حكومەتی كاربەڕێكەر چییە و دەسەڵاتەكانی چین؟
2018-07-01 13:05:44
راپۆرت: نامیق رەسوڵ
خولی یاسایی پەرلەمانی عێراق كۆتاییهات، تائێستا ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە پەسەندنەكراون تا هەنگاوە دەستورییەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەستپێبكەن، بەهۆی ئەژماركردنەوەی دەستیی بەشێك لە دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاریش پێدەچێت ئەو پرۆسەیە لە وادەی دەستوری خۆی دوا بكەوێت.
لە كاتی نەبوونی پەرلەماندا كە یەكێك لە ئەركەكانی بریتییە لە چاودێریكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردن"حكومەت"، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەبێتە حكومەتی كاربەڕێكەر " تصریف الاعمال".
سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی حكومەتی عێراق لەسەرتای ئەم هەفتەیەوە دەبێتە حكومەتی كاربەڕێكەر، لەمەولا لەبری هەموو هەفتەیەك، دوو هەفتەجارێك كۆدەبێتەوە.
ئەو سەرچاوەیە بە سایتی " غەد پرێس"ی وت:" ئەنجومەنی وەزیران تەنها بەدواداچوون بۆ پرۆژە بڕیارلێدراوەكان دەكات و دەسەڵاتی ئەوەی نامێنێت پرۆژە یاسا و رێككەوتنی نێودەوڵەتی بكات".
دەستوری عێراق و حكومەتی كاربەڕێكەر
حكومەتی كاربەڕێكەر یان حكومەتی راپەڕێنەری كاروبارەكان، حكومەتێكی كاتییە و دەسەڵاتی سنودارە بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری وڵات لەكاتی قۆناغێكی راگوزەر یان هەڵبژاردن یان دۆخێكی نائاسایی هەتا حكومەتی نوێ پێكدەهێنرێت.
لە دەستوری هەمیشەیی عێراقدا كە ساڵی 2005 نوسراوە و پەسەندكراوە لە دوو شوێندا باس لە چەمكی حكومەتی كاربەڕێكەركراوە، یەكەمیان لە مادەی ( 61/ هەشتەم/ د) و دووەمیان لە مادەی (64) دا.
لە مادەی ( 61/هەشتەم/د) دا هاتووە:
" لەكاتی دەنگدان لەسەر سەندنەوەی متمانە لە كۆی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەكان لە پۆستەكانیان بۆ راپەڕاندنی كاروباری رۆژانە بەردەوام دەبن بۆ ماوەیەك كە لە 30 رۆژ زیاتر نەبێت، هەتا ئەنجومەنی نوێی وەزیران بە گوێرەی حكومەكانی مادەی 76ی ئەم دەستورە پێكدەهێنرێت".
هەروەها مادەی (64) دەستوری هەمیشەیی عێراق دەڵێت:
یەكەم: لەسەر داوای سێیەكی ئەندامان یان لەسەر داوای سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بە رەزامەندی سەرۆك كۆمار، ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی رەهای ئەندامەكانی هەڵدەوەشێنرێتەوە و نابێت ئەنجومەنی نوێنەران لەكاتی لێپرسینەوە لە سەرۆك وەزیران هەڵبوەشێنرێتەوە.
دووەم: سەرۆك كۆمار لە كاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەراندا، داوادەكات هەڵبژاردنی گشتی لە وڵاتدا بەڕێوەبچێت لە ماوەیەكدا كە 60 رۆژ زیاتر نەبێت لە رۆژی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، ئەنجومەنی وەزیران لەم حاڵەتەدا بە دەستلەكاركێشاوە دادەنرێت و بەردەوام دەبێت لە بەڕێكردنی كاروباری رۆژانەدا.
دەسەڵاتەكانی حكومەتی كاربەڕێكەر
1- حكومەت دەسەڵاتی ئەوەی هەیە كاروباری رۆژانە و كارە رۆتیینەكان بەڕێبكات، ئەوەش ئەو كارانە دەگرێتەوە كە ناتوانرێت دوابخرێن یان رابگیرێن چونكە دەبێتە هۆی پەككەوتنی دامودەزگا گشتییەكان، بۆ نمونە ئیمزای وەزیری كارەبا لەسەر گرێبەستێك لەگەڵ وەزیری نەوت بۆ ئامادەكردنی سوتەمەنی بۆ وێستگەكانی كارەبا.
2- دەركردنی بڕیاری ئیداریی پێویست بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسانەی كە بە تێپەڕینی كات لەڕووی یاساییەوە كۆتاییان پێدێت یان دەركردنی بڕیارێكی گونجاو دەربارەی گرێبەستە دواخراوەكان.
3- چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە پێویستیان بە بڕیاری بەپەلە هەیە بەهۆی سروشتی ئەو كێشانەوە كە دواخستن هەڵناگرن، بۆ نمونە گرێبەستێك كە وەزارەتی بازرگانی كردوویەتی بۆ هاوردەكردنی خۆراك و ئەو مادانەش مایەی ئەوەیە لەناوبچن بەهۆی دۆخی كەشوهەواوە، بۆیە پێویستە حكومەتی كاربەڕێكەر بڕیاری گونجاوی لەسەر بدات.
4- ئەو كاروبارانەی كە كێشەیان تێدانییە و قورس نین، وەك ئەو بڕیارەی كە وەزیری تایبەتمەند دەیدات بۆ راكێشانی بڕێك پارە لەو بانكەی كە وەزارەتەكەی مامەڵەی لەگەڵدا دەكات بۆ دابەشكردنی موچەی كارمەندەكانی.
5- حكومەتی كاربەڕێكەر ناتوانێت هیچ بڕیارێك بدات كە كۆتوبەند بۆ حكومەتی داهاتوو دروستبكات.