کامیان لە بەرژەوەندی دەنگدەرانی ناڕازیدایە:
2021-09-29 18:36:30
جەلال جەوهەر
١- بایکۆتکردنی پرۆسەی دەنگدان؟
لە ئەزمونی خەباتی سیاسی وشارستانی گەلاندا، جەماوەر بەیەکگرتوویی زۆربەی كات لایەنێکی هەرە سەرەکی و یەکلاکەرەوە بووە لە پرسە چارەنوسسازەکان و کارە سیاسیەكاندا.
لە هەر جێگایەکیش جەماوەر خۆی بەدوورگرت لە پرۆسە و پرسە سیاسیەکان، و باوەڕی بەخۆی نەبووبێت خاوەنداریەتی پرسە سیاسیەکانی خۆی بکات، چارەنووسی جەماوەری لەم جۆرە ناڕۆشن و نادیار وهەمیشە لەژێر هەڕەشە و مەترسی فاکتەری دەرەکیدا دەبێت.
پاوانكردن وداگیركردنی مەیدانی سیاسیی ھەرێمی كوردستان لە لایەن ھێز ولایەنە سیاسیەكان و دەسەڵاتداران بە تایبەت، و پەراوێزخستنی جەماوەر، و گرفتار و گیرۆدەكردنیان بە كێشە و قەیرانی سیاسی ئابوری و دارایی و ئەمنی، وبێبەش كردنیان لەمافە رەواكانیان، ھەموو ئەمانە جەماوەری كوردستانی عێراقیان تارادەیەكی زۆر لە پەلوپۆ خستووە.
لەھەر جێگایەكیش جەماوەر پێک نەکرا و خرایە دەرەوەی كایە سیاسیەكان و ھاوبەشی راستەقینە نەبوو لە پرسە گرنگ و چارەنوسسازەکان، جەماوەر گیانی بەرپرسیاریەتی تێدا لاواز دەبێت و نامێنێت، سەرئەنجام جەماوەر دڵسۆزی و خۆشەویستی و پابەندبونی نامێنێت بۆ میللەت و نیشتیمان، کە ئەمیش کارەسات و مەترسیە هەرە گەورەكەیە لە ئەمڕۆ و داهاتووی کوردستانی عێراق .
گەندەڵی و زوڵم و بێدادی و بێخەمی و بێمنەتی دەسەڵات لە ھەرێم، ناڕەزایەتی دروستكردوە لە كوردستانی عێراق، لەبەر ئەوە دەربڕینی ناڕەزایەتی بە ھەموو شێوازەكانی شارستانی بە رووی دەسەڵاتدارانی ھەرێم راستە و رەوایە،...، بۆیە بونی نارەزایەتی قسە و گفتوگۆی لە سەر نیە لەم بابەتەدا، بەڵكو قسەمان لە سەر ئەوەیە؛ ئایا بایكۆتكردنی ھەڵبژاردنەكان و پرۆسەی دەنگدان قازانج و دەسكەوتی چیە بۆ دەنگدەران ؟ ئایا بایكۆتكردنی پرۆسەی دەنگدان قەیران وكێشەكان چارەسەر دەكات ؟ ئەی كە دەنگدەرانی ناڕازی بایكۆتی دەنگدان دەكەن بەدیلیان چیە لە جێی ھەڵبژاردنەكان و پرۆسەی دەنگدان؟
ئەو دەنگدەرە ناڕازیانەی دەیانەوێت بایکۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و دەنگدان بکەن چەند جۆرێكن :
یەکەمیان: ئەو ناڕازیانەن کە بایکۆتی پرۆسەی دەنگدان بە هەڵوێست دەزانن لە دژی دەسەڵاتداران، بەڵام بەدیلی ھەڵبژاردنەكان و پرۆسەی دەنگدانیشیان نیە!؟ بەڕای ئێمە ئەم بایکۆتە خزمەتی دەنگدەری ناڕازی ناکات، بەڵکو هەلێکی زۆر دەڕەخسێنێت بۆ زۆرترین تەزویر و ساختە بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی كوردستانی عێراق، چونکە دەسەڵاتداران توانایان هەیە سوود لەو ناوانە وەربگرن کە بایكۆتی پرۆسەی دەنگدانیان كردوە، بەم جۆرە بایکۆتکردن و بەشداری نەکردن لە پرۆسەی دەنگدان ڕاستەوخۆ خزمەتی ئەو لایەن و هێزانە دەکات کە دەسەڵات و توانای تەزویریان هەیە، کەواتە بایکۆتکردنی دەنگدان تەمەنی هەموو ئەوانە درێژ دەکاتەوە، کە دەستێکی باڵایان هەبووە و هەیە لە گەندەڵی هەمەجۆر و زوڵم وبێدادی، ودروستکردنی قەیرانی سیاسی و ئابوری و دارایی لە عێراق و هەرێم.
دووەمیان: ئەو ناڕازیانەی کە بایکۆتی پرۆسەی دەنگدان دەکەن لە نا ئومێدی و لە بێ بڕوایی بە بەشێكی زۆری ھێز ولایەنە سیاسیەكانی كوردستان وعێراق، ولە بێ ھیوابوون لە گۆڕانکاری بۆ باشكردنی دۆخی ھەرێم وعێراق... دیارە بێ هیوایی و نائومێدی ئاماژەیەکی تەندروست نیە بۆ توانا و ئیرادە و ویستی مرۆڤ، مرۆڤی بێ ئومێد و بێ بڕوا دەچێتە خانەی نەبوو، چونکە نائومێدی و بێ هیوایی سەرەتایەکە بۆ خۆ بەدەستەودان وتەسلیم بوون، و قبوڵکردنی زوڵم وزەلیلی و ڕەزیلی،...، ئەمە جگە لەوەی بایکۆتی لەم جۆرەش هەر خزمەتی ڕاستەوخۆی ئەو هێز و لایەنانە دەکات کە توانای تەزویر و ساختەیان هەیە.
توێژێکی تری دەنگدەران هەیە، ئەوانەن کە دوور و بێ ئاگان لە دونیای سیاسەت، و سەرقاڵ و خولیای ژیان وبەرژەوەندی خۆیانن. ئەوانە بێ خەمن بۆ دۆخی سیاسی کورد لە ناوچەکە، بەشداریکردن و نەکردن لە دەنگدان وەک یەکە لای ئەوان، گرنگی و ڕۆڵی دەنگی خۆیان نازانن، و نایانەوێت کەم و زۆر تێکەڵی کاری سیاسی و بەشێک بن لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و دەنگدان. ئەمانیش زیان دەگەیەنن بە خۆیان و پرسی کورد، چونکە بەشێكن لە رەوشی گشتی کوردستان.
لەڕووی سیاسیشەوە، بایکۆتیكردنی هەڵبژاردنەکان و پرۆسەی دەنگدان بە بەردەوامی، بەبێ ھۆكارێكی مەنتقی وبڕواپێكراو، وبەبێ ئامادەكردنی بەدیلێكی باش بۆ ئەم قۆناغە، ھەڵوێستی دەنگدەران لاواز دەكات،...، بەم شێوەیە دەنگدەران دوائەكەون لە جێبەجێكردنی بەشێك لە ئەركەكانی خۆیان، و بێبەش دەبن لە بەدەستھێنانی بەشێك لە مافەكانیان، چونكە دەنگدان ھەم مافێكی دەستوریە، وھەم ئەركێكی سەرەكی قۆناغەكەیە، بە ھۆی دۆخی قەیراناوی وئاڵۆز وھەستیاری كوردستانی عێراق.
ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە، بەشداری نەكردن لەدەنگدان لە قازانی كێدایە، وكێ زەرەری لێدەكات ؟
بەكورتی ؛ بەشداری نەكردن لەدەنگدان لە قازانجی ئەو ھێزانەیە كە توانای تەزویریان ھەیە، وبە زەرەر و زیانی زۆرتری ئەوانە تەواو دەبێ كە بایكۆتی دەنگدان دەكەن.
٢- یان بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان؟
پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و دەنگدان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە ناشرینترین و خراپترین شێوازی هەڵبژاردنەکان لە جیهان، بەهۆی تەزویر و ساختە و دەستکاری ئەنجامی دەنگدان، ودەستێوەردانی دەوڵەتان لە کاروباری هەڵبژاردنەکان، بۆ بەرژەوەندی لایەنە دەسەڵاتدارەکانی عێراق و هەرێم، هەروەها بەهۆی بێ خەمی و خەم ساردی بەشێکی دەنگدەران لە بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان.
دیارە هەڵبژاردنەکانی عێراق وهەرێم دایک و باوکی هەموو گەندەڵیەکانە، گەندەڵی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و دەنگدان، حکومەتی گەندەڵی لێ لەدایک دەبێت، هەر لەبەرئەوەشە، عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە، یەکێکە لە دەوڵەتە هەرە گەندەڵەکانی جیهان.
لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا تا ئامڕۆ لە كوردستانی عێراق بژاردەیەكی باشترمان نیە لە ھەڵبژاردنەكان و بەشداری كردن لە پرۆسەی دەنگدان و بەشەكانیتری خەباتی شارستانی بۆ بەدەستھێنانی ئامانج و داواكاریەكانی جەماوەر.
لەگەڵ هەموو لایەنە خراپەکانی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان وپرۆسەی دەنگدان لە ماوەی (٢٩)بیست و نۆ ساڵی ڕابردوودا لەهەرێم، ھەڵبژاردنەكان لایەنی باشی ھەبوە تاڕادەیەك و گۆڕانكاریشی بەدوای خۆیدا ھێناوە.
بۆ بەر چاوڕونی زیاتر وتێگەیشتنی زۆرتر لە سەر لایەنە باشەكانی ھەڵبژاردنەكان، ولەسەر دروستبونی ڕا وھەڵوێستی جیاوازی دەنگدەران لەسەر پارت ولایەنە سیاسیەكان و ڕهنگدانەوەیان لە سەرھەڵبژاردنەكان و پرۆسەی دەنگدان، كە بوە ھۆی گۆڕانكاری دیار لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان لە نێوان ھەڵبژادنێك وھەڵبژادنێكی تردا، بەراوردێك دەكەین لە نێوان ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی(١٩٩٢/٥/١٩)، كە دەنگدەران بە رێژەیەكی زۆر باش بەشداریان تێداكرد، ئەوە بوو لە دوای فەرز و جیاكردنەوەی دەنگەكان، یەكێتی وپارتی لە ١٠٠٪ كورسییەكانیان بە دەستھێنا، لەگەڵ ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی (٢٠١٣/٩/٣٠)، كە دەنگدەران بەرێژەیەكی باش بەشداریان تێداكرد، پارتی و یەكێتی ٥٦٪ی كورسییەكانیان بەدەسھێنان، و٤٤٪ ی كورسییەكانیان لەدەستدا، ئەمە گۆڕانكاریكی گەورەو زۆر ودیار بوو لە ڕا وھەڵوێستی دەنگدەران لە ماوەی (٢١) بیست و یەك ساڵدا.
لێرەدا، بۆمان دەردەکەوێت ئەوەی دەتوانێت گۆڕانکاری زۆر و گرنگ و بنەڕەتی بکات لە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکاندا، ڕۆڵی جەماوەر و هەڵوێست و بڕیاری دەنگدەرانە، چونکە بەشداریکردنی دەنگدەران بەگشتی لە پرۆسەی دەنگدان، جگە لەوەی ڕووبەری تەزویر و ساختە بەرتەسک دەکاتەوە و کەمتر دەکات، گۆڕانکاری گرنگیش بە دوای خۆیدا دەهێنێت، وتوانا وئازایەتی و ئومێدێکی نوێش دەبەخشێت بە جەماوەر، و ئەوە هەنگاوی یەکەم و سەرەتایی و بنەڕەتیش دەچەسپێنێت لە خەباتی شارستانی و پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان.
بەشێوەیەکی گشتی هەرکاتێک دەنگدەران بەگشتی بەشداریان کردبێت لە پرۆسەی دەنگدان، ڕووداو وگۆڕانکاری نوێ وگرنگی بەدواوە بووە، وهەرکاتێکیش جەماوەر ودەنگدەران بایکۆتی پرۆسەی سیاسی ودەنگدانیان کردبێت بەشێوەیەکی عەفەوی، بێگومان نائومێدی وکێشە وقەیرانی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، و لەهەر قەیرانێکی سیاسی و ئابوریشدا، جەماوەر ودەنگدەران ھەمیشە قوربانی و زەرەرمەندی یەكەم بون.
لەبەرئەوە، بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان لە دۆخی ناسک و ناسەقامگیر و ئاڵۆزی ئەمڕۆی کوردستانی عێراق، ئەرک و بەرپرسیاریەتی نیشتیمانیە، خۆدزینەوە و بەشداری نەکردن لە پرۆسەی دەنگدان لەم دۆخەی ئەمڕۆدا، جگە لەوەی زیانی زۆری دەبێت بۆ دەنگدەر خۆی، زیانی گەورە و قورسیشی دەبێت بۆ پرۆسەی سیاسی و پرسی کورد لە کوردستانی عێراق و ناوچەکە.
لێرەدا بەپێویستی دەزانم ئەوە بڵێم بە جەماوەر ودەنگدەرانی کوردستانی عێراق، كە هەڵبژاردنەکان و بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان وخەباتی شارستانی تەنیا بژاردەیە لە بەردەم جەماوەری كوردستانی عێراق لەم قۆناغە، وئەركی جەماوەر وھەموو ھێز ولایەنەكانە ئەوە بكەن بە کەلتوری خەبات و تێکۆشانی میللەتەكەمان بۆ ناوخۆی كوردستانی عێراق، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان.