Draw Media

هۆکاری ژانی زۆرینەی ژن، ژنەکان خۆیانن!

هۆکاری ژانی زۆرینەی ژن، ژنەکان خۆیانن!

2022-10-26 15:27:43


حسێن عه‌لی شه‌ریف

میمکە سەلەم هەمیشە لە ناو ژنەکانی گەڕەکدا ئەیگوت: ئەومە قوروانەکەی عەنوەر و ناسیح، بەخوا لەم بنەماڵەی یەمەدا بەس ئەو دووانە پیاون و لەژن ئەدەن! دوای دوانزە ساڵ کە بۆ یەکەم جار گەڕامەوە کوردستان، بەبەرچاوی ژنەکانی خانەوادەکەمەوە، کوڕە یەک ساڵانەکەم پاک کردەوە، دواتر بیستم کە زۆرینەی ژنەکان گوتبویان: خۆزگا دوانزە ساڵی تریش نەهاتایەتەوە!

کە ژینا ئەمینی بەدەستی پۆلیسی ئادابی بێ ئەدەبی ئێران شەهیدکرا، ژنانی رۆژهەڵات و ژنانی ئێرانی نەهاتن و لە ژێر هەواڵی شەهیدبونەکەیەوە بنوسن: ئەگەر شتێکی نەکردوە بۆ ئەیکوژن! نەهاتن و بنوسن: دەستی پۆلیسەکان خۆشبێت، نەهاتن ببنە تەرەفداری جەڵلاد بەرانبەر جەڵدەلێدراو! هەربۆیە ئەبینین شۆڕشی ژینا، نەک رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکو تەواوی ئێران و ناوچەکەشی خستۆتە بەر شەپۆلی گۆڕانکاری!

سەرکەوتوویی شۆڕشی ژینا هۆکارەکەی بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە کە ژن بوە پشتی ژن، ژن بوو بە دەنگی ژن! بە درێژایی ئەم سی ساڵەی دوایی لە باشوری ئێمەدا هەزاران ژن کوژران، بەڵام تیرۆری هیچ ژنێک نەبوو بە خەمی ژنێکی تر! هەزاران ژینا نەوتیان کرد بە خۆیاندا و ژنانی تر لەبری ئەوەی دەستیان بگرن، شقارتەیان دایە دەستیان!

ژنانی ئێمە ڕۆژانە بە باڵای ئەو شاعیرە ڕۆمانسییانەدا هەڵئەدەن کە شیعر بۆ مەمکی ژنانی تر ئەڵێن و شەق لە ژنی خۆیان هەڵئەدەن! ژنانی ئێمە ڕۆژانە ڤیدیۆی ئەو مەلایانە پۆستئەکەن، کە ژنان بە فیتنە ناوئەبەن و دژی بۆنی خۆش و چونەدەرەوەی ژنەکانن! ژنانی ئێمە خۆیان بونەتە بەڵا بۆ گیانی خۆیان، ژنانی بە ناو پارێزەری مافی ژنانی ئێمە، لەبری ئەوەی ژنان فێری شۆڕش بکەن، هەوڵئەدەن فێری کێشانی جگەرەیان بکەن! لەبری ئەوەی ژنانی ئێمە فێری ئەرک و ماف و گرنگی خێزانبکەن، تەنها و تەنها ئەو وانەیان پێئەڵین کە چۆن دژی پیاوەکان بوەستن!

ژنە بێژەری تەلەفزیۆنمان، بەدیار ئیهانە و بوختان بۆ دروستکردنی پیاوێکی بە حساب شاعیر لە دژی ژنە کۆنەکەی، دەم پان ئەکاتەوە و پێئەکەنێت! ژنێکی داماوی وەک میمکە سەلەم ئەکەن بە پاڵەوانی شاشە و سۆسیال میدیا و زۆرینەی ئەوانەی ئەڵێن : وەڵا ڕاستئەکات، هەر ژنن! خوشکە چاوی بەوەدا هەڵنایەت براکەی لەگەڵ ژنەکەی باشبێت، خەسوە بەبێ هیچ هۆکارێک ڕقی لە بوکە، ژنە هەمیشە هەوڵئەدات خوشکی مێردەکەی تۆراو و تێهەڵدراوبێت!

ژنە هەمیشە بە قسەی ناشیرین ژن ئەشکێنێت، ژنە کە چاوی بەوەدا هەڵنایەت کە ژنێکی تر بە جوانی و سەرکەوتویی ببینێت! لە پشت ساردی و توڕەیی زۆرینەی پیاوانەوە بەرانبەر ژن و کچەکەی، ژنێکی تر هەیە! ژنە ئەچێتە سەر ژن، ژنە چاوی بە خۆشی ژنێکی تردا هەڵنایەت! هەتا ڕقی ژن لەژن لە مێشکی ژنی ئێمەدا نەگۆڕدرێت بە خۆشەویستی ژن بۆ ژن، هەتا دەستگرتنی یەکتر نەچێتە جێگای ملشکاندنی یەکتر ئیمکان نیە لەم خاکەی ئێمەدا مەرگی هیچ ژینایەک بچوکترین گۆڕانکاری دروستبکات!

دەرد هەر خۆتانن و دەرمانیش هەر لای خۆتانە، چاوەڕێ مەکەن هیچ ژنێکی ناژن و هیچ پیاوێکی ناپیاو ببنە دەمڕاست و پەناتان!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand