کەرەنتینە بەردەوام دەبێ ..؟
2020-03-28 18:17:40
بەشدار عوسمان
سەرۆک وەزیرانی کەنەدا رایگەیاند بڕی (٢٠٠٠$دوو هەزار دۆلار) بۆهەر کەسێک خەرجدەکرێت بەهۆی کۆرۆناوە ئیشەکەی لەدەستدابێت لە ١٥ی ئازارەوە، حکومەتی بەریتانیا بەبڕی ٨٠٪ی داهاتی پێشوویان هاوکاریی کرێکاران و پیشەوەران دەکا، فەرەنسا رایگەیاند هەموو پێداوسیتی خۆپارێزیی پزیشکیی دابیندەکەن بۆ هاوڵاتیان،هەر لەم تورکیایە کارمەندی تایبەت دابینکراوە بۆ بازاڕکردنی کەسانی بەساڵاچوو و دابینکردنی خواردن و پێوسیتییەکانیان،هیندستان ئامادەیی نیشاندا مووچەی چوار مانگ بەیەکەوە دابەشبکات ... ئەمانە نمونەی ئامادەکاریی چەند وڵاتێکە بۆ خۆپارێزیی و کەرەنتینەکردنی خەڵک لەماڵەکانیان.
نە زێدەڕۆییە، نە کارێکی ناواقعییە بەراوردکردنی ئەو وڵاتانە بەکوردستان لەرووی داهات و سامانەوە لە ٣٠ ساڵی رابردوو،ئەگەر قسەش لەسەر کەمبوونەوەی داهات و نزمبوونەوەی نرخی نەوتە، بۆ ئەو وڵاتانە سەدجار بارگرانیەکە زیاترە.
کەرەنتینە، بۆ خۆپارێزیی لە نەخۆشیی و بڵاونەبوونەوەی ڤایرۆس زۆر پێویستە،بەتایبەت بۆ بارودۆخی وێرانەیی کەرتی تەندورستی گشتی لە کوردستان، فاکتێکیتر بۆ پاڵپشتیی ئەو ڕایە،دەستکەوتن و بەردەوام بوونی پێویستیی خۆپارێزیی لەئاستێکی زۆر نزمدایە، ساکارترین وەسائیلەکانی خۆپارێزیی هاوڵاتیان تەنها دوای دوو هەفتە لەبازاڕەکان نەماوە یان زۆر کەمبووەتەوە، ئەوەش رۆشنە بێ باکیی دەسەڵاتداران لەژیان و چارەنووسی خەڵک ئەم کۆمەڵگایەی والێکرد بەرگەی هەوراز و نشێویی نەگرێت .
خەڵک ئەوەی لەسەری بوو بە زیادەوە لەماوەی دوو هەفتەی رابردوو کردی، زگی خۆی و مناڵەکانی گوشی،خۆی و دەوروبەرەکەی لە مردن پاراست،بەڵام دیمەنە جەرگبڕەکانی ناوماڵ و شەقامەکانیش مردنی لەدواوەیە!، ئیتر ئەرکی حکومەت و بەرپرسانە لەو سامانەی سێ دەیەیە لوشی دەدەن لە داهاتی خەڵک،قەترەیەکی بگەڕێنەوە.
ئەوەی ئێستا دەبیندرێت رێک زیندانیکردنی خەڵکە لە ماڵەکانیان بەبێ ئەوەی بچوکترین بەرپرسیارێتیی حکومەت لە دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان ببیندرێت، مووچە ئەگەر لەکاتی خۆشیدا دابەشبکرێت ناتوانێت کێشەکە چارەسەر بکات(لەکاتێکدا ئەمەش ناکەن ) چونکە لەکۆی نزیکەی (٦ ملیۆن خەڵک،تەنها میلۆنێک و ٢٤٩ هەزار) مووچەخۆر هەیە. ئەی ئەو کرێکارەی رۆژانە بەعارەقی نێوچەوانی (٢٥ هەزار دیناری ) بۆ نان و شیری مناڵەکانی دەهێنایەوە ؟ ئەو کاسبکارەی تەکسی لێدەخوڕی؟ ئەی ئەو هەموو گەنج و مناڵە لەبازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەستفرۆشییان دەکرد تا حەب و دەرمانی دایک و باوکە پیر و پەککەوتەی دابین بکەن ؟!
هەر بۆ بەرچاو رۆشنی هەموو لایەک (٢٤-٣-٢٠٢٠)دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، زیاتر ٧٣٪ی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆوە ڕوبەڕووی کێشەی ئابووریی بوونەتەوە. توندکردنەوەی رێکارە پۆلیسیەکان بۆ زیندانیکردنی هاوڵاتیان تا ڕادەیەک دەتوانێ جێگا بگرێت،بەڵام بەم ژیان و گوزەرانە تاکەی بەردەوام دەبێت ؟