خۆشم چوار دانەی مارکەم هەیە!
2023-01-18 18:04:23
✍🏽 حسین علی شریف
زۆرتان لەسەرم نییە هەتا سوێندتان بۆبخۆم، بەڵام کە یەكەمجار کوبەم لە ماڵی مامۆستا جەبار خانەقینی بینی، وامزانی دۆینەیە!
کە فەرمویان لێکردم، یەکسەر گوتم: ناخۆم خۆیشمان هەمانە، بەڵام کە منداڵەکانم بینی گازیان لە کوبەکە گرت و کشمیش و قیمەی ناو کوبەکەم بینی ، ئەوجا زانیم چ پەنێکم داوە و لە دڵی خۆما ئەمگوت: دە فلس مەولوی ئیمام قاسمی بیرکێ وێ یەکجاری تر فەرموم لێبکەن!
ئەڵبەتە لەوکاتەدا کە چاوەڕێی خوڵکێکی تربووم، خەفەتم بۆئەوە ئەخوارد کە لە دە فلس زیاترم پێنەبوو کە بیکەم بە مەولوی ئیمام محمدی خۆرەتاو، چونکە ئەوکات ئێمەیان وا تێگەیاندبوو کە مەفعولی خەیرەکانی ئیمام محمدی خۆرەتاو لە هی ئیمام قاسمی بیرکێ بەهێزترە، هەربۆیە ئەگەر پارەکە کەم بوایە نەمانئەوێرا تەکلیف لە ئیمام محمد بکەین!
ئیتر بە درۆی خۆشمان هەمانبوو، هەلی خواردنی کوبەم بۆ یەکەم جار لەدەست دەرچوو!
بەر لە چەندساڵێک کە گەڕاینەوە بۆ کوردستان، لەگەڵ خۆماندا دیارییەکمان بۆ کەسێک بردەوە، کە ڕۆشتین بۆ ماڵیان و دیارییەکەمان دایە دەستی پیاوەکە، ئەویش لە ژێر لێوەوە گوتی: عەزیەتتان بۆکێشا خۆ لێرەش هەمووچتێک هەیە !
کچە بچوکەکەم ئۆقرەی لەبەر هەڵگیرابوو و هەر ئەیچپاند بە گوێی مندا و ئەیگوت بۆچی دیارییەکە ناکاتەوە؟
ئیتر دوایئەوەی ناچاربووین کە باسەکە کەشفبکەین، کابرا دیارییەکەی کردەوە و دووبارە لە ژێر لێوەوە و گوتی: دەستتانخۆش و دیارییەکەی خستەوە ئەولاوە!
دیسانەوە کچەکەی من دەستی کردەوە بە چپە چپ و ئەمجارە ئەیگوت: حەزی لێ نەبوو!
لێرەدا ڕوبەڕونەوەی کچەکەی من و خاوەن ماڵەکە، ڕوبەڕونەوە و شەڕی نێوان دوو کەلتوری جیاوازبوو!
زۆرینەی مرۆڤەکانی ئێرە ساڵانە لانی کەم چەند دیارییەک وەرئەگرن و چەند دیارییەکیش پێشکەش ئەکەن، لە زۆربەی بۆنە تایبەتییەکاندا کە دیاری وەرئەگیرێت( جگە لە دیاری کرسمس کە ئەبێت لە ڕۆژی بیستوچواری دوانزەدا دیارییەکان بکرینەوە) دیاری بۆنەکانی تر، ئەبێت هەرلەوکاتەدا بەبەرچاوی کەسەکەوە بکرێتەوە و بە ڕویەکی شیرین و گرنگیپێدانەوە سەیری دیارییەکەبکرێت، ئەگەرچی دیارییەکە نرخەکەشی زۆرنەبێت یان ئەگەرچی لەهەمان ئەو شتەشت هەبێت کە بۆت هاتوە، ئەبێت کاردانەوەی وەرگرتنی دیارییەکە گەرموگوڕبێت!
لەبەرئەوەی لە کەلتوری ئێمەدا بەڕادەیەکی زۆر کەم گرنگی ئەدرێت بە دیاری پێشکەشکردن و وەرگرتن، زۆرجار لە کاتی وەرگرتنی دیاریدا نازانین چۆن مامەڵە بکەین!
دەستتخۆشبێت بۆ عەزیەتت کێشا خۆ لێرەش هەمووشتێک هەیە، وەڵام و کاردانەوەیەکی زۆر خراپە بەرانبەر کەسێک کە دیارییەکی بۆ هێناویت!
کورە عەزیەتت بۆکێشا، بەخوا دە دانەی هەرلەوەی تۆ هەیە، ئەوپەڕی بێڕێزییە بەرانبەر ئەوکەسەی کە دیاری بۆ مناڵەکەت هێناوە!
دەستتخۆشبێت بەخوا خاڵیشی چوار دانەی بۆ ناردۆتەوە هەر بەکاریشی ناهێنێت، خۆشم چواردانەی مارکەم هەیە هەر بەکارم نەهێناوە، ئەوپەڕی نارۆشنبیری و بێ ئەتەکێتییە بەرانبەر کەسێک کە تۆی لەبیربوە و بەسەری کردویتەوە!
ئەوکەسەی کە دیارییەکت پێشکەش ئەکات، ئەزانێت کە تۆ نە برسیتە و نە موحتاجیت، کەواتە پێویست ناکات یادی بخەیتەوە کە تۆ لەوە زیاترت هەیە، ئەوەی ئەو ئەیەوێت تەنها گوێپێدان و گرنگی پێدانێکە ئەگەرچی بە درۆشەوەبێت هەرئەبێت ئەوە نیشانبدەیت!
مەبە بەو ژنەی کە هەردوو گورچیلەی وەستابوو، دوایئەوەی گەیاندبویانە نەخۆشخانە و زەرعی گورچیلەیان بۆکردبوو، کە بەنجەکە بەریدابوو، پرسیبووی: کێ گورچیلەی خۆی پێشکەشکردم؟
ئەوانیش گوتبوویان، نازمی مێردت!
ئەویش لەبری سوپاسگوزاری، یەکسەر گوتبوی: خوا ئەزانێ گورچیلەی وە چەن ژنی تریش داوە!
دیاری بە بەرز و نزمی نرخەكەی ناپێورێت، دیاری بەوە هەڵئەسنگێنرێت، كە كەسێك تۆی لەبیربوە و بەسەری كردویتەتەوە!