Draw Media

 شوان داودی ئیتر دەنوسم ...(5) لای هەموان رونە لە ئەنجامی كەتنەکەی 8 ی تەموز بۆ ڕێگرتن لە پەرەسەندنی ئاژاوە خۆێنڕشتن و نائارامی ، لاهوری شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە 15ی تەموز دەستپێشخەری کرد و لە نیمچە کۆبونەوەیەکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا بە مەرج دەستبەرداری دەسەڵاتەکانی بوو بۆ هاوسەرۆکی دووەم باڤڵ تاڵەبانی تا ئەنجامدانی کۆبونەوەی سەرکردایەتی و یەکلایی کردنەوەی ئەو دۆخە بە رێکاری حزبی  ویاسایی ، لە 17ی تەموز  ئەو بابەتە لەلایەن  کارگێرەوە بڕیاری پێ دەرکرا . لەو ڕۆژەوە تا ئێستا نەیانتوانیوە کۆبونەوەی سەرکردایەتی بکەن ، چونکە هەنگاوەکان لەگەڵ پەیرەودا یەکناگرنەوە ، بۆیە بەردەوام  لە هەوڵدا بوونە پێچاوپێج بە پەیرەودا بکەن بۆ ئەوەی شەرعیەت بە کارەکەیان بدەن بەڵام نەیانوانیوە ، بۆیە لە زۆر شوێندا باز بەسەر پەیرەودا دەدەن بۆ بردنە پێشەوەی پرۆسەکەیان . من لەم نوسینە نامەوێ قسە لە سەر هۆکار و فاکتەرە  حزبی و ناوخۆی و هەرێمەیاتیەکانی ئەو دۆخە بکەم  ، تەنها لە سەر ئەو پرسە دەوەستم کە لەگەڵ ئەوەی لاهور هیچ دەسەڵاتێکی نەماوە و هیچ هێزێکی بە دەستەوە نیە ، هۆکار و نهێنی ئەو ترسە زۆرەی دەباشان لە لاهور چیە ؟ وە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە ، ئەو شڵەژان و نائارامیە دەرونیە چیە توشی بوون وخەوی لە چاویان تۆراندوەو شارێکیان خستۆتە دڵەڕاوکێوە ! لێرەدا بابەتێک باس دەکەم ڕەنگە زۆرێکتان بڕوانەکەن ، حەقی خۆشتانە بەگومان بن لێی ، چونکە مەعقوڵ چیە ، حزبێکی سۆسیال دیموکرات و خاوەن پاشخانێکی چەپ کاری وا بکات و بڕوای پێ هەبێ ! پێش ئەوەی بڕۆمە سەر بابەتەکە دەگێڕنەوە : سکرتێرەکەی ستالین هاتە ژوورەوە بە ستالینی وت: کەسێک لای دەرگا وەستاوە دەڵێت : ئەتوانم پێشبینی داهاتوو بکەم ! ستالین بێ دوو دڵی یەکسەر وەڵامی دایەوە و گوتی : لە سێدارەی بدەن... کابرایان گرت و لە سێدارەیاندا ! ستالین وتی : ئەگەر  شارەزای داهاتوو بوایە بە پێیەکانی خۆی نەئەهاتە بەردەم پەتی سێدارە، دەیزانی بێتە ئێرە لە سێدارە دەدرێ... بۆیە ئەوەی من کردم بریتیە لە وشک کردنی سەرچاوەکانی گەمژاندن، تا لە داهاتوو پیرۆز نەکرێن. ئەم باسەی ستالینم بۆیە هێنایەوە چونکە پەیوەستە بە چیرۆکی نهێنی بابەتەکەمانەوە.  لە پێش هەڵبژانەکانی ڕابردوو وەفدێکی یەکێتی نوێ بە سەرۆکایەتی (ش .ج .م) دەڕۆنە لای فاڵچیەک لە شاری سلێمانی کە بە شێخ لوقمان ناسراوە بۆ ئەوەی پێشبینی دۆخی یەکێتییان بۆ بکات ، شێخ لوقمان بەجارێک تۆقی بردون و پێی ڕاگەیاندون گەر دۆخی یەکێتی تا کۆتایی ئەمساڵ یەکلایی نەبێتەوە لاهوری شێخ جەنگی مێزەکە وەڕدەگێڕێ و هەمووتان لە ناو دەچن .  دوای ئەو پێشبینییەی شێخ لوقمان بۆ وەفدە سۆسیال دیموکراتەکە ، پێش هەڵبژاردنەکان وەک خۆئامادەکردن  بۆ خۆپارێزی لە لاهور  کۆمەڵێ ئیجرائات کرا ،لەوانە گواستنەوەی نزیکەی 800 پێشمەرگە لە هێزەکانی سکرتاریەت و پشتیوانی دوو بۆ سەر کۆماندۆ و تەجهیز کردنیان بە بڕی 6 ملیون دۆلار . لە گەڵ ئەنجام دانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و نزیک بونەوەی کۆتایی ساڵ ترسەکان لە لاهور زیادی کردون،  بۆیە بڕیاری دەرکردنی خۆی و چوار لە هاوڕێکانی درا بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئێستاش بەتەمان لەکۆبونەوەی سەرکردایەتی هەموو کارو بڕیارەکانیان دێزە بەدەڕخۆنە بکەن و تێپەڕێنن . دوای بریاری دەرکردنی لاهور و هاوڕێکانی ،لاهور جەنگی نامەیەکی ئاڕاستەی سەرکردایەتی کرد و تیایدا هەموو ئەو بڕیارانەی رەت کردەوەو داوای گێڕانەوەی دەسەڵاتەکانی کرد ، ئەمە ئەوەندەی تر دۆخەکەی شەڵەژاند ، چونکە لە سەری ساڵ نزیک بوینەتەوە و ترسیان لە هاتنەدی پێشبینیەکانی فالچیەکەی سلێمانی هەیە کە لاهور لەم مانگەدا مێزەکە بەسەریاندا وەڕگێڕێ و بنەماکانی یارییەکە بگۆڕێت ، ئەم بڕواکردنە بە فاڵچی و ئەم  ترسەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە متمانەیان بە خۆیان و هەنگاوەکانیان نیە . ستالین بۆ ڕێگرتن لە گەمژاندن کابرای فاڵچی لەسێدارەدا کە خۆی بەپێی خۆی ڕۆشتبووە دەرگاکەی بۆ ئەوەی پێشبینی بۆ بکات ، دەبێ ئێمەی سۆسیال دیموکرات چی ئومێدێک لە حزبێک و قیادەیەک بکەین کە خۆیان دەچنە بەر دەرگای فاڵچیەکان بۆ ئەوەی پێشبینی سیاسیان بۆ بکەن ، لەسەر بنەمای پێشبینی فاڵچیەکان بڕیار دەدەن و هەنگاو دەنێن .


کاوە محەمەد  لەمێژوودا ئەو دەسەڵاتانەی بە شۆڕش و راپەڕین و کودەتا رۆژیان ئاوابووە، ئەو دەسەڵاتە بێ گوێ و نابینایانە بوون کە هەمیشە خەریکی داتاشینی بیانوو بوون بۆ شکستەکانیان، بەردەوام لەهەوڵی کارخانەسازیی دروستکردنی دوژمنی وەهمی و فڕێدانە دەرەوەی کێشەکان بوون..ئێ بەدڵنیاییەوە ئەوان کە هەمیشە خۆیان لەباجی چاکسازیی دەدزنەوە، کێشەکان لەسەر یەک کەڵەکە دەبن و رۆژ بە رۆژ نیگەرانی و ناڕەزاییەکان زیاتر و بەرفراوانتر دەبن، تا ئیتر خەڵک دەگەنە ئەوپەڕی بێ ئومێدی و جگە لەتەقینەوەی جەماوەری هیچ دەرەتانێک لەبەردەمدا نامێنێت..نموونەکانی دەسەڵاتە دیکتاتۆر و سەرکوتکەرەکانی مێژووی نزیکی ناوچەکە لەبەرچاون، ئەگەر دەسەڵاتێک هەبێت چاو و گوێی هەبێت و ئامادەگی سیاسی و ئەخلاقی ئەوەی تێدابێت کە پەندیان لێ وەرگرێت. بەڵام جێی سەرنجە کە زۆربەی ئەو دەسەڵانانە لەیەک دەچن و هەمان جیناتی کەڕی و کوێری لەکرۆمۆسۆمەکانیاندا بوونی هەیە، هەر بۆیەشە هەمان چارەنووسی نغرۆبوونیان بە نسیب دەبێت. جێگەی داخە کە دەسەڵات لەهەرێمی کوردستانیش هەمان مۆدێل و کۆپی ئەو تایپەیە لەدەسەڵات و لەساڵی (١٩٩١) ەوە تا ئێستا، ساڵ بە ساڵ لەئاست ئەو هەموو کێشە و قەیرانانەی یەخەی هەرێمیان گرتووە، کوێرتر و کەڕتر دەبن و کەمترین شەهامەتی سیاسیان نیە کە دان بە شکستە یەک لەدوای یەکەکانیاندا بنێن و لەخاڵێکدا ستۆپ بە گالیسکە شەقوشڕەکەی حوکمڕانیان بکەن و خەمی کورسی و دەسەڵاتدارێتیان بە خەمی نیشتیمان و هاونیشتیمانیان بگۆڕنەوە. نوێترین نموونە؛ ئەو پاساوە بێ لەزەتاتەیە کە بۆ کۆچی بە لێشاوی خەڵک بۆ سنوورەکانی بیلاروسیا و پۆڵەندا دەیهێننەوە و جارێک پەکەکە و جارێکی تر بەغدا و تەنانەت خودی کۆچکردووانی دەستی نەهامەتیەکانیش تۆمەتبار دەکەن کە هۆکارن، تەنها خۆیان نەبێت، وەک ئەوەی ئەو خەڵکە داماوە بەدوای خۆشیەکانی ژیان کەوتوون، نەک لەدەست بەدکاری و بێدادییەکانی ئەوان سەریان هەڵگرتبێت و ئەو رێگایەی هات و نەهاتیان هەڵبژاردبێت. ئەمەش دیسانەوە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێتەوە کە تەنها تەقینەوەی جەماوەری لەبەردەم خەڵکدا ماوەتەوە، چونکە روژ بە رۆژ تارمایی نائومێدی تاریکتر و بەرفراوانتر دەبێت و ئەم دەسەڵاتە نابەرپرسیار و بێ بێ باکە هیچ بژاردەیەکی تر بۆ خەڵک ناهێڵێتەوە کە پەنای بۆ ببەن و تینوێتیی چاوەڕوانیان بشکێنێت. 


ئاری محەمەد هەرسین لەوەتەی ئینسان هەیە کۆچکردنیش هەیە. پێغەمبەری خۆشەویستی ئیسلام (درودی خوای لێ بێت) لە مەککەوە کۆچی کرد بۆ مەدینە. پێشتر موسا لە میسرەوە کۆچی کردبو. جارێکیان لە قەولی شاعیرێکی ئیسپانی کە لە سەردەمی حوکمی فاشیستا ناچار بوە وڵاتەکەی بە جێ بهێڵێت لە کتێبێکا بە زمانی فارسی (کە بەداخەوە ئێستا ناوی کتێبەکەم بیر نەماوە ) خوێندمەوە: `` یەکەمین مردن و دواهەمین مردنم جێهێشتنی زۆرەملێی نیشتیمانم بوو… هیچ مردنێک لەدوای ئەوە ترسناک نیە``.  جێهێشتنی نیشتیمان، گەر بە ئارەزوی شەخسی بێت، ئەوا گەشتو گوزارە. یانیش گەڕانە بەدوای خەون و ئارەزوی شەخسی. بۆیە ئەم جۆرە لە کۆچ کردن، ئەگەر باجێکیشی لەسەر بێت، ئەوا جامە ژەهرەکەی مامۆستا هەردی شاعیرە و ئۆباڵەکەشی دیارە: بەدەستی خۆت کە جامت خستە سەر لێوت غەشیمانە ئەگەر ژەهریشی تێدابو گوناهی خۆتە بیزانە واز لە گوتارە پۆپۆلیستیەکەی (بەناو) ئوپۆزۆسیۆن بێنە. مەبەستم لە دوو جۆر ئوپۆزۆسیۆنە. یەکێکیان ئەوانەی ساڵانی دوورو درێژ بەشدار بوون لە حوکمڕانی ئەم وڵاتەدا. ئەوەی تریش ئەوانەی تازە پێگەیشتون و، جارێ قەرزە شەخسیەکانی خۆیان پێ نادرێتەوە، کەچی باسی خەرجی و قەرزی حکومەتێک ئەکەن…! هەردووک لەم جۆرە لە ئۆپۆزسیۆن لە ئێستادا وەک ئەکتەرێک تەمسیلی خەمخۆری و تەعزێباری هاونیشتیمانیانی ئێمەن لە (ڕوسی سپی). وەک دەڵێن: ئەوەی لە شەڕ دوورە، شمشێری تیژە. ئەم جۆرە لە خەڵکی هەلپەرست، کێشەی بێ کاری، کارەبا، مووچە، گرانی بەنزین و… هەتا دێت، بە چارەکە سەعاتێک چارەسەر دەکەن…! هۆکارەکەشی ئەوەیە لە هەمو ژیانیاندا بۆ چرکە ساتێکیش بڕیار بەدەست و حوکمڕانی ڕاستەقینە نەبون. وا دەزانن چارەسەری کێشە سیاسی، ئابوری، دیپلۆماسی، سەربازی و کۆمەڵایەتیەکان بەقەدەر نوسینەوەی پۆستێکی فەیسبوک سادەوساکار بەدەستەوە دێت و عیلاج دەکرێت. منداڵێکی ١٥ یان ١٦ ساڵ بۆ بگاتە سنوری پۆڵۆنیا؟… خێزانێک کە خۆی دان بەوەدا دەنێت زیاد لە ٢٠ هەزار دۆلاری سەرف کردوە (دوو دە فتەر) لە کام فەقیری و بێ دەرامەتی هەڵاتوە؟… چەنێک لەوانەی کە بەڕێوەن بۆ بەهەشتەکەی ئەوروپا، زیندانی سیاسی بوون و لە زیندانەکانی ئاسایشی هەڵەبجەو سلێمانی و هەولێر و دهۆکا ئەشکەنجە دراون و حوکمی ئەبەدی و لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوە؟… منداڵی چەندیان لە برساندا گیانی پاکی بە خاک سپێردراوە؟… لە بەهەشتەکەی ئەوروپا پەنابەران دەستەبەندی کراون، وەک: پەنابەری سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی بە نموونە. هەژماری پەنابەری سیاسی لە ئەوروپا لە کەمینەدان (هەر کەسێک پێی خۆشە دەتوانێت سەیری ئامارو دەستەبەندی پەنابەران لە ئەوروپا بکات). بە واتایەکیتر، زۆرینەی پەنابەران کەسانێکن کە لەبەر هۆکاری ئابوری کۆچیان بەرەو ئەوروپا کردوە. بە پێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران (سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان) لە ساڵی ٢٠٢٠ زیاد لە ٨٢ ملیۆن ئینسان لەسەر گۆی زەوی کۆچیان کرددوە. لەم ڕێژە یە ش ٤٢% یان لە ژێر هەژدەساڵەوە بوون.   نوخبەی (بەتایبەتی چەپ) ی ئەوروپی دژی سیاسەتی ڕەت کردنەوەو دیپۆرتکردنی پەنابەرانن. ئێمە ڕێز لە هاوسۆزی ئەم نوخبەیە دەگرین و لەبەرەی خەڵکی ماف خوراوی سەرزەوی حیسابیان بۆ دەکەین. هەر لە هەمان ئەوروپا، حیزبە مامناوەند و ڕاستڕەوەکان زۆر بە توندی دژایەتی پەنا بەران دەکەن. سەیر لەوەدایە دەوڵەتانی ئەوروپا لە دابەشکردنی نیشتیمانی میللەتانی جیهانی سێهەم و نەهامەتی و ناعەدالەتی لەو وڵاتانەدا پشکی شێریان بەر دەکەوێت. لە نیجیریا خوێنی خەڵکی هەژار لە پێناو پشکی کۆمپانیا نەوتیەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا لە بۆرسەی جیهانی دە ڕێژرێت. کەچی ئەگەر هاوڵاتیەکی نیجێریا بچێت داوای پەنابەری لە وڵاتێکی ئەوروپی بکات، پێی دەڵێن بۆ هاتویت؟… ئەوروپا و ئەمەریکا بەهێزترین پشتیوانی دیکتاتۆرەکانن لە جیهانی سێهەم، کەچی کە هاوڵاتی ئەو وڵاتانە خۆیان دەگەیەننە وڵاتێکی ئەوروپی و داوای پەنابەری دەکەن، وەک ئەوەی قەشمەریان پێ بکەن، لێیان دەپرسن: لە وڵاتی تۆ کێشە نیە، بۆ هاتوی بۆ ئێرە؟… لە باشترین حاڵەتیشدا پەنابەران وەک کارتی فشار بەکار دەهێنن لەسەر یەکتر لە پێناو چەند سەد ملیۆن یۆرۆیەک، وەک ئەمەی ڕوسی سپی…! ئەگەر نوخبەیەک لە ئەوروپا هەبوە و هەیە و، یان ئەگەر قسەی کتێب و کردار یەکن، ئەوا ئەمە دەبێت هەر هیچ نەبێت بەقەدەر تۆزقاڵە زەڕڕەیەک لە سیاسەتی ئەو وڵاتانەدا ڕەنگ بداتەوە. کەس بە ئەندازەی نوخبەی ئەوروپی قسەی لەسەر مافی ئینسان و عەدالەتی کۆمەڵایەتی نەکردوە… ئەی کوا؟… ئەگینا ئەوروپا بایی ملیاردەها دۆلار بە ناحەقی لە سامانی جیهانی سێهەم بۆ خۆی ببات و سیستەمە دیموکراسیەکەی خۆی پێ بڕازێنێتەوە، لەملاشەوە کەسانی پەنابەر بە سواڵکەر و بێ موبالات لەقەڵەم بدات و مامەڵەی تاوانبار یان لەگەڵ بکات… ئەوا ئەو جۆرە لە دیموکراسی چاوبەستە و مشتە خۆڵێکە کە چاوی دانیشتوانی جیهانی سێهەم و ئەوروپاشی پێ لێڵ و کوێر دەکەن. بەم قسانە بە هیچ جۆرێک مەبەستم ئەوە نیە کە ئیرادەی خەڵکی جیهانی سێهەم بسڕمەوە و، هەمو کەمو کوڕیەکان بخەمە ئەستۆی ئەوروپا و ئەمەریکا. بەڵکو مەبەست تەنیا ئەوەیە کە گرنگە بە ئاگا بین لەو ناعەدالەتیەی لە کۆمەڵگەی ئینسانیدا هەیەو دونیای خۆرئاواش بێ تاوان و ئەستۆ پاک نیە، وەک ئەوەی لە کتێب و فلیمەکانیاندا نیشانی دەدەن.


ئەبوبەكر عەلی  دیمەنی بەکۆمەڵی کۆچبەرانی کوردستانی باشور لەسەر سنورەکانی پۆڵەندا، جگەلەرووە سۆزداری وئینسانی وناخھەژێنەکەی، جارێکی تر، بەڵام بەجۆرێکی جیاوازو خەمھێنەر، ھەرێمی کوردستان وکوردی کردەوە ڕۆژەڤی سیاسەت ومیدیای جیھانی  وبەتایبەتیش خۆرئاوا.  بۆیە دەشڵێم جیاوازو خەمھێنەر، چونکە ئەگەر کۆڕەوی کوردی باشور لەسەرەتای نەوەدەکاندا، بوو بێتە سەرچاوەی لالێکردنەوەی جیھانی وسەرنج ڕاکێشانی ناوەندە جیھانییەکان وچەندین دەوڵەت وڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ مەرگەسات وچەوساندنەوەی مێژوویی کوردی ئەم پارچەی کوردستان بەدەست ڕژێمە سەرکوتکەرەکان و لەوانەش بەعسەوە، ھەروەھا ھاوسۆزییە مرۆییەکە لەگەڵ گەلی دەربەدەرکراوی کوردستان، دەرھاویشتەی سیاسی   بەقازانجی  مەسەلەی کوردستانی لێکەوتبێتەوە، وەك مەسەلەی گەل ونەتەوەیەکی بێ دەوڵەت وسەرکوتکراوو پەلاماردراوی خۆرھەڵاتی ناوەراست، بەکردەوەش ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ھێنابێتە سەر خەت بۆ دروستکردنی نەوای ئارام، کەبووە سەرەتاو زەمینە سازکەر بۆ ھاتنەکایەی ھەرێمی کوردستان، ئەوا کۆچی  بەکۆمەڵی ئەمجارەیان بەتەواوی پێچەوانەی ئەو  ئاماژەوئەرك ووێنایەیە؟! لەکاتێکیشدا کۆچی بەشێکی دیاریکراو لەدانیشتووانی ھەرێمە،    بەڵام لەھەندێ ڕوەوە، کاریگەری کۆڕەی ھەیە. بەحوکمی تێپەڕاندنی دۆخی کۆچکردنی تاکەکەسی وگروپیی بچوك وتێکەڵبوونی  مەسەلەکە بەململانێی نێوان دەوڵەتان ووێناکردنی وەك کارەساتێکی مرۆیی خەمناك. گۆڕەوی یەکەم مرۆڤ وگەلی کوردستانی وەك قوربانی دەستی ڕژێمێکی داپڵۆسێنەر نیشانی جیھان دا، خۆرئاواش وەك ھاوسۆزی مرۆیی وڕێگرتن لەشاڵاوی پەنابەران وکارتی فشار بەسەر ڕژێمەوە، دروستکردنی نواو پەنای حەسانەوەی بەبەرژەوەندی خۆی دەزانی، ئەوەشی لە  بیربوو کەجەنگی خۆی دژ بەڕژێم ڕۆڵی لەم ئاوارە کردنەدا ھەبووە. لەکاتێکدا کۆچی بەکۆمەڵی ئەمجارە واوێنا دەکرێت: ڕاکردنە لە ژێر  گەندەڵی وبێکاری وناعەدالەتی وھەست بەترس لەسایەی دەسەڵاتێکی خۆماڵی کوردیدا؟! پەیامی یەکجار خراپیشی لەگەڵ خۆیدا ھەڵگرتووە، لەوانەش: ١- لاوازبوونی زیاتری شەرعیەتی نێودەوڵەتی ھەرێمی کوردستان وکەمبونەوەی پشتیوانیە نێو دەوڵەتیەکەی. بەحوکمی ڕەچاونەکردنی پێوەرە کان وژێرپێدانی بەھاکان ونەبوونی دەوڵەت وھێزی تر بۆ چاولێپۆشینی ھەلپەرستانەی خۆرئاوا. ٢- وێناکردنی وەك ھەرێمێکی شکستخواردوو لەڕوی ئابوری وسیاسیەوە، کەتوانای چارەسەری کێشەکانی نیەو بەشێکی بەرچاو لەخەڵکەکەی و بەتایبەتیش لاوان،  ئاسۆیەکی ڕون بۆ خۆیان نابینن. ٣- وێناکردنی ھەرێم وەك دورگەیەك بۆ  سنوردارکردنی  ئازادی وڕەچاونەکردنی پێوەرەکانی ئازادی ڕادەربڕین وھەڵسورانی مەدەنی. ٤- وێناکردنی ھەرێم وەك ئۆردوگاو مەڵبەندێکی زۆرلێکرد وناعەدالەتی وگەندەڵی خراپ سودلێوەرگرتنی توانا ئابورییەکان لەلایەن دوو پارت وبنەماڵەی سیاسیەوە. ٥- پاشەکشەی زیاتری پرسی کوردو متمانە بەناسیۆنالیزمی کوردی لەوەی بتوانێت جێگرەوەیەکی دیموکراسیترو دادپەروەرتر بۆ ڕژێمە باڵادەستەکانی ناوچەکە پێشکەش بکات.  ڕەنگە ھەندێك لەم نێوەندەدا بڵێن: خودی ئەم ڕوداوە وا لەخۆرئاوا وئەوروپا دەکات، لەسۆنگەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان وڕێگری لەشاڵاوی پەنابەران بۆ وڵاتەکانیان، ئاوڕێکی زیاتر لەھەرێمی کوردستان بدەنەوە، بۆئەوەی بتوانێت بەسەر کێشەکانیدا زاڵبێت وبارەئابوریەکەی باشتر بکات وڕێگە لەکۆچی بەکۆمەڵی گەنجەکانی بگرێت؟ ئەوگێڕانەوەش لەحکومەتی ھەرێم ونوخبەی حوکمڕان قبوڵ بکات کەدەڵێت: بەغدا سەرچاوەی کێشەکانە؟ بەڵام لەگەڵ بوونی ھەندێك لۆژیك لەم بۆچونەدا، چەندین ھۆکارھەن ڕێگرن لەوەی شتێکی لەم جۆرە بەشێوەك ڕوبدات،  کاریگەری بەسەر دۆخەکەوە دیار بێت، لەوانەش: ١- نائومێدبونی خۆرئاوا لەنوخبەی دەسەڵاتداری ھەرێم لەوەی توانای چاکسازی جددی مابێت؟ ٢- ئاگاداربونی دەوڵەتانی خۆرئاوا بەواقیعی ھەرێم وقەبارەی گەندەڵی وخراپی ئیدارەدانی سەرچاوەکان وچۆنێتی بەکارھێنانی دادگاکان ومامەڵەکردن لەگەڵ مەلەفی چەك وپارە. ٣- زانیاری وقەناعەتیان دەربارەی قوڵیی ناکۆکی وبوغزە سیاسییەکان وقورسیی پرۆسەی گەلسازی ودروستکردنی ناسنامەیەکی نیشتیمانیی ھاوبەش وبیناکردنەوەی ھەرێمێکی بەھێزو یەکگرتوو ٤- ناڕەزایەتیان لە جۆری مامەڵەی حکومەت لەگەڵ ڕۆژنامەنوس وچالاکوانان وئەوکێشانەی بۆ ئازادی ڕادەربڕین وبەشداری مەدەنی، بەتایبەتیش لەبادیناندا ھاتۆتە پێشێ. کەھاوکات بوونی لەگەڵ ئەم کۆچەچە بەکۆمەڵەدا، قەوارەی زیانگەیاندنی بەناوبانگی ھەرێم چەندقات کردەوە. ھەموو ئەوە پێمان دەڵێت: ئەوەی دەیبینین بەشێکە لەدەرھاویشتەی کێشە کەڵەکەبووەکان، ئەگەر دۆخەکەش بەم جۆرەی ئێستا درێژە بکێشێت، ناکۆکی وگەندەڵی وناعەدالەتی وقەیرانەکان بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام بن، دەبێت بترسین لەوەی، سەری لەڕوخانی قەوارەی ھەرێم وگەورەترین کارەساتی مێژویی نەتەوەیی نوێمانەوە دەربچێت. چونکە بەدەستی خۆمان کەرەسەی ئیدانەکردن و پاساوی ھەڵوەشاندنەوەو چەقۆی سەربڕینمان داوەتە دەست دوژمنەکانمان، ئەوانەی بوونی ھەرێمی کوردستان بۆتە مۆتەکەی سەرسنگیان وبەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێن بۆ کۆتایی پێھێنانی. کارەساتیش ئەوەیە: ئەگەرێکی لەوجۆرە بەرەنجامی شکستی نێوخۆییمان بێت، نەك ھێزو چنگاڵی خوێناوی ئەوان. بەحوکمی ئەوەی سوێکەی قوڵترو ھەڵسانەوەش قورستر دەکات.  واچاکە  لەوپەیامەش تێبگەین کە ھەرێم، لەقەراغی مەرگی ئەخلاقی ومەعنەوی خۆیدایە؟ جا نازانین ھیچ سەرکردەو نوخبەیەك ھەیە لەم پەیامە تێبگاو ڕایچڵەکێنێت، یاخود ئەزموونی دوایەمین خەلیفەی عەبباسی لەبەردەم شاڵاوی مەغۆلەکان دووبارە دەکەنەوە؟


رێبوار کەریم وەلی پێموایە ئەگەر ئەمڕۆ ببینە دەوڵەت و کەس مانیع نەبێ، دوای پەنجا ساڵی دیکە رەنگبێ بگەینە ئاستی وڵاتێکی وەکو کۆسۆڤۆ, بێلاڕووس یان سلۆڤێنیا. بیست سی ساڵێک شەڕی ناوخۆ دەکەین، کودتا دەکرێ، خۆپێشاندەر دەکوژرێ، ئابڵوقەمان دەخرێتە سەر و ھتد!  * دنیا لە چ قۆناغێکدایە خوا دەزانێ! تا دە پانزدە ساڵی دیکە بەنزین و سوتەمەنیی کلاسیک لە بەشێکی زۆری دنیا دەچێتە مێژووەوە و رەنگبێ ھێشتا مرۆڤی کورد لەسەرەی بەنزین بێت، خەڵک بیتاقەی مەریخی بڕیوە و ھێشتا مرۆڤی ئێمە بەدوای ڤیزای ئەوروپا یان کڕینی پاسپۆرتی دۆمێنیکایە! مۆڵەتی شۆفێری نەماوە و عەقڵی دەستکرد سەیارە و فڕۆکە شەخسییەکان لێدەخوڕن و مرۆڤی ئێمەش خەریکی واستەیە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری. رۆبۆتەکان دەبنە ھێزی پارێزەری وڵات و ھێشتا لە دەوڵەتی ئێمە پۆلیس و سەربازی بندیواری ماوە... * تەسەوڕکردنی پەنجا ساڵی داھاتووی کورد زۆر ئاسانە، پەنجا ساڵ پێش ئێستا چۆن بووە، پەنجای دیکەش ھەروا دەبێ. ھیچ موعجیزەیەک روو نادات. موسایەکیشمان لێ پەیدا نابێ، وەک جولەکە گاڵمان بدات بۆ سەرزەمینێکی دیکە. * ئەوەی ئەمڕۆ وایکردووە بە ھەزاران گەنج و پیری کورد رێی ھات و نەھات بگرێتەبەر، نیشانەی ئەوەیە کە ئیتر درۆیە گەورەکە ئاشکرا بووە. یەک سەدە زیاترە کە بە ناوی شۆڕش و خەباتی نەتەوەییەوە، زومرەیەک فانتازیایەکی جەماعییان بۆ میللەت دروست کرد و دواییش ھەر خۆیان جیماعیان لەگەڵ کرد. * نە دەوڵەتتان پێ دروست کرا و نە ھێشتتان لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا بژین. * دوای ریفراندۆمی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧، ئەوەی پێیدەگوترا خەباتی نەتەوەیی گەیشتە دوا وێستگە یان دەبوو ببینە دەوڵەت و یان دەبوو واز لە دەوڵەت بێنین. کورت و موختەسەر دەوڵەتمان پێ دروست نەکرا و بڕایەوە. ئەی ئێستا چی دەیکەین؟ بە دوای چیدا دەگەڕێین؟ عێراق پارچە پارچە دەبێ؟ نەخێر ئەگەر عێراق لە ٢٠٠٣ پارچە پارچە نەبوو، تازە نابێ. کەواتا میللەتێک و خەونەکانی لە رەھنی ئەوەدان کە ھەندێک لە ھاوزمانەکانی خۆیان بە سەرابێکی دیکەوە حوکمیان بکەن. چۆن دەیکەین موھیم نییە، موھیم ئەوەیە ئەوان میللەتیان لە زوڵم و ستەمی داگیرکەر رزگار کردووە!!! * کۆتایی ئەم نەھامەتییەی ئێستا ئەوەیە کە کورد دوای ریفراندۆم بەخۆ ھاتبێتەوە و مەستی و نەشئەی ئەفیۆنی ناسیۆنالیزم بەری دابێت. لانیکەمی ئەوەی کە ھەیە ئەوەیە کە ئێمە ھەموومان ھاووڵاتیی عێراقین و کەسیش ناتوانی ئینکاریی ئەوە بکات. بۆ ناچین دەست بەسەر بەغدادا بگرین؟ ئازەرییەکانی ئێران لە دوای روخانی کۆماری ئازەربایجان و مھابادەوە وازیان لە ململانێی نەتەوەیی لەگەڵ فارسان ھێنا و لە جیاتی ئەوەی بۆ حوکمی سێ چوار پارێزگا ھەوڵ بدەن، دەستیان بەسەر تاران و ھەموو ئێراندا گرت. ئەمڕۆ حوکم و سەرمایەی ئێران لە دەست تورکی ئازەرییە و، تەنانەت لە مەسەلەی ئازەربایجان و ئەرمینیادا، پشتیوانیی ئەرمەنەکان دەکەن نەک ئازەرییەکان! کوردەکەش دڵی خۆشە کە گوگڵ زمانی کوردیی شێوەزاری سۆرانی! یشی بۆ وەرگێڕان زیاد کردووە.!!! * ھەڵبژاردنی ئەم دواییە نیشانی دا کە حزبەکانی کوردستان تێکڕای مەنزوومەی دنیابینی و حوکمڕانییان بەناوی ناسیۆنالیزمەوە، تووشی شێرپەنجە بووە و بە پارتیشەوە یەک لە دوای یەک دەمرن. بۆیە وەک ھەموو ئایدۆلۆژیایەکی دیکە ناسیۆنالیزمیش دەمرێ.  * لەم دنیایە پێشکەوتووەدا، ئیتر شەڕی ناسنامە شەڕی خۆتڕێنە. بە کڵاشینکۆف شەڕی درۆن ناکرێ، بە دۆشکەش موشەکی بالیستیکی ناخرێتە خوارەوە. ئەوە لەوە بگەڕێ ئەگەر شەڕی ناوەکی دەست پێبکات، کونە مشکمان لێدەبێتە قەیسەری! * کاری بەپەلە ئەوەیە کە کورد لە پێگەی ھاووڵاتی بوونەوە نەک ناسنامەی نەتەوەییەوە، دەست بەسەر حوکمڕانیی وڵاتی خۆیانەوە بگرن، لە عەرەبی شیعە و سوننە عێراقیتر بین، لە لاز و چەرکەسی تورکیا تورکتر بین و دەست بەسەر تورکیادا بگرین. ئەوە تەنھا رێگەی مانەوەیە وەکو تاک و کۆمەڵگا بۆ درێژەدان بە ژیان لە دنیای داھاتوودا. دەستپێشخەر بێن لە داھێنانی ناسنامەیەک بۆ گەلانی مێزۆپۆتامیا، دۆزینەوەی تەعریفێکی عادیلانە بۆ چەترێک کە ھەموان کۆ بکاتەوە. جیاوازیی نەتەوەیی و مەزھەبیی گەلانی ئەوروپا و ئەمریکا دەیان جار رەنگبێ لە جیاوازییەکانی کورد و گەلانی دیکە زیاتر بن، بەڵام ئەوان توانییان و ئێمەش دەتوانین. ئەگەرنا دەبێ تاقیامەت پێڵاوەکانمان ھەر لە بن ھەنگڵمان بێت.


سالاری بازیان  (گرێبەستی كۆمەڵایەتی لەكوردستانی باشوردا لە مەترسیدایە) ئێستا زۆرینەی كۆمەڵگا ئامادەی ئەو گرێبەستە نابن، بە جورێك سیاسەت نەخۆش كەوتووە كە بەشداری لە كایەی سیاسیدا بێ ئەرزش بووە و شیرازەی متمانە تێكچووە، دەستوەردانی هەرێمایەتیش بڕستی گۆرانكاری بریوە، سەرباری ئەوەش  ژانی لە دایكبوونی بزوتنەوەیەكی سیاسی فرەلایەن لەهەناوی  كۆمەڵگادا جۆش دەدا، چونكە ئەم هەڵبژاردنە جیاوازی گەورە و نامەی سەرنجراِكێشی لە هەگبەدا بوو، پێیوتین چیتر كاریزماكان ناتوانن دەنگ بۆ نەوەكانیان مسۆگەر بكەن، ئیتر هیچ لایەنێك ناتوانێ لە سەرحسابی ئەویتر گەورە بێت، واتا نە شاری سلێمانی هی گۆڕانە و نە ڕانیە و كەرکوك هی یەكێتیە، نە دهۆك و هەولێر هی پارتی و نە هەڵەبجە هی ئیسلامییەكانە، پێماندەڵێ  خەڵك بەهەرجۆر ئەكرێ ئیجبار بكرێت بچێت بۆ دەنگدان بەڵام بژاردەكردنی كاندید و حیزب لە دەستی خۆیەتی، دەنگە ئاڵتونییەكانیش لە سێ كەسدا ئامار بگرێ،  كەسێك دەنگی داوە بە حزبەكەی، یەكێكیان سوتاندوێتی و ئەویتریش به نەیاری  داوه.  پێی گوتین گرنگ نییە بە دیل كێە و لە چ تورەكەیەكەوە سەری دەرهێناوە، گرنگ پێچەوانەی تۆ بێت.  پێوتین مۆڕاڵ لە سیاسەتدا، دنیابینی داڕنراوه و بۆتە كاری رۆژ بەڕێ‌كردن، نە مێژووی پێویسته و نە كوردستان و نە ستراتیژ و نە دنیابینی و ئایندەسازی، بەڵكو پراِوپڕە لە گەوجاندن هەڵخەڵتاندن.  پێی وتین ژمارەی (دەنگەكان هێندەی ژمارەی ئەندامەكانی حیزبەکانیان نابن)، تەواو وەک ئەو هاوكێشە ئابورییەی  كە زۆری تێچوون و كەمی داهاتی لێدەكەوێتەوە!.  گەل بەجۆرێ  لێیان دوركەوتۆتەوە كە نایانەوێ نە ڕەنگیان ببینن نە ڕووخسار، دروست ئاوێنەیەكی  خاوێنیان رادەستی حزبە كان كرد تا قەدوباڵای ڕابردوویان ببین. بە هەندێكشیان وت ئێرە تەرمیناڵتانه و فەرموو  دابەزن، تەزوویر  بە جۆرێك دەست و باڵی كرابوو،  زەنگێكە چیتر نابێته پردی پەڕینەوە.  سەرەنجام لەڕووی نەخشی شەتڕەنجێ ئەچوو كە مەلیك وادەبێ بەژێر پێی سمی فیل و ئەسپەكانییەوه. دواجار  مانفێستیی (سەمەد زەنگەنە) خستووێتەڕێ و گوێی لێ بگرن داوا كارین بكەوێتەوە سەرڕاستەڕێ، واز لە مەسئولبازی و شاگردبازی بهێنین. سوڵتان محمودئاسا  گوێ بنێین بەدەرگای ئازارەكانەوە،  كوچە بە كوچە بگەرێن، ئەوسا دەزانی ڕۆژگار گێژەوڵەكەئاسایە، شاعیر وتەنی رۆژگار بۆتە گێژەڵوكە كە هات كاغەزو دڕكوداڵ  ئەباتە ئەوپەڕی ئاسمان، هەنار و نارنج و سێو ئەكەوێتە زەوی و كوچەكانی مەعریفەت، بزانە كێ‌  قەڵەمەكانی شكاندووە و كێ بووەتە كوێخا و ڕیجال، بەسە ئەم میحنەتە... ئەوانەی پورەیان داوە بە دیار شانە شیرینەكانتانەوە، ئێوە كەوتن وەك تیری هەمان كەوان وان تا زیاتر بچەمێنەوە، كاتێ لە كەوان دەرچوو سنگتان زیاتر خارخار ئە كات،  دەزانین شۆرشی چاكسازی دەرد و میحنەتی زۆرە، رێگایەكی بە گوڵ چێنراو نیە، سەری زۆری بە تاڵان برد وەلێ‌ دوا كۆرسی كیمیاییە بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتی كوردی.  *باخە كان ئاوەدان بكەنەوه  دیمۆگرافیای گۆڕاوی ئەم نیشتمانە راست بكەنەوە. هیچ سەرێك لە سەری كۆمەڵگا گەورەتر نییە لە بەرئەوە كۆمە ڵگا مەكەنە فیدای عەقڵی بەجێماو و سەری پڕ لە گەندەڵی و گەندەخۆری، سۆشیالدیموكراتی زیندووبكەنەوە  و بە عەدالەتی كۆمەڵایەتی  دڵە توڕە كان ئاشت بكەنەوه. فكر و  فەلسەفە ئاوەدان بكەنەوە، دوكانی سیاسی دابخە ن، موشتەری حزب فەلسەفە و فكری دەوێ یا بەرژەوەندی قوتابخانەكان، چونكە رستەی نیشتمانی تیا ناوترێتەوە و بوونەتە گەرای زبانبازی و مەكربازی. چاپلوسی كافتریاكان پرن لە قوتابی قوتابخانانەی نە نیشتمانیان بیرماوە نە بە كوردی قسە ئەكەن. زانكوكان وا خاڵی دەبنەوە لە مەعریفە، دەریاكان پڕن لە گەنجی تەڕ و تەزیو، گوندە كان بوونەتە شارنشین، شارییە كان غەریبن لە دەسەڵات و نیشتمانی ئێرە وا خۆیان ئەپێچنە، چینی ناوەراست وا دەبنە هاوڵاتی دومنیكان، نیشتمان وا ڕۆحی دەرئەچێ‌ و دەبێتە ویلایەتی عوسمانی و سەفەوی. دانشمەندەكانی شار بەسەربكەنەوه، بیانگێرنەوە مێزی گفتوگۆی چارەسەری سوهەرابەكان. سوپای نیشتمان ئاشت بكەنەوە، بازار پۆشتە بكەنەوەو  لە دەستی چەتە رزگار بكەن.  دوكانی ژەهرەكان بپێچینەوە و عیشق دەرخواردی یەكتری بدەن، جادەكان پڕبكەن لە موحیبەت و ژێرزەمینەكان بكەنە كتێبخانه، دەست لە مەرامی زیاتری شكاندنی كەسایەتی تاكی كورد هەڵبگرن، زیاتر بیمارتر و شێواوتری مەكەن، رەفتارێكتان كرد كە خۆتان گرفتار و بێچارە بوون لە بەردەم بوونەوەرێك  كە نە خۆی ئەرزشی ماوە نە نرخی هیچ شتێك ئەزانرێ‌، پارەكانیان بكەنە بەرگ و نان بۆ هەژاران چونكە چەرخی گەردوون پێچەوانە ئەگەڕێ و پەلە نەكەین ئەوا تەختمان وەرئەگێڕێ.


دانا رەشید  بێ گومان لە گۆمەڵگەیەکی هۆشیاری تەندروستدا ، حیزب بۆ مەرامی تاکەشەخس و  بنەماڵەو خێل و عەشرەت دروست نابێ ، بەڵکو  بۆ ئەوە  لەلایەک  نوێنەرایەتی کردنی  ئەو چین و توێژانەی لە کۆمەڵگەدا  ئەو حیزبە ئایدیای خۆی لەسەر بینا دەکات و لە لایەکی ترەوە بەمەبەستی دەوڵەتداری و  حکومڕانی وڵات ، حیزب لەسەربنەمای ئوسوڵ و زانستی سیاسەت و ئابوری و دیبلۆماسی و  کۆمەڵایەتی و فیکری و فەرهەنگی ،  فێرگەی  ئەو کەسانەیە کە دەیانێرێتە  کایەکانی بەرێوەبردنی  وڵات ، بەڵام بە گشتی لە کۆمەڵگە دواکەوتوەکان یان  ئەو کۆمەڵگانەی کە هێشتا لەسێبەری خێڵ و بنەماڵەکاندا  ، نەخشەی دەوڵەتداری و  حکومڕانی دەکێشرێت ،  کۆمەڵگە لەگۆمی قەیرانی دروستکراوی  بە فیتی ئەملایەن و ئەولایەن ،  ململانێی بە حساب سیاسەت و حیزبایەتی و هەڵبژاردن دەکات ، کە ئەمەش  لە گەمەیەکی بێ تام و شانۆگەریەکی بێ ئەرزش بەولاوە هیچی تر نی یە ،  رۆژنامە نوسی گەورەی عەرەب و مصر  ، محەمەد حسنین هیکل  دەڵێ ، سیاسەت لە ڕوە زانستیەکەی لە رۆژهەڵات بە گشتی و  کۆمەڵگە عەرەبیەکان بە تایبەت   تێزێکی مردوە ،   لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە هەرێمی کوردستان  چەند لە سیمای بەرێوەبردندا لەسەر مۆدیلی پڕ قەیران و  پڕ گەندەڵی  مصر بینا کراوە ، کاتێ هەموو شتێک لە پێناوی سەرکەوتنی حیزبدایەو حیزبیش لەپێناوی سەرۆک یان خێڵ و بنەماڵەدایە ، لەم گەمە نەخوازراوەدا  ، هاوڵاتی لە هەموو مافێکی رەوای هاوڵاتی بوون دادەماڵرێت و دەکرێت بە هەواداری ئەم حیزب و ئەو حیزب ، لەناو حیزبیشدا دەبێت بە لایەنگری ئەم باڵ و  تەرەف و ئەو تەرەف ، لەویشدا  ئەم  کەس و ئەوکەس ،  واتە ئیدی  چ کۆمەڵگە ، چ حکومرانی  لەسەر سکەو شارێگەی خۆی لادەدات و  بەخواری بەرەو وێستگەیەکی بێ ئامان سەرهەڵدەگرێ ، هەروەک دەوترێ ئیدی   مرۆڤ و کۆمەڵگەو حکومرانی دەکەوێتە دەستی قەزاو قەدەر . لێرەوە بە هیچ جۆرێک  حیزب دروست کردن بە ئامانجی ململانێ کردنی  دەسەڵات نابیتە هیج ئەڵتەرناتیڤێک ،  بەو پێودانگەی  هەموو ململانیەکی دەسەڵات  کاتێ هەرچی  دارو نەداری میلەتە لەدەستی خۆیدا گلیدابێتەوە  ، بە جۆرێک مانای  فۆرمات کردنەوەی هەمان دەسەڵات دێت ،ئەگەر  سەرکەوتنیش بەدەست بهێنرێت لە رێگەیەک لەو رێگایانەی تاقی کراوەتەوە ، وەک ئینقلاب  یان  موزاهەرەی کەمەرشکێن ،یان هەرجۆرێکی تر ، کاتێ دەسەلاتدار بگۆریت و سیستەمەکەش وەک خۆی فۆرمات بکرێتەوە ، لێرەوە بۆ ئێستەو ئایندەی هەرێمی کوردستان هەرحیزبێک بە ئامانجی دژایەتی  بەدەرەجەی یەک پارتی و بنەماڵەی بارزانی  یان یەکێتی کە تا ئێستە دەسەڵاتیان قۆرخ کردوە  دروست ببێت ، ئەوا نەتیجە فاشیل و بێ ئەنجام دەبێت  و دەبێتە شوێنی دروست بوونی  کەسانی   وەزیرو مەسئولی بێ ئەرزشی هەڵتۆقیو خۆفرۆش ، دەبێت  کار لەسەر کۆمەڵگە و گۆرینی سیستەم  بکرێت لە رێگەی  کۆمەڵەو رێکخراوی مەدەنی  بۆ فسار خستنە سەر  ئەو حیزبە قۆرخکارانە تا  لە ژیر فشاری میلەتدا  بە رێگەی  خۆپیشاندانی مونەزەم و رێکخراو ، مانگرتنی سەرپەرشتیکراو  هێنانەوە هۆشخۆی لایەنگرانی حیزبەکان کە  لە هەواداری حیزبیەوە بگەرێنەوە سەر مافی هاوڵاتی بوون ، بۆ دروست کردنەوەی گۆمەڵگە کە حکومەتی دامەزراوەی نیشتمانی دروست بکرێت ، ئەوکات لەسایەی حکومەتدا  ، حیزب  چ پارتی یان یەکێتی یان حیزبی نوێ  ، بە  یاساو دەستور  هەوڵ بۆ گرتنەدەستی  دەسەڵات بدات لە رێگەی هەڵبژاردنەوە کاتێ هاوڵاتی بە ئازادی  دەنگ بدات نەک نۆکەری حیزبی بەکرێ گیراو ،  نوسەرو رۆژنامەنوسی گەورەی مصر احسان عبدالقدوس لە رۆمانی  الراقسە وسیاسی ، باسی ئەو وەزیران و مەسئولانەی ئەو حکومەتە فاشیلانە دەکات  لە کۆمەڵگەیەکدا ، کە چۆن  حیزبی خۆسەپێن بەهۆی  لایەنگرانی بەکرێگیراوی خۆیانەوە  هەموو کۆمەڵگەیان بە بارمتە گرتوە ،  وڵات دەبیتە  مەلهاو کەبەرێ و راقیسەکان حوکمی تێدا دەکەن ،  بەدەیان جۆر  سەرمایەداری هەڵتۆقیو دروست دەکەن و   لە پرێکدا بۆ مەرامی خۆیان  دەیانکەن بە سەرۆکی حیزبی تازە ، وەک راقیسەی سیاسی  بۆ گەوجاندنی  زیاتری کۆمەڵگە فرێیان دەدەنە  نیشتمانەوە ، کە لە مەنزەردا دژی دەسەڵات و لە ئەساسدا کوڕی دەسەڵات ،  بەم جۆرە  بە قەولی ئێرانی وڵات لە نێوان  فاحیشەی سیسی و  راقیسەی سیاسی    نازانی کێ سیاسەتمەدارە ، بۆیە عەقڵیەتی کۆمەڵگە توشی داخورانی بیرو بروا دەبێ کە ئیدی بروای نەک هەربە سیاسەت و دەوڵەداری نامێنێ بەڵکو بروای بە هیچ کایەکی ژیان نامێنێ ، تۆ سەیری  کجیک یان کورێکی گەنج پاش ١٢ ساڵی خوێندن  بە بەرزترین پلەوە  ناوی لە هیچ زانکۆیەک دەرنەچیت ، لەولاشەوە کوڕی  راقیسەیەکی سیاسی تازە هەڵتۆقیو  بە هەزار فرتوفێڵ  ، زنجیرێک دەکاتە ملی کۆمەڵگەو وەک مەیمون سەمای پێدەکات بۆ مەرامی خۆی .  لێرەدا کێ دژی دەسەڵاتەو کێ دۆستی دەسەڵاتە ؟ دەتوانی پێم بڵێی کێ پیاوی جاکەو کێ پیاوخراپ ،  کێ سیاسەت مەدارەو کێ راقیسە ی سیاسی ، جیاکردنەوەی  ئاسان نی یە ، کورد واتەنی چویتە شاری کوێران دەبێ دەست بەجاوی خۆتەوە بگری ،  ئەمەیە  ئەسڵی قەزیە  ، دەبێ جاومان بکەینەوە و  وەک هاوڵاتی راستیەکان ببینین ، بزانین کە ئەگەر حیزبیش دروست کەین، خۆمان دروستی کەین ، نەک راقیسەیەکی  سیاسی  بۆمان دروستکات ،  ئەگەر حیزبی نوێش دروست کەین  ئەوا  پەیمان بدەین کە دەسەڵات دروست نەکەین ،  دەسەڵات بۆ حکومەت دروستکەین .


ئەنوەر حسێن (بازگر) کوشتنی نەیارەکان لە ڕێگەی ژەهرخواردکردنەوە، مێژوویەکی دێرینی هەیە. ئەوانەی بەر زەبری ژەهرخواردکردن کەوتوون، بەشی زۆریان دەکرێن بە دوو بەشەوە: نەیارە سیاسییەکان و نەیارە فیکرییەکان. زانایانی بواری تۆکسیکۆلۆژی (ژەهرناسی) مێژووی بەکارهێنانی ئەم مادەیە دەگێڕنەوە بۆ (4500 ساڵ پێش زایین)، بۆ یەکەم جاریش بەکارهێنانی ژەهر وەک چەکێک بۆ لەناوبردنی نەیارەکان، دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە (300 ساڵ پێش زایین). هەروەها بەکارهێنانی ژەهر بۆ لەناوبردنی نەیارە فیکرییەکان و ئەو کەسانەی کە جیاواز لەوانی دیکە بیر دەکەنەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ناچارکردنی فەیلەسووفی گەورەی یۆنانی (سوکرات) بە ژەهرخواردکردن. لە مێژووی سیاسیی کورددا، ئەگەر بەراوردی بکەین بە مێژووی سیاسیی وڵاتانی دیکە، ڕەنگە بەکارهێنانی ژەهر بۆ لەناوبردنی نەیارە سیاسییەکان، دیاردەیەکی باو نەبووبێت، یاخود لە باشترین حاڵەتدا دیاردەکە هەبوە، بەڵام دەرئەنجام و لێکەوتەکانی بە نادیاری و نهێنی ماونەتەوە. لە یاداشتی سەرکردە کوردەکاندا چەندین کەیسی ژەهرخواردکردن لە مێژووی نوێی کوردستانی باشووردا بەرچاو دەکەون. کاتێک سەرکردەیەک لە ڕووی تیۆرییەوە شکست دەهێنێت لە ململانێ و ڕکابەریی سەرکردەیەکی دیکەدا، پەنا دەباتە بەر تیرۆر. جۆرەکانی تیرۆریش زۆرن. ستالین بۆیە ترۆتسکی کوشت، چونکە بە تواناتر بوو، خۆی و دارودەستەکەی بۆچوونەکانی ئەویان پێ قبوڵ نەدەکرا. بەڵام ستالین وەکو پەڵەیەکی ڕەش چوە مێژووەوە، ترۆتسکیش وەکو ئایدیا و ڕێبازێک هێشتا خەڵک ڕێزی لێدەگرن. ستالین نموونەی سەرکردەیەکی لاواز و بێدەسەڵات بوو، کە کاتێک دەسەڵاتی دەکەوێتە دەست چۆن بە کاری دەهێنێت و چی دەخوڵقێنێت، بە جۆرێک کە هەموو پڕەنسیپە هاوڕێیەتی و مرۆیی و ڕێکخراوەییەکان پێشێل دەکات. ئەو لە سەرەتاکانی شۆڕشدا تەنها کەسێتییەکی ئاسایی ناو پارتی بەلشەڤیک بوو، بەڵام دواتر وردەوردە لە ڕێگەی کۆمەڵێک تاکتیک و فێڵەوە، نزیکەی تەواوی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی بەلشەڤیکی لە ناوبرد، تا خۆی چوە هەڕەمی دەسەڵات. لەناوبردنی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی بەلشەڤیک بە ڕێگەی جیاجیا بوون. ئەو پڕۆسە نەگریسەی ستالین بەشی زۆری ئەندامانی پارتی بەلشەڤی پێ لەناوبرد، ناسرابوو بە "دادگا نمایشییەکانی مۆسکۆ"، کە لە ساڵانی کۆتایی سییەکاندا بەڕێوەی برد. لە قۆناغی یەکەمی دادگاییەکاندا هەر یەکە لە (زینۆڤیێڤ، کامینێڤ، سمرینۆڤ، باکاییڤ، مراچکۆڤسکی) لەناوبران. لە قۆناغی دوەم و سێیەمیشدا هەر یەکە لە (بیاتاکۆڤ، سێربریاکۆڤ، ڕادیك، سۆکۆلینکۆڤ، بوخارین، ڕیکۆڤ، کریستانسکی، ڕاکۆڤیسکی، مۆرالۆڤ، درۆبینیس، بۆگۆسلاڤسکی) لە ناوبران. بەمەش ستالین لە ساڵانی (1936-1937) زۆرینەی هەرە زۆری ڕابەرانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و دامەزرێنەرانی سوپای سووری لەناوبرد. ئەوانەی خەریکی لەناوبردنی مرۆڤەکان دەبن، لە پێناو بەجێگەیاندنی ئامانجەکەیان و ڕەوایەتیدان بە مەرامەکانیان، هەمیشە کەسانێک بە کار دەهێنن کە بە ڕووکەش لە پلە و پایەی ئەکادیمیی بەرزدان. بۆ نموونە ئەو کەسەی کە ستالین وەک داواکاری گشتیی ئەم دادگاییانە دەستنیشانی کردبوو (ئەندێ ڤیچینسکی) بووم کە لە ساڵانی بیستەکاندا سەرۆکی زانکۆی مۆسکۆ بوو، هەروەها دواتریش لە ساڵانی چلەکاندا نوێنەری سۆڤێت بوو لە نەتەوە یەکگرتوەکان. بەکارهێنانی ژەهر بۆ لەناوبردنی ڕکابەرە سیاسییەکان، جۆرێکە لە جەنگی بایۆلۆژی. وڵاتی ڕووسیا مێژوویەکی دێرینی هەیە لە لەناوبردنی نەیارە سیاسییەکان لە ڕێگەی ژەهر و مادە کوشندەکانەوە. ساڵی (1959) ڕووسییەکان تەواوی ئەزموونی خۆیان خستە گەڕ بۆ سەرپێخستنی پڕۆژەی "بیۆفێرفات" بۆ لەناوبردنی نەیارە سیاسییەکان، بە تایبەتیش جوداخوازی ئۆکرانی (ستیڤان باندێرا)، کە لە شاری میونخ و لە بەر دەم ماڵەکەیدا لە ناو خوێنی خۆیدا گلا، پاش دوو ساڵ کەسی بکوژ هەڵات بۆ وڵاتێکی دیکە و لەوێ دانی بەوەدا نا کە جۆرە مادەیەکی ترشی بە سەر ڕووخساری (باندێرا)دا ڕشاندوە، کە جۆرە ژەهرێکە و مادەی سیانید دەردەکات. هەمان ناوەندی توێژینەوەی بایۆلۆژی و کیمیایی، جۆرە ژەهرێکی بەرهەم هێنا تایبەت بە تیرۆرکردنی سەرکردەی یۆگسلاڤی (جۆزێڤ تیتۆ)، بەڵام لە دوایین ساتەکاندا لە لایەن (ستالین)ـەوە فەرمان کرا بە ڕاگرتنی ئەو ئۆپراسیۆنە. لۆرکا، شاعیری چەپ و ئازادیخوازی ئیسپانی، خوازیاری ئەوە بوو نەیارەکانی لە پشتەوە نەیپێکن، لە چەند قەسیدەیەکیشدا ئاماژەی بە مەرگی خۆی دابوو، کەچی نامەردانە هەر لە پشتەوە پێکایان. ئەو لە قەسیدەی "پێشبینیی مەرگم"دا دەڵێت: [من دەمزانی کە مردووم/ ئەوان قاوەخانە و گۆڕستان و کڵێساکان بە دوامدا دەگەڕان، بەرمیل و سەرداب و ژێرزەمینەکانیان ئاواڵا دەکرد/ سێ ئێسکەپەیکەری مرۆڤیان دزی تا ددانە ئاڵتوونییەکانی لێ بکەنەوە/ بەڵام هەر منیان نەدۆزییەوە/ ئایا منیان نەدۆزییەوە؟/ نەخێر منیان نەدۆزییەوە]. چەند سەختە شۆڕشگێڕێک، ڕابەرێک و ڕۆشنگەرێک نزیکەی پێنج دەیە لەناو دەیان کارەساتی گەورە و دژواری ناو دەیان دوژمن، نەیار و چنینی تەونی دوژمنکارانە لە هەوڵی تیرۆر، کوشتن، فڕاندن و ژەهر خواردکردن نەجاتی بوو بێت، وەکو شاخ لە بەرامبەر ئەو مەترسییانە وەستاوە و پاشەکشەی نەکردوە. بەڵام بەهۆی ڕەخنەگرتن و بۆچوونی جیاواز لە نزیکەوە، نزیکەکانی خۆت ژەهر خواردت بکەن، چ بەربەرییەت و بێ پرەنسپی و مەترسیدارە، ئەم ڕووداوە مەترسیدارە، پرۆسەی ژەهر خواردکردنی کەسایەتییە سیاسییەکان وەک (باڤڵ تاڵەبانی، مەلا بەختیار، وەستا حەسەن)، کە ئاکامەکانی دەرکەوتوە و ئەوانەش کە هێشتا مەعلوم نییە، یان بە هەر هۆکارێک نەجاتیان بوە، کە ئەوانیش خۆیان دەبیننەوە لە چەند سەرکردەیەکی دیاری ناو هەمان حیزبدا، ئەوانەش کە جێگەی گومان و نیگەرانین، ڕەنگە هەر هۆکارەکەیان ئەوە بێت، هەر سێ گروپەکە لەناو ئەگەر و گومان و سیناریۆ و واقیعیەتە دەخولێنەوە، کە پیلانڕێژییەکی گەورە و مەترسیدار بەڕێوەچوە، کە سیاسەت دەخاتە ژێر پرسیارێکی قوڵەوە. ئەوەی کەسێتییەکی وەک مەلا بەختیار بە ئامانجی دڵۆپە ژەهرەکان دەگرێت، هەر تەنها ئەوە نییە کە بکەرێکی سیاسیی کاریگەر و ڕەخنەگر و ڕاستگۆی ناو حیزبەکەی بوە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا مرۆڤێکی سیکۆلار و زانستخواز و ڕەخنەگری خورافە و نەریتە کۆنەخوازەکانی کۆمەڵگە بوە، نە سڵی لە ڕەخنەگرتن لە ئایدیۆلۆژیا ڕکابەرەکانی کردوەتەوە، نە سڵی لە دیبەیت و دانیشتن و گفتوگۆی نەیارەکانیشی کردوەتەوە. ئەوەی مەلا بەختیاری کردوە بە نێچیرێک بۆ ژەهرخواردکردن، ئەوە بوو کە ئەو وەک سیاسییەکی بەئەزموون باوەڕی بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات و قبووڵکردنی ئەنجامەکانی کۆنگرەی حیزبەکەی هەبوە، ئەگەرچی دەیان ڕەخنە و سەرنجیشی لە سەری هەبوە. هەر ئەمەشە کە جێگەی شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ ئەوانەی هەوڵێکی لەم جۆرەیان داوە، چوونکە هەر ئەو کەسانە، ئەگەر لە بریی مەلا بەختیار ڕووبەڕووی سیاسییەکی دیکە ببونایەتەوە کە ئەنجامی پڕۆسەیەکی دیموکراسیی قبوڵ نەکردایە، ئەوا هەرگیز نەیاندەوێرا پەنا بۆ تیرۆرێکی سپیی لەم جۆرە بەرن. هەرچەندە لە داهاتوویەکی نزیکدا، پەردەی سیناریۆ بۆ نیشاندانی شانۆ تراژیدیەکە لادەبرێت و بەڵگە و دۆکیۆمێنت و بکەران و یاریدەدەری بکەران دەردەکەون، بەڵام بە خەسارەتێکی یەکجار گەورە، کە ڕەنگە قەرەبووکردنەوەی ئەستەم بێت. دواجار هەوڵی لەناوبردنی مەلا بەختیار و وەستا حەسەن و ئەوانی تریش هەر بە تەنها هەوڵی پیشگرتن لە هەنگاو و ئامانجەکانی داهاتووی ئەم کەسێتییە نەبوو، بەڵکوو هەوڵێکیش بوە بۆ لەناوبردنی میمۆرییەکی گەورەی شۆڕشی باشووری کوردستان، کە لە سەروبەندی نووسینەوەی یاداشتەکانیدایە.  


باقر جەبر زوبەیدی پێش قسەکرد لەسەر کشانەوەی ئەمریکا کە بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، دەبێ ئاماژە بەوەبدەین کە هەر قسەیەکی پێشتر لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کراوە پێچەوانەی واقیعە. ئەو ڕێوشوێنانەی لە حکومەتی دووەمی برامان نوری مالیکی ساڵی 2011 بەڕێوەچوو، دەچوە چوارچێوەی گۆڕینی ناوی هێزەکان لە هێزی سەربازییەوە بۆ ڕاوێژکار یان شارەزا و چەندان هەزار سەربازیان مانەوەو ئێستا لە عێراقن. پاساوی داواکاریی هاوکاری نێودەوڵەتی بەردەوام ئامادەیی هەیە،  هەر وەک چۆن کاتێک حکومەتی برامان حەیدەر عەبادی داوای ئەو هاوکارییەی کرد لە پێناوی ڕوبەڕوبونەوەی داعشدا و ئەو هێزانەش نەکشانەوە هەرچەندە حکومەتی عەبادی سەرکەوتنی بەسەر تیرۆردا ڕاگەیاند. لەڕاستیدا هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕۆڵیان هەبوو لە ڕێگەی ئاسمانی و تۆپبارانکردنەوە کە هاوکاری هێزە ئەمنییە پاڵەوانەکانمانی کرد لە گۆڕەپانی شەڕدا بەرەوپێش بچن، بەڵام قسەکردن لەسەر کشانەوەی نوێی ئەو هێزانه، لە ئەرزی واقیعدا پێچەوانەی هەموو پێدراوکانە. ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەوامە لە فراواکرد و پەرەپێدانی بنەکەکانی لە عێراق بەتایبەتی بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و حەریر لە باکوری نیشمان. ئەمڕۆ ئەو بنکانە تەنها ڕوڵی سەربازیی و هەواڵگری نابینن، بەڵکو بون بەناوەندێک بۆ بەقاچاغبردنی نەوتی سوریا و عێراق بەمەبەستی دابینکردنی خەرجی هێزەکان و ئەوانەشی هاوکاریان، هەروەها ئەو بنکانە ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕن کە بریتیە لە مەشقپێکردن و ڕاهێنانی چەند میلیشیاو  تیرۆریستێک کە زۆرینەیان پاشماوەی ئەو ڕێخراوانەن کە لە عێراق و سوریا شکستیان پێهێنراوە. ئەو ڕوداوانەی ڕویانداوو ئەوانەشی  ئێستا ڕودەدەن هەوڵێکی نوێیە بۆ جێگیرکردنی مانەوەی ئەو هێزانە، بەڵام ئەمجارە بە شێوازێکی جیاوازتر، بە تایبەتی کە هەندێ لایەنی سیاسی تێگەیشتون لەوەی کە ڕۆڵیان کۆتایی هاتوەو هەست دەکەن مانەوەی هێزە بیانییەکان تاکە گەرەنتیانە بۆ مانەوەو بەردەوامییان. شێوازە نوێکە ئەوەیە کە ئیجماعێکی نێودوڵەتی دەستوەردان لە عێراقدا دەکات، بە پاساوی پاراستنی پرۆسەی سیاسی و دیموکراتی. عێراق وەک هاوبەشێکی سیاسی و ئابوریی گرنک پێویستی بە دەوڵەتە گەورەکان و ویلایەتە یەکگرتووەکان هەیە، بە مەرجێک نەبینە گۆڕەپانی تەسفیەی حسابات یان پرۆژەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکانی کە دەیانەوێت وڵاتان دابەشبکەن و دووبارە پێکیان بهێننەوە.   * وەزیری پێشوتری ناوخۆی عێراق


عارف قوربانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەواڵی بە ئامانجگرتنی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە وەك شۆكێك كەوتە نێو میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی عێراق‌و جیهانەوە، كە هەڕەشە‌و تیرۆری رێكخراو لەرێگەی ئامرازی تەكنەلۆژیای پێشكەوتووەوە گەیشتە ماڵی سەرۆك وەزیران‌و لە شیرینی خەودا هەوڵی كوشتنی درا. هەرچەندە كازمی خۆی‌و منداڵەكانی سەلامەتن‌و ئەوەی دەگوترێت تەنیا چەند پاسەوانێكی ماڵەكەی برینداربوون، كەمی‌و زۆریی زیانەكان هیچ لەوە كەم ناكاتەوە كە هەوڵەكە بۆ كوشتنی سەرۆك وەزیران بووە. گەرچی هێشتا لایەنی بەرپرسیار لە ئەنجامدانی كردەوە تیرۆریستییەكە دەستنیشان نەكراوە، بەڵام لەبەرئەوەی چەند رۆژێكە لایەنگران‌و ئەندامانی حەشدی شەعبی بۆ ناڕەزایەتی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان خۆپێشاندانیان ئەنجامداو چونەتە ناوچەی سەوزی بەغدا، بەهۆی توندوتیژی‌و بەریەككەوتنی خۆپێشاندەران‌و هێزە ئەمنییەكان كە ئەركیان پاراستنی ناوچەی سەوزە، ژمارەیەك برینداری لێكەوتووەتەوە‌و سەركردەكانی حەشدی شەعبی پەیامی توندیان بڵاوكردوەتەوە دژ بە سەرۆك وەزیران، بەتایبەتیش پێش ناردنی درۆنەكە بۆ ماڵی كازمی، یەكێك لە دیارترین‌و توندڕەوترین سەركردەكانی حەشد (قەیس خەزعەلی) لەنێو خۆپێشاندەرانەوە هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی بریندارەكانی لە مستەفا كازمی كرد، هەروەها لەبەرئەوەی پێشووتریش چەند جارێك گروپەكانی حەشد بە هەمان شێوە‌و لەرێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە پەلاماری بنكە سەربازییەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانانیان داوە لە عێراق‌و هەولێر، لەبەرئەوەیش كە جگە لە حەشدی شەعبی هیچ گروپێكی دیكە ناتوانێت لەو ناوچەیە كردەوەی لەوجۆرە ئەنجام بدات، بۆیە ئەگەر بەشێوەی فەرمیش بەرپرسیاریێتیی ئەم كردەوە تیرۆریستییە نەخرێتە ئەستۆی حەشدی شەعبی، بەڵام هەموو لایەك دەزانن كە حەشد لە پشتی ئەم كارەوەیە. حەشدیش بۆ كارێكی وا كە ئەگەر پلانەكە سەركەوتوو بوایا، بۆی هەبوو رەوشی عێراق زۆر خراپتر بكات، بێ‌ ئیزنخواستنی ئێران نەیكردووە.  لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی مستەفا كازمی دەكرێتە ئامانج؟ لەكاتێكدا كازمی هیچ كاتێك مەترسی نەبووە لەسەر گروپەكانی حەشدی شەعبی‌و لە سایەی لاوازیی پێگەو دەسەڵاتەكەی كازمیدا گروپەكانی حەشدی شەعبی هەموو دەسەڵاتێكیان هەبووە، كورد واتەنی (بكوژو ببڕ خۆیان بوون). لە سەردەمی كازمیدا زۆرترین بودجە بۆ گروپەكانی حەشد دیاریكراوە‌و ئەو چەكدارانەشی پێشووتر فەسڵ كرابوون لەژێر گوشاردا كازمی گەڕاندیانییەوە. لەو ناوچانەی حەشد دەسەڵاتیان هەبووە سەرانە وەرگرتن‌و دزی‌و تاڵانی زیاتر نەبووبێت كەمی نەكردووە، تەنانەت هەر بڕیارێكیش كازمی دەریكردبێت كە زەرەری بۆ پەزەكانی حەشد هەبووبێت، یان جێبەجێیان نەكردووە یا لێی پاشگەز بووەتەوە. ئیدی بۆچی حەشدی شەعبی بیانەوێ‌ كازمی تیرۆر بكەن؟  نیگەرانییەكانی ئێستای گروپەكانی حەشدی شەعبی بەهۆی ئەوەوەیە كە ئەو كارەكتەرو هێزە سیاسییانەی خاوەندارێتیان لە حەشد دەكرد، لە هەڵبژاردن دۆڕاون. ئەگەر ئەو تێڕوانینەی حەشد راست بێت كە هێزگەلێكی نێودەوڵەتی‌و هەرێمی لە پشتی (كۆنترۆڵكردنی سیستمی تۆماركردنی دەنگ‌و ئەژماركردنییەوە بوون) بۆ ئەوەی لە رێگەی لاوازكردنی ئەو هێزانەوە كە لایەنگری ئێرانن پێگەی ئێران لە عێراق لاواز بكەن، كازمی چی رۆڵێكی هەبووە لەوەی هاوكێشەی هەڵبژاردنەكان بەو جۆرە بگۆڕێت، یان روونتر بڵێم كازمی كەی دژی هەژموون‌و پێگەو بەرژەوەندییەكانی ئێران بووە لە عێراق تاوەكو ئێران هەوڵی تیرۆركردنی بدات؟ كەواتە دەتوانرێت چەند گریمانەیەك دابنرێت، كورد واتەنی (بوكێ‌ لەگەڵ تۆمە، خەسوو گوێت لێبێت) یان ئەمە پەیامە بۆ كەسانی دیكە یاخود خستنەڕووی كارتێكە بۆ ئەوەی لە پێكهێنانی حكومەتدا ژمارەی كورسییەكانی هەڵبژاردن نەكرێنە ‌پێوەرو بە ژمارەی كورسی مامەڵە لەگەڵ هێزەكانی وابەستە بە ئێرانەوە نەكرێت. یان ئێران دەیەوێ‌ دۆخی عێراق تێكبچێت‌و ماوەیەك تا پرۆسەی دروستكردنی چەكە ئەتۆمییەكەی تەواودەبێت جیهان بە عێراقەوە سەرقاڵ بكات. یانیش وەڵامە بۆ ئەو هێزە هەرێمی‌و نێودەوڵەتییانەی كە دەگوترێت "لە پشتی دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنەوەن". ئەگەر پەیامبێت بۆ كەسانی دیكە، بە دڵنیاییەوە خەسووەكە چەند گێلیش بێت لە پەیامەكە تێدەگات‌و ئێران ئامانجەكەی پێكاوە. ئەگەر هەڕەشەیش بێت تاوەكو هێزەكانی حەشدی شەعبی نەخرێنە پەراوێزەوە، بەدڵنیاییەوە دوای (درۆنەكەی ماڵی كازمی) ئاڕاستەی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت دەگۆڕێن‌و (عامری) بە چەند كورسییەكی كەمەوە یەكێك دەبێت لە لایەنە یەكلاكەرەوەكان، بەڵام ئەگەر هەوڵێك بێت بۆ تێكدانی رەوشی عێراق، سەرنەكەوتنی پلانەكە، كۆتایی ئامانجەكە نابێت‌و ئێران رێگەی دیكەی زۆرە بۆ ئەوەی نەهێڵێت عێراق سەقامگیربێت. ئەگەر وەڵامی ئەوانەش بێت كە ئێران پێی وایە لەنێو عێراق پیلانیان لە دەستوپەنجەی گێڕاوە، بەم كارە دەستی ئێران لە عێراق بەهێزتر دەبێت. بۆیە ئەگەر ئەوە راستبێت كە نەیارەكانی ئێران لە دەرەوەو لە ‌ناوەوەی عێراق ئەم سیستمەو میكانیزمەكانی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنیان بۆ ئەوە قۆستووەتەوە كە سنوورێك بۆ هەژموونی ئێران دابنرێت. پێویستە ئەوە بزانن كە تازە بۆ ئەم كارە زۆر درەنگە. لەنێو عێراقەوە ناتوانرێت پێگە‌و هەژموونی تاران لەسەر بەغدا كاڵ بكرێتەوە. دەبێت ستراتیجەكە بگۆڕدرێت بۆ سەرقاڵكردنی ئێران لەنێو وڵاتەكەی خۆیدا تا نەپەرژێتە سەر عێراق، بۆ ئەمەش پێویستە ئەو سیاسەتە بەردەوامەی ئێران لەبەرچاو بگیرێت كە هەمیشە قەیرانەكانی نێو وڵاتەكەی فڕێدەداتە دەرەوە. كەواتە دەبێت سەرقاڵكردنەكە بە جۆرێك بێت ئێران فریای فڕێدانە دەرەوەی نەكەوێت، كە ئەمەش لە ئێستادا لە توانای نەیارەكانی ئێراندا نییە. بۆیە لە هەموو حاڵەتەكاندا ئەم خولەیش ئێران نەیدۆڕان، سەرباری گۆڕینی پێگەو هاوكێشەی هێزەكان، بەڵام هەر تاران حوكمی بەغدا دەگرێتەوە دەست. ئەم بابەتە لە سایتی (رووداو)ەوە وەرگیراوە


محمد خۆشناو لەم چەند ڕۆژەی رابردوو هەندێک وتار لە سایتەکان و سۆشیالمیدیا بڵاوبووەوە ، چەندین جار ووشەی گوێدرێژم بینی ، مرۆڤایەتی قەرزاری ئەو ئاژەڵە بەستەزمانەیە ، لەسەر پشتی ئەم ئاژەڵە شارستانیەت گوێزرایەوە ، ئەم ئاژەڵە خزمەتکارە رووداوێکی بیر هێنامەوە کە پێش هاتنی کۆرۆنا بوو ، چوومە فامیلی مۆڵ لە هەولێر ، بینیم کەسێکی هیندی بێ ئەوەی ئاگای لەخۆی بێت لابەلا بە جەستەی ژنێکی لووتبەرز کەوت ، ژنەکە بە کوردی و عەربی و ئینگلیزی پێی گوت« کەر» من بوومە دڵۆپێک ئاو ، ئەمانە چەند کەسێک بوون زەردەخەنەیەکی تایبەتیان لەسەر رووخساریان پەیدا بوو ، ئەم ژنە  نازانێت کە ئەو «کەرانە» خاوەن تاگووری شاعێری مەزنن و ، کۆمپانیای جیهانی وایان دامەزراندوور کە هەر کۆمپانیایەک دەیان ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە لەوانە بەریوەبەری مایکرۆسۆفت و سەرۆکی گوگل هیندین ، خاوەنی گاندی و گەورەترین ولاتی دیموکراسین و هەرچی ئایین و ئاینزا و نەتەوەی جیا هەیە لەو ولاتە بە لێبووردەیی و ئاشتی و برایەتی پێکەوە دەژین ، شوێنی ئەدەب و سەبر و کاری بەردەوام و دڵسۆزی و سەڕاستین ، ئەمانە شتێکی ئەوتۆ هاوردەی ولاتەکەیان ناکەن و هەموو پێداویستی خۆیان لە ولاتی خۆیان بەرهەم دێنن و ، عەقل و پسپۆریەکی دەگمەنیان هەیە ، لەدواجار لە زەردەخەنەکەی ئەوان بەو ژنە دواکەوتووە تێگەیشتم ، هەر ئەم رووداوە چیرۆکێکی شاعێری گەپجاری عیراقی ئەحمەد مەتەر کە ئیستا لە بەریتانیا  دەژی بیر هينامەوە ، بەناونیشانی« کەر کوڕی کەر» کە ئەمە دەقەکەیەتی: هەبوو نەبوو لەیەکێک لە ئاخوڕگەکانی عەرەبی کۆمەڵە کەرێک هەبوو ، ڕۆژێکیان کەرێکیان بۆ ماوەیەک مانی لە خواردن گرت و ، لاشەکەی لاوازبوبوو و گوێیەکانی شۆڕ بوبوونەوە و خەریک بوو لەبەر ڵەڕولاوازی دەکەوتە سەر زەوی ، کەری باوک هەستی بەوە کرد کە هەموو ڕۆژێک دۆخی کوڕەکەی بەرەو خەراپی دەچێت و ویستی هۆکاری ئەمە بزانێت چیە ، بۆیە کوڕەکەی بەتەنیا بینی بۆ ئەوەی لەحالەتی دەروونی و تەندروستیەکەی تێبگات کە زیاتر بەرەو خەراپی دەچوو و ، پێی گوت: کوڕەکەم تۆ چیتە؟؟ باشترین جۆری جۆم بۆ داناوی و…تا ئێستا تۆ رەتیدەکایتەوە بیخۆیت…پێم بڵی چیتە؟ و ئەمە بۆ وا لەخۆت دەکەیت؟ کەس بێزاری کردووی؟ کەری کوڕ سەری بەرز کردەووە و قسەی لەگەڵ باوکی کرد و پێی گوت: بەڵێ باوکە…ئەو مرۆڤانە…کەری باوک سەریسوڕما و بەکوڕەکەی گوت: جا مرۆڤ چیانە کوڕم؟ پیی گوت: ئەوانە گاڵتە بەئێمەی هوزگەلی کەران دەکەن…باوکەکە پێیگوت ئەمە چۆن؟ کەرەکە گوتی: ئەی نانینی هەرکاتێک یەکیان کارێکی خەراپ بکات پێی دەڵێن هەی کەر…هەرجارەی یەکێک لە منداڵەکانیان خەراپەیەک بکات پێی دەڵێن هەی کەر…ئایا بەڕاست ئێمە ئاواین؟ گەمژەکانیان بە کەر وەسف دەکەن..باوکە ئێمە واین…ئێمە بێ ماندوبوون و شەکەتی کاردەکەین و… درک دەکەین و تێدەگەین…هەستمان هەیە…ئەو کاتە کەری باوک ڕاچلەکی و نەیزانی چۆن وەڵامی ئەم پرسیارە بچووکانە بداتەوە و ئەویش لەحالەتێکی خەراپ دایە و ، بەڵام بەخێرایی هەردوو گوێیەکانه بەلای ڕاست و چەپدا بادا و ئەنجا دەستیکرد بە گفتۆگۆ لەگەڵ کوڕەکەی بەڵکە بەپێی لۆژیکی کەران هەوڵی رازیکردنی بدات…سەیرکە کوڕەکەم ئەوانە هۆزگەلی مرۆڤ خوا دروستیکردوون و فەزلیکردوون بەسەر هەموو بوونەوەرێک ، بەڵام بەر لەوەی خەراپە بەروەرووی ئێمەی هۆزگەلی کەران بکەن ، بەزۆری بەروەرووی خۆیانیان کردۆتەوە.. بۆنموونە سەیرکە…بەهەموو دریژایی تەمەنت کەرێکت بینیووە ماڵی براکەی بدزێت؟ ئایا گوێت لەمە بووە؟ ئایا بینیووتە کەرێک ئەشکەنجەی باقی کەرانی دیکە بدات ، بۆ شتێک نا تەنها لەبەر ئەوەی لاوازترە لەو یان ئەوەی پێی گووتراوە بەدڵی نیە؟ ئایا کەرێکی ڕەگەزپەرستت دیوە مامڵە لەگەڵ ئەوانی دیکە لە کەران بە ڕەگەزپەرستی ڕەنگ و نەژاد و زمان بکات؟ ئایا گوێت لە لووتکەی کەران بووە کە نازانن بۆ کۆبوونەتەوە؟ ئایا ڕۆژێک لە ڕۆژان گوێت لەوە بووە کەرانی ئەمەریکا پلان بۆ کوشتنی کەرانی عەرەب دابنێن!! لەپێناوی بەدەستهێنانی جۆ؟ ئایا کەرێکی بەکرێگیراوی دەوڵەتێکی بیانیت بینیووە کە پیلان دژی کەرانی وڵاتەکەی بکات؟ ئایا کەرێکت بینیووە جیاوازی لەنێوان خەڵکی خۆی لەسەر بنچینەی تائیفیدا بکات؟ تەبعەن ئەو جۆرە تاوانە مرۆییانەت لە جیهانی کەراندا گوێ لێنەبوەە!! بۆیە کوڕەکەم داوات لێدەکەم کە عەقلە کەرانەییەکەت داداوەریت بکات و ، داواتلێدەکەم کە سەری من و سەری دایکت بەرز کەیتەوە و وەک ئەوەی کە تۆم ناسیوە کەر کوڕی کەر و، کوڕم لێیان گەڕێ ئەوەی دەیانەوێت با بیڵێن ، ئەو شانیازەمان بەسە کە ئێمەی کەر درۆ ناکەین ، ناکوژین ، دزی ناکەین ، غەیبەت ناکەین ، جووێن نادەین ، لەخۆشیا سەما ناکەین کە لەنێوانماندا بریندار و کوژراو هەبێت ، کەری کوڕ بەو ووشانەی باوکی سەرسام بوو و ، دەستی بە هەڵوشینی جۆ کرد و بەدەم خواردنی جۆوە دەیگوت: بەڵێ باوکە وەک ئەو بەڵینەی بەمنتدا دەمێنێمەوە ، بەبەردەوامی شانازی بەوە دەکەم کە کەر کوڕی کەرم پاشان ، دەبمە خاک و خۆڵ و ناچمە ناو ئاگرێک کە سوتەمەنیەکەی خاڵک و بەرد بێت.


عه‌بدولڕه‌زاق شه‌ریف - پرسی دەستور یەک دەنگی نەخێری ئاڵتونی (نوری تاڵەبانی) کە خۆی سەرۆکی لیژنەی نوسینەوەی دەستوری هەرێمی کوردستان بو، بەس بو بۆ ئەوەی رەتبکرێتەوەو نەخرێتە راپرسییەوە، چونکە ئەو وتی: ئەم رەشنوسەی لەپەرلەمانا خوێندرایەوە، دەستکاریکراوە، ئەوە نیە کە ئێمە وەک لیژنە ئیقرارمانکردوە..! نوسینەوەی دەستورو خستنە راپرسی و تێپەڕاندنی، وەک گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی و دۆکیومێنتێکی پێکەوەیی کۆمەڵی کوردەواری لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەبێت بە گرنگترین کارو پێویستی خەڵک. بۆ ئەوەی بەدەنگەوە هاتن، پابەندبون و کاریگەری هەبێت پێویستی بە کۆدەنگی فراوان و زۆرینە هەیە. لەم قۆناغەدا، حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم و بەوانەشەوە کە هەریەک بەرێژەی خۆی لە پەرلەمانی کوردستان نوێنەرایەتیان هەیە، بەراورد بە رێژەی دەنگەکانیان لە هەڵبژاردنی مانگی رابردو، نیوە کەمتری رێژەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان پێک ئەهێنن. بۆیە ناتوانن و بۆیان نیە لەم قۆناغەدا، رەشنوسی دەستورێک بنوسنەوە و بیسەپێنن، لە کاتێکدا، هەڵپەی فرسەتی تەنیا حیزبێک بە ئاشکرا دیارەو هەژمونی ئەویش بەهۆی جڵەوی حوکمدارییەوە، بەسەر حیزبەکانیتردا، دیارتر ... دواخستنی ئەو پرسە گرنگەو هەواڵەکردنی بە خولی پەرلەمانی ئایندە، کە نیوە ساڵێکی کەمی ماوە، باشترین خزمەتەو زەمینەی متمانەش لای خەڵکی هەرێم ئەرەخسێنێ. - پرسی نەوەی نوێ لەگەڵ دروستبونیدا، وەک هێزێکی رادیکالی بەرەنگاری دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم دەرکەوت، لە ئێوارەی یەکەم بونەوە، رەونەقی خەرمانەی مانگی (نەوەی نوێ) لە ناو ناخی خەڵکی هەرێمی کوردستانا نەخشا. بەرگری و بەگژاچونەوەی حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە کایەی سیاسیدا، کۆڵنەدان و بەردەوامی ئەوان، ئەفسونێکی رۆمانسی بە گەنجان و لاوان بەخشیوە، نهێنی ئیرادەو توانای گەنجێکی سەرۆکی ئەو جوڵانەوەیەش ئەفسونێکی زیاتر... هەرچەندە بەراورد بە حیزبە ئۆپزسیۆن و نارازییەکانیتر لە هەرێم، کات و شوێن، تەنانەت پشتیوانی هەمەلایەنە، کەمتر لە خزمەتی (جوڵانەوەی نەوەی نوێ)دا بوە ! کەچی ئەم بەخێراییەکی قیاسی هەمو ئەوانەی پێش خۆی تێپەڕاند. ترس لە ئایندەو هەژمونی فیکری سیاسی تەقلیدی، روبەرێکی فراوانی بیرکردنەوەی نوخبەی جیاوازو کادرو سەرکردەکانی حیزبەکانی لە کوردستانا داگیرکردوە، بۆیە ئەوان ئایندەیەکی رۆشن بۆ جوڵانەوەکە نابینن ! وەک ئەوەی ئێمەومانان ئەیبینین. - پرسی لاهور پێشترو هەمو هەوڵەکان بۆ رێککەوتنی هەردو هاوسەرۆک شکستی هێنا، هەرچەندە هەردولا بەرامبەر جێبەجێکردنی داواکاری یەکتری ئامادەی ئیمزاکردنی لاپەڕەیەکی سپی بون، بافڵ لەبری دەستلەکارکێشانەوەی لاهورو ئەمیشیان بەرامبەر لەیەکێتیدا مانەوە، بەڵام رایەڵەی خوێن و نامەگۆڕینەوە و شۆخیکردنی نێوانیان لەدوای روداوەکانی هەشتی تەموز هەردوکیانی سەرمەست و سەربەست کردبو ..! نەیانکرد . دوای فەرمانی وەدەرنانی لاهورو هاوڕێکانی حەتمەن ئەوانەشی بەدوادادێ کە کڕاونەتەوە ! یان گەڕاونەتەوە، ئنجا گرێوگۆڵی ناو پاشماوەکەی (ی ن ک) ئاڵۆزتر ئەبێت، ئەوان مەحکومن بە راگەیاندنی کۆتایی هاتنی یەکێتی وەک حیزبێکی سیاسی لە کوردستانا، بەڵام چۆن و، کەی ؟؟ ئەبێ دوعای خێریان بۆ بکەین.


  هیوا ناسیح له‌‌م‌ ماوه‌یه‌ی پێشوودا ژیاننامه‌ و بیره‌وه‌رییه‌کانی ژنه‌ نوسه‌ر و یاساناس و چالاکوان، مامۆستای زانکۆکانی تاران وهه‌ڵگری خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی (شیرین عه‌بادی)م به‌ زمانی ئه‌ڵمانی خوێنده‌وه‌، که‌ به‌ ناوی (ئێرانی من، ژیانێک له‌ نێوان شۆڕش و هیوادا)یه‌، ئه‌م کتێبه‌ که‌ نزیکه‌ی ٣٥٠ لاپه‌ڕه‌یه‌ به‌ ئینگلیزی به‌ هاوکاریی رۆژنامه‌نوسی ئه‌مریکی به‌ڕه‌گه‌ز ئێرانی ئازاده‌ مۆوڤانی نوسراوه‌ و ساڵی ٢٠٠٦ له‌ ئه‌مریکا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.  ئه‌م ژنه‌ بوێر و ئازایه‌، وه‌ک بیرمه‌ند و خه‌باتگێرێکی جیهانی، که بۆته‌ یه‌ک له‌ ژنه‌ ناودار و کاریگه‌ره‌کانی مێژووی ئێران و ناوچه‌که‌، هه‌روه‌ها یه‌که‌م ژنه‌ دادوه‌ر له‌ مێژووی ئێراندا، ساڵی ٢٠٠٣ خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی ، وه‌ک پێزانینێک بۆ ئه‌و خه‌بات و کۆششه‌ی له‌ بواره‌کانی مافی مرۆڤ و دیموکراتییه‌تدا ئه‌‌نجامی داوه‌، پێ ده‌به‌خشرێت، به‌مه‌ش د‌ه‌بێته‌ یه‌که‌م ژنه‌ موسوڵمان له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهاندا  که‌ بووه‌ته‌ خاوه‌ن خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی. ئه‌م کتێبه‌ بریتییه‌ که‌ چه‌ند به‌شێک، که‌ لێره‌دا به‌ کورتی باسیان ده‌که‌م: پێشه‌کی، لێره‌دا باس له‌و ڕووداوه‌ سه‌یر و تراژیدییه‌‌ ده‌کات که‌ له‌ ساڵی ٢٠٠٠ دا ڕوویدا، له‌و ساڵه‌دا که‌ ئه‌م وه‌ک سه‌رۆکی تیمی پارێزه‌رانی داکۆکیکار له‌ تیرۆری ئه‌و که‌سایه‌تییانه‌ی هه‌مان ساڵ له‌ لایه‌ن ده‌زگای ئیتلاعاتی رژێمی ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ ئه‌نجام دراون ده‌کات، که‌ ناسراوه‌ به‌ تیرۆری زنجیره‌یی (قتلهای زنجیره‌یی). ئه‌م کاتێک له‌گه‌ڵ تیمه‌که‌دا زۆر سه‌رقاڵی پشکنین و لێکۆڵینه‌وه‌ن له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی ده‌ستیانکه‌وتوه‌، تا ئاماده‌ی بکه‌ن بۆ دانیشتنی دادگاکه‌. له‌ پڕ له‌ نێو ئه‌و سه‌دان لاپه‌ڕه‌‌یه‌ی له‌به‌رده‌ستیدان چاوی ده‌که‌وێته‌ سه‌ر گفتوگۆیه‌کی تۆمارکراو، که‌ پێده‌چێت به‌ بێته‌ل یان ته‌له‌فون بێ، له‌ نێوان لێپرسراوێکی به‌رزی ده‌زگای هه‌واڵگری (اتلاعات)ی ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ یه‌کێک له‌ ئه‌نجامده‌رانی تیرۆره‌کاندا روویداوه‌. له‌وێدا لێپرسراوی باڵا به‌ بکه‌ره‌که‌ ده‌ڵێت „که‌سی داهاتوو، که‌ ده‌بێت تیرۆر بکرێت شیرین عه‌بادییه‌!“ ...هتد. شیرین که‌ چه‌ندان جاری تر هه‌ڕه‌شه‌ی لێکراوه‌ و تۆمه‌تبارکراوه‌، لێره‌دا توشی شۆک دێت،  باس ده‌کات، چۆن خۆی و هاوڕێ پارێزه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌ چاوه‌ڕواننه‌‌کراوه‌ به‌رخورد ده‌که‌ن. گه‌نجێتی له‌ تاراندا، ئه‌م که‌ له‌ساڵی ١٩٤٧ له‌ هه‌مه‌دان له‌ دایکبووه‌، مناڵی و قۆناغه‌کانی خوێندنی له‌ تاراندا به‌سه‌ر بردوه‌، باس له‌ ژیانی مناڵی و گه‌نجێتی و ئینجا خوێندکاریی له‌ زانکۆی تاران و به‌شداریی کاریگه‌رانه‌ی له‌ خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌وکاتی زانکۆی تاران دژ به‌ رژێمی شا ده‌کات.  دۆزینه‌وه‌ی داد (عه‌داله‌ت) ساڵی ١٩٦٩ به‌شی یاسا و دادوه‌ریی ته‌واو ده‌کات. هه‌مان ساڵ له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌کی پیاوی به‌ناوی (جه‌واد ته‌ڤاس) که‌ که‌سێکی روناکبیره‌ هاوسه‌رگیریی ده‌کات. له‌ ساڵی ١٩٧٥ ده‌بێته‌ یه‌که‌م ژنه‌ دادوه‌ر له‌ مێژووی ئێراندا. دواتریش ده‌بێته‌ سه‌رۆکی دادگای باڵای تاران. تامی تاڵی شۆڕش، که‌ مه‌به‌ست لێی شۆرشی گه‌لانی ئێرانه‌ ١٩٧٩ دژ به‌ رژێمی شاهه‌نشاهی که‌ دوو هه‌زار ساڵ بوو حوکمی ئێرانی ده‌کرد. به‌ درێژی باس له‌ دیوی ناوه‌وه‌ی شۆرشی گه‌لانی ئێران دژ به‌ رژێمی شا، وه‌ ڕۆڵی خومه‌ینی وه‌ک ڕابه‌رێکی کاریزمی له‌ته‌مه‌نی ٧٨ ساڵیدا له‌ پاریسه‌وه‌ بۆ تاران وه‌ هاتنه‌وه‌ی ناوبراو و هه‌ڵاتنی شا. ئه‌و‌ه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ لێره‌دا، کاتێک شا بۆ دامرکاندنه‌وه‌‌ی خۆپیشاندانه‌کان و ڕازیکردنی خه‌ڵکی ناڕازی هه‌ندێک چاکسازی له‌ ئاستی باڵادا جێبه‌جێ ده‌کات، خومه‌ینی لێدوانێک ده‌دات، که ئه‌وکات هێشتا هیچ پله‌یه‌‌کی باڵای نه‌بووه‌ و شۆڕش له‌ گه‌رمه‌یدا بووه‌، ده‌ڵێت „ شا خۆی هه‌ر ده‌بێت بڕوات! “، ئیتر ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ دروشمێکی سه‌ره‌کی خۆپیشانده‌ران و ....هتد. دواتر دێته‌ سه‌ر به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادییه‌ تاکییه‌کان و فه‌رزکردنی حیجاب و چه‌‌سپاندنی بنه‌ماکانی رژێمی ئیسلامی و (ویلایه‌‌تی فه‌قیه). که‌ ئه‌م دژی ئه‌مانه‌ بووه‌. هاوکات باس له‌وه‌ ده‌کات له‌ ئه‌نجامی ئه‌و رێکار و یاسایانه‌دا ئه‌م وه‌ک مێینه‌یه‌‌ک له‌ کاره‌که‌ی وه‌‌ک دادوه‌ر لاده‌برێت، چونکه‌ به‌ پێی پره‌نسیپه‌کانی ئه‌و رژێمه‌ نابێت ژن دادوه‌ر بێت، تا ده‌گات به‌وه‌ی ده‌یکه‌ن به‌ سکرتێره‌ له‌ هه‌مان فه‌رمانگه‌ی دادوه‌ریی باڵا، که‌ خۆی دادوه‌ر و سه‌رۆکی فه‌رمانگه‌ بووه‌ تێیدا، ئه‌مه‌ش وه‌ک سوکایه‌تی و بێرێزییه‌‌ک ده‌بینێت و له‌ ئه‌نجامدا واز له‌ کاره‌که‌ی ده‌هێنێت. له‌و کاتانه‌دا باری دارایی خێزانه‌که‌یان ئه‌وه‌نده‌ خراپ ده‌بێت، ده‌ڵێت وه‌ک شکاندنی ڕۆتین، جارو بار خواردنی خێزانی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵ، که پێی راهاتبوون، کاتێک دوو کچه‌که‌ی (نیگار و نێرگس) وه‌ک دوو مناڵی نازدار داوا ده‌که‌ن بچنه‌ ریستورانتێکی ده‌ره‌وه‌ وه‌ک جاران نان بخۆن، ده‌ڵێت، خواردنێکی تۆزێک تایبه‌تم دروست کرد و له‌ گۆشه‌یه‌کی ماڵه‌که‌ماندا مێزم ڕازانده‌وه‌ و له سه‌ر دیواره‌که‌ ده‌منوسی (ریستورانتی شیرین)، ده‌مگوت، فه‌رموو وه‌رن بخۆن، ئێوه‌ لێره‌ داوه‌تی منن. تا هه‌ندێک فه‌رامۆشیان بێت. تا ده‌گات به‌وه‌‌ی نوسینگه‌ی پارێزه‌ری داده‌نێت وه‌ک سه‌رچاوه‌ی بژێوی. زۆربه‌ی ئه‌و که‌یسانه‌ی تایبه‌تن به‌ ژنان و مناڵان وه‌رده‌گرێت و له‌ هه‌ندێکیاندا بێ هیچ به‌رامبه‌رێک و به‌ خۆڕایی داکۆکییان لێ ده‌کات. به‌ تایبه‌ت قوربانییانی خوار ١٨ ساڵ و هه‌روه‌ها بێوه‌ژنانی جه‌نگ. له‌ ئه‌م که‌یس و تاوانانه‌دا‌ زۆرجار له‌گه‌ڵ قوربانییه‌کاندا گریاوه‌ و خۆبه‌خشانه‌ کاری بۆ کردون. ئێران له‌ جه‌نگدا، له‌م به‌شه‌دا باس له‌ هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی نێوان عێراق و ئێران له‌ ٢٢ی ئه‌یلولی ١٩٨٠ ده‌کات، که‌ به‌ هێرشێکی سوپایی فراوانی عێراق بۆ ناو سنوری ئێران ده‌ست پێ ده‌کات. تا دێته‌ سه‌ر  بردنی به‌ کۆمه‌ڵی گه‌نج و لاوانی ئێرانی به‌ره‌و به‌ره‌کانی جه‌نگ، هه‌روه‌ها داگیرکردنی شاری ستراتیژیی خوڕه‌مشه‌هر له‌لایه‌ن عێراق و دواتر هێرشی خوێناوی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ی که‌ نزیکه‌ی ١٠٠ هه‌زار که‌سی تێدا کوژرا، به‌ جۆرێک له لایه‌ن خومه‌ینییه‌وه‌ شاره‌که‌ ناو ده‌نرێت شاری خوێن (خونشه‌هر). هه‌روه‌ها باس له‌ هێرشی کوێرانه‌ و رۆژانه‌ی فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانی عێراق بۆ شار و ناوچه‌ مه‌ده‌نییه‌کانی ئێران ده‌کات. هه‌ر له‌و کاتانه‌دا سه‌رکوتی سیاسی و ته‌سکبوونه‌وه‌ی په‌راوێزی ئازادی کاری سیاسی زۆر که‌م ده‌بێته‌وه‌، لێره‌شدا چیرۆکی تراژیدی (فوئاد)ی لاو، که‌ شوبرای بووه‌ و خوێندکار بووه‌ له‌ تاران باس ده‌کات، که‌ گرتن و حوکمدان و دواتر له سێداره‌دانی به‌ بڕیاری که‌سیی خومه‌ینی له‌گه‌‌ڵ ٤ بۆ ٥ هه‌زار زیندانی سیاسی تردا، له‌ کۆتایی جه‌نگه‌که‌دا، که‌ گه‌وره‌ترین کۆمه‌‌ڵکوژیی بووه‌ له‌ مێژووی خوێناوی رژێمی ئیسلامیدا، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م که‌یسه‌‌شه‌ که‌ سه‌رۆککۆماری ئێستای ئێران ئیبراهیم ڕه‌ئیسی تۆمه‌تبارکراوه،‌ وه‌ک ده‌وترێت یه‌ککێکه‌ له ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌. هه‌ر له‌م به‌شه‌دا باس له‌ کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ش ده‌کات. دواتر دێته‌ سه‌ر ئه‌نجامگیری جه‌نگ، ده‌نوسێت: هه‌ردوو وڵات باسیان له ‌بردنه‌وه‌ی جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ ده‌کرد، به‌ڵام له ڕاستیدا ته‌نها بازرگانه‌‌کانی جه‌نگ و کۆمپانیا ئه‌مریکی و ئه‌وروپییه‌‌کان بوون به‌ فرۆشتنی چه‌ک و جبه‌خانه‌ی جه‌نگی بردیانه‌وه‌. له‌ باسی زیانه‌کانی جه‌نگه‌که‌دا ده‌ڵێت: ئه‌نجامه‌که‌ی، کوشتنی نزیکه‌ی میلیۆنێک مرۆڤ، ١٠٠ هه‌زار دیلی جه‌نگی، ٢ میلیۆن و نیو په‌ناهه‌‌نده‌، هه‌روه‌ها ته‌نها له‌ بواری نه‌وتدا ئه‌و دوو وڵاته‌ زیانی ٥٠٠ ملیار دۆلاریان به‌رکه‌وت! ناوبراو ساڵی ١٩٩٤ له‌ پاڵ کاره‌کانی خۆیدا وه‌ک پارێزه‌ر و مامۆستای یاسا ده‌زگایه‌ک بۆ پاراستنی مافه‌کانی مناڵان داده‌مه‌زرێنێت (مناڵپارێز). دواتر و ساڵی ١٩٩٦ له‌لایه‌ن رێکخراوی نێوده‌وڵه‌تی چاودێری مافه‌کانی مرۆڤ (هیومه‌ن رایتس ۆچ)ه‌وه‌ خه‌ڵات ده‌کرێت. دواتر دێته‌ سه‌ر مردنی خومه‌ینی که‌ رژێمی ئێران ناوی ناوه‌ (ڕابه‌ری بێبه‌شه‌‌کانی جیهان) و ئه‌و پێشوازییه‌ بێوێنه‌یه‌ی مه‌راسیمی ناشتنی ته‌رمه‌که‌‌ی ناوبراو، و ته‌نانه‌ت په‌لاماری تابوته‌که‌‌ی و دڕاندنی کفنه‌که‌‌ی (له‌ خۆشه‌ویستیدا) که‌ زۆرترین ده‌نگدانه‌وه‌ی له‌ میدیا جیهانییه‌کاندا به‌دوای خۆیدا هێناوه‌. ناوبراو به‌شێکی تایبه‌تی ته‌رخانکردوه‌ بۆ باسی تیرۆری رژێمی ئیسلامی  به‌ ناوی (تیرۆر و کۆماره‌که‌)، له‌وێدا باس له‌ سه‌رده‌مێک ده‌کات ساڵی ١٩٩٧ کاتێک عه‌لی فه‌لاحییان وه‌زیری ئیتلاعات بووه‌، که‌ چۆن ناوبراو به‌ فه‌رمی له ‌دادگای باڵای به‌رلین له‌ سه‌ر که‌یسی ریستورانتی میکونوس، که‌ دکتۆر سه‌‌عیدی شه‌ره‌فکه‌ندی تێدا تیرۆرکرا به‌ تاوانکار دانرا.  دواتر باس له‌ تیرۆره‌ زنجیره‌ییه‌کانی که‌سایه‌تییه‌ سیاسی و رۆشه‌نفکره‌کانی تاران ده‌کات ساڵی ١٩٩٨، که‌ له سه‌رده‌می خاته‌می، که‌ خه‌ڵکی ئێران هیوایه‌کی زۆریان له‌سه‌ری هه‌ڵچنی بوو، که ریفۆرم بکات و وڵات به‌ره‌و دیموکراتییه‌ت و کرانه‌وه‌ به‌رێت، ئه‌نجام دران، تا ده‌گات به‌وه‌ی له‌ ژێر فشاری زۆری ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌‌وه‌دا وه‌زیری ئیتلاعات ده‌ست له‌ کار بکێشێته‌وه‌.  له‌ به‌شێکی تردا به‌ ناوی (چه‌که‌ره‌کردنی هیوا) باس له‌ به‌شداری ٢٢ میلیۆن ئێرانی له‌ هه‌ڵبژاردن و پشتیوانی بێسنوری خه‌‌ڵک ده‌کات بۆ خاته‌می. به‌ڵام دواتر هیواکان کاڵ ده‌بنه‌وه‌. له‌ به‌شێکی تردا به‌ ناوی (له‌ زینداندا به‌ هۆی بیروڕای جیاوازه‌وه‌) له‌سه‌ر داکۆکی یاسایی له که‌یسه‌ سیاسییه‌کان و هه‌روه‌ها جیاوازی بیروڕای له‌گه‌ڵ رژێمی ئێراندا ده‌گیرێت و ده‌خرێته زیندانه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت زیندانی تاکه‌که‌سی و دواتر له‌‌گه‌ڵ ده‌رمانخۆر و ئالوده‌بوو و تاوانکارانی تردا له‌ زیندانی ناسراوی (ئه‌ڤین)دا ده‌خرێته‌ ژووره‌وه‌، نزیکی مانگێک ده‌مێنێته‌وه‌. هه‌ر له‌م کتێبه‌دا باس له ‌دوو رۆژنامه‌نوس ده‌کات، که‌ یه‌‌که‌میان به‌ ته‌ندروستی خۆی و دووه‌میان به ژیانی نرخی ئازادی و بیروبڕوای خۆیان دا. یه‌که‌میان ئه‌کبه‌رگه‌نجییه‌، که‌ له‌سه‌ر وتارێک ساڵی ٢٠٠٠ یه‌که‌م جار ده‌ ساڵ و دواتر که‌مده‌کرێته‌‌وه‌ به‌ شه‌ش ساڵ حوکم ده‌درێت، ئه‌ویش له‌ زیندانی به‌دناوی (ئه‌ڤین)دا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌‌ نوسین و سورتر ده‌بێت له‌سه‌ر بیروڕاکانی تا ده‌گات به‌وه‌ی ماوه‌یه‌‌کی زۆر مان له‌ خواردن ده‌گرێت و له مه‌رگ نزیک ده‌بێته‌وه‌، ئه‌و که‌ پوخته‌ی بیروڕای خۆی بریتی ده‌بن له داواکاریی‌ جیاکردنه‌وه‌ی ئاین له‌ ده‌وڵه‌ت. داواکاریی ده‌ستکێشانه‌وه‌ی ڕابه‌ری باڵا و هه‌روه‌ها بنیاندنانی سیسته‌مێکی دیموکراتی، له‌ ژێر ئه‌شکه‌نجه‌ و زینداندا پاشه‌کشه‌ ناکات و تا که‌یسه‌که‌ی له‌ سه‌ر ئاستی جیهان ده‌نگ ده‌داته‌وه‌. دووه‌م کچه‌ رۆژنامه‌نوسی ئازا زوهرا کازمییه‌، ناوبراو‌ ره‌گه‌زنامه‌ی که‌نه‌دی هه‌بووه‌ و خۆشی ئێرانی بووه‌، کاتێک له‌ گه‌رمه‌ی خۆپیشاندانه‌کانی زانکۆکانی ئێران ساڵی ٢٠٠٣ خه‌ریکی وێنه‌گرتنی خۆپیشانده‌ران و گه‌یاندنی ده‌نگیان بووه‌ به‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌. له‌وێ دوو مه‌ئموری ئاسایشی ئێران داوای کامێراکه‌ی لێ ده‌که‌ن، که‌ پێ ده‌چێت ژماره‌یه‌کی زۆر وێنه‌ی تێدا بووبێت. زۆری بۆ ده‌هێنن، ئه‌میش بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌‌کانی گرتونی وه‌ک سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵگری بۆ ناسینه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران و رێکخه‌ران به‌کارنه‌هێنن، دێت فیلمه‌که‌ له‌به‌رچاویان ده‌رده‌کات و ده‌یخاته‌ به‌ر خۆره‌که‌ تا بسوتێت، ئینجا کامێراکه‌یان ده‌داتێ، لێی ده‌‌پرسن بۆ واتکردن، ده‌ڵێت: ئاخر ئێوه‌ ده‌توانن کامێراکه‌تان هه‌بێت، به‌ڵام فیلمه‌که‌ هی منه‌! ئه‌مه‌ پیاوه‌کانی ئیتلاعات زۆر بێزار و توڕه‌ده‌کات، پاش گرتنی ناوبراو ،ئه‌شکه‌نجه‌یه‌کی زۆر و بێبه‌زه‌ییانه‌ ده‌درێت، تا له‌ژێر لێداندا گیانی ده‌به‌خشێت. که‌ ئه‌م خۆبه‌ختکردنه‌ به‌ڕای من لوتکه‌ی مۆراڵ و پیشه‌یی بوون و بوێرییه له‌ بواری رۆژنامه‌گه‌رییدا. شیرین عه‌بادی هه‌ردوو که‌یسه‌که‌ وه‌رده‌گرێت و به‌وپه‌ڕی ئازایه‌تییه‌وه‌ داکۆکیی لێ ده‌کات، لێره‌دا ده‌ڵێت (زوهرا یه‌که‌م که‌س نه‌بوو له‌ ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا گیان بدات، به‌ڵام له‌ نێوده‌وڵه‌تیدا زۆر ده‌نگی دایه‌وه‌، منیش ویستم به‌ جیهان بڵێم چی له‌ ئێران ڕووده‌دات و تا بۆم بکرێت رێگری له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی کاره‌سات بگرم). ئه‌و که‌یسه‌ وا ده‌کات ماوه‌یه‌ک گرژییه‌کی زۆر ده‌که‌وێته‌ نێوان که‌نه‌دا و ئێرانه‌وه‌، تا ده‌گات به‌وه‌ی له‌ ژێر فشاردا جێگری سه‌رۆکی ئێرانی ئه‌وکات (عه‌لی ته‌باته‌بایی) ناچار به‌ لێدوان ده‌کات و دانی پێدا ده‌نێت، که زوهرا له ژێر لێداندا کوژراوه‌! له کۆتایی کتێبه‌که‌یدا دێته‌ سه‌ر باسی هه‌ڵبژاردن و پێدانی خه‌ڵاتی نۆبڵ پێی، کاتێک ئه‌م له‌ گه‌ڵ یه‌ک له‌ کچه‌کانیدا له‌ پاریس ده‌بێت بۆ به‌شداری کۆنفرانسێکی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌واڵه‌که‌‌ی پێ ده‌گه‌یه‌نن. دیاره‌ ده‌سته‌ڵاتدارانی ئێران زۆر پێی قه‌ڵس ده‌بن. که‌چی سه‌یر ئه‌‌وه‌یه‌ که‌ هه‌واڵه‌که‌ بڵاو ده‌بێته‌وه‌، باڵوێزی ئێران له‌ فه‌ره‌نسا په‌یوه‌ندی پێوه‌ ده‌کات و پیرۆزبایی لێ ده‌کات! هۆڵێکیشی بۆ ده‌گرن بۆ کۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی، باڵوێزیش دوو کارمه‌ندی بۆ لا ده‌نێرێت و قورئانێکی به‌دیاری بۆ دێنن! دیاره‌ ئه‌م ره‌فتارانه‌ی پێ سه‌یر ده‌بێت، چونکه‌ چی خراپه‌ پێیان کردوه‌، له‌ هه‌ڕه‌‌شه‌، زیندانیکردن، ده‌رکردن له‌کار و سوکایه‌تی و ..هتد. له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ خاته‌می سه‌رۆکی ئه‌و کاتی ئێران بۆ که‌مکردنه‌وه‌ له‌ بایه‌خی ئه‌و ڕووداوه‌ له‌ وڵامی رۆژنامه‌نوسێکدا ده‌ڵێت: نۆبڵی ئاشتی هیچ گرنگی نییه‌، نۆبڵی ئه‌ده‌ب به‌ ڕاستی گرنگه‌!  ئینجا دێته‌ سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئێران و ئه‌و پێشوازییه‌ بێوێنه‌یه‌ی له‌لایه‌ خه‌‌ڵکی تارانه‌وه‌ لێی کراوه‌، ناوبراو ڕازی نابێ به‌ به‌شی که‌سایه‌تیه‌ گرنگه‌کاندا (VIP)دا بێته‌ ژووره‌وه‌! له‌ فڕگه‌ جێگری سه‌رۆک یئێران و وته‌بێژی فه‌رمی حکومه‌ت له پێشوازیدا ده‌بن، جگه‌له‌مه‌ نه‌وه‌‌یه‌‌کی ئیمام خومه‌ینی ئه‌ڵقه‌یه‌کی گوڵی ئۆرکیدیا ده‌خاته‌ ملی. که‌ ده‌ڵێت به‌ سه‌دان هه‌زار که‌س شه‌پۆلی ده‌دا، بڕوام به‌ چاوه‌کانم نه‌ده‌کرد، نه‌ک ناو فڕگه‌‌ به‌ڵکو رێگای تارانیش به‌ره‌و ئه‌وێ به‌هۆی پێشوازیکه‌رانه‌وه‌ داده‌خرێت و ناچار فڕگه‌‌ی تاران سه‌رجه‌م گه‌شت و فڕینه‌کانی ئه‌و شه‌وه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه‌.  له دوا به‌شی کتێبه‌که‌‌یدا پوخته‌ی بیروبۆچون و فه‌لسه‌فه‌ی خۆی له‌سه‌ر کێشه‌‌کانی ئێران به‌تایبه‌تی و ململانێی ئه‌مریکا و ئێران به‌ گشتی ده‌خاته‌ ڕوو، لێره‌دا ر‌ه‌خنه له‌ سیاسه‌تی هه‌ردوو ئه‌مریکا و ئێران ده‌گرێت و پێی وایه‌، تا ئه‌مریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بیانه‌وێت به‌ هێزی سه‌ربازیی گۆڕانکاری له ئێراندا بکه‌ن، ئه‌وا رژێمی ئێران سودی لێ ده‌بینێت و وه‌ک پاساو بۆ سه‌رکوتکردنی هه‌ر خه‌ڵکێکی نه‌یاری خۆی له‌ ناوخۆ به‌کاری ده‌هێنێت. ئه‌م لای وایه‌، که‌ رێگای خه‌باتی مه‌ده‌نی و دیموکراتی، هه‌رچه‌نده‌ رێگایه‌کی درێژه‌ و وه‌ حه‌وسه‌ڵه‌ی زۆر و قوربانیدانیشی ده‌وێت، و هێواش و له‌سه‌ر خۆیه‌ بۆ گۆڕانکاری، به‌ڵام ته‌نها و باشترین ڕێگه‌یه‌ بۆ گۆڕانکاری له‌ ناوخۆدا. ده‌شڵێت ته‌نها وڵاتان فشاری سیاسی له‌ ئێران بکه‌ن له‌ بواری پێشێلکاری مافه‌کانی مرۆڤ و ئازادییه‌ تاکییه‌کان ئه‌مه‌ به‌سه‌ بۆ ئه‌وان.   به‌‌ڕای من سه‌ر‌ه‌ڕای ئازایی و بوێری ئه‌م ژنه‌ و خه‌باتی بێوچان و نه‌پساوه‌ی له‌ پێناو مافی ژنان و مناڵان و ئازادی و دیموکراتییدا، که‌ جێگه‌ی رێز و پێزانینه‌، به‌‌ڵام ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی له‌م کتێبه‌یدا ده‌کرێت لێی بگرین، ئه‌وه‌یه‌ که ناوبراو، وه‌ک رۆشه‌نبیرانی تری فارس، زۆر پان ئێرانییانه‌ بیر ده‌کاته‌وه‌، هیچ باس له‌ مافه‌ سیاسی و که‌لتورییه‌کانی که‌مه‌ نه‌ته‌وه‌کانی دی ئێران، وه‌ک کورد، عه‌ره‌ب، ئازه‌ری و بلوچی ناکات. جگه‌ له‌وه‌ش هیچ باس له چه‌وساندنه‌وه‌ی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ش ناکات بۆ ئازادی و مافه‌کانییان، که‌ چییان به‌سه‌ر هاتوه‌ له‌ ژێر ده‌ستی ئه‌م رژێمه‌دا. بۆ نمونه‌ خومه‌ینی له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی ئابی ١٩٧٩ فه‌توای جیهادی له‌ دژی كوردانی رۆژهه‌ڵات ده‌ركرد وه‌ک کافر ناساندنی و سه‌ر و ماڵیانی حه‌ڵاڵ کرد، که‌چی ئه‌م به‌ دێڕێکیش باسی نه‌کردوه‌. پاشان ده‌کرا بۆچوون و دیدی خۆی، وه‌ک بیرمه‌ند و که‌سێکی ناودار و ناسراو له ئاستی جیهاندا، بۆ چاره‌سه‌ریی ریشه‌یی کێشه‌ی ئه‌م گه‌لانه‌ بخانه‌ ڕوو، بۆ نمونه‌، فیدراڵی یا کۆنفیدراڵی و شتی وا. ئه‌م کتێبه‌ زۆر گرنگه‌ بکرێته‌ کوردی، تا خوێنه‌رانی کوردیش شاره‌زای دیوی ناوه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانی ئێران به‌ گشتی و تاران به‌تایبه‌تی ببن، هه‌روه‌ها ئه‌م ژنه‌ بناسن،  تێبینی:  •    سه‌رچاوه‌: Mein Iran, Shirin Ebadi, Ein Leben zwischen Revolution und Hoffnung, Deutsch von Ursula Pesch, 2007, Deutschland, erste Auflage, ISBN 978-442-36714-X •    شیرین عه‌بادی له کتێبه‌که‌یدا جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌، که‌ ناچاری نه‌بێت، تا بکرێت مرۆڤ وڵاتی خۆی به‌ جێنه‌هێڵێت، بۆیه‌ خۆی سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو فشارانه‌ی له‌ سه‌‌ری بوو، تا ساڵی ٢٠٠٩ مایه‌وه‌، ئه‌وکات کۆچی کرد بۆ به‌ریتانیا و ئێستا له‌وێ ده‌ژی. رژێمی ئێران ته‌نانه‌ت مێدالیای نۆبڵه‌که‌شیان لێ زه‌وت کرد! •    له‌ ١١ی دیسه‌مبه‌ری ٢٠٠٣ ناوبراو به‌ بۆنه‌ی به‌خشینی خه‌ڵاتی نۆبل پێی ئاهه‌‌نگێکی زۆر گه‌وره‌ی له‌ ئۆسڵۆی پایته‌ختی نه‌رویج رێکخست، که‌ ده‌یان هه‌زار که‌س ئاماده‌ بوون. شایه‌نی باسه‌ گروپی کامکارانی کوردی داوه‌تکردبوو، ئاهه‌نگه‌که‌یان بۆ ساز کرد. لێره‌دا لینکی چه‌ند خوله‌کێکی ئاهه‌نگه‌که‌ داده‌نێم. https://www.youtube.com/watch?v=znLXS0w21VM  


رێبوار کەریم وەلی دامەزراندنی حزب یان بەرەیەکی نوێ لە دەرەوەی یەکێتی لە لایەن لاھور شێخ جەنگییەوە(ئەگەر بیەوێ سیاسەت بکات)موسوللەمە. چونکە رێگەی دیکەی لەبەردەمدا نەماوە. ئەللاھوممە ئەگەر ئیشێکی باشتری دەستکەوتبێت ئەوەیان شتێکی دیکەیە. * کوڕەکانی تاڵەبانی بەم ئیعدامە سیاسییانەی دەستیان پێکردووە و پێدەچێ لەسەریشی بەردەوام بن، بە حیسابی خۆیان لەسەرێکەوە پەرێزی خۆیان پاک دەکەنەوە، لەسەرێکی دیکەشەوە، رێگە بۆ گرتن و دەرپەڕاندنی نەیارانیان خۆش دەکەن. بەڵام لە راستیدا، کەمەرشکێنترین گورزیان لە میراتەکەی بابو باپیریان داوە. * تازە سەقامگیریی سلێمانی و باسکردن لە ئارامی مەحاڵە. چونکە حزبەکەی جیکڵ و فیکڵ لەبەردەم چەندین تەحەددای گەورەتر لە خۆیدایە. نەوەی نوێ تەپڵی پێ لێداون، لاھور لەگەڵ گۆڕانە راستەقینەکان بەرەیەکی فراوانیان لێدەکاتەوە و، پارتیش بێ خاوەنەکان بۆ خۆی دەبات. ئینجا دەمێنێتەوە خۆم و خۆت و دادە! ھا میوانی ناوەختی وەکو پەکەکەش جار جارە لە دەرگا دەدات. * ھەڵبژاردنی داھاتووی کوردستان، یەکێتی نیشتمانیش وەکو زۆر حزبی دیکەی وەکو گۆڕان لە مێژووی سیاسیی کورد دەسڕێتەوە و دەبێ بە حزبی(قەنەفە). دوو کوڕەکانی تاڵەبانی دەسکە گوڵەکەی باوکیان بە ئاودادا و ئاویش بردی. * ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە کە ئەمجارە زۆنی سەوز و نیلیی کۆن، خاوەنی نوێی بۆ پەیدا دەبن و نفوزی ئەو بەرەیەش لەو زۆنەدا قەتیس ناکرێ، چونکە خاوەنداریەتیی زۆنەکە بۆ نەیارانی کوڕانی تاڵەبانی بە ھەر نرخێک بێت یەکلا دەبێتەوە و پێویستیان بەوە دەبێ کە لە دەرەوەی گۆڕەپانی خۆیان پارتی بخەنە ژێر گوشارەوە. رێک ئەوەی نەوشیروان مستەفا پێی نەکرا.


  هیوا سەید سەلیم   دوابەدوایی بەشداریان لە کۆڕبەندی لوتکەی G20، کە لە کۆتا رۆژەکانی مانگی رابردوو لە  رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەسترا، رۆژی دووشەمە 31 ئۆکتۆبەری 2021 ، زۆربەی سەرکردی  وڵاتانی بەشدار لەو کۆربەندە بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفراسی نەتەوەیەکگرتووەکان کە تایبەت بوو بە ئاڵوگۆڕی کەشوهەوا بەرەو شاری گلاسکۆی ئوسکوتلەندا بەڕێکەوتن. شایانی باسە تاکە سەرۆک کە بە هۆکارێکی زۆر سەیر بایکۆتی کۆنفراسەکەی نەتەوەیەکگرتووەکانی لە گلاسکۆ کرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و شاندی یاوەری بوون.  ئەردۆغان، بە بیانووی ئەوەی تیمی پڕۆتۆکۆلی نەتەوەیەکگرتووەکان کە ئەرکی رێکخستنی کۆنفراسەکەیان لە ئەستۆ بووە،  ژمارەی کاروانی سەیارەکانی کەم کردۆتەوە،  هەڵوێست وەردەگرێت  و توڕە دەبێت،  بە بێ ئەوەی  بەشداری لەو کۆنفڕاسە گرنگە بکات و یەکسەر دەگەڕێتەوە تورکیا.  ئەم  هەڵوێستەی ئەردۆغان لە کاتێک دایە کە  تورکیا لە هاوینی ئەمساڵ یەکێک لەو وڵاتانە بوو کە بەهۆی سووتانی دارستانەکانی زەرەو زیانێکی زۆری بەرکەوت، ئاگری دارستانەکانیشی لێکەوتەی خراپی بۆ کەشوهەوا ناوچەکە و جیهان دانا، بۆیە بەشداریکردنی ئەردۆغان لەو کۆنفڕاسە گرنگی خۆی دەبوو. پێویستە بووترێت، ئەردۆغان یەکێک لەو سەرۆکە سەرەڕۆیانەی جیهانە کە نەک باکی بە چارەسەری قەیرانە جیهانیەکان نیە، بەڵکوو وەک چۆن لە پرسی تیرۆر کە دیاردەیەکی جیهانیە پشتیوانی لە گروپە تیرۆرستیەکان دەکات، بەهەمان شێوەش سیاسەت و هەڵسوکەوتەکانی هۆکارن بۆ تێکدانی ژینگە و کەشوهەوا. بۆیە دەبینین کە هەر لە  چوارچێوەی ئەو سیاسەتەیە ئەردۆغان نەک هەر ناچێت لە کۆنفراسێک ببێتە بەشێک لە چارەسەر بۆ کارەساتێکی ژینگەی، بەڵکوو گەڕانەوەی لە رۆما بەو پەلە پەلیە پەیوەندی بە پلانی ئامادەسازی وڵاتەکەی هەبوو بۆ پەلاماردانە سەر رۆژئاویی کوردستان.  جێگای ئاماژەیە کە سیاسەتەکانی ئەردۆغان بەشێکە لە تێکدانی کەشوهەوا، چونکە بینیمان لە کاتی داگیرکردنی سوپاکەی چۆن لە عەفرین ئەو دار زەیتونانەی تەمەنیان بە دەیان ساڵ دەبوو لە ڕەگەوە لە لایەن سوپاکەی دەردەهێنران،  بەشێکی دار زەیتونەکانیان بەڕەگەوە لە سەر پشتی بارهەڵگرەکان گواستەوە بۆ تورکیا.  هەر ئەمساڵیش لە ئۆپڕاسیۆنەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی مەتین و ئاڤاشێن لە باشوری کوردستان، سوپا داگیرکەرەکەی تورکیا   داربەڕوەکانی ئەو ناوچانەیان بڕی، وە  بەبەرچاوی ڕای گشتی ئەو دارانەیان گواستەوە بۆ بازاڕەکانی تورکیا.  سوپای تورکیا بەو هێرش و پەلامارانەیەن بۆسەر خاکی کوردستان لە باشوور و رۆژهەڵات،  ژینگەی ئەو ناوچەیان شێواند، قسەش هەیە کە سوپای تورکیا بۆ پاشەکشێ پێکردنی گەریلا لە دوایین ئۆپراسیۆنی پەنای بۆ چەکی کیمیاوی بردبێت.  ئەو چەکەی کە بەکارهێنانی لەسەر ئاستی جیهانی قەدەغەکراوە، تورکیاش واژۆی لەسەر رێکەوتنامەی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاوی کردووە. جێگای هەڵوەستە لەسەرکردنە کە کاتێک دەبینین سەرکردە گەورەکانی جیهان   خۆیان لە غەمی قەیرانە جیهانیەکان دان.  بۆ نموونە سەرۆکێکی وەک جۆ بایدن، سەرۆکی ولاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کە وڵاتەکەی لە سەرجەم بوارەکاندا پێشەنگایەتی جیهان دەکات، دێت لە میانەی کۆنفراسی گلاسکۆ داوای لێبووردن لە ڕای گشتی جیهان دەکات،  بەوەی وڵاتەکەی لە سەردەمی دەسەڵاتی دۆنالد ترەمپ لە رێکەوتنامەی پاریس بۆ ژینگە کشاوەتەوە. شایانی باسە ترەمپ هاوشێوەی ئێستای سیاسەتەکانی ئەردۆغان، لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا زۆر باکی بە چارەسەری قەیرانە جیهانیەکان نەبوو، بۆیە ساڵی 2017 کشانەوەی ولاتەکەی لە رێکەوتنامەی پاریس راگەیاند.  کەچی جۆ بایدن،  نەک دوای دەرچوونی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ئەو بڕیارەی تڕەمپ دایبووی هەڵوەشاندەوە،  بگرە دێت لەبەرامبەر سیاسەتی سەڕەڕۆیانەی سەرۆکی پێش خۆی داوای لێبووردن لە ڕای گشتی جیهانی دەکات. جا بۆیە دەڵێین ئەوەیە گەورەیی ئەوان و بچووکی ئەردۆغان، کە چۆن کەمکردنەوەی کاروانی سەیارەکانی دەکاتە بیانووی  بایکۆتکردنی کۆنفراسی گلاسکۆ.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand