٢٠٠٠ ژمارەو پرسیارێكی بەردەوام
2023-01-11 12:02:41
تارق فاتیح
سەرەتایەكی بەگومان و كۆتاییەكی نادیار
ئەم ژمارەیەی هاوڵاتی لەم هەفتەیەدا بڵاوبووەتەوە، دووهەزارەمین ژمارەی ڕۆژنامەی هاوڵاتییە و لە تەمەنی ٢٣ ساڵەی خۆیدا بڵاوی كردووەتەوە. ٢ هەزار ژمارە لە ماوەی ٢٣ ساڵدا ئەگەر تەنیا وەکو چەندێتی و بەردەوامی سەیری بکەین، بە گوێرەی سیاقی باشوری کوردستان زۆرە! دەشێت بەشێوەی جۆراوجۆر بیری لێ بکرێتەوەو هەڵبسەنگێنرێت؛ ئەمە بەجێ دەهێڵم بۆ ئەوانەی سەروکاریان لەگەڵ بڵاوکردنەوەدا هەیە با ئەوان هەڵیسەنگێنن.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێت لەسەری هەڵوەستە بکەم شتێکی ترە کە بە درێژایی کارکردنم لە هاوڵاتی یەخەی گرتووم. هەر لە سەروبەندی دەرکردنی هاوڵاتییەوە، بەدرێژایی ئەم ٢٣ ساڵە بەبێ پسان، پرسیارێكی ناوەخت، ناوبەناو خۆی دەکات بەناو پرۆسەی کارکردنمداو بیرو هۆشم بەخۆیەوە مژۆڵ دەکات و دەمخاتە دۆخێکەوە بەردەوام بیری لێ بکەمەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستاش نەمتوانیوە وەڵامێكی دروست و گونجاوی بۆ بدۆزمەوە، پرسیارەكەش ئەوەیە: «ئێمە چی دەكەین؟» کە دەتوانین بەم شێوانەش دایبڕێژینەوە: «داخۆ ئەو كارەی ئێمە دەیكەین لەبەرژەوەندی گشتییدایە یان دواجار بە زیانی گشتی دەشكێتەوە؟» «ئایا ئەگەر ڕۆژنامەی هاوڵاتی هەر دەرنەکرابایە، دونیای ئێمە لە ئێستا باشتر دەبوو یان خراپتر؟» «ئایا ئەم پانتاییە ئیداری و سیاسییەی ئێمە، ئەو پانتاییەیە كە ڕەخنە بتوانێت ئیشی خۆی تێدا بكات و كاریگەری دابنێت یان نا؟» بەردەوام ئەم پرسیارانە لەلام چەند بارە بوونەتەوە و من بۆ خۆم تاوەکوو ئێستا بە وەڵامی دیاریکراوی ئەم پرسیارانە نەگەیشتووم یانژی بە کراوەیی جێمهێشتوون. ئەگەر بۆم هەبێت پێمخۆشە ئەوەش بڵێم، هاوڵاتی بۆ ئێمە لە باشوری کوردستان، تەنیا «ڕۆژنامەیەکی سەربەخۆ» نەبووە کە لە فەزایەکی ئازادا لە سنووری کایەی کارکردنی خۆی کە ژۆرنالیزمە ژمارە لە دوای ژمارە وەکو هەر ڕۆژنامەیەکی وڵاتێکی ئازاد دەربچێت و لە هەمان پانتاییدا کاریگەر بێت. هەر لە بنەڕەتەوە بەهۆی بارودۆخی ژینگەی سیاسی-کۆمەڵایەتی ئێمەوە، هاوڵاتی هەر لە سەرەتاوە، سەرەڕای ئەوەی تەنیا ڕۆژنامەیەک بوو بەڵام سنوورەکانی کایەی ژۆرناڵیزمی تێپەڕاند و بۆ کایەی تر پەڕیەوە و ئەرکی تری لە ئەستۆ گرت کە لە کەم وڵاتی جیهاندا ڕۆژنامەی سەربەخۆ ئەو ئەرکانە لە ئەستۆ دەگرێت.
لەم سۆنگەوە بەكورتی دەشێت پانۆرامایەك بۆ كاریگەرییەكانی ڕۆژنامەی هاوڵاتی دروست بكەین و هەندێك جومگەی سەرەكی ئەم مێژووە ڕاگوزەر بەسەر بکەینەوە بەم شێوەی لای خوارەوە. بێگومان ئەگەر دەرکردنی ڕۆژنامەی هاوڵاتی وەك پرۆسەی ڕەخنەگرتن سەیر بكرێت، ئەوا ناتوانین بڵێین كە پرۆسەی ڕەخنەگرتن لە هاوڵاتییەوە دەست پێدەكات، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ پێشتر، بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی گۆڤاری دیموكراسی و پاشان گۆڤاری ڕەهەند و بڵاوكردنەوەی چەندین گۆڤار و كتێب و وتاری ڕەخنەیی تر، كە پێش بڵاوكردنەوەی یەكەم ڕۆژنامەی هاوڵاتی لە مەیدانەكەدا هەبوون. هەر بۆخۆی بیركردنەوە لە دەركردنی ڕۆژنامەیەكی وەك هاوڵاتی، هەڵهێنجراوی ئەو فەزا ڕەخنەییەبوو كە ئەوان دروستیان كردبوو. زۆربەی بەیانیان كاتێک ڕۆژنامەكە بڵاو دەكرایەوەو جارێكی تر دەمخوێندەوە، هەستم دەكرد ویژدانم ئاسودەیەو ئەو كارەی ئێمە دەیكەین جێی خۆی گرتووە یان جێی خۆی دەگرێت. زۆر جار توانیومانە ماف بۆ ماف زەوتكراوێك بگەڕێنینەوە، چەواشەكارییەك ڕاست بكەینەوە، ڕا، سەرنج، پێشنیار و ڕەخنەی كەسانێك بڵاو بكەینەوە كە ئەگەر هاوڵاتی نەبوایە بڵاو نەدەكرانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دوابەدوای ئەوە، ئەوەندەی تر كێشە، گرفت، مافخوران، ڕەخنە، سەرنج و پێشنیار دەهاتنەوە بەردەممان و دەبوایە دیسانەوە وەك ئەوەی هیچمان نەكردبێت دەست پێبكەینەوە، هەمان پرسیار دووبارە خۆی قوت دەكردەوە كە «ئێمە چی دەکەین؟» بەدوای هاوڵاتیشدا گۆڤاری لڤین و ڕۆژنامەی ئاوێنە دەركران و وردە وردە تا دەهات فەزای ڕەخنەگرتن فراوانتر دەبوو؛ ئەمە وایكرد كەسانێك كە بۆخۆیان سەرقاڵی دونیای سیاسەت بوون، بگەنە ئەو باوەڕەی كە پرۆسەی ڕەخنەگرتن بێ ئەنجامە و گۆڕانكاری درووست ناكات. هەربۆیە بیریان لە درووستكردنی هێزێكی سیاسی جێگرەوە كردەوە.
لە ئاكامی ئەم بیركردنەوەیەش بزوتنەوەی گۆڕان دامەزرا. ئەم هێزە سیاسییەش توانی هەر لە یەكەم هەڵبژاردندا ٢٥٪ی دەنگەكان بۆ خۆی بەدەست بهێنێت(من بڕوام وایە ئەگەر پرۆسەی هەڵبژاردنەكە پاك و بێگەرد بوایە، زۆر لەو ڕێژەیەش زیاتر دەنگیان بەدەست دەهێنا). بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی سیاسی ئۆپۆزسیۆن دامەزرا و كەوتە كار. ئەوانیش ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتی سیاسی و حوكمڕانی هەرێم بەشی هەرە زۆری گوتاری میدیایی و سیاسییەكانیانی داگیر كردبوو. بوونە مایەی دروستبوونی هیوا لای زۆرینەی خەڵك و بۆ منیش دڵخۆشكەر بوو؛ باوەڕم وابوو كە ئەو كارەی ئێمە دەیكەین جێگای خۆی گرتووە. دوای چەندین كێشمەكێش و ململانێی سیاسی مەترسیدار كە زۆرجار مەترسی خوێنڕشتنی لێدەكرا، دواجار ئاكامەكەی بەوە گەیشت كە ئێستا لای هەموومان ڕوونە و بزوتنەوەی گۆڕانیش دوای كۆچی دوایی (نەوشیروان مستەفا) دامەزرێنەر و كەسایەتی كاریزمی بزوتنەوەكە لە جێگای ئومێدەوە بووەتە مایەی بێهیواییەكی گەورە. سەرئەنجام هێزێكی سیاسی كاریگەری وەك بزوتنەوەی گۆڕانیش نەیتوانی دەستكاری فەزای سیاسی و حوكمڕانی دونیای ئێمە بكات و دۆخەكە وەك خۆی مایەوە. لێرەدا هەمان پرسیار دیسانەوە خۆی قوتكردەوە كە «ئێمە چی دەکەین؟» ٣٠ ساڵ زیاتر بەسەر ئەزموونی حوكمڕانی كوردیدا لە هەرێمی كوردستان تێدەپەڕێت، هاوتەریب ٣٠ ساڵ زیاتریشە پرۆسەی ڕەخنەگرتن بەردەوامە، بەڵام سەرئەنجام گەیشتووین بەكوێ؟! وەڵامی ئەم پرسیارە لای زۆربەمان ئاشكرایە، گرفتی بونیادی، كێشەی سیاسی ناوخۆیی، گەندەڵی، نادادی، فەزای میدیای چەواشەكار، نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری ڕاستەقینە وەك خۆی ماوەتەوە. ئەمانەو دەیان كێشەی دیكە تەنها فۆرم و بیانوەكانیان گۆڕاوە، ئەگەرنا لەبنەڕەتدا كێشە بونیادیەكان وەك خۆیان ماون و هیچ لە مەسەلەكە نەگۆڕاوە و پەرتەوازەیی سیاسی و نەبوونی ئەجێ.