Draw Media

 ئاسۆ حاجی ئەوەی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە باکور و رۆژئاوای کوردستان بە راسپاردەی مەسرور بارزانی دەیکات، تەنها دووبارە کردنەوەی مێژووی بنەماڵەی بارزانیە، کە سەرچاوەی بیری نەتەوەیی و دامەزرێنەری بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستانن. بە درێژایی ئەو مێژووە لە شێخ عەبدولسەلامی یەکەمەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات، هەرگیز نەبووە پارچەیەکی کوردستان پێویستی بە هاوکاری بووبێت، ئەوان بە هانایانەوە نەچووبن، نەبووە نەتەوەیەک یان پەیڕەوانی ئاینێک لێیان قەومابێ و ماڵباتی بارزانی لەگەڵیان نەبووبن و نەبووبنە چەپەری پاراستنیان، لە بەهاناوەچوونی ئەرمەن و ئاشووریەکانی باکوری کوردستانەوە بگرە، تا چوون بە دەنگ بانگی شێخ مەحمود و دواتر تێکەڵ بوون لەگەڵ هەوڵەکانی دامەزراندنی کۆماری کوردستان و بەرگری لێکردنی. بارزانیەکان لە کوێ بووبن و لە کوێ بن، بیر و هزری کوردایەتی لە گەشانەوە و بەهێز بوون دابووە و دایە، دیمەنەکانی پێشوازی کردنی خەڵکی عەفرین لە کاروانی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی، هەموو ئەو مێژووەی بۆ کورت کردینەوە، کە ئەو بنەماڵەیە رابەرایەتیان کردووە، نامەیەکی کراوەش بوو بۆ هەموو ئەو هێزانەی دژایەتی بیر و رێبازی کوردایەتی(بارزانی) دەکەن، کە ئەو هێزە لە بن نایە و ئەو باوەڕە کاڵ نابێتەوە و لەبیر ناچێتەوە، چوونکە بیر و باوەڕێکی رەسەن و کوردەواریە، زادەی ئافراندنە مەزنەکانی مەلای جزیری و ئەحمەدی خانیە، کە لە بارزان لەگەڵ (خواپەرستی) تێکەڵ بووە و بۆتە عەقیدە و دواتریش رێبازێکی سیاسی کە (خاکویستی) و (مرۆڤدۆستی) بنەماکانی پێک دەهێنن، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی نوێنەرایەتی هەموو ئەو مێژوو و چەمک و بەهایانە دەکات، بۆیە بە هەموو شتێک را دەگات، بە راستکردنەوەی هێلی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان و بە درێژ کردنی دەستی هاوکاری بۆ پارچەکانی دیکەی نیشتیمان و بە نەخشاندنی ئادگارەکانی قۆناغێکی نوێی سیاسی، کە لە بەرژەوەندی ئایندەی خەڵکی کوردستان و بەهێزتر کردنی پێگەی کوردستان بێت لە سەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا.


لەتیف فاتیح فەرەچ ئاکاری سیاسی زۆر گرنگە قسەی لەسەر بکرێت، جۆرێک هێزی سیاسی هەن لەکاتی کێشەو گرفتی بەرانبەرەکەیاندا زیاتر برینەکان دەکولێننەوەو بارودۆخەکە دەقۆزنەوە بۆ ئازاردانی ئەوی تر ، ئەمەش ئەو پەڕی بێئاکاری سیاسیە، لە بەرانبەردا جۆرێکی تر هەن لەوجۆرە بارودۆخەدا وەک ئاکارێکی سیاسی دەست لەهەرجۆرە ئازاردانێک هەڵدەگرن، هەموو ئەوە دەزانن کە ئەوە تورکیایە دەیان ساڵە شەڕی قڕکردنی کورد دەکات و دەیەوێ کوردی بەشەرەف نەهێڵێت، لەبەرانبەردا کورد داکۆکی لەبوون و مانەوە دەکات و نایەوێت لەشەڕیشدا ئاکاری سیاسی لەبیر بکات، دواپەیامی جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان بۆ ڕاگرتنی هەموو چالاکیەک لەم بارودۆخە تایبەتەی تورکیاو باکوری کوردستان ئەو پەڕی ئەخلاقە. بایک وەک هاوسەرۆکی کەجەکە دەیتوانی ئەو دۆخە بەجۆرێک سود لێببینێ کە تورکیاو ئاکەپە تەنگە تاو کات لێ ئەمەی نەکردو شەڕی وەستاند، من جەمیل بایکم لەنزیکەوە بینیوە ئەو وێڕای ئەوەی سەرکردەیەکی سیاسیە، فەرماندەیەکی بوێریشە، بەڵام هەمیشە لەگڤت و گۆو سیمایدا خواستی ئاشتی بەدیدەکرێت، ئەم پەیامەش لەو چوار چێوەیەدایە، دەنا خۆ ئەوە پارتی کرێکاران و کورد نین کەشەڕی تورکیا دەکەن، ئەوە تورکیاو ناتۆن کەشەڕی کوردی سڤیلیش دەکەن نەک کەجەکە، راگرتنی شەڕ پەیامێکی جێی بایەخە بۆ ئەنقەرەو ئاکەپەو هەروەها نیشاندانی ئەخلاقی ئاشتیخوازانەشە بەدنیا کەکورد دەرفەت بۆ تۆڵە ناقۆزێتەوە، بەتایبەت کە ئێمە ئێستا لەنێو یادی شوباتی پیلانگێڕی بیست و چوار ساڵ لەمەو بەرداین. بایک بەو پەیامە نەک هەر شەڕ ڕادەگرێت دەستی هاوکاری کوردانیش بۆ براو خوشکە لێقەوماوەکانیان ئاوەڵا تر دەکات، دڵنیام ئەم هەنگاوە دەنگدانەوەی گەورەی میدیایی و سیاسی دەبێ، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئاکەپەو ئەردۆغان لەو شێوە پەیامە بگەن، هەڵبەت وەک سەرەتاش ووتم ئەمە عیبرەتێکی بایەخدارە بۆ هەموو ئەوانەی دەرفەتی ناجۆر دەقۆزنەوە بۆ زیاتر بریندارکردنی بارانبەرەکەیان بایک و کەجەکە چونکە لەشەڕی ڕەوادان کاری بەو جۆرە ناکەن و نایانەوێت ئەوکەلێنەی ئێستا دروست بووە بۆ شەڕو سەرکەوتنی هیچ فرسەتانە بقۆزنەوە.  


سه‌ردار عه‌زیز ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەڵێن کێشەی دۆلار، یان دابەزینی نرخی دینار، لە ڕاستیدا دەستنیشانکردنێکی هەڵەیە بۆ کێشەکە. کرۆکی پرسەکە دراو و نرخەکەی نیە، بەڵکو سیستەمێکە کە جوڵەی دۆلار لە دونیادا ڕێکدەخات و عێراق هێشتا بەشێک نیە لەو سیستەمە. بەم پێیە، هۆکاری سەرەکی هەڵبەزو دابەزی نرخی دراو، ئابوری نیە، بەڵکو پرۆسەی کۆنترۆڵ و بەدەستهێنانی زانیاری و سەفەری دراوێکی وەک دۆلارە. ئەم سیستەمە بە کۆدی سویفت ناسراوە. SWIFT “Society for World Interbank Financial Telecommunication”. سویفت کورتکراوەی کۆمەڵەی ئەو بانکانەیە کە لەبواری داراییدا پێکەوە گرێدراون لە ڕێگای تێلی- کۆمیونیکەشنەوە. ئەم کۆمەڵەیە پەنجا ساڵ لەمەوپێش لە برۆکسل دامەزرا، بە مەبەستی ئاسانکاریی گواستەوەی دراو لە دونیادا. بەگشتی ئەم کۆدە ١١ ژمارەیە. چوار ژمارەی یەکەم، بانکەکە دەناسێتەوە. دوو ژمارەی وڵاتەکە دەناسێتەوە. دوو ژمارەی تر بۆ ناسینەوەی بانکەکەیە. سێ ژمارەی کۆتایی لقی بانقەکەیە. بەم شێوەیە هەر پارەیەک کە لە ڕێگای بانقەوە دەگوێزرێتەوە وڵات و بانق و کەس و شوێنەکەی دەناسرێتەوە. عێراق هەتا ئێستا لە دەرەوەی ئەم سیستەمەیە. بەو مانایە کاتێک دۆلار لە عێراقدا هاتوچۆی پێدەکرێت، نە کەس، نە بانق، نە وڵات، ناناسرێتەوە. ئەم نەبونی زانیارییە، عێراقی کردوەتە ئەو جێگایەی کە وڵاتانی تر بیانەوێت دەستیان بە دۆلار بگات، بەبێ ئەوەی بزانرێت ئەو دۆلارە لە کوێوە هاتوە، پەنا بۆ عێراق بەرن. وڵاتانی وەک ئێران و سوریا کە لەژێر ئابلۆقەدا پەنا بۆ عێراق دەبەن بۆ بە دەستهێنانی دۆلار، کە ناتوانن لە ڕێگای سیستەمی سویفتەوە بەدەستی بهێنن. بەڵام فاکتەری سەرەکی قەیرانەکە دزینی دۆلارە. وەک دەبیستن لە ڕێگای وەسڵی ساختەوە دۆلار وەردەگیرێت و دەبرێتە دەرەوەو جارێکی تر وڵات نابینێتەوە. دیارە بردنی پارە بۆ دەرەوە تەنها لە ڕێگای بانقەوە نیە بەڵکو وەک هەر کاڵایەکی تر دەکرێتە کۆڵەپشتەوەو حیمایەی بۆ دابین دەکرێت و ئاودیو دەکرێت. یەکێک لە زیانە گەورەکانی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە وڵاتێکی وەک عێراق بۆ هاوردەکردنی کاڵا، تەنها پێویستی بە سی، چل ملیون دۆلارە لە ڕۆژێکدا، بەڵام لەبەر بردنە دەرەوە زیاتر لە دوو سەد ملیون دەخاتە بازاڕەوە. لەکاتێکدا ئەو دۆلارانە پێداویستی ڕاستەقینە نین، بەڵام کەمکردنەوەیان دەبێتە مایەی زیادبونی خواست و گرانبونی بەهای دۆلار. لە وڵاتێکدا کە دۆلار دراوی سیقەپێکراوە، دینار کە دراوی فەرمییە وەک دراوی دووەمی ڕۆڵ دەبینێت، ئەوا بەرزبونەوەی نرخی دۆلار کاریگەری دەبێت، نەک تەنها لە سەر نرخ بەڵکو لەسەر باری دەرونی و دۆخی بازاڕو دروستبونی ترس. باری دەرونی کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر هەڵبەزو دابەزی نرخ. دیارە ڕەهەندی تر بونیان هەیە لەم پرۆسەیەدا، بۆ نمونە، بونی دۆلار بە دراوی خەزێنەیی لە دونیادا، وەها دەکات وڵاتان بۆ پشتگیریی دراوە ناوخۆییەکەیان و کڕینی شمەکی هاوردە، پێویستی بە دراوی قورسی وەک دۆلار بێت. بەڵام کاتێک ناتوانن ڕاستەوخۆ بە دەستی بهێنن ئەوا پەنا بۆ وڵاتێکی وەک عێراق دەبەن، کە هێشتا کونێکی ڕەشە لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا. ئەمریکاییەکان دەمێکە دەیانەوێت ئەم کونە ڕەشە دابخەن. داوایان لە حکومەتەکەی کازمی کرد، بەڵام توانای نەبوو هیچ هەنگاوێک لەوبارەوە بنێت. دیارە ڕەنگە ئەمریکاییەکان نەیانویست بێت فشاری زیاتر بخەنەسەر کازمی بەوە وەها دەردەکەوت یان دەبینرا، کە زیاتر مەیلی ڕۆژئاوایی هەیە. بەڵام حکومەتەکەی سودانی، حکومەتی چوارچێوە خۆیەتی و خودی سودانی بەڕێوبەرێکی گشتییە لای برادەرانی ئیتار. ئەم رەهەندە هەرێمییە قەیرانەکە وەهایکردووە کە عێراق نە بیەوێت و نە لە توانایدا هەبێت بە هەنگاوێکی وەها هەستێت کە بە خێرایی بەبێ هیچ گیزو گازێک ببێت بە ئەندامی سیستەمی سویفت. بەڵکو زۆر لایەن و کەسایەتی و هێز هەن کە سودیان لە مانەوەی عێراقە لە دەرەوەی سیستەمەکە. لێرەوە دێینە سەر کەرتی بانکی عێراق. لە عێراقدا سیستەمی بانکی بە مۆدێلی کۆنە. ئەم کەرتە یەکێکە لەو کەرتانەی کە بەردەوام داوا دەکرێت کە دەبێت چاکسازی تیادا بکرێت بۆ ئەوەی ئابوری عێراق ببوژێتەوە. بەڵام وەک چۆن بوون بە ئەندامی سویف رێگری هەیە، هەروەها چاکسازی بانکیش. کەرتی بانکی لە عێراقدا کەرتێکی دەسەڵاتییە. زۆربەی زۆری بانکەکان لەلایەن کەسێکی دەسەڵاتدارەوە خاوەندارێتی دەکرێن. کاری هەرە سەرەکی ئەم بانکانە، کاری بانکی نیە کە لە دونیادا هەیە، وەک ئاسانکاری گواستنەوە، یان دابینکردنی قەرز یان بون بە بەشێک لە سیستەمی بازاڕو ئەم جۆرە کارانە، بەڵکو زیاتر مەزادی دراو و پارە حەواڵەکردن و پارە سپیکردنەوەیە. ئەوەی جێگای سەرنجە لە عێراقدا زۆرترین بانکی ئیسلامی بوونی هەیە، کە هەموی وەک ڕوپۆشێک بەکاردێت بۆ سپیکردنەوەی پارە. تەنانەت کەسێکی وەک نور زوهێر، کە دزێکی گەورەی بەڕێزە، خاوەن بانکێکی ئیسلامییە. لە عێراقدا ئەم پرسە کەمتر وەک پرۆسەیەکی دراویی یان ئابوری دەبینرێت بەڵکو زیاتر وەها دەبینرێت کە کارێکی سیاسی و جیوپۆلەتیکییە. پرسی دۆلار وەک چەکێک دەبینرێت لە دەستی ئەمریکادا بۆ فشار خستنەسەر حکومەتەکان. بەشی زۆری تێگەیشتن لە عێراقدا تیورەی پیلانگێڕییە. بۆ نمونە زۆرینەی خەڵک وەها بیردەکەنەوە کە ئەمریکا سزای عادل عەبدولمەهدی دا لە بەر پەیوەندی لەگەڵ چیندا. تەناتە ڕەنگە عادل خۆشی وەها بیر بکاتەوە کە ئەمریکاییەکان لاینبرد بۆیە ئێستا وەها دەنوسێت. لەکاتێکدا جگە لە کازمی هەموو سەرۆک وەزیرانێکی عێراقی سەردانی چینی کردوەو گرێبەستی لەیەکگەیشتنی لەگەڵ چیندا واژۆکردوە. بێگومان ئەمریکا، کاتێک دەیەوێت ئێران لە ژێر ئابلۆقەدا بێت، ئەوا ئەگەر ڕێگە بدات وڵاتێک بە هەموو شێوەیەک ئەو ئابلۆقەیە بشکێنێت، ئەوا ئابلۆقەدانەکەی پوچ دەبێتەوە. بەڵام لە هەمانکاتدا ئامانجی ئەمریکا هەرچییەک بێت، دۆلار چەکێکی بەهێزە، لە سەردەمێکدا کە چەکی سەربازی ڕاستەوخۆ ڕۆڵی گۆڕاوە. ئامانجێکی تر ئەمریکاییەکان ئەوەیە کە ئەو پارە گەندەڵییەی کە دەدزرێت لە ناو عێراقدا ساغبکرێتەوە، هەرکاتێک حکومەتێکی بەهێز دروست بوو، بتوانێت بیانگێڕێتەوە. ئەمە بەشێکی لەو شانۆگەرییە بێ تامەدا دەبینین کە لەگەڵ دزی سەدەدا دەکرێت. پارەی گەندەڵی و دزراوی زۆری عێراق یەکێک بووە لە سەرچاوەکانی دروستبوونی سیستەمێکی ئابوری تایبەت لە ناوچەکەدا. ئەمە تەنها تایبەت نیە بە عێراقەوە، وڵاتانی وەک ئەفغانستان، ئێران، پاکستان و وڵاتانی تری ناوچەکە، هەموو سەرچاوە پارە بردنن. وڵاتانی تری ناوچەکە هەوڵدەدەن لەم پارە دزراوانە سودمەندبن، بۆیە لەم پێناوەدا کۆمەڵێک کارئاسانیان سازاندوە. بۆ نمونە، کڕینی خانو لە تورکیاو ئوردون و ئیمارات، یەکێک لە ڕێگا باوەکان. هەرچەندە خانوو ڕەنگە بڕەکەی کەم بێت بەڵام رێژەکەی زۆرە، بۆیە لە ئەنجامدا کەڵەکە دەبێت. ئەم دیاردەیە نیشانەی ئەوەیە وڵاتانێک کە سەقامگیرتن لە عێراق دەیانەوێت سەرمایەگوزاری بکەن لەسەر داهاتی زۆری عێراق، لە بەر نەبوونی سەقامگیری و بنەماکانی تری ژیانی ئاسایی. ئەم دۆخە لە عێراقدا خراپتر دەبێت بە خراپتربونی ژینگەی سروشتی و ژینگەی سیاسی و ژینگەی کۆمەڵایەتی. هەموو ئەمەی ڕودەدات لە کاتێکدایە کە توێژێکی کەم سودمەندی دۆلارە، بەڵام توێژێکی ئێجگار بەرفراوان زەرەرمەندە. لە هەمانکاتدا دۆخی دۆلار ئەوە دەردەخات کە وەهمی ئەوەی کە لە دەرەوەی دونیا بژیت یان خاوەن سەروەری بیت، وەهمێکە خۆشە. ئێستا عێراق لەبەردەم کۆمەڵێک بژاردەدایە، یەکەم، درێژکردنەوەی دۆخی ئێستا. دووەم، دەستپێکردنی پرۆسەی هەنگاو بە هەنگاو، سێیەم، سوربون لەسەر ناچارکردنی عێراق بە بوونی بە ئەندامی سویفت. لە ئێستادا چوارچێوەی هەماهەنگی پەرتن. ئەو وڵاتەی کە دەتوانێت دەستی هەبێت لەسەر چۆنێتی بڕیاردان ئێرانە، ئەمریکاش ئامانجی ئەوە. ئایا دراو و درۆن ناوچەکە بەرەو کوێ دەبەن؟


ئەبوبەکر کاروانی  بەداخەوە زۆرجارو لای ھەندێ کەس، ڕوودانی کارەساتی سروشتی و لەوانەش بوومەلەرزە، بە غەزەبلێگرتنی خوا لێکدەدرێتەوە؟! کە بە بڕوای ئێمە ئەم جۆرە بیرکردنەوە دەچێتە چوارچێوەی لێدوان بەناوی خوای گەورەوە، تەنانەت بەدەر لە تۆمەتبارکردنی نیازی ھیچ کەس، شتی ناڕەوا دانە پاڵی! لەو سۆنگەوە کەس مافی لێدوانی بەناوی خواوە نییە. کەرەسەی پەیوەندیکردنی بە خواشەوە لەبەردەست نییە، تا جورئەتی ئەوە بەخۆی بدات بەناوی ئەوەوە لێدوان بدات. لەکاتێکدا ئێمە لەچاخی دوای ھاتنی دوایەمین پێغەمبەری خوادا (د.خ) دەژین. تێگەیشتنی ھیچ کەسێک بۆ دەقی خوایی و لێکدانەوەی بۆ ڕووداوێکی دیاریکراو لەوچوارچێوەدا، ھەرچەند زانا بێت، بەحوکمی مەحکومبوونی بە کات و شوێن و سنورداری عەقڵ و پێشگریمانەکانی تێگەیشتن، یەکسان نییە بە بڕیار و مەبەستی پەروەردگار. ئەمەی پێشەوە لە ڕوانگەی ئیسلامییەوە ھاوشێوەی بەڵگە نەویستە. وێنایەکی لەم جۆرەش بۆ خوا ئەخلاقی و فیتری نییە. ڕەنگدانەوەی ناسینی خودا نییە لە ڕوانگەی ناوە پیرۆزەکانییەوە. لەڕاستیشدا دەبووا دەمێك بێت، لەوە بووبینەوە، کە خوای گەورە لەڕێی کۆمەڵێ ڕێسای چەسپاوەوە سروشت و گەردوون و ژیان بەڕێوەدەبات، لەوانەش ئەو ئەستێرەی خۆمانی تێدا دەژین. ڕێساگەلێك کە قابیلی لێکتێگەیشتن و دۆزینەوەو ناسینی جۆری کارکردنیانن، زانستی نوێش ھەرئەوەی کردووە، چونکە ئەم جۆرە وێناکردنەی خواو بەستنەوەی بەو ڕووداوە سروشتیانەی دەستی مرۆڤیان تێدا نییە، ئاماژەیە بە لاوازییەکی کوشندەی ھوشیاری سوننەنی لەناو بەشێ لە ناوەندە دینییەکەدا. ئەوەش ڕەنگدانەوەی خراپی لێدەکەوێتەوە لەوانەش: ١- خراپەدان پاڵ خوای میھرەبان و شێواندنی شێوەی خۆنیشاندان و دەسەڵات و گەورەیی خۆی خستنەڕوو بۆ بەندەکانی. ٢- کەمکردنەوەی ھەستی ھاوسۆزی لەگەڵ کارەساتبارەکان، بەحوکمی ئەوەی، ئەو جۆرە لێکدانەوە لە قوربانی و لێقەوماوەوە، دەیانکات بە تاوانبار و سزادراوی تورەیی خوای گەورە!! ٣- تێنەگەیشتنە لەو ڕاستیەی کە خودا لەم دنیایەدا سزای ھیچ کەس لەسەر باوەڕنەھێنان و گوناھکردن نادات لێپرسینەوەی لەو شتانە بۆ ڕۆژی دوایی ھەڵگرتووە. ھەربۆیە ئەگەر لەڕواڵەتدا سزایەکی لەو جۆرە ھەبێت و ھەستیپێبکرێت، بەھۆی سەرپێچیکردنی مرۆڤەکانەوەیە لە ڕێساو سوننەتەکانی خوای گەورە لە بووندا. بۆ نموونە بەھۆی چاوچنۆکی و بە نائەخلاقی بەکارھێنانی سەرچاوە سروشتییەکان لەلایەن مرۆڤەوە، کێشە بۆ بەرگە ھەوا دروست بێت، پلەی گەرمی بەرزببێتەوەو ژینگەی سروشتی بەرەو وێرانی بچێت و ھەلومەرجەکانی ژیانکردنی مرۆڤ بەرەو نەمان بچێت، یاخود توغیان و خۆ بەخوا بینینی مرۆڤ بگاتە ئاستێ بە چەکی کۆکوژو ھاوشێوەکانی بڕیاری خۆکوژی بدات. بۆیە ھیوادارم ئەم ھوشیاریە دینییە شێواوە درێژەی نەبێت چونکە یەکێ لە وەزیفە ھەرە گەورەکانی دین، بەزیندووھێشتنەوەی ویژدان و ھاوسۆزی لەگەڵ خەڵکی لێقەوماو و بەھاناوەچوونیان و تەقاندنەوەی سەرچاوەی ھەست بە برایەتی دینی و نەتەوەیی و ئینسانییە. ھەوڵدانە بۆ کەمکردنەوەی غەم و پەژارەی ئازارچەشتووەکان و دڵدانەوەیان و ئومێدەوارکردنیان بە سۆزو میھرەبانی و کۆمەکی پەروەردگار. بۆیە کاتی ئەوە ھاتووە لە پێغەمبەرەوە زیاتر فێربین کاتێك دەفەرموێت (شایەتی دەدەم کە بەندەکانی خودا ھەموویان بران) چونکە لە بنەرەتدا ھاوباوان و کوڕو کچی یەك بنەماڵەی مرۆڤایەتی ھاوبەشن، لەسەر بناغەی ئەو فەرموودەش کە دەفەرمووێت دراوسێی موسوڵمان و خزم، سێ مافی بەسەرتەوە ھەیە: مافی موسوڵمان بوون و خزمبوون و دراوسێیەتی. خۆ ئەگەر ناموسوڵمان و ناخزم بێت مافی دراوسێیەتی لە شوێنی خۆی دەمێنێت. زۆرینەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ئەمجارەش لە تورکیاو سوریاو کوردستانی باکورو ڕۆژئاوا، مافی کوردبوون و موسوڵمانبوون و مرۆڤبوون و دراوسێیەتیشیان بەسەرمانەوە ھەیە. ئەوانەی کوردیش نین سێ مافەکەی ترو ناموسوڵمانەکانیش لە ئینسانییەتدا براو لەڕووی جوگرافیشەوە دراوسێمانن و ئەو دوو مافەیان پارێزراوە.  


 لوقمان حەوێز - ئەندامی کۆمەڵەی گەردوونناسانی تێکساس هەروەکو لە نەخشەکەدا بە وردی دیارە کە هی دەزگای ڕووپێوی جیۆلۆجی ئەمەریکیە USGS و بەستەرەکەشم لە کۆمێنت داناوە، هەردوو پلێتی تەکتۆنی عەرەبی و ئۆڕاسیا ڕێک لەناو خاکی کوردستانی گەورە بەیەکتر دەگەن و بەسەر یەکتردا هەڵدەخلیسکێن هەر لە سەروی کەنداوی عەرەبی و نێوان سنوری هەردوو کوردستانی باشور لەگەڵ کوردستانی ڕۆژهەڵات و باکور تاوەکو کەنارەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا لەسەر دەریای ناوەڕاست، تکایە مەڵێن کورد نەگبەتە چونکە ئەم جوڵەیە و بەیەکگەیشتنە هی ئەمڕۆ نیە و ملیۆنەها ساڵە بەڕێوەیە پێش‌ ئەوەی مرۆڤ لەسەر هەسارەکەمان سەرهەڵبدات هەبووە و دەستی پێکردوە، لەم بەیەکگەیشتنە پلێتی عەرەبی دەجوڵێت و بەرەو باکوری ڕۆژهەڵات دێت و پاڵەپەستۆ دەخاتە سەر پلێتی ئۆڕاسیا... ئەم جوڵەیە کە زۆر زۆر لەسەرخۆیە دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژی لەسەر پلێته تەکتۆنەکانی قوڵایی زەوی کە بەسەر یەکتردا دەجوڵێن، بەزۆریش بەدەیەها ساڵ ئەو گرژیە کۆدەبێتەوە و لەناکاو لەسەر ڕوبەرێکی ئەو هێڵی بەیەکگەیشتنە لە قوڵایی 10 بۆ 30 کیلۆمەتر گرژیەکە خاڵی دەبێتەوە و پلیتەکان بەسەر یەکتردا دەخزن، لەو ناوچەیەش لەو کاتەدا لەسەر زەوی بومەلەرزە دروست دەبێت و ئەو شوێنی خاڵیبوونەوەی گرژیە کە چەندەها کیلۆمەتر لە قوڵایی ژێر زەویە دەبێتە چەقی بومەلەرزەکە... بۆیە ناوچە نزیکەکانی سەر ئەو هێڵی بەیەکگەیشتی ئەو دوو پلێتە بەناوچەی زیلزالی یان بومەلەرزەیی دادەنرێن، واتە ئەگەری ڕوودانی بومەلەرزە تیایاندا زۆر زۆر بەرزترە لە هەموو شوێنەکانی تر، دەشێت ئەو بومەلەرزانە زۆربەیان بچوک بن وبەردەوام ڕووبدەن کە تەنیا بەئامێری پێوانە سایزمیکیەکان لەسەر زەوی پێوانە دەکرێن، بەڵام بەهۆی پێکهاتەی ئاڵۆزی ئەو پلێتانە لەو قوڵاییە زۆرە لە هەندێک شوێنی ئەو بەیەکگەیشتنە گرژیەکان گەلێک زۆر دەبن و دەیەها ساڵ یان سەدەها ساڵ جارێک خاو دەبنەوە و بومەلەرزەی زۆر گەورە و وێرانکەر دروست دەکەن وەک ئەوەی دوێنێ و پێرێ ڕوویدا... چی بکرێت باشە..؟ دیارە ئێمەی مرۆڤ هێشتا نەگەیشتووین بەئاستێک بتوانین هێزە سروشتیە گەورەکان کۆنتڕۆڵ بکەین یان بە کاریگەری دەستکاریان بکەین وەکو بومەلەرزە وزریانە گەورەکان وخۆڵ بارینەکان بۆ نمونە، بۆیە بۆ بەرەنگاری بوونەوەی بومەلەرزە و خۆپاراستن لێی هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کۆدی بیناسازی واتە چۆنیەتی دروستکردنی خانووەکان و باڵەخانەکان لەو ناوچانە بەجۆرێک بێت تا ڕادەیەکی زۆر بتوانێت بەرگەی هێز و جوڵەی بومەلەرزە مامناوەندیەکان و گەورەکانیش بگرێت، ئەم کارە زۆر بەسەرکەوتوویی ئەنجام دراوە لە هەندێک ووڵات و ناوچەی جیهان کە کەوتوونەتە سەر ئەو هێڵی بەیەکگەیشتنی تەکتۆنانە وەکو ووڵاتی ژاپۆن و ویلایەتی کالیفۆرنیا لە ئەمەریکا، بێ گومان هەنگاوی دووەم بوونی تیمی فریاگوزاری تایبەتە بەکەل وپەل وئامێری پێویست بۆ یارمەتیدان لە فریاگوزاری و ڕزگارکردن، جگە لەم دوو خاڵەش بێ گومان بوونی سەنتەری زیلزالی لەو ناوچانە زۆر پێویستن بۆ بەردەوام چاودێریکردنی چالاکیە سایزمیکیەکانی قوڵایی زەوی و جوڵەی ئەو پلێتە تەکتۆنیانە...  


هاوڕێ تۆفیق لەکۆتایدا دادگای فیدراڵی هەر ئەبێت  بریاری یەکلاکەرەوەی خۆی دەربکات . هەر وەکو پێشبینکراو بوو ، دادگا ئەمڕۆ دەرفەتێکی تری بە هەرێم  بەخشی بۆ ئەوەی لانەکان چارەسەری قانونی بۆ  کێشەی هەڵبژاردن بدۆزنەوە ،  ئەمەش لە رێگای دواخستنی دانیشتنی بریاری داگاکەوە بوو ، سەرنجەکان دەتوانین بەم شێوەیە پۆلێن بکەین: یەکەم؛ ئەگەر دادگا درێژکردنەوەی ولایەتی قانونی پەرلەمانی کوردستانی رەتبکاتەوە ئەمەش لەو روانگەیەی کە دژ بەدەستورو یاسای پەرلەمانە. کەواتە ئیتر بۆشایی قانونی لە کوردستان دروست دەبێت و حکومەتی هەرێم دەبێت بە حکومەتی کاربەرێکەر. سەرۆکی هەرێم دەبێت بەسەرۆکئ راگوزەر، ئەمەش لەسەر ئاستی سیاسی، جارێکی تر ناکۆکیەکانی هەرێم و بەغدا توندتر دەکاتەوە.  دووەم: هەڵوێستی دادگا بەدواخستنی بریارەکەیان دەرئەنجامی هەستکردن و تێگەیشتنی دادگایە بۆ گرنگی بریارەکەو لێکەوتە قانونیەکانی ، دادگا لە جەوهەری کێشەکە لە رووەکانی قانونی و سیاسی بەباشی تێگەیشتوە.  سێیەم:  دادگا بۆیە بریاری خۆی  دواخست .هەتاوەکو پەرلەمانی کوردستان و لایەنە سیاسیەکان بگەنە رێکەوتن و قانونی تازەی هەڵبژاردن دەربکەن ،یان قانونە کۆنەکە  هەموار بکەن و کۆمیسۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم لە روانگەی یاساییەوە چالاکبکەوە. چونکە ئەگەر گریمان ئەمرۆ بریاری رەتکردنەوەی درێژکردنەوەی پەرلەمان دەربکردایە، ئەی کێ قانونی هەڵبژاردنی هەموار بکردایە و چۆن هەڵبژاردن بکرایە؟ زۆر روونە کە دادگا دەرفەتێکی تری بە لایەنەکان بەخشی هەتاوەکو  بە خێرایی رێکبکەون و پەرلەمان قانونی هەڵبژاردن هەموار بکەن. چوارەم؛ وا پێ ئەچێ دادگاکە خۆی بەدوور بگرێ لەو رەخنانەی کە ئاراستەی دەکرێت کەوا ئەم دادگایە ئاراستەکراوەو دژ بە هەرێمە و بە نەفەس درێژی بریار بدات. پێنچەم؛ لە کۆتایدا داگا هەر بریار دەدات .بۆیە زۆر گرنگە لایەنەکان بە پەلە رێکەوتن بکەن و سەرۆکی هەرێم دووبارە رۆژی هەڵبژاردن دیاری بکاتەوە، هەتاوەکو هەرێم لەق چوارچێوە دەستورییەی کە هەیەتی ،نەگوازرێتەوە بۆ قۆناغی دیفاکتۆ ! شەرعیەتی دەستوری هەرێم مەبەن بەرەو چارەنوسێکی نادەستوریی!


د. نیاز نەجمەدین  ئەگەرچی زەرەرمان کرد لە بەرزبوونەوەی دۆلار.. بەڵام وەک ئەڵێن بەڵکو خێری پێوە بێت. خێرەکەش ئەوەیە بڕیاربەدەستان ددان بنێن بەوەدا کە سیستمی پارە(نەخت)ی عێراقیی کێشەی قوڵی هەیە و تەنها بەوە بەڕێوە ناچێت دۆلار بفرۆشێت، شتی تری دەوێت.  بەبێ ئەوەی بە کۆمەڵێک میکانیزم دینار بەهێز بکەن، سەقامگیریی بەهاکەی لە ماوەی درێژ خایەندا زەحمەتە و زۆر گران دەوەستێت. یەکێکیان ئەوەیە هانی پاشەکەوت لە بانکەکاندا بە دینار بدرێت بەرامبەر بە نرخ(یان رێژە)ی سوودێک(سعر الفائدة)ی گونجاو. هاوکات بانکی مەرکەزیی گرەنتی سەلامەتیی پاشەکەوت بکات لە بڕێکی دیاریکراودا. بۆ نموونە، هەر کەس تا پەنجا ملیۆن دینار پاشەکەوت بکات، ئەگەر بە زروفێک فەوتا، بانکی مەرکەزیی قەرەبووی کەسەکە دەکاتەوە. ئەم سیاسەتە لە ئەمریکا زۆر سودی هەبوو بۆ دروستکردنەوەی متمانە بە بانکەکان.  بەڵام نرخی سوود رێ و شوێنی شەرعیی ئەوێت مادام بەشێک هەن بە حەرامی ئەزانن.  بەئەلکترۆنیکردنی سیستمی دارایی و بانکەکان بەشێکی تری ئیشەکەیە.  سیاسەتی داراییش دەبێت هاوکار بێت. حکومەت، بەحکومەتی هەرێمیشەوە، کێشەی کۆکردنەوەی کاشی هەیە، لەوانە قەرزەکانی. بۆیە زۆرجار دینار زیاتر لە پێویست بە دەست خەڵکەوەیە. زۆر کارئاسانیی هەیە دەکرێت بیری لێ بکرێتەوە تا سیاسەتی داراییش چالاکتر بێت و سودیش بە بەهای دینار بگەیەنێت، بەوەشەوە کە دانەوەی قەرز بە حکومەت زۆر ئاسان بکرێت.  لەسەروو هەموویەوە، هۆکارێکی هەڵئاوسان کەمیی بەرهەم و زۆری تێچووەکەیەتی. چەند مۆدێلی بەرهەمهێنان باشتر بکرێت، ئەگەری سەقامگیریی بەهای دراو زیاد دەکات.  بەردەوام نزیک بوون لە بازاڕ و کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر گۆرانکارییەکانی بازاڕ، لەسەر ئەوەی چی لە دۆلار دەکەن و دینار بۆ کوێ دەچێت، پاشان رێوشوێنیتر بۆ پڕکردنەوەی کونوکەلەبەرەکانی دزینی دۆلار سودی بۆ سەقامگیریی دینار زۆر دەبێت.  لە تەواوی ئەم پرۆسەیەدا، پێویستە حکومەتی هەرێم هاوکار بێت و بە عەقڵیەتی شکستهێنان بە عێراق و لاوازکردنی بیر نەکاتەوە دەنا زەرەر دەکەین، وەک چۆن پێویستە راوێژی پێ بکرێت و حسابی بۆ بکرێت.  دینار لە خۆیەوە نەشکا. ئەوە ئاماژەیەک بوو بۆ لاوازییەکانی سیاسەتی نەختینەیی(پارە) و پاشان دارایی. کە روویدا لە ناکاو دێت و بە خراپیی دەستی خۆی دەوەشێنیت. لە ئایندەدا بەهای دینار دەشکێتەوە ئەگەر تەنها پشت بە هەبوونی دۆلار ببەستین، ئەگەر هەنگاو بە هەنگاو ئیجرائاتی تر نەکرێت و کۆمەکی زۆر لایەنی تیادا نەبێت و گەشە بە سەربەخۆیی و تواناکانی بانکی مەرکەزیی نەدرێت. دنیای تازە ئەپدەیتی پلان و پێشخستنی تواناکان و کۆمەکی فرە لایەنی دەوێت.


عەدالەت عەبدوڵڵا زۆرجار دۆخی خراپی خزمەتگوزاری، بەتایبەتیش بێ کارەبایی و بێ ئاوی و کۆنیی جادەو ڕێگاوبان و شوستەو پێویستیی تریش لە ماڵ و گەڕەکەکاندا، ڕەهەندێکی بەرژەوەندیی ئەو بزنسمانانەی تێدکەوێت کە ساڵانێکە بە لێشاو باڵەخانەو شوقە دروستدەکەن و خەڵکی ناچار ئەکەن لەبەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە، بیانکڕن. ئاشکرایە بومەلەرزەو زیانەکانی بە باڵەخانەو شوقەکان، وا دەکەن، بازاڕی زۆرێک لەو بزنسمانانە بشکێت، ئەمەش لەبەر ئەوە نا کە سەلامەتی گیان و سەرو ماڵی مرۆڤ لە خانوودا باشترە تا شوقە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەوان، بەداخەوە، زۆریان ئەزانن کە بەبۆنەی تەماحی زۆری قازانخوازییانەوە لەسەر حسابی گیرفانی خەڵک، کوالیتیی یەکەکانی نیشتەجێبوونیان چەند پڕ کێشەیەو چۆن مومکینە لەگەڵ هەر بومەلەرزەیەکی بەگوڕدا فشۆڵیی دروستکردنیان دەربکەوێ و ئاشکرا ببێت!.  لێرەوە هیچ سەیر نییە کە لەئێستاوە دەبینین ریکلام بۆ ئەوە دەکرێت کە، خەڵک لەکاتی بومەلەرزەدا ژیانی لەشوقەدا پارێزراوترە تا خانوو!. ئەگەرچی مرۆڤ هەمیشە هیوای سەلامەتی ئەخوازێت بۆ هەموو کەسێک/ هاوڵاتییەک کە لە شوقەدا ئەژی یان خانوو، بەڵام واقع و ئەزموونی زیانەکانی بومەلەرزە لە کوردستان و وڵاتانی دەوروبەریشمان پێمان دەڵێن کە، ئەو جۆرە ریکلامە ڕاست نییە، ئەگەر ڕێک پێچەوانەکەی لەئارادا نەبێ و ڕووی نەدابێت، بەداخەوە. هەر ئەم ڕاستییە سادەیەش، لە دیدی مندا، بە تەنها خۆی بەسە بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا چاودێرییەکی زۆر توند لەسەر کوالیتیی شوقەو باڵەخانەکان هەبێت و وەبەرهێنان لەم کەرتەدا بە مەرجی ئەندازیاریی گەورەتر ببەسترێتەوە.


کاوە شێخ عەبدوڵڵا هەروەک مێژووە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی، مێژووی بوومەلەرزە لە کوردستان تاڕادەیەکی زۆر گومناوەو زۆر کەم ئەو کارەساتە سروشتییانە نووسراونەتەوە کە بەهۆی بوومەلەرزەوە ڕوویانداوە. گەڕیدەو رۆژهەڵاتی فەرەنسی (هێنری بایەندەر) لەو گەشتەیدا کە ساڵی ١٨٦٥ ئەنجامیداوە و بە باکوورو بەشێکی باشووری کوردستاندا تێپەڕیوە، ئاماژەیەکی کورت دەدا بەوەی کە لە ناوچەی (وان) ئاسەواری وێرانەی بومەلەرزەی بینیوە. بەڵام نەیزانیوە گوڕی ئەو بوومەلەرزەیە چەندبووەو چەند کەسی کوشتووە. مێژوویەکی نزیک و نووسراو ناوەڕاستی مانگی ئایاری ساڵی ١٩٣٠ شارۆچکەی (سەڵماس) لە پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی بوومەلەرزەیەکەوە تەختی زەوی بوو. دەگوترێ لەو کارەساتەدا نزیکەی سێ هەزار کەس گیانیانلەدەستدوە و هەزارانی تر برینداربوون. تا ساڵانێکی زۆرتر سەڵماس بە وێرانەیی مایەوەو دواتر دانیشتووانەکەی دەستیانکردەوە بە ئاوەدانکردنەوەی. پێنجوێنی وێرانبوو تائێستا تەنیا بوومەلەرزەیەک لەباشووری کوردستان کە زۆر کاریگەری هەبووەو چیرۆکی کارەساتەکەی نووسراوەتەوە یان گێڕدراوەتەوە، ئەو بوومەلەرزەیەبوو کە نیوەڕۆی رۆژی ١٩٤٦/٨/٨ شارۆچکەی پێنجوێنی لەراندەوە. ــ گوڕی ئەو بوومەلەرزەیە ٥ پلەبووە، بەهۆی ئەوەی خەڵک لە دەشتودەر و ئیشوکاربوون، چەند کەسێک برینداربوون. بەڵام چونکە خانووەکانی ئەو کاتە بە بەرد و قوڕ و دار دروستکراون، بەرگەی ئەو لەرینەوەیان نەگرتووەو زۆربەی زۆریان تەختبوون. کارەساتی بوومەلەرزەکەی پێنجوێن بە رادەیەک دەنگی دایەوە کە لە سلێمانی و چەند ناوچەیەکی تر، پیتاک و یارمەتی بۆ خەڵکە لێقەوماوەکە کۆکراوەتەوەو، شاعیر و نووسەران و هونەرمەندان بە شیعر و شانۆ و چیرۆک بەشداری هاوبەشی خەم و ژانی خەڵکی لێقەوماویان کردووە. هەروەها حکومەتی بەریتانی کە ئەوکات عێراق لەژێر ئینتدابی ئەواندابوو، بە پێشکەشکردنی چەندین بەتانی و کەلوپەلی ناوماڵ، یارمەتی خەڵکی لێقەوماو و ئاوارەبووی پێنجوێنی داوە. وان.. کۆسکەوتووی بوومەلەرزە بەدرێژایی دووسەد ساڵی رابردوو پارێزگای وان لە باکووری کوردستان، زۆرترین ریانی پێگەیشتووە بەهۆی کارەساتی بوومەلەرزەوە. ــ مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١١ شاری وان و ئەردیشی دراوسێی، بوومەلەرزەیەکی بەهێز رایتەکاندن. کاریگەری ئەم بوومەلەرزەیە بەجۆرێک بوو کە بەشێکی زۆری خانوو و باڵەخانەکانی ئەم دوو شارە داڕمان و سەدان کەس بوونە قوربانی. ــ وان، بینگۆل، ئەرزنجان و خارپێت لە باکووری کوردستان، لەسەر ئەو هێڵە هەمیشەییەن کە ئەگەری روودانی بوومەلەرزەی بەهێزیان لێدەکرێ. ئەم ناوچانە چەند ساڵ جارێک بوومەلەرزە تێیاندا روو دەدات. سەرپێڵی زەهاو.. سەرپێڵی زام درەنگانێکی شەوی ٢٠١٧/۱۱/١۲بوومەلەرزەیەکی بەهێز کە لە سەد ساڵی پێشوودا وێنەی نەبووە، شارۆچکەی سەرپێڵی زەهاو لە پارێزگای کرماشانی لەراندەوەو بەشی زۆری باڵەخانەو خانووەکانی ئەو ناوچەیە تەختی زەوی بوون. ــ لە کارەساتی بوومەلەرزەی سەرپێڵی زەهاو و دەوروبەریدا، سەدان کەس گیانیان لەدەستدا و هەزارانی تر بێ ماڵ و حاڵ مانەوە. ــ کاریگەری ئەو بوومەلەرزەیە وایکرد لە کەلار و دەربەندیخانی باشووری کوردستان ٥ کەس گیانلەدەست بدەن و چەند بینا و خانوویەکیش داڕمان. هەروەها گوڕی ئەو زەوی لەرینەوەیە تا پارێزگاکانی کەرکوک و هەولێریش رۆیشت بێ ئەوەی زیان بەو شارانە بگەیەنێ. خارپێت و مەڵاتیە شەوی ٢٠٢٠/١/٢٤ خارپێت و مەڵاتییە لە باکووری کوردستان، بوومەلەرزەیەکی بەهێز لەراندنییەوەو تێیدا نزیکەی سێ سەد کەس مردن و هەزار کەسی تر برینداربوون. دوایین بوومەلەرزە.. کارەساتێکی گەورە دەمەوبەیانی ٢٠٢٣/٢/٦ هەردوو بەشی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بە بوومەلەرەزیەکی وێرانکەر لەرینەوە کە هێشتا دوایین ژمارەی قوربانییەکان ڕوو نەبووەتەوە. ــ بەڵام بەپێی هێزی زۆری لەرینەوەکە و کاتەکەی کە زۆرینەی هەرەزۆری دانیشتووانی ئەو ناوچانە لە شیرینی خەودابوون، پێشبینی دەکرێ ژمارەی قوربانیان هەزاران کەس تێپەڕێنێ. ئەمە سەرەڕای وێرانبوون و تەختبوونی هەزاران حانوو و باڵاخانەی نیشتەجێبوون. ئەمانە هەمووکارەساتەکانی بوومەلەرزە نین لەکوردستان، بەدڵنیاییەوە چەندین کارەساتی تری بوومەلەرزە ڕوویداوە، بەڵام چونکە کورد دامەزراوەی خۆی نەبووە، قوربانییەکان و ڕادەی ماڵوێرانییەکانی، وەکو دەیان کارەساتی تری ناو مێژووەکەی ون بوون و لەبیرچوونەتەوە. ساڵی ٢٠٢٠ ئەم زانیارییانەم لەناو ڕاپۆرتێکدا ئامادەکرد بۆ ماڵپەڕی پەیسەرپرێس و لێرەدا کورتکراوەتەوەو کارەساتەکەی دەمەوبەیانی ئەمڕۆم بۆ زیادکردووە.


ڕێبوار سیوەیلی  پێشەكی: ئەوەی لە باكووری كوردستان و لە ڕۆژاڤا ڕوویدا، هەر تەنیا قەدەرێكی خوایی و كارەساتێكی سرووشتی نەبوو. بەڵكو شێوەژیانێكیشە كە ئێوە بەسەر هەموو خەڵكی كوردستاندا سەپاندووتانە. مژدەكەتان خۆشە كە دەتانەوێت مرۆڤ بەرزكەنەوە بۆ ئاسمان، بەڵام هەقە پێشیان بڵێن: كەوتنەخوارەوەتان مسۆگەرە.  كاتی خۆی لە 2011 كە شاری وان بوومەلەرزە لێیدا، ئەم وتارە كورتەم نووسی و هەر ئەوساش هۆشداریم بە حوكوومەتی هەرێم دا، ئەوەی لە توركیا ڕوویدا، لێرەش بەڕێوەیە. ئەمساڵیش وێنەی دوو سێ بینایەم بڵاو كردەوە و تەنیا نووسیم: دەترسم!  بەداخەوە ئەم ترسە خەریكە ببێتە واقیع.. وتارەكە وەك خۆی بڵاو دەكەمەوە، تەنیا چەند وشەیەكی بیانیم تێدا كردنە كوردی  و هیوام وایە هەر شووققەفرۆشێك و نەوتفرۆشێكی شەریكیان ئەم وتارە دەخوێننەوە، تاوێك شەرم بیانگرێ و تەریق ببنەوە و لە خۆیان بپرسن: ئەوە ژیانە من تێیدا دەژیم، كاتێك ئەوەی دروستمكردووە ئاوا دەبێتەوە خۆڵ و تیكەڵ بە خوێنی هاووڵاتیان دەبێت؟: شاری وان و قەیرانی بیناسازی ڕێبوار سیوەیلی  1. كارەساتی شاری (وان) ڕووداویكی ناخۆشە و ویژدانی مرۆییمان بیدار دەكاتەوە. هیوادارم بەزووترین كات قوربانییە زیندووەكان ڕزگار بكرێن و مردووەكانیش جێگەیان بەهەشت بێت. بەڵام نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت، كە ئەم كارەساتە چەندە سرووشتیی و لە دەرەوەی هێزی مرۆیە، ئەوەندەش كارەساتێكی دروستكراوی مرۆڤ خۆیەتی. ئەم كارەساتە لە هەمان كاتیشدا، كارەساتێكی تەلارسازیانە و پیشەسازییە. 2. توركیا، كە لەسەر هێڵی چەندین چالاكیی ژێرزەوی و بوومەلەرزەیە، مەرجەكانی بیناسازی بەپێی ئەو شوێنەی وڵاتەكەی تیایە، ڕەچاو ناكات. هۆش و هزری تەلارسازی لەو وڵاتەدا، لە قەیرانێكی گەورەدایە، كە ئەمەش بۆخۆی ڕەنگدانەوەی قەیرانی سیاسی و ئەخلاقی و كولتووری و زانستییە. ئەوان لە داهاتوودا چۆن ئەم قەیرانە چارەسەر دەكەن و گەلانی توركیا چۆن لەم مەرگەساتانە ڕزگار دەكەن، كە لە زۆر وڵاتی تر ڕێگەچارەی جێگرەوەی بۆ دۆزراوەتەوە، ئەوەیان ئەركی حوكوومەتی ئەو وڵاتەیە. 3. بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە مەترسیدارە، ئەوەیە كە ئێمە لە ئەزموونی حوكوومەتی هەرێمدا، بەبێ ڕەچاوكردنی قەیرانی پیشەسازیی توركەكان و كێشەكانیان لە بیناسازی و نەوعییەتی كەرەستەكانیدا، بۆ ئەم لایەنە زۆر پشتمان پێبەستوون و بە بڕی ملیۆنان دۆلار پارەی ئەم وڵاتە دەچێتە گیرفانی ئەو كۆمپانیایانەوە، بەبێ ئەوەی هیچ فیلتەرێكی كۆنتڕۆڵ و دڵنیایی جۆرییمان لەسەر دانابن. جگە لەوەی ئەو كۆمپانیایانە كاریگەریی كولتووری خۆیان هەیە، لە ڕەواجدان بە توركەنەكردنی وڵاتەكەمان و بە شێوازی تر بڵاوكردنەوەی كولتووری خۆیان لە میانەی سەوداو بازاڕدا، ئاواش هیچ گەرانتێك و دڵنیاییەك نییە، كە پاش چەند ساڵێكی تر كارەساتی وان لە هەولێر و سلێمانی و شارەكانیتریش دووبارە نەبنەوە. 4. ئایا دەبێت چەندە چاوەڕوان بین، بۆ ئەوەی ڕووداوی داڕمانی بینای هەشت نهۆمی میعماریی توركەكان لە وڵاتی خۆماندا ببینین؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە كە پێویستە حوكوومەت و بازرگانەگەورەكانی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتدارانی شەریك لەو ڕێكەوتنە بازرگانیانەدا، بیرێكی لێبكەنەوە. ئەوان كە نەیانتوانی فیلتەر بۆ نەهێنانی دەرمان و خۆراكیی قتووكراوی بەسەرچوو، دابنێن و دواجار هەموو هەڕەشەیەكیان تا سنووری سنوور بەزاندن قەبووڵ كرد، ئێستا دەبێت چاوەڕوانیی شتیی دیكەش لە حوكوومەتی توركیا بن. هیوادارم میللەتانی توركیا، هەرچی زووە لەم كارەساتە ڕزگاریان ببێت، بەڵام هیواداریشم ئەم كارەساتە ئەخلاقی سیاسیی حوكوومەت و هێزە دەمارگیرەكانیتری توركیا بگۆڕێت و دەرفەتێك بێت بۆ بە خۆداچوونەوە، چونكە وەك دانایەك گوتویەتی، هەموومان لەبەردەم خوادا یەكسانین. ئەم ڕووداوە وامان لێدەكات بڵێن: هەمووشمان لەبەردەم تراژیدیا و مەرگدا یەكسانین. 24/10/2011


  ئاسۆ عەبدوللەتیف یادی سەردەمێکی نوێ لە هاتنە ئارای تەرزێک لە خەباتی سیاسی و ئاینی و ئیسلامێکی نەرم و میانڕەو دەکەینەوە. یادی گۆڕینی دیدە نۆستالیژیاکەی دەنگ و کەلتوری تفەنگ و چەکدارکردن، بەرەو گوتارو نەزمێکی هێواش و هێوری بێچەکی مەدەنی، یادی سەردەمی ئاڵنگارییەکی قورس و پەیڕەوکارانی ناتوندوتیژ دەکەینەوە، کە ئێستاش خەڵکانێک هەن باوەڕ بەو میتۆدو ڕێگایە ناکەن لە کاری حیزبی و ئایدۆلۆژی هێشتا باوەڕیان بە ڕێگەچارەی توندوتیژیی هەیە، وادەزانن خاک و مێرگی شەرقیی تەنها بۆ سوارچاکی و جەنگ و گلان و مەچەکشکان و گەوزان و تەحقیرکردن دروست بووەو جێگای لێبوردەیی تێدا نابێتەوە. ئەو ڕۆژگارە یەکگرتوو هات دنیا تاریک بوو بەدەست شەڕی ناوخۆوە، تاڕادەیەک ئەم کۆمەڵە پەروەرشکارە ئیسلامدۆست و ڕاڤەکارە هاوچەرخانە دەستکاری نەهج و تەمی تاریکیەکەیان کردو فەزای مەدەنیەتیان بە کۆمەڵێک دەقی ئاینیی چێکردو دەستی خێری رابیتەی ئاوەدانیان درێژکرد بۆلای پاشماوەی ڕەبیەو گردۆڵکەکانی دوای جەنگ کە گڵکۆی دایکانی جگەرسووتاو بوون، ئەوکات هێشتا خودەو مەتارەو مەخزەنە ژەنگاویەکان منداڵان یاریان پێدەکرد، پەڵەی دوکەڵی سوتماکی درەخت و کاریتەی هەیوانی گوندەکان بە ئاسمانەوە بوو، یەکگرتوو ئیرادەسازییەکی نەرم و مۆدێلی ناتوندوتیژیی و مانیفێستێکی دینی و شۆڕشگێڕانەی خستەڕوو لەبری هەراوهوریاکانی جەنگ و بەربەرەکانێکردنی شۆڕشگێڕە تووڕەکان بۆ جڵەوی دەسەڵات. یەکگرتوو دەستکاری مەنتیقی توندوتیژیی کردو گەلی کوردی تەکفیرو تەحقیر نەکرد بەرەو جیهاد ،ئارامی و سەبری یەکگرتوو ستراتیژ بوو، بەشدارێکی کارای حوکمڕانی بوون، ئۆپۆزسیۆنێکی مەدەنی بوون، ژنیان هێنایەپێش و کردە سەرکردەو سەنتەر بۆ چالاکی حیزبی، نەیان وت هەر دەبێ پیاوی چەکدارو ئازات هەبێ ئینجا تۆ دەتوانی بژیت و دەروەس بێیت، ئەوە سەرەتای جەنگێکی تازە بوو لە دنیای ئێمەدا، جەنگێک ھەر دەبوو بکرێت و داخڵی ئەو مۆدێرنێتەو سەبکە مەدەنییە بین ، کە ئەستەم بوو خەوبینین بە دنیایەکی بێ چەک و باروت و شەوێک ڕۆژبکەینەوە سەرینەکەمان تاقم تفەنگێکی لەژێردا نەبێت. ئەو مێژووە پێکدادانێکی جەوھەری عەقڵی و فکریی و ئایدۆلۆژیی بوو لەنێوان دوکامپ و دوو ئاراستەو دوو ڕوخساردا، ئاراستەیەکیان کامپێکی کۆنی کلاسیک و ئایدۆلۆژی حیزبی بوو بە لۆژیکی تفەنگ و یادەوەرییەکی بریندارو شۆڕشگێڕی تۆڵەسێن و توڕەوە ئاراستەکەی تریش کامپێکی نوێی ئیسڵاحتەڵەبی مزگەوت و ئاکاربەرزو ڕابیتەیەکی دینی و ئیسلامی و بانگخوازانی سوننەیەکی کوردیی بوو بەدەستی نوخبەیەک لە ئیسلامی میانڕەو، کە ھەر بەڕاستی ڕێچکەیەکی نوێیان خوڵقاند و دەتوانین بڵێین ئیسلامیان لەو قاڵبی توندوتیژیی و قیتال و جیهادو دەقانەوە گۆڕی بەرەو ئاراستەی ئینسانناسی و کتێبناسی و دام و دەزگایی و ھەناسەیەکی تازەشیان کردە گەرووی خەڵکی بێئومێدو درێژەپێدان بە تەریقەتی زانایان و پێشەنگانی وەک ئیبن خەلەکان و ئیبن سەڵاح و شەمسی شارەزوری و مەولانا خالیدی نەقشبەندیی و کاک ئەحمەدی شێخ و مەلای گەورەی کۆیە و شێخ حسامەدینی باخە کۆن و شێخ عوسمانی سیراجەدینی تەوێڵە و شێخ عومەری زیائەدینی بیارەو شێخ محمدی خاڵ و مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و مەلا محمدی ئیبن ئادەمی باڵەکی و شێخ اسماعیلی وڵیانی و دەیان ڕابەری یتر. ئێستا هاوسەنگی ڕەگی حەیات و بەردەوامیی ئەم پارتەیە، نابێت یەکگرتوو خۆی تێکەڵی ئەویتر بکات بۆ گەورەبوونی ساختە بەناوی هاوپەیمانێتیەوە، درەختەکەی یەکگرتوو بەو بچوکییەوە جوان و بەهادارە، با هەر ڕەشەبا چڵ و پۆپی بشکێنن دەبێ خۆڕاگربن، دەبێت توند دەست بگرن بە میتۆدەکەیانەوە لەبری شەڕکردن لەسەر پۆست و پرۆسەی هەڵبژاردن و ململانێی ئایدۆلۆژیی و حیزبی و کەوتنە بەرەی خەڵکانی بێ پڕۆژەو بێ ڕوئیاوە، بازنەی بانگەوازو میتۆدەکەیان کە خەباتی فەرهەنگی کاریگەری ناتوندوتیژییە فراوانتر بکەن، گاندی پێی وابوو لایەنگرانی ناتوندوتیژیی شکست ناخۆن، هەرگیز حیزبی ناتوندوتیژو خاوەن پەیامی مەدەنی لە هەڵبژاردندا نادۆڕێت ئەگەر خۆی نەچێتە گەمەی نزم بۆ دۆڕاندن، دۆڕانی گەورە بۆ یەکگرتوو بریتییە لە ؛  * وازهێنان لەمەنتیقی میانڕەویی و دەستبەرداربوون لەو ڕێبازەو بەسۆشیاڵمیدیاکردنی تەواوی چالاکی حیزبی و پڕۆژە فیکریەکەی. * جنێودان و توندوتیژی و دنەدان بۆ شۆڕشی توڕەو ڕقپەسەندو گرتنەبەری شەقام بەرەو توندوتیژیی . * هەڵوێست وەرنەگرتنی جددی لە تاوانکاری و ستەمکاریەکانی دەوڵەتانی دینی تۆتالیتاری ناوچەکە. * نەبوونی پڕۆژەی گشتگیرو بەدیل بۆ ئیسڵاح و گۆڕانکاریی لە کوردستان. *  وەستان لەناو ئەو بازنە بەرتەسک و هەیکەلە ڕێکخراوەییە کلاسیکیەو کارکردن بەو میتۆدە کۆنە، کە تاکڕەهەندیی لە بڕیاردانی سیاسی بەرهەمدەهێنێت. یەکگرتوو دەبێ بانگەوازی هێمن و خەباتی ناتوندوتیژی بکاتە موڵکی خۆی وەک پلاتفۆڕمی گشتی، ئەو نەهجە زەنگی مەترسیە بۆ ئەوانەی لەم زمان و لۆژیکە تێناگەن، ئەوە میتۆدێکی پەروەردەیی کاریگەرو گوتارێکی ڕاقیی و پرەنسیپێکی ئەخلاقی فیکریی و کۆمەڵناسییە بۆ تاک، نابێت یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان گوتاری ئۆپۆزسیۆنی تەندروست و هێڵی میانەڕەوی خۆی تێکەڵ بە ئەجێندای ئۆپۆزسیۆنی ساختەو پۆپۆلیزمی نوێ بکات بۆ یەک دووکورسی زیادە، کورسی دەردی یەکگرتوو تیمار ناکات بگرە دەیخاتە ناو کەندەڵانێکی هەڵە. لەکاتێکدا جیهان لەسەردەمێکی بەربەری و تاریک و ستەمکاریدایە دژی پەیڕەوکارانی بەرەی ناتوندووتیژیی و شۆڕشی نەرم، مۆدێلە ئیسڵاخوازو نەرمەهێزەکان بە تۆپزیی پاشەکشە پێدەکات و دووریان دەخاتەوەو دەیانخاتە بەردەم قەدەری تاریک و بە هێزی سەربازو حەشدو سەرایاو لیواکان و دیدی سوپایی و مەنتیقی چەک و کوشتن و توندوتیژیی جێگایان پڕدەکاتەوە، ئەوەی بەسەر محمد مورسی و ڕاشد غەنوشیی و فەتحوڵا گویلەندا هات دەرەنجامی ئەو بەربەریزمەیە. جیهان ئێستا مەنزومەیەکی سەرمایەداری فاشیستانە بەڕێوەی دەبات کە دیموکراسیەت و ئازادی ناوێت، شۆڕشی ژینا ئەمینی و ژن ژیان ئازادی ناوێت، مۆدێلی وەک سەڵاحەددین بەهادین و محمد مورسی و گویلەن و ڕاشید غەننوشی و مەهاتیر محمدو میرحوسەین موسەویەکانی ناوێت و ئەسڵەن ترسی لێیان هەیە، بەڵکو مالیکی و خەزعەلی و موقتەداکان و ئاخوند و سیسیەکان و بنسەلمان و شازادەو ئەمیرەکان و عەبدولغەنیەکان و تاڵیبانڕەفتارەکانی دەوێت.   دوورو نزیک ئەو مەنزومە جیهانییە سەرمایەدارییە ئیسلامی نەرم و ڕاقیی و میانڕەوی ناوێت کە پەروەردەو بانگەوازو چاکسازیی نەرم و ناتوندوتیژ ئەجێنداکەیان بێت بەڵکو ئیسلامی ئوسوڵی و فۆبیست و ترسهاوەریان دەوێت تا سبەی وێنای دوژمنی لێدروست بکەن.  بینیمان گەل و نەتەوەی  ئەفغانی و پەشتۆو تاجیکی و هەزارەو ئۆزبەکی موسوڵمانیان چیلێکردو چۆن بەجێیان هێشتن ساڵانی پێشوو، بیست ساڵە چۆن پەروەردەیان دەکەن بە برسێتی و توندوتیژیی و ئیرهاب، لەولاشەوە لەژێر پەرچەمی تاڵیبانی توندڕەودا دەیان ڕێکخراوی توندئاژۆی پەڕگیرو ئوسوڵییان دروستکرد، هەر ئەو سیستم و مەنزومەیە دەیانخاتە زیندان و ئازادیان دەکات و تاڵیبان و حەشدو داعشیان لێ دروست دەکات بۆ فەرمانڕەواییکردن، مۆدێلە ئیسڵاخوازەکانیش بە تۆپزیی پاشەکشە پێدەکات و دووریان دەخاتەوەو دەیانخاتە بەردەم قەدەری تاریک. بۆیە گرنگە ئەم دەسووخەتە درێژەی هەبێت بۆ ئایندەی تۆلێرانس و لێبوردەیی لە کوردستان و بێتە بنەما بۆ کارو پڕۆژەی جددی. غاندی وەک ئەفسانەی شۆڕشی نەرم و ناتوندوتیژیی لە ٢ ی ئۆکتۆبەری ١٨٦٩ لەدایک بووەو لە ٣٠ی کانونی دوەمی ١٩٤٨ تیرۆرکراوەو ژیانی خۆی لەسەر یەک نەهج و میتۆدی مەدەنی بنیادناو هیندستانی پاککردەوە لە پاشماوەی ڕەگەزپەرستی و داگیرکاریی. کەچی دوای شەست ساڵ و لە ٢٠٠٨ کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان وەخەبەرهات و دووی ئۆکتۆبەری دیاریکرد وەک ڕۆژی خەباتی ناتوندوتیژیی جیهانیی کە ڕۆژی لەدایک بوونی غاندیە.


نووری بێخاڵی ساڵانێکە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان شانی داوەتە بن بارێکی قورسی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی، ئەویش کاڵکردنەوەی هەموو هێڵە ڕەش و سنوورە تاریکەکانی ناکۆکیی سیاسیی ناو ماڵی کوردستان، کۆتاییهێنان بە گرژی و ئاڵۆزییەکان و چارەسەری کێشە نێوخۆییەکانە. هەموو ئەمانەش بە ئامانجی چەسپاندن و بەرقەرارکردنی ئاشتەوایی سیاسی دەکات، کە دواجار لە ڕێگایەوە ئارامیی سیاسی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی ببێتە بەشێک لە ژیانی هەرێمی کوردستان. سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر باش لەو مەترسییە گەیشتووە، کە ئەگەر هێزە سیاسییەکان ئاوا پەرتەوازە و ناکۆک بن، نەک هەر لەناوخۆدا دەبنە مایەی سەرئێشەی گەورە بۆ گەلی کوردستان، بەڵکوو لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکەشدا دەبنە هۆکاری ئەوەی بە ئاسانی زەفەر بەم ئەزموونەمان ببردرێ و یەکپارچە وەک گەل و خاک، لەناو تۆڕی پیلانەکاندا ببینە پۆڕی خوراو! ئەوەی لەو پێناوەدا نێچیرڤان بارزانی ماندوویینەناسانە کردوویەتی و دەیکات، جگە لەوەی باوەڕی نەگۆڕی خۆیانە بە یەکڕیزی و بەیەکەوە کارکردن، هاوکات درێژکردنەوە و زیندووکردنەوەی هەوڵ و هەنگاو و هەڵوێستە هاوبەشەکانی چەند ساڵی ڕابردووی هەردوو سەرۆک (بارزانی و تاڵەبانی)یە.  هەردوو سەرۆک (بارزانی و ڕەوانشاد مام جەلال) هەموو هەوڵێکیان دا تا کۆتایی بە شەڕی ناوخۆ و خوێنڕێژیی نێوان پارتی و یەکێتی هێنرا و ڕێک دوای سەد و یازدە کۆبوونەوەی بەردەوام و چڕ و جیددیی مەکتەبی سیاسیی هەردوولا (بە سەرپەرشتیی هەردوو سەرۆک) و پاش ڕێککەوتنەکەی واشنتۆن، ئاگربەست و هودنەکان بوونە ئاشتیی هەمیشەیی. دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسیش، بەمەبەستی ئامادەیی کارا و کاریگەر و سەنگینی کورد لە بەغدا، هەروەها بۆ ئەوەی کورد ببێتە هاوبەشی ڕاستەقینە لە حوکمڕانیکردنی عێراقی دوای بەعس و زۆرترین ماف و دەسکەوتی سیاسی و یاسایی بۆ هەرێمی کوردستان وەدەست بێنن، دیسان هەردوو سەرۆک هەوڵ نەما نەیدەن بۆ پتەوکردنی یەکڕیزیی و یەکگوتاریی پارتی و یەکێتی، هەر لە ڕێککەوتنی ستراتیژییەوە بگرە، تا دەگاتە یەکخستنەوەی هەردوو ئیدارە. خەون و ئامانجی ئەم دوو سەرکردەیە کۆتاییهێنان بوو بە هەموو بەدحاڵیبوونێک، ڕێگرتن لە بچووکترین گرژی و ئاڵۆزیی، کردنەوەی لاپەڕەیەکی سپی و دەستپێکردنەوە لە سفری برایەتی و تەبایی و بەجێهێشتنی ڕابردووی ڕەشی نێوان هەردوو لا. مرۆڤ کە بەردەوامیی ئەم دۆخە نەخوازراوەی ناکۆکی و پەرتەوازەیی نێوان پارتی و یەکێتی دەبینێت، هەر ئەوەی لەدەست دێ بپرسێت: ئەرێ کەی ڕەوای هەقە ئەم هەموو هەوڵ و کۆشش و شەونخوونی و خەمخۆرییەی ئەوکاتی ئەم دوو سەرکردەیە و ئێستای سەرۆکی هەرێم بۆ ئاشتبوونەوە و بەیەکەوە کارکردن، بەفیڕۆ بدرێت؟ کەی ڕاستە، ئەو ڕیسی ئاشتەواییەی کە ئەو دوو سەرکردەیە تەواویان کرد و ئێستاش نێچیرڤان بارزانی هەموو هەوڵێک دەدات تا هەڵنەوەشێتەوە، هەنووکە بەبێ هیچ پاساوێک بکرێتەوە بە خوری؟ لێدانەوەی قەوانی سواوی تۆمەتبارکردنی یەکتر و ئەوەی تا قامی قیامەت کەس بە دۆی خۆی نەڵێ ترشە، چارەسەری دەردەکورد ناکەن. چارەسەری دەردەکورد، تێپەڕاندنی کورتبینیی سیاسی، بیرتەسکیی حزبایەتی و  شکاندنی دۆگمی ئایدیۆلۆژییە. چارەسەری دەردەکورد، یەکترخوێندنەوە و دانوستاندنە، توڕدانی عەقڵیەتی خۆبەفریشتەزانین و بەشەیتانکردنی بەرامبەرە، بیرکردنەوەی نەتەوەیی سەروو حزب و ئینتیمای نیشتمانیی سەروو خەونی بچووکی لۆکاڵییە! سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بۆنەیەکدا گوتی: “پێویستە هەموومان ددان بە هەڵەکانماندا بنێین و کار بۆ ڕاستکردنەوەیان بکەین.” کەوایە ئەگەر ئامانج ئاییندە و چارەنووسی گەل و هەرێمی کوردستانە، پارتی و یەکێتی لە مامەڵە لەگەڵ یەکتردا جا لەسەر هەر پرسێک بێت (بە دەسەڵات و داهاتیشەوە!)، نابێت بە لۆژیکی دوو ڕاوچییەکە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن! دەگێڕنەوە، دوو هاوڕێ بەیەکەوە چوونەتە ڕاو و لە بەیانییەوە تا ئێوارە، تەنیا (کۆتر)ێک و (کەروێشک)ێکیان ڕاو کردووە. لە گەڕانەوەیاندا بەرەو ماڵ و بەر لەوەی بگەنە ئاوایی، ویستویانە نێچیرەکان بەش بکەن و یەکێکیان کە نێچیرەکانی لا بووە، بەوەی تری گوتووە: فەرموو، (کۆتر)ت دەوێ، ئەوە (کۆتر). (کەروێشک)ت دەوێ ، ئەوە (کۆتر!). ڕاستییەکەی ئەگەر ئێستا و لە داهاتووشدا هەڕەشەی جیددی و مەترسیی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان هەبن، ئەوا بەدڵنیاییەوە هەڕەشە و مەترسیی دەرەکی نین، بەڵکوو ناوخۆیین! بەردەوامیی ململانێی سەقەت و ناتەندروستی حیزبی… تۆخبوونەوەی ناکۆکیی سیاسی تا ئاستی ئێسقان شکاندنی یەکتر (بەداخەوە، وەک ڕکابەری سیاسی نا، بەڵکوو خەریکە وەک دژ و دوژمن مامەڵە لەگەڵ یەکتر دەکەن)… زۆری و بۆریی هێزگەلی چەکدار بە ناو و ناونیشانی جیاواز… نەبوونی هیچ ئاسۆیەک بۆ یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان و کردنیان بە هێز و دامەزراوەی نیشتمانی… ئاوکردن لە ئاشی بەرژەوەندییەکانی بەغدا، ئەمیش بە فرەگوتاری و هەر یەکە و بەسەری خۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا… پاشەکشەکردن لە پرەنسیپەکانی کرانەوە و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی، ئەویش بە پشی پشیکردن بۆ هێز و کاراکتەرگەلی سەلەفی و ئیخوانی و ڕازیکردنیان وەک بەشێک لە دەستەوارەی سیاسی بۆ پاراستنی دەسەڵات و…هتد. ئەمانە و زۆر هۆکاری دیکە، سەرچاوەی هەڕەشە جیددی و مەترسییە گەورەکانی سەر هەرێمی کوردستانن، کە دوور و نزیک دەستی دەرەکیان تێدا نییە و سەت لە سەت خۆماڵی و خۆکردن!


سەلام عەبدوڵڵا كه‌ ده‌ڵێین دادگه‌ ده‌بێت دوور بێت له‌ هه‌موو ده‌ستێوه‌ردان و پێویسته‌ سه‌ربه‌خۆ بێت و ده‌سه‌ڵات به‌هیچ جۆرێك كاریگه‌ری له‌سه‌ری نه‌بێت و بێلایه‌نانه‌ كاروباری خۆی به‌پێی یاسا جێبه‌جێ بكات و كه‌سیش- له‌ هه‌ر پله‌و پۆستێكدا بێت، له‌سه‌روی یاساوه‌ نه‌بێت و دۆخی سیاسی و په‌یوه‌ندی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی گۆڕه‌پانی سیاسی و ململانێی ناوخۆیان نابێت ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر بڕیاره‌كانی هه‌بێت، ئه‌مه‌ پره‌نسیپێكه‌ كه‌ له‌ هه‌موو وڵاته‌ دیموكراتیه‌كان په‌یڕه‌و ده‌كرێت و هه‌مووانیش ڕێز له‌ بڕیاره‌كانی ده‌گرن و به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ جێبه‌جێی ده‌كه‌ن و پاساو بۆ دژایه‌تی ناهێننه‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، له‌ وڵاتی ئێمه‌، كاتێك بڕیارێكی دادگا كه‌ به‌ دڵی لایه‌نێك یان چه‌ند لایه‌نێك نابێت، ئه‌وا لێشاوی پاساوی بێ جێ بۆ جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌هێننه‌وه‌و دادگا تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه‌ بێلایه‌ن نییه‌ كه‌ له‌ ڕاستیشدا وانییه‌، بڕیاره‌كانی دادگا نابێت به‌ دیدی حزبی و به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نێك هه‌ڵبسه‌نگێندرێت و گه‌ر بڕیارێكیان به‌ دڵ نه‌بوو ئیدی نابێت جێ به‌جێ بكرێت و ده‌بێ ره‌فز بكرێت. بارودۆخی سیاسی هه‌رێم به‌ چركه‌ساتێكی زۆر هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت و هه‌موو هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ده‌یان لاوه‌ داو بۆ ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌نرێته‌وه‌ كه‌ زۆرجاریش به‌داخه‌وه‌ ته‌نانه‌ت هاووڵاتی ئاساییش تێوه‌ ده‌گلێنن و پێ بزانن یان نه‌زانن له‌ خشته‌ ده‌برێن و دژ به‌ هه‌رێم و قه‌واره‌كه‌ی چه‌واشه‌ ده‌كرێن. ئه‌وه‌تا له‌ هه‌ندێك راپرسیدا، سه‌باره‌ت به‌ قه‌واره‌ی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌ ئاشكرا هه‌ست به‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ خودی دانیشتووانی هه‌رێم له‌ هه‌ندێك شوێن داوای نه‌مانی قه‌واره‌ی هه‌رێم بكه‌ن كه‌ به‌ دوور نازانرێ هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌و ناته‌بایی و نا یه‌كڕیزییه‌ی نێو هه‌رێم نه‌بێت كه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ جێ به‌جێنه‌كردنی بڕیاره‌كانی دادگاكان بێت و ناحه‌زانی هه‌رێمیش به‌ سوودی خۆیان و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌یقۆزنه‌وه‌و هه‌رێم له‌به‌ر چاوی هاووڵاتیان ڕه‌شده‌كه‌ن. لێگه‌ڕێن با یاساو دادگا رۆڵی شیاوی خۆی وه‌كو پێویست بگێڕێ و خزمه‌تی ئه‌م بارودۆخه‌ی هه‌رێم بكات و بڕیاره‌كانی ببێته‌ مایه‌ی كۆكردنه‌وه‌و یه‌كڕیزی گه‌له‌كه‌مان، به‌رامبه‌ر به‌ نه‌یاران و ناحه‌زان و دوژمنانی كه‌ كه‌م نین و هه‌میشه‌ له‌ كه‌مینن بۆ دژایه‌تی ئه‌م هه‌رێمه‌ی كه‌ به‌ خوێنی شه‌هیدان و بازووی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و خه‌باتی بێ وچان و به‌رده‌وامی گه‌له‌كه‌مان ڕۆنراوه‌.


خالد سلێمان کۆمپانیای دوبەی هاوس Dubai House دوبەی هاوس لەڕێگەی پەیجی خۆیەوە لەسەر تۆڕی فەیسبوک ڕێکلامی بۆ ڤێلایەکی جیاواز لە پارێزگای سلێمانی لە سەر شاخی پیرەمەگرون کردووە. کۆمپانیاکە نووسیویەتی کە بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی کوردستان ڤێلایەک بەم شێوەیە دیزاین بکرێت. (هەڵبەتە پێچەوانەکەشی ڕاستە بۆ یەکەمجارە وێرانکاریی لە کوردستانداو، بەم شێوەیە دیزاین بکرێت) با جارێ، پێش هەموو شتێک بزانین ئەم پرۆژەیە چیەو چۆن جێبەجێ دەکرێت و بۆ لەسەر شاخی پیرەمەگروون؟ بەگوێرەی ئەوەی لەسەر پەیجی کۆمپانیاکە نووسراوە، هۆکاری هەڵبژاردنی شوێنەکە دەگەرێنەوە بۆ تایبەتمەندێتی شاخی پیرەمەگرون لە رووی کەش و هەوا و فۆرمەکەیەوە، کە بەسەر سلێمانیدا دەڕوانێت.  پرۆژەکە لەسەر ڕووبەری ( 14,000مەتر دووجا ) دیزاین کراوە. کۆمپانیاکە نووسیوەتی کە: هەموو بەشەکانی دیزاینەکە ژیانێکی شاهانە و ئاسودە دابیندەکات (هەموو وێرانکارییەکیش لە شاهانە بوونەوە دەست پێدەکات). کارەبای پرۆژەکە بە وزەی هەتاو دابین دەکرێت، هاتوچۆ تەنها لەرێگەی کۆپتەرەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، جگە لە شوێنی نیشتنەوەی کۆپتەر، گەراجی ئۆتۆمبێل لە دیزاینەکەدا هەیە.  کۆمپانیاکە بەشانازییەوە نووسیویەتی: سیاجی پڕۆژەکە بە جۆرێک دیزاین دەکرێت کە هیچ ئاژەڵێک ناتوانێت نزیک ببێتەوە بەهۆی بوونی تەزویەکی کەمی کارەبایی کە دەبێتە هۆکاری دوور خستنەوەی گیانداران. جگە لەوە باسی دروست کردنی سیاجێکی کۆنکرێتی بەهێز دەکات لە پشت پڕۆژەکەوەو بە بەرزیەکی گونجاو بۆ پاراستنی لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو وەک (داڕمان بەهۆی بوومەلەرزەو باران)ەوە. لە خاڵێکی تریشدا نووسراوە کە لە پڕۆژەکەدا ڕێژەیەکی زۆری سەوزایی بەکار هێنراوە بەهۆی نەبوونی سەوزایی لە سەر شاخی پیرەمەگرون.  وەک لە ڕێکلامەکەدا هاتووە، کۆمپانیاکە لەسەر کۆنسێپتی هەڵوەشانەوە واتە Deconstructivism کار لەپرۆژەکەدا دەکات، چونکە ئەمجۆرە دیزانە بەتێگەیشتنی ئەوان، شێوەی ڤێلاکە لە هەموو دیزاینەکانی تر جیاواز دەکات، چونکە فۆڕمی ڤێلاکە گونجاوە لەگەڵ سروشتداو هەروەها ئەو کەرەستانەی کە تێیدا بەکار دەهێنرێن لەگەڵ سروشتی ناوچەکەدا هاوشێوەن.  لەهەر خاڵێکەوە قسە لەسەر ئەم پرۆژەیە بکەین لە وێرانکاری زیاتر هیچی ترمان بۆ نامێنێتەوە. لێرەدا لەهەڵبژاردنی شێوازی دیزاینەکەوە دەست پێدەکەم کە شێوازی هەڵوەشاندنەوەیە واتە Deconstructivism، چونکە ئەم ڕێبازە فەلسەفەیەکی قوڵی تەلارسازیی لەپشتەوە نیەو شێوازێکە بۆ یارکردن بەو شوێنەی کاری تیادەکرێت و بەئارەزووی ئەندیازیارەکە بەبێ ڕەچاوی هیچ پرانسیپێکی ژینگەیی. ئەوەش بەناوی هەڵوەشاندنەوەو نوێخوازییەوە. بۆ نموونە دانانی تۆڕێکی کارەباو تەزوویەکی بەهێز لەسەر ڕووبەری 14 هەزار مەتری سێجا، ئەمە خۆی لە خۆیدا بەشێکە لەو خەیاڵە تاوانکارییەی ئەندیازارانی کۆمپانیا کاری لەسەر دەکەن، چونکە دژی هەموو پرانسیپێکی هونەری تەلارسازیی نوێیە کە تیایدا سیستمی ژینگەیی ڕەچاودەکرێت. لێرەدا بەبێ داتاشینی هیچ بوختان و تومەتێک، پشت دەبەستین بە خەسڵەتەکانی خۆدی پرۆژەکە کە جگە لەوەی 14 هەزار مەتری سێجا لە جۆرەکانی ڕووەک و ئاژەڵ مەحروم دەکات، بەچواردەوری ئەو ڕووبەرەشدا، بە تەزووی کارەبا هەموو جۆرەکانی لە ژینگەی سروشتیی خۆیان دوور دەخاتەوە، یان دەیانکوژێت و لەناویان دەبات.  جگە لەوانەش ڕووبەری 14 هەزار مەتری سێجا لە خاک کە لە 25%ی جۆرەکان لە خۆی دەگرێت لەناو دەبات. دەتوانین باس لەناوبردنی دەیان هەزار جۆر بکەین. بۆیە دەکرێ وەک ڕێکلامێکی بکووژی دژی سروشت و هەمە-چەشنی و مرۆڤایەتی تەماشای ئەم پرۆژەیە بکەین و هیچی تر. ئەم پرۆژەیە نەک تەنها پێوەری ژینگەیی ڕەچاو نەکردوە، بەڵکو دژی هەموو پرانسیپێک کاردەکات کە زیان بەژینگە دەگەیەنێت. بۆ نموونە یەکێک لە پێوەرەکانی گەشتوگوزاری ژینگەیی Ecotourism دەستکاری نەکردنی سروشتە، هەروەها نەکردنەوەی رێگەی پێشکەوتووی وەک جادەو بان لەسەر زەوی و لە ئاسمان، ئەویش لەپێناو تێکنەدان سروشتی شوێنەکەو پیس نەکردنی ژینگەکەی و پاراستنی ژیانی هەمە-چەشنی تیایدا. خاڵێکی تری گەشتوگوزاری ژینگەیی بریتییە لە بەشداریکردنی دانیشتوانی لۆکالیی ناوچەکەدا، ئەویش لەپێناو ئەوەی پرۆژەکە لە ڕووی ژینکۆمەڵایەتی Ecosocial پتەو بێت، هەروەها لە ڕووو ئابوورییەوە بۆ دانیشتوانی ناوچەکە.  لە خاڵێکی تردا کۆمپانیا باسی سەوزکردنی پیرەمەگروون دەکات، بەڕاستی ئەم جێگەی گاڵتەجاڕی و پێکەنینە، چونکە پیرمەگروون شاخێکی ڕووتەڵە نیەو ئیکۆ-سیستمێکی خۆی هەیە، چەندە جۆری ڕووەک و گیانەوەری تیایە، ئێوە بەچی پێوەرێکی زانستی و ئەخلاقییەوە قسەی وا دەکەن؟ بەگشتی پرۆژەکە نەک تەنها ئەو خاڵانەی سەرەوەی تیانیە، بەڵکو زیان بە سیستمی ژینگەیی، خاک، هەمە-چەشنی و دانیشتوانیش دەگەیەنێت. بەکورتییەکەی، پرۆژەکە دەرگای دۆزەخ بەسەر شاخی پیرەمەگرووندا دەکاتەوە. ئەو پیرەمەگروونەی کەشتیەکەی (نوح)ی لێجگیر بوو، ئەو پیرەمەگروونەی هەموو جۆرەکانی ناو کەشتییەکە، لافاوی گەورە بێهوای نەکردن و چاوەڕوانی وشکانیان دەکرد، ئەمڕۆ دەکەوێتە دەستی هەندێ چاوچنۆک و بێڕەحمانە ژینگەی هەزاران ساڵی تێک ئەدەن.  لێرەوە داوا لە ئەکادیمی و چالاکوان و شاخەوانان و مرۆڤدۆستان و ژن و پیاوان و گەنجانی وڵاتەکەم ئەکەم، رێگە نەدەن، خەڵکانێکی چاوچنۆک کە هەموو کوردستان دەکەنە قوربانیی پارەو سەرمایە، وڵاتەکەمان لەوە زیاتر وێران بکەن، با ببینە دیوارێکی ئەستوورو پیرەمەگروون بپارێزین، ئەگەر وا نەکەین نەوەکانی داهاتوومان نەفرەتمان لێدەکەن. ئەگەر حکومەتی هەرێم و خۆجێیی سلێمانیش لەبەرامبەر ئەم تاوانە ژینگەییەدا بێدەنگ بن، ئەوا بەبێ شک بەشدارن لەم تاوانە ژینگەییدا. زۆر گرنگە ناوی ئەو کەسە چاوچنۆکانە ئاشکرا بکرێت کە لە پشت ئەم پرۆژە وێرانکارییەوە وەستاون.


شێركۆ وەهبی لە پەراوێزی سوتاندنی کتێبی قورئان لە سوید بەر لە هەموو شتێک دەبێت پرسیار لەخۆت بکەیت ئاین بۆچی هاتووە؟ خودا بۆچی پەیامبەری ناردووە؟ وەڵامەکەی ڕونوئاشکرایە: پەرستنی خودای دلۆڤان، چاککردنی دڵوگیانی مرۆڤ، هێنانە کایەی عەدالەتی کۆمەڵایەتی، نەهێشتنی زوڵم و زۆر، فەراهەمکردنی یەکسانی، برایەتی و تەبایی و ڕێز لە نێو مرۆڤەکاندا هەروەها  بەهەدەرنەدانی سامانی نیشتیمانی.  بەندە ئەنتی ئیسلامی  نیە، من باوکم ئیماندارێکی بێوێنە بوو ئاخر باوکی من یەکەم کوردە کتێبێک لەسەر تەجویدی قورئان بنوسێت. مەلاعەزیزی باپیرە گەورەمان یەکەمین کەسە لە شاری سلێمانی حوجرە دانێت. چی ڕەوشتی بەرزە لە باوکمدا هەبوو، ئەو بە هێمنی دەدوا، دەستپاک و داوێنپاک بوو، پەرداخێک ئاوت بدایە بە باوکم بە سێ قوم دەیخواردەوە چونکی ئەو دەیویست هەموو سونەتەکانی پەیامبەر جێبەجێ بکات. سوپاس بۆ خودا، باوکم موسوڵمانێکی تونڕەو نەبوو ئەو دەیگوت "أگلب العلم و لو کان فی الصین" بۆیە هەموو منداڵەکانی بە کچ و کوڕەوە ناردە بەر خوێندن، شوکور بۆ خودا خوێندەوارین و هەر کەسەمان بە گوێرەی توانا خزمەتی کۆمەڵگامان کردووە.   ئاین باش تینەگەیت جگە لەوەی چاوت کوێر دەکات، کەڕو لاڵیشت دەکات. کاتێک تۆ ئاینێک پەسەند دەکەیت مانای وایە تۆ باوەڕ بە خودا و پایامبەرەکەی دەهێنیت و ئەرکە ئاینیەکانت بەجێدەهێنیت. دەبێت خودای خۆت خۆشبوێت،  دەشێت کاتێک سوجدەت دەبەیت و چاوت دادەخەیت، خودای خۆت بێتە  بەر چاو، داوا بکەیت لە گوناهەکانت خۆش بێت.  باوکم خواپەرستێکی ڕاستەقینە بوو، هەردەم خەریکی ویردو سەڵاوات بوو، بەڵام  دەشیگوت "هەچ کەسە و دەچێتە گۆڕی خۆی، دەیگوت ئەگەر ئاینت کرد بە سیاسەت ئەوا مەبەست و ناواخنەکەی لەدەست دەدەیت".  موسوڵمانی ڕاستەقینە خودای خۆی دەپەرستێت و موزایەدە بەسەر کەسانی تردا ناکات، موسوڵمانی ڕاستەقینە ڕیا ناکات بۆ ئەوەی پێی بڵێن لە هەموو کەس موسوڵمانترە. من ٣٨ ساڵە لە سوید دەژیم. لە ناو میللەتێکی ڕەوشت بەرزی، میهرەبانی مرۆڤدۆستدا ژیان دەگوزەرێنم. سوید یەکەمین وڵاتە لە وەرگرتنی زۆرترین ژمارەی پەنابەردا، جگە لە بەسەرکردنەوەی کەسانی داماو، پیر و پەککەوتە، کەم ئەندام، تەنانەت شێت و وێتیش. سویدیەکان جیاوازی لە نێوان هەژار و دەوڵەمەندا ناکەن، لەم ووڵاتە جیاوزی لە نێوان وەزیر و گزیردا نیە، تەنانەت پاشای سویدیش بە ناوی خۆیەوە بانگ دەکەن نەک بە کاک یان گەورەم،  نە سەرۆک هەیە نە ڕێزدار! لێرە میللەت باوکی نیە، لێرە دەسەڵات هێز لە میللەتەوە بەدەست دەهێنێت. مرۆڤی سویدی ڕێز لە پیاو، ژن، منداڵ و پیر وەک یەک دەگرن. خانەی پەککەوتە و پیرانیان دەڵێیت ئوتێلی پێنج ئەستێرەیە. کەس نیە لە سوید بێلانە بێت مەگەر خۆی بیەوێت لەسەر جادە بژی. هەموو هەوڵوتوانای دەسەڵاتدارانی سوید بۆ فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانیە. ساڵانە سوید بە ملیارەها کرۆنی سوید دەدات بە پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ووڵاتە هەژارەکان . ئەوان ڕێز لە هەموو بیروباوەڕێک دەگرن بەبێ جیاوازی.  ئیمامی ئەزهەر (شێخ محمد عبده) ساڵی ١٨٨١ی میلادی دەچیت بۆ پاریس ئاوا باسی وولاتە ڕۆژئاواییەکان دەکات  "ژهبت للغرب فوجدت إسلاماً ولم أجد مسلمین ولما عدت للشرق وجدت مسلمین ولكن لم أجد إسلاماً". منیش کاتێک ساڵی ١٩٨٥ هاتمە سوید تەنها ٢ مزگەوتی تێدا بوو ئێستا ٣١٨ مزگەوت لە سویددا هەیە. ئایا ئەمانە هەمووی نیشانەی ئەوە نیە کە دەوڵەتی سوید و ووڵاتانی ڕۆژئاوا ڕێزی تایبەتی لە ئاینی ئیسلام و هەموو ئاینەکانی تر دەگرن؟ بە بێ جیاوازی؟ ئەمەش زادەی ئەو عەلمانیەتەیە کە هەموو ڕۆژێک لە مزگەوتەکانمانەوە دوای نوێژکردن هیوای ژێرکەوتنیان بۆ دەخوازین  " الهم أنصرنا علی قوم الکافرین". هەموومان دەزانین ئەوانەی ئێمە بە کافریان دەزانین لە ئێمە زیاتر ڕێز لە مافی مرۆڤ دەگرن، ئەوان خۆیان بەدوور دەگرن لە جەنگ، لە بەکارهێنانی توندوتیژی، هەمیشە کاری خێرو خێرخوازی دەکەن، نەک تەنها لە بۆنەکاندا! تەنانەت ڕێزی ئاژەڵیشیان لایە.   سەرباری ئەوەش زوربەی ووڵاتانی ڕۆژاوا خاوەنی چەکی ئەتۆمین، ئەگەر ڕقیان لە ئیسلام  و لەناوبردنی موسوڵمانان بوایە بە یەک ڕۆژ بە بۆمبی ئەتۆمی دنیای ئیسلامیان ژێرەوژوور دەکرد، ئەمە لە کاتێکدا ئێران کە توانی چەند موشەکە شڕێک دروستکا لە سەردەمی ئەحمەدی نەژاددا هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیلی لەسەر نەخشە دەکرد، ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ئێرانیش دەریانخست ئەو ڕژێمە بەناو ئیسلامیە چەند دڕندەیە، ئەردوگانیش تا ئێستە فریاکەوتووە تەنها نزیکەی نیو ملیۆن کەس بخزێنێتە بەندیخانەوە! کە زوربەیان مرۆڤی سادە و خۆشەویست و ڕۆشنبیرن، هەروەها  لوتی لە کاروباری چەندین ووڵاتیش ژەنیوە و ناهێڵێت بە ئیسراحەت دانیشن، سوریا بە نمونە، ئا  ئەوەیە ئیسلامچێتیەکەیان..   لە نێو دەستوری سویدیدا چوار یاسای سەرەکی هەیە کە پێیان دەگوترێت یاسا بنەڕەتیەکان. شایەنی باسە، بۆ گۆڕینی هەر بڕگەیەک لەو چوار یاسایە، پێشنیارێکی پەرلەمانی گەرەکە، کە پێویستە  دولەسەرسێی پەرلەمانتاران دەنگی بۆ بدەن، جا کە دەنگی بۆ درا پێشنیارە هەڵدەگیرێت بۆ خولی پەرلەمانی ئایندە و گۆڕانی حکومەت. خۆ ئەگەر لە پەرلەمانی ئایندەی نێوان دوو حکومەتدا  دەنگی لەسەر درایەوە و دوولەسەر سێی دەنگی ئەندامانی بەدەست هێنا، ئەوجا یاساکە دێتە گۆڕان، واتە دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی دوو حکومەتی جیاوازی گەرەکە، کە ئەمەش وا دەکات گۆڕینی ئەو یاسایانە لە مەحاڵ مەحاڵتر بێت. چوار یاساکە بریتین لە: یاساکانی: ١. شێوازی حوکومڕانی،٢. ئازادی چاپەمەنی ، ٣. ئازادی ڕادەربڕین، ٤. یاسای پشتاوپشتکردنی پاشایەتی. سوید بۆ بەدەستهێنانی ئەم مافانە بۆ هاووڵاتیەکانی بە ڕاستی خەباتی سەخت و بێوچانی کردووە. ئازادی دەربڕینی بیروڕا و ئازادی چاپەمەنی واتای ئەوە دەگەیەنن کە مرۆڤ ئازادە لە دەربڕینی هەچ  بیروڕایەک کە بیەوت لە ڕیگای بڵاوکردنەوەی لە ڕادیۆ، تەلەفزیۆن، فیلم، ڤیدیۆ و تۆماری دەنگی یان بە ئاشکرا، هەروەها لە ماڵپەڕ و ئینتەرنێتیشدا. من شەخسی خۆم بەداخەوەم بۆ کردەوەی کەسێکی وەک(ڕاسمۆس پالودان) و سوتاندنی قورئان، بەڵام ئەوە یاسایە دەرفەتی بۆ ڕەخساندوە کە قورئانێک بسووتێنێ وە کەسیش ناتوانێت ئەوەی لێ قەدەغە کات، بەداخەوە ئەم شتە بۆ بۆتە بابەتی غەوغا لە ووڵاتە ئیسلامیاکاندا و پەیتا پەیتا کۆبوونەوە و خۆپیشاندان لەبەردەم سەفارەتەکانی سویددا دەکرێت... لەم هەفتەیەدا کۆمەڵێک کورد لەبەردەم سەفارەتی سویددا لە لەندەن بڵندگۆیان دانا و دەستیان کرد بە قورئان خوێندن و قرئان بەرزکردنەوە... بێ ئەوەی بزانن ئەم کارەیان لە خزمەتی کێدایە.                                     ڕاستتان دەوێت گەر بەدەست حکومەتی سوید بوایە، لەم کاتە ناسکەدا کە دەخوازن بچنە ناو ناتۆوە، هەرگیز ڕێگایان نەدەدا ڕاسمۆس شتی وا بکات، بەڵام هەچ کەسێک هەر بیروڕایەکی هەبوو بۆی هەیە بە چ شێوەیەک دەیخوازێت دەریبڕێت. بۆ زانیاریتان لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا هونەرمەندێکی سویدی چەندین وێنەی ڕوتی حەزرەتی عیسای کێشا و وەک کەسێکی هاوڕەگەزخواز ناوزەدی کرد، تەنانەت  لە ناو کڵێسەیەکیشدا نمایشی کرد، دەوڵەتی سوید و یاسای سویدی نەیانتوانی ڕێگەی لێبگرن و کەسیش نەهاتە سەر جارە بۆ سوتاندنی تەڕو ووشک پێکەوە.  هەتا یاسای ئازادی دەربڕینی بیروڕا لە ووڵاتای ڕۆژاوادا کارا بێت، ڕێگا دەدرێت چی دەخوازیت بیکەیت.... ئیترخۆ پیشاندان بێت، کتێب سوتاندن بێت یان..هتد. ئەو شتانە دەچێتە خانەی ئازادی دەربڕینی بیروڕاوە و تەنها یاسا دەتوانێت ڕێگەی لێبگرێت، نەک پۆلیس و جەندەرمە وەک ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەندا هەیە.  لە ڕاستیدا کردارەکەش دەوڵەتی سوید ئەنجامی نەداوە بەڵکو تاکە کەسێکی ڕەگەزپەرستی دانیمارکی ئەوەی کردووە! بۆیە  سوتانی ئاڵای سویدی گەمژەییە و خۆپیشاندان بەرامبەر سەفارەتی سوید گەوجیە. بۆ ئاگاداری، ئێمەی کورد بە پێی هەمان یاسا سەدان خۆپیشاندان و مانیفێستمان سازداوە دژ بە چەوساندنەوەی کورد لە عیراق، تورکیا، ئێران، سوریا ..هتد.   هیودارم لەم کاتەدا لانی کەم مرۆڤی کورد بە دەهۆڵوزوڕنای ئەردۆگان و ئیسلامیە توندڕەوەکان هەڵنەپەڕن. ئەو خۆپیشاندانانە تەنها لە خزمەتی ئەردۆگاندایە نەک ئیسلام!! کەسێکی وەک ئەردوگان هەروەک چۆن حەزی دەکرد داعش دراوسێی بێت نەک کورد، ئاواش حەز دەکات بە پڕوپاگەندەی نادروست یاسای ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی چاپەمەنی لە ئەوروپادا نەمێنێت. دوژمنی باوەکوشتەی ئەردوگان و ووڵاتە تۆتالیتارە ئیسلامیەکان ئازادی ڕادەربڕینە.  نازانم تا چ ڕادەیەک ئاگادارن لەوەی کە ئەوە (عوسمانی کوڕی عەفان) بوو یەکەمین جار قورئانی سوتاند وە قورئانێکی تری لە جێگای ئەسڵیەکە نوسیوە وناوی نا (مصحف عپمان) کەسیش لە گوڵ پاکتری پێنەگووت. (صدام حسین) لە ئەنجامدانی تاوانی ئەنفالدا ٤٥٠٠ گوندی تەخت کرد و قورئانەکانی ناو مزگەوتەکانی گڕتێبەردا ، هیچ ووڵاتێکی ئیسلامیش لەسەر کوردی موسوڵمان! نەهاتنە دەنگ. تورکیا کە ئەفرینی گرت هەزاران قورئانی نایە ژێر پێ و سوتانی، کەچی  هیچ ڕژێمێکی ئیسلامی توندرەو یان میانڕەو نقەیان لێوە نەهات ، لە پاکستانیش لە تەقینەوەی مزگەوتەکەی هەفتەی ڕابردوودا سەدان کتێبی قورئان سوتا کەسیش خۆپیشاندانی نەکرد. بە کوردی و بە کورتی ئەوەی دەرهەق بە سوید دەکرێت کارێکی ناڕەوایە و مەرامێکی سیاسی چەپەڵی لە پشتەوەیە، ئەویش لەناوبردنی ئازادی بیروڕایە و هیچی تر.  تکایە چاو و گوێت باش بکەرەوە و بزانە چی دەگوزەرێت، بۆ ئەوەی هەتا دنیا دنیایە گەمژەیی حەڵاڵ نەکەیت.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand