Draw Media

لاهوریش کودتایەک قەرزدارە

لاهوریش کودتایەک قەرزدارە

2023-01-13 09:34:14


رێبوار کەریم وەلی

قەت وەزعی ناوچەی ژێر دەستەڵاتی جووت برا بەقەدەر ئێستا خراپ نەبووە. ئەگەرچی ئێستا بڕیارەکان لە مەستیدا نادرێن و میستەر گەڕاوەتەوە لای سەلەفی و موجاهیدەکان و تۆبەی کردووە و بووە (سۆشیال ئیسلامی)، بەڵام خەڵک هاواری لێهەستاوە کە تکایە چاکی مەکەن با ئەوەی ماویشە تێک نەچێ.!
*
جووت برا، خۆیان دەستێکیان لە بینەقاقای خەڵک ناوە و، دەستەکەی دیکەیان لەناو گیرفانی خەڵکدایە خەڵکێک کە وایلکراوە بە فلس بڵێ فەتتاح بەگ! کەچی هەر باسی بڕینی دەستەکان دەکەن. پێدەچێ مەبەستیان لە دەستی ئەو خەڵکە بێت کە لە هینەکانی ئەوان گیر بووە!
*
حوکمی جووت برا ئەو نەزەڕییەی بەتاڵ کردەوە کە دەیانگوت تا یەک یەکێتیش مابێ ئەو دەڤەرە نابێتە موڵکی پارتی؛ نەک دەڤەرەکەیان لەسەر سینیی زێڕ پێشکەشی پارتی کرد، بگرە ئەو تاقە یەکێتییەش ئەگەر بمێنێ، دوایی دەردەکەوێ کە پێشتر بە نهێنی پەیوەندیی بە پارتییەوە کردووە!
*
کوڕانی تاڵەبانی لە هەشتی تەمموز کودتایان کرد، بەڵام مەشروعیەتی ئەوان لە گۆڕەپانی سیاسی و حوکمڕانیدا، تا ئەو شوێنەیە کە پارتی بۆیان دیاری دەکات. ئەگەر لە رابردوودا و دوای نەمانی تاڵەبانی یەکێتی پشووی پارتیی سوار کردبێ هی ئەوە بووە کە لە بەغدا دەیانتوانی بەڕە لە ژێر پێی پارتی دەربێنن. لە کوردستانیش بەهەر حیلە و حەواڵەیەک بێیەکێتی وەک حزبی دووەم لە سندوقی دەنگدان بێتە دەرێ.
*
پارتی چیتر مودارا ناکات. جووت براش نە وەزعەکەیان پێ ئیدارە دەدرێ و نە ئیدارەشیان پێ دروست دەکرێ! ئەوەی ئەوان لە بەغدا بەتەمان بیکەن، پارتی بە حەملەیەک ریسەکەیان لێدەکاتەوە خوری.
*
پوختەی کەلام ئەوەیە ئەگەر کودتات کرد، دەبێ چاوەڕێ بکەی کودتات بەسەردا بکرێت.
*
کێشەکانی یەکێتی و پارتی تازە نین و کۆنیش نابن، کێشەی بنچینەیی چڕ بوونەوەی هێزە بە شێوەیەکی ناشەرعی، کە دەبێ ئەم هێزە بەهەر رێگەیەک بێت زوو یان درەنگ بەرزەفت بکرێ، ئەگەرنا وەک لە رابردووشدا گوتومە سلێمانی دەکەن بە مەڵبەندێکی چەشنی حوسییەکانی یەمەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand