Draw Media

پەرلەمان داوای ئەژماركردنەوەی دەنگەكان دەكات

پەرلەمان داوای ئەژماركردنەوەی دەنگەكان دەكات

2018-05-19 14:38:15


(درەو میدیا):
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەمەبەستی قسەكردن و بڕیاردان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و رێوشوێنەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن كۆبوەوە.
بەهۆی ئەوەی نیسابی یاسایی كۆبونەوەكە تەواو نەبوو، سەرۆكی پەرلەمان بڕیاریدا كۆبونەوەكە راوێژكاری بێت، بەوهۆیەشەوە پەرلەمانی نەیتوانی بڕیار بدات لەسەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و لەبری ئەوە شەش داواكاری ئاڕاستەی كۆمسیۆن كرد.
بەهۆی ئەوەی داواكارییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران هێزی بڕیاریان نییە، كۆمسیۆن دەتوانێت ملكەچ نەبێت.


دەقی داواكارییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن:

1- كۆمسیۆن هەموو رێگایەك بگرێتەبەر كە گەرەنتی گەڕانەوەی متمانە بكات بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی پاك و دادپەروەرانە، لەناویاندا جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان بەشێوەی دەستی و هەرەمەكی بۆ ژمارەیەك لە سندوقەكانی دەنگدان، بەتایبەتی ئەو سندوقانەی كە لەلایەن قەوارە سیاسییەكانەوە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە بۆ دڵنیابوونەوە لە باش كاركردنی ئامێری جیاكردنەوە و ئەژماركردنی ئەلیكترۆنی.
2- هەر كەیسێكی تاوان رەوانەی دەسەڵاتە تایبەتمەندەكان بكرێت لەو حاڵەتانەی كە تێیدا شێوازی خراپ مامەڵەكردن بە خاوێنی پرۆسەی هەڵبژاردن فەراهەم بووە.
3-  پێویستە دەستبەجێ كۆپییەكی ئەلیكترۆنی و وێنەی تیشكی كارتەكانی دەنگدان بدرێتە قەوارە سیاسییەكان لەگەڵ ئەو ئەنجامانەی لەڕێگەی مانگی دەستكردی (V-SAT) بۆ سێرڤەری سەرەكی لە كۆمسیۆن كە لە تالی سەنتەرە.
4- جەخت بكرێتەوە لە پرۆسەی بەراوردكردنی ئەو داتانەی بە ئەلیكترۆنی نێردراون لەگەڵ داتای سندوقەكاندا، ئەوەش لەرێگەی چەند سندوقێكەوە (فلاش و SD كارت)، لەبەردەم بریكاری قەوارە سیاسییەكاندا بەشێوەیەكی شەفاف.
5- داوا لە دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان دەكرێت بە شێوەیەكی زۆر لەسەرخۆ و بێلایەنانە مامەڵە لەگەڵ تانەكاندا بكات و بایەخی زۆریان پێبدات بەئامانجی گەیشتن بە دادپەروەری.
6- لیژنەی یاسایی بەدواداچون بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن دەكات و راپۆرتێكی بەپەلە دەرباری ئەو پرۆسەیە و ئەو گیروگرفتانەی كە چەند لایەنێكی سیاسی بانگەشەی دەكەن، پێشكەش بكات.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand