هیوا ناسیح ئه‌وه‌ی هه‌ندێک ته‌مه‌نی هه‌بێ و بیری مابێت، سه‌رده‌می حوکمڕانی به‌عس، کاتێک سه‌دامی تکڕهو و دیکتاتۆر وتارێکی بۆ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی حزبی، حکومی یان جه‌ماوه‌ری ده‌دا، وه‌یان سه‌ردانێکی بۆ شوێنێک ده‌کرد، ئیتر بۆ رۆژی داهاتوو لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌م و سه‌ره‌تای رۆژنامه و گۆڤاره‌کان پڕ ده‌بوون له جۆره‌ها وتاری سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی رۆژنامه‌نوسه ده‌رباره حزبییه‌کان، بۆنمونه سه‌روتاره‌کانیان ئاوا بوون: سه‌رۆک چ چی گوت؟، سه‌رۆک مه‌به‌ستی چی بوو؟ حیکمه‌تی وته‌کانی سه‌رۆک، سه‌رۆک و ئه‌زمونێکی نوێ، سه‌رۆکێکی نمونه‌یی، گرنگی سه‌ردانی سه‌رۆک بۆ ...هتد ئیتر له‌م جۆره، ناوه‌ڕۆکی وتاره‌کانیش هه‌ر پیاهه‌ڵدان و ستایش بوو بۆ (سه‌رۆک)! ئه‌م قه‌ڵه‌مانه‌ش دیار بوون، هه‌مان ئه‌وانه بوون، که شه‌وان وه‌ک چاودێری سیاسی و توێژه و شاره‌زای بواری چی و چی ده‌خرانه سه‌ر شاشه و باسیان له گه‌وره‌یی و حیکمه‌تی سه‌رۆکی و حزبی قائید ده‌کرد. ئه‌م وتارانه له‌لایه‌ن ئه‌و رۆژنامه‌نوس و نوسه‌ره دهربارانهوه ده‌نوسرا، که سه‌ر به‌حزبی به‌عس بوون و له داموده‌زگا میدیاییه‌کانی حزب و حکومه‌تدا کاریان ده‌کرد. خۆیان مووچه‌یان هه‌بوو، به‌ڵام بۆ هه‌ر وتارێکیش، که به پێوانه‌ی ده‌ستوپێوه‌ندی سه‌رۆک به‌هێز بووایه و چاک هه‌ڵیدایه به‌باڵای سه‌رۆکدا، به‌خشیش - مه‌کره‌مه یان ڕاستتر شاباش ده‌دایێ. دیاره مێژوو سه‌لماندویه‌تی، له هه‌موو سه‌رده‌م و شوێنکاتێکدا سه‌رۆک حزب و حکومه‌ت، که خۆسه‌پێن و نادیموکراتی و نادادپه‌روه‌رن پێویستییه‌کی زۆریان به‌م تایپه له رۆژنامه‌نوسی ویژدانفرۆش و قهڵهمههڕاجکهر هه‌یه، تا ڕووی دزێوی خۆیانی پێ ئارایشت بکه‌ن و ڕه‌ش و سپی له خه‌ڵک بگۆڕن. تاوه‌کو به گه‌له‌که‌یان بڵێن: ئه‌ها نوسه‌ران چۆن پیاماندا هه‌ڵده‌ده‌ن، ببینن ئێمه چه‌ند خزمه‌تگوزار و میهره‌بان و دڵناسک و دادپه‌روه‌رین! به‌ڵگه‌نه‌ویسته نوسین په‌یامێکی مه‌عریفییه، ده‌بێت بیگه‌یه‌نێت، واته له نوسیندا په‌یامێک هه‌بێت، که خزمه‌ت به مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی بکات، دیدو تێڕوانینی عەقڵانی پێشکەش بە کۆمەڵگاکەی بکات، جا له هه‌ر بوارێک‌دا بێت، زانستی بێت، هه‌ڵوێستێکی مرۆڤ و ژینگه‌دۆستانه بێت، ده‌کرێت ئه‌مه هه‌ڵوێستی سیاسی بێت، وه‌ک دژ به چه‌وساندنه‌وه و تیرۆر و پێشێلکاری مافی مرۆڤ، یان ره‌خنه بێت له کاربه‌ده‌ست، ده‌زگا یان حکومه‌تێک. دیاره ده‌سته‌ڵات له هه‌موو سه‌رده‌مێکدا چۆن پێویستی به له‌شکری سوپا و پۆلیس و ئاسایش و هه‌واڵگری هه‌یه، ئاوهاش پێویستی به سوپایه‌کی قه‌ڵه‌موه‌شێن و میدیایی و راگه‌یه‌ندکار هه‌یه. تا له ڕووی راگه‌یاندنه‌وه به‌رگری له‌خۆی بکات و رووبه‌ڕووی ئه‌و رۆشه‌نبیر و رۆژنامه‌نوسانه ببێته‌وه که به قازانجی به‌ره‌ی گه‌ل له دژی ده‌نوسن، یان ره‌خنه‌ی رادیکالانه‌ی لێ ده‌گرن. قه‌ڵه‌مپۆلیس نانیان که‌وتۆته ڕۆنه‌وه و ئیمتیازاتی زۆریان بۆ هه‌ڵده‌ڕێژرێت. هه‌ندێک له‌وان له پێشدا له‌به‌ره‌ی گه‌لدا بوون، ژیانی ئاسایی و هه‌ژارانه‌یان هه‌بوو، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده قه‌ڵه‌م و ویژدانیان فرۆشت و سه‌نگه‌ریان برده لای ده‌سته‌ڵات، ژیان و گوزه‌رانییان له‌گه‌ڵ پێش خۆفرۆشتنهکهیاندا به‌راورد ناکرێت! ئه‌م سوپایه‌ی باسمان کرد، فێرده‌کرێن، وه‌ک شاگردانی ڕێبازه‌که‌ی گۆبلز، له لایه‌ن ده‌سته‌ڵاته‌وه هه‌موو پشتگیرییه‌ک ده‌کرێن، جاروبار زانیاریی و داتا و ئاماری وایان ده‌خرێته به‌رده‌ست، که هه‌رگیز ناگاته ده‌ستی رۆژنامه‌نوسانی جددی و که‌سانی بێلایه‌ن و ره‌خنه‌گر. پێدانی ئه‌م زانیارییانه تا ڕاده‌ی نهێنی و هه‌واڵگرییش ده‌ڕوات. ئه‌مه‌ش ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی بازاڕسازی (مارکێتینگ) بۆ نوسینه‌کانیان بکات و خوێنه‌ریان زۆر بێت. شه‌وانه‌ش زۆربه‌ی ئه‌مانه له رێگه‌ی که‌ناڵه ئاسمانییه زۆروبۆره زه‌رده‌کانی ده‌سته‌ڵاته‌وه ده‌هێنرێنه سه‌ر شاشه و وه‌ک رۆژنامه‌نوس، لێکۆڵه‌ر، سیاسی، مامۆستای زانکۆ و چی و چی ده‌ناسێنرێن، ئیتر ده‌ست ده‌که‌ن به بهناپاککردن (ته‌خوین)ی رۆژنامه‌نوس و نوسه‌رانی به‌ره‌ی گه‌ل و به‌ڕاست و چه‌پدا تۆمه‌تیان بۆ ده‌به‌خشنه‌وه، که‌سه‌ر به‌ملا و به‌و لان و هانده‌درێن و خوێندنه‌وه‌ی واقعیان نییه بۆ ره‌وشی کوردستان و دژی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌که‌یانن و ...هتد. له باشوری کوردستانیشدا ده‌بینین ئه‌م دیارده‌یه له په‌ره‌سه‌ندندایه، سه‌یر ئه‌وه‌یه، تا ده‌سته‌ڵات خۆسه‌پێنتر و پۆلیسیتر بێت، ئه‌وه‌نده زیاتر پێویستیان به‌م جۆره زڕهنوسهرانه ده‌بێت. ئه‌مانه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵات هه‌موو شتێکیان بۆ فه‌راهه‌مده‌کات و هه‌میشه دیار (بارز)یان ده‌کات و تیشکۆ (فۆکه‌س)ی راگه‌یاندنیشیان ده‌خاته سه‌ر، تا زیاتر بناسرێن و وه‌ک که‌سایه‌تی ئیعتیباریان بۆ دروست ببێت. ئه‌مانه که‌وتونه‌ته نوسینی بهندهوتار (مه‌به‌ست له‌م ده‌سته‌واژه‌یه: وه‌ک به‌ندی پیاهه‌ڵدانی شایه‌ر و گۆرانی فۆلکلۆره) بۆ دوو عانه سڵ له هیچ ناراستگۆریی و نابابهتییبونێک ناکه‌نه‌وه. بۆ نمونه دێن سه‌ردانی مه‌یدانی سه‌رۆکی حکومه‌ت بۆ گه‌ڕه‌که لافاوبردوو و زیانلێکه‌وتووه‌کانی هه‌ولێر وه‌ک ئه‌زمونێکی زۆر بێوێنه و کاری ئه‌فسانه‌یی باس ده‌کات، بێ ئه‌وه‌ی تۆزێک به‌ویژدان و بابه‌تییانه لێیبڕوانێت، که ئه‌مه ئه‌رکێکی زۆر ئاسایی و نۆرماڵه، گه‌ر نه‌یکات که‌مته‌رخه‌مه، پاشان هه‌ر سه‌ردان به‌س نییه، گه‌ر دوای سه‌ردانه‌که به‌دواداچوون بۆ روودانی لافاوه‌که نه‌کات، وه‌ک هۆکاری نه‌بوونی زێراب و که‌ناڵی ئاو له‌و گه‌ڕه‌کانه، که له لایه‌ن کۆمپانیا حزبی و حکومییه‌کانه‌وه دروستکراون، که‌مته‌رخه‌مییه‌کی گه‌وره‌یه. خۆش ئه‌وه‌یه هێشتا ئه‌مان دێن ره‌خنه له چالاکوانان و رۆژنامه‌نوسانی به‌ره‌ی گه‌ل ده‌گرن، که گوایا کینه و گرێیان به‌رامبه‌ر حزبه‌که و سه‌رکرده‌که‌ی ئه‌وان هه‌یه، بۆیه هه‌میشه ره‌خنه ده‌گرن، به‌ڵام ناپرسن هۆکاری ره‌خنه‌گرتنی به‌رده‌وامی رۆژنامه‌نوسان چییه، گه‌ر هه‌بێت (گرێ) بۆ هه‌یه، ئایا له‌به‌ر هۆکاری سه‌ره‌کی نه‌هامه‌تی و بێدادی و بێمافی گه‌له‌که‌مان نییه؟ یان کێشه‌ی که‌سی و کۆمه‌ڵایه‌تییان له‌گه‌ڵ حزب و سه‌رکرده‌که‌ی ئه‌وان هه‌یه؟ کێشه له‌وه‌یه ئێستا وتاره‌کانی ئه‌مانه سه‌ره‌ڕای ده‌یان که‌ناڵی حکومی و سێبه‌ر، له سایت و رۆژنامه بێلایه‌ن و ئه‌هلییه‌کانیشدا بڵاوده‌کرێنه‌وه به‌ناوی لیبراڵیبوون و ئازادی، به‌م شێوازه به‌رێوبه‌رانی ئه‌و سایتانه پێبزانن یان نا، راسته‌وخۆ سود به به‌ره‌ی ده‌سته‌ڵات ده‌گه‌یه‌نن. ئاخر زۆر ده‌مێکه ئه‌م تایبه له رۆژنامه‌نوس و نوسه‌ر له رۆژئاوا و وڵاتانی پێشکه‌وتوو باوی نه‌ماوه، چونکه که‌س شتیان بۆ بڵاوناکاته‌وه. بگره که‌ناڵێک گه‌ر ته‌رویج بۆ فاشییه‌ت و دیکتاتۆرییه‌ت بکات به پێی یاسا داده‌خرێت. هه‌رگیز نابینی ئه‌مانه ره‌خنه‌یه‌کی جددی له ده‌سته‌ڵات و حزبه‌که‌یان بگرن، به‌ڵکو هه‌ر خه‌ریکی ئارایشتی سه‌رانی ده‌سته‌ڵات و پینه‌وپه‌ڕۆی که‌موکوڕی و نارێکییه‌کانی حزب و حکومه‌تن. نابینی قسه‌ی جددی له‌سه‌ر دۆسییه هه‌ستیار و گه‌رمه‌کان بکه‌ن، وه‌ک زیندانییانی سیاسی بادینان، نه‌بوون یان دره‌نگکه‌وتنی مووچه، هێرش و داگیرکاری تورکیا و هاوکارییکردنییان، کۆچی به‌لێشاوی گه‌نجان و خێزانه‌کان به‌ره‌و ئه‌وروپا، نادادپه‌روه‌ری و لایه‌نگیری دادوه‌رو دادگاکان بۆ حکومه‌ت و حزب و ...هتد. خۆ مه‌گه‌ر بۆ کاری هه‌واڵگری و ڕاپۆرتنوسین بنێردرێن، ئه‌گینا هه‌رگیز نایه‌ن به‌شداری خۆپیشاندان دژ به نه‌دانی مووچه و که‌می خزمه‌تگوزاری، یان یاده‌وه‌ریی شه‌هیدانی قه‌ڵه‌م یان هه‌ر شتێکی تر که ڕووی له حزبه‌که‌یان و حکومه‌ت بێت، بکه‌ن. کاتێک مرۆڤ ئه‌وه‌نده خۆی بچوک بکاته‌وه، ویژدانی هه‌ڕاج بکات و قه‌ڵه‌مه‌که‌ی بۆ داکۆکی له ده‌سته‌ڵاتی نانیشتمانی و نادادپه‌روه‌ر و سه‌رۆکی حکومه‌تی پۆلیسی و سه‌رۆکی حزبیی مافییایی بخاته‌کار، ئیتر ده‌بێت چ سایت و ده‌زگا راگه‌یاندنه ناحزبیی و ئه‌هیلییه‌کان و چ خوێنه‌ریش بایکۆتی ئه‌م پۆلیس - نوسه‌رانه بکات. ئاخر خۆ ده‌کرێت مرۆڤ ئینتمایه‌کی سیاسی یان حزبیشی هه‌بێت، سه‌ر به حزبێکی ده‌سته‌ڵاتیش بێت، به‌ڵام جۆرێک له هاوسه‌نگی و عه‌قڵانییه‌ت و بابه‌تیبوون به‌سه‌ر بیرکردنه‌وه و نوسینیدا زاڵ بێت. له ئه‌وروپا ئه‌ندام و کادرانی حزب هه‌ن که هه‌ندێکجار ١٨٠ پله به پێچه‌وانه‌ی ستراتیج و به‌رنامه‌ی حزبه‌که‌یانه‌وه ده‌نوسن و هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن. به‌مه‌ش جوانتر و ڕێزلێگیراوتر ده‌بن لای خوێنه‌ر و کۆمه‌ڵگاکه‌یان، ئاخر ئه‌وان ویژدان و پره‌نسیپ و بیروهه‌ستی زیندویان ئاڕاسته‌یان ده‌كه‌ن نه‌ک گیرفانیان. هه‌ڵبه‌ت دواجار هه‌ر که‌س به‌ده‌ست خۆیه‌تی، که قه‌ڵه‌مه‌که‌ی هه‌رزانفرۆش بکات خه‌ڵک بێز له نوسین و هه‌ڵوێسته‌کانی بکه‌نه‌وه، یان بیخاته خزمه‌ت گه‌ل و خه‌ڵکی ڕه‌شوڕوت و به‌شمه‌ینه‌ت ومافخوراو و به تامه‌زرۆییه‌وه بیخوێنێته‌وه. دڵنیاشم رۆژێک دادێت، وه‌ک چۆن ئێستا قهڵهمپۆلیسهکانی کاتی رژێمی به‌عس ڕوویان نایه‌ت باسی رابردوویان بکه‌ن، ئه‌مانیش ئاوا شه‌رم له رابردووی بیر و قه‌ڵه‌مه‌که‌یان بکه‌نه‌وه.
محەمەد خۆشناو بەراز نەفرەتلێکراوترین ئاژەڵە لەکن ئيمە و کۆمەڵگەی ئیسلامی و زۆربەی ئاینە کۆنەکان چونکە گۆشتی حەرامکراوە ، حەرامکردنی گۆشتی بەراز لەبنچینەدا لە ئایینی جووەکان وەرگیراوە و شەریعەتی جووەکان خواردنی بەرازیان حەرامکردووە ، بەکورتی نەخواردنی گۆشتی بەراز کارێکی ئایینیە ، بەڵام ئایا رقلێبوونەوە لە ئاژەڵی بەراز کارێکی ئایینیە؟ بەڕای من نەخواردنی گۆشتەکەی پەیوەندی نیە بە رقلێبوونەوەی و نەفرەتلێکردنی. بەم دواییە زانایانی خۆرئاوا رایانگەیاند کە دەتوانن گورچیلەی بەراز لە جەستەی مرۆڤ لەجیاتی گورچیلە لەکارکەوتوەکە بچێنن و ئێستا دەڵێن ئەندامانی دیکەشی بۆ مرۆڤ دەبێت ، چونکە زانایان ماوەیەکی درێژە تێبینی لێکنزیکی توێکاری و فسیۆلۆجی سەڕسووڕهێنەر لەنیوان مرۆڤ و بەرازدا کردووە ، دیارە حیکمەتی خوای گەورە لە حەرامکردنی گۆشتی بەراز لەوەدابووە کە بەمرۆڤ دەچێت ، ئەم لێکنزیکیە وایکردووە کە بەراز ببێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ تاقیکردنەوەی زانستی و هەروەها گواستنەوەی ئەندامانی جەستەی؛ نزیکی شێوەی دڵ و تووشبونی بەراز بە ڕەقبوونی دەمارەکانی وەکو مرۆڤ وای لەزانایان کردووە قەستەرە بۆ بەراز بکەن و لەهەمان کاتدا لێکچوون لەنێوان جگەری مرۆڤ و بەراز و ڕێڕەوی هەرسکردن هەیە بەوەی ڕووەک و گۆشت دەخوات ، ئەم لێکچوونە وایکردووە بەراز ببێتە دیاریەکی پزیشکی بۆ مرۆڤ ، لەو ڕاپۆرتانەی کە لەسەر ئەم بابەتە خوێندومەتەوە ، کە ئەمە بەراز بووە ئەنسۆلین و دەرچە« صمامە»ی دڵ و زۆر شتی تری بەدیاری داوەتە ئێمە. بەراز….ئەی هاوڕێیە چاوتێرە ڕیسواکە ، من دەزانم تۆ دەبیتە هاوڕێ و نزیکی هەموو مرۆڤایەتی و ، تۆ شایەستەی ڕێزلێنانی نەک نەفرەت و ڕقلێبوونەوە و ڕیسوایی ، ئەمە پێستی تۆیە لەجیاتی ئەو پێستە نەرمە تەنکەی ئێمە بەهۆی سووتانەوە دەچێنرێت ، ئەی بەراز….ئاژەڵە بەستەزمانەکە ، ئەمە ئەنزیمی تۆیە کە یارمەتی پێکهێنانی پێکهاتەی ئیفلیجی منداڵان دەدات بۆ پاراستنی مناڵانمان لەترسی ئەو نەخۆشیە کوشندەیە ، ئەمە ڕیخۆڵە باریک و ئەستوورەی تۆیە داوی لێ‌دروست دەبێت و بۆ نەشتەرگەری و دوورینی برینەکە و ساڕیژکردنی ، لە پەنکریاسی تۆوە ئەنسۆلین ئامادە دەبیت و بەچاکەی تۆوە ژیانی ملیۆنەها لە نەخۆشی شەکرە بە ئارامی بەردەوام دەبێت…ئای لەو چاوتێرە ڕیسواکراوە. چاندنی ئەندامەنی جەستەی بەراز کاردانەوەی زۆری لەلایەن هەندێک زانایانی ئایینی لە هەندێک وڵاتانی عەرەبی لێکەوتەوە ، ئەم کرداری چاندنەیان بە گوناه دانا ، بەڵام موفتی میسر ڕایگەیاند کە ئەو مادانەی لە پێکهاتەی گۆشتی بەراز وەردەگیرێن بەمەبەستی چارەسەر ڕێگەپێدراوە و ، دەشڵێت خواردنی گۆشتی بەراز لەناچاری ڕێگەپێدراوە ، ئەمە ئەوە دەردەخات کە ئەم بابەتە بەهیچ شێوەیەک ئایینی نیە بەڵکە بابەتێکی زانستیە ، لەبەر ئەوەی ئێستا زانایان خەریکی بە« مرۆییکردنی بەراز»ن و وادەکەن کە خانەکانی نزیکتربن لە خانەکانی مرۆڤ ….ئا ئەمەیە مرۆڤی بەراز یا بەرازی مرۆڤ کەوا دێت و وابەڕیوەیە.
د.ئەرسەلان بایز ماوەى چەندین ساڵە خۆم لە هەموو کێشە سیاسیەکان بە دوور گرتووە، وەڵامى کەناڵەکانى تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە نووسەکان نادەمەوە. ناچمە کۆڕ‌و کۆبوونەوە سیاسیەکانیش. مەگەر جار جارە قسەیەکى باش لەسەر یادى شەهیدە نەمرەکان بکەم. بەڵام کاتێ شەڕ بەر دەرگاى ماڵت پێدەگرێت. کاتێ ڕاستی ڕووداوەکان چەواشە دەکرێن. ناچار دەبی لێیان وەدەنگ بێییتء دەست وەکەرى بکەیت. چونکە هەولێرییەکان دەڵێن: (دەستوەکەرى پیرۆزە) واتە بەرگرى کردن لە ڕاستیەکانء پارێزگارى لە خۆت ئەرکێکى پیرۆزە. ئەگەر ئەو دەستوەکەرییە نەکەیت ماناى سەلماندنى چەواشەکارییەکانە. لەو ماوەیەى ڕابردوودا کاک (د.یوسف محەمەد) لە میدیاى دیجیتاڵى بە ناهەق پەلامارى منى داوەو ڕاستیەکانى چەواشە کردووە. زۆرم پێ سەیرە پیاوێک کە خۆى بە موسوڵمانێکى ڕاستەقینە بزانێتء باکگراوندى حیزبێکى ئیسلامى هەبێت، ئا بەمجۆرە ناهەقیە قسەى بێ ویژدانانە بکاتء ڕاستیەکان چەواشە بکات. # هەر وەکو لە چەند بۆنەو شوێنى تر وتومەو نووسیومە، تاکو ئەمڕۆش هیچ بەڵگە نامەیەکى مۆرکراوى ڕێکەوتنى (دەباشان)م نەدیوە. ئەندامى شانەى ئەو ڕێکەوتنەش نەبووم. تەنانەت لە کاتى مۆرکردنەکەشى ئاگادار نەبووم. هیچ گشتاندنێکیش لەو بارەوە بۆ ئۆرگانەکانى حیزب نەکراوە. بەڵام چەند ڕۆژێک دواى دیدارى (مام جەلالء کاک نەوشێران)، جەنابی (مام جەلال) بە تەلەفون ئاگادارى کردمەوە کە سەردانى بکەم. کاتێ لە ماڵەکەى خۆى لە (دەباشان) سەردانیم کرد پێى وتم: لەگەڵ (کاک نەوشێروان) قسەمان کردووە، هەندێ ڕێکەوتنیشمان لە نێوان خۆماندا کردووە. بۆیە دەمەوێ سەردانى بکەیت. بەڵام (مام جەلال) نە باسى ناوەڕۆکى ڕێکەوتنى (دەباشان) و نە بۆ هیچ شتێکیشى ڕاسپاردم. هەر بە خۆشى بە تەلەفون لەگەڵ (کاک نەوشێروان) کاتژمێرێکى هەمان ئێوارەى بۆ ئەو سەردانەى بەندە دیاریکرد. هەتا ئەو ساتەى (کاک نەوشێروان) بە شێوەى فەرمى لە (ی.ن.ک) چووە دەرەوە، لێپرسراوو برا گەورەم بوو. سەربارى هەموو ناکۆکیەکان هەمیشە بە چاوى ڕێزەوە سەیرم دەکرد، تەنانەت دواى جیابوونەوەش هەر وەک برا گەورە سەردانیم دەکرد. لە کاتى دیاری کراو چوومە خزمەتى (کاک نەوشێروان). ماڵى ئاوابێت لەبەردەمى دەرەوەى ژوورى دانیشتنەکەى خۆى زۆر بەڕێزەوە پێشوازى لێکردم. دواى دانیشتنێکى چەند خولەکء قاوە خواردنەوەیەک، کەوتە قسەکردنء وتى: دەى جەنابى سەرۆک بابزانم چیمان بۆ دەکەیت منیش وتم: کاکە بۆ خاترى خوا سەرۆکى چى...؟ هەر (مام جەلال) و جەنابت سەرۆکن. من پاش دوو ساڵى تر کارەکەم نامێنێ و دەگەڕێمەوە مەکتەبی سیاسى (ی.ن.ک). دواى چەند قسەو گاڵتەیەکى خۆشى لەو بابەتە وتى: من و (مام جەلال) لەسەر ئەوە ڕێکەوتووینء (قسەى توندى بە پارتى وت) ئێستا کارەکە لاى تۆیە، بزانین چۆنى جێ بەجێ دەکەیت. کاتێ منیش گوێم لەو (قسە توندە بوو) حەپەسام، هەندێ بێدەنگ بووم دواتر وتم: پێمان دەکرێ...؟ وتى: بەڵێ، ئەگەر تۆ هاوکارمان بیت دەکرێ. منیش وتم: ئەى چەندین ساڵ شەڕى یەکترمان نەکرد، بە سەدان پێشمەرگەو فەرماندەمان لە یەکتر شەهید نەکرد ئەى هەردوولامان ئێران و عێراق و تورکیامان نەهێنایە سەر یەکتر...؟ کەسمان نەمانتوانى ئەویترمان بسڕینەوە. دەوڵەتانى ئیقلیمیش ڕێگا نادەن تەنیا لایەکمان حوکمڕانى هەرێمى کوردستان بکەین، چونکە لە بەرژەوەندى ئەواندا نیە. نا حەزانى کورد هەمیشە لە هەوڵى دروست کردنى دوو بەرەکىء شەڕى ناوخۆى کوردستانن. (کاک نەوشێروان) لەگەڵ بیستنى وەڵامەکەى من دم و چاوى گرژ بوو، وتى: ئێستا تێگەیشتم هاوکاریمان ناکەیت و کارەکە ناکەیت...وتم کاکە گیان: جارێ بەر لە هەموو شتێ خۆم بڕواییم بەو سیاسەتە نیە. ئینجا هێندەى من بزانم سیاسەتى (ی.ن.ک) ئەوە نیە. جەنابی (مام جەلال)یش هیچ قسەیەکى لەو بارەوە لەگەڵ (بەندە) نەکردووە. دواى زیاتر لە سەعاتێک قسەو گفتوگۆ ئەو ناڕەحەتء منیش پابەند بە ڕاکانى خۆم ماڵئاواییم لێکردو ئەوێم جێ هێشت. بەڵام چونکە شەو درەنگ بوو. بۆیە سەردانى (مام جەلال) و سەرەنجامى دانیشتنەکەم بۆ بەیانى هەڵگرت
دانا رەشید دوای ئەوەی ئەنجێلا میرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا بە تەلەفۆن گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆکی خۆ سەپێنی وڵاتی بیلاروس لۆکاشینکۆ کرد ، هاوزەمان لەرێگەی موستەشاری ئیدارەی مێرکڵ بۆ کاروباری دیبلۆماسی نیابی لە مێرکڵەوە گفتوگۆی لەگەڵ پوتین سەرۆکی روسیا کراوە ، دەربارەی ئەزمەی پەناخوازانی سنوری پۆلندا ، لۆکاشینکۆ خۆی بە سەرکەوتو پیشان داوە ، ئەمەش دوای ئەو لێدوانەی ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی روسیا دێت ، کاتێ لەرێگەی تەلەفۆنەوە وتویەتی ، بۆ سەرۆکی بیلاروس سەرکەوتنە کە مێرکڵ خۆی تەلەفۆنی بۆ بکات لەکاتێکدا بە سەرۆکی شەرعی وڵات لە یەکێتی ئەوروپا بلۆک کراوە متمانەی پێ ناکەن ، ئەمەش لۆکاشینکۆ بە سەرکەوتن بۆخۆی ناوزەدی کرد ، هەمان کات ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ماوەیەکی درێژ کە لە ٢ کاتژمێر تێبەریکردوە لەسەر هەمان ئەزمەی سەر سنور قسەیان کردوە و ڕایان گۆڕیەوەتەوە ، هەتا ئیرە سەرەتای فیلمێکە کە لە تورکیا سیناریۆی بۆ دانراوە و لە روسیا سپۆنسەری بۆ کراوە و لە بیلاروس وێنەی گیراوە و لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی ، بەهۆی ئەو بارە ناهەموارەی حکومرانی عیراق و کوردستان باشترین ئەکتەری حەقیقی بۆ دۆزراوەتەوە . ئەکتەرێک بە شێوەیەکی وەها غافڵ گیر کراون ، لە نێوان پۆلنداو بیلاروس سەرماو ئازار‌و برسێتی دەچێژێ ئەمما هێشتا بروای بەوە نەهێناوە کە ئەمەی ئەوان دەیکەن فیلمە ، وەلی پرسیاری جدی لێرەدایە ، ئایا لەم گەمەیەدا سەرۆکی خۆسەپێنی بیلاروس بەرامبەر یەکێتی ئەوروپا ، دەیباتەوە یان دەیدۆڕێنێ ؟ ئەگەر بردیەوە چارەنوسی ئەو پەناخوازانە بەچی و بەکوێ دەگات ، خۆ ئەگەر دۆرانیشی هەمان پرسیار چارەنوسی خۆی و حکومەتەکەی بەکوێ دەگات ؟ دوای ئەوەی لۆکاشینکۆ و دەسەڵاتەکەی ئیعترافیان بە بەرەی ئۆپۆزسیۆن نەکردوو ، خۆیان بەسەر دەسەڵاتدا سەپاند ، یەکێتی ئەوروپا هەموو پەیوەندیەکی دیبلۆماسی لەگەڵ ئەو وڵاتە هەڵپەسارد ، بەمەش حکومەتی بیلاروس توشی چەندین قەیرانی دارایی و ئابوری بوەوە ، سەرباری باروەدۆخی پەتای کۆرۆنا ، ئیدارەی لۆکاشینکۆ بۆ دەرباز بوونی لەو ئەزمەیە نەخشەی چەند سیناریۆیەکی سیاسی دەکێشێت ، یەکێک لەو سیناریۆیانە کە خۆی و دارودەستەکەی هەر بە سەرۆکی تێدا بمێنێتەوە و نەکەویتە بەر نەفرەتی مێژو ، یەک گرتنەوەی لەگەڵ روسیای گەورە پێشنیار دەکات ، لەگەڵ ڤلادمیر پوتین دەکەونە گفتوگۆ ، بەڵام بۆ ئەم کارە دەبێت ریفراندۆمێکی گشتی بکرێت تا دەنگی میلەت بەدەست بهێنیت ، لەمەدا شکستی خوارد چونکە میلەتی بیلاروس ئامادە نین بۆ ئەوکارە ریفراندۆم بکەن و خۆیان تەسلیم بە روسیا بکەن ، سیناریۆی دوەم ، دروست کردنی چەند حیزبێکی کارتۆنی و بەرەیەکی ئۆپزسیۆنی لە سەرەوە دژی خۆی و لە ژێرەوە کوری خۆی دروست بکات ، ئەمەش هەر لە سەرەتاوە جێگەی گاڵتە پێکردن بوو بۆ یەکێتی ئەوروپا چونکە یاریەکی مەکشوفە ، سیناریۆی سێەم دووبارە کردنەوەی هەمان سینارۆی تورکیا ، کاتێ چەند ملیۆن پەناخوازانی سوری و یەزیدی و عیراقی بەردایە گیانی یەکێتی ئوروپا ، ترێ بە گەنمێکی پێ کرد هەم بەشێکی زۆری لە یەکێتی ئەوروپا وەرگیران هەم پارەیەکی زۆریش درا بە حکومەتی ئەدۆگان ، لەسەرێکی کەوە لە چەندین ئەزمەو گرێ‌و گۆڵی سیاسی و دیبلۆماسی چاویان نوقاند ، بەڵام کورد واتەنی لەهەمو هەورێ باران نابارێ و لە هەمو زەویەکیش گوڵ و گوڵزار ناخەمڵێ ، کەش و هەوای ئەو بارانەی بۆ ئەردۆگان باری زۆر زۆری فەرقە لەگەڵ ئەم کەش و هەوایەی ئێستە بۆ بیلاروس نابارێت ، وەک دەرکەوتوە سیناریۆکە بەم جۆرەیە بێگومان ئەمە قسەوباسی زۆری لەسەرە ، تورکیا کۆمەڵێ قاچاخچی بێویژدانی کورد پەیدا دەکات ، کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو بارە زۆر ناهەموارەی حکومرانی ،کە قیمەتی بە هیچ شتێکەوە نەهێشتوە بێجگە لە پارەکۆکردنەوە ، کۆمەڵگەی وەک کەرەستەیەکی خاو لێ کردوە ، بەئاسانی دەتوانرێت چی لە گیرفانیدایە بە حسابی رۆشتن بۆ ئەوروپا لێی بسەندرێت ، بە فیزەی وڵاتی بیلاروس بە رێگەی کۆبپانیای فرۆکەوانی تورکیا ،خەڵک بە خاوخێزان و منداڵ و پیرو گەنجەوە ، بەو بەرنامەیە کە تا ناو پۆلندایان بەرن ، بەوجۆرە خەڵەتاون کە ئیتر پۆلندا سەربە یەکێتی ئەوروپایەو لەوێوە بێ کێشە ، دەوڵەتانی وەک ئەڵمانیاو هۆڵداو سوید‌و چی و چی ، بەهەمان شێوەی سوریەکان موعەزەزو موکورەم وەرتان دەگرن ، سەرەتا بە پارەیەکی زۆر نەبوە بەڵام قاچاخچیەکان بۆ گیرفانی خۆیان یەک فیزەیان بە پێنچ هەزار دۆلار فرۆشتوە لەکاتێکدا خۆیان تەنها ٥٠ پەنجا دۆلاریان داوە بە فیزەکە ، بەم حاڵەش بە هەزاران ماڵ و خیزان بە خاو خێزاناوە بە دەیان دەفتەریان داوە بەس بگەنە بیلاروس پۆلندا ، لەماوەیەکی کەمدا مزگێنی بە لۆکاشینکۆی دیکتاتۆر دەدەن کە زیاتر لە ٤ هەزار کەس کۆکراونەتەوە بە خاوخێزان و منداڵ و چەندین کەم ئەندامیان لەگەڵە ، بۆیە نەخشەکە دەکەوێتە بواری جێ بەجێ کردنەوە ، سەرەتا بهێنرێن بۆ شوێنێکی نزیک سنور ئینجا سەربازانی بیلاروس پشتیان لێ بگرن و بڵێن فەرموو برۆن بۆ پۆڵندا ، ئەو جەماوەرە پەناخوازە نازانن ڕو بکەنە کوێ ، چونکە پێش ئەوەی ئەمان بگەن پۆلندا هەموو سنورەکانی خۆی بەسەرباز گرتبوو ، دەستی کردبوو بە دروست کردنی دیوارێکی بەرزی تەلبەند کراو ، ئێستە بە بەرزی ٥ مەتر دەیەوێ دیوارێکی تر دروست بکات ، لێرەوە هەتا ئێستە وێنەی فیلمەکە دەگیرێت ، ئەمە دوا سیناریۆی لۆکاشینکۆیە هێشتا یاریەکە بەردەوامە ، بۆیە لەم گفتوگۆ تەلەفونیەی مێرکڵ ، خێرا سەرۆکی روسیا پوتین تەپڵی سەرکەوتنی بۆ لۆکاشئنکۆ لیدا بەوەی ئەمە وەک ئیعتراف وایە بە دەسەڵاتی لۆکاشینکۆی خۆسەپێن ، بەڵام پۆلندا هەتا بێت شێتگیرتر دەبێت ، ئەگەرجی لۆکاشینکۆ هەندێ قسەی بێ سەروبەری کرد بەڵام دەکرێ حسابی بۆ بکرێت کە وتی ، کوردەکان ئەزمونی شەریان هەیە ، دەگۆی بەدەست خستنی چەک لە ئارادایە ، ئەمرۆ لەبەردەم دەروازەی رەسمی نێوان بیلاروس و پۆلندا شەررو پێکدادانی بەردەفرکێ لەنیوان پەناخوازان و سوپای پۆلندا رویدا ، شرۆڤەکاران دەلێن ، ئەگەر ئەم ئەزمەیە تا ماوەیەکی تر چارەسە نەکرێن ، یەکێتی ئەوروپا دەکەوێتە نیوان دوو هەڵبژاردن ، یان ئەوەتا چاو داخەن تا کارەساتێکی مرۆیی رودەدات بە نەخۆش کەوتن و رەقبونەوەی ئەو جەماوەرە پەناخوازەو لەو رێگەیەوە لۆکاسینکۆ بدرێت بە دادگا و کۆتایی بەو دەسەڵاتە بهێنرێت ، جا ئایا لۆکاشینکۆ دەیەڵێ بگاتە ئەو حەدە کە سەری خۆی و دەسەڵاتەکەی تێدا بجیت ، یان لەو سەر سنورە دەیاهێنیتە ناو شارەکانی بیلاروس و کۆتایی بە فیلمەکە دێت ، یان ئەوەتا رێک بکەون و لۆکاشینکۆ گرەوەکە بباتەوە ، لەهەردوو بەردا پەناخوازان تێدا دەچن یان بە ناردنەوەیان و سەرکەوتنی لۆکاشینکۆ ، یان بە پەندان و نەخۆش کەوتن و لەتاو سەرما یەک یەک مردنیان ، یان لاکۆشینکۆ بەناچاری بیان بات بۆ شارەکانی بیلاروس و رەوانەی عیراقیان بکەنەوە ، هەروەک وەفدی یەکێتی ئەوروپا لە بەغدا لەو گفتوگۆیەدان . کورد دەڵی بە بۆنی کەبابەوە چو کەریان داخ دەکرد ، ئەو بۆنی کەبابەی کە قاچاخچیان ئەو خەڵکەیان بۆ برد ، ئەم کەرداخکردنە بوو ، وەلی ئەوکەسانە هەرچیەک بن گەوج نین ، ئەو هەموو هۆکارەی لە عیراق و هەرێم بە بێقیمەت کردنی ژیان و مرۆڤ ، مرۆڤ تەسلیم بەو گەوجێتیە دەکات ، دەنا کێ ئاوا بێ باک سنگ دەنێ بە رێگەی چارەنوسێکی نادیارەوە ، تەنها لەبەر ئەوەی لەو شوێنە هەڵبێ کە قیمەت و ژیانی تێدا کوژراوە .
نەزهەت حالی کۆچی بە لێشاوی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت گەنجان بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان، چ ئەوانەی ئێستا لەسەر سنووری بێلاڕوسیاو پۆلۆنیان ،یان ئەوانەی کە بە ڕێگاکانی تر هەوڵ دەدەن بەرەو ئەوڕوپا کۆچ بکەن ناخ هەژێنە. ڕەنگە نەکرێت هۆکارەکان تەنیا لەچوارچێوەی یەک پاڵنەر و هۆکار کورت بکرێنەوە، بەڵام دڵنیام هۆکارەکان هەرچی بن سیاسی، کۆمەڵایەتی یان ئابووری بن، هەموویان لە خاڵێکدا هاوبەشن کە ئەویش بوونی ترس و بێ هیواییە. ئەوەی دوێنێ لە یەکێک لە کەنالەکانی تەلەفزیۆن لە هەرێمی کوردستان بینیم، ناخەکەی زیاتر هەژاندم کە هاوڵاتیەکی ئەم هەرێمە لەو بەرنامەیەدا تف لە نیشتیمان و پیرۆزییەکانی دەکرد و ئامادەبووانیش بەچەپلە لێدان پشتگیری خۆیان بۆ ئەو وتانە دەربڕی. گومان لەوە نیە کە دەبێت نیشتیمان جێگای ڕێزی هەموومان بێت، بەتایبەت ئەو کوردستانەی کە بە خوێنی پاکی شەهیدان زیاتر پیرۆز کراوە، هەروەها ئەگەر بەخۆمان ڕێزی خاک و نیشتیمان و نەتەوەی خۆمان نەگرین ئەی چۆن بیانییەکان ڕیزمان بگرن. ئەو پرسیارە زۆر دەکرێت کە ئایا ئەو هۆکارانە چین کە وا دەکەن هاوونیشتیمانیان بەو جۆرە ناخ هەژێنە ، کۆچ بکەن یان ناڕەزایەتی خۆیان دەرببڕن، بێگومان وڵامەکانیش جیاواز دەبن. بەڵام پێم وایە ترس و بێ متمانەیی و دلنیا نەبوون لە داهاتووی خۆیان هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەو بێ هیوا بوونە لە نیشتیمان. ترس هەموو ئاست و پایەکانی کۆمەڵگای کوردی لە هەرێمی کوردستان گرتووەتەوە. خەڵک ترسی لە بژێوی ژیانیان و تەندروستی خۆیان و خێزانەکانیان هەیە. بێ‌کاری و نەبوونی ئاسایشی کار و بیمەی تەندروستی، بارودۆخی شڵەژاوی عێڕاق و ناوچەکە وپەرتەوازەیی ناوماڵی کورد و زۆر هۆکاری تریش بوونەتە هۆی نەمانی متمانە و زیادبوونی نادلنیایی هاوولاتیان. لەوانەیە دەرنەچوونی دامەزراوە فەرمییەکان لە قاڵبی حزبی و کەسی و نەبوونیان بە دامەزراوەی تەواو نیشتیمانی هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتیان حکومەت بەهی خۆیان نەزانن، گلەیی لە دادگاکان و پێک نەهێنانی هێزی سەربازی و ئەمنی تەواو نیشتیمانی و بە دوور لە هەیمەنەی حزب و ئارەزووی کەسی ، جگە لەوەی دەبێتە هۆی لاوازی هەرێم غەدرێکی زۆریش لە ئەفسەر و کارمەندانی ئەو هێزانە دەکرێت. ئەفسەر و کارمەند و پيشمەرگە و شەهیدانی پاراستنی نیشتیمان بە حزبی ئەژمار دەکرێن و خێزان و منداڵەکانیان لەو سەرفرازییە نیشتیمانی و نەتەوەییە گشتییەی کە دەبێت هەیانبێت و هەر هاووڵاتیەک، بە بێ جیاکاری ڕێزیان لێ بگرێت بێ بەش دەبن و بوونەتە قوربانی ململانێی سیاسی و بەرژەوەندی کەسی و حزبی. لە پاڵ هەموو ئەوانەش بە زانین بێت یان بەنەزانین لە میدیا وسۆشیال میدیا کار دەکرێت بۆ لاواز کردنی هەستی نیشتیمانپەروەری کە ئەمەش ئاسایشی نیشتیمانی وڵات دەخاتە بەر مەترسی. ترس ،تەنیا لە ئاستی چینی هەژار و ناوەندی کۆمەڵگای کوردستان بوونی نیە بەڵكو ئاستی بەرزتری گرتووەتەوە. ترسی لە لەدەستدانی هێز کە بەلای نوسەری بە ناوبانگی ئەمریکی جۆن شتاینبێک بەرهەمهێنەری فەسادە، فاکتەرێکە بۆ ناسەقامگیری وڵاتان، بەتایبەت ئەگەر خاوەن هێز ئەو ترسەی لا دروست بوو، هەموو ئامرازەکان و شێوازەکانی تەنانەت نایاسایی و ناپەسەندیش دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی هێز و دەسەڵاتی خۆی، کە زۆر جار بە زیانی خۆی دەشکێتەوە. هەر بۆیە دیموکراسییەکی ڕاستەقینە و بە دوور لە تەزویر و ترساندن و دەسەڵاتی یاسا تەنیا ڕێگان بۆ سەقامگیری و پاراستنی مافی هەمووان، تەنانەت ئەوانەش کە هێز و دەسەڵاتی خۆیان لە دەست دەدەن مافیان پارێزراو دەبێت. لە هەرێمی کوردستان کەسانی زۆر باش و خاوەن هزر و مەعریفە و بە توانا کە خەمیان خەمی گەل و نیشتیمانە هەن، ئەوان ڕەخنەکانیان بونیادنەرن، بەڵام ڕەخنە بوونیادنەرەکان نەک بەهەند وەرناگیرێن بەڵکو بە لادان و دوژمنایەتی وێنا دەکرێن، کە لە ئەنجامدا ڕێگا بۆ کەسانی بەرژەوەندی خواز و پانکەرەوە واڵا دەبێت. هەر کات پێوەری تەمەلوق و جنێودان شوێنی پێوەری خزمەت، توانا، قوربانیدان و پابەند بوون بە پڕەنسیپە نیشتیمانییەکانی بۆ هەڵسەنگاندنی کەسەکان بگرێتەوە، ئەنجامەکەی دەبێتە هۆکاری لاوازی و ناکارامەیی دامەزراوەکان و بێ متمانەیی و بێ هیوابوونی خەڵك. خۆ دزینەوەی بەپرسان لە ڕاستییەکان و هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە گرفت و کێشە و قەیرانەکان لە هەر وڵاتێك دەرد و بەڵایەکی سیاسی گەورە و کوشەندەیە، زۆر لە گرفت و قەیرانەکان بە خۆیان چارەسەر نابن و ئەگەری فراوان بوونیان هەیە، بە دواخستنیان و خستنە سەرشانی لایەنی تر هەرگیز چارەسەرنابن . گەرچی کۆچ کردن دیاردەیەکی کۆن و جیهانییە و کاریگەری باش و خراپی خۆی هەیە، بەڵام پێم وایە زۆرێک لەو کەسانەی کە لە ئێستادا ڕێگای کۆچی نادیار و پڕ لە مەترسیان گرتووەتەبەر ئەگەر لە ئایەندەی خۆیان دڵنیا بووان ئەو ڕێگایەیان نەدەگرتە بەر، ئەگەر چارەسەری خێراش نەکرێت کەسانێکی لە ڕادەبەدەر ویستی کۆچ کردنیان هەیە و ئەگەر دەرفەتیان بۆ برەخسێت کوردستان بەجێ دەهێلن. تەنیا ئەو کەسانەی کە لە شاشەی میدیاکان دەردەکەون نین کە هەوڵی کۆچکردن یان وەرگرتنی ڕەگەزنامە و پاسپۆرتی وڵاتێكی بیانی دەدەن، زۆر کەسی پایەدار و پارەدار پاسپۆرتی وڵاتانی دوورگەکانی کارایبیان کڕیووە، زۆر سیاسەتمەدار و بەرپرسی باڵا بۆ خۆیان و خێزانەکانیان پاسپۆڕت و مافی نیشتەجێ بوونی وڵاتانی بیانیان دەستەبەر کردووە. وەکو دەبیندرێت هەرکەسەو بە جۆرێک دەیەوێت لەو ترسەی کە هەیە ڕابکات و ئایەندەی خۆیی و منداڵەکانی بپارێزێت، کە ئەمەش لە هیچ ووڵات و شوێنێکی جیهان بەدینەکراوە کە چینی دەسەڵاتدار، دەولەمەند، ناوەند و هەژار خواستی جێهێشتنی وڵات یان بەدەست هێنانی ڕەگەزنامەی بیانیان هەبێت. زۆرێك لە کۆچبەرە پەنابەرەکان هەوڵی گەیشتن بە وولآتی ئەلمانیا دەدەن، ئەڵمانیا دوای جەنگی جیهانی دووەم تووشی وێرانبوونێکی زۆر و لە ڕادەبەدەر بوو، بارودۆخی ئەو کاتی خەلکی ئەلمانیا زۆر لە بارودۆخی ئێستای ئێمە لە کوردستان خراپتربوو، بەڵام خەڵکی ئەڵمانیا بە ماندووبوون و هەوڵدانی خۆیان و بە دامەزراندنی سیستمێکی سیاسی دیموکراسی دامەزراوەیی کارا وڵاتیان ئاوەدان کردەوە و ئەڵمانیایان کردە پێشەنگی ئەوروپا. پێم وایە ڕا کردن و کۆچ کردن چارەسەر نیە، دەبێت خۆڕاگربین و لە ئەزموونی زۆر وڵات بۆ بونیاد نانی باشتر و گەشەسەندنی زیاتری کوردستان سوود وەربگرین، ترس و هەڕەشەکان بکەینە دەرفەت، چارەسەری بارودۆخی خۆمان هەر لای خۆمانە،ڕ ۆڵی ڕۆشەنبیرانی نیشتیمانپەروەر لە ئاراستە کردنی کۆمەڵگا لەو دۆخەدا ڕۆڵێکی ناوازە دەبێت ئەگەر بە ئەرکی هەستیار و گرنگی خۆیان لە ئاراستە کردنی کۆمەڵگا و ڕێنوێنی کردنیان هەڵبستن. گەلی ئێمە زیاتر لە هەموو کات پێویستی بە هیوا و دروستکردنی متمانە هەیە، زیاتر لە هەموو کات پێێویستی بە وڵاتپاڕێزانی ڕاستەقینە هەیە ،دڵنیام ئەو گەلە سەربەرزە کۆڵ نادات و هەر سەردەکەوێت. بە هیوای سەلامەتی کۆچبەران و لە خوای گەورە خوازیارم بە ئامانجی خۆیان بگەن و کوردستان و کوردستانیان لە هەموو ناخۆشی و بەڵاکان بپارێزێت.
.سەرتیپ جەوهەر داهاتی نەوتی عیراق لە ساڵی 1949 تەنها یەك سێ ملیۆن دینار بوو لەساڵێكدا، دوای تەنها سێ ساڵ واتە 1952 ئەو داهاتە گەیشتە پەنجا ملیۆن دینار! نوری سەعید سەرۆك وەزیرانی عیراق سوربوو لەسەر ئەوەی نابێت خەرجی دەوڵەت لە لە 30% داهاتی دەوڵەت زیاتر بێت. حكومەتی عیراق ئەوكاتە بڕیاریدا لە 70%ی داهاتی نەوت بۆ ئەنجومەنی ئاوەدانكردنەوە تەرخانبكرێت. بەهۆی زیاتر بوونی داهاتی نەوت، حكومەتی عیراق لەماوەیەكی زۆر كەمدا، دەیان پرۆژەی گەورەو ستراتیژیی جێبەجێكرد، دەتوانین بڵێین سەردەمی زێڕینی ئاوەدانیی بووەو تائێستا ئەو پرۆژانە خێروبێریان بۆ عیراق و كوردستان بەردەوامە. بۆنمونە پرۆژەی چوار بەنداوی گەورەی وەك حەببانیە، سەرسار، دوكان، دەربەندیخان. پرۆژەی كارگەی چیمەنتۆو شەكر رستن و چنین لەشارەكانی سلێمانی و موسڵ و بەغداو پارێزگاكانی عیراق. پرۆژەی پاڵاوگەی دۆرە كە دواتر زیاتر فراوانكراو پێشخرا..تد ئەمە جگە لەدەیان پرد‌و رێگاوبانی ستراتیژیی لەناو بەغداو لەنێوان بەسرەو بەغداو بەغدا كەركوك و پرۆژەی هێڵی شەمەندۆفێرو تەلفزیۆن..تد جێبەجێكرد. لێرەدا دوو سەرنجی زۆر گرنگ دەبینین. یەكەمیان داهاتی نەوت لەماوەی تەنها سێ ساڵ (1949-1952) لە 3 ملیۆن دینارەوە دەبێتە 50 ملیۆن، بەڵام حكومەت بڕیار دەدات لە 70% ئەو داهاتەی نەوت تەرخان بكات بۆ پرۆژەی ستراتیژیی ئاوەدانیی. دووەمیشیان ئەو پرۆژانەی جێبەجێكراون پرۆژەی ستراتیژیی بوون و جگە لەرەخساندنی هەلی كار‌و فراژووكردنی ئابوریی، لێكەوتەو كاریگەرییەكانی تائێستا بەردەوامەو هەموو خەڵكی عیراق سودیان لێ دەبینن. ئەگەر بەراوردێكی حوكمڕانیەكەی سەردەمی نوری سەعید سەرۆك وەزیرانی سەردەمی پاشایەتی بەر لە 70 ساڵ و حكومەتی هەرێم بكەین، جیاوازییەكی ئێجگار گەورە دەبینین. لەهەرێمی كوردستان، بەقسەی لێپرسراوانی حكومەت و سەرچاوە جیاوازەكان لەماوەی 10 ساڵی رابردوو، رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەرێم زۆر زیاتر بووە. هەرچەند زەحمەتە بزانین ئێستا چەند بەرهەمدەهێنرێت، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی حكومەت نزیكەی 500 هەزار بەرمیل لەرۆژێكدا هەناردە دەكرێت، ئەمە جگە لەبەكارهێنانی ناوخۆ‌و بۆ پاڵاوگەكان. هاوكات نرخی نەوت لە 20 دۆلارێكەوە بەرزبۆتەوە بۆ زیاتر لە 84 دۆلار، واتە زیاتر لە چوار قات زیاتربووە! ئەو نەوتەی سەردەمی نوری سەعید بەهەمان سیستمی ئێستا هەرێم دەردەهێنراو دەفرۆشرا كە سیستمی هاوبەشیی (شەراكەت)، نەوتی عیراق دەدرا كۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوت، زۆر بەشەفافی بەنرخی دەفرۆشراو عیراق چاو‌دێر بوو بەسەر فرۆشتنی نەوتكەی، بەڵام ئەو نەوتەی هەرێم زۆر كەمتر لەنرخی بازاڕ هەرزانفرۆش دەكرێت و بەقسەی خۆیان زیاتر لەنیوەی ئەو پارەیەی لەفرۆشتنی نەوت دەستدەكەوێت بۆ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت دەڕوات! جگە لەوەی كەس نازانێت ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ كۆمپانیاكان و توركیا سەبارەت بەدەرهێنان و فرۆشتن و هێنانەوەی پارەی نەوتكراوە چییەو چۆنە؟! بەر لە نزیكەی 70 ساڵ حكومەتەكەی نوری سەعید زیاتر لە 70% داهاتی نەوتی رادەستی ئەنجومەنی ئاوەدانكردنەوەی حكومەت دەكرد، لەماوەی نزیكەی 7 ساڵ دەیان پرۆژەی ستراتیژیی زۆر گەورەیان لەعیراق جێبەجێكرد، بەڵام ئەو داهات و پارەیەی نەوتی هەرێم لە 90% بۆ خەرجی تەشغیلی (موچە) دەڕوات و نەك لەماوەی 8 ساڵی رابردوو كە گوایە نەوت سەربەخۆ دەفرۆشرێت، بەڵكو لەماوەی 30 ساڵی رابردووی حكومەتی هەرێم تائێستا هیچ پرۆژەیەكی ستراتیژیی جێبەجێنەكردووە! حوكمڕانیەكەی سەعید لەماوەی 6 ساڵ دا دەستی بەجێبەجێكردنی 4 بەنداوی گەورەی لەعیراق كرد! لەهەرێم لەدوای روخانی رژێمی بەعس كە 18 ساڵ بەسەریدا تێپەڕیوەو ملیارەها دۆلار هاتۆتە هەرێم، كەچی تەنها یەك بەنداوی ستراتیژیی دروستنەكراوە، لەكاتێكدا هەرێم لەبەردەم قەیرانێكی زۆر جددی و مەترسیی زۆر گەورەی ئاودایە! یان لانیكەم دەبوو پرۆژەی بەنداوی بێخمە تەواوكرابوایە! یاخود پرۆژەی ئاودێری بۆ ناوچە وشكهەڵاتووەكان (بێئاوەكان) جێبەجێكرابوایە! ئەوەی دەیبینین لەماوەی 18 ساڵی رابردوو، یەك پرۆژەی ستراتیژیی كە راستەوخۆ پەیوەندی بەژیانی خەڵك و باشتركردنی ئابوریی كوردستان و ئاوەدانیەوە هەبێت جێبەجێنەكراوە! تائێستا رێگا‌و بانی نێوان شارە گەروەكانی كوردستان یان پارێزگاكان نەكراوە بەڕێگای دوو سایدو ستاندارد! چەند رێگایەك لەماوەی دوو ساڵی رابردوو دەست بەجێبەجێكردنی كراوە ئەویش بەپارەیەكی ئێجگار زۆر‌و بەقەرز و بە(سو) یان زیادەیەكی زۆر لەسەر حكومەت! لەماوەی 30 ساڵی رابردوو، گرفتە سەرەكییەكانی هەرێم (ئاو، كارەبا، سوتەمەنی) تائێستا نەتوانراوە چارەسەر بكرێت! بوون بەگرفتی هەمیشەیی و هەموو ئەو رێگایانەی گیراونەتەبەر بۆ چارەسەركردنیان، جگە لەوەی نەبۆتە هۆكاری چارەسەركردن، هاوكات خەرجیەكی ئێجگار گەورە لەسەر داهاتی هەرێم كەوتووە.
هونەر حاجی جاسم بەهۆی دابەشبوونی جوگرافی پارچەکانی کوردستان بەسەر چوار دەولەتی جیاواز و چەندین هۆکاری تر. پڕۆسەی کۆچ کردن لەناو کوردەکان لە پێنج سەد سالی ڕابردوو بەردەوام بونی هەبووە بە هۆکاری جیاواز!. بەلام دوای دروستبوونی دەولەتی عێراق لە سەرەتایی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو تاکو دوای جەنگی دووەمی جیهان و بنیات نانەوەی ئەوروپای ڕۆژئاوا دوای جەنگی دووەم. کوردی کوردستانی عێراق ئاشنا نەبوو بە کۆچ کردن بۆ ولاتانی ڕۆژئاوایی، بەتایبەتیش ولاتانی ئەوروپا و کیشوەری ئەمریکای باکوور. لەگەل دەستپێکردنی شەڕ لە سەرتایی شەستەکان تاکو نسکۆی سالی 1975 و ئاوەربوونی سەدان خێزانی کوردی عێراق بۆ ئێران. لەوێشەوە یەکەمین قۆناغی کۆچ کردن دەستی پێ‌کرد. بەر مەبنای ئەم ڕوداوە مێژوویە کۆچ کردن دابەش دەکەین بەسەر سێ قۆناغیدا، کە بەم شێوەیەی خوارەیە: 👈 قۆناغی یەکەم. نسکۆی سالی 1975 تاکو بەهاری سالی 1991: لە ماوەی ئەم پازدە سالەدا دەیان خێزان و گەنج لە کوردستانی عێراق ڕوویان لە ولاتانی ئەوڕوپا کرد، بە ڕێگای جیاواز!. لەم قۆناغەدا چەند فاکتەرێک بوونیان هەبوو کە بوونە هۆی کۆچی خەلکێکی زۆری کوردستانی عێراق بۆ ولاتانی ئەوروپا. بەلام دیارترین فاکتەریان بریتی بوو لە فاکتەری سیاسی!. 👈قۆناغی دووەم. ڕاپەرینی بەهاری سالی 1991 تاکو دوای روخانی ڕژێمی بەعس لە نیسانی سالی 2003: لەم قۆناغەدا زۆرترین گەنجی کورد لە کوردستانی عێراق کۆچیان کرد بۆ ئەوروپا و ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا. لەم قۆناغەدا فاکتەری سەرەکی کۆچ کردن بریتی بوو لە هۆکاری سیاسی و ئەمنی و ئابووری. شەڕی ناوەخۆی هەرێم لە نیسانی سالی 1994 تاکو پایزی سالی 1997 و دۆخی خراپی ئابووری خەلک هۆکاری زۆر کاریگەر بوون لە کۆچی گەنجان بۆ ئەوروپا!. 👈قۆناغی سێیەم. ناوەڕاستی سالی 2014 تاکو ئێستا بەردەوامی هەیە: لەم قۆناغەدا بە تەنیا فاکتەرێک یان دوو فاکتەر نین لە کۆچ کردنی گەنجانی خەلکی کوردستانی عێراق، بەلکو کۆمەلێک هۆکار هەن بۆ کۆچی گەنجان و خەلکی کوردستانی عێراق!. لەگەل دروستبوونی کێشەی دارایی و ئابووری و بڕینی بوجەی هەرێم لە لایان بەغداو کۆنتڕۆلکردنی شاری موصل لە 10 حوزەیران سالی 2014 و هێرشی داعش لە سەرەتایی مانگی ئابی سالی 2014 بۆسەر هەرێم و دابەزینی نرخی نەوت و لە سالی 2015. فاکتەر گەلێک بوون لە کۆچ کردن. لە هاوینی ئەم سالەدا حکومەتی بیلاڕووسیا ئاسانکاری کرد کە خەلکی کوردستانی عێراق بە ئاسانی بتوانن فیزە بەدەست بێنن و کۆچ بکەن بۆ ئەم ولاتە، ڵەوێشەوە بۆ سنورەکانی لیتوانیا و پۆلەندا، ئەمەش کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆی هێنا لەسەر ئاستی کۆمەلگای نێودەولەتی.
عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا به پێویستی ئه‌زانین چه‌ند سه‌رنجێكی خێرا له‌سه‌ر بابه‌تی پۆستی سه‌رۆك كۆمار بنووسین كه یه‌ك دوو خوله، له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی گشتی عێراقدا، ده‌بێته‌وه جێی مشت‌ومڕ. راستیش نییه ئه‌گه‌ر بوترێ مشتومڕو بگره هه‌ندێجار ناكۆكیش ته‌نها له‌ناو ماڵی سیاسیی كورددا بووه، نا، به‌ڵكو ئه‌و پۆسته، كه‌م و زۆر، جێی ته‌ماحی هێزه سیاسییه شیعی و سونییه‌كانیش بووه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ردوولایان پۆستی سیادیی بهدهسهڵاتتریشیان لا بووه!. گومان له‌وه‌دا نییه كه ئه‌گه‌ر ئه‌مریكییه‌كان و ئێرانییه‌كان نه‌بوونایه به پله‌ی یه‌كه‌م، زۆر ده‌مێك بوو ئه‌و پۆسته سیادییه له پشكی كورد وهدهگیرایهوه، هۆكارێكی تری مانه‌وه‌شی لای كورد رازیبوونی ناچارانه‌ی نوێنه‌رانی سیاسیی هه‌ردوو پێكهاته‌ی شیعه‌و سوننه‌یه به‌وه‌ی كه لاسه‌نگیی له پۆسته سیادییه‌كاندا له به‌رژه‌وه‌ندیی شیعه یان سوننه‌دا نه‌شكێته‌وه، واته له سێ پۆسته سیادییه سه‌ره‌كییه‌دا وایان پێ باش بووه كه دووانیان له ژێر ده‌سه‌ڵاتی بهرامبهرهكهیاندا نه‌بێ و به‌وه‌ش مه‌ترسی زیاتر بۆ سه‌ر كۆنترۆڵكردنی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ن پێكهاته‌یه‌كی مه‌زهه‌بیی دیاریكراوه‌وه دروست نه‌بێت، ده‌نا به دڵنیاییه‌وه به ئاسانی ئه‌و نه‌ریته سیاسییه‌یان قبوڵ نه‌ده‌بوو كه كورد یه‌كێك له‌و پۆست سیادییانه به‌رێت با پۆستی سه‌رۆك كۆمارییش بێت كه پۆستێكه، چه‌ند ته‌شریفاتیش بێت، به‌ڵام لایه‌نی مه‌عنه‌وی و سیمبولیكیی خۆی هه‌یه، چ جای له وڵاتێكدا كه تیایدا هێشتا مێنتاڵێتی عروبه‌ت كۆتایی نه‌هاتووه، ته‌نانه‌ت یه‌كێك له سه‌رۆك وه‌زیرانه خوێندهوارهكهشی، كه ته‌مه‌نێك له‌ناو نه‌ته‌وه‌ی كوردیشدا ژیاوه‌و نمه‌كی كردووه!، كه لێره‌شدا، مه‌به‌ستمان له كازمییه، تازه به تازه، زوو زوو باسی ناسنامه‌ی عروبه‌تی عێراق ده‌كات!. هۆكارێكی تریش بۆ قبوڵكردنی ئه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته لای كورد بێت، به‌تایبه‌تی له قۆناغی دامه‌زراندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخی عێراقدا، واته له عێراقی دوای سه‌دام(2003)، ئه‌وه بووه كه سیاسییه‌كی وه‌ك خوالێخۆشبوو تاڵه‌بانی(1933-2017ز) له گۆڕه‌پانی عێراقدا بوو، پیاوێك كه بێگومان خوالێخۆشبوو عه‌دنان پاچه‌چی(1923-2019ز) لێ ده‌ربهێنیت سیاسییه‌كی تر له عێراقدا نییه هێنده‌ی ئه‌و له‌ناو كایه‌ی سیاسه‌تی عێراقدا بكهرو دیاربووبێت. تاڵه‌بانی چ وه‌ك خه‌بات و چ وه‌ك ته‌مه‌نیش، له‌هه‌موو سه‌ركرده‌كانی ئێستای عێراق به ئهزمووتر و شاره‌زاتر بوو، ته‌نانه‌ت جێی متمانه‌ی ته‌واوی كاك مه‌سعود بارزانی-یش بوو، بۆیه كه پۆستی سه‌رۆك ده‌بووه بابه‌ت، تاڵه‌بانی ئه‌و كاراكته‌ره شیاوه بوو كه سیاسییه‌كانی تر به حه‌زه‌ربوون له‌وه‌ی له حزوری ئه‌ودا ركابه‌رێتی بكه‌ن. كه‌واته، ئه‌و بۆچوونه راست نییه كه مشت‌ومڕ له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته ته‌نها له‌ناو ماڵی سیاسیی كورددا بووبێت، بگره به پێچه‌وانه‌وه، هه‌تا تاڵه‌بانی له ژیاندا و به ته‌ندروست بوو، له‌ناو كورددا جێی كێشه نه‌بوو. ئێستا به‌ڵێ وا بۆ دوو خول زیاتره مشتومڕو بگره ململانێی له‌سه‌ره. پارتی ده‌یه‌وێ بۆ ئه‌و بێت و یه‌كێتییش بۆ خۆی، ئه‌مه‌ش بۆته روكارو گه‌وهه‌ری پرسه‌كه به‌داخه‌وه، له‌كاتێكدا ده‌بوو له دوای قۆناغی تاڵه‌بانی پرسیاری جدی ئه‌وه بێت چۆن ئه‌و پۆسته له خزمه‌تی كورددا بێت؟ به دڵنیاییه‌وه ده‌توانرێت بوترێت كه هێزه سیاسییه‌كانمان خاوه‌نی دیدێكی سیاسی نین بۆ چۆنیه‌تی سوودوه‌رگرتن له پۆستی سه‌رۆك كۆمار، ئه‌مه له كاتێكدا چی سه‌رۆك وه‌زیرانی شیعه‌و سه‌رۆك په‌رمانی سوننه هه‌بووه‌و هه‌یه له عێراقی دوای پرۆسه‌ی ئازادی‌دا، هه‌ر هه‌موویان، كهمو زۆر، قۆزتنه‌وه‌ی مه‌زهه‌بییانه‌یان بۆ پۆسته سیادییه‌كانی خۆیان هه‌بووه، كه‌سیان سه‌د ده‌ر سه‌د، پیشه‌یی، بێلایه‌ن، پابه‌ند به‌ده‌ستور، ئه‌و پۆستانه‌یان به‌ڕێوه نه‌بردووه، ئه‌وه له‌وه گه‌ڕێ كه زیاتر له 18 ساڵیشه یه‌كتر به تایه‌فه‌گه‌ریی سیاسی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن. هه‌رچی په‌یوه‌ندیی به تاقه پۆسته سیادییه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كورده‌وه هه‌یه، ئه‌توانین بڵێین پۆسته‌كه كه پۆستی سه‌رۆك كۆماره، له سه‌رده‌می مام جه‌لالدا باشتر بوو، به‌ڵام ئێستا ئیتر ده‌بێ كورد له‌خۆی بپرسێت: چۆن بتوانین وه‌ك نه‌ته‌وه سوود له‌و پۆسته ببینینه‌وه؟ چونكه بابه‌تی پۆست بابه‌تێكی كه‌سی و حزبی نییه، رۆتین و بۆشاییه‌ك نییه‌و پڕ بكرێته‌وه. ئه‌و پۆسته به‌ركه‌وته‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كه، له‌ناو ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌شدا به‌ر هه‌ر هێزێكی سیاسی بكه‌وێت ئه‌وا پێویسته، به پله‌ی یه‌كه‌م، له چوارچێوه‌ی سوودێكی نه‌ته‌وه‌ییدا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات، واته به‌هۆی ئه‌و پۆسته‌وه، جگه له پابه‌ندییه ده‌ستوورییه‌كان، هه‌ر به ده‌ستوور خۆی هه‌م رێگه له‌هه‌ر پێشێلكارییه‌ك بگیرێت كه به‌رامبه‌ر به مافه سیاسی و ئابوورییه‌كانی كورد بكرێت، هه‌م له رێی ده‌ستوره‌وه داكۆكی له‌و مافانه بكرێت. ئه‌گه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار، به‌م لۆژیكه سیاسییه/ستراتیژییه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌كرێت و ته‌نها وه‌ك خه‌ڵاتێكی كه‌سی و حزبی كێبه‌ركێی له‌سه‌ر هه‌بێت، پله به پله ده‌بێته پۆستێكی بێ به‌ها بۆ كورد. پاشان پێویسته دامه‌زراوه‌یه‌ك یان سه‌نته‌رێكی ستراتیژیی بێلایه‌ن هه‌بێت كه به شێوه‌یه‌كی زانستییانه توانای هه‌ڵسه‌نگاندنی كاراكته‌ری سه‌رۆك كۆماری هه‌بێت له‌و خوله‌ی كه پۆسته‌كه‌ی لابووه. له‌ناو ئه‌و حزبه‌شه‌وه كه پۆستی سه‌رۆك كۆماری به‌ر ده‌كه‌وێت، هه‌مان هه‌ڵسه‌نگاندن هه‌بێت. ته‌نانه‌ت ئه‌كرێ بابه‌تی پۆسته سیادییه‌كان و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیاندا بابه‌تی دانوستانی نێوان كورد‌و لایه‌نه عێراقییه براوه‌كان بێت. بنه‌مایه‌كی رێككه‌وتنه‌كان ئه‌وه بێت كه، هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك كه پۆستێكی سیادیی به‌رده‌كه‌وێت پیشه‌ییانه‌و ده‌ستوورییانه ئه‌و پۆسته به‌ڕێوه‌به‌رێت، نه‌ك له روانگه‌ی كه‌مینه‌و زۆرینه‌و دهرهاویشتهكانییهوه هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت، واته خاوه‌ن پۆستێكی سیادی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرینه‌یه‌كی په‌رله‌مانی له پشته ئیتر هێزی ته‌نانه‌ت پێشێلكردنی ده‌ستوری هه‌بێت و كه‌س لێی نه‌پرسێته‌وه، یه‌كێكی تریش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ربه كه‌مینه‌یه‌كی تائیفی یان نه‌ته‌وه‌ییه ئیتر نه‌توانێت ته‌نانه‌ت گوزارشت له هه‌ڵوێسته ده‌ستوورییه‌كانی خۆیشی بكات و ده‌ستبه‌جێ تۆمه‌تبار بكرێت. بابه‌تی پۆستی سه‌رۆك كۆمار زۆر سه‌رنجی تری ورد‌و بابه‌تی هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه كه ئه‌م پۆسته نه‌بێته جێی ململانێی تایبه‌تی و حزبی، به‌ڵكو به هه‌موو هێزه كوردییه‌كانه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه كۆك بن كه باشترین و شیاوترین كه‌س بۆ ئه‌و پۆسته دیاری بكه‌ن به به‌رنامه‌و ئه‌جێندایه‌كی نه‌ته‌وه‌ییانه، به جۆرێك كه ئه‌و كه‌سه ئه‌وه‌نده شاره‌زاو په‌رۆش بێت كه بتوانێت ئه‌و ئه‌جێندایه به ئارگیۆمێنتی ده‌ستووری چه‌كدار بكات، له‌و پێناوه‌شدا ئاماده‌ی ته‌نانه‌ت ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ش بێت له پۆسته‌كه‌ی كه‌ی پێویست بێ و بۆ كورد باش بێت، نه‌ك سه‌رۆك كۆماری ته‌نها پۆستێك بێت بۆ ناو و پایه.
سامانی وەستا بەکر کۆچ: کۆچ گواستەوەی ڕەوانی مرۆڤە لە شوێنێکەوە کە خەونەکانی تیابەدی نەهێناوە بەرەو شوێنێک کە پێشتر بەڕۆح بۆی ڕۆشتووە بۆ بەدەستهێنانی هەمان خەون پێش گواستنەوەی فیزیکی جەستە. کۆچ ناڕەزای مرۆڤ نیە لەهۆکارێک یان زیاتر بەڵکو پرۆتێستە لەکۆی سیستمی ئابوری، کۆمەڵایەتی، ئیداری و سیاسی. کۆچ ڕووخانی پایەکانی مرۆڤە لەسەر زەوی باوباپیران و دروستکردنەوەیەتی لەسەر خاکی بێگانەکان. کۆچ ئەو خاڵەیە کە مرۆڤ بەتاڵ ئەبێتەوە لە هیوا، ئەو ساتەیە کە بڕیاری دابڕانی تیا ئەیا، ئەو ڕۆژەیە کە ڕوو ئەکاتە نادیار. کۆچ لەدەستدانی ماتمانەی مرۆڤەکانە بە ئێستا و داهاتوو لە شوێنێکی دیارکراو، گەرانیشە بەدوای شوێنێکا بۆ ئێستا و داهاتوو. کۆچ بێ ئومێدی مرۆڤەکانە لە ئایندە، دڵشکانیانە لە دادوەری، ناڕەزاییانە لە سەرۆکەکان، بێزاربوونیانە لە بەڕێوەبردن، ساردبوونەوەیانە لە نیشتمان، نامۆبوونیانە بە خاک، شەرمکردنیانە لە ناسنامە، دابڕانیانە لە داهاتوو، نەفرەتکردنە لە نایەکسانی. کۆچ تەنگپێهەڵچنینە لە جوگرافیایەک کە مێژووی ڕەچەڵەکی مرۆڤێکی تیا نوسراوەتەوە، بەرەو جوگرافیایەک کە لە خاڵی سەرەتا و لە سفرەوە بینوسێتەوە و بیناسێنێ و بیسەلمێنێ. کۆچ دیاریەیەکە لە دروست بوونی مرۆڤەوە بوونی هەبووە، جا خۆیست بووبێت یان بەزۆرەملێ، بەڵام کۆچی ناچاری دیاردەیەکی نوێیە کە سیاسی و کەسانی دەسەڵاتدار مرۆڤەکان ناڕاستەوخۆ ناچارئەکەن و هانیان ئەیەن کە وڵات و زێد و ماڵ و مێژووەکەیان جێبهێڵن، ئەویش لەڕێی دروستکردنی جیاوازی چینایەتی،کە کەمینەیەکی وڵات ئەبێتە دەرەبەگ و زۆرینەکەش بە مسکێن، بەجۆرێک کە درەبەگ نەک تەنها زەوی و سامانی گشتی وڵات بۆ خۆی ئەبات، بەڵکو بەری ڕەنج و ماندووبوونیش بە زۆرینە ڕەوانابینێ، هەمیشە لە هەوڵی بەدەستهێنانی زیاترایە تا کارئەگاتە ئەوەی کە زۆرینە هەست بە نامۆ بوون، چەوسانەوە، زوڵم و ستەم بکات و بەشێکی بیر لە کۆچ بکاتەوە، ئەو بەشەشەشی کە ئەمێننەوە بیر لە دوو شت ئەکەنەوە "ڕاپەڕین و کۆچ"، هەرێمی کوردستان بە نمونە. زۆرینەی کۆچبەر ئەگەر کزترین تروسکای لە ئاسۆی وڵاتی خۆ‌یا بەدیبکات ئەوا بە هەموو ڕۆشنای جیهانی ناگۆڕێتەوە. مرۆڤی کۆچکەر ئەو کەسەیە نە لەسەر خاکی خۆی بواری ژیانی هەیە و نە ئەشتوانێ لە تاراوگە ئۆقرە بگرێ، ئەو کەسەیە کۆتایی هەموو ڕۆژێ ئومێدەخوازێ ئەو ڕۆژە دواڕۆژی بێ لە غوربەت، ترسی ئەوەی هەیە لەسەر خاکی غەریبی چاولێکبنێت. بۆچی کۆچ: خەڵک لە دەست حکومەتێکی دەست پسەوە بۆ دەستی ئۆپۆزسیۆنێکی ساختەچی ڕائەکەن. خەڵک لەدەست بازرگانی سیاسی گەندەڵ و خۆسەپێن بۆ دەست سیاسی تازە هەڵتۆقیوی قەرزار و قەزەم ڕائەکەن. خەڵک چۆن کۆچ ناکەن کە زیاتر لە سی ساڵە باجی چەند ساڵێکی بەناو خەباتی شاخی بەشێک لە سیاسیە بازرگانەکان ئەیاتەوە، بەشێکیشیان بەرهەمی بەناو خەباتی باوک و باپیریان ئەخۆن، بوونەتە هۆکاری پێگەیاندن و دروست بوونی بەناو ئۆپۆزسیۆنێک کە گڕوگاڵ بەدزی ساختەچێتی و گاگۆڵکێ بەرەو کۆڵانە نادیار‌و تاریکەکانی پارەی دزراوی میلەت بکات. ئێستاش ڕەوشتی ڕامیاری و کۆمەڵایەتیان گەشتۆتە ئاستێک کە یەکتری ژەهر خوارد بکەن، تا تەمەنی گەندەڵی و دزی و خۆسەپێنی و ژیانی شاهانەیەن لەسەر شانی خەڵکی مافخوراو درێژە پێبەن. کە ئەمە ڕەوشتی نوخبەی سیاسی میلەتێکبێت بێگومان خەڵکی متمانەی نامێني و لە شوێنێکی تر بەدوای ژیانا ئەگەڕێ ،کە دڵنیابێ لە خواردنەوەی قومێ ئاو یان پارویەک نان بەدڵنیایی و بەبێ ترس. خەڵک چۆن کۆچ نەکەن کاتێ بەشێک لە سیاسیەکان هێندەی پێشکەشکارێکی هەواڵی ڕۆژانەی تێڤییەکان لە مێدیا جیاوازەکانەوە دەرئەکەون و باس لە چەمکەکانی دیموکراسی ودادپەروەری و یەکسانی ئەکەن، کەچی کاتێ دوای "ژەهر" خوارد کردن لە باشترین نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا چارەسەر وەرەگرن بە فرۆکەی تایبەت ئەگەڕێنەوە کەچی لە یەکەم قسەیا ئەڵێ" بەردەوام ئەبم لە دژایەتی کردنی گەندەڵی"، خەڵکێکی زۆری قەزایەک بە چەندین پاس ئەگوێزنەوە بۆ فرۆکەخانەی سلێمانی بۆ پێشوازی تا بڵێن تا ئێستاش خەڵکمان لەگەڵە، هەموو ئەمانەش بەپارەی دزراوی میلەت. کاتێک لە ناوچەکانی مادەی ١٤٠ و ناوەڕاست و باشوری عێراق مووچە لەکاتی خۆ‌یا و وەرەگیری، مووچەی فەرمانبەرێکی ئەو ناوچانە زیاتربێ لە هاوتاکەی لە هەرێم، لیتری بەنزین لەو ناوچانە ٤٥٠ دیناربێ بەڵام لە هەرێم دووقاتبێ ئیتر ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆ بێ ئومێد بوون. کۆچی چوگرافی یان ئابوری؟ ئایا حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتداران و هەردوو بەماڵە پرسیاری ئەوەیان لە خۆیان کردووە بۆچی خەڵکی کەنەدا، ئەمریکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئینگلتەرا، یابان، سەنگافورە، نیوزلەند، ئەسکەندەنافیا….هتد وڵاتەکانیان بەجێناهێڵن؟ بێگومان وەڵامی زۆرینە ئەوە ئەبێ کە لەو وڵاتانەتا دیموکراسی و مافی ڕادەربڕینی ئازاد هەیە. لەڕاستیا ئەمە نیوەی وەڵامەکەیە بەڵام نیوەکەی تری کە گرنگترە ئەوەیە کە خەڵکی ژیانێکی شایستەی بۆ فەراهم کراوە، سکی تێرە، مووچە لەکاتی خۆ‌یا وەرەگرێ و خزمەتگوزارییەکان بەردەستن، جیاوازی چینایەتی لە نزمترین ئاستایە. ئایا حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتداران و هەردوو بەماڵە پرسیاری ئەوەیان لە خۆیان کردووە بۆچی خەڵکی ئیمارات، قەتەر، بەحرەین، سعودیە، عومان و کوێت وڵاتی خۆیان بەجێناهێڵن، لەکاتێکا سیستمی سیاسی ئەم وڵاتانە دیکتاتۆریە و لەلایەن بنەماڵە و خێزانە خۆسەپێنەکانەوە بەڕێوەئەبرێن؟ ڕاستە لەم وڵاتانە مافی ئازادی دەربڕین و سیاسی لە قاڵبدراوە کەچی خەڵکەکەی کۆچ ناکەن، بەڵکو لەبری کۆچ ساڵانە چەند گەشتێک ئەکەن بۆ هەڵمژینی هەناسەیەکی ئازادی و ئەگەڕێنەوە وڵات و ماڵی خۆیان هۆکاری ئەمەش تەنها یەک خاڵی جەوهەریە ئەویش “گیرفانی پڕ”ە. ئایا حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتداران و هەردوو بەماڵە پرسیاری ئەوەیان لە خۆیان کردووە بۆچی خەڵکی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ئەمریکای باشور و بەشێک لە ئاسیا وڵاتەکانیان بەجێئەهێڵن لە کاتێکا دیموکراسی و مافی ئازادی دەربڕین و ڕۆژنامەوانی بوونی هەیە؟ ئەمجارەشیان هۆکارەکەی هەر ئابوریە، خەڵکی ئەم وڵاتانە وێڕای بوونی دیموکراسی بەڵام بەهۆکاری بەدەستهێنانی ژیانێکی شایستەتر و بژێویەکی باشتر بۆ ژیان کۆچ ئەکەن. ئاخر مرۆڤ لەگەڵ هەموو شتێکا هەڵەکا بەڵام دەرەقەتی برسێتی نایەت، دایکان و باوکان هەست بە نەنگی ئەکەن کاتێک کارێکی زۆرئەکەن بەڵام ناتوانن پێداویستی مناڵەکانیان دابین بکەن. گەنجەکان هەست بەدابڕان لە ژیان ئەکەن لەکاتێکا نەک توانای گەشت و گەڕانیان نیە بەڵکو شانسی هەلی کاریشیان نیە. فێرخوازان هەست بە دۆڕان ئەکەن کاتێک ئەبینن هاوڕێکانیان ٩٩ لە ١٠٠لە تاقیکردنەوەی کۆتاییا ئەهێنن و لە هیچ زانکۆیەک ناویان نایەتەوە ،کە ئەمە ئەکرێ یەکێکبێ لە بەهێزترین و ترسناکترین هۆکار بۆ پاشەکشێی وڵات لە و ڕەوڕەوەی گەشەکردن و زانست. گرنگە دەسەڵاتدار ئەوە بزانێ کە تەنیا ئازادی و دیموکرسی سک تێر ناکات و بەس نیە، لەکاتێکا ئەم دوو چەمکە لە هەرێمی کوردستان لەژێر پرسیاری جدیایە، بەڵکو ئەوەی مرۆڤ بەخاک و نیشتمانەوە ئەبەستێتەوە سکی تێرە، پاشان دیموکراسی و هاوتایی و یەکسانی و هەموو چەمکەکانی تر، بەڵام لە هەرێمی کوردستان هەم ئازادی سیاسی و کاری مێدیای لەژێر هەڕەشەی جدیایە هەم برسێتیش لە هەڵکشانایە. مرۆڤ کاتێ برسیبێت تەنها بیر لە خواردن ئەکاتەوە، کاتێ کە تێریش بێت بیر لە دادپەروەری ئەکاتەوە. ئێستا پرسیارە جدییەکە ئەوەیە لە دەسەڵات و هەردوو بنەماڵەی خۆسەپێنی هەرێم و ئۆپۆزسیۆنە ساختەچییەکەش، ئایا بە بەرنامە خەڵک برسی ئەکەن تا بیر لە دادپەروەری و یەکسانی و دیموکراسی نەکەنەوە؟ دەسەڵات و کۆچ: دەسەڵاتی هەرێم لەڕێێ ووتەبێژەکەیەوە سوکایەتی بە کۆچبەران ئەکات و خۆی لە بەرپرسیارییەتی ئەدزێتەوە. ووتەبێژەکەی دەسەڵات ئەڵێ بەشێکی کۆچبەران خەڵکی ناوچەکانی مادەی ١٤٠ن، بەشێکیش خەڵکی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی "پ.ک.ک"ن و بەشێکیشیان خەڵکی ناوچەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و هەڵەبجەن، بەواتایەکیتر مەبەستێتی بڵێ خەڵکی هەولێر و بادینان کۆچ ناکەن و ڕازین بەوەی کە هەیە. خۆ ئەگەر دابەزینە ئاستی بیرکردنەوەی ووتەبێژەکەی دەسەڵات، ئەوا عوزر لە قەباعەت خراپتر، ١. حکومەت نابێ جیاوازی لەنێوان ناوچەیەک و ناوچەیەکیترا بکات. ٢. ئەبێ ماف و خزمەتگوزاری بۆ هەموو شوێنێک بە هاوتای و یەکسانی دابین بکات. ٣. حکومەتی ڕەشید ئەبێ خۆی بە بەرپرس و باوکی کۆی هاڵاتیان بزانێ نەک بەهۆکاری ئینتمای سیاسی پۆڵێنیان بکات. ٤. حکومەت نابێ خۆی بدزێتەوە لە چارەسەر و ئەستۆ پاکی بکات لە بەرپرسیاریەتی. 0. حکومەت کاتێ خۆی دانی پیائەنێ کە کۆچبەران خەڵکی زۆنی زەردنین، واتە ڕاستەوخۆ دانی پیائەنێن کە ئەوان تەنها حکومەتی ئەو ناوچانەن کە دەسەڵاتیان بەسەریا هەیە و خۆیان بەبەرپرسی شوێنەکانیتر نازانن. 1. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی دەسەڵاتی هەرێم، ئەڵێ ئەو خوڵکە درۆئەکەن و چیرۆکی ناڕاست لەسەر هەرێمی کوردستان دروست ئەکەن! گۆڤاری (ذە ناشناڵ ئینترێست) ئەنوسێت سەرکردەکانی کورد بە فرۆکەی تایبەت گەشتئەکەن کەچی خەڵکەکەی بەدەست بێ مووچەییەوە ئەناڵێنێ، ئەمە قسەی کۆچبەرەکان نیە. هەر ئەو گۆڤارە ئەنوسێ حکومەتی هەرێم دەستی بەسەر داهاتی خەڵکیا گرتووە و بانکەکان پارەی خەڵکی ناگێڕنەوە، ئەمە قسەی کۆچبەرەکان نیە. کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەری لە دێکۆمێنتارییەکا لەسەر کۆچبەران بەووردی باس لە ڕەوشی ئابوری و نایەکسان وی هەلی کار‌و نادادپەروەری و بەرتەسکبوونەوەی ئازادییەکان و گیراوانی بادینان ئەکات وەک چەند هۆکارێک بۆ کۆچکردن، خۆ ئەمەشیان قسەی کۆچبەران نین. خەڵک لەدەست ئەوە ڕائەکەن کە کەرتی گشتی وڵات ڕادەستی گوایە کەرتی تایبەت کراوە تا هەلی کار بارەخسێنرێ، بەڵام کۆی کەرتی تایبەت لەژێر دەستی کۆمپانیاکانی هەردوو حیزبی بنەماڵەیایە و ئەوانیش لەبری ڕەخساندنی هەلی کار، داهاتی وڵاتیان بەبارمتە گرتووەو کارمەندەکانیش بە کۆیلە ئایا ووتەبێژەکەی دەسەڵات و دیندار زێباری ئاگایارن کە نزخی یەکەی نیشتەجێ بوون و زەوی و موڵکداری لە بادینان بەتایبەتی لە زاخۆ بەڕێژوی سەرو ٪٢٠ دابەزیووە؟ ئایا پرسیاری ئەوەیان لە خۆیان کردووە بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە موڵک و ماڵیان تاڵان فرۆش ئەکەن و ملی ڕێئەگرنە بەر و ئەو سەرمایەی جەنگەڵەکانی ڕوسیای سپیان پێخۆشترە لە دوبەیەکی دەسەڵات؟ ئایا ووتەبێژەکەی دەسەڵات و دیندار زێباری ئەزانن زیندانی کردنی بەناهەقی شیروان شێروانی و مامۆستا بەدەل بەرواری و هەموو ئەوانەیتر یەکێکن لەو هۆکارانەی کە گەنجان ئومێدیان بە داهاتووی خۆیان لە هەرێمی کوردستان نەمێنێ. ئایا ووتەبێژەکەی دەسەڵات و دیندار زێباری ئەزانن کە بادینان و زاخۆ، نە گەرمیان و ڕاپەڕین و هەڵەبجەی برا سەوزەکەیانە و نە شنگال و قەندیل و ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی "پ.ک.ک"ن دوژمنی دوژمنەکەیان*؟ (*تورکیا دۆستی خەونی شاعیری پ.د.ک). نابێ ئەوش لەبیر بکرێ کە مرۆڤەکان بەردەوام کۆچ ئەکەن، خەڵکی ئەسکەندەناڤیا بەرەو هەتاو "خۆر"، خەڵکی ئەوروپای ڕۆژئاوا بەرەو ژیانێکی کۆمەڵایەتی گەرموگوڕتر، خەڵکی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و بەشێک لە ئاسیا و ئەمریکای باشور بەرەو ئابوریەکی ىاشتر، خەڵکی ئەفریقا بەرەو مافەکانی مرۆڤ، خەڵکی هندستان و وڵاتانی چواردەوری بەرەو هەلی کار. پرسیارێک بۆ دەسەڵاتدران، ئاخۆ خەلكی هەرێمی کوردستان بەرەو کام لاو بەچ هۆکارێک کۆچ بکەن، کێش هۆکاری کۆچی بەلێشاوە دوای سی ساڵ حوکمڕانی کوردی؟
هۆزان هه‌ڵه‌دنی کاک ئاری دوینێ شه‌و له‌گه‌ڵ کچه شه‌ش ساڵانه‌که‌م نامه‌یه‌کمان بۆ پاشای سوید نوسی و پاشان داوای کاتێکیشمان کرد چاومان به سه‌رۆک وه‌زیرانی سوید بکه‌وێت ! دواتر دوو بلیتی کۆنسێرتێکمان گرت له هۆڵی شاهانه‌ی زانکۆی میوزیک له ستۆکهۆڵم بێ به‌رامبه‌ر، هه‌موو ئه‌مه به نیو کاتژمێر له شه‌وێکدا ! هه‌رکه‌س ده‌توانێت ئه‌مه بکات ئه‌گه‌ر تاقه‌تی هه‌بێت. ئه‌زانی به‌مه ده‌وترێت چی؟ هه‌ست کردن به که‌رامه‌تی خۆت و منداڵه‌که‌ت. هه‌ستکردن به بونی خۆت وه‌ک مرۆڤێکی ڕێز لێ گیراو، به‌ر له پانزه ساڵ له‌مه‌و پێش وه‌ک باقی هه‌رگه‌نجێکی وڵات منیش هاتم به‌ره‌و سوید، بیرمه له‌سه‌ر سنور به چاوی پڕ فرمێسکه‌وه سه‌یری نیشتیمانم ده‌کرد و له دڵی خۆمدا ده‌مگوت بم بوره، ده‌بێت بڕۆم و که‌رامه‌تی خۆم به‌ده‌ست بێنم. ئاخر ئه‌وساش هه‌ر وه‌ک ئێستا نادادی و فه‌سادی ئیداری و جیاوازی چینایه‌تی و ئه‌قڵیه‌تی قۆرخ کاری نیشتمانی ته‌نی بوو، ئه‌وساش وه‌ک ئێستا بۆ ئه‌وه‌ی نان و ئهمانێکت ده‌ست بکه‌وتایه ده‌بوو ته‌یدی لایه‌نێکت بکردایه، له ناو لایهنهکهشدا ده‌بوو به هه‌ر باجێک بوایه خۆت ببردایه پێشێ، هه‌رچه‌ندم ده‌کرد نهم ده‌توانی ئه‌و شۆڕشه‌ی که‌سوکاره‌که‌م کردویه‌تی بیکه‌م به په‌یژه‌و پیایدا سه‌رکه‌وم بۆ مه‌رامه‌کانی خۆم، دڵ ته‌نگ بووم که ده‌مبینی بۆ ئه‌وه‌ی که‌رامه‌تم بۆ بگێڕدرێته‌وه ئه‌بوو هه‌نگاو بنێم به‌سه‌ر هه‌زاران خه‌ڵکی بێ ده‌ره‌تاندا. گه‌نج بوم و پڕ بوم له وزه، سه‌رم ده‌نا به هه‌ر سێکته‌رێکه‌وه ده‌بو که‌سێک بناسم و بم ناسێت، به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و شوێنه هه‌ر لایه‌نێک بوایه من ده‌بوو حه‌و پشتی خۆمم نیشان بدایه که به‌ڵێ ئێمه‌ش له ئێوه‌ین. کاک ئاری تۆ بیرت چوه که ئێستا له دورترین گوندی ئه‌م کوردستانه‌دا خه‌ڵکی ئایفۆن و گالاکسی پێیه، ڕه‌نگه دوو ده‌فته‌ریشی پێ بێت، به‌ڵام ئه‌ڵێی چی که دوو ده‌فته‌ره‌که‌ی ئه‌و هێنده بێ نرخ و بێ که‌رامه‌ته له شه‌وێکدا چوار منداڵی به‌ر پرس له گه‌عده‌یه‌کدا دای ده‌نێنن ؟ فه‌زایه‌ک دروست بوه به زه‌قی ده‌یبینین گه‌ر واسته و پاره‌ی باشت پێ نه‌بێت کارامهتت ده‌که‌وێته ژێر مه‌ترسیه‌وه. کۆچی ئه‌م جاره‌ی خه‌ڵک کۆچه بۆ دۆزینه‌وه‌ی که‌رامه‌تی خۆیان و منداڵه‌کانیان ، خۆشاردنه‌وه‌یه له باوه‌شی نیشتیمانیکیتردا تا چیتر که هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌کان قافڵه‌ی سه‌یاره‌ی به‌رپرسه‌کان نه‌بینن ، چیتر پێوست نه‌کات بۆ دامه‌زاراندنی منداڵه‌که‌یان شه‌وڕۆژ ڕێپیوان بکه‌ن و گوێیان لێ نه‌گیرێت، ڕاکردنه له‌و دوبه‌ش کردنه‌ی کۆمه‌ڵگا بۆ دوو چینی نا بهرامبهرو جیاواز، خۆشاردنه‌وه‌یه له‌و هه‌موو کۆمپانیا و جی کلاس و مۆدێل و پاڵاوگه‌ی نه‌وت و بزنزمان و تازه پیاکهوتوانهدا که چاویان به هیچ پڕ نابێته‌وه،کاک ئاری پێم ناڵێیت له‌م نیوه‌نده‌دا دوو ده‌فته‌ری ئه‌م خه‌ڵکه داماوه بای چه‌نده ؟ مرۆڤی کورد به جۆرێک له ڕوی ده‌رونیه‌وه ده‌هاڕدرێت به ده‌ست قه‌یران و سیاسه‌تی حیزبه‌کان و ئه‌و نا عهدالهتیهیی که هه‌موو جومگه‌کانی ژیانی ته‌نیوه ، گه‌یشتوه به‌وه‌ی کۆچ کۆتا چاره‌سه‌ر بێت به داخه‌وه. سه‌ره‌تای وتاره‌که‌ت بۆ من جێگه‌ی سه‌ر سوڕمان بوو که چه‌مکی کۆچت کاتهگۆریسێرا نه‌کردوه و باست نه‌کردوه هۆکاری ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م کۆچه به لێشاوه چیه!! به جۆرێک له جۆره‌کانیش به کۆچبه‌ران ده‌ڵێیت ئۆباڵی ئهومیحنهتهی تێی که‌وتون به گه‌ردنی خۆیان ! کاک ئاری ئه‌م تێڕوانین و بیر کردنه‌وه‌یه‌ی جه‌نبتان وه‌ک ئه‌وه‌ی بیندراویت له میدیاکاندا زیاتر به پیاوێکی نیشتیمان په‌روه‌ر و هۆشیار و جیاواز و سه‌نگین ده‌رده‌که‌ویت نه‌ده‌بوو وا بیر بکه‌نه‌وه. خۆشت باش ده‌زانیت ئه‌م لێشاوی کۆچه هی ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵات داران زۆر به جددی نیگه‌ران بونایه و ئه‌گه‌ر باس له ده‌ست له کارکێشانه‌وه‌ی کاربه‌ده‌ستانیش نه‌که‌م ده‌بوو ده‌سه‌ڵات به‌ڵێنێکی گه‌وره‌ی بدایه بۆ کۆتایی هێنان به‌م مۆدێلی حوکمڕانیهیی که ئێستا هه‌یه بۆ حکومه‌تێکی نیشتیمانی دامه‌زراوه‌یی پاک و بێگه‌رد دور له ده‌ستی منداڵه‌کانیان، دور له ده‌ستی به‌رپرس و به‌ناو سه‌رمایه‌داره چاو برسیه‌کان و وه ڕاست کردنه‌وی ئه‌و هه‌موو نادادی و گه‌نده‌ڵی و نا عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌یی که وای کردوه مرۆڤی کورد هه‌ست به ده‌رکراوی بکات له نیشتیمانه‌که‌ی خۆی و کۆچی ناچاری بکات. چونکه لانی که‌م ده‌یه‌وێت فریایی که‌رامه‌تی منداڵه‌کانی بکه‌وێت. له‌م کۆچه‌دا بینیمان ژنی به‌ته‌منی تێدایه چونکه ده‌زانێت که له ئه‌وروپا نه‌خۆش که‌وت ، که‌رامه‌ت و ته‌ندروستی پارێزاوه، گه‌نجی تێدایه چونکه ده‌زانێت ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ژیانی هاوڵاتیه‌کانی بۆ چاک ناکرێت ، منداڵی تێدایه دایک و باوکیان پێیان وتون به‌رگه‌ی سه‌رما و برسیه‌تی بگرن هینده‌مان نه‌ماوه بگه‌ینه ئه‌ڵمانیا، ئه‌وێ به‌هه‌شتێکه و ئێوه‌ش له‌م چڵ بۆ ئه‌و چڵ ده‌فڕن بۆخۆتان. ئه‌م کۆچ کردنه ده‌چێته خانه‌یه‌کی مه‌ترسیدار، سکانداڵێکی گه‌وره‌یه بۆ ده‌سه‌ڵاتدارن ، له هه‌مووشی ترسناکتر به‌کارهێنانی ئه‌م کریسه گه‌وره‌یه‌یی کۆچبه‌رانه له لایه‌ن حیزبی موعاره‌زه بۆ ده‌ست که‌وتی سیاسی که له‌م نێوه‌نده‌دا ته‌نها هاوڵاتیان ده‌بنه قوربانی . له کۆتایی وتاره‌که‌تدا من ئیدی ئه‌وه‌م لا ڕوون بۆوه که جه‌نبتان ویستوتانه زۆر خێرا دور بکه‌ونه‌وه له‌و حه‌قیقه‌ته‌ی که ده‌بوو بیڵێن و نه‌تان وتوه ، هاتون باس له حیزبه ئه‌وروپیه‌کان ده‌که‌ن که چ سیاسه‌تێکیان هه‌یه به‌رامبه‌ر کۆچبه‌ران یاخود ئه‌وروپا و ئه‌مریکا چ سیاسه‌تێکی خاریجی داگیرکاری و به‌رژه‌وه‌ند خوازی هه‌یه !! به جددی ئه‌مه ئه‌وپه‌ڕی خۆشارنهوهیه له به‌ر پرسیاریه‌تی به‌رامبه‌ر ئه‌و کاره‌ساته مرۆیه‌یی به‌سه‌ر خوشک و براکانمادا هاتون له ڕوسیایی سپی دیکتاتۆر و سنوره‌کانی پۆڵه‌ندا که بونه قوربانی ده‌ستی دیکتاتۆرێکی وه‌ک ئه‌لیکسانده‌ر لوکاشینکۆ که ساڵی 2020 به فێڵ هه‌ڵبژرادنی برده‌وه و ئه‌وروپاش دانی پێدا نه‌نا و هه‌ڵبژاردنه‌که‌یان به غه‌ش بۆ له‌قه‌ڵه‌مدا و ناویان نا ئه‌خیر دیکتاتۆر له ئه‌وروپدا که له ساڵی 1994 له‌سه‌ر حوکمه، ئیستاش ئه‌لێکسانده‌ر تۆڵه‌ی خۆی له ئه‌وروپا ده‌کاته‌وه به ناردنی کۆچبه‌ران بۆ سنوری ئه‌وروپا ئه‌مه بێ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی کۆچبه‌ر ئاگای له‌م هاوکێشه سیاسیه بێت ، که گومان ده‌کرێت گه‌ر به زویی فریایی ئه‌و کۆچبه‌رانه نه‌که‌ون به ده‌یانیان گیانیان ده‌سپێرن له سه‌رما و برسا !! کاک ئاری خه‌مه قوڵه‌که‌یه ئه‌وه‌یه ، ڕه‌نگه ئه‌م هه‌زاران کۆچبه‌ره کورده، به‌ر له به ده‌ست هێنانی که‌رامه‌تیان، به‌ر له فڕینی منداڵه‌کانیان له به‌هه‌شته‌که‌ی ئه‌ڵمانیادا و چنینه‌وه‌ی خه‌ونه‌کانیان ، توشی مه‌رگه‌ساتێکی جه‌ماعی ببنه‌وه له سه‌رما و برسا. کاک ئاری هه‌رسین ئه‌م کۆچه، له تێریا نیه، گه‌ڕیده‌ییه به شوێن که‌رامه‌تتدا. ستۆکهۆڵم
ئاسۆ حاجی ئەو پێشوازیەی بۆ مەلا بەختیار رێکخرابوو، نامەیەکی دوو لایەنەی کوڕانی مام جەلالە، یەکیان بۆ تێکۆشەرانی دێرینی یەکێتی کە ئەوان خاوەن و بڕیار بەدەستی یەکێتین، دووەمیان بۆ لاهور جەنگی و ئەو کەسانەیە کە گەرەو لەسەر ئایندەی دەکەن. مەلا بەختیار کە لە ئەلمانیا و بەر لە هاتنەوەی بۆ کوردستان، مشوری بە دیکۆمێنت کردنی ژەهرخواردکردنەکەی، چ لە بالیۆزخانەی عێڕاق لە ئەلمانیا و چ ئاگادارکردنەوەی لایەن و کەسایەتی گرنگ و کاریگەر لە وردەکاریەکان، ئاماژەیەکی روونە کە مەلا بەختیار لە دادگاکانی کوردستان و رەنگە دادگاکانی عێڕاق هەروەها ئەو وڵاتانەی کە پشکنینیان بۆ کردووە (ئوردن و ئەلمانیا) کەیسەکەی یەکلایی بکاتەوە. یەکلاییکردنەوەکە، بە تۆمەتبارکردنی لاهور جەنگی بورهان دەست پێدەکا، کە بەڵگە و دۆکیۆمێنت هەیە بۆ تێوەگڵانی نەک تەنها لە کەیسی مەلا بەختیار بەڵکو لە ژەهرخواردکردنی بافل تاڵەبانی و وەستا حەسەنیش، دەرئەنجامەکەی دادگاش بە هەبوونی ئەو هەموو بەڵگانە دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردنی لاهور دەبێ. جێبەجێکردنی فەرمانی دادگا، بەبۆچوونی من دەگەڕێتەوە سەر چۆنیەتی مامەڵەکردنی لاهور جەنگی بورهان لەگەڵ بڕیاری دادگا، ئەگەر ملکەچ بێ و بڕیاری وازهێنان لە سیاسەت بدا ئەوە رەنگە بڕیارەکە جێنەجێ نەکرێ، خۆ ئەگەر لاملی بکا و دەم لە شتی دیکە بکوتێ بە زەبری هێز پەلکێشی زیندانی دەکەن. ئەوەی بۆ کوڕانی مام جەلال گرنگە ئەوەیە کە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگا و تۆمەتبارکردن و فەرمانی دەستگیرکردنی، بە گوێرەی یاسا کارپێکراوەکان لاهور ناتوانێ هیچ رێکخستنێکی سیاسی دامەزرێنێ یان کاری تێدا بکات، بەو کارەش کارت و ئایندەی سیاسی لاهور و ئەوانەش کە بەتەمای هاوکاری کردنی بوون دەسوتێ.
پشكۆ نەجمەدین قسە لەسەر پاکتاوکردنی سیاسی و جەستەیی نەیارانی فیکر و سیاسەتە لەنێو ماڵی حیزب‌دا، نەک لەنێوان ماڵی حیزبەکاندا. بەدرێژاییی ساڵانی خەباتی سیاسی و چەکداریی حیزبەکانی کوردستان، پاکتاوکردنی سیاسی و جەستەییی نەیارانی ئیدۆلۆگی و سیاسیی حیزبە دژبەرەکان، کارێکی بینراو بوە، بەڵام بۆڕدان و دەمکوتکردنی نەیارانی فیکر و سیاسەت، تا سنورەکانی پاکتاوکردنی جەستەیی، لە چوارچێوەی تەلاری یەک حیزب‌دا، کەمتر بینراوە و هیچ سەرکردەیەکی باڵادەست و خاوەنبڕیاری هیچ حیزبێک، پڕکێشیی ئەوەی نەکردوە کە نەیارانی فیکریی خۆی، بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی دەستەڵات، هەمو پرەنسیپە ئەخلاقی و ویژدانییەکان ببەزێنێت و تیرۆر یانژی ژەهرخواردیان بکات! لە تەلاری سیاسی و ڕێکخراوەییی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، ناکۆکی و ململانێکان، هەمیشە لە هەڵچون و داچوندا بونە و زۆر جارانیش بە لوتکەی جیابونەوە و دوکەرتبونیش گەیشتون و مەگەر لە سەنگەرە خوێناوییەکاندا، دەنا لە ژورە جیاوازەکانی ماڵی حیزب‌دا، بە تیرۆری جەستە نەگەیشتون. لە نێوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی بوریدا، لە شاخ و لە جەنگەی خەباتی چەکداریدا، هەڵچونی ناکۆکییەکانی دەرونی کۆمەڵە و یەکێتی، ئێمەی بە جیابونەوە گەیاند! ئێمە و هاوڕێکانمان پەلامار دراین، زیندانی کراین، سوکایەتیمان پێ کرا و حوکمی ئیعدامیش دراین و جێبەجێ نەکرا. مەلا بەختیار، شێخ عەلیی ڕەوانشاد و من، دو ساڵ و نیو تا سێ ساڵ و نیومان، لە بێزراوترین زیندانەکانی چیادا بەسەر برد. کە نەوشیروان مستەفا و ناوەندی کۆمەڵە، لە میانەی پلینۆم و دادگای گاڵتەجاڕیی حیزبییەوە، بۆیان نەلوا و پێیان نەکرا، بەئاشکرا ئیعداممان بکەن، نە ئەوان و نە مام جەلالیش، هەرگیز بیریان لەوە نەکردەوە، بە فێڵ و پلانکاری، ژێربەژێر و پەنامەکێ، لەنێومان ببەن! ئەوان دەیانتوانی و زۆریش ئاسان بو کە لەو ماوە دورودرێژەی زینداندا، ژەهرخواردمان بکەن و تاوانەکەش لە گەردنی تاوانلێڕژاوی بەعس بنێن! ئەوان دەیانتوانی نارنجۆکێک لە ڕۆژنەی ساپیتەی زیندانەوە، فڕێ بدەن و بکەرەکەیشی ڕەوانەی شار و لای موخابەراتی بەعس بکەنەوە! نا ئەوان ئەو کارەیان نەکرد! ئەوان دو سەرکردەی بڕیاربەدەستی بەئەزمون و سیاسەتدیدە بون. ئەوان بیریان لە ئاییندەی یەکێتی و ڕابردوی ئێمە دەکردەوە. ئەوان پێیان وا بو، ڕەنگە سەردەمێک و ڕۆژگارێک بێت، نەیارە سیاسی و دژبەرەکانی ئێستایان، هێز و توانست و ئەزمونەکانیان، بە ئاقارێکدا ئاڕاستە بکەن، خزمەت بە بزوتنەوەی سیاسیی کورد‌و یەکێتی بکەن. ئەو ڕۆژگارەی زیندان و ئازاردانی ئێمە، بێ ئەوەی هیچ پاساوێک هەڵبگرێت، سەرکوتکردنی ئازادیی بیروڕا و خنکاندنی نوزەی دیموکراتی بو، کەچی جارێ سەرکردەکان، چاویان لە مێژوی داهاتو دەکرد و هەمو تاڵەدەزوەکانیان نەدەپساند! لەو ڕۆژگارەدا، لە یەکێتی و کۆمەڵەدا، وێڕای هەمو ناڕازای و ڕەخنە بونیادییەکانی ئێمە و ئاڵای شۆرش، دیسان تروسکاییی جۆرێک لە فیکر و ئاییندەبینی دەبینرا. ڕۆژگار و سەردەمەکان بەسەر چون. دەستەڵاتی سیاسیی بڕیادەری حیزب، لە ڕابەرە بەئەزمونەکانەوە، بۆ سیاسییە نەزان و بێئەزمونەکان دۆناودۆنی کرد. کاریتە و دارەڕای فیکریی تەلاری حیزب پوکانەوە و هێڵە سەرەکییەکانی بەرنامە و ئامانجەکان، لە بەرژەوەندیی ئابوری و کۆمپانیاکاندا بزر بون! یەکێتیی نوێ و هەندەک خاوەنهێزی بڕیاربەدەستی حیزب، بۆ پاکتاوکردنی هەمو لەمپەرەکانی ڕێی گەیشتن بە لوتکەی بێبەرانبەری دەستەڵات، هەمو پرانسیپە ئەخلاقی و ویژدانییەکانیان بە خاک سپاردن و هاوڕێ هەڤاڵەکانی حیزب، هەڤاڵانێک کە سیمبۆلی نێو مێژوی ئەو حیزبە بون و هەن، ژەهرخواردو کردن. مەلا بەختیار، ڕەنگە ماندوترین و ڕۆشنبیرترین سەرکردە و کاراکتەری نێو مێژوی ئەم حیزبە بێت، کە هەوڵی تیرۆرکردنی لە چوارچێوەی ئەقڵە نەزان و بێئەزمونەکانی ئەم حیزبەدایە، کە دەچێتە خانەی تاوان و دەشێت دادگا، بکەرەکانی سزا بدا. وای دەبینم ئەم حاڵەتە، تەنیا بەرهەمێکی پرۆسەی "نوێبونەوە" بێت لە حیزب‌دا و مەترسییەکی گەورەش بێت بۆ مێژوی ڕابردو و ئایندەی ئەم حیزبە.
محمد خۆشناو لەم چەند ڕۆژانەی ڕابردوودا جیهان بەو پڕۆژە گەورەیە سەرقاڵ بوو کە «مارک زوکربیرگ»ی دامەزرێنەری کۆمپانیای بەناوبانگی فیس بوک بانگەشەی بۆ کرد ، ئەویش گۆڕینی فیس بوک بوو بۆ کۆمپانیای نوێ بەناوی میتا فیرس ، میتا واتە پاش دیارە مەبەستی پاش ئەنتەرنێت ، دروشمی کۆمپانیاکەش ئینفینیتی واتە بێ‌کۆتایی و نەمر ، ئەمە جیهانیکی نوییە و ئێمە دەچینە ناوی و دەچیتە سەردەمەکی نوێ و ئایندە ، ئەمە قەدەرێکە هاتووە و نا‌توانیت خۆتی لێکەیتەوە ، هەروەک داهێنانەکانی دیکەی وەکو مۆبایل و مانگی دەستکرد و ئەنتەرنێت و سایتەکانه سۆشیالمیدیایە ، ئەم جیهانە پێی دەڵێن جیهانی گریمانەیی« الافتراضي». جیهانی گریمانەیی ماناکەی ئەوەیە: کۆمەڵە کەسێک لاساییکاری لە ڕێگەی ئەنتەرنێت بەکاردەهێنن بۆ داواکردن و پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسانی گریمانەیەکای تر و ، ئامرازی پەیوەندیکردنەکەشیان گریمانەییە نەک واقعی ، بۆ ئەم مەبەستە هەموو واتە هەموو کەسەکان« ژینگەیەکی سێ ڕەهەندی-بيئة ثلاثية الابعاد» پێکدەهێنن ، واتە ئەنتەرنێت دەگۆڕدرێت بۆ ژینگەی سێ ڕەهەندی وەکو ئەوەی ڕاستەقینە بێت ، لێرەوە خەیاڵ و واقع تێکەڵی یەکیتر دەبن ، بەمانایەکی دیکە جیهانێک بە پشتبەستن بە کۆمپوتەر دروستدەکرێت و لەو جیهانەدا مرۆڤەکان کارلێک لەگەڵ یەکتریدا دەکەن وەک ئەوەی لە جیهانێکی ڕاسەقینەدابن و دورەدرابن بەو جیهانە ڕاستەقینەیە ، ئامانجی ئەم پڕۆژەیە بریتیە لە دەستەبەرکردنی جیهانێکی گریمانەیی بۆ مرۆڤ و لەناویدا مرۆڤ دوور لە کۆت و بەربەستی کات و شوێن بژیت و ، هەروەها دوور لە کۆتی قانونی و ڕەوشتی و مەنزومەی بەهاکەن ، جا بەهای ئایینی بێت یا کۆمەڵگەیی کە هەر کۆمەڵگەیەک بەجیا پێی دەناسرێت بژیت ، ڕەهەندی سەرەکی ئەم پڕۆژە پێشکەوتووە تێکەڵاوی دوو شتە ، یەکیان مادیە ، کە پەیوەستە بەو ئامراز و دەزگایانەی کە دەستەبەر دەکرێن بۆ بەکارهێنەرەکان ، تا جیهانە گریمانەییە خەیاڵاویەکەی تایبەت بەخۆی دابمەزرێنێت ، ئەوانیش چاویلەکەی پەیوەندیدار و تلیشەی هەستەوەری پێشکەوتوو و کامێرای ووربینی زۆر بەرز ، بەڵام ڕەهەندی دووەم ئەو زانیاریە تەفسیلانەن لەسەر هەموو شتێک لە ژیانماندا کە لە دەورووبەرمانن ، لەوانەش ئەو زانیاریە تایبەتیانەی کە بەکارهێن بۆ هەر جوولەیەک کە پێی هەڵدەستیت یا هەموو ئەو حالەتە دەروونیەی کە ئەو پێیدا تێپەڕ دەبێت ، ئەمە جگە لەو زانیاریانەی کە لەجیهانی واقعی کۆیدەکاتەوە کە لە ڕێگەی کۆمپیوتەر و ئەو پەیوەندیانەی کە لە گوگل و فیس بوک و پاشکۆکانی دەستیدەکەوێت و دەستەبەری دەکات. پڕۆژەی جێبەجیکردنی میتا پێنج ساڵ دەخایەنیت و سەرەتا بەر هەموو کەس ناکەوێت بەڵام لەدواجار دەبێتە ئەمری واقع و هەموو کەس بەشدار دەبێت ، بەیارمەتی میتا دەتوانین جیهانێکی گریمانەیی وەکو جیهانی ڕاستەقینە دروستبکەین ، ئەم جیهانە بۆ بازرگانی و بزنس و فیربوون و خوێندن لەدوورەوە بەکاردێت ، تۆ دەتوانیت لە ماڵەوە لە بازاڕی ئەلکترۆنیکدا شمەکێک ببینی و تاقیکەیتەوە ئەوجا بیکڕیت ، جگە لەوە تۆ دەتوانیت هاوڕێی دوور و نزیکەکانت ببینیت ، پیشانگای کتێب لە وڵاتێک کراوەتەوە لەماڵەوە دانیشتویت ئامادەی ئەو پیشانگایە بیت ، واتە ڕۆلی بەکارهێن هەر ئەوە نابێت لەبەردەم شاشە تەماشا بکات ، بەڵکە خودی خۆی دەچیتە ناو ئەو ژینگە سێ ڕەهەندیەی باسمانکرد بەجۆرێک دەبێتە یەکێک لەوان ، بەم شێوەیە تۆ دەتوانیت لە کۆبوونەوەیەک لە دوبەی یا لە بەغدا یا لە هەولێر… هتد ئامادەبیت یا دەتوانیت ئامادەی تۆپی‌پێ لە یاریگەی لەندن بیت و لەسەر مودەرەجاتەکان سەیری یاریەکە بکەیت و کەچی لە ماڵەوەشی! دەتوانیت بەشداری شۆرش و خۆپیشاندانەکان بکەیت ئەوانیش دەبنە گریمانەیی ، دەتوانیت لە ماڵی خۆت بەشداری خۆپیشاندان بکەیت بێ ئەوەی کەس دەستگیرت بکات ، لەم جیهانە بەتەواوی کۆتایی بە نهێنیەکان دیت ، تۆ لەم جیهانە نوێیەدا داوا لە کوڕەکەت یا کچەکەت دەکەیت کە بەسە واز لە ئەنتەرنیت بێنن بڕۆن وانەی خوێندنگا بخوێنن ، لێرەوە منداڵەکانت نادۆزیەوە چونکە ئەوان بەتەواوەتی لە جیهانێکی دیکەدان ، ژووری داخراو و ژووری کۆبوونەوە بەهەمان شت ژووری نووستن نامێنێت ، هەموو ووردودرشتی ژیان ڕێگەپێدراو دەبێت و هیچ تایبەتمەندیەک نامێنیت ، وایلێدێت گاڵتە بە ڤیدیۆکۆنفراس و زووم و هەتا خودی فیس بوک بکرێت. بەڕاستی پێش هاتنی ئەم جیهانە ئەرکی دایک و باوکانە لەسەریان زیاتر و گەرموگوڕتر لەجاران بەتەنگ پەروەردەی منداڵەکانیان بە بەهای جوان و ڕەوشتی باش بن ، هەنگاوی یەکەمیش کە لایانە پەیوەندیدارەکان لەسەریانە لە ئیستەوە دەستبکەن بە شەرحکردنی ئەو جیهانە گریمانەییە و یارمەتی دایک و باوکان و هەموو خێزانێک بدات تا نەخزێنە ئەو شوێنەی کە کەس خۆزگەی بۆ ناخوازیت ، با لەئێستەوە هەموومان ووریابین!
بەهرۆز جەعفەر ڕووسیا دوو گرفت بۆ یەکێتی ئەوروپا دروست ئەکات؛ یەکەمیان، گرفتی ووزە لە زستانێکی سارددا، چونکە ڕووسیا سەرچاوەیەکی باشی هەناردەکردنی گازی سروشتی یە بە پلەی ئیمتیاز بۆ ئەوروپا. نزیکەی (٢٤٪) یەدەگی گازی سروشتی جیهان ئەکەوێتە ڕووسیاوە، ئێرانیش (١٨٪) ی یەدەگی سروشتی جیهانی هەیە، بە هەردوکیان ئیدارەی حەوزەی قەزوین ئەدەن. هاوپەیمانێکیشیان لە کەنداو هەیە (قەتەر) کە ڕیزبەندی سێهەمی هەیە (١٥٪) یەدەگی گازی سروشتی جیهانی هەیە. دووەمیان، ڕووسیا گرفتی کۆچبەر لە ڕێگەی بیلا ڕووسیاوە دروست ئەکات. کاتێک بەهاری عەرەبی دەستی بە سەرهەڵدان کرد لە کۆتایی (٢٠١٠) دا، سێ گۆڕانکاریی گەورەی جیهانی و نێوچەیشمان بینی: - ڕووسیا کۆتایی بە پرۆژەی هێڵی نابۆکۆ (Nabucco Pipeline) هێنا ( هێڵی نابۆکۆ؛ پرۆژەی گواستنەوەی گاز بو لە ناوەڕاستی ئاسیاوە بۆ ناوەراستی ئەوروپا) یان بە خاکی تورکیادا گازی ئەگواستەوە بۆ نەمسا. پرۆژەکە (١٠،٧) دە ملیار‌و حەوتسەت ملیۆن دۆلاری تێ چو، درێژی هێڵی بۆڕییەکە (٣٣٠٠) کیلۆمەتر بو، لە (٢٠٠٩) گریبەستەکە بە ئامادەبونی نوێنەری ئۆباما‌و چوار ولاتی ئەوروپی و تورکیا‌و ئازەربایجان ئیمزاکرا. بەنیاز بون بە بن گوێی ڕووسیادا گاز ببەن بۆ خۆرئاوا‌و ولاتانی ئەندام لە ناتۆ بەڵام ڕووسیا بەشدار نەبێت!. بۆیە ئاگری بەهاری عەرەبی لە سوریاوە پەڕییەوە بۆ دوورگەی کریما(Crimea)، ئەو دوورگەیە مینای سیڤاستۆڵ (Sevastopol) ی هەیە یەکێکە لە هەستیارترین پێگە جیۆپۆلەتیکیەکانی جیهان کە تەواوی دەریای ڕەش یان ڕووسیا و ئاسیا بەگشتی ئەبەستێت بە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە. زۆری نەمابو ڕووسیاو ئەمریکا لەو ناوچەیە بەیەکدا بکێشن و جیهان لە شەڕی دوو بلۆکەوە تێوە بگلێنن. لە (٢ ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١) دا دیسانەوە پۆتین وتی “ کریمیا، بۆ هەمیشە ئەبێتە بەشێک لە ڕووسیا”. هەر بەو بۆنەیەشەوە هێزەکانی ئەمریکا لە پۆڵەنداو لە دەوروپشتی ڕووسیا زیادیکرد. بەهەمان شێوە ڕووسیا هات بۆ دەریای سپی ناوەڕاست ( ناوچەی نفوسی ئەمریکاو ناتۆ) و هێزەکانی ڕووسیا لە (٢٠١١) ەوە لە تەڕتوسی سوریا جێگیرکران. - لە ڕووی ناوچەییەوە، بەهاری عەرەبی کۆتایی بەسەردەمی گەشەی ئابوریی و ئارامی ناوخۆیی لە تورکیا هێنا، چونکە هاوکات بو لەگەڵ تێکچونێکی خراپی سیاسیی و دیبلۆماسی و سەربازیی لە نێوان ئیسرائیل و تورکیادا، هەروەها دواتر پەیوەندییەکانی تورکیا‌و ڕژێمی ئەسەد لە سوریا کۆتایی هات، هەروەک چۆن پرۆسەی ئاشتی نێوخۆیی (پەکەکە) هەڵوەشایەوە. نرخی نەوت و گازی سروشتیش بەهۆی قەیرانە نێوچەییەکانەوە بەرزبونەوە( چونکە وەکو پێویست نەوت نە ئەگەیشتو میناکانی جیهان)، گرفتی کۆچبەریش دەیان هێندە هەڵکشا لە تورکیاوە بۆ سنوری ئاوەکانی دەریای سپی ناوەڕاست و تا ئەمڕۆش بابەتێکی زیندووە. - هەر لە ساڵی (٢٠١٠ ەوە تا ٢٠٢١) ڕاگەیاندنی یەکلەدوای یەکی دۆزینەوەی یەدەگی سروشتی لە قەتەر (کەنداو) لە قەزوین بە تایبەت ئازەربایجان، لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ( قوبرس، ئیسرائیل). ئەکرێت لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، پرسی ووزە وەک بابەتێکی جیۆ-ستراتیجی یان ببێتە هۆی هاریکاری هەرێمایەتی و ئاشتی و ئاسایش لەگەڵ خۆی بهێنێت، یان ببێتە مایەی ململانێ و نا-ئارامی هەرێمایەتی. بەلای ڕووسیاو یەکێتی ئەوروپاوە، بابەتی کۆچبەران هاوسەنگی هێز و بازاڕ لە پەیوەندییەکاندا ئەشێوێنێت. ئەگەر لە سەردەمی بەهاری عەرەبی و پرۆژەی نابۆکۆدا رووسیا گرفتی لە ناوچەی کریما دروست کرد‌و، بوو بە سێبەر بەسەر ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە، ئەمجارەیان ڕووسیا ڕێککەوتنی ژێر بەژێری هەیە کە بیلا ڕووسیا بە تەواوی بخاتە سەر خاکی ڕووسیا. بۆیە بیلا ڕووسیا وەک هێڵی پێشەوەی خۆی بە کارئەهێنێت، چ لە ڕووی گەمەیەکی نوێی جیۆپۆلەتیکیەوە ( بەهۆی پرسی کۆچبەرەوە)، چ لە ڕووی ئابوری بازاڕەوە لەم زستانەدا نرخی گاز و نەوت بەرز ئەکاتەوە. ئەوەی جێی تێ بی نی یە؛ لەهەرێمی کوردستان ناڕەزایەتی هاوڵاتیان لە نادادپەروەری و بۆشاییەکی فەرمانڕەوایی هەر هەبوە، بەتایبەتی لەناوچەی حوکمڕانی سلێمانی، بەڵام ئەوەش گرنگە بزانین ئەوە چۆنی یە کە وا لە ناکاو باڵوێزخانەی بیلا ڕوسیا لەماوەی مانگێکدا بە هەزاران ڤیزە لە ڕێگەی چەند دەڵاڵێکەوە ئەداتە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان؟! لەگەڵیشیدا کۆمپانیایەکی ڕووسیەکان ڕای ئەگەیەنن لە ناوچەی سلێمانی «نەوت» یان دۆزیوەتەوە(ناڵێن گاز)، هەر لەگەڵ ئەمەشدا بە هەزاران کەس لە هەرێمی کوردستان کە زۆربەی هەرە زۆریان خەڵکی ناوچەی سلێمانی و گەرمیان و شارەزورن دەست پێ ئەکات بۆ سنورەکانی بیلا ڕووسیا!. بۆچی لە وەرزی هاویندا ئەم گرفتە سەری هەڵ نەدا، ئەگەر بیلاڕوسیا لە وەرزی هاویندا بۆ گەشتوگوزار کارئاسانی ڤیزا بکات بە دەیان هەزار هاوڵاتی بۆ هەوا گۆڕین ڕوو لەو وڵاتە ئەکەن. پۆڵەندا زۆرترین فشاری ئەوروپاو ڕوسیای کەوتۆتە سەر!. دامودەزگە ئاگەدارەکانی وارشۆ نایشارنەوە کە بیلاڕووس کۆچبەرانی فریوداوە بۆ ئەوەی بێنە وڵاتەکەی و دەرگایان بۆ ئەکاتەوە بچنە پۆڵەنداو وڵاتانی دیکەی ئەوروپا.. ئێستا لە تەواوی پۆڵەندا هەر لە شەقامەوە بۆ میدیاکان ناوی هەرێمی کوردستان ئەهێنرێت، چونکە زۆرینەی هەرە زۆری کۆچبەرەکان لە عێراق و لەناو عێراقیشدا لە هەرێمی کوردستانەوەیەو، لەناو هەرێمی کوردستانیشدا زۆربەی هەرە زۆریان لە سنوری ئیدارەی سلێمانیەوەیە. بەگشتی، لەناوخۆی هەرێمی کوردستان نەبونی هەلی کار‌و سیستەمێکی خراپی تەندروستی و ڕێگاوبان و خزمەتگوزارییەکانی تر هەیە، بەڵام هەرێمی کوردستان کەرەستەی ئەو جەنگەیە کە ڕووسیا لە ڕێگەی بیلا-ڕووسیاوە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا هەڵیگیرساندوە، بەو هۆیەشەوە هەم یەکێتی ئەوروپا ئەخاتە ژێر پرسیار هەم نرخی لەسەر نەوت و گازی سروشتی لە زستانێکی سەختدا گران ئەکات.
كارزان سه‌باح هه‌ورامی كاك مه‌لا به‌ختیار ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی باس له چركه‌ساتی ئه‌و كاتانه‌ی ده‌كات كه چوه‌ته ئه‌رده‌ن و له‌وێ پشكنینی بۆ كراوه، پێیان گوتووه ژیانی له مه‌ترسیدایه، ئه‌ویش یه‌كسه‌ر په‌یوه‌ندی به قورباد تاڵه‌بانی كردووه ئاگاداری كردوه‌ته‌وه و ئه‌ویش به‌رێز كاك نێچیرڤان بارزانی ئاگاداركردوه‌ته‌وه له‌دۆخێكی له‌وشێوه، كاك به‌ختیار ده‌لێت: نه‌یبرده 7 چركه سه‌رۆكی هه‌رێم په‌یوه‌ندی پێوه‌كردم و و نه‌شی برده 7 ده‌قه جه‌لاله‌تی مه‌لیكی ئه‌رده‌ن په‌یوه‌ندی پێوه‌كردم كه ئاماده‌یی ده‌ربری بۆ هه‌موو شتێك، كاك به‌خیتار به‌ئاشكرا ده‌لێت: له‌دڵه‌وه سوپاسی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر مام جه‌لالیش له‌ژیان بوایه هه‌ر ئه‌وه‌ی بۆ ده‌كردم. تائێره قسه‌كانی و بۆچونه‌كانی كاك مه‌لا به‌ختیاره، له‌سه‌ر ئه‌و ژه‌هر خواردنه‌ی له‌ناو حزبه‌كه‌ی پێی دراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ئه‌وه‌یه كه له‌م چه‌ند دێره‌وه خه‌ڵكی كوردستان بزانن سیاسه‌تكردن لای پارتی و سه‌ركردایه‌تی پارتی بریتیه له پاراستنی ئه‌خلاقی سیاسی، زۆر له‌مێژه به‌شێك له سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی په‌یامی مام جه‌لالیان شكاند و دژایه‌تی پارتیان كرد، به‌ڵام پارتی ئاماده‌نه‌بوو په‌یمان بشكێنێت، هیچ كاتێك پارتی پشت له هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی شۆرشگێر و نیشتیمان پهروهرنهكردووه، له‌هه‌ر حزبێك خه‌تێك یان ئاراسته‌یه‌كی ئاوا هه‌بووبێت، پارتی پشتیوانی كردووه، ساڵانێكه له‌ناو یه‌كێتی به جۆره‌ها شێوه راگه‌یاندنی و سۆشسال میدیا له‌دژی ئه‌و سه‌ركردانه‌ی یه‌كێتی به‌كارده‌هێنرێت كه ئاراسته‌ی نه‌ته‌وه‌ییان وه‌رگرتووه، به‌سه‌ركرده‌ی پرۆپارتی ناویان ده‌به‌ن، به‌ڵام ده‌رئه‌نجامی جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی گه‌رانه‌وه بۆ ئه‌سڵی ئه‌و بنه‌مایه‌یی كه له‌سه‌ری دروست بوون پشتیان له‌وانه كرد كه به‌هۆی دۆخێكی تایبه‌ته‌وه ده‌ستیان به‌سه‌ر یه‌كێتی گرت، له‌م رۆژه‌وه ته‌واو بۆ یه‌كێتیه‌كان روون بویه‌وه كه ئه‌وه‌ی دوژنی راسته‌قیه‌ی یه‌كێتییه ئه‌وانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت رێبازی مام جه‌لال به‌هه‌ڵه داوان ببه‌ن، نه‌ك ئه‌وانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت ئاشته‌وایی له‌ناو هێزه سیاسییه‌كان دروست بكه‌ن. ئه‌وه‌ی روودا په‌یامێكی گرنگه بۆ ئه‌و ده‌نگه نارازیه سیاسییه‌ی له سلێمانییه‌وه له‌دژی پارتی هه‌یه، ئه‌و ده‌نگه هه‌میشه پارتی وێناكردووه به پیلان دانان بۆ نه‌یاره‌كانی و له‌ناوبردنیان، به‌ڵام ده‌ركه‌وت پێچه‌وانه‌كه‌ی راسته، هه‌میشه ئاراسته‌ی سیاسی سلێمانی پێی وابووه پارتی هۆكاری تێكدانی یه‌كریزی كورده، به‌ڵام ده‌ركه‌وت ئه‌وانه‌ی كلتوری ژه‌هریان داهێنا ئه‌وانه‌ن كه كوردستانیان گه‌رانده‌وه بۆ 100 ساڵ پیشووتر، وانه‌وه‌گرتن له‌م رووداوانه گرنگن، له سلێمانی گرنگه وانه‌یه‌ك له دروست بوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ربگیرێت كه له‌هه‌ناوی یه‌كێتی هاته ده‌ره‌وه و رۆژانێك بووه دووه‌م هێزی كوردستان، به‌ڵام پارتی له‌به‌ر خاتری مێژووی هاوبه‌شه‌كه‌ی كه یه‌كێتی بوو، رۆژێك ئاماده نه‌بوو پشت له یه‌كێتی بكات، بگره كه‌وته شه‌رێكی راگه‌یاندنه‌وه له‌گه‌ڵ گۆران كه دوجار ئاگره‌كه هی یه‌كێتی بوو، پشكه‌كه‌ی بهرپارتیش كه‌وت، سیاسه‌تكردن لای پارتی ئه‌خلاقه، هه‌رئه‌و كاته‌ی كه گۆرانیش نه‌یتوانی یه‌ك كورسی په‌رله‌مانی عێراق به‌رێت پارتی به‌ده‌نگی به‌رز گوتی: مامه‌ڵه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ گۆران له‌سه‌ر بنه‌مای كورسی نییه، هه‌روه‌ك چه‌ند ساله مامه‌ڵه‌ی پارتیش له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌سه‌ر كورسی نه‌بووه، گیانی لێبوردن و دڵفراوانی پارتی گرنگه وانه‌ی لێوه‌ربگیرێت. پارتی حزبی نیوه رێگا نییه، له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانی ئه‌و كاته‌ی په‌رله‌مانی عێراق پارتی پشتیوانی كردن كه په‌یوه‌ندی پارتی له‌گه‌ڵ گۆران و یه‌كێتی له‌وپه‌ری سارد‌و سڕی و خراپیدابوو، به‌ڵام كاتێك په‌لاماری په‌رله‌مانتارنی گۆڕان و یه‌كێتی درا له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه، په‌رله‌مانتارانی پارتی و هێزی پارتی پێش پارتییه‌كانی گیانی ئه‌وانیان پاراست، ئه‌م قسه‌یه بۆ پارتی چه‌نده دروسته ده‌بێت بۆ یه‌كێتی هێنده دروست بێت، ده‌بێت یه‌كێتی ده‌ست له‌ناو ده‌ست بگهرێتهیوه بۆ پشتیوانی رێبازی كوردایه‌تی و له‌گه‌ڵ پارتی ئه‌وه‌ی ماوه له‌سه‌ر شانیان ته‌واوی بكه‌ن، سه‌ركرده‌ی هه‌ڵتۆقی و چاوبرسی سیاسی یه‌كێتی گه‌یانده لێواری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و له‌ناوچوونی، به‌پاره‌ی یه‌كێتی و خه‌ڵكی كوردستان ئه‌وه‌نده نه‌مابوو قه‌واره‌ی كوردستان هه‌ڵوه‌شێننه‌وه و بیكه‌نه دووبه‌شه‌وه، ئیتر قسه‌كانی كاك به‌ختیار، لاپه‌ره‌یه‌كی نوێیه له مێژووی په‌یوه‌ندی پارتی و یه‌كێتی، ئه‌گه‌ر یه‌كێتییه‌كان پێیان وایه رێبازی كاك به‌ختیار، رێبازی یه‌كێتییه، ده‌بێت بیر له‌وه‌ش بكه‌نه‌وه كه ئه‌وه‌ی فریادره‌سی پاراستنی گیانی بوو پارتی بوو نه‌ك كه‌سی دیكه.