هەقیقەت و توندڕەوی لەواقعی ئێمەدا..
2022-10-31 12:10:34
عەدالەت عەبدوڵڵا
نهێنییەكی ئەو توندڕەوی و توندوتیژییە ڕەمزی و فیزیکییانەی كە بەبۆنەی سەرەڕۆیی عەقڵی و ڕەفتاریی ژمارەیەك (سیاسی، رۆشنبیر، میدیاكار)ەوە، واقعی ئێمەی تەنیوەتەوە، ئەو جەهلە فەلسەفییەیە كە لەبەرامبەر چەمكی هەقیقەتدا هەیە.
ئەو كاراكتەرە شەڕانییانەمان، لە هەر گروپێكی سیاسیدا بن، بە رادەیەك لە مانا فەلسەفییەكانی هەقیقەت بێ ئاگان كە هەموو گوتارو رەفتارێكی وێرانكەریش هەر بەناوی هەقیقەتەوە بنوێنن، ئیدی بەبێ ئەوەی بۆ جارێكیش بپرسن: گەر هەقیقەت ئەوەبێت كە دەیزانین، گەر تەنها ئەو وێناكردن و تێزانە، ئەو تیۆرو گریمانانە، ئەو تێگەیشتن و بیروباوەڕانە بێت كە ئێمە هەڵگریانین ئاخۆ ئیدی بۆچی ململانێ و ناكۆكی، جیاوازی و فرەیی، دێنە ئاراوە؟! هۆی ئەم دابەشبوونە فكری و سیاسی و ئەخلاقی و كۆمەڵایەتییە ناکۆتایانەی ناو مێژوو چییە كە لەناو هەرێمی ئێمەشدا هەیە؟
كاری ئەم چەند دێڕە نییە باسی ئەزەلیترین گرفتی ئەندێشەی مرۆڤ بكات. هەقیقەت لە پراكتیكدا هەمیشە سەرچاوەی كۆكردنەوەو پەرتەوازەكردن بووە ئەگەر لە تیۆریزەكاریشدا ئەم راستییە بۆ سەدەی 19و 20 دواكەوتبێت.
فەیلەسوفی فەرەنسی " میشیل فۆكۆ" زۆر لە مێژە دەڵێت: هەقیقەت پێش میكانیزمەكانی بەرهەمهێنانی ناكەوێت، قەوارەو ماتەریاڵێك نییە لەشوێنێكی دیاریكراوداو بیدۆزینەوە. هەقیقەت ئەوەیە كە خۆمان دروستی دەكەین، لەدەرەوەی گەمەكانی گوتاردا نییە، بەڵكو بەرهەمی قەناعەت و توانا مەعریفی و فكری و زمانەوانییەكانمانە، زادەی وێنەو تێرم و بینراو و ناولێنراوەكانمانە، زۆرجاریش بەرئەنجامی ئیرادە دەسەڵاتخوازییەكان و ئارەزووە تێرنەبووەكان و ئەنگێزە نەرجسییەكانمانە، لەمانەش زیاتر هەڵقوڵاوی كۆمەڵێك وەهم و سروت و ترادسیۆنی عەقڵی و كۆمەڵایەتیمانە.
هەرچی " محەمەد ئارگۆن"ە، دەڵێ: ئێمە واتێدەگەین هەقیقەتی مرۆڤ ئەوەیە كە، هەمیشە بە دوای هەقیقەتەوەیە!، واتە هەقیقەت لە هەموو هەلومەرجێكدا خواستی لەسەربێت و مرۆڤ بەبێ هەقیقەت بەختەوەر نەژی، ئەمەش وەهمە.
لای بەشێک لە کەسە (سیاسی)و میدیاكارە نەفام و توندڕەوەكانی ئێمە ئەم سەرنجانە یەك پولی قەڵپ ناهێنن. ئیشی ئەوان کورتبۆتەوە لەوەی هەر ماوەیەو بە ناوی هەقیقەتەوە مرۆڤەكان و هاووڵاتیانمان بكەن بە دوژمنی یەكتر، كولتورێكی ئەستوور لەرق و كینەیان لەنێواندا بڵاو بكەنەوە، لافاوێك خوێن بڕێژن، ئەمانە بۆ ئەوەی هەقیقەتی فشۆڵی خۆیان سەروەر بكەن و بیسەلمێنن کە لەسەر رێگای راستن، دەبێ رێگای ژیانی ئەوانیتر كوێربكەنەوەو بیانێرن بۆ دۆزەخ.
بە درێژایی مێژوو، خواستنی توندڕەوانەی هەقیقەت مرۆڤی هەرزەو دەمارگیرو شەڕانی بەرهەمهێناوە، ئەم مرۆڤانە زۆرجار كۆیلەی سیستمێكی ئەخلاقی و سیاسی و فكرین و چاویان بە كەسدا هەڵنایەت كە سەربە هەمان مەنزومەی خۆیان نەبێت، بۆیە دەبینی لەدواییدا پرۆژەیان تەنها وێرانكردن و سڕینەوەو تێکدانی ئارامی و ئاشتیی کۆمەڵایەتییە، واتە فۆرمێک لە فۆرمەکانی فاشیزم، فاشیزمێك كە بۆ ئەوەی بزانێت هەیە، دەبێ هەموو مرۆڤ و كۆمەڵگاو جیهان و گەردوون لە فكرو روانگەوە ئەوەوە ببینرێن و بەهاو نرخیان هەبێت..!