Draw Media

تکایە با ژیانی تایبەتیتان پارێزراو بێت!

تکایە با ژیانی تایبەتیتان پارێزراو بێت!

2021-09-28 17:01:27


شیلان رەئوف

کاندیدی ئازیز:
ئەگەر تۆ متمانەی ژمارەی پێویست ویاسایی دەنگدەرانی بازنەی هەڵبژاردنەکە بەدەست بهێنیت کەخۆت تێدا کاندید کردووە، ئەوا دەبیتە نوێنەری کۆی دانیشتووانی عێراق لەئەنجومەنی نوێنەراندا، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە تۆ بەرگریکاری مافەکانی هاوڵاتیان ئەبیت بەڕێوشوێن وئامڕازە یاساییە ڕێگە پێدراوەکان، واتا دەبێت تۆ لەجیاتی منی هاوڵاتی شەڕی یاسایی مافەکانم بۆ بکەیت، لەم بارەشدا تۆی نوێنەر دەبێت یەکەم جار ویەکەم هەنگاو بەمافەکانی خۆت ئاشنا بیت وشەڕی مافەکانی خۆت بکەیت، دواتر دەتوانیت هەنگاو بنێیت بۆ بەرگریکردن لەمافی منی هاوڵاتی، ئازیزم ئەگەر تۆ پێشێلکردنی مافەکانت بەسانایی وەربگریت، ئەی هاوڵاتی چۆن دڵنیایی پاراستن وپارێزگاریکردنی مافەکانی دەست بکەوێت لەتۆی نوێنەریەوە!
کاندیدی ئازیز، تۆ مافی پاراستن وپارێزگاریکردنت هەیە لەژیانی تایبەتی خۆت وەکو هەر تاکێکی تری کۆمەڵگا، خۆ بڕیار نییە لەبەرئەوەی کاندیدیت دەنگدەرەکانت بێنە ژیانی خێزانیتەوە، یان میدیاکان پرسیاری ژیانی تایبەتت لێبکەن، تۆش بەوپەڕی سنگ فراوانییەوە وەڵامیان بدەیتەوە، یان وردەکاری ژیانی تایبەتت بۆ کۆی هاوڵاتیان ئاشکرا بکەیت بەلایەنگر وبەرامبەرەکانتەوە. نا هەرگیز، نە هاوڵاتی ونەدەنگدەر ونەمیدیا مافی بەزاندن وشکاندنی ئەو سنوورەیان نییە، خۆ ئەگەر گریمان هەریەک لەمانە سنوورەکەیان بەزاند، دەبێت تۆی کاندیدی ئێستا ونوێنەری داهاتوو توانای بەرگریکردنت هەبێت لەم مافە سەرەکییەی خۆت وسنوورێک دابنێیت بۆ سنوور بەزاندنەکە، ئەگەر ئەم کارەت نەکردوو وبەرگریت لەم مافەت نەکرد وبەسنگ فراوانییەوە باسی ژیانی تایبەتی خۆتت کرد، هەر لەو سات وکاتەوە دەرگاکانت کردەوە بەڕووی سەرجەم ئەو مرۆڤانەی کە حەوسەڵەی خۆ تێهەڵقورتاندنیان هەیە لەژیانی تایبەتی ئەوانی تردا بەتایبەتیش لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە. 
کاندیدی ئازیز:
1) ژیانی خێزانیت پەیوەندیدارە بەخۆت وخێزانەکەتەوە. 
2) ژیانی هاوژینیت پەیوەندیدارە بە خۆت وهاوژینەکەتەوە. 
3) ژیانی تایبەتی خۆت، هەر سیفەتێکت هەبێت، پەیوەندیدارە بەخودی خۆتەوە. 
مافی هاوڵاتی ودەنگدەر ومیدیا ولایەنگر وبەرامبەرەکانت نییە لەبارەیانەوە بزانن، قسەی لەسەر بکەن، شەن وکەوی قسەکانت بکەن، تەنها ئەگەر خۆت دەرگای خۆتێهەڵقورتینیان بۆ نەکەیتەوە. 
چۆن وبەچ شێوەیەک ژیانی تایبەتی خۆتت دروستکردووە مافی خۆتە، چۆن بیری لێئەکەیتەوە مافی خۆتە، چۆن وبەچ شێوازێک پلان بۆ داهاتووی ژیانی خێزانیت دادەنێیت مافی خۆتە. 
تەنها وتەنها ئەوەی گرنگە ئەوەیە بیرکردنەوەکە هی خودی خۆت بێت لەقەناعەتی خۆتەوە سەرچاوەی گرتبێت، هیچ کەسێک بیرکردنەوەکەی بەسەردانەسەپاندبێتی، لەژێر هیچ بارودۆخێکی ناچاریدا قەناعەتێکی ڕووکەشت بۆ خۆت دروستنەکردبێت پەیوەندیدار بەبیرکردنەوە تایبەتەکەتەوە.
لەکۆتایدا، ڕاستییەک هەیە بریتییە لەوەی زۆرینەی ئەو تاکانەی، نێر یان مێ، لەژیانی کارکردندا سەرکەوتوون، وە هاوتەریب لەژیانی هاوژینیشدا سەرکەوتوون، بێگومان بەپاڵپشتی وقوربانیدانی هاوژینەکەیان بووە، نێر یان مێ، بەکاتی خۆی بەئیسراحەتی خۆی بە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی زیاتر.....، چونکە خۆ ژیانی هاوژینی تەنها لەتەنیشتەوە وەستان نییە، بەڵکو هەندێک کات لە پشتەوە وەستانە لەپێناو تەواوکردنی ڕێگا هەڵبژێردراوەکەدا. هەر بەڕاستی نابەجێیە سەرکەوتن لەژیانی کارکردندا بەگشتی ولەنوێنەرایەتیشدا بەتایبەتی لەسەر بەقوربانیکردنی ژیانی هاوژینی بێت، بەمەرجێک تەنها هەوڵدان بۆ سەرکەوتن لەژیانی کارکردندا هۆکاری بەقوربانیکردنەکە بێت نەک هۆکاری تر.
هاوپێچ: کاندیدێکی پیاو بەوپەڕی شانازی ودڵخۆشییەوە باس لەهێنانی ژنی سێیەم دەکات، نەشبووە هەڵا وجێگەی باس وگرنگیپێدانی خەڵکی، بەڵام بۆ کاندیدە ژنەکە تەواو پێچەوانە بوو!!!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand