Draw Media

مەسروور بارزانی، خاوەنی مێژوویەك پڕ لە سەروەری

مەسروور بارزانی، خاوەنی مێژوویەك پڕ لە سەروەری

2020-03-27 07:50:17


محەمەد عەلی

كەسایەتیی سەرۆكوەزیران كاك (مەسروور بارزانی) لە پێشتر و لە چەند ترافیكێكی تر تاقی كراوەتەوە و زۆر سەركەوتووانە توانیویەتی قۆناغەكان تێپەڕێنێت و كوردستانیش بگات بە كەناری ئارامی، لەلایەكی ترەوە لە ھەموو قۆناغەكانی سەركردایەتیی جەنابیان، ھەموو كات پاراستن و خزمەتكردنی ھاووڵاتیان كاری لەپێشینە بووە.

لە ڕابردوودا كاتێك سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم بوو، عێراق و ناوچەكە بە تایبەتی ھەرێم، ڕووبەرووی لێشاوێكی تیرۆریستیی جۆراوجۆر بوویەوە، بە جۆرێك ڕۆژانە لە شارەكانی عێراق دەیان پەلاماری تیرۆریستی ڕوویان دەدا و بە دەیان و سەدان قوربانی ھەبوو، بە تایبەتی لە ناوچەكانی نزیك لە ھەرێم، نموونەی مووسڵ، بەڵام كوردستان بە گشتی و پایتەختی ھەرێم بە تایبەتی، وەك دوورگەیەكی ئارام مایەوە و وڵاتان كوردستانیان وەك بنكەیەكی سەرەكی بەكار دەھێنا بۆ كارەكانیان بە ئاراستەی عێراق، ھاوكات ئەم ئارامییەی كوردستان ھۆكارێك بوو بۆ گەشەسەندنی ئابووری و بەھێزبوونی پێگەی ھەرێم لەسەر ئاستی جیھان و مامەڵەی وڵاتان لەگەڵ ھەرێمدا.

لە شەڕی دژی داعشدا، سەرۆكوەزیران لەپاڵ (سەرۆك بارزانی) بەردەوام بوو لە سەركردایەتیكردنی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان، ئەمە سەرباری ئەوەی پاراستنی ئاسایشی شارەكانی ھەرێمی لە ئەستۆدا بوو، لە كاتێكدا كە زۆرینەی ھێزەكانی ناوخۆ لە بەرەكانی جەنگدا بوون، لە كۆتاییدا بە ھاوكاری و ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزەكانی ھاوپەیمانان توانرا كوردستان لە مەترسیدارترین دەوڵەتی تیرۆریستی ڕزگار بكرێت، ھاوكات لە ١٦ی ئۆكتۆبەر لە بەرامبەر گەلەكۆمە نێودەوڵەتی و ھەرێمییەكەی دژی گەلی كوردستان ئەنجام درا، زۆر كاریگەرانە ڕۆڵی ئەرێنیی ھەبوو لە مانەوەی شارەكانی ھەرێم بە ئارامی.

لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم، لە بەرنامەی كاری حكوومەتەكەیدا، سەرۆكوەزیران ئەوەی دووپات كردەوە كە خزمەتكردنی ھاووڵاتیان ئامانجی سەرەكیی ئەوانە و ھەموو شتێك دەكەن لەو پێناوەدا، لە یەكەم ھەنگاویشدا توانرا ڕێككەوتنێكی گشتگیر لەگەڵ حكوومەتی عێراق ئەنجام بدات بۆ چارەكردنی گشت كێشە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە مووچە و قوتی خەڵكی كوردستانەوە ھەبوو، كە بە ماوەیەكی كورت  لە دەستبەكاربوونی حكوومەت، جەنابیان توانی لە ھەوڵەكانی چاكسازی و بەگژداچوونەوەی گرووپە جیاوازەكانی دەستڕۆیشتوو لە ھەرێم، سەركەوتوو بێت و داھاتی ناوخۆیی دووبەرابەر كرد، بەڵام رووداوەكانی عێراق و بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، ئەم ھەوڵانەی ھێواش كردەوە.

لە بەرەنگاربوونەووەی ڤایرۆسی كۆرۆناشدا، جارێكی دیكە سەلماندی پیاوی دەوڵەتمەدار و توانای تێپەڕاندنی ڕۆژە سەختەكانی ھەیە، بۆیە ھەر زوو دەستپێشخەر بوو لە ھەنگاوەكانی پاراستنی ھاونیشتیمانیان لەم پەتا جیھانییە، بە جۆرێك لە نێوان بەرژەوەندییە ئابوورییەكان و كەمبوونەوەی داھاتی ھەرێم لەلایەك و پاراستنی ھاووڵاتیاندا، دووەمیانی ھەڵبژارد، بە شێوەیەك كە ڕێنماییەكانی حكوومەت بۆ خۆپاراستن لەم ڤایرۆسە كاریگەریی راستەخۆی ھەبوو لەسەر سنوورداركردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە و لە ھەمان كاتدا بۆتە جێگەی دەستخۆشیی وڵاتان و چاودێرانی نێودەوڵەتی، كە ھەرێمێك چەندە بەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵ ئەم قەیرانە جیھانییەدا دەكات.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand