەتە ناو جەستەی كۆمەڵگەی عێراقی و لە عێراقدا بوە تە كلتور و ستایلی ژیانی سیاسییەكان. مشعان جبوری دەڵێت" هەموومان دزین و هەموومان بەرپرسین لە قەیرانی و دزی و گەندەڵی، نوخبەی سیاسی عێراق بەتەواوی رۆچوەتە ناو گەندەڵییەوە، لە عێراقدا كێبەركێ نیە بۆ چاكسازی بەڵكو كێبەركێیە بۆ زۆرترین دزی، و ئێستا عێراق پلەی 169 هەمینی گرتووە لە 180 دەوڵەتی جیهان لە گەندەڵیدا، بەو پێیەی یاسا لە عێراقدا تۆڕێكە و تەنها ماسییە بچوكەكان دەگرێت و حوتەكان دەرباز دەبن لێی." گەندەڵی لە عێراقدا تەنها دەسەڵاتی جێبەجێكردنی نەگرتوەتەوە لە وەزیر و سەرۆك وەزیران و بەڕێوەبەرە گشتییەكان، بەڵكو بەشێك لە دەسەڵاتی یاسادانانیشی گرتوتەوە، پەرلەمانتار هەیە لە لیژنەی دارایی بانكی هەیە، زۆرێك لە پەرلەمانتاران سەرقاڵی سەوداو بازرگانین بە چەندین شێوە، پەرلەمانتار هەیە پارە لە بانكی ناوەندی وەردەگرێت بە نرخی بانكی ناوەندی كە 100 دۆلار بە 118 هەزارە و دەیفرۆشێتەوە بە 125 هەزار دینار، لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی عێراق پێویستی بە لیژنە هەیە، لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی عێراق دەیان كەیسی گەندەڵی داخستووە لەبەرامبەر پارە و لە چەندین دۆسیەدا بەرتیلیان وەرگرتووە، ئێستا پەرلەمانتارەكان سەودا بە پۆستەكانەوە دەكەن و لەبەرامبەر دانان و وەرگرتنی پۆستی پلە تایبەتەكاندا تا 10 دەفتەر دۆلار وەرگیراوە. سەرەرای پەرلەمانتاران ، حزبەكانیش بەشدارن لە گەندەڵیدا بەتایبەتی كۆنترۆڵكردنی بیرە نەوتەكان بەتایبەتی لە بەسرە و پارێزگاكانی باشووردا سەودا بە نەوتی عێراقەوە دەكەن و تێوەگلاون لە دزینی نەوتدا، شەداد فارس سەرۆكی لیژنەی نەوتی غازی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە رایگەیاندووە، رۆژانە لە بەسرەوە 100 بۆ 300 هەزار بەرمیل نەوت دەدزرێت كە بایی 20 ملیۆن دۆلارە و ساڵانە دەكاتە 7 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار ، زۆرێك لە زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە لە 2003، حزبەكانی عێراق نەوتی باشوری عێراقیان كۆنترۆڵكردووە و بەشێكیان بە بۆری لە رێگەی ئێرانەوە نەوت رەوانە دەكەن و پارەكەشی بۆ خۆیانە. بەرپرسە سیاسییەكانی عێراق زۆرترین پشكیان هەیە لە گەندەڵیدا بە جۆرێك لەدوای 2003 ەوە زۆرینەی داهاتی عێراق دەبرێتە دەرەوەی وڵات، زۆرترین پشكی گەندەڵی لە كابینەكانی نوری مالیكیدا بووە و پارەیەكی زۆر براوەتەوە دەرەوە و بەشێك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی و ئابوریی دەڵێن زیاتر لە 312 ملیار براوەتە دەرەوەی وڵات. بەپێی راپۆرتێكی كەناڵی سكای نیوز نوری مالیكی چەندین تۆمەتی گەندەڵی لەسەرە. - پرسی چەككڕین كە دیارترین ئەو تۆمەتانەیە روبەرووی نوری مالیكی دەكرێتەوە كە بە دەیان ملیار دۆلار بۆ كڕینی چەك و پێداویستی خەرجكراوە بەڵام چەك و پێداویستییە سەربازییەكان دیارنین، سەرەرای ئەوەی نرخی ئەو چەك و پێداویستییە سەربازییانە زۆر خەیاڵی دیاریكراوە. - تۆمەتی گەندەڵی لە نەخۆشخانەی سەربازی كە 1 ملیار دۆلاری بۆ تەرخانكراوە و بەڵام وەهمی بووە. - 5 وەزیر و 53 بەرپرسی حكومی سەردەمی كابینەكەی نوری مالیكی بەتۆمەتی گەندەڵی وڵاتیان جێهێشتووە. - ئەحمەد نوری مالیكی 1 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری پارەی عێراقی رەوانەی لوبنان كردووە لە كاتی دەسەڵاتی باوكیدا. - بەشێك لە ئەندامانی لیژنەی دەستپاكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێن 312 ملیار دۆلار لە سەردەمی نوری مالیكیدا بەهەدەردراوە. - ئەحمەدی حاجی رەشید بڕیاردەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت لەماوەی 12 ساڵی دەسەڵاتی مالیكیدا 120 ملیار دۆلار بەهەدەردراوە و دەشڵێت لەسەردەمی 8 ساڵی حوكمی نوری مالیكیدا 33 ملیار دۆلار بەهەدەردراوە و 35 ملیار دۆلار زیادەی جەنگ بووە . - هاوكات لەسەردەمی حەیدەر عەبادیدا یەدەگی نەختینە 81 ملیار دۆلار بووە و 35 ملیار دۆلاری لێكەمكراوەتەوە و ئێستا بووە بە 46 ملیار دۆلار. لە دوای نوری مالكی زۆرترین تۆمەتی گەندەڵی ئاراستەی ئوسامە نوجێفی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی عێراق دەكرێت، رۆژنامە فریدریكۆی ئیتاڵی كۆمەڵێك گەندەڵی ئوسامە نوجێفی بڵاوكردوتەوە لەوانە: -زیاتر لە 2 ملیار و 70 ملیۆن دۆلاری لە چەند ژمارە بانكییەكی سویسرا و ئەڵمانیا و ئیتالیا و توركیا هەیە. - لە توركیا 4 هۆتێل و ه لە ئوردنیش دوو باڵەخانەی هەیە. - زیاتر لە 6 ڤێلای لە توركیا و ئوردن و ئیمارات و قەتەر و كوردستان و نەمسا هەیە. - هەروەها 13%ی پشكی كۆمپانیای هۆندای بۆ ئۆتۆمبیل و 4%ی كۆمپانیای نەوتی ئەڵمانی – ئینگلیزی و 9% كۆمپانیای دەرمانی هەیە. - 100%ی كۆمپانیای نۆرترۆم بۆ كەرەستە كیمیاییەكانی ئیالیا و ئاراراس كۆلۆ بۆ ئاسن لە بەرازیل و كۆمپانیای حەدبا بۆ بازرگانی لە كوردستان كۆمپانیای بارونادیا لە روسیا بۆ نەوت هەیە ە بەو پێیەش 23 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار سەرمایەكەیەتی . ساڵح موتڵەگ جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقیش تۆمەتی گەندەڵی ئاراستە دەكرێت بە تایبەتی ئەو كاتەی سەرۆكی لیژنەی ئاوارە و كۆچبەران بووە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، سەرچاوەكان ئاماژە بەدزینی 500 ملیۆن دۆلار دەكەن لەلایەن موتڵەگەوە، هەر لە دۆسیەی ئاوارەكاندا 23 ملیار دینار بەهەدەردراوە و دیار نەماوە. ئەگەرچی حەیدەر عەبادی كە هەڵمەتی روبەروبونەوەی گەندەڵی دەستپێكردووە، بەڵام ئەویش تۆمەتبارە بە بردنی دەیان ملیۆن دۆلار، كازم سەیادی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا ئاشكرایدەكات، كە حەیدەر عەبادی 9 ملیۆن دۆلاری بردووە لەسەردەمی كابینەكەی ئەیاد عەلاویدا كە وەزیری پەیوەندییەكان بووە. زۆرێك لە سەركردە و بەرپرسە حكومییەكانی عێراق تۆمەتبارن بە دزینی سامان و پارەی وڵات، ئەو دەردە بەرپرسانی هەرێمی كوردستانیشی گرتوەتەوە و بەرپرسانی هەرێمیش تۆمەتبارن بە بردنە دەرەوەی پارە و شاردنەوەی داهاتی نەوت.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق 100 كاندید و 25 قەوارەی سیاسی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سزادەدات، بەهۆی ئەنجامدانی پێشێلكارییەوە. كەریم تەمیمی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران و وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان رایگەیاند كۆمسیۆن بڕیارێكی بۆ سزادانی زیاتر لە 100 كاندید و 25 هاوپەیمانێتی و حزبە سیاسیی دەركردووە. تەمیمی لە بەیاننامەیەكدا كە ماڵپەڕی كۆمسیۆن بڵاویكردوەتەوە ئاشكراشیكردووە ئەو 100 كاندید و 25 قەوارەیە بەهۆی ئەوەی سیستمی بانگەشەی هەڵبژاردنی ژمارە ( 11 ) ساڵی 2018یان پێشێلكردووە سزای غەرامەكردنیان بەسەردا سەپێندراوە. تەمیمی راشیگەیاند ئەو كاندید و قەوارانە ئاگاداركراونەتەوە لەكاتی دووبارەكردنەوەی پێشێلكارییەكاندا ئەوا مافی بەشداریكردنیان لێ دەسەندرێتەوە.
ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیارێكی سێ خاڵی سەبارەت بە بەكارهێنانی ئامێری ئەژماركردن و جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەركرد و سزای توندی ئەو قەوارە و كاندید و فەرمانبەران دەدات كە هەوڵی لەكارخستنی ئەو ئامێرە دەدەن لە رۆژی هەڵبژاردندا لە 12ی ئایاری داهاتوو. ئەمەش دەقی بڕیارەكەی ئەنجومەنی كۆمسیارانە: بۆ پارێزگاریكردن لە سەلامەت و پاكێتی پرۆسەی هەڵبژرادن و لەبەرئەوەی ئامێری جیاكردنەوە و ئەژماركردنی ئەلیكترۆنی یەكێكە لە پێكهاتە سەرەكییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن و بۆ گرەنتیكردنی بەكارهێنانی بە شێوەیەكی دروست لە رۆژی دەنگداندا و بۆ گەیشتن بە ئەنجامی داواكراو ئەنجومەنی كۆمسیاران بڕیاریدا ئەم رێوشوێنانەی خوارەوە بگرێتەبەر: 1- هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەر هاوپەیمانێتییەكی سیاسی یان حزبێك یان كاندیدێكی ئەو وێستگەیەی كە بە رەسمی دەسەلمێنرێت دەستكاری ئامێری جیاكردنەوە و ئەژماركردنی ئەلیكترۆنی دەنگدان كراوە و هەوڵی تێكدانی كردووە ، یان دەستكاری ئامێری لێكۆڵینەوەی لەو پارێزگایە كردووە، ئەوانە رەوانەی دادگا دەكرێن بۆئەوەی رێوشوێنی یاسای لەدژیان بگیرێتەبەر. 2- هەر فەرمانبەرێك لە فەرمانبەرانی كۆمسیۆن لە نێویشیاندا فەرمانبەرانی ناوەندەكانی تۆماركردن و دەنگدان و وێستگەكان ئەوانەی گرێبەستیان لەگەڵدا دەكرێت، ئەگەەر سەلێمنرا یاری بە ئامێری جیاكردنەوە و ئەژماركردنی ئەلیكترۆنی دەنگدان كردووە و هەوڵیداوە تێكی بدات، ئەوا دەردەكرێت و رەوانەی دادگا دەكرێت بۆئەوەی رێوشوێنی یاسایی لەدژ بگیرێتەبەر. 3- هەر دەنگدەرێك، یان لایەنێكی تر بە رەسمی بسلەمێنرێت كە هەوڵیداوە ئامێری جیاكردنەوە و ئەژماركردنی ئەلیكترۆنی دەنگدان تێكبدات، رەوانەی دادگا دەكرێت بۆئەوەی رێوشوێنی یاسایی لەدژیان بگیرێتەبەر. 4- كۆمسیۆن بە گوێرەی یاسا و سیستم و رێوشوێنە كارپێكراوەكان دەكات بۆئەوەی پارێزگاری لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بكات و سزای هەموو ئەو كەسانەش دەدات كە هەوڵدەدەن فشار و تەشویش بخەنە سەر ویستی دەنگدەر و ویستی گەل بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەكانی و كۆمسیۆن بە شێوەیەكی پیشەیی و بێ لایەنی و بە گوێرەی یاسا كارەكانی دەكات و هیواخوازە هەموو هاوبەشەكانی پاڵپشتی بكەن و بەشداربن لە سەرخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو. ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان
هاوپەیمانی بەغداد كە یەكێكە لە قەوارە بەشداربووەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مردنی پارێزەر یاسین مەجید لهێبی كاندیدی قەوارەكەی لە بەغدا راگەیاند. بە گوێرەی میدیاكانی عێراق یاسین لهێبی بەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ برایەكی كاندیدی هاوپەیمانی وەتەنیەی ئەیاد عەلاوی " ئیناس عودە لهێبی " و كوڕەكانی كاندیدی وەتەنیە " كەریم عەبد عید لهێبی " شەڕی بووە و بەهۆی ئەو شەڕەوە دواتر بەهۆی وەستانی دڵییەوە كۆچی دواییكردووە. بەوتەی میدیاكانی عێراق شەڕی نێوان ئەو كاندیدە و كەسوكاری كاندیدەكانی تر بەهۆی دڕاندنی پۆستەرەی بانگەشی هەڵبژاردنەوە بووە.
فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق ئەمڕۆ لەناو خاكی سوریا هێرشیانكردە سەر چەكدارانی رێكخراوی داعش. بەپێی بەیاننامەیەك كە نوسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، لەسەر فەرمانی عەبادی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، هێزی ئاسمانی عێراق گورزی ئاسمانی كوشندەیان لە پێگەكانی داعش وەشاندووە لەناو خاكی سوریا و لەسەر سنورەكانی عێراق. كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو، هێزە ئەمنییەكانی عێراق چەكدارانی رێكخراوی داعشیان لە سنوری عێراق دەرپەڕاند، بەڵام هێشتا چەكدارانی ئەو رێكخراوە لە چەند ناوچەیەك لەناوخۆی عێراق و لەسەر سنورەكان جموجوڵیان هەیە. ئەبو بەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی داعش تائێستا بێسەروشوێنە و چارەنوسی نازانرێت.
فازل عەواد كە گۆرانیبێژێكی بەناوبانگی حەفتاكانی سەدەی رابردووی عێراقە، خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كاندید كردووە. فازل عەواد لەسەر لیستی (ئیئتیلافی نیشتیمانی) خۆی كاندید كردووە كە ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق سەرۆكایەتی دەكات، ئەمە جاری یەكەمە گۆرانیبێژێكی عێراقی خۆی كاندید بكات. لەبارەی خۆكاندیدكردنی لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)، فازل عەواد دەڵێ: پەرلەمان بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانانە لە وڵاتدا، دەنگی بیستراوە، دەمەوێت لەڕێگەیەوە بەرگری لە ستەملێكراوان و هونەرمەندان بكەم، ئەوە كاری لە پێشینەی منە. فازل عەواد یەكێكە لە گۆرانیبێژە بەناوبانگەكانی حەفتاكانی عێراق و لە ریزی گۆرانیبێژان حسێن نیعمە و یاس خزر و حەمید مەنسور و سەعدون جابردایە، ئەو ساڵی 1942 لە بەغداد لە دایكبووە، نەوەدەكانی سەدەی رابردوو بەهۆی ئەوەی عودەی كوڕی سەددام حسێن تەنگی پێهەڵچنیوە، عێراقی جێهێشتووە و روی لە لیبیا كردووە و لەوێ بووە بە مامۆستای زمانی عەرەبی، دوای روخانی رژێمی پێشووی عێراق گەڕاوەتەوە. فازل عەواد لە بواری خوێندندا بڕوانامەی دكتۆرای لە ئەدەبی عەرەبیدا لە زانكۆی موستەنسەریە بەدەستهێناوە. عەواد خاوەنی ژمارەیەك گۆرانییە كە لای گوێگرانی عەرەب ئاشنیایە و زۆربەی هونەرمەندانی عەرەبی ئەو گۆرانیانەیان وتوەتەوە لەوانە گۆڕانییەكانی (لا خبر- حاسبینك- یالجمالك سومری..). بەپێی زانیارییەكان جگە لە هونەرمەندان، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران، تەنیا لیست و هاوپەیمانێتییە عەرەبییەكان لانی كەم (20) رۆژنامەنوسیان كاندید كردووە. یەكێك لە گۆرانییەكانی فازل عەواد
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئیئتیلافی " النصر" رایدەگەیەنێت لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بەشێك نابێت لە حكومەتی تەوافقی و بەشبەشێنە. عەبادی دوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە كۆنفرانسی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا وتی: " باشترین رێگا بۆ پێكهێنانی حكومەت لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو ئەوەیە عێراقیەكان دەنگ بدەن و هەڵبژێرن، ئەوان كێ هەڵبژێرن هەر ئەوە دەبێت ئێمە خوازیارین هاوڵاتی عێراق دەنگ بدات بەو لایەنەی كە متمانەی پێیەتی بۆئەوەی وڵات بەرەو پێش بچێت." عەبادی وتیشی :" هاوڵاتی بڕیار دەدات ئێمە لەگەڵ بەشبەشێنەدا نین و بەشێك نابم لە حكومەتێكی تەوافقی و بەشبەشێنە." حەیدەر عەبادی لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوو بە لیستی ئیئتیلافی سەركەوتن " النصر" بەشداری دەكات و لە هەوڵی ئەوەدایە بۆ چوار ساڵی داهاتووش سەرۆكایەتی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە عێراق مسۆگەربكات.
چاوپێكەوتنی/ فازل حەمە رەفعەت رزگار حەمە محێدین، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایدەگەیەنێت راستەوخۆ لە بەغداوە بە كامێر چاودێری سندوقەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن كە رۆژی 12ی ئایاری داهاتوو بەڕێوەدەچێت. لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ " درەو میدیا" رزگار حەمە محێدین راشیگەیاند 40 كاندید و قەوارەیان بەهۆی پێشێلكارییەوە سزاداوە و ئاشكراشیكرد كاردەكەن بۆ رێگریكردن لە ساختەكاری بە رێژەی 100% و هەوڵیشدەدەن 15 بۆ 16 كاتژمێر دوای هەڵبژاردن، ئەنجامی بەرایی رابگەیەنن. ئەمەش دەقی چاوپێكەوتنەكەیە: درەو: باس لەوە دەكرێت كۆمسیۆن یاسایەكی هەیە و بەپێی ئەو یاسایە هەر كاندید و لیستێك ناچار دەكات بڕێكی دیاریكراوی پارە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن خەرج بكەن، ئەمە راستە ؟ رزگار حەمە: بەپێی یاسای حزبەكان ژمارە 36ی 2015 هەموو ئەو یاسای بڕیارانەی كە پێشتر دەرچوون هەڵوەشێندراونەتەوە، هەروەها لە یاسای 45ی هەڵبژاردنەكانیش هەموو ئەو بابەتانە هەڵوەشێندراونەتەوە، ئەو بابەتە لەلای ئێمە نییە و شتێكی بێ بنەمایە. درەو: تائێستا سزای چەند لیست دراوە لەسەر پێشێلكردنی رێوشوێنەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن ؟ رزگار حەمە: تائێستا نزیكەی 40 لیست و كاندید لەسەر پێشێلكاری سزادراون. درەو: ئەوانەی سزادراون لیست و كاندیدی كوردیان تێدایە ؟ رزگار حەمە: لە راستیدا من چاودێری ئەو بابەتەم نەكردووە كە سزادراوەكان كێن، بەڵام ئێمە جیاوازی ناكەین هەر كەسێك پێشێلكاری بكات سزای دەدەین. درەو: لەم هەڵبژاردنەدا ئێوە وەكو كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان تا چەند گرەنتی رێگرتنتان كردووە لە رودانی ساختەكاری ؟ رزگار حەمە: ئێمە ئەمانەوێت بە رێژەی 100% رێگری لە ساختەكاری بكەین، خۆتان ئەزانن ئێمە لە رێگەی ئەو رێوشوێنانەی كە گرتومانەتە بەر لە هێنانی ئامێر و هەڵگرتنی ئامێرەكان لە كۆگاكان، با نمونەیەكت بۆ بهێنمەوە، من خۆم یاداشتێكم نوسی و ترسمان هەبوو كێشە لە بیناكاندا هەبێت، داواماكردووە لە هەموو مەخزەنەكان لە هەموو پارێزگاكانی عێراق كامێرا دابنرێت، لە بەغدا راستەوخۆ ژووری چاودێریمان دروستكردووە و هەموو مەخزەكانەكان دەكەونە ژێر چاودێری خۆمانەوە. درەو: لەم پرۆسەی هەڵبژاردنەدا كۆمسیۆن هیچ تایبەتمەندییەكی بە هەرێمی كوردستان داوە ؟ رزگار حەمە: نەخێر، ئێمە هەر یاساو رێسایەك دەربكەین چۆن لە بەسرە جێبەجێی دەكەین بەهەمان شێوە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆكیش جێبەجێی دەكەین. درەو: پێشتر باس لەوەدەكرا فشاری هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و سەركردە سیاسییەكانی عێراق لەسەر كۆمسیۆن هەیە ؟ رزگار حەمە: من بڕوام بەم بابەتە نییە، چونكە ئێمە ئەنجومەنی كۆمسیاران لە (9) كەس پێكهاتوین و هەموومان عێراقین و لە هەموو پێكهاتەكانین، هیچ وڵاتێكی هەرێمایەتی و ناوچەیی فشاریان لەسەر ئێمە نییە، رەنگە هەندێك شوێن هەبن هاوكاریمان بكەن بەتایبەتی تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەویش تەنیا راوێژكردن و رێنماییكردنە بۆ باشكردنی ئەو پرۆسەیە بۆ ئەوەی پرۆسەیەكی مەدەنی و شەفاف و پاك بێت، ئەگەرنا لە دەرەوەی ئەوە هیچ وڵات و هێزێك ناتوانێت دەستكاری ئەنجامی هەڵبژاردن بكات. درەو: جیاوازی ئەم هەڵبژاردنە و هەڵبژاردنەكانی رابردوو سەبارەت بە راگەیاندنی ئەنجامەكان چۆنە. ئایا ئێوە كارێكتان كردووە لەم هەڵبژاردنەدا لە خێراترین كاتدا ئەنجامەكان رابگەیەندرێن ؟ رزگار حەمە: بەدڵنیاییەوە، ئێمە لەم هەڵبژاردنەدا بۆ یەكەمجارە ئەو ئامێرە نوێیانە بەكاردەهێنین، سندوقە ئەلیكترۆنییەكە خۆی ناوی (خێراكردنی ئەنجامەكانە). درەو: بە نزیكەیی بەماوەی چەنێك دوای تەواوبونی پرۆسەی دەنگدان ئەنجامەكان رادەگەیەنن ؟ رزگار حەمە: ئەگەر تێبینی بكەن پێشتر جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان دەهاتە مەڵبەندی پارێزگاكان و دواتر دەهاتە بەغداد و جارێكی تر جیاكردنەوە و ئەژماركردنی بۆ دەكرا و دوو مانگی دەخایاند تاوەكو ئەنجامی كۆتایی رابگەیەندرێت، بەڵام ئێمە رەنگە دوای داخستنی سندوقەكان لە ماوەی (15 بۆ 16) كاتژمێر ئەنجامە بەراییەكان رابگەیەنین و لەماوەی (48 بۆ 50) كاتژمێر ئەنجامی دەنگەكان لە هەموو عێراق ئاشكرابكەین.
بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لەسەر رەشنوسی بڕیاریك بدات تایبەت بە ئاوەدانكردنەوەی هەڵەبجە، بەڵام بەهۆی سەرقاڵییان بە بانگەشەی هەڵبژاردن زۆرینەی نوێنەرانی كورد بەشداری دانیشتنەكەیان نەكرد. بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاساییەوە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ كاتێكی نادیار دواخرا. سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، لە دانیشتنی ئەمڕۆدا تەنیا 152 پەرلەمانتار ئامادەبوون، بەوهۆیەوە دانیشتنەكەیان دواخستووە بۆ كاتێكی تر. یەكێك لە تەوەرەكانی دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بوو بە دەنگدان لەسەر رەشنوسی بڕیارێك بۆ قەرەبووكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكانی جەنگ بەتایبەتی شاری هەڵەبجە. سەرچاوەیەك لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە بە (درەو)ی راگەیاند، بەهۆی سەرقاڵییان بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، زۆرینەی نوێنەرانی كورد بەشداری دانیشتنەكەی ئەمڕۆیان نەكردووە.
ئامادەكردنی: فازل حەمەڕەفعەت لەدوای شكستی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان، ئەوە تەنیا دەسەڵاتە فیدراڵییەكان نەبوون كە گەڕانەوە بۆ فڕۆكەخانە و دەروازە سنورییەكانی هەرێم، بۆ یەكەمجاریش لەدوای ئەو ریفراندۆمەوە لیست و لایەنە عێراقییەكان بەشێوەیەكی بەرفراوان لە رێگەی هەڵبژاردنەوە هاتنە ناو هەرێمی كوردستانەوە. سەرەڕای ئەوەی لەدوای روخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە، هەرێمی كوردستان بەپێی دەستور لە چوارچێوەی عێراقدا مایەوە، بەڵام هیچ كاتێك لیست و حزبە عێراقییەكان هاوشێوەی ئێستا لە پرۆسەی هەڵبژاردندا لیستیان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان نەبووە، بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارەیەك لیستی عێراقی لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (هەولێر- سلێمانی- دهۆك) كاندیدیان هەیە، جگە لەوەی كە لە كەركوكیش بە چڕی زۆرینەیان كێبركێی لیستە كوردییەكان دەكەن. بەشێوەیەكی گشتی (4) رەوت و هاوپەیمانی عەرەبی لە هەرێمی كوردستان كاندیدیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، بەهەمویانەوە (47) كاندیدیان هەیە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم. رەوتی حیكمەی نیشتمانی عەممار حەكیم كە بەر لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی جیابوەوە و رەوتێكی نوێی بەناوی (حیكمە) دامەزراند، لیستێكی لە پارێزگای سلێمانی لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە پەسەندكراوە كە لە (14) كاندید پێكدێت. حەكیم لەو سەركردە سیاسیانەی عێراقە كە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ لایەنە كوردییەكاندا هەیە و بەردەوام سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات. لیستی كاندیدەكانی رەوتی حیكمە بۆ پارێزگای سلێمانی: 1- قادر حەمەرەئوف مەجید/ سەرۆكی لیست 2- عیسا رەشید عەبدولفەرەج 3- خواستی ئیسماعیل عەلی محەمەد 4- سوارە عومەر كەریم ئەحمەد 5- چراخان لەتیف عارف محەمەد ساڵح 6- عەبدولسەمەد فاتیح فەتاح ئیسماعیل 7- شۆڕش ئەحمەد حەمەئەمین ساڵح 8- دڵسۆز عەلی عارف قادر 9- نامیق عەبدوڵا محەمەد كەریم 10- زارا كەریم ئەحمەد شەریف 11- رەنجدەر فەتاح رەشید فەرەج 12- گوڵاڵە جەلال ساڵح شەریف 13- سندوس نەجمەدین مەجید مەعروف 14- سەركۆ عومەر محەمەد ئەحمەد لیستە عێراقییەكان 47 كاندیدیان لە هەرێمی كوردستان هەیەو 4 رەوت و هاوپەیمانێتی عێراقی لە هەرێم كاندیدیان هەیە ئیئتیلافی نیشتمانی ئیئتیلافی نیشتمانی كە ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق سەرۆكایەتی دەكات بەهەمان شێوە لیستێكی لە پارێزگای سلێمانی هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، لیستەكەی عەلاوی لە سلێمانی لە (4) كاندید پێكدێت: 1- سامان عوسمان حسێن مەحمود/ سەرۆكی لیست 2- سیروان موحسین خالید جەمیل 3- زێڕین ئەحمەد ئەمین عەزیز 4- شیرین جەمال فەرەج قادر هاوپەیمانی سەركەوتن " النصر": هاوپەیمانی سەركەوتن كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات لە (سلێمانی و هەولێر و دهۆك) لیستی كاندیدی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران هەیە، لیستەكەی عەبادی لە سلێمانی (9) كاندید لەخۆدەگرێت: 1- ژیان عەبدوڵا نوری عەبدوڵا 2- محەمەد نوری سەیفەدین محەمەد نوری محەمەد سەعید 3- ئیبراهیم رەشید عەبدوڵا عارف 4- بەكر حەبیب مەحمود محەمەد 5- ئومێد عەبدوڵا ساڵح عەبدولڕەحمان 6- شادمان رەشید زۆراب عەلی 7- سائیرە ئەكرەم محەمەد ساڵح 8- شیان رەشید رەحیم ئەمین 9- عیماد ئیسماعیل عەبدولقادر یوسف عەممار حەكیم 14 كاندیدی لە سلێمانی هەیە، ئەیاد عەلاوی 4 كاندیدی لە سلێمانی هەیە، عەبادی لە سلێمانی 9 كاندیدی هەیە، عەبادی لە هەولێر 8 كاندیدی هەیە، عەبادی لە دهۆك 6 كاندیدی هەیە هاوپەیمانی سەركەوتن لە پارێزگای هەولێریش لیستێكی كاندیدی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران هەیە، لیستەكەی هەولێری حەیدەر عەبادی پێكدێت لە (8) كاندید: 1- جەرجیس محەمەد حسێن عەدیل (جەرجیس گولیزادە)/ سەرۆكی لیست 2- عیماد كەمال سەعید مەولود 3- بەدیع شەرەفەدین عەزیز رەفیق 4- ھیمان رەمزی مەحمود عەلی 5- خالید عەلی فارس ئەمین 6- ئیبراهیم سەمین ئەمین خورشید 7- ئەسرا شەرەفەدین عەزیز رەفیق 8- فەرقەد محەمەد زەیدان زەنون هاوپەیمانێتییەكەی عەبادی بەهەمان شێوە لە پارێزگای دهۆك لیستی هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، لیستەكەی عەبادی لە پارێزگای دهۆك پێكدێت لە (6) كاندید: 1- ناسر تۆفیق رەشید/ سەرۆكی لیست 2- شێركۆ عابید محەمەد رەشید 3- رەوشەن عەبدولسەلام حەسەن ئەتروشی 4- ئەنوەر محەمەد مەعسوم ئەنوەر 5- فادیە حسێن محەمەد ئەمین 6- عومەر عەلی سەعید عەبدولقادر رەوتی نیشتمانی عەشائیری لە عێراق ئەمەش رەوتێكی عێراقییە و لە پارێزگای هەولێر لیستێكی هەیە و لیستەكە لە (6) كاندیدی هەیە: 1- فەیسەڵ عارەب حەمەد ئیسماعیل 2- زانا عەزیز كەریم جەرجیس / سەرۆك زانا 3- فازیل عەزیز كەریم جەرجیس 4- دڵخۆش قادر ئیبراهیم قادر 5- مژدە عەزیز كەریم جەرجیس 6- دانا عەزیز كەریم جەرجیس
بە مەبەستی دادگاییكردنی ئەو كۆمپانیا بیانیانەی مامەڵەی مادەی كیمیاویان لەگەڵ حكومەتی بەعس كردوە، ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرجەم بەڵگەنامەی رەسمییەكانی دادگاییكردن و حوكمدانی تاوانبار عەلی حەسەن مەجید-ی وەرگرتوەتەوە. ئارام شێخ محەمەد، لە نوسراوێكدا بۆ دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق، ئەو بەڵگەنامانەی وەرگرتۆتەوە، بڕیارە كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە لە دادگاكانی دەرەوەی وڵات پشتبەست بەو بەڵگەنامە، سكاڵا لەسەر ئەو كۆمپانیانە تۆماربكەن كە مامەڵەی مادەی كیمیاویان لەگەڵ حكومەتی بەعس كردوە. جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پەیجی خۆی بڵاویكردوەتەوە، كە جگە لە رادەستكردنی ئەو بەڵگەنامانە، لەسەر ئەركی خۆی لە چوارچێوەی 29 تابلۆی چاپكراو، سەرجەم ئەو بەڵگەنامەی پێشكەش بە بەشی دۆكیۆمێنتەكانی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە كرد.