هەڵبژاردن و ئایندەی حەشدی شەعبی
2021-09-28 13:12:44
ئاسۆ حاجی
بەشداری کردنی زیاتر لە سێ سەت بەربژێری سەر بە بیست گروپی چەکداری شیعە، کە زۆرینەیان لە ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی جێیان گرتووە و بەشێکیشیان لە دەرەوەی ئەو هێزەن، ئەو پرسیارەمان لەلا دروست دەکات، ئایا بەشداریکردنی گروپە چەکداریەکان بە گوێرەی دەستووری عێڕاقی قەدەغە نیە؟ ئەدی چۆن ئەو گروپانە بەو ژمارە گەورەیە بەشدارن و نە کۆمسیۆن دەتوانێ رێگریان لێبکات و نە حکومەت دەنگی دێ و نە هیچ لایەنێک! ئەوەیان بە بۆچوونی من بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە:
- ئەو هێزانە خۆیان لە سەرەوەی دەستور و یاسا دەبینەوە، چونکە بە فتوایەکی پیرۆزی هێزی باڵادەستی نەجەف دروست کراون، ئەوەش دۆخێکی تایبەت و سیفاتێکی پیرۆزیان پێدەبەخشێ وەک خۆشیان لە ناو هێنانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەستواژەی پیرۆزی پێوە دەلکێنن.
- سەتا نۆهەتی ئەو بەربژێرانە وەک سەربەخۆ خۆیان ناونووس کردووە، بەڵام لە ناوەکانیان کە زۆربەیان لە ناو ئەو هێزانە ناسراون، هەروەها ئەو لایەنانەی پاڵپشتیان دەکەن و هەوڵی دەنگ کۆکردنەوەیان بۆ دەدەن، بە روونی دیاری ئەو کەسانە سەر بە چ گروپێکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبین.
ئایا ئەو گروپانە لە رێگای بەربژێرەکانیانەوە چانسی بردنەوەیان هەیە، لۆجیکیترین وەڵام بۆ ئەو پرسیارە 'بەڵێ'یە، چونکە ئەو هێزانە کە ژمارەی راگەیەندراویان سەت و شێست هەزار کەسە و ژمارەی راستەقینەکەشیان بە گوێرەی هەندێک راپۆرتی میدیایی و ناوەندی توێژینەوە، دەگاتە سەرەوەی دوو سەت هەزار چەکدار، هەروەها ساڵانە لە بودجەی گشتی فیدڕالی بەشێکی گەورەیان بۆ تەرخان دەکرێ، کە بۆ ساڵی 2021 بودجەی تەرخان کراو بۆ حەشدی شەعبی زیاتر لە دوو تڕلیۆن و چوارسەت هەزار ملیاری عێڕاقیە، کە زیاترە لە بودجەی تەرخان کراو بۆ شەش وەزارەتی خزمەتگوزار و سیادی وەک وەزارەتەکانی (دەرەوە، داد، رۆشنبیری، سەرچاوە ئاویەکان، پلاندانان و گواستنەوە) هەروەها بودجەی تەرخان کراو بۆ هەموو شارە سوننەنشینەکان کە لە شەڕی داعش کاولبوون ناگاتە ئەو رێژەیە.
خاڵێکی دیکە کە وەڵامەکەمان زیاتر لە راستەقینە نزیک دەکاتەوە، ئەوەیە کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی جگە لەو پاڵپشتیە جەماوەریەی لە ناو شیعەکان هەیانە، ئەوە هێزی باڵادەست و خاوەن بڕیاری یەکلایی کەرەوەن لە هەموو شارە سوننییەکان، هەروەها لە ناوچە کوردستانیە داگیرکراوەکانی وەک کەرکوک و شنگال و مەخمور و خانەقین و هتد. لە دەڤەرەکانی سوننەنشین هێزەکانی حەشدی شەعبی وەک هێزی براوەی شەڕ مامەڵە لەگەڵ سوننە دەکەن، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان بە تایبەتی دەرەوەی سەنتەری شارەکان، خەڵکیان سەرپشک کردووە لەوەی ئەگەر دەنگ بە بەربژێرەکانیان نەدرێ ئەوە لە سەر زێدی خۆیان دەریان دەکەن یان روبەڕوی سزای دیکەی سەخت تر دەبنەوە.
هەبوونی ئەو سێ ئامرازە ( جەماوەر، پارە و هێز) کاریگەری زۆریان هەیە، بە تایبەتی لە کۆمەڵگەیەکی داخراو و مەزهەبی وەک عێڕاق، لەوانەش بەهێزتر ئەگەر دووبارە بوونەوەی سیناریۆی تەزویرکردن و سوتاندنی بنکە و سندوقەکانی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی 2018.
نزیکترین رێژە کە ژمارەیەک توێژینەوە ئاماژەیان بۆ کردووە ئەوەیە کە ژمارەی کورسیەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە نێوان 70 بۆ 80 کورسی دەبێت، پێشبینی ئەوەش دەکرێ کە لە نێوان 80 بۆ 90 پەڕلەمانتاری دیکە کە لە سەر لیستی حیزبەکان خۆیان بەربژێر کردووە بچنە پاڵ ئەو ژمارەی و فراکسیۆنێکی هاوبەشی نێوان میلیشیا چەکدارەکان و پارتە شیعیەکان رابگەیەنن وەک ساڵی 2006 کە هاوپەیمانی یەکگرتووی شیعەیان راگەیاند.
حەشدی شەعبی دوو ئاراستە:
لە نێو حەشدی شەعبیدا تەنها لایەن کە خاوەنی یەک لیوایە بە 15 هەزار چەکدار ئاراستەیەکی تایبەت بەخۆی هەیە و لەگەڵ ئەوانەی دیکە نایێتەوە، رەوتی سەدرە بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر، ئەو رەوتە 90 بەربژێری هەیە، چەکدارەکانی کە لە ژێر ناوی 'سەرایا سەلام' کۆبوونەوەتە، لە ناوچەی سامەرای سەر بە پارێزگای سەلاحەدین جێگیرکراون، موقتەدا سەدر لە بەغدا(مەدینەت ئەلسەدر) هەروەها شارەکانی باشوری عێڕاق هەواداری زۆری هەیە.
گەورەتری رکابەری رەوتی سەدر، هاوپەیمانێتی فەتحە بە سەرۆکایەتی هادی ئەلعامڕی کە سیزدە لیوای حەشدی شەعبی لەخۆوە دەگرێت کە تێکڕای ژمارەی چەکدارانیان نیزکەی 30 هەزارە، ئەو هاوپەیمانێتیە 73 بەربژێری هەیە، هاوپەیمانێتی فەتح لە 6 لایەن پێکهاتووە، جگە لە رێکخراوی بەدر کە هادی ئەلعامڕی سەرۆکایەتی دەکات، دیارترینیان بزووتنەوەی سادقونە کە باڵی سیاسی میلیشیاکانی عەسائیبی ئەهلی حەقە بە سەرکردایەتی قەیس خزعەلی کە دوو لیوایان هەیە، ژمارەیان زیاترە لە 10 هەزار چەکدار، لە شارەکانی سەلاحەدین، بەغدا و کەرکوک بڵاوکراونەتەوە. هەروەها 'گردبوونەوەی سەند' بە سەرکردایەتی ئەحمەد ئەسەدی بەرپرسی کەتائبی جوند ئەلئیمام کە یەک لیوایان هەیە. هەروەها هاوپەیمانێتی جیهاد وبیناش لە خۆ دەگرێ کە لەلایەن حەسەن رازی بەرپرسی 'سەرایا ئەلجیهاد' و لیوای 17 ی حەشدی شەعبی سەرکردایەتی دەکرێ.
لە دەرەوەی حەشد هەر حەشد:
ژمارەیەک پارت و لایەنی سیاسی نوێ لەو هەڵبژاردنە بەشدارن، بزووتنەوەی(حقوق)ی سەر بە میلیشیاکانی حیزب اللە کە حوسێن موئەنەس رابەرەیەتی دەکات و لە بەغدا خۆی بەربژێر کردووە، کە گومان دەکرێ ئەبو عەلی عەسکەری بەرپرسی ئەمنی کەتائیبی حیزب اللە بێت. بزووتنەوەی حقوق 40 بەربژێری هەیە، باڵی سەربازی حیزب اللە کە بە 'کەتائیب' ناسراوە و لیوایەی ژمارە 45 ی حەشدی شەعبی پێکدەهێنن، کە ژمارەیان 8 هەزار چەکدارە، لە ناوچەکانی جرف ئەلسەخر لە پارێزگای بابل جێگیرکراون. یەکێکی دیکە لە پارتە نوێیەکان بزووتنەوەی 'العراق الوطنية' کە لەلایەن محەمەد شاکر ئەلشەمەڕی سەرکردایەتی دەکرێ کە لەهەمان کاتدا یەکێکە لە سەرکردەکانی 'کەتائیبی ئیمام عەلی' و لیوای ژمارە 40 ی حەشدی شەعبیان هەیە، ئەو بزووتنەوەیە 24 بەربژێریان هەیە.
'رەوتی ئەلتەحەدی' کە بۆیەکەمجارە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات و لەلایەن ئەبو عەلی ئەلدەراجی سەرۆکایەتی دەکرێ، بە 6 بەربژێرێ بەشدارن، باڵی سەربازی ئەو بزووتنەوەیە کەتائیبی ئەبی فەزلی عەباسە کە گروپێکی چەکداری دەرەوەی حەشدی شەعبین. 'ئیئتلافی قادرون' گروپێکی دیکەی چەکداری دەرەوەی حەشدی شەعبیە، لەلایەن حەسەن ئەلحەسناوی ئەمیداری گشتی هێزەکانی ئیمام سەرۆکایەتی دەکرێ، ئەو ئیئتیلافە هەردوو رەوتی: ئەلسیقە و ئەلئەبڕار لە خۆوە دەگرێ کە 26 بەربژێریان هەیە. هەروەها حیزبی ' ثار الله الإسلامي' بە سەرۆکایەتی یوسف ئەلسناوی بە سێ بەربژێر بەشدارە کە سەرۆکەکەی یەکێکە لە بەربژێرەکان، ئەو حیزبە تۆمەتبارە بە راوەدوونان و کوشتنی چالاکوانانی شاری بەسڕە.
هەروەها پەڕلەمانتاری ئێستا فالح ئەلغەزاعی جێگری بەرپرسی کەتائینی سەید ئەلشوهەدا لە چوارچێوەی بزووتنەوەی 'قادیمون' خۆی بەربژێر کردووە، کەتائیبی سەید ئەلشوهەدا تۆمەتبارە بە تێوەگلانی لە هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر.
سوننە و حەشد و هەڵبژاردن:
بەشێک لە سوننەکان لە چوارچێوەی حەشدی شەعبی خۆیان کاندید کردووە، نموونەی 'المحافظون' کە بە 12 بەربژێر لە ئەنباڕ بەشدارە و لەلایەن وائیل ئەلشەمەڕی فەرماندەی (حەشد ئەلدیفاع) سەرۆکایەتی دەکرێ، هەر لە ئەنباڕ چەند کەسایەتیەکی دیکەی خاوەن 'حەشد' لەو هەڵبژاردنە بەربژێرن، عیسا ئەلسایر فەرماندەی لیوای ' درع الفلوجة'، رافیع ئەلفەهداوی بەرپرسی حەشدی ' نخوة النشامى' هەروەها پەڕلەمانتاری ئێستا نەعیم ئەلگعود کە سەرۆکایەتی حەشدی ' البو نمر' دەکات. عەبدوللا ئەلجغیفی یەکێک لە بەرپرسانی هێزەکانی ' أحرار الفرات' لە رۆژئاوای ئەنباڕ خۆی لە سەر لیستی هاوپەیمانی ' النصر'ی حەیدەر ئەلعەبادی بەربژێر کردووە.
لە موسل لە سەر لیستەکەی سەرۆکی پەڕلەمانی ئیستا محەمەد عەلبوسی چەند کەسێکی خاوەن حەشد بەربژێر کراون، لەوانە: پەڕلەمانتاری ئێستا فەلاح زێدان کە بەرپرسی 'حەشدی لهێب' ە کە عەشیرەتێکی سوننەن و لە باشوری موسل نیشتەجێن، ئەحمەد جبوری پەڕلەمانتاری نەینەوا و بەرپرسی بزووتنەوەی 'حسم' کە بزووتنەوەیەکی سیاسی نوێیە، لە هەمان کاتدا جبوری سەرپەرشتیاری حەشدی 'فرسان الجبور'ە.
کۆتاکان لە بەردەم حەشد و هەڵبژاردن:
حەشدی شەعبی لە رێگای ئەو فەوج و لیوایانەی لە پێکهاتەکانی دیکەی عێڕاق (نا شیعە) دروستی کردوون، هەوڵی وەدەست خستنی کورسی کۆتاکانیش دەدات، ئەو کورسیانە زیاتر لە ناوچە کوردستانیە داگیرکراوەکان(دابڕاوەکان) لە دەشتی نەینەوا لە رێگای رەیان کلدانی کە فەرماندەی لیوایەکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیە و پێنج بەربژێر بەشداری دەکەن، هەروەها بزووتنەوەی ئاشوری بە سەرۆکایەتی یونادم کەنە لە هەندێک شوێن لەلایەن حەشدی شەعبیەوە پاڵپشتی دەکرێن، لە شەنگال و ئەو ناوچانەی کوردانی ئێزیدی زۆرینەن، حەشدی شەعبی لە رێگای یەکەینەکانی پاراستنی شنگالی سەر بە پەکەکە کە بەشێکن لە هێزەکانی حەشدی شەعبی هەوڵدەدەن شکست بەو بەربژێرانە بێنن کە نزیکی پارتی دیموکراتی کوردستانن، لە ناو پێکهاتەی کوردانی شەبەکیش حەشدی شەعبی لە رێگای وەعد قەدۆ رکابەری بەربژیرەکانی دیکە دەکات، قەدۆ کە پێشتر بەرپرسی لیوای 30 حەشدی شەعبی بوو و بەوە تۆمەتبارە کە دەستی هەیە لە هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر.
حەشد و کورد و هەڵبژاردن:
ئەزموونی کورد و هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستوری لەگەڵ حەشدی شەعبی ئەزموونێکی باش و هەڤالانە نیە، بە تایبەتی لە دوای رووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر زۆرینەی کورد هەستیارتر مامەلە لەگەڵ ئەو هێزە دەکەن و وەک هێزێکی داگیرکەر تەماشای دەکەن. بەڵام ئەوە ئەگەر بۆ زۆرینەی کورد راست بێ، بۆ کەمینەیەک بەو شێوەیە نیە، بەشێک لە پەڕلەمانتارانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق لە ساڵی 2016 دەنگیان بۆ یاسای حەشدی شەعبی دا، کە بە گوێرەی ئەو یاسایە، میلیشیاکانی شیعە چوارچێوەیەکی یاساییان پێ بەخشرا و حکومەتی عێڕاقیش دەست کراوە کرا لە تەرخان کردنی بەشێکی گەورەی بودجە بۆ پڕ چەک کردنی ئەو هێزە و پێدانی موچەیان. بەشێک لە سەرکردەکانی لایەنێکی سیاسی کوردستانی لەگەڵ حەشدی شەعبی رێکەوتن و لە 16 ئۆکتۆبەر کەرکوکیان رادەست کردن، دوای ئەو مێژووەش تەنها لە بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێڕاق نەبێت، ئەگەر نا لە هەموو ئەو بڕیارانەی لە بەرژەوەندی شیعە و حەشدی شەعبی بووە ژمارەیک پەڕلەمانتاری کورد هاوڕا و هاوهەڵوێستی حەشدی شەعبی بووینە.
لەو هەڵبژاردنە حەشدی شەعبی چەند بەربژێرێکی کوردی هەیە لە سەر لیستە جیاوازەکانی بەڵام بە گوێرەی هەموو لیکدانەوەکان هیچیان دەنگی پێویست ناهێنن، بۆیە بە هەمان رێگای پێشووتر و لە رێگای فشاری دەوڵەتێکی ئیقلیمی لە حیزبە سیاسیەکان و کڕینی وەلائی ژمارەیەک پەڕلەمانتار کە دەردەچن بەشێک لە دەنگی کورد لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی دەکاتەوە.
دەرئەنجامی هەڵبژاردن و ئایندەی حەشد:
- ئەوا داتا و ناو و ژمارانە ئەوەمان پێ دەڵێن کە ئایندەی عێڕاق وەک دەوڵەت و لێکەوتەکانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەڕلەمان بەدەر نابێت لە کاریگەریەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی، لە دەرەوەی ئیرادەی حەشدی شەعبی هیچ کابینەیەکی حکومەت پێکنایەت، مەگەر وەک زۆربەی جارەکان دیکە ئێران و ئەمریکا بگەنە شێوە لە یەک تێگەیشتنێک.
- باسکردن لە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی یان سنووردارکردنی دەبێتە ئەگەرێکی زۆر دوور لە واقیع و رەنگە دەرفەتی باسکردنی هەر نەمێنێ، بەڵکو بە پێچەوانەی ئەوە ئەگەری زۆربوونی ژمارەی چەکدارانیان زیاتر دەبێت، هەروەها بودجەی تەرخان کراو بۆیان، ئەوەش دەبێتە دەرفەتێک بۆ سەرکردەکانی حەشد کە سوپای فەرمی عێڕاق وەک پاشکۆی خۆیان مامەڵەی لەگەڵ بکەن، وەک مۆدێلی ئێرانی سوپای پاسداران و نیروی نیزامی(سوپای فەرمی).
- شیعە لە رێگای حەشدی شەعبی و هێزە سیاسیەکانی کار بۆ تەواوکردنی قۆناغی چەسپاندنی سیستەمی زۆرینەی سیاسی دەکەن، هەوڵ دەدەن ئەوجارەش وەک جاری پێشوو سەرۆکایەتی پەڕلەمان و سەرۆکایەتی کۆماریش لەلای ئەوان و بە دەنگی ئەوان یەکلایی بکرێتەوە.
- زیاتر بوونی فشار لە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە رێگای پەڕلەمان و حکومەت، هەروەها بەردەوامی هێرشە سەربازیەکان، بۆ ئامانجی دەرکردنیان، چاوەڕوان دەکرێ لە دوای ئەو هەڵبژاردنە هێرش بۆ سەر سەربازگەی تورکیا لە نزیک موسڵ زیاتر بێت.
- ئەو هەڵبژاردنە حەشدی شەعبی کار بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجەی دەکات کە 'حەشد حکومەتە'، نەک تەنها پێهاتەیەکی سەربازی سەر بەحکومەت بێ، پێگیربێت بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت کە فەرماندەی هێزە چەکدارەکانیشە، ئەوەش بە دانانی کەسێک دەبێت کە تەواو گوێڕایەڵی داوا و خواستەکانیان بێت.