Draw Media

لادێیشم‌و قاوەش ئەخۆمەوە!

لادێیشم‌و قاوەش ئەخۆمەوە!

2021-09-30 08:44:24


حسێن عەلی شەریف
بەر لەچەند ساڵێك كە تازە قاوە خواردنەوە بوبوو بە مۆركی موسەقەفبوون‌و شاریبوون، خوشكەزاكانم دەعواتی كافتریایەكیان كردم لە سلێمانی.
هەر كە گەشتینە بەردەم كافتریاكە، پیاوێكی بە ویقار لەبەردەم دەرگاكەدا فەرموو فەرمووی لێكردین.
من بە دیمەنی خۆچەماندنەوەو خۆبچوككردنەوەی پیاوەكە تەواو شەرمەزاربووم‌و بەهیچ شێوەیەك حەزم نەكرد بەوشێوە بیبینم.
خوشكەزایەكم گوتی: خاڵۆ ئێرە جێگایەكی زۆر ڕاقیە!
منیش بەتەواوەتی ترسم لێنیشت، چونكە هەمیشە كێشەم هەبووە لەگەڵ ناوی  ڕاقی.
هەمیشە لە جێگای ڕاقیدا هەستم كردووە ئەوە من نیم دانیشتووم، بەڵكو ئەوە كەسێكی درۆزنە لە پێستی مندا.
لە جێگای ڕاقیدا جگە لە كۆمەڵێك دەموچاوی ناڕاقی هیچی تر نابینیت، خەڵكانێك كە تەنها خەریكی نمایشكردنن‌و گرنگی بە چواردەوری خۆیان نادەن‌و بە پۆزەوە سەیری ئەملاولا ئەكەن.
وابزانم نزیكی چل هەزار دیناریان بۆ قاوەو ئاوەكە لێوەگرتین!
بەخوشكەزاكانم گوت: ئەمە ناخۆشترین‌و گرانترین قاوە بوو كە تائێستا خواردبێتمەوە، چونكە لە نەرویج لە خۆشترین جێگادا تەنها پارەی یەكەم قاوە ئەدەیت‌و دواتر چەند قاوە ئەخۆیتەوە لەسەر هەمان پارەیە!
بۆ شەوەكەشی دەعواتیانكردم بۆ جێگایەك كە پێیان ئەگوت لایڤ موزیك، ڕەنگە ناوەكەشی بەهەڵە بڵی. 
ئەتوانم بڵێم یەكێكبوو لە ناخۆشترین شەوەكانی ژیانم، بەڵام سەیرم لەوە ئەهات كە ئەو هەموو خەڵكە لەوێ دانیشتبوون‌و جێگای كەسی تر نەئەبویەوەو هەر مێزیك لانی كەم سێسەد بۆ چوارسەد دۆلاری ئەویست.
لەوانم پرسی باشە خەڵكی هەر باسی بێ پارەیی ئەكەن كەواتە ئەمە چیە من ئەیبینم؟
دواجار داوام لێكردن كە بەزوترین كات لەو جێگایە بمبەنە دەرەوە، چونكە بەڕاستی كوڕی ئەوێ نەبووم‌و بەهەڵە كەوتبوومە ئەوێ.
من لەسەرەتای ژیانی ئەوروپاشمدا كە شەش ساڵی یەكەمی سینگڵ بووم، تەنها یەكجار دیسكۆم بینیوە.
هەمیشە هاوڕێكانم ئەیانگوت بۆ نایەی بۆ دیسكۆ بەڵكو ئافرەتێك پەیدابكەیت! منیش ئەمگوت ئافرەتیك لە دیسكۆدا دەستبكەوێت هەر لە دیسكۆشدا لە دەستئەچێت.
ئەوجارەش كە چومە دیسكۆ هیندە دیاردەی ناشیرینم لە هاوزمانەكانی خۆم بینی شەرمم بەخۆم ئەهات.
جا لەسەرەتای كۆڕەوی كوردان بۆ ئەوروپا، لە زۆربەی وڵاتەكان كوردیان لە دیسكۆكان نەئەكردە ژورەوە! هۆكارەكەش ڕەگەزپەرستی نەبوو، بەڵكو كوردەكان هەر لە سەرەتاوە بەسەرخۆشی ئەرۆشتنە دیسكۆكان زۆرینەیان سەر لەئێوارە بە چوار بیرەی ئاڵدی ولیدڵ* خۆیان سەرخۆش ئەكرد بۆ ئەوەی لە دیسكۆكاندا بیرە نەكڕن، چونكە بیرەی دیسكۆ گرانبوو!
عەبەی حەمەومین كەوكوژ، بەوەشەوە نەئەوەستاو هەمیشە بیرەكانی پڕئەكرد لە خوێ!
چونكە ئەیگوت ئەگەر خوێی تێبكەیت زوتر ئەتگرێت!
لەهەموو دونیادا خەڵك بۆئەوە ئەخواتەوە كە خۆشحاڵبێت، كەچی ئێمە خواردنەوەمان بۆ خەفەت ئەخواردەوە، هەربۆیە كە بەدمەست ئەبووین ئیتر سەرەتا بۆ دایكمان ئەگریاین‌و دواتر بۆ هەڵەبجەو ئەنجا بۆ شەهێنی خوشكەزامان! هەربۆیە ژن‌و كچە ئەوروپییەكان خۆیان لە كورد لائەدا.
زۆرینەی كوردەكان لە دیسكۆكاندا كە پرسیاریان لێئەكرا خەڵكی كوێیت؟ نەیانئەگوت كە خەڵكی كوردستانین!
هەریەكەو وڵاتێكی تری بۆ خۆی هەڵئەبژارد، یۆنانی، ئیتالی، مەغریبی، توركی،  ئیتر ئاوەها.
جا كە بەمنیان ئەگوت بۆ نایەی بۆ دیسكۆ؟
منیش ئەمگوت كاكە ئێوە هەریەكەو میلەتێكتان بۆ خۆتان هەڵبژاردوە، ئێ منیش جگە لە كورد لە هیج نەتەوەیەكی تر ناچم!
ئەسحاوەكە نامیقی فەتاح بێسەر لە دیسكۆیەكدا گوتبووی خەڵكی یابانم!
ئەوانیش گوتبوویان ئەی بۆلە یابانی ناچیت؟
ئیتر گوتبوی بۆ یابانی چۆنە؟!

كوردەكان پێچەوانەوەی دیسكۆكان كە نەیانئەگوت كە كوردن، بەڵام لە یۆنان كە بلیتی پاسیان نەئەكڕی‌و بەڕەش سەرئەكەوتن، هەر كە كۆنترۆڵ ئەهات‌و داوای بلیتی ئەكرد، یەكسەر ئەیانگوت: كوردۆس، سەدام هوسەین، بۆمب، هەڵەبجە، عەبدوڵا ئۆجەلان!
لەزەتی كوردستان لەوەدایە كە بۆ چا خواردنەوە بڕۆیتە چاخانەیەك‌و بۆ نانی بەیانی لەگەڵ ئەو خەڵكەدا نان‌و ماستێك بخۆیت، كە برسیت بوو لای سۆفی نیعمەت‌و وەستا تالیم دوو شیش كەباب بخۆیت.
لەزەت لە شوینی ڕاقیدا نیە، ئەو شوێنانەی كە ناویان ناوە شوینی ڕاقی، جگە لە مرۆڤی ڕەق هیچی تری تیا نیە، جگە لە خواردنی پیس‌و خەڵكی دەمامكدارو پۆزلێدەر هیچی تر نابینیت.
براگیان منیش یەكەم عەشایەرم
*ئاڵدی و لیدڵ هەرزانترین سۆپەرماركێتن لە ئەوروپا !
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand