Draw Media

عامری لە سەدر دووردەكەوێتەوە و سوننەكانیش یەکدەگرن

عامری لە سەدر دووردەكەوێتەوە و سوننەكانیش یەکدەگرن

2018-06-26 12:40:18


(درەو میدیا):
راگەیاندنی هاوپەیمانێتی لە نێوان هاوپەیمانێتی " نەسر" ی حەیدەر عەبادی و " سائرون"ی موقتەدا سەدر لە نەجەف، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی " فەتح" ی نیگەران كردووە، كە پێشتر لەگەڵ موقتەدا سەدردا رێككەوتنێكیان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی ئیمزاكردبوو.
سەرچاوەیەكی ئاگادار ئاشكرایكرد كە پەیوەندییەكانی نێوان عامری و سەدر درزی تێكەوتووە و هۆكارەكەشی بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە سەدر بەبێ‌ ئاگاداركردنەوەی عامری هاوپەیمانێتی لەگەڵ عەبادی راگەیاندووە.
ئەو سەرچاوەیە لە لێدوانیدا بۆ میدیاكانی عێراق ئاشكراشیكرد، ئێستا هادی عامری بەنیازە پاشەكشێ لە هاوپەیمانێتیكردن لەگەڵ موقتەدا سەدر بكات و هاوپەیمانێتییەكی نوێ‌ لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا رابگەیەنێت.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە ئێستا دانوستان لە نێوان فەتح و دەوڵەتی یاسا هەیە و هەردوولا لە هەوڵدان بە راوێژكردن لەگەڵ چەند هێزێكی سوننە و كورد هاوپەیمانێتییەك كە لاینكەم سی كورسیی پەرلەمانی دەبێت رابگەیەنن و دانوستان و گفتوگۆشیان لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی لیستەكەی حەیدەر عەبادی " نەسر" دەستپێكردووە بۆئەوەی بێنە هاوپەیمانێتییەكەوە.

سوننەكان هاوپەیمیانێتییەك رادەگەیەنن

هاوكات لەگەڵ دانوستان و گفتوگۆی نێوخۆیی نێوان لیستە براوەكانی شیعەن لایەنە سوننەكانیش جموجوڵیان دەستپێكردووە، بۆئەوەی بە هاوپەیمانێتییەكەی فراوانەوە بەشداری دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بكەن.
بەوتەی چەند سەرچاوەیەكی سیاسی كە قسەیان بۆ سایتی " العربی الجدید" ی قەتەری كردووە،  كوتلە و قەوارە سونییەكانی پارێزگاكانی باكور و خۆرئاوای عێراق چەند رۆژێكە دانوستانیان دەستپێكردووە و لە دوو رۆژی داهاتوودا هاوپەیمانێتییەك رادەگەیەنن كە ژمارەی پەرلەمانتارەكانی دەگاتە 45 پەرلەمانتار.
سەرچاوەیەكی نزیك لە سوننەكان رایگەیاند چەند كەسایەتییەكی پارێزگاكانی ئەنبار و نەینەوا و سەلاحەدین و بەغدا بەشداری دانوستانەكانیان كردووە.
ئاشكراشیكرد كە هاوپەیمانێتییە نوێەكە سەركردە سوننەكانی وەك سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانن جەمال كەربولی سەرۆكی حزبی حەلن ئەحمەد جبوری پارێزگاری سەلاحەدین، محەمەد ئیقبال وەزیری پەروەردە، محەمەد حەلبوسی پارێزگاری ئەنبار لەخۆدەگرێت و هەوڵیش هەیە بۆئەوەی  هاوپەیمانی قەرار كە ئوسامە نوجێفی سەرۆكایەتی دەكات قایل بكرێت و بێتە ناو ئەو هاوپەیمانێتییەوە.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand