Draw Media

فدبۆڵ، عێراق و ئینتیما ..!

فدبۆڵ، عێراق و ئینتیما ..!

2023-01-20 08:59:17


عه‌بدولڕه‌زاق شه‌ریف

سەرەتای مانگی یەکی ساڵی هەشتاوهەشت، ئێمە دەستەیەک لە سێ کەرتی جیاوازی پێشمەرگەکانی تیپی تایبەتی مەڵبەندی یەکی سلێمانی بەهەورازەکەی زنجیرە چیای چەرماوەندەوە، بەرەو ئەودیوی دۆڵی جافایەتی و جەبهەی فراوانی قەیوان ماوەت دەچوین.
محەمەد قاسم، رادیۆکەی بەدەستەوەوەو لەبناگوێدا، لە هاتوهاواردا بو، فتبۆڵێنی نێوان عێراق و کوەیت (خولی خەلیجی عەرەبی یان فارسی) بو، کە ئێستا جەدەلی نێودەوڵەتی لەسەر ناوەکەی دروستبوە! لەبەقای هەتاوی تاوێرێکی هەورازی ئەو زنارەدا پشویەکماندا، ئەو پڕ بەگەروی لەگەڵ دەنگی موئەید بەدریدا، هاواری بۆ ئەحمەد رازی و بردنەوەی تیمی عێراقی لە گەمەکەدا دەکرد !
- تۆ خانەقینیت و ئاسەواری تەعریبت پێوە دیارە 
من ئەو قسەیەم کردو ئەو قوشقی بو...
زیاتر لەوە وتم ئاخ رۆژێک ئەو تیمی فدبۆڵەی عێراق بکەوێتە کەمینێکمانەوەو یەکەم کەسیان ئەو ئەحمەد رازیە گولـلەباران بکەین.
- ئنجا خۆ هەمو کەرتەکە لەسەر ئەحمەد رازی ئەکوژم.
وەڵامەکەی محەمەد قاسم لەدڵ و دەرونەوە بو، قسەکانی من شۆخی و توڕەکردنی ئەو بو.
چەند هەفتەیەکی کەم و لەپەلاماری هێزە تایبەتەکانی لیوای شەست و پێنج و شەشت و شەشی هێزە تایبەتەکانی سوپای عێراق بۆ سەنگەرەکانمان کە بە (لیوای سەدامی زەهەبی ناسراوبون) لە شاخی کونەکۆتر محەمەد قاسم بەیەک هەنگاو لەتەنیشت خۆمەوە شەهید بو، لاشەکەیمان لە گوندی چۆخماخ ناشت، نازانم تائێستا تەرمەکە براوەتەوە زێدی خۆی یان نا ..!
دوای ئەنفالەکان و مانەوەمان لە گەرمیان، کاک قادری حاجی عەلی وەک لێپرسراوی یەکەمی مەڵبەندی یەک، لیستی ناوی چەند خۆفرۆش و خائینێکی بە کاک سوهاد خانەقینی فەرماندەمان دابو، راشیسپاردبو هەرکات رێگەمان کەوتە شاری سلێمانی و دەوروبەری چەند بتوانین و دەرفەت هەبێت وەک ئەوسا ئەیانوت (بەسزای گەل و شۆڕشیان بگەیەنین).
دەردەسەری و بێ جێگەونانی وایکرد لەتخوبەکانی شاری سلێمانی و چەمی تانجەرۆ و جارجاریش ناو شاری سلێمانی لەنگەر بگرین. لەمشوری ئەوەدابوین فەرمانی لێپرسراوی مەڵبەند جێبەجێ بکەین ! بەو مەبەستە هەریەک لای خۆمانەوە لەگەڵ دۆست و خزم و رێکخستنەکانی کۆمەڵە کەوتینە سۆراغ و پرسیار، هەموان قورس و گرانی چالاکیەکی وایان بۆ سزادانی ئەو کەسانە باسدەکرد، بەتایبەت ناوەکان زۆریان سەرۆک جاش و ئامر مەفرەزەی تەواری بون و لەو سەروەختەیا کارێکی سەخت بو، بۆ ژیان و مانەوەی تەواوی مەفرەزەکەشمان مەترسیدار بو.
یەکێک لە پێشنیازەکانی هاوڕێیەکی رێکخستنی سلێمانی ئەوەبو کە ئەحمەد رازی بکوژین ..!
- ئەو کچی پیاوێکی ناوداری شار دەستگیرانێتی و هەمو هەفتەیەک و لەرۆژانی پشو لەبەغداوە دێتە دیەنی و لەو ماڵە دەمێنێتەوە .
من کاتی خۆی و کە لەبەغدا دەمخوێند، چیرۆکی خۆشەویستی ئەحمەد رازی و ئەو کچە کوردەم بیستبو، بۆیە یەکسەر بڕوام بە قسەکانی ئەو هاوڕێیە هێنا، وتم باشترین چالاکیە کە لەسەرتاسەری عێراقدا دەنگ ئەداتەوە.
دوو شەوی پشوی هەفتە لەگەڕەکی رزگاری بەهاوکاری هاوڕێکانمان لە رێکخستنی کۆمەڵە بۆی دانیشتین، پێدەچو سەفەرو قەدەری ئەو بەنسیبی سزاکە نەبوبێت، بەڵام هەمو ئەو دەیقەو سەعاتانەی بەتاریکی لە کۆڵانەکەی پشتی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی شار لە خەیاڵی ترس و تۆڵەو تەقەو قوتاربونا بوم، محەمەد قاسمی شەهیدی هاوڕێم لەتەنیشتمەوە بو !  بێگوێدانە خۆشەویستی ئەو بۆ ئەحمەد رازی ! ئەم ویست پێی بڵێم :
" شۆخی بو خەونەکەی کەڵکی قزلەرو هەورازی چەرماوەند بەڵام هاتەدی" 
ئەمویست بۆی بسەلمێنم کە خۆشەویستی ئەو بۆ عێراق هەڵە بوەو کوشتنی ئەم عێراقە رێگە راستەقینەکەیە .!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand