"قسەکانی دوای کەوتنی حیزب"
2023-01-17 18:15:43
عەبدولڕەزاق شەریف
ئەم مەسولانەی ( ی ن ک و ب گ ) ، فەزیحەتەکانیان نهێنیەکی پەنهان و شاراوە نەبوە ! ئەوەی تازەیە ئەو بەدزمانیەیە کەخۆیان لەم سەروەختەی روخانی حیزبەکانیاندا، وەسفی یەکتری پێدەکەن، دواتریش دوو هاوڕێی دێرینی خۆیان ئاسا، دەکەونەوە نێوانیان، ئیتر لەئاشکراکردنی بەڵگەکانیان و چیرۆکی پشت و پێشی راستی تاوانەکانیان بێدەنگ دەبن، وەک پشوی جەنگاوەرێکی شکستخواردو خۆیان بۆ گەیمێکیتری شەڕەکە ئامادە دەکەنەوە .
کاتێک ئایکۆن و رێکخەرەکەی بزوتنەوەی گۆڕان لەفەزیحەیەکدا، بەغەرامەیەکی قورسی نیوملیۆن کرۆنی و تۆماری ناوەکەی لەلیستی رەشی وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا لەدادگا مەرەخەس دەبێت . ئیتر هەمو بەرگریکردنەکەی لەتاوانەکە ئەوەیە لەتۆمارێکی دەنگیدا هاوڕێیەکی دێرینی بە زمانلێدان و ناردنی بەڵگەی فەزاحەتەکەی بۆ پۆلیس و دادگای سوێد تۆمەتبار دەکات ! وەک ئەوەی ئەگەر ئەو ئیخباریە نەکرایە ئیتر ئەم تاوانەکەی بۆ هەتا هەتایە ئەشاردرایەوە و کەس پێی نەدەزانی، کە بەپێی هەمو یاسا زەمینی و ئاسمانیەکان ئەو زمانلێدانە لەتاوان و تاوانباران رێگە دروستەکەیە ( ئەوەی شارەزای سزای یاساکانی ئەوروپاش بێت دەزانێت بڕە پارەی دیارکراو بۆ سزادان، بەپێی بچوکی و گەورەیی تاوانەکە، دادگا لەسەر تاوانبار دەیسەپێنێت ).
فایلەکانی (بازرگانی، فەساد و خیانەت) کە ئێستا سەرکردەکانی ی ن ک ، بەتۆماری دەنگی یەکتری پێ تاوانبار دەکەن لەمێژە باسکراوە و هەوڵدراوە کە بگاتە دادگا، پێش هەمویان خودی سکرتێری گشتی رێگریکرد ! هەمو ئەو زاتانەی ئێستای ناو (ب گ و ی ن ک ، کە ئەوسا پێکەوە بون) پشتیوانی بڕیارەکانی بون .
دکتۆر کەمال فوئاد سەرۆکی ئەو لیژنەیە بو کە بۆ لێکۆڵینەوە لە فایل و فایلدارەکان پێکهات، نوسراوێکی رەسمی بۆ بەرپرسی پەیوەندیەکانی یەکێتی لەتورکیا کرد، وەک یەکەم کەس لەبەردەم لیژنەکە ئامادە بێت، بەهرۆز گەڵاڵی کە لە فایلەکەدا بە (بورهان یاسین)، ناوە راستیەکەی خۆی هاتبو ! هەمان ئەو نوسراوەی بە ( فاکس ) لە ئەنقەرەوە بۆ سکرتاریەت لە قەڵاچوالان ناردبۆوە، دواترێش بە پەراوێزێکی مامجەلالەوە جارێکیتر بۆ لیژنەکەی لە مەکتەبی سیاسی ناردەوە .
سکرتێری گشتی بەشێوەیەک لە پەراوێزی نوسراوەکەیا نوسیبوی" گ .. ان خوارد " توڕەییەکەی خۆی لە پیتەکاندا جێگە کردبۆوە . بەدوایدا، دکتۆر کەمال بەدڕدۆنگی گەڕایەوە بۆ ئەڵمانیا .! لیژنەکەش بۆ هەتا هەتایە هەڵوەشایەوە .
ئەم هەڤاڵ مەلا بەختیارەش کە ئێستا باس لە فایل دەکات لەجیاتی پشتیوانیکردن بەئومێدی چونە جێگەکەی بەرپرسی دەستەی کارگێڕ بەبێدەنگی تەمەنای نەگەڕانەوەی دەکرد، دواجار و دوای وازهێنانی دکتۆر کەمال فوئاد پێی گەیشت ، هەر عومەری سەید عەلیش پێشنیازی لێخۆشبون یان نەبونی لەپلیۆمەکەی قەڵاچوالاندا، بەشێوەیەک خستە دەنگدانەوە کە خۆیشی سەرسامی بەچەپڵەلێدانی هەردو بیروڕا جیاوازەکە دەربڕی .
بۆ ئەوەی ئەو پەراوێزەی مامجەلال نەبێتە مشتومڕی بون و نەبون ! جارێکیتریش لەسەر نوسراوی بەڕێوەبەرایەتی تاپۆی سلێمانی هەمان دەستەواژەی نوسیبوو ( کاتێک رەزامەندی لەسەر عەریزەیەکی ئاواتی شێخ جەناب ئەدات بۆ تاپۆکردنی خانوە حکومیەکەی سەرچناری کە دوای راپەڕین داگیریکردبو، بەڕێوەبەری تاپۆ بۆ قەڵاچوالانی دەنێرێتەوە و دەنوسێت ئەم رەزامەندیە بۆ هەردو زەویەکەیە ؟ چونکە خاوەن عەریزەکە هەم ژمارەی زەوی خانوەکە و هەم ژمارەی زەویەکی بەردەمی خانوەکەشی تێهەڵکێش کردبو ) بۆیە مام هەمان دەستەواژە و بەهەمان توڕەیی دەکاتەوە بە پەراوێزی عەریزەکەی ئاواتی شێخ جەناب .! دواتر ئەویش تەنیا خانوە هەزار مەتریەکەی بەنیسب بوو، نەیتوانی باخەکەی بەردەمی ناوش بکات .
ئێستا کە دەڵێن بازرگانە ملیۆنەرەکان ، فایلدار و چەتە و ....هتد هەمویان راستدەکەن بەڵام لە سوئێد دادگا هەبو سەید عومەر بەرکەوت ، چونکە لەکوردستان دادگا بەدەست خۆیانەوە بو، کەسیشیان زاتی روبەروبونەوەی بڕیارەکانی سکرتێری گشتیان نەبو ! وەیانەخۆ پشتیوانی بون ! بەکەریمی تێپەڕی .
بێدەنگی لەوەڕە پاکژەکەی ئەوسایان و قسەی ئێستای دوای کەوتنیان، چاوەڕوانی گەیمێکی تری شەڕەکە و هەڵدانەوەی فایل و مەلەفی خیانەت و گەندەڵی زیاتریان بەم زوانە لێدەکرێت .