ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان بە كوێ گەیشت ؟
2018-06-28 13:42:51
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
رۆژی شەممە وادەی یاسایی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆتایی دێت، هێشتا پرۆسەی ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار دەستی پێنەكردووە كە رۆژی 6ی ئەم مانگە پەرلەمان بڕیاری لەسەردا.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاربوو كۆببێتەوە، بەڵام نیسابی یاسایی تەواو نەبوو، بەوهۆیەوە كۆبونەوەكە دواخرا.
سەرچاوەكان لە بەغدادەوە باسلەوەدەكەن، فشارێك لەسەر پەرلەمان هەیە بۆ ئەوەی ماددەی تایبەت بە ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان لە یاسای هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، هەڵوەشێنێتەوە.
ناوی ئەو لایەنانەی كە ئەم داواكارییەیان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە هێشتا نادیارە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان ئەو لایەنانە هەڵوەشاندنەوەی ئەو ماددەیان كردوەتە مەرج بۆ بەشداربونیان لە كۆبونەوەی پەرلەمان و تەواوكردنی نیساب لەبارەی پرسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان.
نزیكەی دوو مانگ تێپەڕیووە بەسەر بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق، بەڵام تائێستا ئەنجامە راگەیەندراوەكانی هەڵبژاردن پەسەند نەكراون.
بەپێی ئەو هەموارەی كە پەرلەمانی عێراق لە یاسای هەڵبژاردندا كردویەتی دەبێت دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار جارێكی تر بەشێوەی دەستی ئەژماربكرێنەوە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراقیش ئەژماركردنەوەی دەستیی پەسەندكردووە، بەڵام ئەم مادەیە لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، هەندێك دەڵێن مەبەست لە ناوەڕۆكی ماددەكە ئەوەیە تەنیا دەنگی ئەو سندوقانە ئەژماربكرێنەوە كە گومانی ساختەكارییان لەسەرە، لەبەرامبەردا هەندێكی باس لەوە دەكەن مەبەست لە ماددە یاساییەكە ئەژماركردنەوەی تەواوەتی دەنگەكانە لەسەرتاسەری عێراق.
لەنێوان ئەم دوو بۆچونەدا ئەو دادوەرانەی كە لە جێگای ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دانراون قسەی یەكلاكەرەوەیان كرد و رایانگەیاند، ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان تەنیا ئەو سندوقانە دەگرێتەوە كە تانەیان لەسەرە.
سەلیم جبوری: هەفتەی داهاتوو ئەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان دەستپێدەكات
لە پاڵ هەوڵە یاساییەكان بۆ ئیفلیجكردنی ئەو ماددەیەی كە تایبەتە بە ئەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان، لە پشت پەردەشەوە هەوڵی سیاسی خراوەتەگەڕ بۆ ئیفلیكردنی ماددەكە.
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە سەرۆكی هاوپەیمانی (النصر- سەركەوتن)ە پێشتر بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بەرگری لە ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان دەكرد، بەمدواییە لەگەڵ موقتەدا سەدر سەرۆكی لیستی سائرون هاوپەیمانێتی كرد كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە.
هاوپەیمانی نێوان عەبادی و سەدر وەكو چەقاندنی بزمارێك بوو لە تابوتی ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان، ئەو هاوپەیمانێتییە زۆرێك لە لایەنە ناڕەزاییەكانی عێراقی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان توشی شۆك كرد.
لەكاتێكدا هێشتا پرۆسەی ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان دەستی پێنەكردووە، لایەنە سیاسییەكان سەرقاڵی دروستكردنی كوتلەی گەورەن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق.
موقتەدا سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی 12ی ئایار تائێستا سێ هاوپەیمانێتی كردووە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت:
یەكەم: هاوپەیمانی لەگەڵ ئەیاد عەلاوی سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانی و عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە
دووەم: هاوپەیمانێتی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانێتی فەتح
سێیەم: هاوپەیمانێتی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی النصر
بەڵام پێناچێت پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێ بەو ئاسانییە تێپەڕێت، بەپێی دەستوری عێراق پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت دەبێت بەم قۆناغانەدا تێپەڕی:
قۆناغی یەكەم: كۆبونەوەی پەرلەمانی هەڵبژێردراوی نوێ و سوێندخواردنی ئەندامان
قۆناغی دووەم: لە یەكەم دانیشتنیدا پەرلەمانی نوێ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵدەبژێرن (سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران)
قۆناغی سێیەم: دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، پەرلەمان دەنگ دەدات لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار
قۆناغی چوارەم: سەرۆك كۆمار دوای هەڵبژاردن و سوێندخواردنی لیستی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن رادەسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەت
سەرباری ئەم رێوشوێنانە، پرسی درێژكردنەوەی خولی پەرلەمان رەنگە هەندێك مشتومڕ دروستبكات و كاتەكە درێژبكاتەوە، بەتایبەتیش كە ژمارەیەكی زۆر لە لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان رەتدەكەنەوە و داوای دەستبەكاربونی پەرلەمانی هەڵبژێردراوی نوێ دەكەن، ئەمەش بزمارێكی ترە كە لە تابوتی پرۆسەی ئەژماركردنەوەی دەنگەكان دەدرێت.
لەبەرامبەردا لایەنە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن هەوڵی ئەوە دەدەن بەر لە دەستبەكاربونی پەرلەمانی نوێ پرۆسەی ئەژماركردنی دەستیی دەنگەكان بەڕێوەبچێت و پەرلەمانی نوێ لەسەر بنەمای ئەنجامی ژماردنەوەی دەستیی پێكبێت، بەگوێرەی قسەی سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، هەفتەی داهاتوو پرۆسەی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان دەستپێدەكات.
لایەنە كوردییەكان و ژماردنەوەی دەنگەكان
سەرەتای ناڕەزایەتی لە ئەندامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار لە هەرێمی كوردستانەوە دەستیپێكرد و دواتر پەڕییەوە بۆ ناوچەكانی تری عێراق.
لە هەرێمی كوردستان شەش لایەن كە پێكدێت لە (بزوتنەوەی گۆڕان- یەكگرتووی ئیسلامی- كۆمەڵی ئیسلامی- هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری - بزوتنەوەی ئیسلامی- حزبی شیوعی) ناڕازین لە ئەنجامی هەڵبژاردن و داوای ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان دەكەن.
ئەم لایەنان بەتایبەتی (بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) لە دوای هەڵبژاردن ناڕەزایەتییەكانیان گەیشتە ئاستێك كە باسیان لە كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەكرد، بەڵام وردە وردە لەو بیرۆكەیە پاشەكشێیان كرد.
لەبەرامبەردا هەریەكە لە (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان) هێندەی چاویان لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقە هێندە بایەخ بە مشتومڕی ئەژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان نادەن.
پارتی و یەكێتی بەبێ بانگهێشتكردنیان بۆ ناو هاوپەیمانییەكە، لەگەڵ راگەیاندنی هاوپەیمانێتی نێوان سەدر و هادی عامری بەشێوەیەكی خێرا پیرۆزباییان كرد و ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ بەشداریكردن تێیدا.
بەم بارودۆخەوە پێناچێت ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان بەوشێوەیە بەڕێوەبچێت كە لایەنە ناڕازییەكان دەیانەوێت، رەنگە لە باشترین حاڵدا ئەژماركردنەوەی دەنگەكان دەنگی چەند وێستگە و بنكەیەك بگرێتەوە و گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لەو ئەنجامانەدا دروست نەكات كە پێشتر كۆمسیۆنی هەڵبژاردن رایگەیاندووە.