"با بۆ چارەسەركردنی نەبوونی ئاو و كارەبا پەنا بۆ وڵاتان ببەین"
2018-07-09 10:53:19
(درەو میدیا):
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر و هاوپەیمانی " سائرون" ڕایدەگەیەنێت با حكومەت بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمی ئاو و كارەبا و خراپی كەرتی تەندروستی و پەروەردە پشت بە وڵاتانی دراوسێ ببەستێت، نەك لە پێكهێنانی حكومەتدا.
سەدر لە نوێترین تویتیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت: " لەبەر خۆشەویستی عێراق ئامۆژگاری خۆم و ئێوەش دەكەم بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئامۆژگاریانەی خوارەوە:
یەكەم: لەسەر هەموو قەوارە سیاسییەكان پێویستە دانوستانی تایبەت بە پێكهێنانمی هاوپەیمانێتییەكان و دوای ئەوەش لەگەڵ ئەمریكا و وڵاتانی دراوسێ رابگرن، چونكە ئەوە تەنها ئەركی ئێمەی عێراقییەكانە نەك كەسی تر.
دووەم: داوا لە هەموو قەوارە سیاسییەكان دەكەم دووربكەنەوە لە سەنگەرگرتن و هاوپەیمانی تائیفی و ئیتنی بێزراو، من لەلایەن خۆمەوە هەموو جۆرە سەنگەرگرتنێكی سوننی، یان شیعی ، یان كوردی یان هی تر رەتدەكەمەوە و ئامادەیی تەواوم تێدایە هاوكاربم لە پێناوی پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەك لە بەش بەشێنەی حزبی و نەتەوەیی و تائیفی تێبپەڕێنێت.
سێیەم: گەل لە گەرمادا دەناڵێنێت بەدەست گەرما و نەبوونی كارەبا و كەمبوونەوەی ئاوەوە.. ئەگەر حكومەت توانای نییە ئەوە چارەسەربكات، با دەستبەجێ پشت بە وڵاتانی دراوسێ ببەستێت بۆ باشتركردنی دۆخی كارەبا و ئاو و كەرتی تەندروستی و پەروەردە، لەجیاتی ئەوەی بۆ پێكهێنانی حكومەت پشتیان پێ ببەستێت.
من لایخۆمەوە هاوكاری و هاوسۆزی خۆم بۆ گەل رادەگەیەنم و داواكارم هەموو ئەو هێڵە فریاگوزارییانەی كارەبا ببڕدرێت كە سیاسەتمەدارە گەندەڵەكان بە رۆشناییەكەی شادبوون.