ڕەهەندە یاساییەکانی خوێندن بە ڕێگەی (Online)
2020-03-27 07:15:26
رێبوار محەمەد
ئەم بارودۆخە ناهەموارەی کە بەهۆی فایرۆسی کۆرۆناوە دروست بووە لە جیهاندا بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی زۆر لایەنی ژیانی پەک خستووەو کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕەوشی ژیانی هەمووان دروست کردووە ، بەشێوەیەک بارودۆخی وولاتی بە حاڵەتی نائاسایی گەیاندووە .
یەکێک لەوبوارانەی کە بێبەش نەبووە لەوکاریگەرییە نەرێنیانەی ئەم دۆخە بواری خوێندنی زانکۆ و پەیمانگاکانە لە هەرێم دا ، لەبەرئەوە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێم لە کۆبوونەکانی ئەم دواییەدا بەدوای رێگەچارەدا دەگەرێ بۆ بەردەمی دان بە خوێندن لەئەگەری درێژبوونەوەی دۆخەکە بەتایبەت خوێندن بە ئامێرەکانی پەیوەندی ، ئەمەش جێگەی پێزانین و دەست خۆشیە، بەڵام ئەم بابەتە کۆمەڵی رەهەندی جیاوازی هەیە و ئیمە لێرەدا تیشک دەخەینەسەر رەهەندەیاساییەکانی، بەتایبەت پێوەرەکانی یونسکو بۆ خوێندن لە دۆخە نائاساییەکاندا و هەڵوێستی دەستوورو یاسا و رێنماییە بەرکارەکان لە هەرێم دا .
یونسکو وەک رێکخراوێکی نێودەڵەتی تایبەت بە بواری پەروەردەو خوێندن لە وولاتانی جیهاندا ، گرنگی تەواوی داوە بە بەردەمی خوێندن لەوولاتانداو دۆزینەوەی رێگەچارەی زانستی بۆ پەک نەکەوتنی خوێندن لە دۆخە نائاساییەکاندا ، هەروەک دەزاین یونسکو بەرنامەیەکی کاری هەیە کە تاکو (٢٠٣٠) کاری پێدەکات ، تیایداهاتووە کە دەبێت لایەنی پەیوەندی دار ژێنگەیەکی گونجاو بۆ خوێندن فەراهەم بکات کە بگونجێ لەگەل پێویستی و تواناکانی فێرخوازاندا ، وەهەروەها لە باسی تایبەت بە خوێندن بە ئامرازە نوێیەکان دەلێ دەبێت حکومەت سەرجەم پێداویستیەکانی خوێندن و فێرکردن بە ئامرازە نوێیەکان بۆ فێرخوازان فەراهەم بکات، ئەمانەش واتە یونسکو کاردەکات بۆ گرنگی دان بە ئامرازەنوێێەکانی خوێندن و سوودبێنین لێی نەک گۆرینی خویندن بۆ شێوازی .online بەلام یونسکو جەخت دەکاتەوە لە دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ بەردەوامی خوێندن لە هەموو دۆخەکاندا ، هەربۆیە پێم وایە ئەم رێکخراوە قسەی خۆی دەبێت بۆ بواری خوێندن لەم دۆخەدا چونکە دۆخێکی جیهانیە و تایبەت نیە بە وولاتایکی دیاری کراو .
ئەگەر بگەرێینەوە بۆ دەستوری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ دەبینین لە مادەی ٣٤ کە تایبەتە بە مافی خوێندنەوە تەنها وەک بنەمایەکی گشتی باسی مافی خوێندن دەکات لە سەرجەم قۆناغەکان بە خۆرایی بەبێ ئەوەی باسی خوێندن بکات لە دۆخە لەناکاوەکاندا ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئەم بابەتە شوێنی دەستوور نیە بەڵکو دەستور تەنها هێلەگشتیەکان باس دەکات و ووردەکارییەکان بۆ یاسادانەر بەجێدەهێلێ .
لە عێراق دا دەقێکی یاسایی روونمان نیە کە باسی خوێندن بکات لەم جۆرە دۆخانەدا نە بە رێگەپێدان نە بە رێگری لێ کردن ، هەربۆیە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق هەستا بە دەرکردنی ڕێنمایی بۆ رێکخستنی خوێندن بە online و داوای لە زانکۆکان کردووە کە شێوازی وانەووتنەوەی ئەلکترۆنی و خشتەی وانە و شێوازی ئامادەبوون ئامادەبکەن لە پێناو بەردەوامی پرۆسەی خوێندن دا .
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان ئەوا دەتوانین بڵێین چەندین یاساو ڕێنمایی پەیوەندیدار هەیە بەم بوارەوە ، وەک یاسای وەزارەتی خوێنندی باڵێ و توێژینەوەی زانستی ژمارە ١٠ ی ساڵی ٢٠٠٨ی هەرێمی کوردستان و یاسای ژمارە ٢ ی ساڵی ٢٠١٣ ی زانکۆ تایبەتیەکان ، ئەمە جگە لە کۆمەڵی ڕێنمایی بەرکار لەهەرێم دا .
بە خوێندنەوەمان بۆ یاسای ژمارە ١٠ ی ساڵی ٢٠٠٨ دەتوانین بڵێین دەقێکی یاسایی روونمان نیە کە باس لە خوێندن بکات لە دۆخە نائاساییەکاندا ، ئەمەش یەکێکە لە کەمو کورتیەکانی ئەم یاسایە و دەبوو یاسادانەر لەکاتی دانانی یاساکەدا بیرێکی لە خوێندن لەم جۆرەدۆخانەدا بکردایەتەوە ، بەڵام لە مادەی ١٣ ی هەمان یاسادا تایبەت بە دەسەلاتەکانی ئەنجومەنی زانکۆکان هاتووە کە یەکێک لە دەسەلاتەکانی ئەنجومەنی زانکۆ بریتیە لە بڕیاردان لەسەر پلانێک بۆ فەراهەم کردنی پێداویستیەکانی خوێندن.
خۆئەگەر بگەرێێنەوە بۆ یاسای ژمارە ٢ ی ساڵی ٢٠١٣ ی زانکۆ تایبەتەکان دەبینین لە مادەی ٨ دا بەروونی دەلێ ( خوێندن لە زانکۆدا لەرووی دەوام و تاقیکردنەوە و بەکردارەکی دەبێت و بە ئەندام بوون لە دوورەوە یان بە کراوەیی نابێت ) ، ئەم دەقە هەرچەندە بۆ زانکۆ تایبەتیەکانە بەڵام بۆ زانکۆ حکومیەکانێش راستە چونکە زانکۆ تایبەتیەکان بەپێی بنەماکانی خوێندنی حکومی ڕێکخراوە و لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ڕێگری یاسایی هەیە لە هەرێم دا بۆ بریاردان لەسەر بەردەوامی پرۆسەی خوێندن بە online ، رەنگە بۆچونێک هەبێ پێی وابێ ئەم دۆخە استثنائیە ودەسەلاتی جێبەجێ کردن دەتوانی لەیاسا ئاساییەکان لابدات ، بۆ وەڵامی ئەم بۆ چوونە دەڵێین بریاردان لەسەر دۆخی نائاسایی لەدەستوردا باس کراوە و دەبێت دەسەلاتی جێبەجێ کردن داوای راگەیاندنی باری نائاسایی ئاراستەی پەرلەمان بکات و هۆکارو شوێن و کاتی بۆ دیاری بکات و پاش رەزامەندی پەرلەمان دەسەلاتی جێبەجێ کردن دەسەلاتەکانی فراوان دەبێت و دەتوانێ هەمووجۆرە بریارو رێنماییەک دەربکات بۆ پارستنی بەرژەوەندی گشتی و ژیانی هاوڵاتیان و پرۆسەی خوێندن لە وولاتدا ، لەهەمان کاتدا رەنگە بۆچونێکی تر هەبێ پێی وابێ بە استپناو پەنا بۆ ئەم جۆرە خوێندنە دەبرێت بە شێوەیەکی کاتی ، بۆ وەلامی ئەمەش دەتوانین بڵێین استپناو تەنها بە دەقی یاسایی دەکرێت و نابێ بە فراوانیش خوێننەوەی بۆ بکرێت ، ئەمە جگە لەوەی ئەم شێوازەخوێندنە پێویستی بە هەموارکردنەوەی چەندین ڕێنماییی هەیە لەوانە ڕێنمای یەکسان کردنی بروانامەکان و ڕێنمایی ئەزمونەکان و رێنمایی خەرجکردنی کرێی وانەبێژی و چەندینی تر ...
لەکۆتایدا دەڵێین بۆ ئەوەی چارەسەری بەردەوامی خوێندن بە رێگەی online ڕێچکەی یاسایی خۆی وەربگرێ پێویستە ئەنجومەنی وەزیران داوا لە پەرمان بکات بۆ دەرکردنی یاساییەکی تایبەت بەم دۆخە چونکە لە عێراق و هەرێمیشدا یاساییەکی تایبەتمان نیە بە دۆخەنائاساییەکان کە پێم وایە ئەم رێگایە لەم کاتەدا جێبەجێ ناکرێ چونکە پێویستی بە بەدواداچوونی پەرلەمانی وورد هەیە و ئەمەش کاتی دەوێ، یاخود دەسەلاتی جێبەجێکردن رەزامەندی پەرلەمان وەربگرێ بۆ ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لەووڵاتدا وەک لە پێشتردا باسمان کرد بەمەش ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتکان دەتوانن لەیاسائاساییەکان لابدەن بەپێی پێویست و بەرأەوەندی گشتی .
*مامۆستای زانکۆی گەرمیان