Draw Media

تەنگژە‌و رەخنە

تەنگژە‌و رەخنە

2020-03-29 12:30:14


كامیل عومەر
گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لەم ساتەوەختی تەنگژەو قەیرانی (بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا)یەدا، كارێكی گرنگ‌و پێویستی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتە‌و بۆ ئەمەش وادەخوازرێت ژینگەیەیەكی لەباری هەمەلایەنە بۆ یەكدەستی‌و پێكەوەیی‌و هاوئاهەنگی بۆ روبەرووبوونەوەی تەنگژەكە دروستبكرێت، نەك سوودوەرگرتنی خراپ‌و نەزانانە، بەجۆرێك كە بەشێك لە كۆمەڵگەكەت بكەیتە دژ‌و نەیار. وەكئەوەی لەچەند رۆژی رابردوودا رویدا‌و لەسەر (رەخنەگرتن) رۆژنامەنووسان دەستگیركران،  كە ئەوە سوودوەرگرتنێكی نادروستە‌و زیان بە رێكار‌و رێوشوێنەكانی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەكە دەگەیەنێت.
 رەخنەگرتن، كە مافێكی سروشتی‌و یاسایی هەر كەسێكە، ئەركێكی گرنگی رۆژنامەنووسانیشە بۆ  دەستنیشانكردنی لادان‌و كەموكورتی‌و دیاردە دزێوەكان، بە ئامانجی راستكردنەوەیان و سوودگەیاندن بە بەرژەوەندیی گشتی. بەوپێیەش رەخنەگرتن لەم دۆخەدا بۆ دیاریكردن‌و ئاشكراكردنی هەڵەو كەموكورتییەكان، دەبێ‌ وەك هاوكاری‌و كاری پێكەوەیی سەیربكرێت‌و بنرخێنرێت، نەك وەك تاوان سەیربكرێت‌و رۆژنامەنووسانی لەسەر دەستگیربكرێت.
پێشتر ئاماژەمان بەوە دا، كە دەبێ‌ رۆژنامەنووسانیش زیاتر لە هەر كەسێكی دیكە ملكەچی یاسا بن‌و لەكاتی پێشێلكاریدا، لەجیاتی تیرۆرو ئازاردان‌و سوكایەتپێكردن، رێوشوێنی یاسایی بەرامبەریان بگیرێتەبەر، بەڵام نەمانووت یاسا بكەن بە پاساو بۆئەوەی لەسەر رەخنەیەكی ئاسایی وەكئەوەی تاوانێكی گەورەیان ئەنجامدابێت، هەڵبوكتنە سەریان‌و دەستگیریان بكەن‌و چەند رۆژێك بەندیانبكەن.
دەستگیركردنی هەردوو رۆژنامەنووس (هێمن مامەندو هەرێم جاف) لەسەر بڵاوكردنەوەی دوو بابەتن لە ئەكاونتی سۆشیال میدیاكەیانەوە، كە هەردوكیان رەخنەن‌و رەخنەكانیشیان بابەتین‌و ناچنە خانەی تاوانەكانی بڵاوكردنەوە‌وە، كە یەكێكیان رەخنە لەشێوازی مامەڵەكردنی هێزە ئەمنیەكاندا دەگرێت، لەگەڵ ئەو كەسانەی گومانی ئەوەیان لێدەكرێت، كە بەركەوتووی ڤایرۆسی كۆرۆنا بن، ئەوی دیكەشیان رەخنەی لە بێدەربەستی‌و كەمتەرخەمی حكومەت بەرامبەر ماف‌و مووچەی هاووڵاتیانی كەرەنتینەكراو، گرتووە.
سەرباری ئەوانەش، شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ رۆژنامەنووسە دەستگیركراوەكاندا بەتایبەت لەگەڵ (هێمن مامەند)، شێوازێًكی نایاساییە‌و بەهەڵكوتانە سەر‌و بێ‌ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت بووە، لەوەش خراپتر بەپێی یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2008ی قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لە هەرێمی كوردستان سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە، لەكاتێكدا لەبەرئەوەی رۆژنامەنووسن، دەبوو بەپێی یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007ی رۆژنامەگەری لە كوردستان، مامەڵەیان لەگەڵ بكرایە، كە راگرتن‌و دەستگیركردن‌و بەندكردنی تێدا نییە.
دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان‌و بەندكردنیان، جگەلەوەی كە نیەتی خراپی چاوترساندن‌و سەركوتكردنی رەخنە‌و ئازادیی رادەربڕینی لێدەخوینرێتەوە، زیانیش بە گیانی هاوچارەسەری‌و هاوبەرپرسیارێتی‌و كاری پێكەوەیی لە رووبەرووبونەوەی تەنگژەكە دەگەیەنێت‌و متمانەی خەڵك بە دەسەڵات‌و دەزگا ئەمنیەكان لاوازتر دەبێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand