دەنگدەران متمانەیان بە كابینەكەی عەبادی بەخشیەوە
2018-05-20 13:45:25
راپۆرتی شیكاریی: نامیق رەسوڵ
لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان و هەرسێ جێگرەكەی سەرۆك كۆمار و 11 وەزیری كابینەكەی عەبادی خۆیان بۆ ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق كاندیدكرد.
سەرۆك وەزیران و هەرسێ جێگرانی سەرۆك كۆمار دەنگی هاوڵاتیانیان بەدەستهێنا و كورسی پەرلەمانیان مسۆگەركرد، جگە لە سەرۆكی پەرلەمان كە كورسییەكەی پەرلەمانی لەدەستدا.
هەروەها (11) وەزیری ئێستای كابینەكەی عەبادی لە چەند لیستێكی جیاوازدا چارەنوسی خۆیان دایەدەست سندوقەكانی دەنگدان، لەو ژمارەیەش (8) كەسیان متمانەی دەنگدەرانیان بەدەستهێنا و (3) وەزیریان شكستیانهێنا، هاوكات وەزیرێكی كابینەكەی عەبادی كە لە لایەن پەرلەمانەوە لەسەر گەندەڵی متمانەی لێسەندرایەوە، لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا دەنگی پێویستی بەدەستهێنا و كورسییەكی پەرلەمانی بردەوە.
ئەنجامی بەرپرسە باڵاكانی سێ دەسەڵاتەكەی عێراق لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا بەمشێوەیە بوو:
• سەرۆكایەتی كۆمار:
1- فوئاد مەعسوم: سەرۆك كۆمار كە سەر بە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، خۆی لە هیچ لیستێكدا بۆ هەڵبژاردن كاندید نەكردەوە.
2- ئەیاد عەلاوی: جێگری سەرۆك كۆمار، سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانیی بوو، لە هەڵبژاردندا لە بەغدادی پایتەخت (28069) دەنگی بەدەستهێنا و كورسییەكی پەرلەمانی بردەوە.
3- نوری مالیكی: جێگری سەرۆك كۆمار، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە بەغداد خۆی كاندیدكرد و (102128) دەنگی بەدەستهێنا و زۆترین دەنگی لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێناوە.
4- ئوسامە نوجێفی: جێگری سەرۆك كۆمار، سەرۆكی هاوپەیمانی قەراری عێراقی، لە پارێزگای نەینەوا خۆی كاندیدكرد و (11650) دەنگی بەدەستهێنا.
• سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران ( پەرلەمان)
1- سەلیم جبوری: سەرۆكی خولی ئێستای پەرلەمان، لە هاوپەیمانێتییەكەی ئەیاد عەلاویدا بەشداری هەڵبژاردنی كرد و دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا و كورسییەكەی لەدەستدا.
2- هومام حەمودی: جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، سەر بە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامییە، لە هاوپەیمانێتی فەتحی هادی عامریدا خۆی كاندید كرد، دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا و كورسییەكەی لەدەستدا.
3- ئارام شێخ محەمەد: جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، سەر بزوتنەوەی گۆڕانە و بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایار خۆی كاندیدنەكردەوە.
• سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران:
حەیدەر عەبادی: سەرۆك وەزیران، سەرۆكایەتی هاوپەیمانی " النصر"ی كرد لە بەغدادی پایتەخت خۆی كاندیدكرد و (59710) هەزار دەنگی بەدەستهێنا.
• وەزیرەكان:
(11) وەزیری كابینەكەی حەیدەر عەبادی لە چەند لیستێكی جیادا لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا خۆیان كاندید كرد و ئەم وەزیرانە دەنگی پێویستی دەنگدەرانیان بەدەستهێنا و كورسیی پەرلەمانیان مسۆگەركرد:
1- قاسم ئەعرەجی: وەزیری ناوخۆ، كاندیدی هاوپەیمانی " الفتح" بوو لە پارێزگای واست، (11372) دەنگی بەدەستهێنا.
2- محەمەد شیاع سودانی: وەزیری كار، لەسەر لیستی دەوڵەتی یاسا لە بەغدادی پایتەخت خۆی كاندیدكرد و (14326) دەنگی بەدەستهێنا.
3-قاسم فەهداوی: وەزیری كارەبان لە لیستی " عابرون" لە پارێزگای ئەنبار بەشداری هەڵبژاردنی كرد و (7993) دەنگی بەدەستهێنا.
4- فەلاح حەسەن زێدان: وەزیری كشتوكاڵ، لە لیستی هاوپەیمانی نیشتمانی ئەیاد عەلاوی لە پارێزگای نەینەوا خۆی كاندیدكرد و (12558) دەنگی بەدەستهێنا.
5- محەمەد ئیقباڵ سەیدەلی: وەزیری پەروەردە ، كاندیدی لیستی " نەینەوا ناسنامەمانە" بوو لە پارێزگای نەینەوا (7668) دەنگی بەدەستهێنا.
6- جەبار لعێبی: وەزیری نەوت، لە پارێزگای بەسرە كاندیدی لیستەكەی حەیدەر عەبادی بوو، (28645) دەنگی بەدەستهێنا.
7- عەبدولحسێن عەبتان: وەزیری وەرزش و لاوان، لە بەغداد كاندیدی ژمارە یەكی لیستی " رەوتی حیكمە"ی عەممار حەكیم بوو، (34461) دەنگی بەدەستهێنا.
8- كازم فنجان حەمامی: وەزیری گواستنەوە، لە پارێزگای بەسرە كاندیدی لیستی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی بوو ، بەبەدەستهێنانی (8493) دەنگ كورسییەكی پەرلەمانی مسۆگەركرد.
• ئەو وەزیرانەی كە خۆیان كاندیدكرد و دەنگی پێویستیان بەدەستنەهێنا و دەرنەچوون:
1- ئان نافع ئەوسی: وەزیری شارەوانی و نیشتەجێكردن
2- عەدیلە حەمود: وەزیری تەندروستی
3- سەلمان جومەیلی : وەزیری پلاندان و بازرگانی
" وەزیرە گەندەڵەكە و هەڵبژاردن"
خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگری كابینەكەی حەیدەر عەبادی بوو، مانگی ئابی ساڵی رابردوو بە تۆمەتی گەندەڵی لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەی لێ سەندرایەوە، بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایار لیستێكی بەناوی " بیارق الخیر" پێكهێنا، بەڵام خۆی لەسەر لیستەكەی حەیدەر عەبادی لە پارێزگای نەینەوا كاندیدكرد و (72690) دەنگی بەدەستهێنا و لە دەرگای پەرلەمانەوە دەچێتەوە ناو گۆڕەپانی سیاسەت.