وتنی "شتە نەوتراوەکان"
2023-01-15 15:22:18
د. نیاز نەجمەدین
بەشی زۆری بەرهەمی خۆماڵی شکستی هێناوە لەوەدا کڕیاری ناوخۆ رازیی بکات. چوین بۆ بینین و بیستنی شانۆو فیلم و میوزیکی کوردیی، لەچوار جاردا جارێک قازانجمان کرد تا وای لێهات متمانەمان بە هونەری کوردیی لاواز بوو. ئێمەش بێدەنگ نێت فلێکس و یوتیوبمان خستە شوێنیان.
بۆڵە بۆڵی دنیایان کرد بەسەر خوێنەراندا، گوایە بێ زەوقن و ئامادە نین پارەی لەفەیەک بە کتێبێک بدەن کە کاکی نوسەر بەشی گەورەی چەند ساڵی پێشووی تەمەنی پێ بەخشیوە. وەک چۆن لەبواری هونەردا ئەو گلەییە راستە کە ئیشی جوان کەمڕێزە، گلەیی هەندێک نوسەرانیش لە خوێنەران لە دیوێکەوە راست بوو، بەڵام ئەوەیان لە بیرکرد کە بەشی زۆری خوێندنەوەکانمان بە زمانی کوردیی (بەخۆماڵیی و وەرگێڕانەوە) کاتکوشتن و پارەبەفیڕۆدان بوو. خەتای کڕیار (خوێنەر) بێت یان فرۆشیار (نوسەر)، دنیای نوێ بەدیلەکەی خستە بەردەستمان: خوێندنەوەی نوسینی ئینگلیزیی و فارسیی و عەرەبیی.
بە شەوق و زەوقەوە، دینارمان لە گیرفان و کون و کەلەبەری خانووەکەنمان هەڵدەگرت و دەشاردەوە. حەزئەکەی پێمان بڵێ: "تۆ بێگانەپەرستیت"، دوای چەند ئەزمونێکی تاڵ، پشتمان تێ کردو پەنامان بۆ بەدیلەکەی برد: دۆلار!
وەرە بیر لە ژن و پیاوی خۆماڵیی بکەینەوە. ژمارەیەکی بەرچاو لە پیاوان دادو بێدادیانە بە دەست داواکاریی و بۆڵەی ژنەوە. رۆژ تا ئێوارە هەڵسوڕێ، لای ژنەکەت سێ لە دە (٣ لە ١٠) زیاتر ناهێنیت. زۆرن ئەو ژنانەش چەندان جار لەلایەن مێردەکانیانەوە کڵاو کرایە سەریان، لێیاندرا، هتد، بە دڵی شکاوەوە بە دیار منداڵەکانیانەوە دانیشتوون. بە وتە سەقەتەکەی مەلا هەڵۆ ناڵێم، رێژەی ئەو خێزانانە کەم نین کە کەوتونەتە ناو ئاژاوەو ناتەباییەوە بە رادەیەک ئەگەر میدیاکارێک پرسیارێکی لەم چەشنە ئامادەی خێزانەکان بکات "ئایا ئەگەر بتگێڕنەوە بۆ سەردەمی زوگورتێتییەکەت، هاوسەرگیریی دەکەیتەوە؟"، رەنگە رێژەیەکی بەرچاو بڵێین: "نەوەڵا، لە زەمەنێکی هەڵەدا هاوسەرگیرییم کرد، ئێستاش ئەگەر جیا ببەمەوە، رەنگە قەت نەیکەمەوە".
ئەگەر لە سیاسەتدا بوار هەبوایە سەرۆکێک هاوردە بکەین، ئەوا بێشک دەمانکردو رەنگیش بوو لە سەرۆکی کوردیی بۆ کورد باشتر بوایە. فەیسەڵ، کە کاتی خۆی لە سعودییەوە هێنایان و کردیان بە مەلیکی عێراق، بە هەموو پێوەرێک لە سەددام و زۆر سەرکردەی کورد باشتر بوو.
بەشی زۆری خواستەکانمان بە میللەتانی تر تێر کران، بە زانینیشەوە. پێمان خۆش بێت یان نا، ئەگەر ئێران لە رووی سیاسییەوە کوردو عەرەبی عێراقی کۆنتڕۆڵ کردووە، ئەوا تورکیا لەرووی ئابوورییەوە (کاڵاو خزمەتگوزارییەوە) هەیمەنەی کردووە بەسەریدا.
شتێک نا، دەیان شت لەنێوان ئێمەدا تێکچووەو خراپە، هێشتاش کورد بە تواناکانی فەڵەستینییەکانەوە خەونی جولەکەئاسا دەبینێت. ناتەبایی بەرۆکی شوێن نەماوە نەیگرتبێت، لەڕو لاوازو بێبەرهەمی کردین. تۆ بڕوانە لە ناوخۆی خێزانەوە (منداڵ بەرامبەر دایک و باوک و ژن و مێرد بەرامبەر بە یەکتر)، بۆ حزب لەناو خۆی و لەنێوان مەسولەکانیدا، بۆ نێوان حزبەکان، حزب و حکومەت، حکومەتەکانی عێراق لەگەڵ یەکترو لەگەڵ ناوچەکە: چی تر جگە لە ناتەبایی گەورەو ترسناک رەنگی زاڵی دیمەنەکەیە؟
هۆکار هەرچی بێت، جا ئەوەیە پەیوەندیی بەرهەمهێنان کەمینەیەکی مشەخۆری زاڵ کردووە بەسەر زۆرینەیەکی خۆبەبچوکزان و نەفامدا، یان ئەوە بێت بە کۆمەڵێک سەرکردەو بنکردەو دەزگای کۆنەوە پێمان ناوەتە قۆناغێک کە داخوازیی نوێ و بوونەوەر و دامەزراوەی نوێی دەوێت و نیمانەو ناتوانین بەرەنگاری باڵادەست و زلهێزەکان ببینەوە، دەڵێم هۆکارەکە هەرچی بێت، لەو راستییە کەم ناکاتەوە بەشی زۆری پەیوەندیی خۆماڵیی و بە دوایدا بەرهەمی خۆماڵیی شکستی هێناوە، سەرکردەو حەکیمێکیشمان نییە بەناو تەمەکەدا سەلامەتتر دەرمانکات. ئەوەی هەیە دەنگی زاڵ و کۆمەڵێک بیرۆکەی بێ سەروبەرو رقەبەرایەتیی نێوان وشکە ئیسلامیی/ مسوڵمان و وشکە عەلمانیی/ مولحیدە.
زۆنی گفتوگۆی ئەم دوو بەرەیە پڕە لە تۆمەتبارکردنی یەکتر بە شتی وەک "تۆ کافر و مەلعونیت، تۆ داوێنپیسیت" لە بەرەی یەکەمەوە، یان "تۆ دواکەوتوویت چونکە موحاجەبەیت، نوێژ دەکەیت و رۆژوو دەگریت"، لە بەرەی دووەمەوە.
خۆشبەختانە زۆرن ئەوانەی نە وشکە ئیسلامیی/مسوڵمان و نە وشکە عەلمانیی/مولحیدن و توانای پێکەوە هەڵکردنیان هەیە. لەناو دەیان ئیش و هەنگاودا، رەنگە هەنگاوی یەکەمی ئەم بەرەیە پێویست بکات ئەوە بێت جەریئانە لە ئەڵقەی بچوکەوە بۆ گەورە ( بۆ نموونە لە خێزانەوە بۆ نێوان حزب و حکومەتەکان) زۆنێکی نوێ بۆ گفتوگۆی لای کەمی شتە نەوتراوەکانمان ساز و زاڵ بکات، هاوکات زەمینەی تەحەمولکردنی بیستنیان و عاقڵێ نە مامەڵەکردنیان خۆش بکات. بەبێ دروستکردنی پردێک لە نێوانمان بۆ هاوکاریی و تەباییەکی رێژەیی و کرانەوە بە رووی یەکتردا، رق و بوغز و نادڵنیایی، لەگەڵ رۆتین و دووبارەبوونەوە پەیوەندییەکانیان قفڵ کردووە و لە کۆتاییشدا بە زیانی گەورەتر لێی دەردەچین.