شێركۆ وەهبی لە پەراوێزی سوتاندنی کتێبی قورئان لە سوید بەر لە هەموو شتێک دەبێت پرسیار لەخۆت بکەیت ئاین بۆچی هاتووە؟ خودا بۆچی پەیامبەری ناردووە؟ وەڵامەکەی ڕونوئاشکرایە: پەرستنی خودای دلۆڤان، چاککردنی دڵوگیانی مرۆڤ، هێنانە کایەی عەدالەتی کۆمەڵایەتی، نەهێشتنی زوڵم و زۆر، فەراهەمکردنی یەکسانی، برایەتی و تەبایی و ڕێز لە نێو مرۆڤەکاندا هەروەها بەهەدەرنەدانی سامانی نیشتیمانی. بەندە ئەنتی ئیسلامی نیە، من باوکم ئیماندارێکی بێوێنە بوو ئاخر باوکی من یەکەم کوردە کتێبێک لەسەر تەجویدی قورئان بنوسێت. مەلاعەزیزی باپیرە گەورەمان یەکەمین کەسە لە شاری سلێمانی حوجرە دانێت. چی ڕەوشتی بەرزە لە باوکمدا هەبوو، ئەو بە هێمنی دەدوا، دەستپاک و داوێنپاک بوو، پەرداخێک ئاوت بدایە بە باوکم بە سێ قوم دەیخواردەوە چونکی ئەو دەیویست هەموو سونەتەکانی پەیامبەر جێبەجێ بکات. سوپاس بۆ خودا، باوکم موسوڵمانێکی تونڕەو نەبوو ئەو دەیگوت "أگلب العلم و لو کان فی الصین" بۆیە هەموو منداڵەکانی بە کچ و کوڕەوە ناردە بەر خوێندن، شوکور بۆ خودا خوێندەوارین و هەر کەسەمان بە گوێرەی توانا خزمەتی کۆمەڵگامان کردووە. ئاین باش تینەگەیت جگە لەوەی چاوت کوێر دەکات، کەڕو لاڵیشت دەکات. کاتێک تۆ ئاینێک پەسەند دەکەیت مانای وایە تۆ باوەڕ بە خودا و پایامبەرەکەی دەهێنیت و ئەرکە ئاینیەکانت بەجێدەهێنیت. دەبێت خودای خۆت خۆشبوێت، دەشێت کاتێک سوجدەت دەبەیت و چاوت دادەخەیت، خودای خۆت بێتە بەر چاو، داوا بکەیت لە گوناهەکانت خۆش بێت. باوکم خواپەرستێکی ڕاستەقینە بوو، هەردەم خەریکی ویردو سەڵاوات بوو، بەڵام دەشیگوت "هەچ کەسە و دەچێتە گۆڕی خۆی، دەیگوت ئەگەر ئاینت کرد بە سیاسەت ئەوا مەبەست و ناواخنەکەی لەدەست دەدەیت". موسوڵمانی ڕاستەقینە خودای خۆی دەپەرستێت و موزایەدە بەسەر کەسانی تردا ناکات، موسوڵمانی ڕاستەقینە ڕیا ناکات بۆ ئەوەی پێی بڵێن لە هەموو کەس موسوڵمانترە. من ٣٨ ساڵە لە سوید دەژیم. لە ناو میللەتێکی ڕەوشت بەرزی، میهرەبانی مرۆڤدۆستدا ژیان دەگوزەرێنم. سوید یەکەمین وڵاتە لە وەرگرتنی زۆرترین ژمارەی پەنابەردا، جگە لە بەسەرکردنەوەی کەسانی داماو، پیر و پەککەوتە، کەم ئەندام، تەنانەت شێت و وێتیش. سویدیەکان جیاوازی لە نێوان هەژار و دەوڵەمەندا ناکەن، لەم ووڵاتە جیاوزی لە نێوان وەزیر و گزیردا نیە، تەنانەت پاشای سویدیش بە ناوی خۆیەوە بانگ دەکەن نەک بە کاک یان گەورەم، نە سەرۆک هەیە نە ڕێزدار! لێرە میللەت باوکی نیە، لێرە دەسەڵات هێز لە میللەتەوە بەدەست دەهێنێت. مرۆڤی سویدی ڕێز لە پیاو، ژن، منداڵ و پیر وەک یەک دەگرن. خانەی پەککەوتە و پیرانیان دەڵێیت ئوتێلی پێنج ئەستێرەیە. کەس نیە لە سوید بێلانە بێت مەگەر خۆی بیەوێت لەسەر جادە بژی. هەموو هەوڵوتوانای دەسەڵاتدارانی سوید بۆ فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانیە. ساڵانە سوید بە ملیارەها کرۆنی سوید دەدات بە پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ووڵاتە هەژارەکان . ئەوان ڕێز لە هەموو بیروباوەڕێک دەگرن بەبێ جیاوازی. ئیمامی ئەزهەر (شێخ محمد عبده) ساڵی ١٨٨١ی میلادی دەچیت بۆ پاریس ئاوا باسی وولاتە ڕۆژئاواییەکان دەکات "ژهبت للغرب فوجدت إسلاماً ولم أجد مسلمین ولما عدت للشرق وجدت مسلمین ولكن لم أجد إسلاماً". منیش کاتێک ساڵی ١٩٨٥ هاتمە سوید تەنها ٢ مزگەوتی تێدا بوو ئێستا ٣١٨ مزگەوت لە سویددا هەیە. ئایا ئەمانە هەمووی نیشانەی ئەوە نیە کە دەوڵەتی سوید و ووڵاتانی ڕۆژئاوا ڕێزی تایبەتی لە ئاینی ئیسلام و هەموو ئاینەکانی تر دەگرن؟ بە بێ جیاوازی؟ ئەمەش زادەی ئەو عەلمانیەتەیە کە هەموو ڕۆژێک لە مزگەوتەکانمانەوە دوای نوێژکردن هیوای ژێرکەوتنیان بۆ دەخوازین " الهم أنصرنا علی قوم الکافرین". هەموومان دەزانین ئەوانەی ئێمە بە کافریان دەزانین لە ئێمە زیاتر ڕێز لە مافی مرۆڤ دەگرن، ئەوان خۆیان بەدوور دەگرن لە جەنگ، لە بەکارهێنانی توندوتیژی، هەمیشە کاری خێرو خێرخوازی دەکەن، نەک تەنها لە بۆنەکاندا! تەنانەت ڕێزی ئاژەڵیشیان لایە. سەرباری ئەوەش زوربەی ووڵاتانی ڕۆژاوا خاوەنی چەکی ئەتۆمین، ئەگەر ڕقیان لە ئیسلام و لەناوبردنی موسوڵمانان بوایە بە یەک ڕۆژ بە بۆمبی ئەتۆمی دنیای ئیسلامیان ژێرەوژوور دەکرد، ئەمە لە کاتێکدا ئێران کە توانی چەند موشەکە شڕێک دروستکا لە سەردەمی ئەحمەدی نەژاددا هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیلی لەسەر نەخشە دەکرد، ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ئێرانیش دەریانخست ئەو ڕژێمە بەناو ئیسلامیە چەند دڕندەیە، ئەردوگانیش تا ئێستە فریاکەوتووە تەنها نزیکەی نیو ملیۆن کەس بخزێنێتە بەندیخانەوە! کە زوربەیان مرۆڤی سادە و خۆشەویست و ڕۆشنبیرن، هەروەها لوتی لە کاروباری چەندین ووڵاتیش ژەنیوە و ناهێڵێت بە ئیسراحەت دانیشن، سوریا بە نمونە، ئا ئەوەیە ئیسلامچێتیەکەیان.. لە نێو دەستوری سویدیدا چوار یاسای سەرەکی هەیە کە پێیان دەگوترێت یاسا بنەڕەتیەکان. شایەنی باسە، بۆ گۆڕینی هەر بڕگەیەک لەو چوار یاسایە، پێشنیارێکی پەرلەمانی گەرەکە، کە پێویستە دولەسەرسێی پەرلەمانتاران دەنگی بۆ بدەن، جا کە دەنگی بۆ درا پێشنیارە هەڵدەگیرێت بۆ خولی پەرلەمانی ئایندە و گۆڕانی حکومەت. خۆ ئەگەر لە پەرلەمانی ئایندەی نێوان دوو حکومەتدا دەنگی لەسەر درایەوە و دوولەسەر سێی دەنگی ئەندامانی بەدەست هێنا، ئەوجا یاساکە دێتە گۆڕان، واتە دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی دوو حکومەتی جیاوازی گەرەکە، کە ئەمەش وا دەکات گۆڕینی ئەو یاسایانە لە مەحاڵ مەحاڵتر بێت. چوار یاساکە بریتین لە: یاساکانی: ١. شێوازی حوکومڕانی،٢. ئازادی چاپەمەنی ، ٣. ئازادی ڕادەربڕین، ٤. یاسای پشتاوپشتکردنی پاشایەتی. سوید بۆ بەدەستهێنانی ئەم مافانە بۆ هاووڵاتیەکانی بە ڕاستی خەباتی سەخت و بێوچانی کردووە. ئازادی دەربڕینی بیروڕا و ئازادی چاپەمەنی واتای ئەوە دەگەیەنن کە مرۆڤ ئازادە لە دەربڕینی هەچ بیروڕایەک کە بیەوت لە ڕیگای بڵاوکردنەوەی لە ڕادیۆ، تەلەفزیۆن، فیلم، ڤیدیۆ و تۆماری دەنگی یان بە ئاشکرا، هەروەها لە ماڵپەڕ و ئینتەرنێتیشدا. من شەخسی خۆم بەداخەوەم بۆ کردەوەی کەسێکی وەک(ڕاسمۆس پالودان) و سوتاندنی قورئان، بەڵام ئەوە یاسایە دەرفەتی بۆ ڕەخساندوە کە قورئانێک بسووتێنێ وە کەسیش ناتوانێت ئەوەی لێ قەدەغە کات، بەداخەوە ئەم شتە بۆ بۆتە بابەتی غەوغا لە ووڵاتە ئیسلامیاکاندا و پەیتا پەیتا کۆبوونەوە و خۆپیشاندان لەبەردەم سەفارەتەکانی سویددا دەکرێت... لەم هەفتەیەدا کۆمەڵێک کورد لەبەردەم سەفارەتی سویددا لە لەندەن بڵندگۆیان دانا و دەستیان کرد بە قورئان خوێندن و قرئان بەرزکردنەوە... بێ ئەوەی بزانن ئەم کارەیان لە خزمەتی کێدایە. ڕاستتان دەوێت گەر بەدەست حکومەتی سوید بوایە، لەم کاتە ناسکەدا کە دەخوازن بچنە ناو ناتۆوە، هەرگیز ڕێگایان نەدەدا ڕاسمۆس شتی وا بکات، بەڵام هەچ کەسێک هەر بیروڕایەکی هەبوو بۆی هەیە بە چ شێوەیەک دەیخوازێت دەریبڕێت. بۆ زانیاریتان لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا هونەرمەندێکی سویدی چەندین وێنەی ڕوتی حەزرەتی عیسای کێشا و وەک کەسێکی هاوڕەگەزخواز ناوزەدی کرد، تەنانەت لە ناو کڵێسەیەکیشدا نمایشی کرد، دەوڵەتی سوید و یاسای سویدی نەیانتوانی ڕێگەی لێبگرن و کەسیش نەهاتە سەر جارە بۆ سوتاندنی تەڕو ووشک پێکەوە. هەتا یاسای ئازادی دەربڕینی بیروڕا لە ووڵاتای ڕۆژاوادا کارا بێت، ڕێگا دەدرێت چی دەخوازیت بیکەیت.... ئیترخۆ پیشاندان بێت، کتێب سوتاندن بێت یان..هتد. ئەو شتانە دەچێتە خانەی ئازادی دەربڕینی بیروڕاوە و تەنها یاسا دەتوانێت ڕێگەی لێبگرێت، نەک پۆلیس و جەندەرمە وەک ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەندا هەیە. لە ڕاستیدا کردارەکەش دەوڵەتی سوید ئەنجامی نەداوە بەڵکو تاکە کەسێکی ڕەگەزپەرستی دانیمارکی ئەوەی کردووە! بۆیە سوتانی ئاڵای سویدی گەمژەییە و خۆپیشاندان بەرامبەر سەفارەتی سوید گەوجیە. بۆ ئاگاداری، ئێمەی کورد بە پێی هەمان یاسا سەدان خۆپیشاندان و مانیفێستمان سازداوە دژ بە چەوساندنەوەی کورد لە عیراق، تورکیا، ئێران، سوریا ..هتد. هیودارم لەم کاتەدا لانی کەم مرۆڤی کورد بە دەهۆڵوزوڕنای ئەردۆگان و ئیسلامیە توندڕەوەکان هەڵنەپەڕن. ئەو خۆپیشاندانانە تەنها لە خزمەتی ئەردۆگاندایە نەک ئیسلام!! کەسێکی وەک ئەردوگان هەروەک چۆن حەزی دەکرد داعش دراوسێی بێت نەک کورد، ئاواش حەز دەکات بە پڕوپاگەندەی نادروست یاسای ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی چاپەمەنی لە ئەوروپادا نەمێنێت. دوژمنی باوەکوشتەی ئەردوگان و ووڵاتە تۆتالیتارە ئیسلامیەکان ئازادی ڕادەربڕینە. نازانم تا چ ڕادەیەک ئاگادارن لەوەی کە ئەوە (عوسمانی کوڕی عەفان) بوو یەکەمین جار قورئانی سوتاند وە قورئانێکی تری لە جێگای ئەسڵیەکە نوسیوە وناوی نا (مصحف عپمان) کەسیش لە گوڵ پاکتری پێنەگووت. (صدام حسین) لە ئەنجامدانی تاوانی ئەنفالدا ٤٥٠٠ گوندی تەخت کرد و قورئانەکانی ناو مزگەوتەکانی گڕتێبەردا ، هیچ ووڵاتێکی ئیسلامیش لەسەر کوردی موسوڵمان! نەهاتنە دەنگ. تورکیا کە ئەفرینی گرت هەزاران قورئانی نایە ژێر پێ و سوتانی، کەچی هیچ ڕژێمێکی ئیسلامی توندرەو یان میانڕەو نقەیان لێوە نەهات ، لە پاکستانیش لە تەقینەوەی مزگەوتەکەی هەفتەی ڕابردوودا سەدان کتێبی قورئان سوتا کەسیش خۆپیشاندانی نەکرد. بە کوردی و بە کورتی ئەوەی دەرهەق بە سوید دەکرێت کارێکی ناڕەوایە و مەرامێکی سیاسی چەپەڵی لە پشتەوەیە، ئەویش لەناوبردنی ئازادی بیروڕایە و هیچی تر. تکایە چاو و گوێت باش بکەرەوە و بزانە چی دەگوزەرێت، بۆ ئەوەی هەتا دنیا دنیایە گەمژەیی حەڵاڵ نەکەیت.
فازڵ كوردى زۆر لەمێژ بوو هەستمان بە داڕمانی سیستەمی دارایی و ئابوری لە عیراق و کوردستان کرد! بەڵام کەس گوێی نەگرت! ستی بانک یەکێکە لە بانکە گەورەکانی ئەمریکاو جیهان لە ساڵی ٢٠٠٧ ئامادەبوو بەهاوکاری مایکرۆسۆفت سیستەمی دارایی بە ئەلیکترۆنی بکات بۆ ڕێگرتن لە دزی و ڕاوڕوت و سپیکردنەوەی پارە بەقاجاغ! ڕێک وەک ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ لە عێراق و کوردستان کە ڕۆژانە بە دەیان ملیۆن دۆلار بە قاچاغ دەبردرێتە دەرەوەی سنورەکان. تەنها لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە (٤٠ ملیار) دۆلار دزراوەو بە قاچاغ ڕەوانەی وڵاتان کراوە! ئەمەی خوارەوە یەکیکە لە بیرەوەرییەکانم کە کاتی خۆی لە خەمی بە سیستەمکردنی سیستەمی دارایی و دراو بووم لە عێراق بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی. کوردستان و مایکرۆسۆفت و ستی بانک و فەرگەسۆن لە گەرمەی بایکۆتی سوننە لە حوکمڕانی عێراق و چالاکی چەکداری ڕۆژانەی گروپە چەکدارە تیرۆریستەکان لەدژی حکومەتی خۆجێیی و ناوەندو هێزەکانی ئەمریکا، بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ (کۆتا چارەگی ساڵی ٢٠٠٥ هەتا چارەگی یەکەمی ٢٠٠٧) بەڵێندەری حکومەتی ئەمریکا بووم لە موسڵ لەگەڵ (پی ئاڕ تی) وەک نوێنەری (یو ئێس ئەی ئای دی) بۆ کارکردن لەسەر تواناسازی حکومەتی خۆجێیی و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە لە هەموو بوارەکانی ژیان کە لەلایەن ئەمریکاوە بودجەی بۆ تەرخان کرابوو! بۆ زانیاری و بەرچاوڕوونی (پی ئاڕ تی نەینەوا) بەشێک بوو لە قونسوڵگەری موسڵ بۆ سەرپەرشتی پڕۆژەکانی هەر سێ پارێزگای نەینەواو دهۆک و هەولێر. (پی ئاڕ تی کەرکوک) بەشێک بوو لە قونسوڵگەری کەرکوک بۆ سەرپەرشتی پڕۆژەکانی هەر سێ پارێزگای کەرکوک و تکریت و سلێمانی. ئەوکات نە قونسوڵگەری هەولێر، نە (ئاڕ ئاڕ تی) بوونی نەبوو و دەستبەکار نەبوون، هەرێمی کوردستان سەر بە پی ئاڕ تی نەینەوا بوو. ئەوکات باری ئەمن و ئاسایش لە نەینەوا بەگشتی و ناو شاری موسڵ بەتایبەتی زۆر خراپ و ناجێگیر بوو، هەفتە نەبوو هاوەنباران نەکرێین یان مین و بۆمب نەچێندرێ لەسەر ڕێگامان لەلایەن چەکدارە توندڕەوە تیرۆریستە ئیسلامییەکان! ئەمریکا بە هەموو توانای هەوڵی بەرقەراری ئەمن و ئاسایشی دەدا لە موسڵ لەڕێگای پڕۆژەی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان لە شارەکە، بەجۆرێک داوا لە مایکرۆسۆفت و ستی بانک و کۆمپانیای تراکتۆری فارگەسۆن کرا وەک سێ وەبەرهێنەری زەبەلاح پڕۆژەی وەبەرهێنان بە چەندین ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان بکەن لە موسڵ! لە بەغدا تیمەکە ڕەوانهی موسڵ کران، پێشوازیم لە هەرسێ نوێنەرەکە کرد لە فڕۆکەخانی سەربازی کە بە فڕۆکەیەکی سەربازی لە بەغدا بۆ موسڵ نێردرابوون. لەماوەی مانەوە لە موسڵ و بۆ شارەزابوون لەباری ئەمنی و پڕۆژەکان لە کۆبوونەوەی ڕۆژانەی (پی ئاڕ تی) بەشدار بوون، سەردانی پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگامان کردو چەندینجار کۆبوونەوەمان ئەنجام دا، پێویستە بگوترێ کە لایەنی حکومی خۆجێی موسڵ زۆر هاوکاربوون بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکان! سەرئەنجام هەموومان گەیشتن بەوەی کە لەم بارودۆخە ئەمنیە خراپ و ناجێگیرە پڕۆژەکانی ئەوان لە موسڵ جێبەجێ ناکرێ و تیمەکە بڕیاری گەڕانەوەیان دا بۆ بەغدا! بەڵام من هەولێرم پێشنیار کرد وەک شارێکی ئارام و ئەلتەرناتیڤێک بۆ موسڵ هەتا بارودۆخی شارەکە چاک دەبێ! بیرۆکەکەی منیان پەسەند کردو دەستمان کرد بە ئامادەکاری و پلاندانان بە تەنسیق لەگەڵ ئۆفیسی (یو ئێس ئەی ئای دی) هەولێرو پەیوندیکردن لەگەڵ حکومەتی خۆجێی و پارێزگارو وەزارەتە پەیوەندیدارەکان. لە ئۆفیسی هەولێر پێیان ڕاگەیانین کە هەموو ئامادەکارییەک کراوەو حکومەتی هەرێم چاوەڕێی سەردانی سێ نوێنەرەکەن بۆ هەولێر! بە کاروانێکی سێ ئوتومبێلی سەربازی و سترایکەرێک بەیانی زوو بەڕێکەوتین بەڵام لە ناوچەی پیشەسازی کەوتینە بەر دەستڕێژی گولەو (ئاڕ پی جی)! بڕیاری سەربازی گەڕانەوە بوو بۆ ناوشار بۆ ئەوەی ئەمجارەیان لە دەروازەی ڕۆژهەڵاتی موسڵ دەرچین، بەهەمانشێوە لەناو تاقی دەروازەکەش کە پێکهاتبوو لە دوو تاق بۆمبیان چاندبوو پێمان تەقیەوە. "لە ڕوداوێکی هاوشێوە، جارێکی تر لەنیوان موسڵ و تەلەعفەر بۆمبێکی تریش لەژێر کاروانە هەمڤیەکەمان تەقیەوە"!! بەهەرچی چۆنێک بێ گەیشتینە ئۆفیسی هەولێر، بۆ پاشنیوەڕۆ بڕیار بوو کۆبوونەوە بکەین لەگەڵ لایەنی حکومی بەڵام بەبێ ئاگادارکردنەوە نەهاتن! بۆ بەیانی بڕیاردرا کە ئێمە بچین بۆ لای ئەوان، ئەویشیان هەڵوەشاندەوە! دەستی دەستیان پێکردین بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەبێ ئەوەی هیچ بەرپرسێک ببینین! لە دوایین ڕۆژ نوێنەری پەیوەندییەکان لە حکومەتی هەرێم پەیوەندیان کرد بە ئۆفیسی هەولێرو پێیانوتن بە قسەی خۆیان کە ئەو پارەیەی تەرخان کراوە بۆ ئەم پرۆژانە پێویستە بدرێ بە وەزارەتەکانی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی خۆیان پڕۆژەکان جێبەجێ بکەن، هەر لەلایەن خۆیان چەند کەسێکی سەرپەرشتیاری کارگێڕیش دادەنێن بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی وەبەرهێنەرەکان بکەن!! ئەم داوایە لەلایەن هەرسێ کۆمپانیا ڕەتکرایەوەو ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییە باشانە لەدەستچوو، چونکە لە بنەڕەتدا پڕۆژەکان بۆ تواناسازی و بوژاندنەوەی کەرتی تایبەت بوو بە هاوکاری حکومەت!!
لهتیف فاتیح فهرهج پارتی و یهكێتی دۆخی ههرێمیان گهیاندوهته ئاستێكی زۆر مهترسیدار ، شێوازی مامهڵه كردنی پارتی له گهڵ یهكێتی له ئێستادا كوشتنه بهشیرینی ، لهلایهكهوه دێنه مهكتهبی سیاسی یهكێتی و دهستی یهكێتیهكان دهگوشن ، لهلایهكی دیكهشهوه دهیانهوێ به ههرجۆرێك بێت ئاگر له ماڵی یهكێتی بهربدهن ، تا ههشتی تهموزی ههڵوهشانهوهی یهكێتی "8ی تهموزی 2021"پارتی زۆر سهرسهختانهو له ههموو رێگهیهكهوه دژایهتی لاهوری شێخ جهنگی دهكرد ، ئهو پیاوهی له یهكدووجارداو له ئهگهری نزیكی كهوتنی ههولێردا فریای پارتی كهوت و ههرئهویش كاتی خۆی مهخموری له داعش پاككردهوه ، بهڵام هیچ یهك لهو كارانه بهس نهبوون بۆ ئهوهی پارتی له ڕێگهی فهڕمی و نافهڕمیهوه لێینهدات ، له دوای ئهو دیرۆكهوه پارتی به شێوهیهك لولهی هێرشه میدیاییه مهترسیدارهكهی له سهر لاهوری شێخ جهنگی و نزیكهكانی ئهو گوازتهوه بۆ سهر ئامۆزاكهی ،ئهمه له كاتێكا ههرگیز ئامۆزاكان نهیانتوانی لۆژیكیانهو به ئاوهزهوه ئهو گیرو گرفتانهی نێوانیان چارهسهر بكهن ،لهو كاتهوه پارتی له ههوڵی كهوی كردنی لایهنگرانی لاهوری شێخ جهنگیدایهو لهو كاتهوه دهیان سیناریۆ بهڕێخراوهو لهولاشهوه داوای دانوستان و گفت و گۆ دهكرێت ، كوشتنه تهموومژاوی و نائاكاریهكانی ههر یهك له موراد كانیكوردهی ، هاوكار جاف و روداوهكانی ئهم دوایانه هیچیان لهوه ناچن ههڕهمهكی و بێبهرنامه بن ، ههڵبهت بهشێكی گرنگی ئهو كارانهش بۆ شێواندن و ههڵوهشانهوهی نێو ماڵی یهكێتیه ، ئێ ئهوهشمان بیر نهچێت به نهدۆزینهوهی چارهسهرو نهگهڕانهوه بۆ ئاوهز یهكێتی خۆیشی بهشداره لهو وێرانكاره خودیهدا . مامهڵهی پارتی لهگهڵ یهكێتی مامهڵهیهكی رون و راشكاو نیه و رێك لهو كاتهدا كه له گهڵ یهكێتی دادهنیشێت بیر له پلانێكی تری تێكدان دهكاتهوه ، ئهمه یان به بهرنامهو گشتیه ، یان له راستیدا له ناو پارتیدا ناكۆكیهكی قوڵ له سهر مامهڵه كردن له گهڵ یهكێتی ههیهو ههموو ههنگاوێكی ئهو باڵهی پلانهكان بهڕێوه دهبات ، بهر لهوهی دژی یهكێتی بێت ، دژی باڵێكی تری نێو پارتیه ، ئهمه راستیهكهو كهس ناتوانێ نكوڵی لیێبكات ،مهگهر ئهوانهی لهبنهڕهتا بۆ پهره پێدانی شێواندنهكه دانرابن ،ههموو ئهوانهی له دوو ساڵی رابردودا له ناو یهكێتیدا رویداوه ، جگه له خۆ دهستی، دهستی دیكهشی تیابووه، دورخستنهوهی لاهور و به گژا چوونهوهی ئهنجامهكانی كۆنگرهی چوارو ههڵوهشانهوهی یهكێتی بهو جۆرهی كه كاریگهریهكهی له دوركهوتنهوهی نهوشیروان مستهفاو هاوڕێكانی زیاتر بێت ،ئهمه به تهنها له ناو یهكێتیدا بهڕێوه نهچووهو دهستی دهرهكی و ناوخۆیشی تیابووه ، ههموو ئهوه دهزانین كه توركیا زۆر سهرسهختانه له ههوڵی خستنی لاهوری شێخ جهنگیدا بوو ، ئهو دهم دهنگێكی ناوخۆی دهیگوت یهكێتی هی مام جهلالهو ههقی كوڕهكانی مام جهلالی له ههر كهس زیاتر بهسهرهوهیه ، تهنانهت به لاقرتیهوه گاڵتهیان به سیستمی هاوسهرۆكی دههات و له ناو یهكێتیشدا دهگهڕان بۆ ئهوهی لهو شێوه سیستمه بدرێت، له كاتێكا دهكرا و من كاتی خۆیشی ئهوهم نووسی كه له هاوسهرۆكیدا كارهكان به جۆرێك دابهشبكرێت كه بهریهككهوتن نهبێت ، ئێستای سیستمی دوو جێگر سهرۆكی پارتی دوای كۆنگرهی 14 ههمان سیستمی هاوسهرۆكیه بهڵام به دابهشكردنی كارهكانهوه ، له كاتێكا له ناو پارتیشاله دابهشكردنی كارهكاندا ناههقی ئاشكرا به دیدهكرێت . پارتی و یهكێتی له ئێستادا له بری هێزو توانست بن بۆ ههرێمی كوردستان بوونهته جۆرێك له بێهێزی و شكست ، ئهمهش بهشێكی بۆ ئهو دهستوهردانه بهردهوامانهی پارتی له ناو یهكێتیدا دهگهڕێتهوه ، گرتنه خۆو گهوره كردنی ههموو ئهوانهی به ههر هۆیهك له یهكێتی دور دهكهونهوه ، یان كار بۆ دوركهوتنهوهیان دهكرێت وهك له رابردودا كراوه ، بهشێكه له درێژهدان به دژایهتی و دوژمنایهتی ، پارتی هیچ بوارێكی نههێشتوهتهوه كه یهكێتی كێشهكانی خۆی له ڕێی ئاوهز لۆژیكهوه چارهسهر بكات ،من بڕواناكهم تهنانهت كێشهكانی نێوان لاهوری شێخ جهنگی و بافڵ تاڵهبانیش چارهسهری نهبێت ، بابهتهكه بهشی زۆری دهستوهردانه، جا ئهو دهستوهردانه ناوخۆی بێت یان دهرهكی ، ههڵبهت وڵاتانی دراوسێ رۆڵیان لهم پرسهدا ههبووهو بۆ ئهمهش بهڵگهو دهكۆمێنت ههن ، له شێوازی مامهڵهكردن له گهڵ دۆخی یهكێتیدا . ئاگادار كردنهوهكانی ماكگۆرك ، بلاسخارت ، خهڵكانی دیكهو ، بهردهوام جهخت كردنهوهی ئهمهریكاو بهریتانیاو فهڕهنساو وڵاتانی دیكه له دروستكردنی هێزی پێشمهرگهی دوور له دهستوهردانی حزبی و چارهسهركردنی گیرو گرفتهكان بهشێكی كهمن له ههوڵه بێوچانهكان بۆ چارهسهركردنی كێشهكان ، پێدهچێت له بهرانبهر ئهم ههوڵانهدا نهیاریهكی ناوخۆی و دهرهكیش ههبێت و نههێڵێت پێكهاتن دروست بێت ، پرسی یهكخستنی پێشمهرگه به پلهی یهكهم پارتی نایهوێت ئهوه ڕووبدات و یهكێتیش بهشی خۆی لهمپهری ههیه ، كێشهكان له شێوازی رێكخستنهكه ، ژمارهی هێزه چهكدارهكهو چۆنێتی پله بهندی و زۆر بابهتی دیكهدان كهههموو وهزیرهكانی پێشوی پێشمهرگه زۆر باش دهزانن كێشهكان چین و نایانهوێ ببنه بهشێك لهو ناكۆكیه ، با بۆ خۆیشیان حزبی بن . ئێستا گهورهترین لهمپهری بهردهم چارهسهری كۆی كێشهكان ،له ناو پارتی و یهكێتیدان ،نهك له دهرهوهی ئهوان ، لایهنهكانی دهرهوهی ئهوان بهردهوام داكۆكی له ئاشتهوایی و پێكهوهبوون دهكهنهوه .
رێبوار کەریم وەلی بڕیاری دادگای هەولێر میلادە. کۆتایی هێنانە بە رەوشێکی ناقانونی و دەرهاوێشتەکانی کودتای هەشتی تەمموز.حکومەت و دەزگای دادوەری لە پایتەخت هەموو ئیجرائاتی جووت برایان هەڵوەشاندەوە و ئیتر پێشگری (سەرۆک) لە بافڵ تاڵەبانی و رەنگبێ لە داهاتوودا، جێگری سەرۆک وەزیرانیش لە قوبادی برای بکرێتەوە. * بە رێگەی قانونی دور لە تەزویری کتاب، هەڕەشە و تەنانەت تەسفیەش، لاهور شێخ جەنگی لێرە بەدواوە دەتوانێ مومارەسەی دەستەڵات و پێگەی خۆی لەناو یەکێتیدا بکات. لانیکەمیشی ئەوەیە کە ئەگەر نەتوانێ لە سلێمانیش ئەوە بکات، وەک هاوسەرۆکی شەرعی و قانونی، دەتوانێ لە هەولێر بیکات. * ئەگەر هەڕەشە و گوڕەشەکانی جووت برا لە کۆمیسیۆن و لایەنە شیعەکان(کە تەنانەت هەڕەشەی کشانەوە لە حکومەتی بەغداشیان کردووە ئەگەر کۆمیسیۆن لە قازانجی لاهور شێخ جەنگی بڕیار بدات) ئەمجارە سەرنەگرێ و، بڕیاری دادگای هەولێر ئیستینادی لەسەر بکرێت، بە هەموو پێوەرێک ئیشی جوت برا لە بەغداش کۆتایی دێت. * لە بارودۆخێکی وەهادا، لە جووت برا لە هەولێر وەک میوانی رەزا قورسیان لێهاتووە و لە بەغداش هەر عەگال بەسەرێک ببینن باوەشی پێدا دەکەن و وا دوزانن هەموو سمێڵ سوورێک هەمزائاغایەو، خەڵکی کوردستان لە سایەی ئەوانەوە ناوی حزب و جەماعەتی وای بیستووە کە لە قتوی هیچ عەتتارێکدا نەبوونە، دەروازەکانی پایتەخت بۆ جوڵەی سیاسی و دیپلۆماسی بەسەر لاهور شێخ جەنگیدا دەکرێنەوە. * جووت برا تاکوێ بەرگەی ئینعزالی سیاسی دەگرن مەعلوم نییە، بەڵام لێرە بەدواوە بە خۆشی بێت یان بە ناخۆشی ئیتر ناتوانن لە ئێرانەوە ئەو پەیامە بدەنە لاهور کە تەنها مافی ژیانی لە سلێمانی هەیە و دەستبردن بۆ دەسەڵاتەکانی بافڵ هێڵی سوورە!
ئاسۆ عەبدوللەتیف وەبەرهێنی کوردیی، ئەوەندە حەزی لە خۆنمایشکردن و خێرو سەدەقەیە لە شارەکانی تر بۆ ڕیاکاریی و خۆبەفریشتەکردن لای حکومەت و بەهاناوەچوونی هەژاران وەک دەرهێنەری سینەمایی لێهاتوەو خۆی لێ بوەتە پاشای کەلاوەکە بۆ نمایش و تەمسیل. کەچی لەو نزیکەی بەرقاچی ڕاستی خۆیەوە، کرێچییەکانی نابینێت لە سیتیە وێرانەکەی خۆیدا، خواخوایەتی حکومەت هەر باخبەڕەڵای لێبکات و هەرگیز بیر لە تاپۆکردن و یاسای توند نەکاتەوە بۆ ڕووبەرە بەتاڵ و سەوزاییەکان و خزمەتگوزاریەکان، چونکە گرێبەست و ڕسومات و تەخشان و پەخشانی زەویەکان هەر لای خۆیەتی بۆ ئەبەد، پاشای عەرشەکەیە ئیدی. حکومەت دەبێت عاقڵانە ئەم گەمەیە لەدەست ئەو پاشایانە دەربهێنێت چونکە کەلاوەکان سبەی مانای خراپ ئەدەن بەدەستەوە، دەبێت حکومەت ئەو عەرشە درۆینانە وەرگرێتەوە و سیستمی پێدانی ئەرازی و یاساکانی مۆڵەتی وەبەرهێنان و تاپۆ و خزمەتگوزاریی گشتی شارە نیشتەجێبوەکان دووبارە هەموارو ڕێک بخاتەوەو چیتر چاوپۆشی نەکات لە پڕۆژەی لارو سەقەتی هەندێک وەبەرھێن بۆ گەندەڵی بەردەوام و ئیختیلاسی زەوی وزارو سپیکردنەوەی پارەو دەستکاری نەخشەو سایت پلان و نوقورچدان لە زەوییە بۆش و گۆشەو سەوزایی ناو سیتیەکان. لەگەڵ هەنگاوە باشەکاندا دەپرسین باشە دەستەی وەبەرهێنان، چیکردوە بۆ خزمەتی هاوڵاتیانی ناو سیتیەکان و کەلاوەکان کە بوونەتە قوربانی و دیل و بارمتە بەدەست وەبەرهێنەری تەماحکارو زمانلووسەوە، هەر ڕۆژەو بیانوویەکیان پێدەگرن و شانۆیەکیان بۆ ڕێک دەخەن لەسەر ئەو ستەیجانە؟ تاکەی خەڵک گیرۆدەی یاسا خێڵەکی و شەعبیەکانی گیرفانی ئاغای وەبەرهێن بێت و ملکەچی بێت و یاسای وەبەرهێنەرانیش پشتگیری بکات؟ بە ڤێللایەک و دوان و ڕەشوەیەک و بەرتیلخۆرییەکی بێتام و ئاشکرا ئەوە سەدان جارە باری لاری وەبەرھێنەر ڕاست دەکەنەوەو خەڵک هەر بێدەنگەو ماوەیەکی تریش داوای دەنگیان لێدەکەن بۆ شەرعیەت و ئایندەی ئەم حوکمڕانییە؟ لە هەندێک سیتیدا نە بنکەی تەندروستی هەیەو نە گەراج و نە سەوزایی و نە قوتابخانەیەکی هاوچەرخ و نە جادەو پارک و جوانییەک، کەچی هێشتا نایەنەپێشەوە بۆ دەرکردنی یاسایەک کە سیولەو پارەی کاش بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوەو لە بەرژەوەندی گیرفانی حکومەتیشدایەو ڕێگە لەو نەزیفە ئابورییە دەگرێت. وەبەرهێنی شەیتان کراوە بە فریشتەو مەڕدۆش و چاکەخوازی نیشتیمانی و پاشا، بە یەک دوو چاوپێکەوتنی تیڤیی و سپۆنسەرکردن و پێدانی دیاریی سادەو ڕیابازانە، ئاسانکاری بۆ کراوەو لە سیتیەکان سەوزایی و باخچەو زەوی قوتابخانەو بنکەی تەندروستی فرۆشراوەو کراوە بە مارکێت و خانوو بەنزینخانەو پەیمانگای ئەهلی و دەجار سایت پلانیشیان بۆ گۆڕیوە، کەچی بۆیەک جار نەیانتوانیوە شەقام و ئەسانسۆرێک چاک بکەن و بگۆڕن، دەی ئەوە کێ لێی بەرپرسە؟ خەڵک تاوانی چییە یەکەو خانوەکەی بۆ تاپۆ ناکەن دوای تەواوبوونی قیست و ڕسوماتەکانی، بەڵام بۆ یەک ڕۆژ دواکەوتنی قیستەکەی دەجار تەلەفۆنی بۆدەکەن و بۆ هەر کڕین و فرۆشتنێکیش دەبێ وەکیلی ماڵ نەک خاوەن ماڵ! باجی خۆی بدات بە وەبەرهێنەر بە دۆلارو بەو بەها بەرزەشەوە؟ یاسای پاراستنی مافی خەڵکی ڕەش و ڕووت بێزەحمەت لە کوێی یاساکانی دەستەی وەبەرهێناندایە، مافی خەڵک نەک وەبەرهێنەر؟
پشکۆ ناکام ()..گەر "اسماعیل خەیات" بە فڵچەکەی خۆی ، بە ڕەنگەکانی ئەندێشەی خۆی چەن پۆرترێتێکی ئەم سەرکردە و ئەو بنکردە ، ئەم سەرۆک و ئەو هەڤاڵ بکێشایە ، هەڵبەتە لە کۆچی دواییا بە هەزاران کەس ڕێ ی گۆڕستانیان ئەگرتە بەر و وەک دروشمی مەراسیمەکان ئەیانووت:...حەیف کۆستمان کەوت !!.....بەڵام ئەو ئەیزانی بەکار هێنانی فڵچە بۆ تابلۆی بازرگانەکان وەک فڵچەی پێڵاو وایە ، هەر شەوقی هەیە و ئەرزشی نیە... ().. گەر "ئاسۆی سەلطە" کاتی خۆی لەبەر دەم حەدیقەی شەعب و لە "یوم المحافظة" ببوایە بە مایسترۆی ئەو ڕۆژە ، هەڵبەتە پێش کۆچی دوایی لە سێ چوار لاوە معاش و مەکرەمەی حیزبی ئەبوو ...بەڵام ئەو کەمانچەکەی لە دوو هەڵبژاردنا ئەبینی : كەمانچە وەک دەنگی خەڵکی چەوساوە و ئازار کێش یان کەمانچە وەک"لۆتی"یەک بۆ هەڵپەڕاننی ئەم یان ئەو..؟ بێ پەیام و دوور لە ئەخلاقیاتی هونەرمەند ؟..ئاسۆ یەکەمیانی هەڵبژارد و لە دوورە ووڵاتا جگە لە ئاو و هەوای غوربەت کەس ماڵ ئاوایی لێ نەکرد... () ...گەر" عمر چاوشین" بە دەهۆڵێکەوە لە "دوا ڕۆژی ئابا" قۆڵی بە قۆڵی "برا حرس جمهوری"یەکەی بکرادیە ، دیارە مەراسیمی پرسەکەی لە هۆڵێکی شایستە بەو و لە چەن مزگەوتێکەوە لە یەک کاتا ئەبوو ، بەڵام ئەو هەموو ساڵانی خزمەت کردنی خۆی لە هونەرا كردە "قەرەوێڵەیەک" تا شەوانە لە خەڵوەتخانەی پیرە بێ کەسەکان لەسەری ڕۆژ بکاتەوە.. () گەر "عوسمان چێوار ئەوەنە دوکەڵی جگەرەکەی نەکرایە بە ناخیا و لە جیاتی ئەحەی كڕنو "زێڕە"یەکی بنووسیایە ، بێ شک بە مستێک تاج و نەجمەەوە خانە نشین ئەکرا ..... بەڵام هەیهات،، دیدی چێوار وابوو کە ئەو خۆی جگە لە ئەحەی کڕنو شایەتی سەردەمێکی تەڵخی تێکەڵی کۆمیدیا و تراجیدیای میللەتەکەیەتی و بەهاکانی ئینسان لەوە شکۆمەن ترن کە بۆ ئەوەی "قەرزاری" چایخانەکەی تەلەفزیۆن نەبوایە ، خۆی بکردایە بە "قۆشمەچی" ئەم لا یان ئەولا ...بەڵام بازبازێنی ئەقڵ ئەنجامەکەی بەڵانس تێک یان و کەوتنە ، بۆیە ئەو کۆچی دوایی کرد لە مێژووی شانۆی کوردیا هەر بە پێوە وەستاوە.. میللەتێک حورمەتی کەسە بە توانا و ئەقڵ بە دونیا شکاوەکانی خۆی نەگرێ، میللەتێکی کەنەفت و ئیفلیجە ، هیچ گڵۆپێکی ڕۆشنایی ڤیللا و باغە تایبەتییەکان ناتوانێ ڕەنگی تار و تاریکی فەرهەنگەکەی ڕووناک کاتەوە ،،،تیایا ڕەش و سپی تێکەڵ ئەبێ ، سەرتاسەر یەک ڕەنگ ئەنوێنێ : خۆڵە مێشی..'..
فارس نەورۆڵی مایک پۆمپیۆ سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەمریکاو وەزیری دەرەوەی پێشوی ئەمریکای سەردەمی ترامپ بیرەوەری و یاداشتەکانی لە کتێبێکدا بەناوی (هیچ کات ئینجێک مەبەخشە و بجەنگە بۆ ئەو ئەمەریکایەی کە خۆشت دەوێ ) بڵاوکردەوە. لەڕاستیدا یاداشت و بیرەوەری کەسایەتییە سیاسی و دبلۆماسییەکان گرنگە بۆ ئەو کەسانەی کە چاودێری و بەدواداچوون بۆ ڕوداوەکان دەکەن، شیکردنەوە بۆ هەڵوێستە سیاسیەکان دەکەن لەپێناو تێگەیشتن لە ئێستاو خوێندنەوە بۆ ئایندە. مایک پۆمپیۆ لە یاداشتەکانیدا باسی زۆر دۆسییەی گەرمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە، زۆر بابەتی هەستیاری باسکردوە، کە هەتاکو ئێستا نەبیسراو نەزانراو بوون. بۆیە لە کاردانەوەکانی جیهانی ئیسلامی یاخود ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر یەک لە سعودییەو ئێران و تورکیاقسەی خۆیان لەسەر کرد، بەتایبەتی میدیای عەرەبی گرنگییەکی تایبەتی پێدا لەناویاندا ڕۆژنامەی (شەرق ئەلئەوسەت) زۆر بە گرنگی باسی ئەم یاداشتەی مایک پۆمپیۆ دەکات. لە دیدی عەرەبەوە ئەم یاداشتە پوختەی دانایی تەمەنی سیاسی کەسێکە، کە خۆی بەشێکی گرنگ بووە لە دروستکردنی بڕیاری سیاسیدا و کتێبەکەی مایک پۆمپیۆ بە جیاواز دەزانن لە یاداشتی دیکەی سەرکردەکان ئەویش بەهۆی ناوەڕۆکەکەیەوە، کە پڕە لە زانیاری و هەڵوێست و یاداشتێکی سیاسییە نەک ئایدیۆلۆجی. لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستەی میدیای عەرەبی دا میدیای تورکیا و ئێران وسیاسییەکانی قسەی دیکەوڕای جیاوزتریان هەیە، ڕەخنە لەم کتێبە دەگرن. وەزیری دەرەوەی تورکیا (چاوش ئۆغلۆ) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی تایلەند ئامادەیی بوون ئۆغڵۆ وەڵامی کتێبەکەی مایک پۆمپیۆیی دایەوەو وتی: زانیاری ناو کتێبەکە درۆیەو پڕە لە پارادۆکس، کورد لە چەند جێگایەکی ناو کتێبی یاداشتەکانی پۆمپیۆدا ناوی هاتووە، ئەوەی گرنگە یارو نەیاری ئەم کتێبە قسەیان لەسەری هەیە. بۆیە بۆ ئێمەی کورد پێویستە ئەم کتێبە بکەینە کوردی و بەجدی بیخوێنینەوە. ئەم کتێبە ئێستا بووە بە گفتوگۆی ناوەندە سیاسیەکان هەتا ئێستا عەرەبی دڵخۆش کردوەو ئەوانی دیکە نیگەرانن.
پشکۆ نەجمەدین خوێندنەوەیەک بۆ خەبات، فیکر و کەسییەتیی سیاسیی شەهید شاسوارجەلال"ئارام"، لە دووتوێی کتێبی (کۆمەڵە لە سێدارەوە بۆ ڕاپەڕین.) قۆناغی دووەمی مێژووی خەباتی کۆمەڵە، سەردەمی گورزبەرکەوتنی ئەم ڕێکخراوە و، شیرازەگرتنەوەی ڕێکخستن و ئامادەکارییە بۆ سازدانەوەی بزووتنەوەی چەکداری و خەباتی چەکداریی کۆمەڵە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. شەهید ئارام، کەساێتی و سیمبۆلێکە، لە ترۆپکی ئەم قۆناغەدا، دەدرەوشێتەوە. شەهید ئارام، گەرچی لە کۆبوونەوەی دامەزراندنی کۆمەڵەدا، وجودی نەبووە و ئەندامی نێوەندی کۆمەڵە نەبووە، بەڵام لە سازدانی زەوینەی فیکری و ڕۆشنبیریی کۆمەڵەدا، پێش دامەزراندن و پاشتریش، جێگای دیاری هەبووە. ئەو، وەکوو ڕۆشنبیر و نووسەرێکی چەپخواز، چ لە ڕۆژنامە فەرمییە ئاشکراکانی ئەو سەردەمەدا و چ لە پرۆسەی وەرگێڕانی فیکری چەپ و سۆسیالیستیدا، لەنێو ڕیکخستنی کۆمەڵەدا، کاری گەورە و بەرچاوی، ئەنجام داوە. (( ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمەڵە لەوێدا کاریان دەکرد. وەک شەهیدئارام. ئەگەر سەیری لاپەڕە دووی ژمارەیەکی ئەو ساڵانە بکەیت، هەست دەکەیت کە هاوکاری وەک بڵاوکراوەی کۆمەڵە وایە... یەکێک بوو لە لێپرسراوە زۆر هۆشیارەکانی کۆمەڵە، سەرەتا لە لیژنەی شاری بەغداد لەگەڵ شێخ دارۆ و کاک جەمیلی عەلی ناجیدا کاری دەکرد. کوردییەکی زۆرچاکی دەزانی. لەگەڵ کاک حیلمی عەلی شەریفدا، کتێبەکانی (کیم ئیل سۆنگ)یان وەردەگێرا کە ئەوکات سەرۆکی کۆریای باکور بوو... ماوەیەک سەرپەرشتیاری لاپەڕە دووی ڕۆژنامەی هاوکاری بوو. گۆشەیەکی هەفتانەی لەسەر (خەباتی گەلان) هەبوو... شەهید ئارام بەناوی (شاسوار) یان (جوامێر)ەوە شتی دەنووسی.))(فواد قەراخی، کۆمەڵە لە سیدارەوە بۆ ڕاپەڕین.) شەهید ئارام، لە قۆناغی سەرەتادا و لە زەوینەی دەرکەوتن و زەقبوونەوەی کێشەکانی دەروونی کۆمەڵەدا، بەرچاوڕوون و هێڵێکی فیکریی ڕۆشن و داساکاوی هەبووە. ئارام، لە ململانێ و کێشمەکێشی بینیندا بۆ ڕووبەری خەبات و ستراتیگی سیایی کۆمەڵە، کوردستانی بووە و بیرۆکەی ڕێکخستنێکی سەرتاسەری، بۆ کرێکارانی ئێراق، بە هزری ویدا، گوزەری نەکردووە. (( بە هیچ شێوەیەک شەهید ئارام لەگەڵ ڕێبازی ئێمە نەبوو، شەهیدئارام وەک کوردستانییەکان بیری ئەکردەوە و خاڵە شەهابیش زۆر بەتوندی کوردستانی بوو، شەهید چەعفەر عەبدولواحیدیش زۆر کوردستانی بوو هەروەها ئاوات عەبدولغەفور پیاوێکی ڕۆشنبیر بوو ئەو کاتی ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە بەرپەرچدانەوەی ئێمە...لەگەڵ شەهیدئارام زۆرمان یەکتر دەبینی و زۆرجار دادەنیشتین و بیروڕامان دەگۆڕییەوە لەسەر چۆنییەت ئیشکردن بۆ دواڕۆژ...))(ئەشرەف تاڵەبانی، هەمان سەرچاوە) شەهید ئارام، چ لە دەستپێکی کاردا و چ پاشتریش کە دەبێتە لێپرسراوی "کۆمیتەی هەرێمەکان" و سکرتێری کۆمەڵە، لە کردار و هەڵویست و نووسینەکانیدا، لە بواری فیکر و ڕوانینیدا، بۆ ڕێبازی فیکر و سیاسەتی کۆمەڵە، تەمومژێک بە ئاسۆی بیرکردنەوەیەوە نابینرێت. ئارام، نەک هەر لە بواری کاری ڕێبەریکردنی ڕێکخستندا، بگرە لە ڕێڕەوی داڕێشتنی سیاسەتی کۆمەڵە و یەکێتیی نیشتمانیدا، چ لە شار و چ لە شاخ، لێزان و بیرتیژ و کارامە بووە. شەهیدئارام، لە دەستپێکی سازدانەوەی مەفرەزە چەکدارە سەرەتاییەکان و شۆڕشی چەکداریدا، کەسێکی بیرفراوان و ڕاشیۆناڵ بووە. ئەو چوارچێوەی بزووتنەوە چەکدارییەکەی لە سنووری بینینەکانی کۆمەڵە، فراوانتر بینیوە و لە هەوڵی کۆکردنەوەی هێزە چەپەکاندا بووە، ئەگەر ئەو هێزانەش ئێراقی و نەیاری فیکری کۆمەڵەش بووبن. ئەو، ڕێبەرێکی دنیابین و دیموکرات بووە. (( لە پایزی 76 بینیم لە ماڵی دکتۆر سەردار مەحمود. لە جادەی برایم پاشابەدوی منی نارد و دەشیزانی کە من لە تەنزیمی کۆمەڵە نەماوم و لەگەڵ بیروباوەڕی کوردستانی نیم، وتی وەرە با چاوم پێت بکەوێت، لەو دانیشتنەدا کە سەعاتێکی خایاند و کاک ئەکبەر مەحمودیشمان لەگەڵ بوو، زۆر وتووێژمان کرد لەسەر مەسەلەی دەستپێکردنەوەی شۆڕش و ئایا ئەکرێت پێش ئەوەی حیزبی سیاسی گەشە بکات شۆڕش بکرێت... بەڵام کە هاتینە سەر مەسەلەی کوردستانی شەهیدئارام وتی: (لەو مەسەلەیە وتوێژ ناکەین، چونکە ئەو مەسەلەیە یەکلابووەتەوە و ئێمە وەکو کۆمەڵە و منیش وەکو خۆم من کوردستانیم و کۆمەڵەش بڕیاری کوردستانی بونی داوە، لەبەر ئەوە ئەو بابەتە بەسەرچووە و با باسی نەکەین و کاتمانی پێوە نەکوژین... بەڵام تۆ ئەتوانی بێیتە دەرەوەو ئەتوانی بیروباوەڕی خۆت ببێت و مەفاریز دروست بکەیت و ئێمە وەکو دۆست هاوکار دەبین و من پێم باشە ئێمە دۆست بین...ئەگەر ئێوە بێنە دەرەوەش بۆ پێشمەرگایەتی من پشتیوانیتان لێ دەکەم و هاوکارتان دەبم...))(ئەشرەف تاڵەبانی، هەمان سەرچاوە) ئارام، لە کۆتایی ساڵی "1975" وە و پاش شاڵاوی بەعس و دەستگیرکردنی ڕێبەران و هاوڕێیانی کۆمەڵە، بە هاوکاری و تێکۆشانی هاوڕێکانی، ڕێکخستەکانی کۆمەڵە، ڕێک دەخەنەوە و تەواوی ئەو پلان و بەرنامانەی بۆ سازدانەوەی شۆرش، لە لایەن سەرکردایەتی یەکێتییەوە "درەوە"ی وڵات داڕێژرابوون، لە واقیعی سەختی ئەوسەردەمی کوردستاندا، بە کۆمەڵێک داهێنانی نوێوە، جێبەجێ دەکەن. ئەو کەس و کادرانەی، لە نزیکەوە، لەگەڵ ئارام هەڵسوکەوتیان کردووە و هاوکار و هاوخەباتی بوونە، بەجۆرێک باس لە بیر، ڕۆشنبیری، مامەڵە و ڕەوتاری ئەو دەکەن، وەک ئەوەی بڵێین: شاسوارێک لە تیشک و ئارامێک لە شنەبا، لە قۆناغی دووەمی مێژووی کۆمەڵەدا، تاجی ڕێبەریی لە سەر ناوە! پاش شەهیدبوونی ئارام، هیچ یەک لە هاوڕێ و شاگردەکانی، نەیانتوانی هەڵگری بیر و بەرنامەی سیاسی و خەسڵەتەکانی وی بن و ئیدی لەگەڵ زەمەندا، کۆمەڵەیان یەکسان بە یەکێتی کرد و پاشتریش کفنودفنیان کرد.
ئەبوكاروان [سیاسەت ھونەری تواناكانە]، دەبێ واقع و جوگرافیاو چەندین ھۆكاری تر بەھەند وەربگیرێ، ئەمەش بۆ ھەرێمی كوردستان لەسەدا سەد وایە، تێنەگەیشتن لەدونیاو بارودۆخی خۆت چ لە ڕابردوو و ئێستای ئەم ھەرێمەدا، دەیان كاراساتی بۆ دروستكردوین. هەڵکەوتەی جوگرافیای ھەرێمی كوردستان لەنێوان چەندین دەوڵەتی ناكۆك و دژ بە بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستاندایە، بۆیە دەبێ كاریگەری ئەو دەوڵەتانە لەبەرچاو بگرین و باشتر تێبگەین لە ململانێی دەوڵەتانی ئەقلیمی. تيم مارشال: لە كتێبی (زیندانیانی جوگرافیا)دا باسی ئەو نەتەوەو دەوڵەتانە دەكات كە كەوتونەتە شوێنێكی جیۆپۆلیتیكی ئاڵۆز كە ئەو ناویان دەبات بە (زیندانی جوگرافی)، یەكێك لەو نەتەوانەی کە لەنێو کتێبەکەی مارشاڵدا هەیە، نەتەوەی كوردە. بەڵێ كاتێ باسی مەترسییەكانی سەر ھەرێم دەكرێت بە مەترسی دەرەكی ناوزەند دەكرێت، ئەمە ڕاستە، ئەی باشە بەرانبەر ئەو مەترسیانە خۆمان چی دەكەین و بەرنامەمان چییە؟ ئایا مەترسییە ناوخۆییەكان زۆرترو زیاتر نین؟ بەداخەوە ئەوەندەی مەترسییەكان لە ھەولێرو سلێمانییەوە پەیدا دەبن ئەوەندە لە بەغداو تاران و ئەنقەرەو نین. كاتێك دەڵێم مەترسییەكان لە هەولێرو سلێمانییە سەرچاوە دەگرن، مەبەستم پەیوەندی بە قەیرانی بەڕێوەبردن و عهقڵیەتی سیاسی هەردوو پارتە فەرمانڕەواكەیە. سەرنج بدەن لەكاتێكدا ئێمە (بەناو) لە قۆناغی گواستنەوو بنیاتنانی پرۆسەی سیاسی و تەواوكردنی قۆناغی ڕزگاری نیشتمانین، بەڵام لەئاستی ناوەوە، نە لەڕووی ئابوریی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، تەندروستی، پەروەردەو خوێندن، نەوت و تەنانەت ئاسایشی ئاویشەوە نەمانتوانی هیچ بنیاتبنێن كە لەسەر توانای ناوەخۆیی وەستابێت. مەترسییەكان لە ئاستی ناوەخۆیی تەنها پەیوەندی بە پەرتەوازەییەوە نییە، بەڵكو زیاتر بەرهەمی عهقڵیەت و نەهجی مەترسیدارو چەوتی سەرانی دوو حیزبەکەوە هەیە. هەر ئەوەش وایكردووە ئێمە بەردەوام لە دۆخێکی پڕ قەیراناوی هەمەلایەندا دەخولێینەوە، بێ ئەوەی ئاسۆیەک بۆ دەربازبوون لەم قەیرانانە بەدی بکەین، بەدڵنیاییەوە ئەم هەوڵومەرجە نالەبارە ڕەنگدانەوەی ھەیە لەسەر دۆخی ئەمنی و سیاسی و نائیستیقراری. لەم ڕۆژانەدا دیسان كێشەی چوار سەد ملیارەكە سەریهەڵدایەوە، ھەڵایەك دروستبوو بەرانبەر دادگای فیدراڵی کە بڕیاری ناردنی ئەو بڕە پاڕەیەی قەدەغەکرد. لە ڕابردوو و ئێستاو داھاتوویشدا ئەو دەزگایە لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمەوە بەنادەستوری نایاسایی لەقەڵەمدراو دەزگاكانی حوكمڕانی و حیزبەكانیان لە دژی ھاواریان لێ ھەستا، ئەو دەزگایەی كە خودی خۆیان بەشدار بوون لە پێكھێنانیدا، بەتایبەت لەم كابینەیەداو لەژێر ناوی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کە شاباشی محەمەد شیاع سودانیان تێدا كرد. ئاخر ئێوە وەك دوو لایەنە حوكمڕانەكەی ھەرێم لەو دادگایەو لە پێكھێنانی ئەم كابینەیەدا بەشداربن، ئیتر ئەم ھەڵایە بۆچی ؟ تۆیەك تائێستا خوێندنەوەی دروستت نەبێت بۆ حوكمڕانانی بەغداو ماڵی خۆت قایم نەکردبێت تا بێمنەت بی بەرانبەر پارەی ئەوان، تۆیەک بەردەوام دەست پانبکەیتەوە، ئیتر ئەم ھەڵایەت لەچی؟ ئێ دەمێک ئێوەی دەسەڵاتداری فاشیلتان لە سیستەمی سۆشیالیستی دەدەن و پەیرەوی سیاسەتی لیبرالیەتی نوێ دەكەن، كە پشتبەستووە بە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، كە وەک ئەنجام دەرکەوت تادێت ڕێژەی ھەژاری و بێكاری زیاتر دەكات، ئیدی ئەم ھەراو ھاوارەت لەچی؟ بۆیە دەبێت لەڕووی بەرێوەبردنەوە له هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری جەوهەری بكرێت (کە بە ئەستەمی دەزانم)، ناكرێت حزبە دەسەڵاتدارەكان بە عهقڵیەتی غەنیمە تەماشای سەروەت و سامانی نیشتمان بكەن، دەبێت دەستبەرداری ئیحتیكاركردنی كایەكان و دەستهەڵگرن لە بەتاڵانبردنی سامانی وڵات. ئەگەر چارەسەری قەیرانە ناوەخۆییەكانمان كرد، ئەو كەلێنەی لەنێوان دەسەڵات و حزبەكان و خەڵك هەیە چارەسەركرا، ئەودەمە بێگومان هەرێمی كوردستانیش لە ئاستی روبەڕووبوونەوەی مەترسییە دەرەكییەكانیشدا بەهێز دەبێت، بۆیە دەبێت بەم ئاراستەیە كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بكەین. ئەم كێشەو ململانێیانە لەگەل بەغدا هەیە بە عەقلیەتی دوو زۆنی و رێككەوتننامەی دوو قۆڵی لە بازنەی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی حزبی و لە سایەی بەردەوامبوونی دوو ئیدارەیی نایەتە دی. هەلومەرجی ئێستای كوردستان پێویستی بە دیالۆگی نیشتمانی كوردستانی هەیە، پێویستی بە یەک هەڵوێستی نیشتمانی كوردستانی لە بەغدا هەیە، پێویستمان بە دامەزراندنی كۆمسیونی دانوستان و سودوەرگرتن لە وزەو تواناو لێهاتووی پسپۆرانی كوردستان هەیە چ لەنێو حزبەكان و لە كەسانی ناحزبی، گرنگە لەکاتی دانیشتنەكانی دانوستان لەگەڵ حكومەتی عێراق، تیایدا جەخت لە پاراستنی بەشی حكومەتی هەرێم لە بودجەی عێراق و سەرجەم بابەتە دەستورییەكان بكرێتەوە وەك: ئەنجومەنی ئیتحادی و مافی پێشمەرگە، و پشكی كوردستان لە پێكهاتەی سوپای عێراق و، سەرجەم بابەتەكانی دیكەی دەستورو جەختكردنەوە لە ماددەی١٤٠ی دەستورو زیندووكردنەوەی پرۆسەی ئاسایكردنی وەزعی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوی ئیدارەی هەرێم، نەهێشتنی سەرجەم دیاردەی سەربازی حەشدو سوپای عێراق لەو ناوچە مەدەنییانە، كاركردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكانی كهركوك و دووزو كرستیان و ئێزییدەیەكانی دەشتی موسڵ و شنگال بۆ شوێنی خۆیان و قەرەبوكردنی ئەو زیانانەی لێیان كەوتووە. تەواوكردنی ئەم ئاڕاستەیە بە سیاسەتێكی دەرەكی سەربەخۆ دەبێت، كە (حكومەتی هەرێمی كوردستان ) نەك حزبی دەسەڵاتدار مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ و جیهان بكات، ئەمەش پێویستی بە سیاسەتێكی نیشتمانی كوردستانی سەربەخۆ دوور لە جەمسەرگیری هەیە، هەر لەم ڕێگایەوە هەوڵ بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوندی لەگەل وڵاتە دراوسێكان لە ڕوانگەی بەرژەوەندی نیشتمانی كوردستانییەوە، بدرێت. ئەمە ڕێگایەكی سیاسی ئەلتەرناتیفی پەیڕەوكراوە، لەگەڵ بەغداو وڵاتانی دەوروبەر، هاوکات خوێندنەوەیەكی واقع بینانەنەیە بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكانی ھەرێم، بە ئومێدم ئەوانەی بەتەنگ ئایندەی میللەتەكەمانەوەن و خۆیان بە دڵسۆز دەزانن با ئەم نوسینە بە ھەند وەربگرن.
د. یوسف محەمەد سادق لە چەند رۆژی رابردودا جارێکی تر دەرچونی بڕیارێکی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەسەڵاتدارانی هەرێمی توشی شۆک کردو بەدوای یەکدا چەند بەیاننامەیەکیان دەرکرد کە بەشی زۆری تانەدان بو لەو دادگایەی ساڵی ٢٠٢١ بە موبارەکەی خۆیان و بە دانانی ئەندام لەلایەن خۆیانەوە پێکهاتەوە. هەڵبەت لەوە تێئەگەم کە بەشێکی شۆک بونیان بە بڕیارەکەی دادگا پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە ئەمان جارێکی تر رێکكەوتنێکی سیاسییان کردوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانی تر (بە تایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی) کە هەر وەک جاران ئەمان نەوتی خۆیان بفرۆشن و داهاتی خۆیان کۆبکەنەوەو لە بەغداوە مانگانە (نزیکەی دوسەد ملیار دینار)یان بۆ حەواڵە بکرێ. ئیتر وا تێگەیشتون کە مادەم رێکكەوتیان لەگەڵ ئەو لایەنانە کردوە ئیتر کاریان تەواوەو دادگاو دامەزراوەکانی تریش لە قازانجیان بڕیار ئەدەن. هەڵبەت کێشەیەکی دیکەی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەم کاتەدا ئەوەیە کە هەواڵی ئەوە هەیە کە دادگای ناوبژیوانیی پاریسیش بڕیاری داوە لەسەر بە سکاڵایەکی عێراق دژ بە تورکیا سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم و، بڕیارەکە لە قازانجی دەسەڵاتدارانی هەرێم نییە. دو رۆژ پێش ئێستاش (لە ٢٧- ١- ٢٠٢٣) رێکخراوی (روونبین بۆ شەفافییەت لە پڕۆسەکانی نەوت) راپۆرتێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە (داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٢) لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەداوە کە نەوتی هەندێ لە کێڵگەکانی هەرێم کە کواڵیتیشیان باشە بە تێکڕایی (١٧ بۆ ١٩) دۆلار لە خوار نرخی برێنتەوە فرۆشراوە (١)! بەم پێیەش سەدان ملیۆن دۆلاری نەوتی هەرێم ساڵانە لە ئەنجامی "سەربەخۆ فرۆشتن"ی نەوتی هەرێم بەهەدەر ئەدرێت. پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە بۆچی دەسەڵاتدارانی هەرێم ئامادە نین رێکكەوتنی بنبڕ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ ئەنجام بدەن و نەوت لەڕێی سۆمۆوە بفرۆشن و ئەم بە فیڕۆدانەی داهات و سامانی ژێر زەویی هەرێم کۆتایی پێبهێنن کە بە هەزاران ساڵ دروست بوەو موڵکی نەوەکانی ئێستاو داهاتوشە!؟ ئایا بە هۆی سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتەوە داهاتیان بۆ خەڵکی کوردستان زیاد کردوە!؟ ئایا بە نەوت و گاز کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان بەرهەم هێناو سوتەمەنیی تەواویان بۆ خەڵک دەستەبەر کردوەو بەنزینیان هەرزان کردوە!؟ ئایا پیشەسازیی پێترۆکیمیاییان پێ سەرپێخستوەو پێداویستیی ناوخۆییان پێ پڕکردۆتەوە!؟ ئایا ژێرخانی ئابورییان گەشەپێداو ئابورییەکی سەربەخۆو بەهێزیان پێ دروستکرد یان هێندەی تر وابەستەیی ئابورییان هێنایە کایەوە!؟ ئایا سەربەخۆیی کوردستانیان بەرهەم هێنا!؟ ئایا هەر بەڕاست نەوت بە سەربەخۆ ئەفرۆشن یان بە مەرج و رێکكەوتنی نهێنیی پەنجا ساڵە لەگەڵ تورکیا!؟ بۆچی هەرکات هەر گۆڕانکارییەک لەبواری نەوت و گاز ئەبێ خێرا خۆیان ئەگەیەننە ئەنکەرە و ئەستەنبوڵ (٢)!؟ باشە چ عاقڵێکی ئەم دنیایە قەبوڵیەتی لە ساڵێکدا سەدان ملیۆن دۆلار زیان لە داھاتی گشتی بدرێ ھەر لەبەر ئەوەی گوایا نەوت بە سەربەخۆ ئەفرۆشرێت!؟ دەسەڵاتدارانی هەرێم تاکەی بەتەمان هیچ داهاتێکی هەرێم چ نەوتی و چ داهاتی ناوخۆ لەگەڵ عێراق بەش نەکەن و بە کەماڵی ئیسراحەت پارەیان لە بەغداوە بۆ بێت!؟ ئایا هەر دەسەڵاتەکەی پارتی و ئەوەی یەکێتی ئەوە لە یەک قەبوڵ ئەکەن!؟ ئەی مەگەر هەر ماوەیەک لەمەوبەر مەسرور بارزانی بە بەیانێک نەیوت کێشەکە ئەوەیە داھاتی سلێمانی دیار نییە!؟ مەگەر ھەر بەھۆی ئەوەوە نییە ھەرچی پڕۆژەی سلێمانییە وەستاوەو وا بۆ نمونە سەد مەترییەکەی سلێمانی تەواو ناکرێ لە ھەولێر خەریکی ١٥٠یین!؟ ئایا خەتای دادگای باڵای فیدڕاڵییە کە وەک باسمان کرد بە موبارەکەی خۆیان لە ساڵی ٢٠٢١ پێکهاتەوە یان دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆیانن کە ئەیانەوێ سیاسەتی نەوتی هەرێم بەم پینەوپەڕۆیە لەپێناوی بەرژەوەندیی خۆیان بەردەوام بێ؟ ئێمە پێش دەستبەکاربونەوەی دادگاکە (لە ١٦- ٣- ٢٠٢١) پێشبینیمان کرد بو کە لەگەڵ دەستبەکاربونەوەی دادگای باڵای فیدڕاڵی یەکێک لەو مەلەفانەی بڕیاری لەسەر ئەدات مەلەفی نەوتی هەرێمە، بۆیە داوامان کرد پێش ئەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم رێکكەوتنی هاوسەنگی بنبڕ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بکەن (کورتە ڤیدیۆی قسەکانمان لەوبارەیەوە لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ روداو هاوپێچە). بەڵام ئەوان چەندین دەرفەتی لەباریان بۆ رێکكەوتنی هاوسەنگ لەگەڵ بەغدا بە فیڕۆد ا(٣)، تەنانەت دوا دەرفەتیش کە رێکكەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بو. وا ئێستا نەوت و گازی هەرێمیان کردۆتە کارتێکی سوتاو لەبری ئەوەی بیکەنە کارتێکی بەهێز بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی تر لەگەڵ بەغدا وەک کێشەی خاک و کێشەی شەراکەت لە بڕیاری ئیتیحادی و قەرەبوی زیانەکانی رژێمی پێشو و شایستەو مافە دەستورییەکانی تری خەڵکی کوردستان. راستییەکەی ئەوەیە دەسەڵاتدارانی هەرێم نەوت و گازیان بە بارمتەی خۆیان گرتوە لەپێناوی بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان نا بەڵکو لەپێناوی بەرژەوەندیی خۆیان و بۆ ئەوەی بیکەنە کەرەستەیەک بۆ ئەوەی وەکو میر لە ئاستی دەرەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ و دەسەڵاتی خۆیانی پێ بپارێزن. نەوت و گازی هەرێمیان کردۆتە دەسمایەیەک بۆ پەیوەندی و رێکكەوتنی گوماناوی لە ئاستی دەرەوە دیسانەوە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان. هەڵبەت لە مانەوەی دۆخی نەوت و گازی هەرێم بەمشێوەیەی ئێستا سەرەڕای زیانەکان لە داهاتی گشتی، ئەوان خۆیان سودمەندن لە داهاتی بۆری نەوت و کۆمپانیا خزمەتگورییەکانی بواری نەوت و تەنانەت دور نییە خۆیان پشکیان هەبێ لە کۆمپانیا نەوتییەکان. لێرەوە شینی ئەوان بۆ هەریسەکەیە نەک بۆ حوسەین! هەر بۆیەش کێشەی سەرەکی خودی دەسەڵاتدارانی هەرێمن کە بونەتە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئێستاو داهاتوی هەرێم و لە لێواری روخان نزیکییان کردۆتەوە. با چاوەڕێی هەڵوێستی تورکیاش بین پاش بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانیی پاریس! پەراوێزەکان: 1. بڕوانە لا ١٤ – ١٥ لە دەقی راپۆرتەکە لەم لینکە: http://www.roonbeen.org/wp-content/uploads/2023/01/٢%D9%A0٢٢-شایستەیکۆمپانیا-نەوتییەکان.pdf 2. بڕواننە وتارێکی پێشترمان لەم بارەیەوە بە ناونیشانی (کێ خاوەنی نەوتی هەرێمە؟) لەم لینکە: https://www.facebook.com/yousif.mohammad.14/photos/a.834381993273355/3790177257693799/?type=3&mibextid=cr9u03 3. بڕوانە هەمان بابەت.
چیا عەباس لەو ساتەوەی باڤڵ تاڵەبانی بە هاوسەرۆکی یەکێتی لەلایەن کۆنگرەوە هەڵبژێردرا و دواتر بوە تاکە سەرۆکی حزبەکەی گەڵێک روداو و گۆرانکاری هەستیار لە ناو حزبەکەی و زۆنی دەسەڵاتی یەکێتی و حوکمرانی هەرێم و پەیوەندیەکان لە گەڵ بەغدا و ناوچەکە رویانداوە. باڤڵ تاڵەبانی لە پشکی خۆی لەم روداوانە بە ئەرێنی و نەرێنی بەرپرسیارە. ماوەیەک لەمەو پێش نوسینێکم بڵاوکردەوە بە ناونیشانی " باڤڵ تاڵەبانی و دو دنیای جیاواز" ، مەبەستم لەو نوسینە ئەوە بو ئاماژە بدەم بەوەی بۆ یەکەمجارە کەسایەتیەک گۆشەکراوی خەباتی چەکداری و شاخ و حزبایەتی و شەری ناوخۆ نەبوە و بە هێزی ئیرسی سیاسی باڵاترین بەرپرسیاریەتی هێزێکی گەورەی گۆشەکراوی خەباتی چەکداری و سیاسی پێ راسپێردراوە و هاوکاتیش لە دو جیهان و ئەزمونی زۆر دور و جیاواز لە یەکتر ژیاوە، چی لێ چاوەروان دەکرا ؟ چی کردوە و بۆچی وای کردوە و چی باشە بیکات؟ ئێستا پاش چەند ساڵێک لە بەرپرسیاریەتی کاتی هاتوە باڤڵ تاڵەبانی خەستتر بخەینە ژێر تیشکی زەرەبینێکی بەهێزتر تا واقعەکە وەک خۆی شێبکەینەوە و ببینین. بە پێچەوانەی چەندین بۆچون بەمەزەندەی خۆم باڤڵ تاڵەبانی نە سەری لێشیواوە و نامۆش نیە بە واقعی کوردستان و کوێرانە کار ناکات، ئەزمونەکانی ژیانی رەنگدانەوەیان لە سەر شێوازی بەرێوەبردنی یەکێک لە هێزە گەورە رەسەنەکانی مێژوی کوردایەتی لە ناوچەیەکی تەنراو بە ناکۆکی و ساختەکاری و بەرژەوەندیە جیاکان کردوە. سەردەمی دەسەڵاتی باڤڵ تاڵەبانی تایبەتترین و جیاوازترین قۆناغە لە مێژوی نزیکەی نیو سەدەی یەکێتیدا، تایبەت ئەم زاتە کۆدە کلاسیکیەکانی بنەماڵە و حزب و "چەپکە گوڵەکەی" باوکیشی بە خەستی پێرەو نەکردون. کەسانێک ئەم هەڵسەنگاندنە بە ناواقعی دەزانن و لێکدانەوەی جیاوازیشی بۆ دەکەن. بۆ خۆم هاورایان نیم، چونکە لەلایەک بەشێکی بەرچاوی ئەو بۆچونانە یەکێتی لە دیدگای تەمەنا و نەستۆلژیای خۆیانەوە دەبینن، ئەوان ئێستاش یەکێتی لە سەردەمی ساڵانەکانی سەرەتای شۆرشی هەستانەوە و داستانە قارەمانیەکانی خەباتکەرانی ودەیان هەزار شەهیدا دەبینن، وێرای ئەوەی ئەمە راستیەکی مێژوییە و بەهاداترین و مەزنترین پێگەیان لە مێژوەدا مسۆگەر کردوە، بەڵام مێژو دادی ئێستا و ئایندە نادات گەر زیندو رانەگیرێت و نەکرێتە هەوێنێکی بەپیت بۆ ئایندە. بەشیکی تریش بەهاندەری رق و کینە و تۆڵەسەندنەوە، تایبەت ناو یەکێتی، مەبەستیانە ئەم سەردەمەی یەکێتی زیاتر دژاورتر و لێکترازاوتر بێت ونمایشی بکەن. کورد وتەنی: نان و پیازی پێوە بخۆن. باڤڵ تاڵەبانی بە حوکمی ئەزمونەکانی ژیانی دیدگا و تێگەیشتنی واقیعیتری لە زۆربەی هاوحزبە دێرینەکان بۆ دۆخی ئێستا هەیە، تا رادەیەکی بەرچاو تێگەشتنی بۆواقع دەربریوە. ئەو تێگەیشتوە سەردەمی ژیانی حزبایەتی کلاسیکی و گرێدانەوەی توند بەچەند دروشم و چەمکی بەسەرچو و چرینەوەی ئاوازەکانی رابوردو کاریگەری کەمیان ماوە، بۆیە سەرەرای کارە هەڵە و چەوتەکانیشی ئاسۆیەکی جیاواز لەوانەی پێش خۆی و بەشێکی هاوحزبەکانی ئێستاشی وێناکێش دەکات. ئەوان خوازیارن لە بازنە داخراوەکەی مێژودا بگوزەرێن کە تێیدا هەست بە پێگە و مەقامی خۆیان دەکەن و هاوکاتیش ئەو مێژوە، سەرەرای لادان و کاری نارەوایان، وەک رادعێک بۆ پارێزگاری لە خۆیان بەکاردەهێنن. هەرچەندە باڤڵ تاڵەبانی لەو سفرەیەی مێژو سودمەند بوە، بەڵام کاری کردوە ئەم هاوکێشەیە بگۆرێت. ئەو دەزانێت بەشیک لە بەرپرسانی جومگە هەستیارەکانی حزبەکەی لە سەردەمی باوکیەوە بە مەلەفدار ناسراون، بەشێکی تریش لە گەندەڵی و کاری نارەوا و پێشێلکردنی یاسا و رێسا کۆمەڵایەتیەکان تێوەگلاون، باڤڵ ئەم ئیرسە هەریسە ئاسایە بە چاک و خراپەوە بۆ ماوەتەوە. بەشێکی تری کادرە پێشکەوتوەکانی یەکێتی سەردەمی مام جلال، ئیستا چین و چی دەکەن، ئەم بەشە نامۆ بون بە نیەتی خەمخواردن بۆ نەتەوە و نیشتمان و حزبەکەیان. ئەم تاقمە هەڵگەراوانە لە پرەنسیپە رەسەنەکانی خۆیان، بونەتە بازرگانی سیاسی، سەر بە هەمو شوێنێکدا دەکەن بۆنی پۆست ودۆلار بکەن، بە باس و وتار و تەنز شانازیەکانی سەردەمە زێرینەکانی یەکێتی لەکەدار دەکەن، ئەمانە دەربری رای ئازاد نین بەڵکو لەکەردارکەری جوانیەکانن، بۆ خۆم لەو باوەرودام خزمەتی رکابەر ونەیارەکانی ئێستای یەکێتی دەکەن. باڤڵ تاڵەبانی بەحوکمی ئەوەی کورە گەورەی مام جلال ە بۆتە بەرپرسی یەکەم، بەڵام نە کاریزما و نەهێز و نە ئەزمونە بێ ژمارەکانی باوکی هەیە، خەمی سەرەکی سەرەتای دەسەڵاتی لە یەکێتیدا پرکردنەوەی ئەو بۆشاییانە بو، لە رێرەوی ژیانیدا تێگەیشتوە بێ کاریزما و هێزی تایبەت و دەسەڵات و پارە، تایبەت لە رەوشی شێواوی خۆمان، شتێکی ئەوتۆی پێناکرێت. کاری جدی و زۆری لەسەر ئەم چەمکانە کردوە و دەشکات، لەو پرۆسەیەدا بەشێکی بەرچاوی سەرکردە دێرینەکانی یەکێتی پشگوێ خست، دەستەیەکی گوێرایەڵی لە دەوروبەری خۆی کۆکردەوە، تایبەت لە دەزگا هەواڵگریەکان و ئاسایشدا، بەتوندی ئیدارەی بواری دارایی و بازرگانی یەکێتی کۆنترۆڵ کرد. خەڵک چاوەروانە تا بزانن ئایا ئەمانە وەبەردەهێنێت بۆ ئایندەیەکی گەش، بەلایەنی کەمەوە بۆ زۆنی دەسەڵاتی یەکێتی! خاڵێکی هەستیاری تر پابەندە بە ئامۆزاکەی، لاهوری شێخ جەنگی، بە هەڵسەنگاندنی باڤڵ تاڵەبانی و لە سایەی شێوازی بەرێوەبردنی یەکێتیدا دەرکی کرد کە هاوسەرۆکی لە ناو یەکێتیدا رێگرە لە بەردەمیدا. دەستیکرد بە تەنگهەڵچنین بە ئامۆزاکەی و لابردنی لە هاوسەرۆکی، گەیشتە ئاستی تەقینەوە، سەردەمانێک بو بە خەیاڵی خۆی پشتئەستور بو بە دەعمی ژێربەژێری چەند هێز و لایەنێک. کاتێک ئەمریکا و بەریتانیا بەخەستی هاتنە سەرخەت و هۆشداری توندیان بە هەر دو ئامۆزاکە دا ئیتر ئەگەری بەرەنگاربونەوەی چەکداری زۆر کاڵبوەوە. هەر دوکیان بەبێ رێکەوتنی سەر کاغەز دورە و پەرێز تیریان لە یەکتر دەهاویشت. هەر دوکیشیان بەغدایان جەسنەبز کرد، شیعەکان بە گەرمیەوە دەهاتن بە رویانەوە نەک بە دەنگیانەوە. سەرجەم ئەم هەوڵانە دۆخەکەی بەنیوەچڵی هێشتۆتەوە کە خواستی سەرەکی سەرجەم نەیار و رکابەرەکانی دو ئامۆزاکە و یەکێتیشن. ئێستا ئامۆزاکەی ئەزمونە تاڵەکەی باڤڵ تاڵەبانی لە گەڵ بەغدا و هەولێر تاقیدەکاتەوە، هاوکاتیش ژمارەیەک لە هەڵگەراو لە یەکێتی و مێژوە مەزنەکەی و یاخیبو لە ئەزمونی دەسەڵات و رەفتار و کارەکانی باڤڵ تۆرێکی بەهێزی راگەیاندن و زانیاریان رەخساندوە کە هەمی سەرەکیان شکاندنی دەسەڵات و شێوازی فەرمانرەوایی زۆنی کەسکە، بە واتایەکی تر یەکێتیان کردۆتە ئامانج. زیاتر لە چڵ ساڵ ئاشنا بوم بە مام جلال و بەرێز هێرۆ خان و بەشێکی تر لە خزم و خانەوادەکە و سەرکردە دێرینەکانی یەکێتی، هیچکات، بە مام جلال یشەوە، کەسێکم وەک باڤڵ نەبینیوە بە شێواز و تەریقەی تایبەتی خۆی بەرپرسیاریەتەکەی بەرێبکات، کە لایەنی ئەرێنی و نەرێنیان لێکەوتۆتەوە، هەرچۆنێک بێت خەڵک چاوەروانی دوا ئاکامەکانە. لەم دۆخە نادیار و ئاڵۆزەدا پێموایە پێرەوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە ئاهێک بە یەکێتی و زۆنەکە و هاوڵاتیان دەبەخشێت. ناشێت لەبیر بکرێت لە کۆی گشتی رێژەیەکی زۆر کەمی کۆمەڵگای زۆنی کەسک متمانەیان بەیەکێتی لە دوا هاڵبژاردن داوە. ئاماژەی زیندو بۆ دەربرینی نارەزایەتی و دڵگرانی و بێ ئومێدی بە دەسەڵاتدارەکانی. یەکەم: باڤڵ تاڵەبانی پێویستی بە حزبی پان و پۆر و بەرخۆر و بێ بەرهەم نیە، رێز لە تێکۆشەرە پاک و وەفادارەکان بگیرێت و زامنی ژیانێکی پر کەرامەت و رێز بۆیان دابین بکرێت، دوەم: دەسەڵاتی حوکمرانی زۆنەکە لە هەژمونی خەستی حزب و جەمسەرەکان رزگار بکرێت، گۆرانکاری بنەرەتی لە کۆمپانیای نۆکانی یەکێتی بکرێت کە بۆتە زاڵمێکی چاوچنۆک. سێیەم: چاکسازی ریشەیی لە پرسی زەوی و زاردا بکرێت، ماندێلا، سەرکردە ناودارەکەی دنیا، کاتێک حوکمرانی گرتە دەست یەکێک لە کارە مەزنەکانی پرسی چاکسازی زەوی و زار بو لە ئەفریکای باشور، هیچ عەیب نیە لێی فێربین، کوردستان پێویستی زۆری بەو جۆرە کارەیە، تایبەت لە دەشتی شارەزور و گەرمیان کە سەرچاوەی گرنگی سەرمایەیی ئابوری نیشتمانین. چوارەم: جەردێکی وردی کادر و سەرکردە و بەرپرس و بنپرسی جاران و ئێستای یەکێتی و فەرمانرەوایی زۆنەکە بکرێت کە ماوەیەکە بەشێک لێیان وەک جاڵجاڵۆکە تۆری گومانلێکراو و مەترسیداریان دژ بە بەرژەوەندیە گشتیەکان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و ئارامی هەڵچنیوە، هەر ئیمتیاز و کارئاسانیەک لە سایەی یەکێتیدا بۆیان کراوە هەڵبوەشێنرێتەوە، ئەمە زۆر پێویستە بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەم تاقمانە کە دەبێت حسابی تابوری پێنجیان بۆ بکرێت. پێنجەم: کورد وتەنی: دەستت لێ نەدایە باشتر بو، هەر کۆنگرە و هەوڵێک بۆ گەلەکۆمێ لەم ساتەدا ماڵوێرانی زیاتری بۆ یەکێتی لێدەکەوێتەوە، چونکە یەکێتی ئێستا پیكهاتەیەکی فرە جەمسەرە و هۆمۆجین نیە و بەرژەوەندی و ململانێی زۆر بونیادی هیلاک کردوە. بوژاندنەوەی بونیادێک لەو جۆرە تەنها کێشەو قەیرانی زۆرتریان لێدەکەوێتەوە. شەشەم: زیاتر لە (٣٠) سی ساڵە پارتی و یەکێتی لە شەر و بێ شەریشدا هەرێم و بەشێک لە ناوچە زەوتکراوەکانی باشوریان بە جۆرەها شێوە و مێتۆد و تراز بەرێوەبردوە، سەرەرای کارە باشەکانیان بەڵام لە بەرهەمەکانیشی کارەساتەکانی ئۆگۆست و ئۆکتۆبەر و ئەم حوکمرانیە لەتلەت و نادیار و ژێربەژێر و گرژ و ناجێگیرەشە. ئیستا تیمی حکومی یەکێتی مانی گرتوە و زویرە، هۆکارە واقعیەکان هێشتا ژێرئاو و تەم و مژاوین. مافی بنەرەتی هاوڵاتیانە هۆکارەکانی بزانن چونکە ئەوانن کە باجی گەورەی ئەو رەوشەیان داوە، دەسەڵاتدارانیش لە هیچیان کەم نیە. گەر باڤڵ و قوباد تاڵەبانی دەیانەوێت بەجدی و راشکاوانە بەلایەنی کەمەوە خزمەتی زۆنی دەسەڵاتیان بکەن لە بەردەم دو بژاردەدان: یەکەم: راشکاوانە و بوێرانە لە حکومەتی هەرێم بکشینەوە و پێگەی ئۆپزسیۆن بژاردە بکەن، زۆنی دەسەڵاتیان بە رێک و پێکی و جوان و کراوە لە گەڵ هێز و کەسایەتیەکانی دەڤەرەکە بەرێوەببەن بەسود وەرگرتن لە ئەزمون و هەڵە و کارە نارەواکانی رابوردو. پرسیار ئەوەیە ئەمە دەکەن و ئایا پێشیان دەکرێت؟ دوەم: لە هیچ حوکمرانیەکی دنیادا نەبوە بانێک و دو هەوا بێت، جا پارتی حزبێکی خۆشەویستە یاخود نا، باوەرپێکراوە یاخود نا، دادپەروەرە یاخود نا، وەک هێزی یەکەمی ئێستای هەرێم و حوکمرانیەکەی مافی خۆیەتی داوای پابەندبونی یەکێتی بە رێکەوتنی حوکمرانیەوە بکات، گەر پارتی خەتابارە با باڤڵ تاڵەبانی و یەکێتی راشکاوانە، بەدورکەوتنەوە لە لێدوانە گشتیەکان، راستگۆیانە هەرچی ژێر ئاوە سەرئاوی بخەن تا خەڵک بیان بینن و لەم حەزورە و وبێنەوبیبە و چاوشارکێیە رزگاریان بێت. ئەم کارکردنەش بۆ رۆڵی کورد لە بەغدا پێویستە، زاکرەی کورد مەگەر ئەوەندە کورت تەمەن بێت گەر ئەزمونی تفت و تاڵی بژاردەکردنی سەرۆکێک بۆ کۆماری وێرانە بیرکردبێت. چاوەروانین باڤڵ تاڵەبانی چ بژاردەیەک دەکات نوسینی: چیا عەباس
سالار مەحمود رۆژی جیھانی یادکردنەوەی قوربانیانی جینۆسایدی ھۆلوکۆستە، نەتەوە یەکگرتوەکان لە رۆژی ١/٢٧ ھەموو ساڵێکی دەست نیشان کردوە بە رۆژی قوربانیانی جینۆسایدی ھۆلوکۆست. نازیەکان و ھاوپەیمانەکانی شەش ملیۆن مرۆڤیان کۆمەڵکوژ کرد. ساڵی ٢٠٠٥ لە دانیشتنی ژمارە ٤٢ دا نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیاریدا ئەم رۆژە دابنرێ. لەناو بڕیارەکەدا جەخت لە بەگژاچوونەوەی تاوانی نێودەوڵەتی و جینۆساید دەکاتەوە لەگەڵ ھەموو جۆرە تاوانێک کە ئاسایشی مرۆڤایەتی بخاتە مەترسیەوە. لەناو بڕیارەکەدا باس لەو شۆکە گەورەیە دەکات کە جیھان و مرۆڤایەتی لە ئەنجامی کۆمەڵکوژی جولەکەکان تووشی ھات. کاریگەریەکانی ئەو رووداوانە ھێشتا لەسەر ژیان و مرۆڤایەتی بەردەوامە. ئەم بڕیارە ھەنگاوێکی باشە. کۆمەڵی نێودەوڵەتی ئێستاش و لەداھاتووش کار لەسەر سڕینەوەی ئاسەواری ئەو تاوانی ھۆلوکۆست دەکەن، پشتیوانی فیلم و ھونەرو شانۆ دەکەن تایبەت بەو پرسە. رێز لە قوربانیەکان و کەلوپەلیان دەگرن بە سەدان موزەخانەو مۆنۆمێنتیان بۆ دروست کردون. بەشێکت زۆری ئەو کارانە بە بودجەی نەتەوە یەکگرتوەکان دەکرێت و کارێکی باشە. بەڵام نابێ گەلی کوردستان و رای گشتی جیھانی ئەو راستیە فەرامۆش بکەن کە بەبەرچاوی نەتەوە یەکگرتوەکان و زلھێزەکانی دونیاوە، دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ لەجینۆسایدی ھۆلوکۆست، جینۆسایدی ئەنفال و کیمیابارانی ھەڵەبجە روویاندا. ئەو رێکخراوە جیھانیە تەنانەت بەیاننامەیەکی نیگەرانیشیان دەرنەکرد. جگە لەوەش ئەم رۆژە لە ساڵی ٢٠٠٥ دیاریکراوە. بەڵام لە دوای نۆ ساڵ لەم بڕیارە، تاوانی شەنگال و جینۆسایدی ئیزیدیەکان روویاندا. واتە کۆمەڵی نێودەوڵەتی ھێشتا نەیانتوانیوە کورد بپارێزێت لە مەترسی جینۆسایدو لەناوچوون. کورد گەرەکە دەرس لە رابردوو وەرگرێ، ئاوڕ لەبرینەکانی خۆی بداتەوە. ئەگەر دونیا شەرم لە دۆزی خوێناوی گەلەکەمان ناکەنەوەو بەرژەوەندی بەرچاوی گرتوون، با حوکمڕانی کوردستان بەرژەوەندی کەسی و لابەلاو خۆویستی بەرچاویان تەنگ نەکات و ئاوڕێک لە دۆزی جینۆسایدی کوردستان بدەنەوە وەک ستراتیژ لێی بڕوانن. کورد تاوەکو جینۆسایدی خۆی نەکاتە ئەرکی لەپێشینەو ھەموو رۆژێ قوربانیەکان و رووداوە تاڵەکان و ئازاری کچانی ئیزیدی و مناڵەکانی گەرمیان ئەوانەی ھێشتا لەژێر لمی بیابانەکانن نەکاتە پێشینەی کارو ئەرک و پلانی نیشتمانسازیی و حوکمڕانی. ھەر باری قورستر بەسەر گەلە ستەم دیدەکەماندا دێت. ئەو ستەمەی لە ئەنجامی خۆخۆریی و خۆویستی خۆییەوە ئەنجام ئەدرێ ئازاربەخشترە لە ستەمی نەتەوە یەکگرتوەکان و کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە گەلە چەندین جار جینۆساید کراوەکەمان. لەم رۆژەدا جیھان شەرمەزارە بەرامبەر بەگەلی کوردو قوربانیەکانی. بێجێی نابێ بڵێم گەندەڵکارو ھەلپەرستەکانی ناوخۆ شەرمەزاریان کەمتر نیە لە شەرمەزاری جیھانی.
خالیدی حاجی ئهحمهد تا دهستپێكردنی جهنگی روسیاو ئۆكرانیا، چاوهروانیهكی زۆر ههبوو ئێران و وڵاتانی (5) كۆ (1) لهسهر وردهكارییهكانی رێككهوتنامهكهی ڤیهنای 2015 بگهنه رێككهوتنی كۆتایی. هاتنه سهركاری (رهئیسی) كه كهسایهتییهكی بههێزی كۆنسێرڤاتیهكان و زیاتریش وهك جێگرهوهی ڕابهر (خامنهیی) چاوی لێدهكرا، ئهو گومانهی زیاتر كرد كه ئێران له كاریگهریی گوشاره نێودهوڵهتییهكان تێگهیشتوهو بهرێككهوتنێكی ئابڕووپارێزانه خۆی دهرباز دهكات. له گهرمهی گفتوگۆگاندا (پۆتین) جهنگی دژ به ئۆكرانیا ههڵگیرساند. جیهان و بهتایبهت ئهوروپا پڕبوو له دهنگۆی مهترسیی قهیرانی وزهو خۆراك،... بهتایبهت كه روسیا له گهورهترین بهرههمهێنهرهكانی نهوت و غازه له جیهانداو بڕێكی زۆریش له غازهكه لهرێگهی ئۆكرانیاوه دهگاته ئهوروپا. ههندێكی تریش پێیانوابوو له زوترین كاتدا (چین) پهلاماری تایوان ئهدات و قهیرانهكان قوڵتر دهبنهوه. لێرهوه دهوڵهتی (رهئیسی)و كۆنهپارێزهكانی ئێران كهوتنه تهڵهكهوهو ئهو ههڵه گهورهیهیان ئهنجامدا كه ئێستا راستكردنهوهی زهحمهته. له كۆتایی فهرمانڕهواییهكهی (حهسهن رۆحانی)دا گفتوگۆكان گهیشتبوونه ئهو خاڵهی: لیژنهی باڵای ئهتۆمیی نێودهوڵهتی بۆ دواجار سهردانی ئێران بكهن و كۆی بنكه ئهتۆمییهكان بهسهربكهنهوهو دڵنیابن لهرێژهی پیتاندنی یۆرانیۆم و وێستگهكانی (ئاوی قورس) دابخرێت و دواتر بڕی زیادهی یۆرانیۆمی پیتێندراو تا كاتی بهكارهێنانی لهلایهن ئێرانهوه بۆ كاروباری ناسهربازیانه، بدرێت به وڵاتێكی ئهتۆمی، له كۆتاییدا رێككهوتننامهكه مۆرو ئیمزا بكرێت. هێشتا مانگێك بهسهر جهنگی ئۆكرانیادا تێنهپهڕیبوو، توندڕهوهكانی ئێران له چاوهڕوانی زستانێكی ساردو كهمهرشكێندا بۆ ئهوروپاو دیسانهوه بهمهبهستی جارێكی تر بهرزكردنهوهی ئاستی داواكارییهكانی ئێران تا به خهڵك و ناوخۆی خۆیان بڵێن ئێمه وهك میانهڕهوهكانی هاوشێوهی (رۆحانی) مل به داواكانی رۆژئاوا نادهین و رایانگهیاند كه ئێران پلهی پیتاندنی یۆرانێوم بهرزتر دهكاتهوه. بۆ ئهو مهبهستهش چهندین (سهنترۆڤیوژی) نوێ دهخهنه كار.. له بهرانبهردا چی رویدا ؟ شهڕ درێژهی كێشاو ئهوروپا چووه بن باڵی ئهمریكاو خۆی گهرمكردهوه و كهس له سهرمادا رهقنهبووهوه... چین پهلاماری تایوانی نهداو پشتیشی كرده ئێران. تهنانهت سهرۆكی چین له سهردانهكهیدا بۆ سعودیه رایگهیاند كێشهی ئهو سێ دورگهیه دهبێت به ئاشتیانه چارهسهر بكرێت كه ئیماراتی عهرهبی ئیدیعای خاوهندارێتی دهكات و ئێران به بهشێكی دانهبڕاوی خاكهكهی خۆی دهزانێت. له لایهكی ترهوه هاوپهیمانه گهورهكهی ئێران كه روسیایه له ههوڵی ئاشتهوایی توركیاو سوریادایه، به چارهسهركردنی كێشهكانیان له دهرهوهی دانیشتنهكانی(ئهستانه) كه ئێران تێیدا ئهندام بوو. دهرهنجام رۆژئاوا وهڵامی ئێران نادهنهوهو جگه له مهسهله ئهتۆمییهكه، پێدانی فڕۆكهی بێفرۆكهوان به روسیاو دوای خۆپیشاندانه ناوخۆییهكانی ئێرانیش بابهتی مافی مرۆڤیان هێناوهته بهرباس. ئێستا نرخی غاز دابهزیوهتهوه بۆ رۆژانی بهر له جهنگهكهو گهمارۆكانی سهر ئێران زیاتر بووه، ناتوانێ بڕی پێویست بۆ قهرهبوكردنهوهی (توركمانستان) ههناردهی دهرهوه بكات، كه له بهرانبهریدا توركمانستان غاز بۆ باكوری ئێران دابین دهكات، بۆیه ئهو وڵاتهش كهم تا زۆر غازهكهی له ئێران گرتۆتهوه. نوێنهری (زابول) له پهرلهمانی ئێراندا وهك گاڵتهجارییهك به سیاسهتی (زستانی ساردی ئهوروپا) كه لهلایهن دهوڵهتی ئێرانهوه پهیرهوكرا، وتی: له ئهوروپا كهس له سهرمادا رهق نهبووهوهو ئهوه هاوڵاتیانی شارهكهی منن (زابول) بۆ خۆگهرمكردنهوه پهنایان بردۆته بهر تهپاڵه سوتاندن.
فهرهاد حهمزه محهمهد وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، دوای گەران و پشکنینی کۆمپانیای گشتی گەران و رومالی نەوت سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق لە بیابانی رۆژئاوای عێراق، یەدەکی سەلمێنراوی نەوت بە بری ٦ ملیار بەرمیل زیادی کردوە و یەدەکی سەلمێنراوی غازی سروشتی بە بری ٢٣ ملیار پێ سێجا زیادی کردوە، بەم شێوەیە یەدەکی سەلمێنراوی نەوتی عێراق گەیشتۆتە ١٥١ ملیار بەرمیل نەوت . لە ساڵی ٢٠١٤ وتارێکم لەسەر دەوڵەمەندی دەڤەری سوننەنشین نووسی و تیایدا پێشبینی ئەوەم کرد هەر کاتێک کارەکانی وەزارەتی نەوت پێشکەوتن بە خۆیەوە ببینێت ئەوا گۆڕانکاری ڕیشەیی بەسەر سامانی هایدرۆکاربۆنی لە وڵاتدا دێت . وا لای خوارەوە دەقی وتارەکە جارێکی تر بڵاودەکەمەوە : زۆرجار كه باس له ناوچهی سوننهی عێراق دهكرێت باس لهوه دهكرێت كه له بیابانێكی وشك و برنگ بهولاوه هیچی تری تێدانیه . ئهم تێروانینهی خهڵكی بۆ ئهو دهڤهره تا ئهو كاته بڕی دهكرد كه هێزهكانی داعش له 9ی حوزهیرانی ساڵی 2014 دا زۆربهی ناوچه سووننه نشینهكانی عێراقیان كۆنترۆل كرد و خهلافهتی ئیسلامیان لهشاری موسل جاڕدا ، لهو ساتهوه دهزگاكانی ڕاگهیاندن باس لهو نهوته زۆرو زهوهنده دهكهن كه رۆژانه هیزهكانی داعش دهیانفرۆشێت به جۆرێك جگه له مهترسییه سهربازییهكهی مهترسی ئابوورییشیان خسته پاڵ و كردیان بههێزێكی دهوڵهمهند به داهاتی نهوت لهوانه وڵاته یهككگرتووهكانی ئهمریكا كه ئیدیعای ئهوهی دهكرد رۆژانه چهندین ملیۆن دۆلار له داهاتی نهوت دهچێته گیرفانی داعشهوه . له چاو گێرانێكی خێرادا به پارێزگا سوننه نشینهكاندا ئهو راستیانهمان بۆ ئاشكرا دهبێت كه دهڤهری سوننهش له رووی ئابووری نهوت و غازهوه دهوڵهمهندهو له توانای دایه ئهو دەڤەرە پێش بخات و بیهێنێته سهر پێی خۆی . پارێزگای موسڵ _____ له سنووری ئهم پارێزگایهدا نزیكهی 50 ستراكچهری جیۆلۆجی تیا دۆزاوهتهوه كه ژمارهیهكیان بیری نهوتی تێدا ههڵكهنراوهو بوونی نهوتی تێدا سهلمێنراوه ، چهند دانهیهكیش لهمانه گهشهیان پێدراوه و چوونهته بواری بهرههمهینانهوه كه بریتین له كێڵگهی گهیاره , كێڵگهی عهین زاله , كێڵگهی سوفهیه.چهند كێڵگهیهكی تریش وهك نهجمهو بهتمهو جاوان و قهسهب و عهلان و سهرجۆن و خانوقه و نهینهوا ههیه كه تهنها بونی نهوتیان تیا سهلمێنراوه بهڵام گهشهیان پێنهدراوه .به كورتی یهدهكی سهلمێنراوی پارێزگای نهینهوا دەگاتە 3,2% ی یهدهكی ههموو عێراق . پارێزگای سهڵاحهدین لهم پارێزگایهدا ژمارهیهك ستراكچهری جیۆلۆجی بهرچاو دهكرێت بهڵام ئهوانهی بهرههمهێنن ئهمانهن : - كێڵگهی حهمرین , كێڵگهی عهجیل , كێڵگهی بهلهد , بهشێك له كێڵگهی ڕۆژههڵاتی بهغدا 0 . پارێزگای ئهنبار جیۆلۆجییهكان گهیشتوونهته ئهو راستییهیهی كه خۆرئاوای عێراق به تایبهت ئهو بهشهی له سنووری وڵاتی ئوردونهوه نزیكه گومان دهكرێت چهندین كێڵگهی غازی له خۆگرتبێت. ئهگهر رووپێوێكی چاكی ناوچهكه بكرێت ئهوا زیاتر راستییهكان رووندهبنهوه . لهبهرئهوهی رۆژبهرۆژ پێویستی جیهان بۆ غاز زیاتر دهبێت ههربۆیه وهزارهتی نهوتی عێرا ق له بهرنامهیدایه كهبه دهستی شارهزایانی عێراقی و بهتوانای نشتمانی ههلبسێت به رووپێوی ههزاران كیلۆمهتر دووجا له خاكی خۆرئاوای عێراق . ئهوهی تا ئێستا لهو ناوچهیه دۆزراوهتهوهو بهرههمی ههبووه كێڵگهی (عهككاس) ه . كێڵگهی عهككاس كه به یهكێك له كێڵگه غازییهكانی عێراق دهژمێردرێت دهكهوێته بیابانی رۆژئاوای عێراقهوه 30كم له باشووری شارۆچكهی قائیمهوه .یهدهكی غاز لهم كێڵگهیه به 5.6تریلیۆن پێسێ جا دهخهمڵێنرێت ( له كۆی یهدهكی ههردوو كێڵگهی كۆرمۆرو چهمچهماڵ زیاترە ). له پێش پرۆسهی ئازادییدا وهزارهتی نهوتی عێراقی بیابانی ڕۆژئاوای عێراقی دابهشی 12 بلۆك كردبوو 6 لهم بلۆكانه دهكهونه سنوری ههردوو پارێزگای موسڵ و ئهنبارهوه ڕووبهرهكهیشی زیاتر له 46 ههزار كیلۆمهتر دووجایه . به مهبهستی ڕوپێوكردن(مسح-survey ) داوای له ژمارهیهك كۆمپانیای روسی و هندی و ئهندهنوسی كردبوو تا ئهركی ڕوپێوكردنی تێدا ئهنجام بدهن بهڵام ڕوداوهكانی ساڵی 2003 كارهكهی پهكخست . له دوای پرۆسهی ئازادی عێراق وهزارهتی نهوت لە رێگەی کۆمپانیاکانی خۆیەوە پلانی گەڕان بە دوای نەوت و غازی لە ڕۆژ ئاوای عێراق دارشت هەروەها له رَێگهی خولهكانی مۆڵهت پێدانهوه و له خولی چوارهمی مۆڵهت پێداندا دهرگای واڵا كرد بۆ كۆمپانیا بیانیهكان تا بكهونه كێبرَكێوه بۆ بهدهست خستنی كاركردن لهو بلۆكانه . سهبارهت به نهوتیش ئاژانسی نهوتی ئهمریكی له ڕاپۆرتێكیدا له ساڵی 2006 ئاماژه به بوونی 100 ملیار بهرمیل نهوت له بیابانی ڕۆژئاوا دهكات . ئهگهر دۆزینهوهی نهوت له ساڵی 1927 له كهركوك به یهكهم شۆرشی نهوت ههژمار بكرێت ئهوا به تهواو بوونی ئهو پرۆژانهی له سهرهوه باسمان كردن دووهم شۆرشی نهوتی له عێراق بهرپا دهبێت . * كۆمپانیای نهوتی باكوور
ئهمین بهكر بڕیارەکەی ڕۆژی ۲٥/۱ی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقی بەدەر نیە لە ئامانجی سیاسی و دیدگای ئەو دادگایە بەتایبەت چەند ئەندامێکی دژە فدڕاڵییە. بەڵام ئەو لایەنەی کە لەم بابەتەدا تاوانبارە تەنها ئەو ئاڕاستە دژە فیدڕاڵییە نیە کە لەبەغدا هەیەو لە دادگای باڵای فیدڕاڵیشدا بڕیاربەدەستە، بەڵکو هەردوو حزبی باڵادەستی هەرێم (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان)یش پشکی شێریان لەو زوڵم و مافخورانەی بەسەر هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەی ئێمەدا دێت، بەردەکەوێت. لێرەدا نامەوێت باسی ئەوەبکەم کە چەند خەڵکی هەرێمی کوردستان، باجی سیاسەتی ملهوڕی و بێمنەتی ئەو دوو حزبە بەناو کوردستانییەیان داوە، لەدیارترین نمونەکانی ملهوڕیش پشتگوێخستنی داواکارییەکانی بهغدادو دنیا بوو لەپرسی ڕیفراندۆم و بابەتی گرێبەستە نەوتییەکان و پرسە داراییەکانی تری وەک نەگێڕانەوەی داهاتەکان و پرسی گومرگ و سنورەکان و ڕێگریکردن لە دیوانی چاودێری دارایی عێراق بۆ چاودێریکردنی خەرجی و داهاتی هەرێم و نەدانی ڕاپۆڕتی دارایی ساڵانە بووە بە عێراق!. لەبابەتی ملهوڕیدا هەردوو حزبی دەسەڵاتدار تاوانبارن، بەڵام پارتی دیموکرات پشکی زیاتری بەردەکەوێت، هەروەک باسی خۆخۆری و جەمسەربەندی ئەو دوو هێزە دەسەڵاتدارەی هەرێمیش ناکەم کە لە بەغداد ململانێی یەکتری دەکەن و لەو پێناوەشدا لەسەر حسابی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و مافەدەستورییەکانی تەنازولاتی گەورەیان بۆ لایەنە عێراقییەکان کردووەو، بێ ئەوەی هیچ دەسکەوتێک بۆ خەڵکی ڕەش و ڕووتی هەرێم بەدەستبهێنن!. لەدیارترین ئەو تەنارولاتانەش کە لە بهغداد کردویانە، تێپەڕاندنی یاساکانی حەشدی شهعبی و یاسای پەیماننامە دەوڵەتییەکان و چەندان یاسای تر بووە، بێجگە لە ڕێگەدان بەهاتنە ناوەوەی حەشدی شهعبی سەرەتا بۆ دوزخورماتوو دواتر کەرکوک و دەشتی نەینەوا، ڕێگەدان بە تێپەڕاندنی هەمواری یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵیش یەکێک بووە لەو تەنازولاتانەی کردویانە، لەم پرسەشدا هەردوو حزب تاوانبارن، بەڵام یەکێتی پشکی زیاتری بەردەکەوێت. بۆچی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی ئامانجی لێدانە لەمافە فیدڕاڵیبەکان؟ لەڕوی یاساییەوە: دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەو بڕیارەی لەسەر داوای پەرلەمانتارێکی لیژنەی یاسایی دەرکردووە ،کە داوا دەکات بڕیارەکانی ژمارە (٤۰۱،۳۳٥ ،۲٥۷، ۲۲٦،۱۹٤ی سالی ۲۰۲۱و بڕیاری ٨ی سالی ۲۰۲۲ كە لە ۱۱/ ۱/ ۲۰۲۲) ی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بەناردنی ۲۰۰ ملیاردینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەنادەستوری دابنێت و هەڵیانبوەشێنێتەوە، چونکە بەدەر لەیاسا دەرکراون، ئەوەی شارەزای یاسا بێت دەزانێت، تانەدان لە بڕیاری دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەناویاندا بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەبەردەم دادگای کارگێڕیی دەبێت نەک لەبەردەم دادگای دەستوریی، بەتایبەتیش کە لەدەقی داواکەیدا داواکار وتویەتی لەبەرئەوەی بڕیارەکە پێچەوانەی یاسای بودجەیە، واتە دادگای باڵای فیدڕاڵی تایبەتمەند نەبووە بەو داوایەی کە سەیری کردووەو حکومی لەسەر داو ، دەیان داواش هەن، کە لەسەر ئەنجومەنی وەزیران بەرزکراونەتەوەو داواکارەکان داوای نادەستوریبوونی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووە بەڵام دادگای ناوبراو بە بیانگەی نەبوونی تایبەتمەندی (عدم الاختصاص) ڕەتیکردونەتەوە، تانەت هەندێک داوا هەن کە لەسەر نادەستوریبوونی یاسای بودجە بوون، بەڵام کاتێک داواکە سەرو گوێی حکومەتی فیدڕاڵی گرتۆتەوە، دادگای باڵای فیدڕاڵی بەبیانوی نەبونی تایبەتمەندی بەهەمان شێوە ڕەتیکردونەتەوە. ئەم بۆچونەم لەئەنجامی ئەزمونکردنی چەند داوایەکە لەبەردەم دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، کە دوو داوایان بەبیانوی نەبوونی تایبەتمەندی (عدم الاختصاص) ڕەتکراونەتەوە، داوای یەکەم بەندە لەگەڵ هەردوو بەڕێزان پەرلەمانتاران حاکم سامان فتاح و زانا ڕۆستایی لەسەر بڕیاری ڕاگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەرزمانکردبۆوە، کە بەهۆی جێبەجێ نەکردنی یاسای بودجەی عێراقی و هەروەها بڕیاری ڕاگرتنی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمەوە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی، هەمان ئەو ئەنجومەنەی ئێستا دادگای ناوبراو تانەلێدان لەبڕیارەکانی بە اختصاصی خۆی ئەزانێت، بەڵام ئەوکات دادگاکە بەبیانوی عدم الاختصاص داوەکەی ئێمەیان ڕەتکردەوە، داوای دووەمیشم بەندە وەک پارێزەری خۆبەخشی هەردوو بەڕێزان پەرلەمانتاران کاوە محهمهدو غالب محهمهد لەبەردەم هەمان دادگاو هەمان دەستەی دادوەری و لەسەر خورانی موچەی چەند مانگێکی فەرمانبەرانی هەرێم بوو، و پاڵپشت بە بڕگەی ۳ مادەی ۹٤ی دەستور بەرزم کردبۆوەو سەرەڕای ئەوەی دادبینی چەند دانیشتنێکی بینی، بەڵام کاتێک بەپرسیارێکە ڕون بۆوە بەشێکی شانی حکومەتی عێراقیش دەگرێتەوە، دادگای باڵای فیدڕاڵی بەبیانوی عدم الاختصاص بەهەمان شێوەی داواکەی تر ڕەتیکردەوە. بۆیە کاتێک ئێستا هەمان دادگاو بەهەمان دەستەی دادوەری پێشویەوە، داوایەک لەسەر بڕیارەکانی هەمان ئەنجومەنی وەزیران، وەردەگرێ و بەپێچەوانەی بڕیارەکانی پێشووی بە اختصاصی خۆی ئەبینێ و بەپێی بڕگەی ۳ مادەی ۹٤ حوکمی نادەستوریبوونیان لەسەر ئەدات، نیشانەی پرسیارگەلی زۆر هەڵدەگرێ. دادگای ناوبراو بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی بە بیانوی دەرچون لە دەسەڵاتی ڕێپێدراو هەڵوەشاندونەتەوە. بەڵام کاتێک سەیری ناوەڕۆکی داواکە بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە دادگاکە بەرگری نوێنەری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی وەرنەگرتووە کە دەڵێت (ئەوە کارێکی کارگێڕییەو پێدانی سلفەی پێشینەیە تا حساباتی کۆتایی دەکرێت و دواتر لەبەشە بودجەی هەرێم دەگێڕدرێتەوە، و کارێکی پێویستە لەپێناو خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و ڕانەوەستانی دامودەزگاکانی دەوڵەت، بەپێچەوانەوە وتەی نوێنەری یاسایی وەزیری دارایی کردووە بەبەڵگە کە دیارەو بەئەنقەست دان دەنێت بەوەی کە زانیویانە خەرجکردنی ئەو دووسەد ملیارە نایاساییە بەڵام دەبوایە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران جێ بەجێ بکەن). هۆکاری ئەم ئاڕاستە ئامانجدارەی دادگای باڵای فیدڕاڵی دیارە بۆچی جیاوازە لەبڕیارەکانی پێشووی، چونکە ئەمجارە زەرەرمەندی ڕاستەقینە حکومەتی فیدڕاڵی نیە، بەڵکو خەڵکی هەرێمی کوردستانن و لەگەڵیشیدا گورزێکی تریشە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم دوای بڕیارەکەی پێشووی دادگای ناوبراو لەسەر پرسی یاسای نەوت وغازی هەرێم. بڕیاریەکی لەو شێوەیە ئەگەر کاردانەوەی هەڵوێستەکانی پارتە دەسەڵاتدارە کوردستانییەکان بێت، یان دەرئەنجامی هەڵەو تەنازولاتەکانیان بێت، بۆ من ئەوە گرنگە کە ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر دۆخی خەڵکی کوردستان و زەوتکردنی مافە دارایی و دەستورییەکانیانی لێدەکەوێتەوەو باجەکەشی هەر ئەو خەڵکە ڕەش وڕوتە ئەیدات. پێکهێنانەوەی دادگای باڵای فیدڕاڵی بەم شێوەی ئێستای تاوانی پارتی و یەکێتی بوو. بەپێی مادەی ۹۲ی دەستوری عێراقی، دەبوایە دوای ساڵی ۲۰۰٥ ، یاسایەکی تایبەت بە دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق دەربکرایە، و دەرکردنی یاساکەش بەپێی دەستور پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بوو، ئەم زۆرینەیەش وەک گرەنتێک بۆ خواستی پێکهاتەکان و گرنگی ڕۆڵی ئەو دادگایە لەدەستوردا دانرابوو. دەرکردنی ئەو یاسایە دواکەوت و دادگاکەی پێشوو کە پێش دەنگدان لەسەر دەستوری ئێستاو، بەبڕیاری ژمارە ۳۰ سلطەی ئیئتلافی کاتی پێکهاتبوو، بەردەوام بوو لەکارەکەی و هەرچەند زۆر باس لەنادەستوریبوونی دەکرا چونکە بەپێی دەستورە تازەکە دروست نەکرا بوو، بەڵام لێزانینی سەرۆکی دادگاکە کە زیرەکانە بابەتە کێشەلەسەرەکانی ئەخەواند یاخود بەپێی دۆخی سیاسی بڕیاری لێ ئەدان و تاڕادەیەکیش هاوسەنگی دەپاراست، وایکردبوو هێزە سیاسییەکان ئەو داوایانەی دەخەواند کە دەیزانی کێشەی بێ دەنگەی لێ بکەن و تانە لەشەرعیەتی نەدەن، بەهۆی زۆری تەمەنی ئەندامەکانییەوە، و خانەنشینبوونی ئەندامێکی و مردنی ئەندامێکی تری، لەنیوەی دووەمی ۲۰۱۹ەوە ئەو دادگایە کارەکانی وەستاو نەیتوانی کۆببێتەوە، بەهۆی بڕیارێکی پێشووتری دادگاکە خۆشیەوە کە مادەی ۳ی بڕیاری ژمارە ۳۰ سلطەی ئیئتلافی بەنادەستوری دانابوو، ئەو مادەیەی کە شێوازی گۆڕین و هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەو دادگایەی ڕێکدەخست، نەدەتوانرا دادوەری نوێ بۆ ئەو دادگایە دابنرێت و بەمەش دادگاکە توانای زیندوبونەوەی نەما. بەهۆی خۆپیشاندانەکانی تشرین و پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی کە بەڵێنی هەڵبژاردنی پێشوەختی دابوو، دەویسترا هەڵبژاردن بکرێت و هەڵبژاردنیش بێ زیندوکردنەوەی دادگای باڵی فیدڕاڵی نەدەکرا، چونکە بۆ پشتڕاستکردنەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان بڕیاری ئەو دادگایە پێویست بوو. هێزولایەنە شیعەکان دوای ئەوەی دڵنیابون ناتوانن بەبێ ڕازیکردنی کورد یاسایی دادگای باڵای فیدڕاڵی وەک ئەوەی لەدەستوردا هاتووە تێبپەڕێنن، هاتن پڕۆژەی هەمواری بڕیارەکەی سلطەی ئیئتلافیان هێنا کە دادگا کۆنەکەی لەسەر پێکهاتبوو، وە ئیدیعای ئەوەیان دەکرد کە ئەم هەموارە پێویستی بەزۆرینەی دوولەسەر سێ نیەو وەک هەر یاسایەکی ئاسایی بەزۆرینەی سادە تێدەپەڕێنرێت، و لەپشتی دەرگاکانیشەوە زەمینە سازیان بۆکرد تا ڕێگری بۆدروست نەبێت. پڕۆژەی هەموارەکە بەپێی دەستور دانەڕێژرابوو، تەنها شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی نوێ ی ئەو دادگایەو ئەندامانی یەدەگی گۆڕیبوو. شیعەکان دەیانویست بەمشێوەیە بەربەستی دوو لەسەر سێی دەنگ تێپەڕێنن و داواکارییەکانی کوردیش لەیاساکەدا جێگیر نەکەن. ئەو پڕۆژەی هەموارە لەزۆر ڕوەوە نادەستوری بوو لەکاتی خۆیدا وتارێکمان لەسەر نوسی، و هەرچەند بەندە پەرلەمانتار نەمابوین بەڵام لەڕێگەی هەندێک لە هاوڕێ پەرلەمانتارەکانمان ڕای خۆمان گەیاندو ئاگادارمانکردن کە ئەم پڕۆژەیە واتە ڕێگەدان بەپێکهێنانەوەی دادگاکە لەڕێگەی هەمواری یاساوە دانی بزمارە لەتابوتی کارتە دەستورییەکانی دەست هەرێم. ئەوە بوو لەکۆتایی مانگی پێنجی ساڵی ۲۰۲۱دا پڕۆژەی هەموارەکە دەنگی لەسەردراو لەنێو لایەنە کوردستانییهکاندا تەنها یەکێتی نیشتمانی دەنگی پێدا. بەڵام پارتیش کاری پێویستی نەکرد بۆ ڕێگرتن لەتێپەڕاندنی، بەتایبەت کە دەیتوانی لەڕێگەی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە کە لە پارتی بوو، ڕێگری لێ بکات. یاخود دەیتوانی، لەسەرەتای دەنگدان لەسەر پڕۆژەی هەموارەکە ڕایبگەیەنێت کە دادگاکە بەدەستوری نازانێت و اعترافی پێ ناکات، بەڵام نەک ئەوەی نەکرد بەڵکو پەلەی بوو کەسێک لەپشکی خۆی بنێرێت بۆ ئەندامێتی ئەو دادگایە. بەمشێوەیە لایەنە کوردستانییەکان، کاتی خۆی زۆر بەئاسانی کەوتنە ژێر کاریگەری فشاری هێزە شیعەکان وازیان لەو مافە دەستورییە هێنا کە دەستور دیاریکردووەو ڕێگەیاندا پڕۆژەی هەموارەکە تێبپەڕێ لەکاتێکدا دەیانتوانی لەڕێگەی دەستگرتن بەو مافە دەستورییە گرەنتی پێکهێنانی دادگایەکی دەستوریی عادل بکرێت. تا ئەوکاتەی دادگاکە مانگی دووی ساڵی ۲۰۲۲دا، دەستی برد بۆ مەلەفی نەوتی هەرێمی کوردستان و بڕیاری نادەستوریبوونی یاسای نەوت و غازی هەرێمی دەرکرد، بەمەش گەرمایی گەیشتە سەر پشتی پارتی دیموکرات و گورزی ڕاستەوخۆی بەرکەوت، و ئیتر بەرامبەر دادگاکە دەنگی لێ بەرزبۆوە، ڕایگەیاند کار بەبڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی ناکاو دادگاکە نادەستورییە. ئەمجارەش لە دۆسیەی ناردنی پارە کەدا دادگاکەی بەدادگای ئەنجومەنی سەرکردایەی شۆڕشی سەردەمی بەعس دەشوبهێنێ. بۆیە دەبێت خەڵکی کوردستان لەو دوو هێزە سیاسییە بپرسنەوە کە نەک نەیانتوانیوە نوێنەرایەتی ئەوان بکەن و مافەکانیان بپارێزن، بەڵکو لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا ڕۆژ بەڕۆژ زیانی گەورەو کەمەرشکێنیان لەماف و دەسکەوتەکانی ئەم گەلە داوەو، جاری واش هەبووە لەپێناو مەرحەبایەکی گەرمی عێراقییەکان یان تورکیاو ئێران، جاربەجاریش ئەمریکا، سازشی زۆریان لەسەر پرسە چارەنوس سازەکانی ئەم گەلە کردووە. ئەوەی بۆ خەڵکی ڕەش و ڕوتی کوردستانیش ماوەتەوە تەنها قوربانیدان، و ئازارو برسێتی و نەبوونی بووە، جێکەوتی هەڵەکانی ئەوو دوو هێزە سیاسییە تەنها بۆسەر خۆیان نیە بەڵکو باجەکەی گەلی کوردستان داویەتی و دەیدات.