Draw Media

چۆنێتی ڕزگاربوونی ئەم دەڤەرە لە زوڵمەکانی حکومەتی هەرێم؟!

چۆنێتی ڕزگاربوونی ئەم دەڤەرە لە زوڵمەکانی حکومەتی هەرێم؟!

2022-10-29 14:26:26


به‌یار عومه‌ر

لە زۆنی زەرد، ڕێگاکانی (هەولێر - دهۆک - زاخۆ)و (خەلیفان - سپیلک) بەردەوام کاریان تێدا دەکرێت و سیمای ڕێگاوبانە پێشکەوتووەکانی جیهانیان هەیە. لە زۆنی سەوز، ڕێگاکانی (کفری- کەلار- دەربەندیخان - سلێمانی)و (قەڵادزێ - ڕانیە - سلێمانی)و (هەڵەبجە - سەید سادق - سلێمانی) هەتا ئێستا ڕێگای مەرگن و لە ئاستی ڕێگاوبانی وڵاتە هەژارو دواکەوتووەکاندان.
لە هەولێر، بەنداوەکانی (گۆمەسپان)، (مەنداوە نزیک بێخمە لەسەر زێی گەورە)، (شەوگێڕ) (ئاقوبان)و (ڕەواندوز) + لە دهۆک، بەنداوەکانی (خەنس لە شێخان)، (سبنە لە ئامێدی)، (گەلی بەنداوە لە سمێڵ)، (گەلی بیدۆهێ)، (دێرەلوک)و (کەشکان) بەردەوام کاریان تێدا دەکرێت.

لە سلێمانی، بەنداوەکانی (چەقچەق)، (کەوڵۆس لە سەید سادق)، (خێوەتە لەسەر زێی بچوک)، (زەلان لەسەر چەمی قەڵاچوالان)، (دەڵگە لە قەڵادزێ لەسەر زێی بچوک)، (باسەڕە لە دێلێژە لە قەرەداغ)، (ڕۆخانە لە سەنگاو)، (دێوانە لە دەربەندیخان)، (باوەنور لە نێوان دەربەندیخان و کەلار لەسەر ئاوی سیروان)، (بەردەسور لە کەلار)و (خۆرنەوازان لە کفری لەسەر ئاوە سپی) بەهۆی بڕینی بودجەوە، کاریان تێدا ناکرێت.
بۆ ئەوەی ئابڵوقەی سەر سلێمانی قورستر بکەن و دەرگای زیاتری لێ دابخەن، داهاتی مەرزەکانی پەروێزخان و باشماخ بەرەو وشکبوون ئەبەن و تەنها گرنگی بە حاجی ئۆمەران ئەدەن. لە زۆنی سەوزدا، نەسریەو بودجەی فەرمانگەکانیان بڕیوەو نزیکەی هەزار پرۆژە وەستاون و هەزار بەڵێندەر مایەپوچ بوون.
بۆ هێڵی شەمەندەفەریش، دەیانەوێت دەڤەری سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕینی لێ بێبەش بکەن. ئەکرێت ئەمە بە حکومەتێکی نیشتیمانپەروەرو سەنگین دابنرێت؟!
ڕقئەستوری حزبی بەعس بەرامبەر پارێزگای سلێمانی کە سەرەڕمی شۆڕش بوو، گەیشتە ئەوەی کە نەخۆشخانەی گەورە تەنها لە پارێزگای سلێمانیدا جێبەجێ نەکەن و زانکۆی سلێمانیش بەرنە هەولێر. بەڵام ڕەوشەکە نەگەیشتە ئەوەی کە حەب و دەرمانی لێ ببڕن. ئەمە زادەی ڕۆچونی ئەخلاقی سیاسییە، کە ڕوپۆشکراوە بە دەلەسەی کوردایەتی و فریوی سەربەخۆیی.
دەمێکە هاوار ئەکەین کە ئەم دەڤەرە بە چاوی ڕق و بە نیەتی سزاوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. هەژارکردنی ئەم دەڤەرەو خەلکەکەی بووە بە عورف؛ هیچ چارەسەرێک نەماوەتەوە، جگە لە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئابوری.
ورەبەردان و دۆشدامان نامانگەیەنێت بە ئامانج؛ خاڵی وەرچەرخان، جوڵاندنی مەلەفی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانییە، کە ئیمزاکانی لە بەغدایەو بەهۆی لۆبی پارتی و کڕینەوەی کاربەدەستانەوە، ئاستەنگی بۆ دروستکراوە.
هاوزەمان لەگەڵ ئەو هەوڵانەدا، کاربکرێت بۆ ئەوەی کە نەوت و گازی ئەم دەڤەرە لەڕێی دامەزراوەیەکی هاوبەش (لە نێوان پارێزگای سلێمانی و حکومەتی ناوەندی) بفرۆشرێت، و لەژێر چاودێری پەرلەمانی عێراقدا بێت، کە پەرلەمانێکی کاراترە لەوەی هەرێم. ئەکرێت لە پارەی نەوت و گازی ئەم دەڤەرە، موچەو پرۆژە خزمەتگوزارییەکان جێبەجێبکرێن و پەرە بە ژێرخانی ئابوری و بژێوی هاوڵاتیان بدرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand