Draw Media

هەڵبژاردن و زیهنیەتی کۆدەتا !

هەڵبژاردن و زیهنیەتی کۆدەتا !

2021-10-06 18:14:48


ئاسۆ عەبدوللەتیف

چەند رۆژێکیتر عێراق لە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی ناچاریی و پێشوەختەوە، قاچەکانی دەخاتە قۆناغێکی نوێ، بەڵام هەرگیز ناتوانێت لەو فۆرم و بەرگ و بەها سیاسییە تەقلیدیی و مەزهەبیانە، لابدات و خۆی ریفۆرم بکات. 

هەڵبژاردنی ئایندە دەتوانێ کام مۆدێل و نەزم و ڕوانگە بگۆڕێ لەکاتێکدا ئەو هێزە دەوڵەتییە شاراوەیەی ناوی لیواو سەرایاکانی حەشدە دەتوانێ هەر یاساو بڕیارێک بە زۆرینەی پەڕلەمانی تێپەڕێنێت.

بۆیە هەڵبژاردن و دەرەنجامەکانی ئەوەندە هیوابەخش نابێت عێراق و هەرێم بخاتە دۆخێکی نوێی بەڕێوەبردنی سیاسی و ئابوریی گەشە سەندوو، چونکە دەوڵەتی قووڵی میلیشیایی بەهێز  هەیەو ڕێگرە بۆ ئەو کرانەوەو خەونەو ئەمریکیەکانیش تەماشاکەرن. 

دیموکراسیەت و کردەی هەڵبژاردن چەندە کردەیەکی شەفاف و مۆدێرنە لە دنیای کراوەو لیبڕاڵدا، وەلێ لەم وڵاتانە دوو ئەوەندە کردەیەکی ترسهێن و دەریچەیەکە بۆ سەردەرهێنانی فاشیزم و بەربەریزم و زۆرینەیەکی چەکداریی دژە دیموکراسی بریار ئەدات و حاڵەتی نائاسایی دروست دەکات بە جۆرێک پاڵاوگەی نەوتیی دەبات، بەندەرو دەریچە بازرگانیەکان قۆرخ دەکات.

لەم عێراقە تائیفیی و مەزهەبگەرایەدا، دیسپلینی (تجنید) و بە سەربازکردن و حەشدکردنی کۆمەڵگاو بڕینەوەی ئیمتیازو میزانیەی بێشوومار و فەرزکردنی ڕوانگەو بیری شۆڤێنیەت و مەرجەعیەتی ئاینیی بۆتە ستراتیژی رێبەرە ئاینییەکان، لەوە دەرچووە دیاردە بێت. بۆیە هەڵبژاردن کۆتایی بەو ستراتیژە ناهێنێت بگرە پاڵپشتە بۆی بۆ ئەوەی بە زۆرینەی پەرلەمانیی باشتر یاساکانی بۆ رێک بخات وەک یاسای دامەزراندنی فەرمی دەستەی حەشدی شەعبی لە ساڵی ٢٠١٦. کە ئەوە بەشێک بوو لە کودەتایەک دژی دیموکراسی. 

ئەو هەنگاوە مەترسیدارانە بۆ بە ئۆردوگاکردنی عێراق و میلیتاریزەکردنی تاکەکانی، گوتاری نەگۆڕی شیعەی زاڵی نەجەف و مەرجەعیەتە، چەمک و بنەماخوازیی و سیستمی ڕەگداکوتراون و بە ئاوڕشێنی گوتاری مەرجەعیەت و مەسڵەحەتی ڕەهبەریی شوێنی ترەوە بەندە. ئیتر عێراق ئەو تائیفیەت و پۆپۆلیزم و حەشدگەرا مەزهەبییە بەڕێوەی دەبات و خۆشیان کاراکتەرەکانی ئایندەی دوای هەڵبژاردن دیاریی دەکەن، کورد بەو کورسیانەشەوە کە دەیباتە پەرلەمان سەرەرای هەندێک پەرش و بڵاویی ئەگەر سوپاو هێزی تۆکمەو یەکگرتووی نەبێ دوچاری دۆخی خراپ دەبێتەوە.

ئینجا هەندێک کاندیدای بەناو سەربەخۆ، بەو قیڕەسازیی و پرۆژە وەهمی و ئەجێندا سیاسیانەوە کە حەنان و وەلائیان بۆ ئەو نەزم و ئاوازو عبودیەتانەی عێراق هەیەو زمانیان گەرمە بۆ دەستکاری قەوارەی هەرێم، بزانن یان نا لە ژێر جەبری توندی نا ئەخلاقی ئەو کودەتایەدان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand