Draw Media

چاکەو شەبیهەکانی

چاکەو شەبیهەکانی

2020-03-28 21:51:07


چاکەو شەبیهەکانی

هەموو کردەیەکی خێرخوازیی، لە ڕووکەشدا خێرەو جوانە. بەڵام کەم کردەی خێرخوازیی هەیە کە لە جەوهەردا خێربێ و جوانبێت!

"خێری جەوهەریی": ئەوەیە کە خودی خێرەکە، خۆی ئامانجەو کارەکە بۆ هیچ مەبەست و دەسکەوتێك نیە. بەڵام "خێری ڕووکەشیی": ئەوەیە کە خێرەکە خۆی ئامانج نیەو تەنیا وەسیلەیەکە بۆ پێکانی ئامانجی سیاسی و کۆمەڵایەتی..

خێری جەوهەریی، تەنیا دوو کەسەکەو خوا ئەیزانن و پێویستی بە زانینی کەسی تر نیە. چونکە لە ئەساسەوە کارەکە بۆ زانینی ئەوانیتر نیە. بەڵکو بۆ کردنی خێرەکەیەو هیچی تر. یەعنی سنوری خێری جەوهەریی، هەر بەقەت خێرەکە خۆیەتی و شتەکە هەر لەناو خۆیداو هەربەخۆی کۆتایی دێ و ناچێتە دەرەوە.
بەڵام خێری ڕووکەشی ئەبێ ئەوانیتر بیزانن، چونکە خودی پرۆسەکە، بۆ ئەو زانینەیە نەك بۆ خێرەکە! یەعنی سنوری خێری ڕووکەشی، بەقەت خێرەکە نیە، بەڵکو بەقەت دەنگدانەوەی خێرەکەیە.
ئا لێرەوەیە کە یەکەمیان پێویستی بە نمایش و ڕیکلام نیەو دووەمیشیان جاڕی بۆ ئەدەیت و دنیا تێئەگەیەنیت!

هەڵبەتە ئەم دووانە هیچیان بێ بەرامبەر نین. بەڵام فەرقەکە ئەوەیە کە، خێری جەوهەریی، بەرامبەرەکەی لەناو خۆتدا وەرئەگریت و تەنیا ڕازیبوونی ویژدانی خۆتە. بەڵام خێری ڕووکەشیی، بەرامبەرەکەی هەمیشە دەرەکییەو لە دەرەوەی خۆتدایە. ئیتر یان ناوبانگ و بەدەستهێنانی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. یان تێرکردنی ئیگۆو بینینەوەی وێنە زلەکەی خۆتە لە چاوی ئەوانیتردا. یان بۆ بەدەستهێنانی بەهەشت و پاداشتی ئەودنیایە.. کە ئەمانە هەرهەموویان لە دەرەوەی تۆدان و هیچیان ویژدان و ناوەکییەکەی خۆت نین، کە ئەوێ بنەمای خێرە!

بنەمای خێر ویژدانە نەك ئیمان. چونکە منو تۆ ئەشێ یەکێکمان بێئیمان بین، بەڵام هەردوکمان بەویژدان بین!
ئێمە ئەبێ خێربکەین، لەبەرئەوەی کە چاکە. نەك لەبەرئەوەی کە پاداشتەکەی بەهەشتە! چونکە دوو کەس ئەشێ یەکێکیان بڕوای بە بەهەشت هەر نەبێ. بەڵام هەردوکیان بەخشین بە چاكە بزانن!
خۆ ئەگەر لە "ئامانجێتی چاکە" تێنەگەیت و چاکە تەنیا بە وەسیلەو ئامرازی چونە بەهەشت بزانیت، ئەوە هەر لەئەساسەوە لە دینیش تێنەگەیشتووی!

"ویژدان" خۆی خۆیەتی و هیچ شتێکی تر ئەونیەو ئەویش هیچ شتێکی ترنیە. بەدیلی هیچ شتێك نیەو هیچ شتێك بەدیلی ئەو نیە. بەخۆی تێرئەبێ و بەهیچ شتێکی تر تێرنابێ. ئێستایەو هیچ ساتێکی پێشترو دواتر ترنیە. ئەسڵەو پاشکۆوی هیچ حیکایەتێك نیە. سەرچاوەی ئەخلاقەو ئەخلاقی ڕاستەقینە ئەوەیە کە لەوێوە هاتبێ. ئەخلاق کە لەشوێنێکی ترەوە هاتبێ، ئیتر ئەوە ئەخلاق خۆی نیە، شەبیهەکانیەتی! سەرچاوەی ئینسانیەت ئەوێیەو ئەو ئینسانیەتەی لەوێوە نەهاتبێ، ئینسانیەت خۆی نیە، بەڵکو کاڵای ئینسانیەتە کە بەنرخی ئینسانیەت پیت ئەفرۆشرێتەوە! دواجار هەرشتێك لەوێوە نەهاتبێ چاك نیە، ئەگەرچی ڕێشکەوتبین لەسەرئەوەی، کە پێ ی بڵێین چاکە!

ئەمریکا بەمدەست بۆمبت بۆ هەڵئەداتە خوارەوە، بەودەست نان. تۆش ئەبێ سوپاسی ئەمریکا بکەیت کە نەیهێشت بمری لەبرسا!
تورکیا خۆی ماڵی سورییەکانی کاولکردوە. کەچی ئاوارەکان، ئەبێ سوپاسی تورکیا بکەن کە کەمپی بۆ کردونەتەوە!
یان پارتی بە هەزار دەست لێتی ئەدزێ و بە دەستێك خێرت پێئەکا، تۆش ئەبێ سوپاسی دەزگای بارزانی بکەیت!

یان سەیرکە ئیخوان، سەدەیەکە لەپشتی کاری خێرخوازییەوە، وەبەرهێنانی سیاسی لەسەر ژیانی هەژاران ئەکات. لەملاوە دەستئەکاتە ملی ستەمکارو لەولاوە بەتانی بەسەر ستەملێکراودا تەوزیعئەکات! لەکاتێکا لوتکەی ئەخلاق، پەیوەستە بە مەسەلەی ستەمکارییەوەو هەموو کردە ئەخلاقییەکانی تر بچوکن و ئەکەونە خوار ئەمەوە.

یەعنی ناکرێ لە ستەمکاری بێدەنگبیت و بتەوێ بە هێلکە تەوزیعکردن پینەی بکەیت. خۆ یارمەتیدانی لێقەوماویش هەر کردەیەکی ئەخلاقییە. بەڵام کاتێ "ئەخلاقی بچوك" بکەیتە ڕێگایەك بۆ خۆدزینەوە لە "ئەخلاقی گەورە". ئیتر کردەکە ئەبێتە نائەخلاقی و بکەرەکەشی ئەکەوێتە ناو قەیرانی ئەخلاقەوە!

"کردەی ئەخلاقیی" تا ئەوێ ئەخلاقییە، کە خۆی ئامانجبێ. کە بوو بە وەسیلە بۆ شتی تر، ئیتر لەناوەڕۆکدا ئەبێتە کردەیەکی نائەخلاقیی، ئەگەرچی لەڕوکەشدا هێشتا ئەخلاقیيەو خەڵکیشی پێ فریو ئەدرێ! خێروخێراتی سیاسیش لەم جۆرە نائەخلاقییەیە، چونکە وەسیلەیە بۆ ئامانجی سیاسی و خێرەکە خۆی ئامانجەکە نیە.

خێر کە "ئەخلاقی و ئامانج"بوو، ئیتر فەردیەو ئینسان لەپاڵەوە ئەیکاو نایەڵێ کەس بزانێت. بەڵام کە "نائەخلاقی و وەسیلە"بوو، ئیتر دەزگا ئەیکاو ڕاگەیاندن پەخشی ئەکاو کابراش ئەهێنرێتە سەر شاشەو کەرامەت و ئابڕوی بۆ ناهێڵرێتەوە!

دەموچاوی یەکەمی سەرمایەداری ناشرینەو تەنیا وەحشی کۆکردنەوەی قازانجەو هیچی تر. بۆیە سەرمایەداری پێویستی بە دەموچاوی دووەمەو لێرەوە "ڕێکخراوی خێرخوازیی" لەدایكئەبێ و ئەبێتە یەکێ لە سیماکانی دنیای سەرمایەداریی!
سەیرکە ئەمریکا خۆی دنیاکەی دۆشیوەو لایەکی جیهانی خستۆتە برسێتییەوە، بەڵام زۆرینەی کاری خێرخوازی دنیاش هەر هی ئەمریکایە!

بەدئەخلاقیی جۆری زۆرە، بەڵام لوتکەکەی، ئیستغلالکردنی فەقیریی فەقیرەکانە. ئاخر مرۆڤ هەرئەونەی کە مرۆڤە، نابێ ئیستغلالبکرێ و کەرامەتی پێشێلبکرێ. ئەگەرێش مرۆڤێکی هەژاربێ، ئەوە بەدئەخلاقییەکە دووقاتە ئەگەر ئیستغلالی بکەیت و ئەو دۆخەی بقۆزیتەوە بۆ ئامانجی سیاسی و شتی تر.

ئەگەریش پێمبڵێیت درۆی سەدە چییە، بێ دوودڵیی پێت ئەڵێم (ڕێکخراوی خێرخوازیی). چونکە ئەوە، نیوەکەی تری یارییە قێزەونەکەیە! نیوەی یارییەکە برسیت ئەکاو لەڕێگەی برسیکردنەوە کۆنترۆڵت ئەکات. نیوەکەی تر، لەوەڕی سیاسی لەسەر برسێتی تۆ ئەکاو بە لەتە نانێك کۆنترۆڵت ئەکات. لە هەردو حاڵەتیشدا، کەرامەت و ئازادیت زەوتەو ئیتر تۆ کۆیلەی ئەو نانەیت، کە لەمسەر هەموویت لێ زەوت ئەکەن و لەوسەر لەتێکیت ئەدەنەوە.

تۆ لە خۆت بپرسە، پارتی و یەکێتی کە خۆیان حکومەتن، بۆ لەپاڵەوە رێکخراوی خێرخوازیشت بۆ دائەنێن؟
وەڵامەکەی ئاسانەو ئەوەیە کە، سیستەمی ناعەدالەتی و فەساد، هەموو کۆمەڵگای پێ کۆنترۆڵ ناکرێ و مەساحەیەك ئەمێنێتەوە کە ئەوانیتر ئیستغلالی بکەن و وەبەرهێنانی سیاسی لەسەر بکەن. ئا لێرەدا دەسەڵات بەخۆی ئەڵێ، جا بۆ ئەوەش هەر خۆم نەیکەم؟ ئیتر لێرەوە، دەزگای بارزانی و دەزگای مام و ئەم شتانە لەدایك ئەبن و قەراغە نانت بۆ فڕێئەدەن!

ئەگەر بە من بڵێ ی خێرخوازەکانی ئێستای کوردستان کێن؟ بێ دوودڵی پێتئەڵێم: خودی فاسدەکان و خولقێنەرانی دۆخی فەساد. زائید دەوڵەمەنە هەڵتۆقیوەکان و موستەفیدەکانی دۆخی فەساد. زائید پۆپۆلیستەکان و ئیستغلالکەرانی هەژاری خەڵك.
لە کاری خێرخوازی، ئەوەی کە هەیەو "دیارە" هەر ئەمانەن. ئەوەش کە نادیارەو منو تۆ نایزانین، لەڕاستیدا ئەوەیە کە خێرو چاکەی ڕاستەقینەیە!

لێرەدا "خێری سیاسی" ئەوانیتر، هەر جارێك نائەخلاقی و درۆیە. هەر ئەونەی کە ئیستغلالکردنی هەژاریی خەڵکە. بەڵام هی ئیخوان و ئیسلامییەکان، هەمیشە دووجار نائەخلاقی و درۆیە. جارێك ئیستغلالکردنی هەژاریی و جارێكیش ئیستغلالکردنی دین و بە دینییکردنی پرۆسەکە!
یەکەمیان نانەکەت بۆ ئەخاتە ناو پاروی سیاسەتەوە. بەڵام دووەمیان ساس و مایۆنیسی دینیشی پێوەئەکا ئینجا ئەیخاتە هەمان پارووەوە.

بەهەرحاڵ نمونەی (خێری ڕاستەقینەو نادیار) زۆربێ و خێری ڕووکەشیش، "ئەوەی کە دەزگاو کامێرای تێئەکەوی"، هیوادارم خۆیان بەتاڵکەنەوەو هەرچییان هەیە بیدەن بە تۆ. بەڵام کە لێتوەرگرتن لە دڵی خۆتدا جڕتیان بۆ لێدەو بە هێواشی بەخۆت بڵێ: من هەژارم بەڵام کەرنیم. من پارەم نیە بەڵام عەقڵم هەیە. دەوڵەمەندی ڕاستەقینەش هەر ئەوەیە کە عەقڵی هەیەو نایەڵێ دەجالەکانی دین و سیاسەت سەرمایە لێبخوڕن. (ومن یؤت الحکمة فقد اوتي خیرا کثیرا).

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand