" لە كەركوكدا ساختەكاریی زۆر بۆ حزبە كوردییە دەسەڵاتدارەكان كراوە"
2018-07-05 11:54:11
(درەو میدیا):
پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستیی دەنگەكانی پارێزگای كەركوك بە سەرپەرشتی دادوەرەكانی كۆمسیۆن و بە ئامادەبوونی چاودێری قەوارە سیاسییەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان بەردەوامە.
بەوتەی چەند لێپرسراوێكی عێراقی لە بەغداد و كەركوك، جیاوازییەكی زۆر لە ئەنجامی دەنگی 32 بنكەی هەڵبژاردندا هەیە، كە رۆژی سێشەممە و چوارشەممە جارێكی تر بە شێوەی دەستیی ئەژماركراونەتەوە و پێشبینیشدەكەن زیاتر لە 80 كارمەند و لێپرسراوی لقی كەركوكی كۆمسیۆن بە تۆمەتی ساختەكاری رەوانەی دادگا بكرێن.
پرۆسەكی چۆن بەڕێوەدەچێت؟
پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستیی دەنگەكان لە هۆڵێكی وەرزشی ناوەڕاستی شاری كەركوك بەڕێوەدەچێت و 40 فەرمانبەر و هەشت دادوەر كە بۆ ئەو ئەركە دیاریكراون پرۆسەكە بەڕێوەدەبەن و دادوەرێكی سەر بە یەكێك لە كەمایەتییە ئاینییەكان سەرۆكایەتییان دەكات، ئەوەش وەك هەنگاوێك بۆ سەلماندنی بێلایەنی و پاكێتی پرۆسەكە.
لە پرۆسەكەدا رێگەی بە یەك بریكاری حزبەكان دراوە لە دوورەوە چاودێری پرۆسەكە بكات و مافی دەستوەردانی نییە، جگە لەوانیش ژمارەیەك راگەیاندنكار و چاودێرانی كۆمەڵی مەدەنی و چاودێرانی تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەغداد " یۆنامی" چاودێری پرۆسەكە دەكەن، و رێگە بە میدیاكانی عێراق و میدیا بیانییەكانیش نادرێت مۆبایل یان كامێرا ببنە ناو هۆڵەكەوە و پەیامنێران یان رۆژنامەنوسان هاوشێوەی بریكاری قەوارە سیاسییەكان تەنها رێگەیان پێدەدرێت دەفتەرێكی بچوك و قەڵەمێك بەرنە ژوورەوە.
ئەنجامەكان چی دەڵێن؟
ئەنجامی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكانی چەند سندوقێكی كەركوك، دەریخستووە كە جیاوازییەكی زۆر لە نێوان دەنگی سندوقەكان و ئەنجامە راگەیەنراوەكاندا هەیە و رەنگە ئەوەش ببێتە هۆی ئەوەی كە دەنگی هەموو سندوقەكانی كەركوك بەدەستی ئەژماربكرێنەوە.
دەربارەی پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان، دادوەرێك كە داوایكردووە ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە بە رۆژنامەی " العربی الجدید"ی قەتەری راگەیاندووە لەو چەند سندوقەی لە دوو رۆژی رابردوودا دەنگەكانیان بەدەستی ئەژماركراونەتەوە، جیاوازییەكی زۆر گەورە هەیە لە نێوان ئەنجامی ئەلیكترۆنی و ئەنجامی ئەژماری دەستی دەنگی سندوقەكان و ئەوەش رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی دەنگی هەموو سندوقەكانی كەركوك ئەژماربكرێنەوە.
بەوتەی ئەو دادوەرە زۆرترین پرۆسەی ساختەكاریی بۆ حزبە دەسەڵاتدارە كوردییەكان كراوە لەسەر حسابی حزبی توركمانی و عەرەبییەكان لە ناوچە جیاجیاكانی وەك دووز، پردی و ناوەندی كەركوك.
دەشڵێت بۆ نمونە لە وێستگەیەكی دەنگدانی خوێندنگەی " الاخاو: لە داقوق، 209 دەنگ بە شێوەی ئەلیكترۆنیی بۆ كاندیدێكی كورد ئەژماركراوە، بەڵام لە راستیدا 109 دەنگی هێناوە، لە وێستگەیەكی تردا لە دەنگدانی ئەلیكترۆنیدا 10 دەنگ بۆ كاندیدێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان زیادكراوە لە كاتێكدا یەك دەنگی بەدەستهێناوە، ئەوەش لە جیاكردنەوەی دەستیی دەنگی سندوقەكاندا ئاشكرابووە.
لایخۆشیەوە جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانیی، حەسەن تۆران لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی " العربی الجدید" رایگەیاندووە ئەنجامی جیاكردنەوەی دەستی لە دوو رۆژی رابردوودا دەریخستووە كە جیاوازییەكی زۆر لە نێوان ئەنجامی ئەلیكترۆنیی و جیاكردنەوەی دەستیدا هەیە.
تۆران دەڵێت:" بە داخەوە پرۆسەیەكی ساختكاریی زۆر ئاشكرا هەیە و بە زمانی ژمارە، بەڵام پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان بە شێوەیەكی شەفاف و ئاسان بەڕێوەدەچێت و ئێمە خۆشحاڵین پێی، و هیوادارین دەنگی هەموو بنكەكانی دەنگدانی كەركوك كە ژمارەیان 2500ە بەدەستی جیابكرێنەوە نەك تەنها 500 بنكە كە ئێستا جیاكردنەوەی دەستی بۆ دەكرێت و دەركەوتووە كە ساختەكاریی گەورە لە كەركوك كراوە".
هاوكات خالد ئەسەدی سەركردە لە هاوپەیمانی نیشتمانی دەسەڵاتدار دەڵێت:" جیاوازی لە ئەنجامی ئەلیكترۆنیی و جیاكردنەوەی دەستی قەبارەی ئەو ساختەكارییە ئاشكرادەكات كە لە كەركوك كراوە".
ئەسەدی لە بەیاننامەیەكدا دەشڵێت:" دەركەوتنیئەو رێژە زۆرەی دەستكاریكردن، ئاماژەیە بۆ گەورەیی قەبارەی ئەو پرۆسەی ساختەكارییەی لە هەموو پارێزگاكانی عێراقدا كراوە".
ئەسەدی راشیگەیاندوووە كە ئەو پرسە هەموو بەرپرسانی عێراق و خاوەن بڕیار لە دادگای فیدراڵی و دەسەڵاتی دادوەریی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی نیشتمانی و مێژوویی بۆ جێبەجێكردنی یاسا و پابەندكردنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بە ژماردەنەوەی دەستی دەنگەكان لە هەموو پارێزگاكانی عێراق.
بەوتەی ئەسەدی بەهۆی ئاشكراكردنی ساختەكاری ژمارەیەكی زۆر لە بنكەكانی دەنگدان بە تایبەتی لە پارێزگاكانی باشوور لە نێویشیاندا بەسرە و میسان و زیقار، پێویستە ویستی هاوڵاتیان جێبەجێ بكرێت و دەنگی هەموو سندوقەكان بە دەستی جیابكرێتەوە و دەنگ بۆ ئەوانە بگەڕێتەوە كە هاوڵاتیان متمانەیان پێكردون لە هەڵبژاردندا دەنگیان پێداون. داواشی لە هاوڵاتیان كرد داوای مافەكانیان بكەن و بێ دەنگ نەبنن چونكە بێی دەنگی بەوە لێكدەدرێتەوە كە ئەوان قایلن بەو دەستكارییە گەورەیەی لە هەڵبژاردنی 2018 دا كراوە.
ژماردنەوەی هەموو سندوقەكان
سەركردەیەكی دیاری كوتلەی عەرەبیی لە كەركوك بە رۆژنامەی " العربیی الجدید" راگەیاندووە كە توركمانەكان و پارتە ئۆپۆزسیۆنە كوردییەكان بەڵێننامەیەكیان ئیمزاكردووە و داوادەكەن ئەگەر رێژەی جیاوازی نێوان ئەنجامی ئەلیكترۆنیی و جیاكردنەوەی دەستی زیاتر بوو لەسدا 40 زیاتر بوو، ئەوا دەنگی هەموو سندوقەكانی كەركوك بە دەستی جیابكرێتەوە.
ئاشكراشیكرد سەركردە سیاسییەكانی عەرەب و توركمان و هێزە شیعییەكان لە بەغداد دیاترینیان " فەتح و نەسر" تەوافقیان كردوووە لەسەر ئەوەی كە ئەگەر جیاوازییەكە زۆر بوو، ئەوا دەنگی هەموو سندوقەكانی كەركوك بە دەستی جیابكرێتەوە و بەوتەی ئەو پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان لە كەركوك زیاتر لەوەی چاوەڕوان دەكرا دەخایەنێت.