Draw Media

وانە ئەڵمانیەكە چەندە سەختە!

وانە ئەڵمانیەكە چەندە سەختە!

2021-09-29 14:14:47


غەسان شربل

قسە لەسەر سودان و ئەو باجەی بوو كە بەهۆی ئەوەی عومەر بەشیری سەرۆكەكەی بوو بەیەكێك لەداواكراوەكانی دادگای نێودەوڵەتی، منیش ساكاری بەسەرمدا زاڵبوو و وتم: تەنها ئەوە بەس بوو بەشیر دەستلەكار بكێشێتەوە، و خۆی رادەستنەكاتەوە، چونكە دەبێت بەرژەوەندی گەلی سودان لەبەرچاو بگیرێت و پێشبخرێت، سەرۆك جەلال تاڵەبانی بەدەم پێكەنینەوە وتی: "جێگیربونت لە لەندەن بیری بردویتەتەوە كە ئێمە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستین، لێرە دەسەڵاتدار ناڕوات بەڵكو گەل بەجێیدەهێڵێت و دەڕوات".
چەند قورسە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كاری رۆژنامەنوسی بكەیت، چەند ئابڕوچونیشە لە لوبنان بیت، سەرت سوڕدەمێنێت حكومەتەكان بەبێ‌ ئەوەی رقیان لەدەستور ببێتەوە كار دەكەن، بەچاوێكی سوكیش سەیری ئەو بەرپرسانە دەكەن كە ماڵی گشتی حەلاڵ ناكەن، بەخیلی بەو وڵاتانە دەبەن كە كاسانی باڵا بەرهەم دەهێنن و ئەوانیش چەند پردێك بۆ ئارامی دروستەكەن یان دەبن بە سایە بۆ وڵاتەكەیان، بڕیار و دەسەڵات بە دەست شارەزایانە لە تێكشكاندنی ولاتەكان و وێرانكردنی شارەكان، وامان لێهاتوە بڕوا بەوە ناكەین سەرۆكێك بە ئارەزوی خۆی خانەنشین ببێت، دەبێت میللەت لە بارەگاكەی دەری بكات یان گوریسێك بەملیەوە ببەستێتەوە ئینجا دەڕوات.
راستیەكەش ئەوەیە ئەگەر ئەو بەیانیانە نەبوایە ئەم چیرۆكە نە دەنوسرایەوە، ئەو رۆژەی دیوارەكە هەرەسی هێنا و چارەنوسی ئەڵمانیا و ئەوروپای گۆڕی، ئەگەر ئەو كچەش نەبوایە كە لەهەردوو وانەی ماتماتیك و زمانی روسی سەركەوتنی بەدەستهێنا، ئەگەر ئەو رۆژە نەبوایە دوای كارێكی دورودرێژ لەلێكۆڵینەوەكان و لەپاش بەدەستهێنانی بڕوانامەی دكتۆرا لە زانستی فیزیادا، ئێستا ئەو تەنها كەسێكی خانەنشین دەبوو، ، زۆر ئەستەم بوو چاوەڕوانی ئەوە بكەیت پاشە رۆژێكی سیاسی لە وڵاتی ئیریش هۆنیكەر هەبێت، بێدەنگێكەی لەو جۆرەی نەبو كە بەدڵی حزبی شیوعی دەسەڵاتدار و كاربەدەستانی روسیا بێت، رەنگە باجی ئەوەی دابێت كە كچی یەكێك لە قشەكان بوو، هەرچەندە باوكی بەهۆی پەیوەندیەكانی لەگەڵ دەزگاكان رێگا خۆشكەر بوو بۆ ئەو بۆ رێكخستنی چەند گەشتێك بۆ باشوری بەرلین.
رۆژی داڕمانی دیوارەكە هەلی بۆ زۆر كەس رەخساند، لەو رۆژەدا نمونە و سەربازگە دۆڕان، ئەڵمانیای باكور خۆی خستە باوەشی نیشتیمانی دایكەوە و هەلموت كۆڵی راوێژكار، ئەڵمانیای یەكگرتوی رفاند، سەرەڕای ترسەكانی فرانسۆ میتران و مارگریت ساتشر، كۆڵ ئەو كەسە دەخاتە نێو كورسیەكانی حكومەتەوە كە ناوی لێنابوو كچەكەم، رەنگە دركی بەوەش نەكردبێت كە ئەو كچە ئەو رۆژە دەستبەرداری دەبێت، كە ناوبانگی بە سندوقی رەش لەكەدار دەبێت كە حزبەكەی وەكو هاوكاری وەریدەگرت.
ئەنگێلا مێركڵ بەبێ‌ ئەوەی هەست بە ئازار و دۆڕاندن بكات دەتوانێت كۆشكی راوێژكاری بەجێبهێڵێت، بەدەگمەن كەسی واهەبوو بتوانێت بەو جۆرە بڕواتە دەروە تەنها ئەو كەسانە نەبێت كە لە پلەكانیان گەورەتربون و لەنوسینگەكانیان بەرفراوانتر، قارەمانیەتێكی بێوێنەیە یەكێك بتوانێت نازناوێكی پرشنكدار و تیشكی وێنەگران و نیشانەكانی ئازایەتی بەجێبهێڵێت و بڕوا بەرەو خانەنشینی.
مێركڵ كاتی رۆشتنەكەی دیاریكرد، بەبێ‌ ئەوەی دەستور فەرمانی پێبكات یان دەنگدەرەكان پێشتی لێبكەن، دەستور رێگەی پێدەدا كە بەردەوام بێت، جەماوەرەكەشی توانای ئەوەی هەبوو درێژەپێدان بەكارەكانی پێببەخشێت ، نەشی وت من هیلاك بومە، پێشی وانەبو كە دووچاری بێهیوایی بوە، پێش سێ‌ ساڵ وتی: ئەو چاوەڕێی ویلایەتی پێنجەم ناكات، بە لێدوانەكەیەوە پەیوەست بوو بەبێ‌ ئەوەی دراما تێكەڵ بەبڕیارەكەی بكات، بەشێوەیەكی سەنگین هەڵسوكەوتی كرد وەك ئەو كەسەی بڕوای تەواوی بەخۆی هەبوە كە بە جوانترین شێوە كارەكانی جێبەجێكردوە، گەلەكەی بە حیساباتەوە سەرقاڵنەكرد و لێدوانی بۆ مێژوو نەدا وەكو ئەوەی بڵێی مێژوو ناترێك بێت لە نوسینگەكەی، هەستی بە نیگەرانی نەكرد نە لە بەرهەڵستكار و نە لە كۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، هیچ شتێكی نیە بیشارێتەوە لەهیچ شتێكیش ناترسێت، تەنانەت سیاسەتمەدارێكی بوێری ئەوە ناكات، بەدزینی ماڵی گشتی یان بە هەدەردانی تۆمەتباری بكات، یان پێی بڵێن كە كەسوكاری یان ئەندامانی حزبەكەی لە ئیدارەكەیدا دامەزراندوە، یان گرێبەستی تایبەتی لەگەڵ دەروەدا كردوە و ئاسانكاری كردبێت بۆ هەڵڕژاندنی دراو بۆ بەرژەوەندی خۆیی و نزیكەكانی.
كەس بوێری ئەوەی نیە مێركڵ بە گەندەڵی تاوانبار بكات، رەنگە بتوانن بڵێن هەندێك هەنگاوی لەسەرخۆ ناوە یان زیادەڕەوی كردوە لە وەرگرتنی پەنابەران، یان لەدڵسۆزی خۆی باجی رزگاركردنی ئابوری وڵاتانی دیكەی داوە تاوەكو خەونی ئەوروپا بپارێزێت، رەنگە هەندێك هۆكار بدۆزیتەوە تاوەكو رەخنەی لێبگریت، بەڵام كەس ناتوانێت نكۆڵی لەوەبكات كە ئەڵمانیا لەماوەی 16 ساڵی رابردوودا هەستی بە ئارامیەك كردوە كە لەوەوپێش بەخۆیەوەی نەبینیوە.
مێركڵ لە بارەگای راوێژكاریدا بۆ خۆیی و گەلەكەی دڵسۆزی نواندوە، ئەو خانمە هەمو جارێك بەهەمان ئەتەكێت دەردەكەوت و وشەی خەیالی و سیحری بەكار نەدەهێنا بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵكی، راپۆرتەكانی دەخوێندەوە و رێزی لە ژمارەكان دەگرت، رێزی لە پەیوەستبونەكانی ناوەوە و دەرەوەی حكومەتەكەی دەگرت، هەستێكی قوڵی بەرپرسیارێتی هەبوو، سەرەراِی دەستپاكیەكی بەردەوام، بەهیچ جۆرێك لە كاروكردەوەكانی بەرلسكۆنی نزیك نەبۆیەوە و بەو شتانە تاوانبار نەكرا كە بەرلسكۆنی پێی تاوانبار كرابوو.
بەهێزترین ئافرەت لە ئەڵمانیا و ئەوروپا و لەهەمو جیهان، ئەو هەمو دەركەوتنانەی لەسەر شاشە و گۆڤارەكان، رێگری نەبون لەوەی بۆ سۆپەرماركێت بڕوا، ئێوارە خوانێكی سادە بۆخۆی دروست بكات، بە گسكە كارەبایەكەی باڵەخانە سادەكەی پاكبكاتەوە، هەموو ئەو بانگەشانەی بۆی دەكران ناچاریان نەكرد بەوەی هەڵسوكەوتی خۆی نەلەدەرەوە نە لەناوەوە بگۆڕێت، ئەوەندەی بەسە لەگەڵ سەركردە ئەمریكیەكان بە روحی هاوكاریەوە مامەڵەی كردوە سەرەڕای ناكۆكیەكانیان و سیاسیەتە جیاوازەكانیان، ئەوەندەی بەسە دانوستاندنی لەگەڵ پیاوێكی زۆر سەنگیندا كردوە كە ناوی ڤلادیمیر پۆتنە هەروەها لەگەڵ سەركردەیەكی چینی ئاڵوزدا كە ناوی شی جینبینگە، نابێت ئەو سەما ئەوروپیەمانیش لەبیر بچێت كە لەگەڵ فەرەنسادا كردی، بەتایبەتی لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی بەریتانیا لە گەشتی یەكێتی ئەوروپا.
وانەكەی ئەڵمانیا چەند قورس بوو. بەڵام كێ‌ وتی: ئێمە فێردەبین؟ ئەگەر بەشیر پێش وەخت دەستی لەكاربكێشایەتەوە بارودۆخی سودان وانەدەبوو. ئەم قسەیە بۆ قەزافی و سەدام و زۆرێك لەو كەسانە گونجاون. بەڵام ئێمە وەكو خەڵكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جەلال تاڵەبانی چاوی بەمێژوی ناوچەكەدا خشاندوەتەوە و بۆی دەركەوتوە، ئێمە لەناوچەیەكدا دەژین سەرۆكەكانی ناڕۆن، بەڵكو دەبێت میللەت بەجێیبهێڵێت و بڕوات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand