بومەلەرزەکانی سودانی!
2022-11-01 19:19:33
د.بەختیار شاوەیس
لەگەڵ یەکەم هەنگاوی کرداریدا کە هەمووی پێنج رۆژە متمانەی وەرگرتووە، سەرۆک وەزیرانی عیراق محمد شیاع السودانی کۆمەڵێک بریاری یەکلاکەرەوهی دەرکرد ئەویش بەهەڵوەشانەوەی کۆی ئەو بڕیارانەی کە کابینەی کاربەڕێکەری کازمی لەماوەی ڕابردوو دەریکردبوون و بەمەش ژمارەیەک لە پارێزگار، سەفیر، سەرۆکی دەستە، بەرێوەبەری گشتی لەپۆستەکانیان دوورخستەوەو وەک بومەلەرزەیەک لەماوەیەکی زەمەنی کورتدا بەر بەشێک لەو کۆتلە سیاسیانە کەوت کەلەپشتی دانانی ئەو پۆستانەوە بوون.
جوڵە خێراو توندەکانی سودانی هەربەتەنها لە پۆستەکانەوە نەوەستا، بەڵکو زۆر بەڕۆشنی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بریارەکانی دادگای باڵای ئیتحادی دەبێ وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، کە لەمەیاندا پێویستە هەرێمی کوردستان دەست و پەنجە لەگەڵ ئەم نیەتەی سودانی نەرم بکات، بەتایبەتی کە بریاری مانگی فێبرایەری ئەمساڵی دادگای فیدراڵی سەبارەت بەدۆسیەی نەوت و گازی هەرێم ئاماژەی گرژبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی نوێی عیراقی تیا دەخوێنرێتەوە.
لەم سۆنگەوە، سودانی لەنێوان دژیەکیەکی تونددا خۆی دەبینێتەوە، چونکە لالەیەک دەیەوێ بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی جێبەجێ بکات کە ئەمە هەرلەسەرەتاوە لای حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتکراوەتەوەو بڕیارەکانی بەدەرەوەی دەستورو یاساو بەبریاری سیاسی ناساندوەو لەلاکەی ترەوە سودانی و کابینەکەی بەدەنگی پارتی و یەکێتیی و پشتیوانی ئەم دوو هێزە پێکهێنەرە سەرەکییەی حکومەتی هەرێم متمانەی وەرگرتووە.
جیا لەم بریارانەی، لەیەکەم سەردانیدا، سەرۆک وەزیران سەردانی دەستەی نەزاهەی کردو لەکۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی دەستەکە پەیامێکی توندی دژی گەندەڵکاران ناردو هەروەها یەکەم کەسی حکومەتەکەی بوو کە فۆرمی ئاشکراکردنی سەروەت و سامانی پرکردەوەو پەتای گەندەڵی وەک ئاڵنگاری بنەرەتی کابینەکەی دیاری کرد.
ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ئۆکتۆبەری داهاتوو ، یەکێکی دیکە بوو لەو بڕیارە خێراو بومەلەرزە ئاسایانەی کە سودانی دەیەوێ لەرێگەیەوە تاودانی ئەسپی خۆی تیادا تاقیبکاتەوە.
پرسیاری جدی:
لەماوەی پێنج سەرۆک وەزیرانی پێشتر هەریەک لە تەشەنەسەندنی قەیرانی گەندەڵی، کێشە هەڵپەسێرراوەکانی نەوت و بودجەی نێوان هەرێم و ناوەند، پەکخستنی هەڵبژاردنەکانی پارێزگاکان هەبووەو وەک بەڵێنی بێکردار ماونەتەوە، ئاخۆ دەبێ سودانی ئەمانە بخاتە بواری پراکتیکییەوەو چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزێتەوە لەکاتێکدا مۆتەکەیەک بەسەر سەری سودانی و تیمەکەیەوە ئامادەیی هەیە کە ئەویش سەدرەو براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردووەو حاڵی حازر لە سوڕی متبووندایە؟ باچاوەڕێ بین چونکە وەک دەڵێن تازە بووک جوان گسک دەدات.